“كۆتایی دەسەڵات و تەمەنی “موحەممەد ڕەزای پەهلەوی”
ئەو كاتەی “موحەممە ڕەزا شا” لەژێر فشاری ڕاپەڕینی جەماوەری وڵاتەكەی، ناچار بوو زێد و دەسەڵاتەكەی بەجێ بهیڵێت، زۆر بە ئەستەم داڵدە درا! واتە ئەو وڵاتانەی پیشتر دۆست و هاوپەیمانی بوون، تا بە هەردوو وڵاتی “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا” دەگات، لەو كۆستەدا هاوخەمی نەبوون و پشتیوانیان نەكرد. هەروەها جگە لە وڵاتاتی (میسر، مەراكیش، مەكسیك، پاناما) نەبێت بۆ ماوەیەك داڵدەیاندا، یەك وڵات ئامادە نەبوو داڵدەی بدات و مافی پەنابەری بە خۆی و خێزانەكەی بدات! ئەو ڕووداوەش دەریخست، كە لە سیاسەتدا دۆستی هەمیشەیی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی كاتی هەیە. واتە تا ئەو كاتە دۆستەكان دۆست بوون، كە بەرژوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێراندا هەبوو. كاتێكیش بنەماڵەی دەسەڵاتدار لێدرا، ئیتر یەك وڵاتی دۆست و هاوپەیمانی ئامادە نەبوون، پشتیوانی لە شایەكی دەركراو و لێدراو بكەن. تەنانەت ئەو ڕووداوە، میژووییەكی پیشانی كۆی خەڵكی جیهان و كوردی باشووری كوردستاندا، كە ئەوەی بە گومڕایی و ستەم ژیان و دەسەڵاتەكەی بەرێوە ببات، ئایندەكەی زۆر خراپ دەكەوێتەوە. دەگاتە ئاستێك دۆستەكانی پێشووی، دەبنە نەیاری و فریای ناكەون و ناتوانن پەنای بدەن و پشتیوانی بكەن. ئەوە لەكاتێكدا بوو بەدرێژایی (38) ساڵی دەسەڵاتی “موحەممەد ڕەزا شا”دا، خزمەتێكی زۆر بە وڵاتانی “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا” و دەیان وڵاتی ناوچەكە و جیهان كرا، بەڵام لەكاتی كەوتنی و لێدانی لەلایەن خەڵكی وڵاتەكەیەوە، بۆ یەك ڕۆژیش پەنایان نەداو ئامادە نەبوون، مافی پەنابەری كاتیشی پێبدەن.
لەو دۆخە هەستیار و لێدراوەداو بەر لەوەی كۆشكی شاهانە لە “تاران”ی پایتەخت بەجێ بهێلێت، بیری بۆ لای “ئەنوەر سادات” سەرۆكی میسر چوو، كە لە هاورێی دێرینەكانی بوو. تەنانەت لەماوەی دەسەڵاتیشدا زۆر هاوكاری دارایی و مرۆیی پێشكەشی وڵاتەكەی كردبوو. هەربۆیە ڕووی لێناو داوای مانەوەی لە وڵاتەكەی لێكرد، بەڵام ناوبراو بۆ ماوەیەكی كاتی پەنایداو پێشوازی لێكرد، چونكە لەژێر فشاری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا نەیتوانی مافی پەنابەری پێبدات و لە وڵاتی خۆی بیهێلێتەوە. ئەوەبوو لە (16ی كانوونی دووەمی1979) لەگەڵ هاوسەرەكەی و منداڵەكانی، فڕۆكەخانەی میهرئابادی شاری “تاران”یان بەرەو فرۆكەخانەی شاری “ئەسوان”ی وڵاتی میسر بەجێهێشت. لەوێش لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتەوە بۆ ماوەیەكی كاتی پێشوازی و میوانداری كرا.
دوای مانەوەی (7) ڕۆژیش لە وڵاتی میسر، لە (22ی كانوونی دووەم) ڕوویكردە “شا حەسەنی دووەم” پادشای مەراكیش، تا بۆ ماوەیەك پەنای بدات، چونكە ئیتر سەرۆكی میسر لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا نەیدەتوانی پشتیوانی و میوانداری بكات. پادشای مەراكیشیش بۆ ماوەی (18)ی ڕۆژ دالدەیداو میوانداری كرد. دواتر بەناچاری ڕوویكردە “دوورگەی باهاما” لە زەریای ئەتڵەسی. ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداری ئەو دوورگەیە، بۆ ماوەیەكی كاتی داڵدەی دا. بەو پییەی دوورگەكە بەشێك بوو لە دەسەڵاتی شاهانەی بەریتانیا، بۆیە دوای گەیشتنی داوای “موحەممەد ڕەزا پەهلەوی” بە دەسەڵاتداری دوورگەكە و داوای ئەویش لە دەوڵەتی شاهانەی بەریتانیاو وەرگرتنی ڕەزامەندی، مافی مانەوەی كاتی پێدرا.
وێستگەی سێیەمی ئاوارەیی “موحەممەد ڕەزا پەهلەوی” وڵاتی “مەكسیك” بوو، ئەوەش دوای ئەوەی داوای لە دەسەڵاتدارانی مەكسیك كرد بۆ چارەسەری پزیشكی ڕێگای هاتنە نێو وڵاتەكەی پێبدات. ئەوەش بەهۆی ئەوەی دووچاری “شێرپەنجەی غودە” بوو بوو. هەربۆیە دەسەڵاتدارانی “مەكسیك” دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی پادشای وڵاتەكەیان، رێگایاندا بۆ ماوەیەكی كاتی و بۆ چارەسەری پزیشكی بێتە وڵاتەكەیان. ئەوەبوو لە (10ی حوەیزانی1980) چووە شاری “مەكسیكۆ سیتی” پایتەحت و لە نەخۆشخانەیەكی تایبەتی ئەو شارە، خرایە ژێر چاودێری پزیشكی. دوای مانەوەی چوارمانگیش لەو وڵاتە و خرانە ژێر چاودێری پزیشكی، ڕێنمایی بۆ كرا، بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشییەكەی ڕووبكاتە “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا”، چونكە توانای ئەوان لە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە سنووردار بوو. هەربۆیە ڕوویكردە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا، تا بۆ چارەسەر بێتە وڵاتەكەیان. ئەوانیش بۆ چارەسەری پزیشكی رێگایاندا بێتە وڵاتەكەیان.
ئەوەبوو لە (29ی تشرینی یەكەم)ی هەمان ساڵ چووە شاری نیۆیۆرك و خرایە ژێر چارەسەری كیمیاوییەوە. دوای بێ ئەنجام مان لە چارەسەرەكەی، بەرپرسانی ئەمریكاش، داوایان لێكرد، وڵاتەكەیان بەجێ بهێلێت. هەربۆیە لە (14ی تشرینی دووەم) بە ناچاری وڵاتی ئەمریكای بەجێهێشت و ڕوویكردە وڵاتی “پەناما”، چونكە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، تەنیا بۆ چارەسەر رێگایان دابوو لە وڵاتەكەیان بمێنێنەوە. دوای مانەوەی سێ مانگ لەو وڵاتەش، دواجار لەوێش دەكراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە داوا لە خۆی و خێزانەكەی كرا لە وڵاتەكەیان بەجێ بهێڵن. بەوەش ناچار بوو ڕوو بكاتەوە سەرۆكی وڵاتی میسر و رێگای بدات، دواڕۆژەكانی تەمەنی تێدا بەسەر بەرێت. سەرۆكی میسریش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمریكییەكان، رێگایدا بێتە وڵاتەكەی. ئەوە بوو لە (23ی ئازاری1980) گەڕایەوە وڵاتی میسر و لەوێ مایەوە، تا ئەو كاتەی لە (26ی تەممووز)ی هەمان ساڵ لە نەخۆشخانەیەكی تابیەتی شاری “قاهیرە” كۆچی دوایی كرد. بەوەش كۆتایی بە ژیانی هات. ئەوە لەكاتێكدا بوو بەر لە ساڵ و نیوێك كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەكەشی هاتبوو.