قسەیەکی زۆر دەکرێت کە گوایا کۆمپانیاکانی سوشیاڵ میدیا بۆ پیشاندانی ریکلام گوێ لەقسەکانمان دەگرن، چەندین کەس وتویانە لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەمان کردوە دواتر ریکلامی ئەو شتەم لەسەر فەیسبوک بینیوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە گوێمان لێدەگرن؟
یەکەم: مێتا کەخاوەنی (فەیسبوک و ئینستاگرامە) چەندینجار ئەم قسەیەی ڕەتکردوەتەوەو بەلێدوانی فەرمی خۆیان دەڵێن “ئێمە ئەزانین جاری وا هەیە ریکلامەکە ئەوەندە تایبەت پیشانت دراوە وەک ئەوە وابێت ئێمە گوێمان لێگرتبیت بەڵام ئێمە ئەو کارە ناکەین”، رۆب گۆڵدمان بەرپرسی بەشی ریکلامە لەفەیسبوک ئەویش هەمان قسەدەکات و رەتیدەکاتەوە کە کاری وابکەن، هەروەها کۆمپانیاکانی دیکەش بەهەمان شێوازی مێتا رەتیدەکەنەوە کە گوێ لەبەکارهێنەرانیان بگرن.
دووەم: ئەو کەسانەی کەدەڵێن باسی شتێکمان کردوە، دواتر وەک ریکلام بینیومانە تائێستاش تەنها لەسنوری قسەو چیرۆکدان و هیچ بەڵگەیەکی تەکنیکی نیە کە بیسەلمێنێت کۆمپانیاکان گوێ لەدەنگی بەکارهێنەرانیان دەگرن بۆ ئەوەی بزانن باسی چی دەکەن تا ریکلامی ئەو شتەیان پیشان بدەن.
سێیەم: فەیسبوک رۆژانە زیاتر لە ٢ ملیار بەکارهێنەری هەیە، گوێگرتن لە ٢ ملیارکەس و دەرهێنانی وشە سەرەکیەکان و جیاکردنەوەیان لەیەکتری، پێویستی بەئامێرو پاشەکەوتکردن و خەرجیەکی زۆر زۆر هەیە. هەروەها لەڕووی یاساییشەوە ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن و پێیوستی بەڕەزامەندی هەیە. لەو یاسایانەش کەڕێگە بەمکارە نادەن یاسای GDPR ی یەکێتی ئەوروپایە.
چوارەم: ئەگەر کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا بیانەوێت گوێت لێبگرن دەبێت مایکی مۆبایلەکەت بەکاربهێنن، کەئەمەش ئێستا لەهەموو مۆبایلێکدا دەبێت خۆت رێگەی پێبدەیت و بەشێک لەمۆبایلەکانیش لەکاتی ئیشکردنی مایکدا، گڵۆپێکی بچوک دادەگیرسێت بۆ ئەوەی ئاگاداربیت.
ئەی چۆن هەندێکجار باسی شتێکمان کردوە دواتر وەک ریکلام بینیومانە؟
کۆمپانیاکان تەکنیک و ئەلگۆریتمی زۆر بەهێزو ئاڵۆز بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی زانیاریمان لەسەر کۆبکەنەوەو ریکلاممان پیشان بدەن، ئەم تەکنیکانە بەجۆرێکن کە بەهێزترن لەوەی گوێمان لێبگرن. ئەم بابەتە کە “چۆن ریکلام دەبینین” بابەتێکی جیاوازە لەم بابەتەو دەکرێت بە پۆستێکی سەربەخۆ و لەکاتێکی دیکەدا باسبکرێت.