“پێشه‌کیی وه‌رگێڕی کورد”
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ناوی فاشیسم و فاشیست زۆر به‌ر گوێمان ده‌که‌وێت. بۆیه ده‌ڵێم ناو چونکه که‌متر وه‌کوو چه‌مک یان ده‌سته‌واژه به تایبه‌تی له پانتای تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌کار ده‌برێت. له‌م وتاره‌دا “ئێمبیرتۆ ئیکۆ”ی فه‌یله‌سووف و ئه‌دیب هه‌م زه‌مینه و ڕه‌هه‌نده‌کانی فاشیسم و به‌ستێنه سیاسییه‌کانی وه‌کوو ئه‌زموون و بیره‌وه‌ریی ده‌گێڕێته‌وه و هه‌میش ئاڵۆزییه‌کانی وه‌کوو چه‌مک و تێگه‌یشتن له‌م چه‌مکه باس ده‌کات. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی کورد ده‌بێت جێگه‌ی وردبوونه‌وه بێت ئه‌مه‌یه که ئێمه له ناو بازنه‌ی فاشیستاندا گه‌مارۆ دراوین، زۆربه‌ی ئه‌و بڕگانه‌ی “ئیکۆ” باسیان لێوه ده‌کات داگیرکه‌رانی کورد و کولتووری داگیرکه‌رانه‌یان به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه به‌ڵام ده‌بێ ئاگاداری ئه‌مه‌ش بین که تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی وه‌کوو نه‌ریتخوازی یان نه‌ته‌وه‌خوازی له ناو کورددا له سیاقێکی شوناسمه‌ندانه و به‌رخۆده‌رانه‌دا مانا ده‌کرێنه‌وه و نابێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که ده‌درێته پاڵ ڕژێم و خواسته فاشیستییه‌کان به‌لاڕێماندا به‌رێت. به‌پێچه‌وانه‌وه کورد زیاترین و زۆرترین هه‌وڵی بۆ ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان داوه و ئێسته‌ش هه‌ر ئه‌و گوتاره پێڕه‌و ده‌کات و تێچوو و باجه‌که‌شی داوه. ئه‌م سووکه ڕوونکردنه‌وه‌یه بۆیه ده‌خه‌مه ڕوو تاکوو توێ و لایه‌نه ئاڵۆزه‌کانی فاشیسم به هه‌ڵوێسته‌یه‌کی زیاتره‌وه ببینین و جیاکارییه‌کی چه‌مکیانه له نێوان نه‌ته‌وه‌خوازیی له پله‌ی به‌رگری و به‌رخۆدان و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی له پێگه‌ی داگیرکاریی و ده‌سدرێژیی ببینینه‌وه و ده‌رکه‌وته و سیماکانی فاشیسممان زیاتر بۆ ڕوون ببێته‌وه.
هۆکاری ئه‌وه‌ی که فاشیزم بووه به ده‌سته‌واژه‌یه‌کی گشتگیر و زۆربهکارهێنراو ئه‌مه‌یه که ده‌کرێت یه‌ک یان دوو تایبه‌تمه‌ندیی له ڕژێمێکی فاشیست بسڕینه‌وه، به‌ڵام دیسان هه‌ر وه‌کوو ڕژێمێکی فاشیستی بمێنێته‌وه، واته فاشیزم هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌گداکوتاوی هه‌یه که زۆرێک له ڕه‌وت و ئایدۆلۆژیا و سیسته‌مه سیاسییه‌کان ده‌گرێته‌وه و به داماڵینی یه‌ک یان چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیش ده‌شێت ڕژێمێک هه‌ر به فاشیست ناوزه‌د بکرێت و له درێژه‌دا “ئێکۆ” ده‌په‌رژێته سه‌ری.
له 22ی مانگی ژووه‌نی ساڵی 1995 ئێمبێرتۆ ئێکۆ؛ نووسه‌ر، فه‌یله‌سووف، ڕه‌خنه‌گر و مامۆستای مێژوو و ئه‌ده‌ب وتارێکی درێژی له‌باره‌ی فاشیزم و ئه‌و شته‌ی که ئه‌و به فاشیزمی ئه‌به‌دی و دانسقه ناوی ده‌بات بۆ بڵاڤۆکی”لێکدانه‌وه‌ی کتێبی نیۆیۆرک” نووسی. ئێمبێرتۆ ئێکۆ نووسه‌ری ڕۆمانه‌کانی “ناوی گوڵی سوور”، “دوورگه‌ی ڕۆژی پێشوو”، “گۆڕستانی پراگ” و کۆمه‌ڵێکی به‌ربڵاوی به‌رهه‌می دیکه‌یه. ئێمبێرتۆ ئێکۆ له نۆزده‌ی فێڤرییه‌ی ساڵی 2016 کۆچی دوایی کرد. ئه‌م وتاره‌ی ئه‌و پانۆراما و دیمه‌نێکی نه‌مره له دیارده‌یه‌ک که هێشتا له سووچ و قوژبنانی دنیادا هه‌یه و ڕۆژانه ده‌رکه‌وته‌کانی ده‌بینین و ده‌بیستینه‌وه.
“فاشیزمی ئه‌به‌دی”
له ساڵی 1942 واته له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا خه‌ڵاتی یه‌که‌می ئاستی پارێزگام له کێبڕکێی مێرمنداڵاندا به‌ده‌ست هێنا، که بریتی بوو له کێبڕکێیه‌کی خۆبه‌خشی ناچاره‌کی له نێوان هه‌موو گه‌نجه فاشیسته‌کانی ئیتالیادا! هه‌وڵم دا تاکوو به باشترین وشه‌کان و به لێهاتووییه‌وه وه‌ڵامی پرسیارێک بده‌مه‌وه که بابه‌تی کێبڕکێکه بوو، پرسیاره‌که‌ش ئه‌مه بوو” ئایا ده‌بێت خۆمان فیدای سه‌ربه‌رزیی مۆسۆلینی و نه‌مریی ئیتالیا بکه‌ین؟”. وه‌ڵامی من ئه‌رێنی بوو. من کوڕێکی زیره‌ک بووم، دوو ساڵ له ساڵانی گه‌نجی خۆم له ناو ته‌قه و ده‌سڕێژی ئه‌ندامانی ئێس ئێس، فاشیسته‌کان، کۆماریخوازان و هێزه خۆڕاگره‌کان به‌سه‌ربرد و فێربووم چۆنچۆنی له پێکان و به‌رکه‌وتنی گولله خۆ ببوێرم. ئه‌مه ئه‌زموونێکی باش بوو.
له مانگی ئاڤریلی ساڵی 1945دا واته دوو ڕۆژ پاش کۆنترۆڵکردنی میلان، پارتیزانه‌کان هاتنه ناو شارێکی بچووکه‌وه که من لێی ده‌ژیام. چرکه‌ساتی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌وان چرکه‌ساتێکی شادیهێنه‌ر بوو. خه‌ڵک له گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کیی شاردا کۆبووبوونه‌وه. هه‌مووان ئاڵای ئیتالیایان پێ‌بوو و به‌رزیان کردبووه‌وه و دهیانشهکاندهوه، هه‌ڵده‌په‌ڕین، سروودیان ده‌وته‌وه، و ناوی “میمۆ”یان به هاوار بانگ ده‌کرد. میمۆ فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی ناوچه‌که بوو. ئه‌و ئه‌فسه‌ری پێشوو “کارابینیری” واته بنکه‌ی جه‌ندرمه‌ی ئیتالیایی بوو که په‌یوه‌ست بووبوو به جه‌نه‌راڵ بادگلیۆ، جێگری مۆسۆلینییه‌وه و له ماوه‌ی پێکدادان له‌گه‌ڵ پاشماوه‌کانی هێزه‌کانی مۆسۆلینی قاچێکی له‌کیس دابوو. میمۆ له دواجاردا له‌سه‌ر بینای شاره‌وانی ده‌رکه‌وت. ڕووخسارێکی ڕهنگبزڕکاوی هه‌بوو و خۆی دابوو به سه‌ر دارشهقهکهیدا. به ده‌سته‌که‌ی تر هه‌وڵی ده‌دا حه‌شیمه‌ته‌که هێور بکاته‌وه. من به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی لێدوان و قسه‌کانی بووم، چونکه هه‌موو ته‌مه‌نی منداڵیم لێوان‌لێو بوو له لێدوان و قسه مێژووییه‌کانی مۆسۆلینی که ده‌بوو به‌شی زۆریان له قوتابخانه بخوێنین و ئه‌زبه‌ری که‌ین. میمۆ به ده‌نگێکی نووساو که به ئه‌سته‌م ده‌هاته به‌ر گوێ ئاوا هاته گۆ: “هاووڵاتیان، هاوڕێیان، پاش ئه‌و هه‌موو گیانفیداییه، گه‌یشتووینه‌ته ئێره. سڵاو بۆ هه‌موو گیانفیدایانی ڕێگای ئازادی”. هه‌ر ئه‌وه‌نده و گه‌ڕایه‌وه ناو بیناکه. خه‌ڵکه‌که هوتافیان کێشا. پارتیزانه‌کان وه‌کوو نیشانه‌ی خۆشحاڵی ته‌قه‌ی خۆشییان به‌ره‌و ئاسمان کرد. ئێمه‌ی منداڵیش ڕامانکرد تاکوو قهواخه فیشه‌که‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه. ئه‌وکاته قهواخه فیشه‌که‌کان به‌هایه‌کیان هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه من شتێک فێر بووم ئه‌ویش ئه‌مه بوو؛ ئازادیی ده‌ربڕێن واته ڕزگاربوون له دروشم.
چه‌ند ڕۆژ دواتر بۆ یه‌که‌مین جار سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کانم له نزیکه‌وه بینی. ئه‌وانه هه‌موویان به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فریقی بوون. یه‌که‌م یانکییهک که بینیم جۆزێف؛ پیاوێکی ڕه‌شپێست بوو که منی له‌گه‌ڵ دیک ترێسی و لیل ئه‌بنێر ئاشنا کرد. کتێبه وێنه‌داره‌کانی هه‌موو ڕه‌نگاڵه‌یی و ڕوون بوون و بۆنێکی خۆشیشیان هه‌بوو. یه‌کێک له ئه‌فسه‌ره‌کان؛ “مادای”، مێوانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک بوو که کچه‌کانیان له‌گه‌ڵ من له یه‌ک قوتابخانه‌دا ده‌یانخوێند. ئه‌ویشم له باخی ڤێلاکه‌دا بینی. چه‌ند که‌س له خانمان ده‌وریان دابوو و به فه‌ره‌نسییه‌کی سهروپێشکا و قسه‌یان ده‌کرد. سه‌روان مادایش نه‌ختێک فه‌ره‌نسی ده‌زانی. هه‌ربۆیه یه‌که‌مین وێنای من له هێزه‌کانی ئازادیبه‌خشی ئه‌مریکا-له پاش بینینی ئه‌و هه‌موو سپی پێسته ئاریاییه به کراسی ڕه‌شه‌وه،-پیاوێکی ڕه‌شپێستی شارستانیی به جلوبه‌رگێکی زه‌ردوسه‌وز بوو که ده‌یوت: ” Oui, merci beaucoup, Madame, moi aussi j’aime le champagne…” به‌داخه‌وه شامپاینێک له‌ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام سه‌روان مادی بنێستێکی نه‌عنایی به من دا و ته‌واوی ئه‌و ڕۆژه جوومه‌وه. ئه‌مه یه‌که‌مین بنێشت به مارکی ڕیگلی من بوو. شه‌و که داهات بنێشته جوواوهکهم خسته ناو په‌رداخێک ئاوه‌وه تاوه‌کوو بۆ ڕۆژی دواتر نه‌رم و نوێ بێت.
له مانگی مایدا بیستم که شه‌ڕ کۆتایی پێهاتووه. ئاشتیی هه‌ستێکی نامۆ و سه‌یری ده‌دا به من. هه‌میشه به ئێمه‌یان وتبوو که بۆ گه‌نجێکی ئیتالی ئاماده‌یی له حاڵه‌تی شه‌ڕێکی به‌رده‌وامدا، دۆخێکی ئاساییه! چه‌ند مانگ دواتر تێگه‌یشتم که”به‌رخۆدان” ته‌نها وه‌کوو دیارده‌یه‌کی خۆجێیی له کۆنترۆڵی ئێمه‌دا نه‌بووه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ست بووه به هه‌موو ئه‌ورووپاوه. کۆمه‌ڵێک وشه‌ی نوێ فێربووم: تۆڕ، نه‌ته‌وه‌یی، له‌شکری نهێنی، ئۆرکێستری سوور،(واته ناوه بهرخۆدهرانهکانی ئه‌ورووپا له هه‌مبه‌ر نازییه‌کان)، گهتۆی ڤێرشۆ. بۆ یه‌که‌مین جار وێنه‌کانی هۆلۆکۆستم بینی. پێش ئه‌وه‌ی وشه‌که ببیستم له مانای هۆلۆکاستم گه‌یشتم. تێگه‌یشتم ئێمه له چ شتێک ڕزگاربووبووین! هه‌نووکه له وڵاتی مندا که‌سانێک هه‌ن که کاریگه‌ریی سه‌ربازیی به‌رخۆدانیان له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا خستۆته ژێر پرسیاره‌وه. بۆ نه‌وه‌ی من ئه‌مه پرسیارێکی بێ بنه‌مایه؛ ئێمه به بێ هیچ نیونجی و به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و چاو له چاو چه‌مکه ئه‌خلاقی و ده‌روونییه‌کانی به‌رخۆدان فێر بووین. ئێمه‌ی ئه‌ورووپیی شانازیمان ده‌کرد به‌مه‌وه که ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانه‌نیشتووین تاکوو به شێوه‌یه‌کی ناکارامه “ئازاد” بکرێین. بۆ جه‌نگاوه‌ره گه‌نجه‌کانی ئه‌مریکاش که به خوێنی خۆیان ئازادییان ئه‌ستاندبوو زۆر گرینگ بوو که بزانن له سه‌رووی هێڵ و به‌ره‌کانی شه‌ڕه‌وه، ئه‌ورووپییه‌کان قه‌رزی خۆیان به‌شێوه‌ی پێشوه‌خت داوه‌ته‌وه.
هه‌نووکه له وڵاتی مندا که‌سانێک بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که “به‌رخۆدان” له‌و سه‌رده‌مه‌دا درۆیه‌کی گه‌وره‌ی کۆمۆنیستی بوو. ڕاسته که کۆمۆنیسته‌کان له بنه‌مادا له بزووتنه‌وه‌ی به‌رخۆداندا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان تێیدا هه‌بوو، واتێدهگهیشتین که ته‌نها له ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه و بۆیه سوود و که‌ڵکی خراپی زۆریان لێوه‌رگرت، به‌ڵام له‌بیرمه که گه‌ریلاکانی ئه‌و سه‌رده‌مه ملپێچی جیاوازیان هه‌بوو. من شه‌وانێکی زۆر له پشت په‌نجه‌ره‌ی داخراوه‌وه له که‌شێکی ته‌نگ و تاریک‌دا له ته‌نیشت ڕادیۆکه داده‌نیشتم و گوێم له‌و په‌یامانه ده‌گرت که ”ده‌نگی له‌نده‌ن” بۆ پارتیزانه‌کانی بڵاو ده‌کرده‌وه. ئه‌م په‌یامانه ڕه‌مزی و له هه‌مانکاتدا شاعیرانه ده‌یاننواند. له‌وانه: (خۆر هێشتاش ده‌دره‌وشێته‌وه، گوڵه سووره‌کان چرۆ ده‌که‌نه‌وه.) زۆربه‌یان پهیامانێک بۆ “”فرانچی” بوون. یه‌کێک له‌و شه‌وانه که‌سێک به گوێم‌دا چرپاندی که فرانچی ڕێبه‌ری به‌هێزترین تۆڕی نهێنیی خه‌باتگێڕانه له باکووری ڕۆژئاوای ئیتالیادا و پیاوێک بوو به بوێرییه‌کی ئه‌فسانه‌ییه‌وه. فرانچی بوو به پاڵه‌وانی من. فرانچی (که ناوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی “ئێدگاردۆ سوگۆنۆ” بوو) پاشایهتیخوازێک بوو و به‌شێوه‌یه‌کی ڕژد دژه کۆمۆنیست بوو که دوای کۆتاییهاتنی شه‌ڕ په‌یوه‌ست بوو به گرووپه ڕاسته تووندئاژۆکانه‌وه و له‌دواجاردا تۆمه‌تی به‌شداریی له کۆده‌تایه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی خرایه پاڵ. به‌ڵام ئه‌مه چ گرینگییه‌کی هه‌بوو؟ سوگۆنۆ هێشتاش پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی قۆناغی منداڵیی منه. ئه‌و سه‌رده‌مه ئازادیی تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی خه‌ڵکانێک به ڕه‌نگ و ڕوخساری جۆراوجۆره‌وه بوو.
هه‌نووکه له وڵاتی مندا که‌سانێک ده‌ڵێن که” شه‌ڕی ئازادی” سه‌رده‌مێکی نیفاق بوو و ئێستاکه هه‌مووان پێویستمان به سازانێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. بیره‌وه‌ریی ئه‌و ساڵه ڕه‌شانه ده‌بێت بدرێنه ده‌ست فه‌رامۆشی. به‌ڵام فه‌رامۆشیی زۆره‌ملیی ده‌بێته هۆی تێکچوونی ده‌ماری مێشک و زه‌ین. ئه‌گه‌ر ئاشتی به مانای لێبووردن و ڕێزدانان بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه که به نیازێکی بێگه‌رد و باوه‌ڕی ته‌واو به بنه‌ماکانی مه‌به‌ستی خۆیانه‌وه شه‌ڕیان کرد، ئه‌وا لێبووردن به مانای فه‌رامۆشی نییه. من ده‌توانم ئه‌مه قبووڵ بکه‌م که ئایشمه‌ن به باوه‌ڕی ته‌واوه‌وه پێڕه‌ویی له بنه‌ماکانی خۆی ده‌کرد و پراکتیزه‌ی ده‌کردن، به‌ڵام ناتوانم بڵێم” زۆر باشه، وه‌ره و دووباره تێههڵبچۆرهوه”. هه‌مووان ده‌بێت له‌بیرمان بێت که چی ڕووی دا و به لێبڕاوییه‌وه به‌ڵام، هاوکات به نهجابهتهوه داوای ئه‌مه بکه‌ین که ئه‌م کرده‌وانه ئیتر دووپات نه‌بنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان کامانه‌ن؟
ئه‌مه شتێکی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر وابزانین حکوومه‌ته تۆتالیتا‌ر و ڕههاخوازهکان که ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئه‌ورووپای پێش جه‌نگی دووهه‌می جیهانیدا هه‌بوو، جارێکی دیکه له دۆخێکی مێژوویی ته‌واو جیاوازدا بگه‌ڕێنه‌وه و ده‌رکه‌ونه‌وه. ئه‌گه‌ر فاشیزمی مۆسۆلینی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندێشه‌ی ڕێبه‌رێکی کاریزمی، ئه‌ندێشه‌یه‌کی ڕێکخراو، یۆتۆپیایه‌کی ئیلهامگیراو له ئیمپراتۆریای ڕۆم، خواستی ئه‌مپریالیستی بۆ داگیرکردنی وڵاتانی نوێ، نه‌ته‌وه‌خوازیی سه‌ره‌ڕۆیانه، پۆشاندنی جلوبه‌رگی ڕه‌ش به سه‌ر هه‌موو حه‌شیمه‌تی وڵات‌دا، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دیموکراسیی په‌ڕله‌مانی و دژه‌جووبوون بوو، له‌م حاڵه‌ته‌دا به ئه‌سته‌م ده‌کرێت “ئالئانزا نازیوناله”ی ئێستای ئیتالیا که له پاشماوه‌کانی حیزبی فاشیستی پاش جه‌نگ و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ده‌سته ڕاستی ئیتالیا هه‌ستایه‌وه سه‌رپێ، له‌گه‌ڵ فاشیزمی کۆن به یه‌کێک بزانین. هه‌ر به‌م پێیه ئه‌گه‌رچی وه‌کوو تاکه‌که‌س له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌ی شێوهنازییهکان که له گۆشه و قوژبنی ئه‌ورووپادا-له‌وانه‌ش ڕووسیا ده‌رکه‌وتوون نیگه‌رانم، به‌ڵام وا بیر ناکه‌مه‌وه که نازیسم به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی و کۆنی خۆی وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری سه‌رهه‌ڵداته‌وه.
به‌م حاڵه‌ش ئه‌گه‌رچی ده‌کرێت سیسته‌م و ڕژێمه سیاسییه‌کان نوقمه‌سار بکرێن و ئایدۆلۆژیاکان بدرێنه به‌ر ڕه‌خنه و ڕه‌ت بکرێنه‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له پشته‌وه‌ی هه‌ر ڕژێمێک و هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌ک جۆرێک بیرکردنه‌وه، کۆمه‌ڵێک دابونه‌ریتی کولتووری، غه‌ریزه‌ی قووڵ و خواستی ڕازاوی و لێڵ هه‌یه. ئایا هێشتا تارماییه‌کی دیکه دوای ئه‌ورووپا (و یان ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه شوێنان و وڵاتانی دیکه) که‌وتووه؟ یونسکۆ جارێک وتی: ” ته‌نها وشه ئیعتیباری هه‌یه و شته‌کانی دیکه هه‌ر ورتهورتێکن.” خووه زمانییه‌کان له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا نیشانه‌یه‌کن له ژێرخان و بنه‌ما هه‌سته‌کییه‌کان. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه گه‌ڵاڵه‌کردنی ئه‌م پرسیاره گرینگه که بۆچی ته‌نها “به‌رخۆدان” و نه‌ک هه‌موو شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی له سه‌رانسه‌ری دنیا له دژی فاشیزم وه‌کوو شه‌ڕ دژی فاشیزم نه‌خوێنرایه‌وه؟ ئه‌گه‌ر “ناقووسهکان بۆ کێ لێ ده‌درێن؟”ی هه‌مینگۆی جارێکی دیکه بخوێننه‌وه، تێده‌گه‌ن که ڕابێرت جێردێن ته‌نانه‌ت کاتێک بیر له ڤالانژیستهکانی ئیسپانیا ده‌کاته‌وه، به دوژمنه‌کانی خۆی ده‌ڵێت فاشیست. هه‌روه‌ها فرانکلین ڕۆزڤێلتیش ده‌یوت: “سه‌رکه‌وتنی خه‌ڵکی ئه‌مریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمان سه‌رکه‌وتن و زاڵبوون بوو به سه‌ر فاشیزم و دیکتاتۆرییه دارهدهستهکانیدا.” له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، ئه‌و ئه‌مریکیانه‌ی که له شه‌ڕی ئیسپانیادا به‌شداریان ده‌کرد له ژێر ناوی”دژه فاشیسته‌کانی نارس” ناویان لێ ده‌برا. به ده‌ربڕینێکی دیکه خه‌بات له دژی هیتله‌ر له ده‌یه‌ی 1940ی ز بۆ هه‌ر ئه‌مریکییه‌ک وه‌کوو ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی چاوی لێده‌کرا، به‌ڵام خه‌بات دژی فرانکۆ له ده‌یه‌ی 1930ی ز به‌و هۆیه‌ی که به شێوه‌ی گشتی له لایه‌ن کۆمۆنیسته‌کانه‌وه ئه‌نجام ده‌درا، به شتێکی نه‌پوخت و کاڵ هه‌ژمار ده‌کرا. بۆچی سی ساڵ دواتر تووندئاژۆ ئه‌مریکییه‌کان، پۆلیسێک که له‌گه‌ڵ خووه هۆشبهرانهیی و مادهسڕکهرهکانیان دژ بوو به ”خووگی فاشیت” ناو ده‌برد؟ بۆچی نه‌یانده‌وت خووگی کاگول (واته ئاماژه به فاشیسته دژه کۆمۆنیسته‌کانی فه‌ره‌نسه له ده‌یه‌ی سی و چل، خووگی فالانژیست، خووگی ئوستاش بزووتنه‌وه‌ی فاشیستیی کۆرواتیا)، ((خووگی کویسلینک، فاشیسته نۆروێژییه‌کانی لایه‌نگری نازیسم، یان خووگی نازی؟ “خه‌باتی من”ی هیتله‌ر مانیفێستی به‌رنامه‌یه‌کی چڕوپڕی سیاسییه. نازیسم گریمانه‌یه‌کی نه‌ژادپه‌رستانه‌ی له سه‌رێتیی خه‌ڵکی ئاریایی، پێناسه‌یه‌کی ده‌ستنیشانکراوی له هونه‌ری گه‌نده‌ڵ و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی له‌باره‌ی به‌رزه‌مرۆڤ یان مرۆڤی ڤاڵا هه‌بوو. نازیسم دژه مه‌سیحییه‌ت بوو و خواستی دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ چه‌مکی تاقانهپهرستیی واته پاگانیسمی نوێی هه‌بوو. له به‌رامبه‌ردا ڕێبازی ئیستالین “ده‌ربڕینی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت له مارکسیسم” ماتریالیست و دژه ئایین بوو. حوکوومه‌تێکی تۆتالیتا‌ر، ڕژێمێکه که هه‌ر به‌شێک له ژیانی تاک ده‌خاته ژێر کۆنترۆڵی خۆی و ئیراده‌ی ده‌وڵه‌ت و ئایدۆلۆژیاوه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌م “نازیسم” و هه‌میش “ئیستالینیزم” ڕژێمانێکی تۆتالیتا‌ر بوون.
به‌دڵنیاییه‌وه فاشیسمی ئیتالیا دیکتاتۆرییه‌ک بوو. به‌ڵام وه‌کوو حوکوومه‌تێکی تۆتالیتا‌ر نه‌بوو. ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌هۆی هاوسهنگسازیی و میانهڕۆییه ڕێژه‌ییه‌کان به‌ڵکوو به‌هۆی لاوازیی و هه‌ژارییه‌کی فه‌لسه‌فیی که له په‌یکه‌ره‌ی ئایدۆلۆژیاکه‌یدا هه‌بوو. به‌پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی باو، فاشیسم له ئیتالیادا خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌تی خۆی نه‌بوو. وتارێک که به واژۆی “بێنیتۆ موسولینی” له زانستنامه‌ی ئیتالایا و به ئیلهام وه‌رگرتن له بیروباوه‌ڕه‌کانی جیووڤانی چینتیله؛ فه‌یله‌سووف و دانه‌ری زانستنامه‌که نووسرا بوو باسی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر به‌نمای باوه‌ڕ و ڕاکانی “فریدریش هیگیل” له‌باره‌ی حوکوومه‌تێکی ڕه‌هاخواز و ئهخلاقتهوهر ده‌کرد. موسولینی هه‌رگیز له‌ناو بازنه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌دا نه‌بوو، چونکه له بنه‌مادا ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ی نه‌بوو و ته‌نها به دروشمه‌وه گیراسایهوه. موسولینی سه‌ره‌تا که‌سێکی بێ خودای تووندڕۆ بوو و له کۆتاییشدا دوای ئه‌وه‌ی که ئه‌سقۆفه‌کانی کڵێساکانی ڕۆم بنه‌ماکانی فاشیزمیان قبووڵ کرد له‌گه‌ڵیان بوو به هاوپه‌یمان. ده‌ڵێن موسولینی له ساڵانی بێ خودایی خۆیدا جارێک داوای له خودا کرد که بۆ سه‌لماندنی هه‌بوونی خۆی زله‌یه‌کی لێدا! دواتر موسولینی هه‌میشه له لێدوانه‌کانی خۆیدا باسی “خوداوه‌ند”ی ده‌کرد و حه‌زی وابوو به که‌سێکی “ملکه‌چی قه‌ده‌ری ئیلاهی” ناوی ببه‌ن.
فاشیزمی ئیتالیا، یه‌که‌مین دیکتاتۆریی ڕاسته‌ڕه‌وی تووندئاژۆ له ئه‌ورووپادا بوو. بزووتنه‌وه فاشیستییه‌کانی دواتر هه‌ر کامه‌یان به‌شێوه‌یه‌ک ڕژێمی موسولینییان کرد به نموونه و شوێنههڵگهری خۆیان. فاشیسمی ئیتالیا ڕیچواڵ و ڕێوڕه‌سمی سه‌ربازیی، کولتووری ڕهشۆکیانهی حیزبی و ته‌نانه‌ت شێوه‌ی پۆشاکی نه‌ته‌وه‌یی(پۆشاکی ڕه‌ش-ی به‌نیسبه‌ت باشتر و کاریگه‌رتر له جیۆرجیۆ ئارمانی، بێنی تۆن و ڤێرساچی داهێنا. له ماوه‌ی ده‌یه‌ی 1930دا بزووتنه‌وه فاشیستییه‌کان له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ورووپادا سه‌ریانهه‌ڵدا. سه‌ره‌تا ماسێلی له به‌ریتانیا، و دواتر لاتۆیا، ئیستۆنیا، لیتڤانیا، پۆڵندا، هه‌نگاریا، ڕۆمانی، بولگارستان، یۆنان، یۆگۆسلاڤیا، ئیسپانیا، پورتوغال، نۆروێژ و ته‌نانه‌ت له ئه‌مریکای باشوور. فاشیسمی ئیتالیا بوو که زۆرێک له لیبراڵه‌کانی هێنایه سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه که ئه‌م ڕژێمه نوێیه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریی بنه‌مایی و گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ده‌توانێت بژارده و پرۆژه‌یه‌کی که‌متر شۆڕشگێڕانه له هه‌مبه‌ر مه‌ترسیی کۆمۆنیسته‌کان بخاته ڕوو.
به‌هه‌رحاڵ له ڕوانگه‌ی منه‌وه له‌پێشبوونی مێژوویی، پاساوێکی پته‌و نییه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی که چۆن وشه‌ی فاشیسم بوو به وشه‌یه‌کی میتافۆڕیکی هاوشێوه بۆ بزووتنه‌وه جۆراوجۆره تۆتالیتاره‌کان. ئه‌مه نه‌ک به‌م هۆیه‌ی که فاشیسم له بنه‌مادا هه‌ڵگری توخم و ماکه پێویسته‌کان له ڕووماڵکردن و پێناسه‌کردنی هه‌موو بزووتنه‌وه تۆتالیتاره‌کان بوو. به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه، فاشیسم هیچ بنه‌مایه‌کی نه‌بوو. فاشیسم تێکه‌ڵاوێک له بیروڕا جۆراوجۆره سیاسیی و فه‌لسه‌فییه‌کان و له دواجارا تێکه‌ڵه‌یه‌ک له لێکدژی و دژوازییه‌کان بوو. چۆن ده‌کرا که ڕژێمی پاشایه‌تی له‌گه‌ڵ شۆڕش، له‌شکری پاشایه‌تی له‌گه‌ڵ هێزی چه‌کداری مۆسۆلینی و میلیشیاکان، هه‌له پێدراوه‌کان به کڵێسا له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده و فێرکاریی (له ژێر چاودێریی ده‌وڵه‌ت و به زه‌خت و زۆر)، و ئابووریی ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئابووری بازاڕی ئازاد تێکه‌ڵ کرێن؟ حیزبی فاشیست به‌م بانگه‌شه‌یه هاته ناو گۆڕه‌پانه‌که‌وه و له‌دایک بوو که هه‌ڵگری نه‌زمێکی نوێی شۆڕشگێڕانه‌یه؛ به‌ڵام پشتیوانه ماڵییه‌کانیان له پارێزخوازترین(کۆنسێرڤاتیست) زه‌ویداره‌کان بوون که هیچ تایبه‌تمه‌ندی و چاوه‌ڕوانییه‌کیان جگه له دژه شۆڕشبوون تێدا نه‌بوو. فاشیسم له سه‌ره‌تادا کۆماریخواز بوو، به‌ڵام بیست ساڵ ته‌نها له ڕێگه‌ی وه‌فاداری به بنه‌ماڵه و ماڵباتی پاشایه‌تی و نزیکایه‌تیی “ڕێبه‌ر” له‌گه‌ڵ “شا”-که ڕێبه‌ر واته مۆسۆلینی نازناوی “ئیمپراتۆر”ی به شا به‌خشیبوو، درێژه‌ی به ژیانی خۆی دا. کاتێک که له ساڵی 1943دا پاشای ئیتالیا مۆسۆلۆنیی له کاره‌که‌ی لادا، له مه‌ودایه‌کی که‌متر له دوو مانگ و به پشتگیریی ئاڵمان و له ژێر ناوی کۆمارێکی “سۆسیال” دیسانه‌وه به کاوێژکردنی هه‌مان دروشمه شۆڕشگێڕانه‌کان سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه.
ده‌زانین که له ئاڵمانی نازیدا ته‌نها یه‌ک ئارشیتێکت و ته‌نها یه‌ک جۆر هونه‌ری نازی هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ئا‌لبێرت سپییر Albert Speerبه تاقانه ئارشیتێکت و ئه‌ندازیاری ڕژێمی نازی بزانین ئه‌وکات هیچ پێگه‌یه‌ک بۆ “می ئێز ڤان ڕووهه Mies van der Rohe” نامێنێته‌وه. هه‌ر به‌م پێیه ئه‌گه‌ر له حوکومه‌تی ئیستالیندا لامارک Lamarck بیۆلۆژیست و زانستمه‌ندی ناتۆرالیستی فه‌ره‌نسی پێڕهوکرا و سه‌رنموونه بوو، ئیتر هیچ پێگه‌یه‌ک بۆ داروین له‌ئارادا نه‌بوو. له ئیتالیادا کۆمه‌لیک ئه‌ندازیار و ئارشیتێکتی جۆراوجۆر هه‌بوون. به‌ڵام له پاڵ بینا به‌رزه ئیلهامگیراوهکان له کۆلۆسیوم (یه‌کێک له کۆنترین تهماشاخانهکانی شانۆ)ی ڕۆمی کۆن، کۆمه‌ڵیک بینای تازه له ژێر کاریگه‌ریی ئاوه‌زخوازیی نوێی شێوازی ئارشیتێکتی گرۆپیوس Gropius بینا کرابوو. له ئیتالیادا که‌سێکی وه‌کوو ئاندرێ ژیدانۆفی فاشیست نه‌بوو تاکوو هێڵه کولتوورییه‌کان دیاری بکات. له ئیتالیادا دوو خه‌ڵاتی گشتیی هونه‌ریی هه‌بوو: یه‌کیان “پریمیو کریمونا” که له لایه‌ن فاشیستێکی ده‌مارگرژ و دواکه‌وتووه‌وه به‌ناوی ڕۆبێرتۆ فاریناچی به‌ڕێوه ده‌برا و هونه‌ری به بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده ده‌زانی. من کۆمه‌ڵێک نیگاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌م له‌بیره له ژێر ناوه‌کانی “گوێگرتن له لێدوانی ڕێبه‌ر له ڕادیۆوه” یان “زه‌ینییه‌تی دروستکراوی فاشیسم”. ئه‌و خه‌ڵاته‌که‌ی دیکه‌یان “پریمیۆ بێرگامۆ” له ژێر چاودێری و پشتگیریی فاشیستێکی تا ڕاده‌یه‌ک میانهڕۆتر به ناوی “جیوسپه بوتا”ی بوو که هه‌م باوه‌ڕی به ڕێبازی “هونه‌ر بۆ هونه‌ر” هه‌بوو و هه‌م زۆرێک له به‌رهه‌مه هونه‌رییه نوێکان که له ئاڵمان وه‌کوو هه‌نه‌ری گومڕا و ئیلهامگر له کۆمۆنیسم قه‌ده‌غه‌کرا بوو پاراست و پشتگیریی لێ کردن.
شاعیری نه‌ته‌وه‌یی؛ “دێ ئانونزیو”، پیاوێکی پۆشته و په‌رداخ بوو که بێگومان ئه‌گه‌ر له ئا‌ڵمانیا یان ڕووسیا بایا له سێداره ده‌درا.ئه‌و به‌هۆی خواسته ناسیۆنالیستییه‌کانی و به سه‌رنجدان به هێما پاڵه‌وانییه ئوستووره‌ییه‌کان-که له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ کاریگه‌رییه‌کانی هونه‌ری سیمبولیستیی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزه تێکه‌ڵ کرابوو-وه‌کوو شاعیری نه‌ته‌وه‌یی ڕژێمی فاشیست هه‌ڵبژێردرا. تێگه‌یشتن له بزووتنه‌وه‌ی فوتوریسم یان داهاتووخواز (Futurism)یش له رواڵه‌تدا ده‌بوو وه‌کوو ئیکسپرسیۆنیسم، کووبیسم و سورریالیسم له پله‌ی دیارده‌یه‌کی گومڕا چای لێکرابا. به‌ڵام یه‌که‌مین هونه‌رمه‌ندانی داهاتووخوازی ئیتالیا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نهتهوخواز بوون و له ئاماده‌یی ئیتالیا له جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا به هۆکاره جوانایناسانهکان پشتگیری‌یان ده‌کرد. ئه‌م هۆکارانه بریتی بوون له خێرایی، تووندوتیژی و مه‌ترسی؛ که هه‌ر هه‌مووی له‌گه‌ڵ ڕێبازی گه‌نجانی فاشیستدا وێک ده‌هاتنه‌وه. ئه‌گه‌رچی فاشیزم خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ئیمپراتۆریای ڕۆم و نه‌ریته خۆجێیه تێههڵچووهکان پێناسه ده‌کرد، توماس مارینتی Marinetti ی شاعیر، تیۆریداڕێژ و له پێشه‌نگانی ڕێبازی داهاتووخوازی که بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ترۆمبێلێک جوانتره له په‌یکه‌ری داتاشراو و بینراوی “سه‌رکه‌وتنی ساموتراکی” (په‌یکه‌رێکی کۆن که له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا له دوورگه‌ی ساموتراکی دۆزرایه‌وه) و ته‌نانه‌ت له مانیفێستی ڕیبازی داهاتووخوازهکاندا پێشنیاری له‌ناوبردنی شاری ڤێنیزی خستبوویه ڕوو، بوو به ئه‌ندامی فه‌رهه‌نگستانی ئیتالیا.
زۆرێک له ڕۆشنبیران و پارتیزانه‌کانی داهاتووی حیزبی کۆمۆنیست، له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی خوێندکارانی فاشیسته‌وه، که ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگیی نوێی فاشیسم بوو، ڕاهێنران. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه خوێندکاریانه بوون به ناوهندانێک که له ناو پێکهاته‌که‌یاندا کۆمه‌ڵێک بیروڕا و سه‌رنج به بێ چاودێریی فیکری پێکه‌وه تێکه‌ڵ ده‌کران. نه‌بوونی چاودێریی به‌م هۆیه نه‌بوو که به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبی فاشیست باوه‌ڕ و سه‌رنجه توندڕۆیانهکانیان قبووڵ ده‌کرد. به‌ڵکوو ته‌نها به‌م هۆیه بوو که ئه‌وان خاوه‌نی هیچ ئامراز و میکانیزمێکی فیکری بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریی ئه‌م بیروڕایانه نه‌بوون. له درێژه‌ی قۆناغی بیست ساڵه‌ی گه‌شه‌ی فاشیسمدا، شیعری مونتاله و هونه‌رمه‌ندانێکی وه‌کوو ئه‌و که به گرووپی (ئهرمهتیچیErmetici) ناو ده‌بران و به‌رهه‌مه‌کانیان که په‌رچه‌کردارێک بوو له هه‌مبه‌ر شێوازی دهسدرێژیکارانهی ڕژێم، به‌ختی بڵاو بوونه‌وه‌یان هه‌بوو و ئه‌م هه‌له‌یان پێ‌درابوو که ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌ده‌بیی خۆیان له پێگه‌یه‌ک که به ڕای ڕژێم((ترۆپک و لووتکه))بوو ده‌رببڕن. که‌ش و هه‌وای ده‌روونیی شاعیرانی ئهرمیتچی ڕێک له هه‌مبه‌ر و دژی خاڵی به‌رامبه‌ری فه‌رهه‌نگی فاشیسم و بیردۆزه‌ی گه‌شبینانه و پاڵه‌وانانه‌ی ڕژێم بوو. ڕژێم له هه‌مبه‌ر هه‌راوهۆریای هونه‌ریی ئه‌مانه(که هه‌ڵبه‌ت ناڕهزایهتییک بوو له سه‌رووی تێگه‌یشتنی فاشیسته‌کان) هه‌ڵیده‌کرد، چونکه له بنه‌مادا فاشیسته‌کان گوێیان به زمانی میتافۆڕ و ئیدیۆم و شاراوهدهربڕین نه‌ده‌دا!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه هه‌مووی به‌و مانایه نییه که فاشیسمی ئیتالیا له هه‌مبه‌ر دژبه‌رانی خۆیدا پشوودرێژ بوو. ئا‌نتۆنیۆ گرامێشی تا کاتی مه‌رگیش هه‌ر له زیندان بوو، ڕێبه‌رانی دژبه‌ر، جیاکۆمۆ ماتئووتی و برایانی ڕووسلی کوژران، ئازادی میدیاکان فاتیحای له‌سه‌ر خوێنرا، یه‌کێتییه‌کانی کرێکاران قه‌ده‌غه کران و ناڕازییه سیاسییه‌کان بۆ دوورگه دووره‌ده‌سته‌کان دوور خرانه‌وه. هێزی یاسادانان بوو به دیارده‌یه‌کی له‌ناوچووی ناو چیرۆکه‌کان و هێزی جێبه‌جێکار(که ده‌سه‌ڵاتی هێزی دادوه‌ری و میدیا گشتییه‌کانیشی له ده‌ست بوو) خۆی ده‌ستی کرد به یاسادانان! یه‌کێک له‌و یاسایانه‌ش ئه‌مه بوو که ده‌بێت له نه‌ژاد پاسه‌وانی بکرێت “له ڕاستیدا ئه‌مه نیشانه‌ی پشتگیریی له‌و شته بوو که دواتر هۆلۆکاستی به‌رهه‌م هێنا”. وێنه‌یه‌کی پڕ له دژوازیی که من له سه‌ره‌وه باسم کرد، نه‌ک لێکهوتهیهک له پشوودرێژیی سیاسیی به‌ڵکوو نیشانه‌یه‌ک له بشێویی ئایدۆلۆژیک بوو. به‌ڵام ئه‌م ئایدۆلۆژییه هاوتای سه‌رلێشێواوییه‌کی ڕێکخراو ده‌هاته به‌رچاو. فاشیسم له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌یی دابڕابوو، به‌ڵام له ڕووی سۆز و هه‌سته‌وه به‌توند و تۆڵیی له‌گه‌ڵ ژێرخانی کۆمه‌ڵایه‌تیی له په‌یوه‌ندیدا بوو.
لێره‌دا ده‌گه‌ین به خاڵی دووه‌می باسه‌که‌ی من. ته‌نها یه‌ک نازیسم هه‌بوو. ناکرێت مۆرکی نازیسم بده‌ین له فالانژیسمی کاتوولیکی ژه‌نه‌ڕاڵ فرانکۆ، چونکه نازیسم له بنه‌مادا ڕه‌تکه‌ره‌وه‌ی ئایین بوو و دژه مه‌سیحییه‌ت بوو. به‌ڵام ده‌شێت فاشیزم به شێوه‌ی جۆراوجۆر یاریی له ناویدا کرێت و به ڕوخسار و مه‌کیاجی جۆراوجۆره بێته سه‌ر شانۆکه، ته‌نانه‌ت به بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌که‌ی بگۆڕدرێت. دیارده‌ی فاشیزم لێکچوونی هه‌یه له گه‌ڵ بیرۆدزی یاریی فه‌یله‌سووف؛ لۆدڤیگ ڤیتگینیشتاین Wittgenstein. یارییه‌ک ده‌شێت شێوازی کێبڕکێ و ململانێی هه‌بێت یان نه‌یبێت. ده‌توانێت پێویستیی به جۆرێک لێهاتوویی بێت یان نه‌بێت. ده‌کرێت بۆ پاره ئه‌نجام بدرێت و ده‌شکرێت به بێ پاره ئه‌نجام بدرێت. به‌ڕای ڤیتگینیشتاین یاری له‌خۆگری کۆمه‌ڵێک چالاکیی جۆراوجۆر ده‌بێت که ته‌نها به‌شێکیان له “لێکچوونه خێزانییه‌کاندا” خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری بابه‌ته‌که سه‌رنجی ئه‌و زنجیرهمهندییهی خواره‌وه بده‌ن:-
“1 2 3 4 Abc bcd cde def”
چه‌ند گرووپی سیاسیی وێنا بکه‌ن که له‌وانه‌دا گرووپی 1 هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی abc، و گرووپی دووه‌م هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی bcd و هه‌ر به‌م شێوه‌یه تا کۆتایی. گرووپی دووه‌م لێکچوونی هه‌یه له‌گه‌ل گرووپی یه‌که‌م چونکه دوو تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شیان پێکه‌وه هه‌یه. هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه و به‌هه‌مان هۆکار گرووپی سێیه‌م هاوشیوه‌ی گرووپی دووه‌م و گرووپی چواریش هاوشێوه‌ی گرووپی سێیه. سه‌رنج بده‌ن که گرووپی سێش هاوشێوه‌ی گرووپی یه‌که (هه‌ر دوو هه‌ڵگری توخمی هاوبه‌شی c هه‌ن). سه‌رنجڕاکێشترین بابه‌ت گرووپی چواره. گرووپی چوار له‌گه‌ڵ گرووپی سێ و دوو توخمی هاوبه‌شی هه‌یه به‌ڵام له‌گه‌ڵ گرووپی یه‌ک هیچ توخمێکی هاوبه‌شی نییه. به‌ڵام به‌هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و نه‌پساوه‌ی لێکچوونه‌کان له نێوان گرووپی یه‌ک و گرووپی چواردا و هه‌روه‌ها به‌هۆی هه‌بوونی جۆرێک هاوشێوه‌یی تێپه‌ڕ، هه‌ندێک لێکچوون له نێوان چوار و یه‌کدا ده‌بینرێت. فاشیسم به‌م هۆیه بوو به وشه و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی گشتگیر که ده‌کرێت یه‌ک یان دوو تایبه‌تمه‌ندیی له ڕژێمێکی فاشیست بسڕدرێته‌وه به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو ڕژێمێکی فاشیست بیناسینه‌وه. ئه‌مپریالیسم له فاشیزم جودا بکه‌نه‌وه، ئه‌وکات ڕژێمه‌کانی فرانکۆ و سالازارتان ده‌بێت. کۆلۆنیالیزم له فاشیسم بسڕنه‌وه، ئه‌وکات ئوستاژهکانی کۆرواتیا ده‌بیننه‌وه. دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داریی (که له ڕاستیدا مۆسۆلینی هه‌رگیز هۆگریی نه‌بوو) زیاد بکه‌نه سه‌ر فاشیسمی ئیتالیا ئه‌وکات ئه‌زرا پاوند Ezra Pound ده‌رده‌که‌وێت. نه‌ختێک ئوستوورهخوازیی سێلتی Celtic و عیرفانی مه‌سیحی تێکه‌ڵی فاشیسم بکه‌ن ئه‌وکات جۆلیۆس ئهڤۆلا Julius Evola یه‌کێک له به‌ڕێزترین که‌سیاتییه‌کانی فاشیسم (ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز به‌شێوه‌ی فه‌رمیی په‌یوه‌ست نه‌بوو به حیزبه‌وه) ده‌بینین.
من باوه‌ڕم وایه که له سه‌رووی ئه‌م هه‌موو دژوازی و لێڵ و پێڵییهوه ده‌کرێت پێڕستێک له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که من وه‌کوو فاشیسمی ئه‌به‌دی یان “فاشیسمی دانسقه” ناویان ده‌به‌م، به‌سه‌ر یه‌که‌وه بنێین. ناکرێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێکدا ڕێکبخرێت، چونکه زۆرێکیان پێکه‌وه دژوازن و هه‌روه‌ها ده‌چنه ڕیزی شێوه‌کانی دیکه‌ی دیکتاتۆری و ده‌مارگرژییه‌وه. به‌ڵام هه‌بوونی ته‌نها یه‌کێک له‌م تایبه‌تمه‌ندیانه ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌دات به فاشیسم تاکوو له‌سه‌ر ئه‌و کۆڵه‌که‌یه باڵا بکات.
1. یه‌که‌مین تایبه‌تمه‌ندیی فاشیسمی دانسقه، نه‌ریتخوازییه. هه‌ڵبه‌ت که نه‌ریتخوازی کۆنتر و بهتهمنتره له فاشیسم. نه‌ریتخوازی به‌شێوه‌ی گشتی به بیروباوه‌ڕی دژهشۆڕشگێڕانهی کاتۆلیکی پاش شۆڕشی فه‌ره‌نسه ده‌وترێت. به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌رهاوێشته‌ی کۆتاییه‌کانی قۆناغی هیلینیسمی یۆنانی که‌ونارایه که له هه‌مبه‌ر ئاوه‌زمه‌ندێتی کلاسیکی یۆنانیدا بوو. له ناوچه‌ی مه‌دیته‌رانه، کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه به ئایینی جۆراوجۆره‌وه که زۆربه‌یان له لایه‌ن پانتیۆن “په‌رستگه”ی ڕۆمه‌وه دانیان پێدانرابوو، مه‌فتوون و تاسه‌باری ڕازێک بوون که په‌یوه‌ست بوو به ئوستووره‌ی خه‌لیقه‌تی مرۆڤه‌وه. به‌پێی باوه‌ڕه نه‌ریتییه‌کان ئه‌م ڕازه بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌کان له زمانه له بیرکراوه‌کانی وه‌کوو هیرۆگلیفی میسری، له ده‌قه سێلتییه‌کان، و له نووسینه‌کانی ئایینه ئاسییاییهکاندا شاردرابووهیهوه. ئه‌م که‌لتووره نوێیه ده‌بوو تایبه‌تمه‌ندی و لایه‌نێکی “تێکهڵکارانه”ی هه‌بێت. تێکهڵکاریخوازی ته‌نها هه‌ڵگری مانای وشه‌یی و فهرههنگنامهیی-واته تێکه‌ڵه‌یه‌ک له شێوه جۆراوجۆره‌کانی خه‌یاڵکردن و به‌رپه‌رچدانه‌وه-نییه. ئاوه‌ها تێکهڵکارییهک هه‌ڵگر و پێویستی به هه‌ڵکردنه له‌گه‌ڵ دژوازییه‌کاندا.
هه‌ر به‌م پێیه په‌یامه باوه‌ڕمه‌ندانه جۆراوجۆره‌کان هه‌ر هه‌مووی هه‌ڵگری کۆمه‌لێک ئه‌ندێشه‌ی بیرمه‌ندانه‌ن و ده‌رکه‌وتنی هه‌رجۆره ناکۆکی و ناهاوسه‌نگییه‌ک ئه‌وه‌ش ته‌نها له داڕشتنی ڕهمزییانهدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ واقیع و ڕاستییه‌کی کۆن و که‌ونارا. هه‌ربۆیه هیچ پێگه‌یه‌ک بۆ زانست و به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه‌ی زانستیی نوێ دانانرێت. ڕاستیی هه‌رمان ده‌قه کۆنه‌کانه و پاش ئه‌وه هه‌موو شتێک ته‌نها ته‌ئویل و ته‌فسیری په‌یامی ئه‌م ڕازه‌یه. چاوخشاندن به مانیفێست و دۆکتۆرینی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی فاشیستی ده‌توانێت بنه‌ما نه‌ریتخوازانه‌کانی ده‌ستنیشان بکات. بیرکردنه‌وه‌ی نازیسم له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک له توخمه نه‌ریتییه‌کان، تێکهڵکارخوازهکان و ڕه‌مزه نادیار و غه‌یبانییه‌کان بوو. کاریگه‌رترین گریمانه‌ی تیۆری داڕێژێکی به‌ره‌ی ڕاستی نوێی ئیتالیا واته جۆلیۆس ئووڤێلا، تێكهڵکاریی گێڕانه‌وه‌کانی په‌یوه‌ست به جامی پیرۆزی مه‌سیح له‌گه‌ڵ پرۆتۆکۆلی گه‌وره‌پیاوانی جوو هه‌روه‌ها تێکه‌ڵکاریی ئیمپراتۆریی پیرۆزیی ڕۆم له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریی نه‌ته‌وه‌ی ئاڵمان بوو. ئه‌م ڕاستییه که به‌ره‌ی ڕاستی ئیتالیا بۆ نیشاندانی ڕۆشنبیریی خۆی، له مانیفێستی دوایی خۆیدا به‌رهه‌مه‌کانی (دێ مایسترێ De Maistre)، و (گوئنۆنGuenon) و گرامێشیی جێگیرکردووه، به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوونه بۆ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی تێکهڵکاریخوازیی فاشیزم. کاتێک له کتێبفرۆشییه‌کانی ئه‌مریکادا له ڕیزی ئه‌و کتێبانه‌ی که به ناوی سه‌رده‌می نوێ New Age) پۆلێنبه‌ندی کراون، ورد ده‌بنه‌وه، به‌رهه‌مه‌کانی سێن ئاگۆستینیشی تێدا ده‌بیننه‌وه که تا ئه‌و شوێنه‌ی من ئاگادار بم فاشیست نه‌بوو. به‌ڵام له پاڵیهکدانانی سێن ئاگۆستین و ئیستۆن هێنج Stonehenge(بینا پێشمێژووهکان له به‌ریتانیا)، به‌دڵنیاییه‌وه نیشانه‌یه‌که له فاشیزمی دانسقه.
2. نه‌ریتخوازی نیشانه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نوێخوازی Modernismیه. ئه‌گه‌رچی تیۆریداڕێژانی نه‌ریتخواز به‌زۆری ته‌کنه‌لۆژیا وه‌کوو پووچه‌ڵکه‌ره‌وه‌ی به‌ها مه‌عنه‌وییه نه‌ریتییه‌کان ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام نازییه‌کان و فاشیسته‌کان ستایشکاری ته‌کنه‌لۆژیا بوون. نازیسم زۆر لووتبه‌رز بوو به ده‌سکه‌وته ته‌کنۆلۆژییه‌کانی خۆی، به‌م حاڵه‌شه‌وه ستایشکردنی مۆدێڕنیته لای ئه‌وان ته‌نها ڕێچکه‌یه‌کی ئایدۆلۆژییانه له‌سه‌ر بنه‌مای دوکتۆرین و مانیفێستی خاک و خوێن بوو. ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نوێخوازیی له ژێر ده‌مامکی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی شێوه‌ژیانی سه‌رمایه‌داریدا خۆی حه‌شار دابوو. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی وا له ڕوانگه‌ی نازیسمه‌وه ڕه‌تکراوه بوو، ڕۆحییه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی فه‌ره‌نسه و ئه‌مریکا 1776_1789 بوو. چاخی ڕۆشنگه‌ری، واته چاخی ئاوه‌ز له ڕوانگه‌ی نازییه‌کانه‌وه ده‌سپێکی داڕمان و داته‌پینی نوێی جیهان بوو. له‌م ڕووه‌وه ده‌توانین فاشیسمی دانسقه له‌گه‌ڵ ئاوهزبێزی دا به هاوتا بزانین.
3. ئاوهزبێزی گرێدراوه به باوه‌ڕی، کردار له پێناوی کردار دا. کردار که خۆی له خۆیدا ده‌رکه‌وته و دیارده‌یه‌کی جوانه، ده‌بێت به بێ هیچ پێشمه‌رج و پێشه‌کییه‌ک و به بی هیچ پێویستییه‌ک بێته ئاراوه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بیرکردنه‌وه، جۆرێک خه‌سێنراوی و پلیشاندنهوهیه. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه فه‌رهه‌نگ که له‌گه‌ڵ شێوه‌کانی شیکاریدا سه‌روکاری هه‌یه، وه‌کوو دیارده‌یه‌کی گوماناوی ده‌بینرێت. متمانه‌نه‌کردنی هه‌میشه‌یی به دنیای ڕۆشنبیری یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌میشه‌ییه‌کانی فاشیسم بووه. له‌م وته به‌ناوبانگه‌ی گورینگ (هه‌ر کاتێک باسی فه‌رهه‌نگ به‌رگوێم ده‌که‌وێت، خۆبه‌خۆ ده‌ستم بۆ تفه‌نگه‌که‌م ڕاده‌کێشرێت)، تاکوو به‌کارهێنانی به‌رده‌وامی ده‌سته‌واژه و لێکدانه‌کانی وه‌کوو ڕۆشنبیرانی گه‌نده‌ڵ، ڕۆشنبیرانی لووتبه‌رز و هه‌روه‌ها تڵتهکانی فه‌رهه‌نگ و زانکۆکان هێلانه‌ی کۆمۆنیسته‌کانن؛ هه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵیک نموونه‌ن له‌م دیمه‌نه نه‌رێنی و ڕه‌شه. بیرمه‌نده فه‌رمییه فاشیسته‌کان به‌رده‌وام هێرشیان ده‌کرده سه‌ر فه‌رهه‌نگی نوێ و ڕۆشنبیرانی لیبراڵ به بیانووی”خیانه‌تکردن به به‌ها نه‌رێتییه‌کان”.
4. باوه‌ڕی تێکهڵکاریخواز ڕه‌خنه‌ی شیکارانه‌ی پێ قووت ناچێت. زه‌ینییه‌تی شیکه‌ره‌وه توانستی جیاکاری و ده‌ستنیشانکردنی شته‌کانی هه‌یه، و ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌که له نوێخوازی. له فه‌رهه‌نگی نوێ‌دا، کۆمه‌ڵه زانستییه‌کان جیاوازی و ناکۆکیی له بیروڕا وه‌کوو ئامرازێک بۆ پێشه‌وه‌چوونی زانست ده‌بینن و ستایشی ده‌که‌ن. بۆ فاشیسمی دانسقه ناکۆکی به واتای خیانه‌ته.
5. ناکۆکی نیشانه‌یه‌که له جۆراوجۆری. فاشیسم به سوودوه‌رگرتن و بهمهترسیدارنیشاندنی وه‌همێکی سرووشتی له جۆراوجۆری و ڕهنگاڵهیبوون گه‌شه ده‌کات و داوای هاوکۆکی ده‌کات. یه‌که‌مین داواکاریی فاشیستێک یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی پێڕه‌وکه‌ی فاشیست، یه‌کگرتن و هاوکۆکیی دژی ئهویدییهکانه. به ده‌ربڕینێکی دیکه فاشیسم له بنه‌مادا نه‌ژادپه‌رسته.
6. فاشیسمی دانسقه هه‌ڵخێزراوی دابڕان و جوێبوونه‌وه تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. دیارترین و زاڵترین تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی مێژووی فاشیسمیش هه‌ر ئه‌م دهستهودامانبوونهیهتی به چینی ناوه‌ڕاستی خه‌مۆک و ناچالاکی کۆمه‌ڵگا. چینێک که تووشی قه‌یرانی ئابووری بووه یان له ڕووی سیاسییه‌وه سووکایه‌تیی پێکراوه و له‌هه‌مان کاتدا له ئه‌گه‌ری زه‌ختی گرووپه خوارووه‌کانی تری کۆمه‌ڵگادا تووشی ترس و تۆقین بووه. له سه‌رده‌می ئێمه‌دا، کاتێک که چینی کرێکار(پرۆلتاریا) ده‌بێت به ورده‌بورژوا(چینی خوێڕی و بهڕهڵلاکان و گه‌مژه‌کان به‌گشتی له پانتای سیاسی‌دا ده‌سڕدرێنه‌وه،) فاشیسم بۆ سبه‌ینێ کۆمه‌ڵێک به‌رده‌نگی نوێ له‌م حه‌شیمه‌ته نوێیه‌دا ده‌بینێته‌وه.
7. فاشیسمی دانسقه پشتیوانی و پێداگریی له‌و که‌سانه ده‌کات که هه‌ست ده‌که‌ن له شوناسی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بێبه‌ش بوونه و تاقانه ده‌رفه‌تی ئه‌وان هه‌ر ئه‌و گشتیترین و دیارترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ئه‌وانه واته: ئه‌م ڕاستییه‌ی که هه‌مووان له یه‌ک وڵات‌دا له‌دایک بوونه. ناسیۆنالیزم (نه‌ته‌وه‌خوازی) هه‌ر لێره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. سه‌رباری ئه‌مه‌ش تاقانه توخمێک که ده‌توانێت شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک دروست بکات، دوژمنهکانێتی. هه‌ربۆیه له قووڵایی ناخی که‌سێکی هه‌میشه فاشیست دا به‌رده‌وام پیلانگێڕییه‌ک و به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه پلانگێڕییه‌کی ده‌ره‌کی دژی نه‌ته‌وه له ئارادایه. هۆگرانی فاشیسم ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له حاڵه‌تێکی دڵه‌ڕاوکێ و هه‌ڕه‌شه و زه‌ختدا بن. ئاسانترین ڕێگا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌بوونی پیلانگێڕی، بیانووی هه‌بوونی پیلانی بێگانه‌یه. پیلانگێڕی ده‌بێت له هه‌مان کاتدا هاوکار و هادهستێکی ناخۆییشیی هه‌بێت. به‌زۆری جووه‌کان باشترین ئامانجن له‌م به‌شه‌دا چونکه هاوکات هه‌م له ناوخۆی وڵاتن و هه‌میش له ده‌ره‌وه‌ن. نموونه‌یه‌کی دیاری ئه‌م دواییانه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ڕێکخراوه‌کانی نه‌زمی نوێی جیهانی ی پێت ڕابرتسۆن بووه. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین ژماره‌یه‌کی زۆر و زه‌به‌ندی دیکه‌ش له‌ئارادایه.
8. لایه‌نگرانی فاشیسم ده‌بێت به‌رده‌وام بکه‌ونه به‌رده‌م سووکایه‌تیپێکردن له سۆنگه‌ی سه‌رمایه و هێزی دوژمنانی خۆیانه‌وه. له منداڵی ئه‌مه‌یان فێری من کردبوو که ئینگلیزییه‌کان ڕۆژانه پێنج ژه‌م نان ده‌خۆن؛ زیاتر له ئێمه‌ش ئیتالییه هه‌ژار به‌ڵام نه‌جیب و زیره‌که‌کان، ئێمه‌یان فێرکردبوو که جووه‌کان ده‌ستڕۆیشتوون و له ڕێگه‌ی تۆڕێکی نهێنییه‌وه یارمه‌تیی یه‌کدی ده‌ده‌ن. له هه‌مان کاتدا ده‌بی به لایه‌نگران بسهلمینرێت که ده‌کرێت به‌سه‌ر دوژمن‌دا زاڵ بین. هه‌ر بۆیه به ڕژدبوونه‌وه له‌سه‌ر دروشم و بانگه‌شه‌ی به‌رده‌وام، به‌شێوه‌یه‌کی هاوکات دوژمنه‌کان زۆر به‌توانا و هاوکاتیش زۆر بێ‌توانا و لاواز ده‌خرێنه ڕوو. حکوومه‌ته فاشیستییه‌کان به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام له جه‌نگدا چاره‌نووسی لێبڕاویان شکسته چونکه له بنه‌مادا ناتوانن هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروستیان له تواناییه‌کانی دوژمنانی خۆیان هه‌بێت.
9. له فاشیسمی دانسقه‌دا، شه‌ڕ له پێناوی ژیاندا نییه. به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌مووان زیندوون تاکوو شه‌ڕ بکه‌ن. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بیری ئاشتیخوازانه به مانای سازشکردن له‌گه‌ڵ دوژمندایه. ئاشتیخوازیی دیارده‌یه‌کی ڕه‌تکراوه‌یه چونکه ژیان شه‌ڕێکی به‌رده‌وامه. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی به‌دیهاتنی جه‌نگێکی ئاخرزهمانیی که وه‌کوو قیامه‌ت و حه‌شر وابێت. به‌ڵام به‌و هۆیه‌ی که ده‌بێت هه‌موو دوژمنان شکست بخۆن، شه‌ڕێکی کۆتایی که دوابه‌دوای ئه‌وه ڕکێفی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی جیهان بگرێته ده‌ست، پێویستی و حه‌تمی ده‌بێت. لێره‌دایه که دژوازی و پارادۆکس سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌ی کۆتایی به مانای ده‌سپێکی سه‌رده‌مێک له ئاشتی سه‌رده‌می زێڕین ه، که‌واته له‌گه‌ڵ شه‌ڕی هه‌میشه‌یی ده‌که‌وێته دژایه‌تییه‌وه. تاکوو ئێسته هیچ ڕێبه‌رێکی فاشیست نه‌یتوانیوه ئه‌م دژایه‌تییه چاره‌سه‌ر بکات یان ڕوونی کاته‌وه.
10. ئیلیتتهوهری یان نوخبهتهوهری تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌کی کۆنه‌په‌رسته. ئیلیتتهوهری له‌و ڕووه‌وه که ڕه‌گوڕیشه‌ی له ماهییه‌تێکی ئه‌شرافی و ناو چینی سه‌ره‌وه‌دایه و پشتقاییمه به پسپۆڕانی سه‌ربازی، به سووک و چرووککردنی چینی لاواز و خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا دێته ئاراوه. فاشیسم بانگه‌شه‌که‌ری ئیلیتتهوهریی مێگهلانهیه. هه‌ر هاووڵاتییه‌ک له ڕیزی باشترین خه‌ڵکانی دنیایه و هه‌موو ئه‌ندامی حیزب له ڕیزی باشترین هاووڵاتیانی هه‌ژمار ده‌کرێن، هه‌ر بۆیه ده‌بێت هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ببێته ئه‌ندامی حیزب. به‌ڵام چۆن ده‌کرێت به بێ هه‌بوونی مێگه‌ل خه‌ڵکی ئیلیتت هه‌بێ؟ له ڕاستیدا ڕێبه‌ر به باشی ده‌زانێت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و نه‌ک له ڕێوشوێنه دیموکراسییه‌کان به‌ڵکوو له‌ڕێگه‌ی زۆر و زه‌خت و هێزی زۆره‌ملی به‌ده‌ست هاتووه، هه‌روه‌ها له‌مه‌ش تێده‌گات که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێدراوه به لاوازیی مێگه‌له‌وه. ته‌نها خه‌ڵکی لاواز پێویست و شیاوی هه‌بوونی ڕێبهرێکن. ڕێکخستنی هه‌ر گرووپێکی فاشیستی (به‌پێی پێوه‌ره سه‌ربازییه‌کان) خاوه‌نی ڕیزبه‌ندییه‌کی خوار بۆ سه‌رێیه. هه‌ر فه‌رمانده‌یه‌ک، ژێرده‌سته‌کانی خۆی به سووک و چرووک ده‌زانێت و ئه‌م زنجیره‌یه تا ئه‌وێ درێژه‌ی دهبێترهر که ده‌بێته هۆی جۆرێک ئیلیتتهوهریی مێگه‌لانه و ڕه‌شۆکی.
11. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه فێری هه‌ر تاکێک ده‌که‌ن تاکوو پاڵه‌وان بێت. له هه‌ر ئوستوورهیهکدا پاڵه‌وان که‌سێکی دانسقه و ئه‌فسانه‌ییه. به‌ڵام له ئایدۆلۆژیای فاشیسمی دانسقه‌دا، پاڵه‌وانبوون دیارده‌یه‌کی ئاساییه. ئه‌م پاڵهوانباوهڕییه به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ مهرگباوهڕی په‌یوه‌ندیی په‌یدا ده‌کات. دروشمی Viva la Muerteی فالانژیستهکان به هه‌ڵکه‌وت ده‌رنه‌که‌وتبوو (وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌ی ده‌بێته”بژی مه‌رگ”). له کۆمه‌ڵگا غه‌یری فاشیسته‌کاندا به خه‌ڵکی ئاسایی ده‌گوترێت که مه‌رگ دیارده‌یه‌کی نائاسایی و دێزه به‌ڵام ده‌بێت به نه‌جابه‌ت و ویقاره‌وه پێشوازیی لێ بکرێت. ئیماندارانی ئایینی‌یان وا ڕاهێناوه که مه‌رگ ڕێباز و ڕێگایه‌کی تاڵه بۆ گه‌یشتن به شادومانییه‌کی ئه‌به‌دی و بانسرووشتی. به‌ڵام له دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌دا، پاڵه‌وانی فاشیست له حه‌ز و خه‌ونی مه‌رگێکی پاڵه‌وانانه‌دا ده‌ژی چونکه زه‌ینی ئه‌ویان وا ئاخنیوه که مه‌رگ تاقانه پاداشتی ژیانێکی پاڵه‌وانانه‌یه. پاڵه‌وانی فاشیست بۆ گه‌یشتن به مه‌رگ تامه‌زرۆ و بێئوقرهیه. له‌م بێئوقرهییهدا، ئه‌و تا شوێنێک بتوانێت خه‌ڵکیش ڕاده‌ستی جیهان و هه‌رێمی مه‌رگ ده‌کات.
12. له‌و ڕووه‌وه که شه‌ڕی به‌رده‌وام و پاڵهوانخوازی به به‌رده‌وامیی ئالنگاریگهلێکی دژوارن، فاشیسم ئیراده‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌گوازێته‌وه بۆ زه‌مینه و به‌ستێنه سێکسییه‌کان. ئه‌مه ڕیشه‌ی نێرسالاری Machismoیه سووکایه‌تیکردن به ژنان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو داب و نه‌ریت و هه‌ڵسوکه‌وته باوه سێکسییه‌کان هه‌ر له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی حه‌زی سێکسییه‌وه تاکوو هاوڕه‌گه‌زخوازی. به‌و هۆیه‌ی که سێکس بوارێکی ئاسان بۆ کێبڕکێ نییه، ئه‌وا پاڵه‌وانی فاشیست وه‌کوو جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ ستایشکردنی زه‌که‌ر و ئامێری سێکسی، په‌نا ده‌باته به‌ر چهکویستی و چه‌کدارێتی.
13. ده‌کرێت بڵێین که فاشیسمی دانسقه له‌سه‌ر بنه‌مای پۆپۆلیزمی بژارده‌کراو Populism یان پۆپۆلیسمی لهبێژنگدراو دانراوه. له سیسته‌مێکی دیموکراسیدا هاووڵاتیان خاوه‌نی مافه تاکه‌که‌سییه‌کانن، به‌ڵام کاریگه‌رییه سیاسییه‌کانی هاووڵاتییان به‌گشتی ته‌نها له دیمه‌نێکی بچووکه‌وه هه‌ڵده‌خێزرێت. لێره‌دا تاک ده‌بێت به پێڕه‌وکاری بڕیاره‌کانی کۆ. بۆ فاشیسمی دانسقه تاکه‌کان له تاکایه‌تیی خۆیاندا هیچ مافێکیان نییه. لێره‌دا خه‌ڵک دیارده‌یه‌که له سۆنگه‌ی چۆنایه‌تییه‌وه و به‌تاڵه له چه‌ندایه‌تی، یه‌که‌یه‌کی یه‌کانگیر و پێکهوهههڵپێکراوه که ده‌ربڕی ئیراده‌ی گشته. له‌و ڕووه‌وه که گرووپیکی مرۆیی ناتوانێت خاوه‌نی ئیراده‌یه‌کی تاقانه بێت، پێگه‌ی ڕێبه‌رایه‌تیی له ڕۆڵی خاوه‌ندار و وه‌رگێڕ و نێونجگیردا دێته پانتاکهوه. له‌م نێوانه‌دا له‌و هاووڵاتیانه‌ی که مافی نوێنه‌رایه‌تیی خۆیانیان له‌کیس داوه، داوا ده‌کرێت تاکوو له ڕۆڵی گشتیی خه‌ڵک دا ده‌رکه‌ون. هه‌ربۆیه خه‌ڵک ده‌بێت به حه‌کایه‌تێکی درامیی. بۆ خستنه‌ڕووی نموونه‌یه‌ک له پۆپۆلیسم له سۆنگه‌ی چۆنایه‌تییه‌وه پێویستییه‌ک به چاوخشاندن به به‌ڵگه‌کان له گۆڕه‌پانی ڤینیز له ڕۆم یان له یاریگه‌ی نۆرێنبێرگ نییه. له داهاتوودا به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه جۆرێک له پۆپۆلیسممان ده‌بێت له ده‌لاقه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن یان ئه‌نته‌رنێته‌وه که له ڕێگه‌یانه‌وه په‌رچه‌کرداری سۆزدارانه‌ی به‌شێک له خه‌ڵک وه‌کوو ده‌نگی هه‌موو خه‌ڵک ده‌خرێته ڕوو و په‌سند ده‌کرێت. فاشیسمی دانسقه به‌هۆی پۆپۆلیسمی گشتییه‌وه ناچار به دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته گه‌نده‌ڵه په‌ڕله‌مانییه‌کان ه. یه‌کێک له‌و ڕسته یهکهمینانهی که مۆسۆلینی له‌میانه‌ی لێدوانێکدا له په‌ڕله‌مانی ئه‌ورووپا ده‌ریبڕی ئه‌مه بوو: “ده‌متوانی ئه‌م شوێنه تاریک و خامۆشه بکه‌م به ئۆردووی ده‌سته‌یه‌ک له لێژیۆنهکهی خۆم”. له ڕاستیدا ئه‌و پاش ئه‌م لێدوانه شوێنێکی باشتری بۆ سوپاکه‌ی خۆی دۆزییه‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ ماوه‌یه‌ک دواتر په‌ڕله‌مانی ئیتالیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه. هه‌ر کاتێک سیاسه‌تمه‌دارێک ڕه‌وایی په‌ڕله‌مان به بیانووی ئه‌وه‌ی که ئیدی ده‌نگی خه‌ڵک نییه ده‌خاته ژیر پرسیاره‌وه، ده‌بێت ئاگادار بین که ده‌نگی پێی فاشیسم دێت.
14. فاشیسمی دانسقه به زمانێکی نوێ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی که جۆرج ئۆرڤێڵ له کتێبی 1984 وه‌کوو زمانیی فه‌رمیی ئۆشنیا ده‌یخاته ڕوو قسان ده‌کات. توخم و ڕه‌گه‌زه‌کانی فاشیسمی دانسقه له جۆراوجۆریی سیسته‌مه دیکتاتۆرییه هاوبه‌شه‌کاندایه. هه‌موو کتێبه‌کانی قوتابخانه‌کانی نازیییه‌کان و فاشیسم به ژماره‌یه‌کی که‌می وشه و ڕێزمانێکی سه‌ره‌تایی و هه‌ژار نووسرابوون تاکوو ئامرازێک بۆ شیکاریی ڕه‌خنه‌گرتنی ئاڵۆزی پرس و کێشه‌کان نه‌ده‌ن به ده‌ستی که‌سه‌وه. هه‌نووکه ده‌بێت شێوه‌کانی دیکه‌ی زمانی نوێ بناسین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ڕوخسارێکی بێگوناهدا و له به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی یان ته‌له‌ڤیزیۆنیدا ده‌رکه‌ێت. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 27ی مانگی ژووییه له ڕادیۆوه بیستم که فاشیسم نوقمه‌سار بووه و موسولینیش ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه. کاتێک دایکم منی نارد تاکوو ڕۆژنامه بکڕم تێگه‌یشتم که ڕؤژنامهکان سه‌ردێڕی جیاواز جیاوازیان هه‌یه. هه‌روه‌ها تێگه‌یشتم که سه‌ره‌ڕای سه‌ردێڕی جیاواز، له‌باره‌ی یه‌ک بابه‌تی هاوبه‌شه‌وه نووسینی جۆراوجۆر و جیاوازیان هه‌یه. یه‌کێک له‌م ڕۆژنامانهم کڕی و په‌یامێکم له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م که له لایه‌ن پێنج یان شه‌ش حیزبی سیاسی له‌وانه حیزبی دیموکراتی مه‌سیحی، حیزبی کۆمۆنیست، حیزبی سۆسیالیست، حیزبی کردار و حیزبی لیبراڵ واژۆکرابوو، خوێنده‌وه.
تا ئه‌و کاته وا بیرم ده‌کرده‌وه که له هه‌ر وڵاتێک‌دا ته‌نها یه‌ک حیزب هه‌یه و حیزبی ئیتالیاش حیزبی نه‌ته‌وه‌یی فاشیست ه. ئێسته تێگه‌یشتبووم که له وڵاتی مندا چه‌ند حیزب ده‌یانتوانی هاوکات هه‌بن. به‌و هۆیه‌ی که منداڵێکی زیره‌ک بووم، بێ سێ و دوو تێگه‌یشتم که ئه‌م هه‌موو حیزبه ناکرێت له کتوپڕێکدا له‌دایک بووبێتن. هه‌ربۆیه ده‌بوو له‌گه‌ڵ ڕێکخراوه نهێنییه‌کاندا چالاکییان هه‌بووبێت. وتاری یه‌که‌م پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆریی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادی بوو: ئازادی ده‌ربڕین، ئازادی میدیاکان و ئازادیی حیزبه سیاسییه‌کان. ئه‌م وشانه: “ئازادی”، “دیکتاتۆری”، “ڕزگاری”م بۆ یه‌که‌مین جار ده‌خوێنده‌وه. من له ڕێگه‌ی باوه‌ڕهێنان به‌م وشانه‌وه جارێکی دیکه وه‌کوو پیاوێکی ڕۆژئاوایی لهدایکبووبووم.
ده‌بێ وشیار بمێنینه‌وه تاکوو قورسایی ئه‌م وشانه دیسانه‌وه فه‌رامۆش نه‌کرێن. فاشیسمی دانسقه هێشتا و هه‌ندێ جار و به ده‌مامکی فه‌رمانبه‌ر و خزمهتگوزارانێک له ده‌وروخولی ئێمه‌دان. چه‌نده ئاسان ده‌بوو ئه‌گه‌ر که‌سێک بێ پێچ و په‌نا له شوێنێک له‌م دنیایه‌دا بیگوتبا: ده‌مه‌وێت ئاشۆیتز دووباره بکه‌مه‌وه، ده‌مه‌وێت جارێکی دیکه جلڕه‌شه‌کان له گۆڕه‌پانه‌کانی ئیتالیادا مارش بکه‌ن”. به‌ڵام ژیان به‌م ئاسانییه نییه. فاشیسمی دانسقه ده‌توانێت له ژێر بێگوناهترین و پاکترین ده‌مامکه‌کانه‌وه له پڕێکدا ده‌رکه‌وێت. ئه‌رکی ئێمه ئاشکراکردن و جاڕدانی هه‌ر جۆره دهرکهوتنێکێتی؛ هه‌موو ڕۆژێک و له هه‌ر سووچ و قوژبنێکی دنیادا. قسه‌کانی فرانکلین ڕۆزڤێڵت له 4ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1983دا به‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه: “لێبڕاوانه ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر دیموکراسیی ئه‌مریکا پێشکه‌وتنی خۆی وه‌کوو هێزێکی زیندوو که له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ باشترکردنی چاره‌نووسی هاووڵاتیانی خۆی ڕابگرێت، فاشیسم له وڵاتی ئێمه‌دا گه‌شه ده‌کات.”
بورام بده‌ن به شیعرێک له فرانکۆ فورتینی ئه‌م نووسینه ته‌واو بکه‌م:-
له‌سه‌ر لێواری په‌ناگای پرد
سه‌ری له‌سێداره‌دراوان
به‌سه‌ر ڕووباری خواره‌وه
تفی نه‌فره‌تی له‌سێداره‌دراون
له بازاڕه کۆنکرێتییه‌کان
نینۆکی دهسڕێژلێکراوان
به چیمه‌نی وشک ڕۆچوو
ددانه شکاوه‌کانیان
هه‌وا و به‌رده‌کان دهقهپێننهوه
گۆشتی له‌شی ئێمه ئیتر هی ئاده‌میزادان نییه
هه‌وا و به‌رده‌کان دهقهپێننهوه
دڵه‌کانی ئێمه ئیتر ئاده‌میزادانه لێناده‌ن
له چاوانی ئه‌م مردووانه‌دا خوێندوومانه‌ته‌وه
ئازادی دهخوشێنین به هه‌موو وڵاتاندا
جه‌خار، له مشته نووقاوهکانی قوربانییه‌کاندا
هێشتا دادپه‌روه‌رییه‌ک چرۆی نه‌کردووه!
سەرچاوە: file:///C:/Users/HCC/Downloads/sms.pdf
نووسین: ئێمبێرتۆ ئێکۆ
وەرگێڕان: ڕه‌زا غالیبی
وەرگێڕان: حه‌بیب ساڵحی