فیلمی کوردی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن “شەوکەت ئەمین کۆرکی” بەرهەمهاتووە. هەروەک خۆی دەڵێت؛ دەکرێت بە ژانرای کۆمیدی تراژیدی لە قەڵەمی بدەین، فیلمێک وەک هەر فیلمێکی دیکەی “شەوکەت ئەمین” دەرخەری لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانە، ئەم فیلمە بەژداری زۆر لە ڤیستیڤاڵە جیاجیاکان کردووە و لە چەندین ڤیستیڤاڵدا بووەتە خاوەنی خەڵات و یەکێک لە پاڵێوراوەکانی ئۆسکار، سیناریۆی فیلمەکە شەوکەت ئەمین بە هاوبەشی نووسین لەگەڵ “مەمەد ئەکتاش” کردووە و نواندنی هەریەک لە “حوسین حەسەن، نەزمی کرک، شەیما مولای”ە. دەرهێنەر هەمیشە دەڵێت؛ دروستکردنی فیلم کارێکی قورسە بەڵام ئەگەر لە کوردستاندا فیلمێک دروست بکەین بە ڕێژەیەکی زۆرتر قورسترە.
هەر لەبەر ئەو مەبەستەش بیری لە نووسینی فیلمی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد کردووە” چیرۆکی فیلمەکە باس لە کۆمەڵێک فیلمسازی کورد دەکات کە دەیانەوێت لە کوردستان فیلمێک دەربارەی ئەنفال دروست بکەن و بەهۆیەوە تووشی چەندین کێشە دەبن، چیرۆکی فیلمەکە بە ڕووکەش دەربارەی ئهنفالە بەڵام بە جەخت کراوی “بارودۆخی فیلمساز لە کوردستان-پرسی ژن و وێنەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا” پێکەوە بەستنی ئەنفال و پرس و شوناسی کورد بوون هەروەها لەگەڵ کیشەکانی فیلسازان لە ساتی تۆمار کردنی فلمدا دەکرێت ئێمە بگەیەنێتە ئەو بیرکردنەوەیەی کە هەردووکیان یان پرس لەخۆ ئەگرن ئەویش هەوڵدان بۆ مانەوەی شووناسی کوردی، لەبەر ئەوەی فیلم هەلگری شوناسە هاوتای خودی کوردێک، لە یەکەم دیمەنی فیلمەکەدا کاتێک لە سینەماکە کوردەکان لەلایەن ڕژێمەوە شەهید دەکرێن ڕاستەوخۆ فیلمێکی کوردی باکوور نمایش دەکرێت، کە لە هەمان ساتدا لە فیلمەکە ئەوە دەبینرێ کوردەکانی باکوور شەهید دەکرێن، پەیوەندی و هاوشێوەیی ئەودوو وێنەیە ئاماژەیە بۆ بوونی دیل و ئەشکەنجەی کۆتی هەموو کوردان لە هەر شوێنێکی دونیا بن هاوشێوەی یەک لەپاش ئەو دیمەنە دوای بینینی کارەکتەری فیلمەکە سنوور وەک کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە کە چەندین ئاماژەی لەخۆ گرتووە لە سەرەتای فیلمەەدا یەکەم بینین کە ئێمە سنوور دەبینین لە دوکانێکی فیلمدایە، فیلم دەکرێت ئەمە نیشانەیە بۆ ئەوەی کارەکتەری سنوور کارەکتەرێکە چێژ لە فیلم وەردەگرێت، پاشان رەنگی شینە ملپێچەکەی و پەردەو رەنگی ژوورەکەی کە رەنگی شینە واتای پاک و بێگەردی دڵ و دەروونی سنوورە، لە چەند دیمەنێکی دواتردا؛ کاتێک سنوور بۆ شوێنی وێنە گرتنی فیلمەکە دەچێت تاکوو دەرهێنەر و کاستی فیلمی ئەنفال ببینێت بەلای وێنەیەکی سەدام حسێن تێپەر دەبێت، کە لە وێنەکەدا دەستی سهدام بەرەو لای چەپی کادرە و خودی وێنەکەش بەرەو چەپ دەجوڵێت.
بەلام سنوور بە پێجەوانەی ئاڕاستەی وێنەکە هەنگاو دەنێت، ئەم وێنەیە ئامانجی سنوور ڕۆشن دەکات کە بەدوای ئەو برینە دەگەڕێت کە سهدام لە ژیانیدا دروستی کردووە، خودی ئەو برینەش دەبینین کاتێک سنوور بە چەندین ژووری تاریکدا دەڕوات تا دەگاتە لای دەرهێنەریی فیلمەکە ئەمەش واتای ئەو ژیانە تاریک و پڕ ئەشکەنجەیە دێت کە لە خودی ژیانی راستەقینە و ئەو بەربەستانەی لەلایەن کۆمەڵگەوە بۆی دیاری دەکرێت دەربارەی پرسی ژن بوون و نەبوونی باوکی و کوشتنی باوکی لەو زیندانە، بەمەش وەک زیندووکردنەوەی بەشە تاریکەکەی ژیانی، پاشان بەلای ژوورێکدا تێپەردەبێت کە پەنجەرەیەکی شکاو دەبینێت و سەیری ئەو ژوورە دەکات تا کۆتای فیلمەکە ئێمە ناتوانین ئەوە ببینین کە پەنجەرەیەکی شکاوی ژوورێک مانای چی دەگەیەنێت، بەڵام لە دواتردا پەیوەندی سنوور بەو ژوورەی زیندانەوە دادەمەزرێنێت کە ژیانی سنوور و ڕۆحی سنووری پڕ لە پارجە کردووە دواتر سنوور لەگەڵ یەکێک لە سافی فیلمەکە کە بەرەو لای دەرهێنەر دەچن بەسەر پلیکانە سەردەکەوێت وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی سنوور و باشتر بوونی ژیانی دوای فیلمەکە. لە یەکێک لە دیالۆگەکان حەسەنی دەرهێنەر لە سنوور دەپرسێت کە کارت چییە؟ سنوور لە وەڵامدا دەڵێت لە قوتابخانە نابیناکان مامۆستام، مامۆستایەک لە قوتابخانەیەکی نابینا ئاماژەیە بۆ کەسێتی سنوور دەبێتە ڕێبەر و ڕێنیشاندەرێکی نوێ بۆ کەسەکانی چواردەوری دەربارەی فیلم و سینەماو ژن و سینەما.
پرسی ژن لە فیلمی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” بەشێکی زۆر هەڵدەگرێت، لەم فیلمەدا ژنان هەمیشە قوربانی دەستی پیاوانن و یاخوود کۆمەڵگەن ژیانی هەر یەکێکیان ئاماژەیە بۆ نەهامەتی ژن لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. کارەکتەری سنوور لە ناو فیلمەکە کە ئەنفالە کچێکی پڕ ئەشکەنجە و ئازارە لەلایەن کەسێکی بەعسییەوە لێی دەدرێت، لە دەرەوەی فیلمەکەدا کەسێکی پڕ لە ئازارە لە نەبوونی باوکی و بوونی مامی و ئامۆزایەکی کە دیلی نەریتی کۆنی کردووە و ئازادی لێ سەندۆتەوە ڕیگری لە گەشتن بە خواستی دەکات کە نواندنە، لە یەکێک لە دیمەنەکاندا دەبینین سنوور لە کاتی تۆمارکردنی فیلمی ئەنفالدا لەلایەن بەعسییەوە لێی دەدریت و دواتر مامی دێت و دەیەوێت لێی بدات لەسەر ئەوەی نواندن دەکات لیرەدا دەگەیەنە ئەو مانایەی ژن لە سەردەمی ئەنفالدا لەلایەن بێگانەوە ئەشکەنجە دەدرێت، بەلام لەئێستادا لەلایەن خودی کۆمەڵگەو مرۆڤە نزیکەکانی خۆیەوە ئەشکەنجە دەدرێت.
ژنەکەی حەسەن هەمیشە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حەسەن لەبەر کاری فیلم هیچ بەرپرسیاریتییەکی باوکانەی نییە و ئاگاداری ژیانی تایبەتی خۆی نییەو لیی جیا دەبێتەوە، لێرەدا ئاماژەیە بۆ ژیانی ژنان و ئازاری ژنان لە روانگەیەکی دیکەوە کاتێک بەهۆی بێ باکی هاوسەرەکانیان خۆیان دەبنە دایک و باوک بۆ منداڵ، ئەمەش حەقیقەتی بەشێک لە ژیانی هونەرمەندان نیشآن دەدات، پاشان ژنەکەی “ئالان” کاتێک “ئالان” لە پێناو فیلمەکە خانووەکە دەفرۆشێت و ژنەکە ئازار دەچێژێ، پاشان کچە ئێرانییەکان کە ناتوانن لەچکەکە لا ببەن لەسەریاندا بۆ فیلمەکە و دەلێن دوای دەمانکوژن، ئەمانە هەمووی پرسی ژن و بوونی ئەشکەنجەی ژنانە لە هەر بەشێکی ژیاندا بە وێنەو گوزارشتی جیاوازەوە و بوونی سیستەمێکی پیاو سالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەم فیلمەدا زیندان زۆر دەبینرێ بەو واتایەی وەک فرەیمێک بۆ کارەکتەرەکان وەک ئاماژەیەک بۆ کۆت و بەندی هەریەک لە کارەکتەرەکان (کاتێک سنوور مارە دەکرێت – گفتگۆی مامی و ئامۆزای سنوور) لەم دوو کاتەدا زیندان زۆر دەبینین کە هەر یەکێکیان ئاماژەن بۆ بوونی کۆت و بەندی کۆمەڵگەکە بۆ ژیانی کچان و بیرکردنەوەی پیاوانە .
پاشان پرسی سینەما و دروستکردنی فیلم پرسێکی گرنگی فیلمەکەیە، کاتێک کاست و دەرهێنەری فیلمەکە لە کوردستان تووشی چەندین کێشە دەبن، لە سەرەتای ڕۆژەکانی کاستیندا دەبینین ئەوانەی دێن بۆ کاستینگ تەنها پیاوان دێت و هیچ ژنێک نابینرێ لەگەل هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی کچدا تووشی چەندین کێشەو گرفت دەبن ئەمە وەک نیشانەیەک بۆ یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، پاشان نەبوونی بینەری فیلم کاتێک هیج بینەرێکی فیلم بوونی نییە و، خاوەنی سینەماکە پلان دادەنێت سینەماکە بکاتە ڕیستۆرانتێک کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی کاتێک نان خواردنی پی باشترە لە مەعریفەی خودی. کە ئەمە لە چەند دیمەنێکدا دەبینین لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک بەهۆی سیستەمی بەعسییەوە بینەران نەیاندەتوانی بینەری فیلم بن بەڵام لە ئیستادا بینەران خۆیان نایانەوێت بینەری فیلم بن، کە لە یەکەم دیمەن و کۆتا فیلم ئەو ئاماژەیە بە ڕوونی دەبینین.
هەروەها نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ فیلم کاتێک دەرهێنەران ناچار دەبن کەسە بەناو بانگەکان بەژداری فیلمەکە پێ بکەن ئەگەرچی هونەرمهندەنێکی ڕاستەقینەش نەبن، بەڵام وەک بەدەست هێنانی پاڵپشتی دارایی پێویستە قوربانی بۆ هونەرەکەیان بدەن. هەروەها نەبوونی پاڵپشتی بینەرانی فیلم بە نموونە ئامۆزاکەی سنوور کاتێک تەلەفیزیۆن دەفڕۆشێت بۆ ئەوەی سەرنجی هەر کەسێک ڕابکیشێت شوبهاندنی پێدەکات لەگەل ئەوەی لە سینەما دەچێت، بەڵام هیچ ئامادە نییە پاڵپشتی بەرهەم هێنانی فیلمێک بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئەگەر چی لە ناخەوە سینەمای خۆش دەوێت بە بەشێکی گرنگی ژیانی دەزانێت بەڵام ئامادە نییە پاڵپشتی بکات، هەروەها پرسی کورد بوون کاتێک لە ئەنفالدا لەلایەن سەرۆکێکەوە ناسنامەو شوناسی کورد بوون دەسرایەوە بەڵام ئێستا و لە سەردەمی ئێستادا لەلایەن خودی کوردەوە ناسنامە و شوناسی کورد بوون دەسرێتەوە کە پاڵپشتی سینەمایەک ناکەن کە ئاوێنەی ژیانە و خودی ژیان خۆیەتی. دەرهێنەر زۆر بە ئاوێتەیی بوونی دیل و کوتی نیشاندووە لە سەردەمی رابردوو ئیستادا کە پیی وایە کورد جارێک بە دەستی ڕژێمێک کۆت بووە جارێکیش بەدەستی کۆمەڵگەکەی خۆی و جارێکیش کۆت و دیلی بیرکردنەوەی خۆی دەبێت.