مادام دوژمنان بەدرێژایی مێژوو هەوڵی سڕینەوە و پاكتاوكردنمان دەدەن، كەواتە گرنگە مرۆڤی كورد له هه‌ر شوێنێكی دونیا بێت، شه‌ڕی كوردبوون و خودبوون و ڕه‌سه‌نایه‌تی و مانه‌وه‌ی زمان و كولتووری خۆی بكات، ئەوەی لە جیهاندا تایبەتمەندی بە ئێمەی كورد دەدات، كوردبوونە، بۆیە كوردبوون نابێ لەنێو شوناسی دیكەدا بسڕدرێتەوە، تۆ سەرەتا كورد بە ئیدی دوای ئەوە لەسەر هەر بیروباوڕ و ئایدۆلۆژیایەك بیت، نابیتە كەسێكی مەترسیدار، چونكە كوردبوونی راستینە واتە پەیوەستبوون بە كولتوورێكی قووڵ لە ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی.
ته‌مه‌نێكی زۆره له تاراوگه ده‌ژیم، له‌گه‌ڵ هه‌موو گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه‌كانیشدا به هەوڵی خۆگونجاندنەوە هه‌نگاو ده‌نێم و زۆر به‌ئاگاوه ڕێز له كولتووره جیاوازەكان ده‌گرم، ئەمما كولتووری كوردی، نەك هەر رێزی لێ دەگرم، بەڵكوو تا ئاستێكی باش لەنێو خۆم و هەوڵیشم داوە لە خێزانەكەشمدا بیپارێزم، سنوورە فەرهەنگیەكانی كورد گەرچی هەر (سنوورن)، بەڵام زۆر هەوڵم داوە نەیبەزێنم و لەنێو شوناسە كوردییەكەدا بمێنمەوە.
باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه، كورد و پابەندی بە كوردبوونەوە، هارمۆنییه‌كی ته‌واو له‌یه‌ك نزیكن. زۆربه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی دانیشتووی به‌لجیكا ده‌بینم، به‌شی هه‌ره‌زۆریان سیستەمی ژیان و كولتووری به‌لجیكا پیادە دەكەن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یانه‌وێت وه‌ك كوردێك بژین و بیر بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش وای كردووه نه‌وه‌كانی ئه‌وانه‌ی له‌و وڵاته ئەور‌ووپییه‌دا گه‌وره بوون، پابه‌ندی كوردبوون و كولتوور و ڕه‌سه‌نه‌یاتیی كوردەواری بن له پۆشینی جلوبه‌رگ و بەشداری لە پرسه و شایی و یادكردنه‌وه‌ی بۆنه نه‌ته‌وایەتییه‌كاندا.
به هه‌زاران ڕێكخراو و گرووپی جۆراوجۆر به ڕه‌وت و ئایدلۆژیای فره‌جۆر بۆ گۆڕینی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابونه‌ریته باوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا هه‌ن و دروست بوونه، ئه‌م گرووپانه دەبینین رۆژانه له ڕێگای میدیاوه چالاكن و ڕێنوێنی له ڕێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه ده‌رده‌كه‌ن و كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر تاكه‌كان دادەنێن، تا راده‌یه‌كی زۆریش توانیویانه كارا بن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه دروست بكه‌ن كه دونیای ئه‌وان و بیركردنه‌وه‌كانیان له چواچێوه‌ی ئه‌و فه‌نتازیانه‌دا كه سه‌رده‌می نوێ هه‌موو په‌یوه‌سته ئه‌خلاقی و به‌هاكانی ژیانی پڕوپووچ كردووه.
چۆن دید بۆ ژیان له لای كه‌سێكی كامڵه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی گه‌نج ده‌گۆڕێت؟ بیر و هۆشی نه‌وه‌كانی ساڵانی ڕابردوو، كه له‌ناو شه‌ڕ و ئاسته‌نگیدا گه‌وره بوون، زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌یه‌ك، كه به ناڕه‌حه‌تی و ئاسته‌نگییه كۆمه‌ڵایه‌تی، ئەمنی، سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا تێنه‌په‌ڕیوه.
هه‌ڵبه‌ته بیركردنه‌وه‌ی ئێمه جیاوازه‌ترە له بیركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ك كه هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه گلۆبالیزه‌یشنەدا هاتووەتە ژیانەوە، كۆی بۆچوونه‌كان گۆڕاوه، به‌تایبه‌ت له‌م دونیا پڕ فه‌رهه‌نگیەی ئه‌ورووپادا، كاریگه‌ریی لە سه‌ریان زۆر ئاسانتره، چوونە سه‌ر باوەڕ و فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریته نوێیەكان هاتووەته كایه و دنیا له گۆڕانێكی خێرادایه. باس له دونیا و ژیانی تاراوگه ده‌كه‌م، چونكه سیستمی ئازادی و مافی تاكه‌كان زۆر جودایه له‌گه‌ڵ ژیان له‌ناو وڵاتی خۆمان، بەڵام گه‌نج و خه‌ڵكی ئێمه‌ی باشووری كوردستان به جۆرێكی دیكە كار له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و فكریان ده‌كرێت، بەداخەوە هەندێ گرووپ و رێكخراو كار له‌سه‌ر نه‌بوونی ئینتما بۆ نەتەوە و نیشتمان و فەرهەنگ و مێژوو و زمانی كوردی دەكەن، دەیانەوێ تاكی كورد لە تاراوگە كەسایەتیی لاواز بێ و متمانەی بە خۆی و نەتەوەكەی و ئایندەی نیشتمانەكەی نەمێنێت.
حزبە ئیسلامییەكانیش، بەوە نیە كە رابەر و میر و سەركردەكانیان جلی كورد و شەواڵ و چۆغە دەپۆشن و جامانە دەبەستن، بەڵكوو ئەوان و حزبەكانیان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، پرسی نەتەوە بخەنە خزمەت ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە و كوردبوون لەنێو شوناسێكی تردا بتوێننەوە، ئەوەش بۆ زیادبوونی كورسیەكانیان و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانیانە نەك لەپێناو پرسێكی دینی و رۆحانی، ئەو حزبانە ئێستا بانگخوازە (ئایینییە سیاسییەكانیان!) دەنێرن بۆ ئەورووپا و لەوێش كار لەسەر مێشكی گەنجی كورد دەكەن.
لە راستیدا لە ناوخۆی وڵات‌دا، ژینگه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه تا راده‌یه‌ك ژینگه‌یه‌كی گه‌رمی هه‌یه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایەتییه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان، به‌ڵام مخابن له تاراوگه، له دونیای ڕۆژئاواییه‌كان، ژیان و په‌یوه‌ندییه كۆمەڵایەتییه‌كان ساردن، په‌نابردن بۆیان و كاریگه‌ری دروستكردن له‌سه‌ر هزری تاكه‌كان ئاسانتره، چونكه فره‌چه‌شنی له نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌یه، ئه‌و نه‌ته‌وه جیاوازانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕینی كولتووری وڵاته ئه‌وروپییه‌كانیش كردووه، زۆر جار هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ی كه خه‌ریكە به‌هۆی ڕه‌وه‌ندی زۆره‌وه، دیموگرافیای وڵاتانی ئه‌ورووپی ده‌گۆڕێت، ئه‌ورووپیه‌كانیش به‌هۆی تێكه‌ڵبوونیان له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی دیكەدا تواونه‌ته‌وه.
لێرەدا من ته‌واو له‌گه‌ڵ خۆگونجاندندام، به‌ڵام ئه‌و خۆگونجاندنه نه‌ك به مانای سڕینه‌وه و له‌ناوچوونی رۆحی كوردبوون تیاماندا، هه‌میشه هاوكار ده‌بم بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگەی كاری رێكخراوه‌كان و په‌یوه‌ندییە كۆمه‌ڵایەتییەكان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانمان بكه‌ین له تاراوگه كە كەسانی وڵاتپارێز بن و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و شانازی بە كوردبوونەوە بكەن، هەردەم ئێمە كوردبوون لەدەست بدەین، ئیدی وەك ئاردە رژاوەكەی نێو دڕكەڵانەكەمان لێ دێ و كۆكردنەوەمان مەحاڵ دەبێ.