پێناسەی ئاڵوودەبوون بە هۆشبەرەكان: حاڵەتێکە، کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی هۆشبەرەکانەوە بە بەردەوامی دروست دەبێت، بۆ ئەوەی کەسێک لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە پشت بە هۆشبەرەکان ببەستێت و تەنانەت پێویستی بە زیادکردنی ژەمەکە هەیە، بۆ ئەوەی هەمیشە هەمان کاریگەری بەدەست بهێنێت، بۆیە هۆشبەرەكان لە ماوەیەکی کورتدا دەبنە دوو هێندە تا دەگاتە ئاستێک کە دەبێتە هۆی گەیاندنی گەورەترین زیان بە جەستە و مێشک، بۆیە کەسەکە لە نەبوونی هۆشبەرەكان و لە حاڵەتی ڕاگرتنی بەکارهێنانی هۆشبەرەکان توانای ئەنجامدانی کار و ئەرکەکانی ڕۆژانەی لەدەست دەدات هۆشبەرەکان بریتیین لەو ماددانەی کە کار لە بێداری و هۆشیاریی مرۆڤ دەکەن، بە شێوەیەک، كە ئاگایی خۆی لەدەست بدات و بکەوێتە دنیایەکی خەیاڵاوی.
زۆر جار بەکارهێنانی ئەو هۆشبەرانە دەبێتە هۆی بێهێزبوون، ئەوانەی هۆشبەر بەکار دێنن، زۆر جار لە مرۆڤبوون دەردەچن، هەندێکیان وەک گیانداری کێوی رەفتار دەکەن، بۆیە پێویستە ئەوانەی ئاڵوودەی هۆشبەرن، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بن تا بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. بەكارهێنانی هۆشبەرەكان بە شێوەیەکی گشتی بە نەخۆشییەکی درێژخایەنی جەستە دادەنرێن و سیستەمی مێشک تێکدەدەن. هۆشبەرەکان و ئالوودەبوون، کاریگەری و ئاڵۆزییەکان و هەنگاوەکانی چارەسەری کێشەی هۆشبەرەکان ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی وڵاتانی جیهان. ئالوودەبوون بە هۆشبەرەكان لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر ژیانی منداڵەکانمان و دەوروبەرمان، پێویستە فێری ئەوە بین، کە چۆن یارمەتیی هەرزەکاران بدەین، بڕیاری دروست بدەن و دوور بکەونەوە لە بەكارهێنانی هۆشبەرەکان. بێگومان ئەوەش دەستێکی دەرەکیی تێدایە و ئەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت هەرزەکارەکان لەخشتە بەرن، چونکە ئەوان هێشتا لە قۆناغی پێگەیشتندان، بۆیە زیاتر تیشک دەخەنە سەر گەنج و لاو و هەرزەکارەکانمان، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بەم کارە قێزەونە هەستی نەتەوایەتییان نەهێڵن، لەبەرئەوەشە مەترسیی زیاتر لەسەر هەرزەكار و گەنجەكانە وەك لەسەر مێشکی گەورەکان، بۆیە مەترسییەکی گەورەیە لەناو کۆمەڵگا و پێویستە هەوڵ بدرێت ڕووبەڕووی ببینەوە. هۆشبەرەكان بەهۆی زیانە گەورە و زۆرەکانی بۆ سەر لایەنی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشی وڵات، چیتر کێشەیەكی سنووردار نییە بە یەک كۆمەڵگا یان وڵاتێکی دیاریکراو، یان تویژ و چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا، بەڵکوو بەكارهێنەری لە هەموو چینەکان و لە هەموو وڵاتان تێدایە.