گەلە ڕەسەنەکانی هەردوو ئەمریکا بریتین لەو گەلانەی کە نیشتەجێی هەردوو ئەمریکای باکوور و باشوور بوون لەگەڵ ئەو گرووپە ئیتنیکییانەی کە بەردەوام خۆیان لەپاڵ ئەواندا پێناسە دەکرد، لە پێش گەیشتنی داگیرکەرە (مستوطن settlers) ئەوروپییەکان لە سەدەی پانزەدا.
گەلە ڕەسەنەکانی هەردوو ئەمریکا جۆراوجۆرن و لە ڕووی مێژووییەوە هەندێکیان بژێوییان لەسەر ڕاو و کۆکردنەوی بەری دار و درەخت بووە، لەکاتێکدا کە ئەوانیتریان بە شێوەیەکی خەریکی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی گیاندارە ئاوییەکان بوون. لە هەندێ ناوچەدا، گەلە ڕەسەنەکان، لە پێش پەیوەندیکردنی ئەوروپییەکاندا تەلاری گەورە و قەبەیان بنیاتناوە و شاری گەورە و دەوڵەت شار و میرنشین و مەملەکەت و کۆمار و دەوڵەتی کۆنفیدراڵ و ئیمپراتۆرییەتیان دروستکردووە. ئەم کۆمەڵگانە ئاستی جیاجیای زانیارییان هەبووە لە ئەندازیاری و تەلارسازی و ماتماتیک و ئەستێرەناسی و نووسین و فیزیک و پزیشکی و کشتوکاڵ و ئاودێری و جیۆلۆجی و کانزاسازی و هەڵکۆڵین و زەڕنگەریدا. تا ئێستاش گەلە ڕەسەنەکان لە بەشێکی زۆری هەردوو ئەمریکادا نیشتەجێن و لە هەندێ وڵاتدا ژمارەیەکی گەورەی گەلانی ڕەسەن هەن، بەتایبەتی بۆڵیڤیا و کەنەدا و چیلی و کۆڵۆمبیا و ئیکوادۆر و گواتیمالا و مەکسیک و پیرۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لانی کەم لە هەردوو ئەمریکادا هەزار زمانی جیاوازی ڕەسەن قسەی پێدەکرێت و هەروەها ٥٧٤ خێڵی دانپێدانراوی فیدراڵی بەتەنها لە ویڵایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە. زۆرێک لە حکوومەتەکان دانیان بەم زمانانەدا ناوە وەک زمانی فەرمی وەک ئەوانەی کە لە بۆڵیڤیا و پیرۆ و پاراگوای و گرینلانددا هەن. هەندێک لەو گەلانە چەشنی کێچوا و ئەراواک و گوارانی و مایا و ناهواتڵ قسەکەرانیان بە ملیۆنانن. دانیشتووانی ڕەسەنی هاوچەرخ چ لە کۆمەڵگەی دێهاتی یان سارستانیدا بژین، بەڵام زۆرێکیان پارێزگاری لە گەلێ بواری ئیزافیی پراکتیزەکردنی کولتوورییان دەکەن بە ئاستی جیاجیا، لەنێویاندا ئایین و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. چەشنی زۆربەی کولتوورەکان، کولتوورە تایبەتەکانی زۆرێک لە گەلە ڕەسەنەکانیش بە تێپەڕینی کات پەرەیسەندووە و ئەوەش عادەتە نەریتییەکانی پاراستووە بەڵام لەهەمان کاتیشدا خۆی گونجاندووە لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییە نوێکاندا. هەڵبەت هێشتا هەندێ لە گەلە ڕەسەنەکان بە دابڕانێکی ڕێژەیی لە کولتووری ڕۆژاوایی دەژین و هێشتا ژمارەیەکی کەمیان بە گەلانی تەریک و دابڕاو دەژمێردرێن. هەروەها گەلانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا کۆمەڵگەکانی دیاسپۆرای خۆیان پێکهێناوە لە دەرەوەی نیوەگۆی ڕۆژاوا و بەدیاریکراوی لە مەڵبەندە کۆڵۆنیاڵییەکانی پێشتردا لە ئەوروپا. بەرچاوترین نموونەی ئەوەش کۆمەڵگەی ئینویتی گەورەی گرینلاند لە دانیمارکدا. لە سەدەکانی بیست و بیستویەکدا، گەلانی ڕەسەن لە سۆرینام و گۆیانای فەرەنسییەوە کۆچیانکردووە بۆ هۆڵاند و فەرەنسا.
“زاراوەسازی (تیرمینۆلۆجی)”
سەپاندنی زاراوە یان تێرمی “هیندی” دەگەڕێتەوە بۆ کریستۆفەر کۆلۆمبس، کە لە گەڕانیدا بەدوای هندستاندا، باوەڕی وابووە کەوا گەیشتووەتە دوورگەکانی هیندی ڕۆژهەڵات. ئەو دوورگانە وا هاتنە ناساندن کە “دوورگەکانی هیندی ڕۆژاوان” و ئەم ناوە تا ئێستاش بەکاردەهێنرێت بۆ ئەم دوورگانە. پەیدابوونی ئەم تێرمە بە شیوازی ئیسپانی و پورتوگالی و فەرەنسی و هۆڵەندی بۆ گەلە ڕەسەنەکان جۆرێک لە یەکێتیی ئیتنیکی یان کولتووریی دەستەبەر کردووە لە ناو گەلانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکادا. ئەم چەمکە یەکگرتووە کە لە یاسا و ئایین و سیاسەتدا جێگەی خۆی کردووەتەوە، لەبنەرەتدا قبووڵکراو نەبووە لەلایەن گرووپگەلێکی بێشوماری خودی گەلە ڕەسەنەکان خۆیانەوە، بەڵام لە مەودای دوو سەدەی ڕابوردوودا لەلایەن زۆریکەوە وەرگیرا یان چاوپۆشیی لیکرا. ئەگەرچی زاراوەی “هندییەکان” بەگشتی گەل ڕەسەنەکانی ناوچەکانی جەمسەری بەستەڵەک ناگرێتەوە لە هەردوو ئەمریکادا، کە لە ڕووی کولتووری و زمانەوانییەوە جیاوازن، لەوانەش گەلانی ئەلیوت و ئینیوت یان یوپیک کە وەک شەپۆلێکی دووەمی نوێتر و بە چەند جارێک کۆچیانکردووە بۆ ئەم کیشوەرە هەزاران ساڵی دواتر و کۆلکەی هاوبەشی ڕەچەڵەک و کولتووری نوێتریان هەیە لەگەڵ گەلە ڕەسەنەکانی سیبیریادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدائەم گرووپانە بە “گەلانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا” دەژمێردرێن.
تێرمی ئەمەریندیان Amerindian بریتییە لە تێکەڵەیەکی “هندییە ئەمریکییەکان”، کە لە ساڵی ١٩٠٢دا لەلایەن کۆمەڵەی ئەنسرۆپۆڵۆجیای ئەمریکییەوە داڕێژراوە. ئەمە هەر لە دروستبوونیەوە بوو بە مایەی مشتومڕێکی زۆر و دەسبەجێ لەلایەن هەندێ لە ئەندامانی دەرکەوتووی کۆمەڵەکەوە ڕەتکرایەوە و هەرچەندە لەلایەن زۆرێکەوە وەرگیرا بەڵام لە ئاستی جیهانیدا قبووڵ نەکرا. ئەگەرچی ئەمە نەبووە مایەی جەماوەرییەکی گەورە لەلایەن کۆمیونیتییەکانی دانیشتووانی ڕەسەن خۆیان، بەڵام هەر بە زاراوەی پەسەند مایەوە لای هەندێ لە زاناکانی ئەنسرۆپۆڵۆجیا و بەتایبەتی لە هەندێ شوێنی کەنەدا و ناوچەی دەریای کاریبیی ئینگلیزی زمان.
زاراوەی “گەلانی ڕەسەن لە کەنەدا” وەک ناوێکی بەکۆمەڵ بەکاردێت بۆ نەتەوە یەکەمەکانی First Nations ئینویت و مێتی. زاراوە یان تێرمی گەلانی ئەبۆریجیناڵ وەک ناوێکی بەکۆمەڵ بەکاردێت (بۆ ئینویت و مێتیی گەلە یەکەمەکانیش) و زاراوەیەکی هونەریی دیاریکراوە لە هەندێ بەڵگەنامەی یاساییدا، بە یاسای دەستووری گشتیی ساڵی ١٩٨٢شەوە، هەرچەندە لە زۆربەی بازنەکانی دانیشتووانی ڕەسەن بە ناپەسەند دانراوە. بە تێپەڕینی کات و لەگەڵ گۆرانیبیر و تێڕامانی کۆمەڵگەیی و پەیوەندیی نێوان حکوومەت و دانیشتووانی ڕەسەن، پێناسەی زۆرێک لە زاراوە مێژووییەکان گۆڕاون یان ئاڵوگۆڕیان پێکراوە چونکە میللییبوونیان لەدەستداوە. بەکارهێنانی زاراوەی “هندی” مەسەلەیەکی نابەجێیە چونکە بەزۆر سەپێنراوە بەسەر گەلان و کولتوورە ڕەسەنەکاندا لەلایەن حکوومەتی کەنەدییەوە. تیرمەکانی “نەیتیڤ یان دانیشتووانی ڕەسەن” و “ئەسکیمۆ” بەگشتی وەک بێڕێزییەک تێیاندەروانرێت و لەبەر ئەوە بەدەگمەن بەکاردەهێنرێن ئەگەر بەدیاریکراوی داوانەکرێن. لەکاتێکدا کە “گەلانی ڕەسەن” زاراوەی پەسەندە، بەڵام گەلێ لە تاکەکان یان کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تێرمێکی جیاوازەوە وەسفی شوناسی خۆیان هەڵدەبژێرن.
بۆ نموونە، دەکرێ گەلی مێتیس لە کەنەدا بەراورد بکرێن بە مێستیزۆی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەوروپیی ڕەگەز تێکەڵ (یان کابۆکڵۆس لە بەرازیل) لە ئەمریکای لاتینی، کە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی گەورەیاندا (لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتینی) کە تا ئاستێکی گەورە وا پێناسە دەکرێت کە گرووپێکی ئیتنیکیی نوێی جیاوازە لە هەر یەک لە ئەوروپییەکان و دانیشتووانی ڕەسەن، بەڵام هێشتا هەر خۆی وا لەقەڵەم دەدا کە گرووپێکی لاوەکین لە گەلی ئیسپانی یان بەرازیلی کە لە کولتوور و ڕەگەزەوە سەر بە ئەوروپان.
لە ناو وڵاتانی ئیسپانی زماندا زاراوەی indígenas یان pueblos indígenas “گەلە ڕەسەنەکان” زاراوەی باون هەرچەندە دەکرێ گوێت لە nativos یان pueblos nativos “گەلە ڕەسەنەکان” بێت، بێجگە لەوەش، بەکارهێنانی دانیستووانە ڕەسەنەکان لە ئەرجەنتین وpueblos Originarios “گەلە ڕەسەنەکان” لە چیلی باوە. لە بەرازیل زاراوەی indígenas وpovos Originários “گەلە ڕەسەنەکان” لە ناوە فەرمییە باوەکانە، لەکاتێکدا کەوا تێرمی índio («هندی») هێستا هەر ئەو تێرمەیە کە زیاتر گوێت لێدەبێت (ناوەکە ئاماژەیە بۆ ئیتنیک و نەتەوەکانی باشووری ئاسیا indiano، بەڵام لە ١٠ ساڵی ڕابوردوودا وەک سووکایەتی و بێزلێکردنەوە تەماشا دەکرا). هەڵبەت بەدەگمەن زاراوەی گەلە ڕەسەنەکان لە بەرازیل بەکاردێت، لە دۆخ و سیاقی تایبەتیدا نەبێت (بۆ نموونە، لێرە ئەو تێگەیشتنە هەیە کە ئەوە ناوی گەلە ڕەسەنەکان یان ئەبۆرجیناڵەکانی ئوسترالیایە). لەگەل ئەوەشدا، دەکری هاوتا ئیسپانی و پورتوگالییەکە بەکاربێنیین بۆ وشەی هندی وەک ئاماژەیەک بۆ هەر ڕاوکەر یان کۆکەرەوەی بەری دار و درەخت یان هەر کەسێک کە بەتەواوی لە لە گەلە ڕەسەنەکان بێت، بەتایبەتی لە کیشوەرەکانی تری غەیرە ئەوروپا یان ئەفریقیا – بۆ نموونە، فلیپینییە هندییەکان.
بەگشتی گەلە ڕەسەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ناوی ئەمریکییە ڕەسەنەکان و هندییەکان دەناسرێن و بە هەمان شێوە دانیشتووانی ڕەسەنی ئالاسکاش. هێشتا زاراوەی “هندی” لە هەندێ لە کۆمەڵگەکاندا بەکاردەهێنرێت و لە هەندێ ناوی فەرمیی چەندین دامەزراوە و بیزنێس لە وڵاتی هندییەکاندا.
“مشتوومڕی ناوەکە”
لای گەلێ لە نەتەوە و خێڵ و گرووپەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لە هەردوو ئەمریکادا زاراوەی دڵبەند و پەسەندی خۆیان هەیە و زۆربەی گەلە ڕەسەنەکان وایان پێباشترە کە بە ناوی نەتەوەکەیان یان خێڵەکەیان یان باند و گرووپە یەکگرتووەکەیان بناسرێن. بەزۆری نیشتەجێ یەکەمەکان (مستوطنون) ئەو زاراوەیەیان بەکادەهێنا کە خێلەکان بۆ یەکتریان بەکاردەهێنا، بێئەوەی بزانن کە ئەوانە زاراوەی سووکایەتی پێکردنن و دۆژمنان بەکاریاندێنن. کاتێ کۆمەڵێکی لاوەکیی بەرفراوانتری گەلان دەدوێنیت، بەزۆری ناوەکە بەندە بە زمانی هاوبەش یان ناوچە یان پەیوەندیی مێژووییەوە. زۆرێک لە ناوە دەرەکییە ئینگلیزییەکان وەک ئاماژە بۆ گەلە ڕەسەنەکان لە هەردوو ئەمریکادا بەکارهێنراون. هەندێک لەم ناوانە بەندن بە زاراوەکانی زمانێکی دەرەکییەوە کە دۆزەرەوە و کۆڵۆنیاڵەکانی پێشوو بەکاریانهێناون، بەڵام هەندێکی تریان لە هەوڵی کۆڵۆنیالیزەکانەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ وەرگێڕان یان نووسینی ناوە لۆکاڵییەکانی زمانە ڕەسەنەکانەوە. هەڵبەت لە ماوەکانی شەڕ و ململانێی نێوان کۆڵۆنیاڵییەکان و گەلانی ڕەسەندا زاراوەی دیکەش سەریان هەڵدا.
لە دوادوایی سەدەی بیستەمەوە، گەلە ڕەسەنەکانی هەردوو ئەمریکا زۆر ڕاشکاوانەتر پێداگرییان دەکرد لەبارەی ئەو شێوازەوە کە دەیانویست مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و بەو ئاڕاستەیە فشاریان دەکرد ئەو زاراوانە لاببرێن کەوا چیتر بەکەڵک نایەن یان ورد نین یان ڕەگەزپەرستین. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا و لە کاتی هەڵکشانی بزووتنەوەی مافی هندییەکاندا، حکوومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیازی بەکارهێنانی زاراوەی “ئەمریکییە ڕەسەنەکانی” پەسەند کرد، وەک دانپیانانێک بە لەپێشینەی دانیشتووانی ڕەسەن بۆ ئەم زاراوەیە. وەک چاوەڕوان دەکرا کەوا لە ناو ئەو کەسانەدا کە سەر بە زیاتر لە ٤٠٠ کولتووری جیاواز بوون تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەر هەموویان کۆک نەبوون لەسەر بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە. لەبەر ئەوە هیچ ڕێککەوتنێکی ناونان لەلایەن تەواوی گەلانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکاوە قبووڵ نەکرا و زۆربەیان وایان پێباشترە بە ناوی تاکی خێڵەکانیان یان نەتەوەکانیان بانگ بکرێن نەک وەک ئەمریکییە ڕەسەنەکان/هندییە ئەمریکییەکان ناویان بهێنرێت.
لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، زاراوەی “دانیشتووانە ڕەسەناکان Indigenous” دەرکەوت وەک زاراوەیەکی گشتگیری پەسەند. مەبەستیش لەوە دانپیانان بوو بەوەی کەوا گەلە ڕەسەنەکان خاوەنی کولتوور و کۆمەڵگەی یەکسانن بە ئەوروپی و ئەفریقی و ئاسیاییەکان. بەم دواییەش دان بەوەدا نرا کەوا شیاو نییە گەلە ڕەسەنەکان بە ناوی “ئەمریکییە ڕەسەنەکان” ناوزەد بکرێن، یان هەر سیفەتێکی کۆلۆنیاڵی بخرێتە پاڵ ئەم زاراوەیە چونکە ژیار و کولتووری گەلانی ڕەسەن لە پێش کۆڵۆنیاڵیی ئەوروپییەوە هەبووە. گرووپەکانی گەلانی ڕەسەن داواکاریی هەرێمیی وایان هەیە کە جیایە لە سنووری نیشتمانی و نیودەوڵەتیی نوێ و کاتێ وەک بەشێک لە وڵاتێک پۆلێن دەکرێن، ئەوە بەو مانایە دێت کە دان بە خاک و زەوییە نەریتییەکانیاندا نانرێت. هەندێک لەوانەی پرەنسیپی ئاڕاستەکارییان نووسیوە وایدەبینن کە وا گونجاوترە وەسفی کەسێک لە دانیشتووانی ڕەسەن بکەن وەک ئەوەی لە “ئەمریکادا دەژی” لەبری وەسفکردنی بەوەی کە “ئەمریکییە”، یان بە سادە و ساکاری وایان وەسف بکەیت کە سەر بە “گەلانی ڕەسەنن” بێئەوەی هیچ دۆخ و حاڵەتێکی کۆڵۆنیاڵی بخریتە پاڵیان.
“مێژووی نیشتەجێبوونی خەڵک لە هەردوو ئەمریکا دا”
نیشتەجیبوون لە هەردوو ئەمریکادا ئەو دەمە دەستیپێکرد کاتێ کە ڕاوچی و خۆراک کۆکەرەوەکان (هندییەکانی پالیۆ) لە هەردە و پێدەشتی مامووثەوە لە باکووری ئاسیاوە بە پردی زەمینیی بێرنگیاوە هاتنە ناو ئەمریکای باکوورەوە. ئەم پردە زەمینییە لە نێوان باکووری ڕۆژهەڵاتی سیبیریا و ڕۆژاوای ئالاسکادا پێکهات بە هۆی دابەزینی ئاستی دەریا لە دوا چاخی بەستەڵەکدا (٢٦ هەزار ساڵ بۆ ١٩ هەزار ساڵ). ئەم گرووپە نیشتەجێیانە بەخێرایی بەرەو باشووری پلێتی لۆرێنتیدی بەستەڵەک کشان و بڵاوبوونەوە و لە ١٢ هەزار تا ١٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر. کۆنترین گرووپی دانیشتووان لە هەردوو ئەمریکادا نزیکەی لە ١٠ هەزار ساڵەوەیە و پێیان دەڵێن هندییەکانی پاڵیۆ. گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکا لە ڕیگەی هۆکارەکانی زمان و تێکەڵبوونی خوێن و پێکهاتەی جیناتەوە تێکەڵی دانیشتووانی سیبیریا بوون، وەک لە داتاکانی مۆلیکیولدا ڕەنگدەداتەوە، چەشنی ترشی ناوکی DNA.
لەکاتێکدا کە ڕێککەوتنێکی گشتی هەیە کەوا هەردوو ئەمریکا یەکەم لە ئاسیاوە مرۆڤ کۆچی بۆ کردوون و تێیاندا نیشتەجی بوون، بەڵام شێوازی کۆچ و شوینەکانی سەرهەڵدان لە ئۆراسیادا بۆ ئەو گەلانەی کەوا کۆچیان بۆ هەردوو ئەمریکا کردووە هێشتا روون نییە. تێۆرییە نەریتییەکە ئەوەیە کەوا بێرنجییە کۆنەکان شوێنیان گواستووەتە کاتی کە ئاستی ڕووی دەریا زۆر دابەزیوە بە هۆی بەستەڵەکی چوارییەوە و شوێن مێگەلی ئاژەلە زەبەلاحەکانی چاخی پلایستۆسین کەوتوون کە ئێستا لەناوچوون، بە درێژایی ئەو ڕاڕەوانەی بەستەڵەکیان پێوە نەبووە. ڕێگەیەکی تر هەیە کە بیر و بۆچوون وایە یان بە پیادەڕۆیی هاتوون یان بەلەمی سەرەتاییان بەکارهیناوە بە کەناری ئۆقیانووسی پاسیفیکدا بۆ ئەمریکای باشوور تا چیلی. هەر بەڵگەیەکی شوێنەواری لەسەر داگیرکردنی کەنار دەریاکان لە ماوەی چاخی بەستەڵەکی دواییدا ئێستا بە ئاوی دەریا داپۆشراوە بە نزیکەی سەد مەتر لەو کاتەوە. مێژووی وردی نیشتەجێبوونی خەڵک لە هەردوو ئەمریکادا لەمێژە پرسیارێکی کراوەیە. لە کاتێکدا کە پێشکەوتن لە زانستی ئارکیۆلۆجیا و جیۆلۆجیای چاخی پلایستۆسۆنی و ئەنسرۆپۆڵۆجیای فیزیایی و شیکاریی DNA تیشکیکی زیاتری خستووەتە سەر ئەم مەسەلەیە، بەڵام گەلێ پرسیاری تر هەیە کە تا ئێستا بێ چارەسەر ماونەتەوە. “تیۆریی یەکەمی کڵۆڤیس”ئاماژە بەو گریمانەیە دەکات کەوا کولتووری کڵۆڤیس بەرجەستەی کۆنترین بوونی مرۆڤە لە هەردوو ئەمریکادا لە نزیکەی١٣ هەزار ساڵەوە. بەڵگەکان لەسەر کولتوورەکانی پێش کلۆڤیس کەڵەکە بوون و بوون بە هۆی دواخستنی ئەگەری مێژووی یەکەم نیشتەجێبوون لە هەردوو ئەمریکادا. بە گشتی ئەکادیمییەکان باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە کاتێکی نێوان ١٥ هەزار و ٢٠ هەزار ساڵی لەمەوبەردا گەیشتووەتە ئەمریکای باکوور لە باشووری پلێتی لۆرینتیدی بەستەڵەک. هەندێ بەڵگەی شوێنەواریی نوێی مشتومڕ ورووژێن ئاماژە بە ئەگەری گەیشتنی مرۆڤ دەکات بۆ هەردوو ئەمریکا لە پێش سنووری ئەوپەڕی بەستەڵەکی دوایی لە زیاد لە ٢٠ هەزار ساڵەوە.
“چەرخی پێش کۆڵۆمبس”
لەکاتێکدا کە لە ڕووی تەکنیکییەوە زاراوەکە ئیشارەت بەو چەرخە دەکات کە گەشتەکانی کریستۆفەر کۆڵۆمبس بوو لە ١٤٩٢ بۆ ١٥٠٤، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەعادەت زاراوەکە مێژووی کولتوورەکانی دانیشتووانی ڕەسەن دەگرێتەوە تا ئەو کاتەی کە ئەوروپییەکان داگیریان کرد یان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر هەبوو. زاراوەی “پێش کۆڵۆمبس” بە شێوەیەکی تایبەتی بەکاردەهێنرێت لە گەلێ ڕووەوە لە دۆخ و سیاقی گفتوگۆی کۆمەڵگە ڕەسەنەکانی ئەمریکای ناوەڕاست لەپێش پەیوەندیدا؛ شارستانییەتەکانی ئۆڵمێک، تۆڵتێک، تیوتواکوانۆ، زاپۆتێک، میکستێک، ئەزەتێک و مایا و کولتوورە ئاڵۆزەکانی چیای ئەندێز: ئیمپراتۆرییەتی ئینکا، کولتووری مۆچێ، کۆنفێدراسیۆنی مویسکا و کاناری.
چەرخی پێش کۆڵۆمبی ئاماژە بە هەموو دابەشبوونە لاوەکییەکانی ئەو ماوەیەی مێژووی هەردوو ئەمریکا و چەرخەکانی پێش مێژوو دەکات لە پێش دەرکەوتنی کاریگەرییە گرنگە ئەوروپی و ئەفریقییەکان لەسەر هەردوو کیشوەری ئەمریکا، کە لە کاتی گەیشتنی بنەرەتییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ جاخی بەردین باڵا و بۆ کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی لە ماوەی بەراییەکانی چەرخی نوێ. شارستانییەتی نۆرتێ چیکۆ (لە ئەمڕۆی پیرۆدا) بە یەکێک لەو شەش شارستانییەتە ڕەسەنە تایبەت و جیاکارەی جیهان، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە نزیکەی هەمان کاتدا لەگەڵ شارستانێتیی میسردا دروستبووە. گەلێ لە شارستانییەتەکانی دواتری پێش کۆڵۆمبی ئاڵۆزییەکی گەورەی بەدیهێناوە لەگەڵ ئەو خاسییەتە جیاکارانەوە کە نیشتەجێ هەمیشەیی یان شارستانییەتەکان و کشتوکاڵ و ئەندازیاری و ئەستێرەناسی و بازرگانی و ئەندازیاریی تەلارسازیی مەدەنی و زنجیرەبەندیی هەرەمیی کۆمەڵگەیی ئاڵۆز. هەندێک لەم شارستانییەتانە لە سەردەمێکی دوورودرێژەوە لەناوچوون لە کاتی گەیشتنی یەکەم هاتووە گرنگە ئەوروپی و ئەفریقییەکاندا (نزیکەی دوادوایی سەدەی پانزە و سەرەتای سەدەی شانزە)، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی مێژووی زارەکی و لێکۆڵینەوەی شوێنەوارییەوە دەزانرێت. هەندێکی تریشیان هاوچەرخی ماوەی پەیوەندیکردن و کۆلۆنیالیزمن و لە گێڕانەوە مێژووییەکانی ئەو کاتەدا دۆکۆمێنت کراوە. کەمێکی ئەمانە، وەک گەلانی مایا، ئۆڵمەک، میکستەک، ئەزتێک و ناهوا زمان و تۆماری نووسراوی خۆیان هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆڵۆنیاڵە ئەوروپییەکان لەو کاتەدا کاریان لەسەر لەناوبردنی بیر و باوەری غەیرە کریستیان کردووە و ژمارەیەکی زۆری تۆمارە نووسراوەکانی پێش کۆڵۆمبسیان سووتاندووە و ژمارەیەکی کەمی بەڵگەنامەکان شاردرانەوە و دەرباز بوون و بۆ مێژوونووسە هاوچەرخەکان ئاماژەیەکی کولتوور و زانیاریی کۆنیان جێهێشتووە.
بەپێی گێڕانەوە و بەڵگەنامەکانی دانیشتووانی ڕەسەن و ئەوروپییەکان، شارستانییەتە ئەمریکییەکانی پێش و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوروپییەکاندا ئاڵۆزییەکی گەورە و زۆرێک لە دەسکەوتیان بەدیهێنا. بۆ نموونە، ئەزتێک یەکێک لە گەورەترین سارەکانی جیهانیان بنیاتنا، کە ئەویش تینۆختیتلان بوو (ئەو شوێنە مێژووییەی کە دواتر دەبێتە مەکسیکۆ سیتی)، کە مەزەندەی دانیشتووانی بە ٢٠٠ هەزار کەس دەکرا لە شارەکە خۆیدا و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی پێنج ملیۆن کەس بوو لە ئیمپراتۆرییەتە بەرفراوانەکهیدا. ئەگەر بەراورد بکەین، گەورەترین شاری ئەوروپی لە سەدەی شانزەدا قوستەنتینییە و پاریس بوون کە ژمارەی دانیشتووانیان ٣٠٠ هەزار و ٢٠٠ هەزار بوو بەدوای یەکدا و هەر ئەو دەمە ژمارەی دانیشتووانی لەندەن و مەدرید و ڕۆما بە زەحمەت ٥٠ هەزاری تیدەپەڕاند. لە ساڵی ١٥٢٣دا و لە کاتێکی نزیکی داگیرکردنی ئیسپانیدا، تێکڕا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی ئینگلستان زۆر لە سێ ملیۆن کەمتر بوو. ئەم ڕاستییە باس لە ئاستی پەڕەسەندن و کشتوکاڵ و ڕێکارە حکوومییەکان و سەروەریی یاسا دەکات لە تینۆختیتلاندا، کە پێویست بوو بۆ حوکمکردنی ئەم ژمارە گەورەیەی هاووڵاتییان. هەروەها شارستانییەتی گەلانی ڕەسەن دەسکەوت و پەرەسەندنی مایەی سەرسامیی دەردەخست لە زانستی فەلەک و ماتماتیکدا و لەنێویاندا وردترین ڕۆژژمێر (کالێندەر) لە جیهاندا. پەرەپێدان و کەویکردنی زورات یان گەنمەشامی هەزاران ساڵی پەروەردەی ئینتیقائی ویستووە و چاندنی بەردەوامی چەندین جۆری بەروبووم بە پلان و هەڵبژاردن بەڕێوەدەچوو و بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن ئافرەتانەوە. ئەفسانەکانی ئینویت و یوپیک و خولقاندنی ڕەسەنەکان بۆ کۆمەڵێکی جۆراوجۆری بنەچەی گەلانیان دەگێڕێتەوە. هەندێک لەوانە “هەمیشە لەوی بوون” یان بە هۆی خواوەندەکان یان ئاژەڵ و گیاندارانەوە داهێنراون و هەندێکیشیان لە خاڵێکی دیاریکراوی ئاڕاستەنوماوە (کۆمپاس) کۆچی کردووە و هەندێکی تر بە “پەڕینەوە لە ئۆقیانووس” هاتوون.
“کۆڵۆنیکردنی ئەوروپی”
کۆڵۆنیکردنی ئەوروپی بۆ هەردوو ئەمریکا بۆ بە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ژیان و کولتووری گەلانی ڕەسەنی نیشتەجێدا. هەرچەندە ژمارەی وردی دانیشتووانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا لە پێش کۆڵۆنیکردندا نەزانراوە، بەڵام توێژەران مەزەندەی ئەوە دەکەن کەوا گەلانی ڕەسەن بە ڕێژەی ٨٠ – ٩٠% کەمیانکردووە لە ماوەی سەدەکانی یەکەمی کۆڵۆنیاڵیی ئەوروپیدا. زۆربەی توێژەران ژمارەی دانیشتووان لەپێش کۆڵۆنیالیزمدا بە نزیکەی پەنجا ملیۆن دەخەمڵێنن، لەکاتێکدا تویژەرانی تر بە سەد ملیۆنی دەخەمڵێنن و مەزەندەی تریش دەیگەیەنێتە ١٤٥ ملیۆن.
درم و پەتا کە کۆڵۆنیاڵە بەراییەکان لە ئەوروپاوە هێنابوویان هەردوو ئەمریکای بە نەخۆشییەکانی وەک ئاوڵە و سوورێژە و کۆلێرا گرتەوە. بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان لە سەرەتاوە خاو بوو، چونکە زۆربەی ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی ڕوون و چالاک تووش نەبووبوون، بە هۆی ئەو بەرگرییەوە کە بەشێوەیەکی بۆماوەیی هەیانبوو لە ئەنجامی تووشبوونی چەندین نەوە لە ئەوروپادا. ئەمە گۆڕانکاریی بەسەرداهات کاتێ کە ئەوروپییەکان دەستیانکرد بە ڕفاندنی ژمارەیەکی هێجگار زۆری کۆیلە لە گەلانی ڕۆژاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا بۆ هەردوو ئەمریکا. ئەم ئەفریقاییانەش، وەک گەلە ڕەسەنەکان کە تازە بە تازە بەر نەخۆشییە ئەوروپییەکان کەوتبوون هیچ بەرگرییەکی بۆماوەییان نەبوو بۆ ئەم نەخۆشییانە. لە ساڵی ١٥٢٠دا، ئەفریقاییەکی تووبووی ئاوڵە گەیشتبووە هەرێمی یوکاتان. تا ساڵی ١٥٥٨، نەخۆشییەکە لە تەواوی ئەمریکای باشووردا بڵاوبووەوە و گەیشتە حەوزی پلاتا. ستەم و توندوتیژیی کۆلۆنیالیستی دژ بە گەلانی ڕەسەن بوو بە هۆی خێرایی لەدەستدانی ژیان و کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکان کوشتارێکی زۆریان بەرپاکرد دژ بە دانیشتووانی ڕەسەن و کردنیان بە کۆیلە. بەپێی بیرۆی ئاماری ئەمریکی (١٨٩٤)، جەنگی هندییەکان لە ئەمریکای باکوور لە سەدەی نۆزدەدا بووە بە هۆی کوشتنی ١٩ هەزار ئەوروپی و ٣٠ هەزار ئەمریکیی ڕەسەن و تێکڕا ژمارەی کوژراوان بە ٤٥ هەزار ئەمریکیی ڕەسەن دەخەمڵێنرێت.
یەکەم گرووپی گەلە ڕەسەنەکان کە کۆلۆمبس بەرەوڕوویان بووەوە، نزیکەی ٢٥٠ هەزار تاینۆی هیسپانیۆلا بوون، کە بەرجەستەی کولتووری باڵادەستی دوورگەکانی ئەنتیل بو بەهامایان دەکرد. لە میانەی سی سالدا، نزیکەی ٧٠%ی تاینۆکان مردن، چونکە ئەوان بەرگرییان نەبوو دژ بە نەخۆشییە ئەوروپییەکان و لەو سۆنگەیەوە نەخۆشیی ئاولە و سوورێژە تێیاندا بڵاوبووەوە و زۆربەی خەڵکەکەی لەناوبردن. یەک لەم بڵاوبوونەوەی پەتایە لە کەمپێکی ئەفریقاییە کۆیلەکان ڕوویدا و نەخۆشیی ئاوڵە تەشەنەی کرد بۆ دانیشتووانی نزیکی تاینۆ و بوو بە هۆی ئەوەی کە ژمارەیان ٥٠% کەم بکات. لە کۆتاییدا زیادکردنی سزادانی تاینۆ بە هۆی یاخیبوونیان دژ بە بێگاری و کاری زۆرەملێ، کە خوێندنی ئایینی و خۆپاراستن لە خێڵە جەنگاوەرەکان، سەری کێشایەوە بۆ دوا یاخیبوونی گەورەی تاینۆ لە ساڵانی ١٥١١ – ١٥٢٩دا. لە پاش ساڵانێک لە مامەڵەکردنی خراپ، تاینۆکان کەوتنە پیادەکردنی ڕەفتاری خۆکوشتن و ژناکانیان منداڵەکانی خۆیان لەباردەبرد یان دەیاکوشتن و پیاوەکانیشیان لە هەڵدێر و بەرزاییەکانەوە خۆیان هەڵدەدا، یان بە ماددەی کاساڤا خۆیان ژەهرخواردوو دەکرد، کە ژەهرێکی زۆر کوشندە بوو. لە ئەنجامدا، کەسێکی خێڵی تاینۆ کاسیکی بە ناوی ئینرێکیلۆ بۆ ماوەی سیانزە ساڵ لە زنجیرە چیاکانی باورۆکۆدا یاخی بوو و زیانی گەورەی گەیاندە کێڵگە و مەزراکانی ئیسپانییەکان و هندییە هاوکارەکانیان لە ناوچەی کاریبیدا. بە هۆی هەڕەشە و مەترسیی یاخیبوونەکەوە چارڵسی پێنجەم (کە پاشای ئیسپانیاش بوو) کاپتن فرانسیسکۆ باڕیۆنۆڤۆی نارد بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ژمارەیەکی ڕوولەزیادی یاخیبوواندا و ئەنجام گەیشتنە ئەوەی کە ئینرێکیلۆ دەتوانێ لە هەر شوێنێکی دوورگەکەدا بە ئاشتی و ئارامی بژی.
یاساکانی بورگۆس، ١٥١٢ – ١٥١٣، لەو یەکەم کۆمەڵە یاسایانە بوون کە جڵەوی هەڵسوکەوتی داگیرکەرە ئیسپانییەکانیان کرد لە ئەمریکای باشووردا و بەتایبەتی ئەوانی کە پەیوەندییان بە گەلە ڕەسەنەکانەوە هەبوو. یاساکان خراپ مامەڵەکردنیانی قەدەغەکرد و وەرگەڕانیانی سەلماند بۆ کاسۆلیکییەت، بەڵام تاجی شاهانەی ئیسپانی تووشی ئاستەنگ هات لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە لە کۆڵۆنییە دوورەکاندا. نەخۆشییە درمییەکە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ کەمکردنی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن. لە پاش پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ ئەوروپی و ئەفریقییەکاندا، نەخۆشییەکانی جیهانی کۆن بوون بە هۆی مردنی ٩٠ – ٩٥%ی دانیشتووانی ڕەسەن لە جیهانی نوێ لە ماوەی ١٥٠ ساڵی دواتردا. هەروەها ئاوڵە لە نێوان سێیەک و نیوەی گەلانی ڕەسەنی هیسپانیۆلای کوشت لە ساڵی ١٥١٨دا. بە کوشتنی حاکمی ئینکا، ئاوڵە بوو بە هۆی شەڕی ناوخۆی ئینکا لە ماوەی نێوان ١٥٢٩ تا ١٥٣٢. تەنها ئاوڵە پەتای یەکەم نەبوو، بەڵکو (پێدەچێت) لە ساڵی ١٥٤٦دا و ئەنفلۆنزا و ئاوڵە پێکەوە لە ساڵی ١٥٥٨دا و جارێکی تر ئاوڵە لە ساڵی ١٥٨٩دا و دەفتیریا لە ساڵی ١٦١٤دا و ئاوڵە لە سالی ١٦١٨دا – هەر هەموو پێکەوە پاشماوەی کولتوری ئینکای لەناوبرد.
هەروەها ئاوڵە ملیۆنان گەلانی ڕەسەنی کوشتووە لە مەکسیک و لە ساڵی ١٥٢٠کاندا ئاوڵە مەکسیکی گرتووەتەوە و ١٥٠ هەزار کەسی تەنها لە شاری تینۆختیتلاندا کوشتووە (پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئەزتێک) و هاوکار بووە لە سەرکەوتنی هێرنان کۆرتێس بەسەر ئیمپراتۆرییەتی ئەزتێک لە تینۆختیتلان (مەکسیکۆ سیتی لە ئێستادا) ساڵی ١٥٢١. هەڵبەت گەلێ هۆکار هەن بۆ گرفتاربوونی گەلانی ڕەسەن و ئەم زیانە قورسەیان بە هۆی نەخۆشییە ئەفریقی و ئۆراسییەکانەوە. تووشبوون بە زۆریک لە نەخۆشییە ئەوروپییەکانی وەک ئاوڵەی مانگا لە ئاژەڵە ماڵییەکانەوە کەوا گەلە ڕەسەنەکان لە گەڵی ڕانەهاتبوون بەپێچەوانەی ئەوروپییەکان کە چەندین نەوەیان بەرگرییان لەدژیان پەیداکردبوو. ئەم نەخۆشییانەی کە هێنرابوون بۆ هەردوو ئەمریکا، چەشنی نەخۆشیی زەردەتا (الحمی الصفراء) کە تا ڕادەیەک نەخۆش دەیپەڕاند ئەگەر بە منداڵی بیگرتایە، بەڵام بۆ تەمەنی گەورە کوشندە بوو. لەبەر ئەوە بەرکەوتنی خەڵکی تەمەن گەورە کە ئەم بەرگرییە بۆماوەییان نەبوو ئەوە نەخۆشییەکە کوشندە دەبوو. کۆڵۆنیکردنی ناوچەی کاریبی بوو بە هۆی وێرانکردنی خەڵکی ئەرواک لە دوورگەکانی ئەنتیلی بچووک و تا ساڵی ١٦٥٠ تەواوی فەرهەنگ و کولتووریان لەناوبرا و تا ساڵی ١٥٥٠ تەنها پێنجسەد کەسیان ڕزگار بوون، هەرچەندە ستەم و دڕندەیی تا خەڵکانی سەردەمی نوێیش هەر بەردەوم بوو. لە ناوچەی ئەمەزۆن، کۆمەڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن تا ئێستاش بەردەوام گرفتاری چەندین سەدەی کۆڵۆنیالیزم و جینۆسایدن.
بەرکەوتنی نەخۆشییە ئەوروپییەکانی وەک ئاوڵە و سوورێژە بوو بە هۆی مردنی نێوان ٥٠ – ٦٧%ی گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور لە سەد ساڵی یەکەمی دوای گەیشتنی ئەروپییەکان. لە کۆلۆنیی کەنداوی ماساچوسێتس نزیکەی ٩٠%ی گەلانی ڕەسەن بە پەتای ئاوڵە مردوون کە لە ساڵانی ١٦١٧ – ١٦١٩ بڵاوبووەتەوە. لە فۆرت ئۆرانج (نیو نێدەرلاند) خەڵکە ڕەسەنەکە تووشی ئاوڵە بوون بە هۆی بەرکەوتن و پەیوەندییانەوە بە ئەوروپییەکان. لە شوێنەکانی تریش ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە چەندین کۆمەڵی دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەنی بەتەواوی لەناوبرد. ناخۆشییەکە ساڵی ١٦٣٦ گەیشتە دەریاچەی ئۆنتاریۆ و ساڵی ١٦٧٩ گەیشتە هەرێمی خێڵەکانی ئێروکوا. لە ساڵانی ١٧٧٠کاندا ئاوڵە لانیکەم ٣٠%ی کەناری ڕۆژاوای ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کوشت. لە ساڵانی ١٧٧٥ – ١٧٨٢ لە ئەمریکای باکوور و ساڵی ١٨٣٧ هەمان نەخۆشی هندییە ئەمریکییەکانی پێدەشتە گەورەکانی وێرانکرد. ساڵی ١٨٣٢، حکوومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرنامەی کوتانی دژە ئاوڵەی بۆ ئەمریکییە ڕەسەنەکان دانا.
دانیشتوونی ڕەسەنی بەرازیل لە بەرزترین ئاستەوە لە پێش کۆڵۆمبسدا کە مەزەندە دەکران بە سێ ملیۆن کەس کەمیکرد بۆ نزیکەی سێسەد هەزار لە ساڵی ١٩٩٧دا. ئیمپراتۆرییەتی ئیسپانی و ئەوروپییەکانی تر سەرلەنوێ ئەسپ و چارەوییان هێنایەوە ناو هەردوو ئەمریکا و هەندێک لەم چارەوییانە هەڵاتن و کێویی بوونەوە و لە دەشت و چیادا ژمارەیان زیادیکرد. گێڕانەوەی ئەسپ، کە لە هەردوو ئەمریکادا زیاد لە ٧٥٠٠ ساڵ بوو لەناوچووبوو، کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو لەسەر کولتوور و فەرهەنگی دانیشتووانی ڕەسەن لە پێدەشتە گەورەکانی ئەمریکای باکوور و لە گران چاکۆ و پەتەگۆنیا لە ئەمریکای باشووردا. لە ڕێگەی ڕاهێنان و ماڵیکردنی ئەسپەوە، هەندێ لە خێڵە ڕەسەنەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا و ئەسپ و بەرزەولاخ تواناداری کردن کە زەوی و ناوچەکانیان بەرفراوان بکەن و کاڵا و شمەک ئاڵۆگۆڕ بکەن لەگەڵ خێڵەکانی دەراوسێدا و ئاسانتر ڕاوی نێچیر بکەن، بەتایبەتی گامێشی کێوی. بەگوێرەی ئیرین مەککێنا و سکۆت ل. پرات، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا ١٤٥ ملیۆن کەس بووە لە دوادوایی سەدەی پانزەدا و بۆ دوادوایی سەدەی حەڤدە دابەزیوە بۆ پانزە ملیۆن بە هۆی پەتا و جەنگ و کوشتاری بەکۆمەڵ و ئەتکی نامووس و برسیتی و توندوتیژی و بەکۆیلەکردنەوە.
“زانیارییە مێژووییەکانی تراومای دانیشتووانی ڕەسەن”
تراومای مێژوویی دانیشتووانی ڕەسەن(ت. م. ر) ئەو شۆک و تراومایەیە کە دەکرێ پشتاوپشت یان نەوە دوای نەوە کەڵەکە ببێت و لە ئەنجامی پاشخان و تەداعییاتی مێژوویی کۆڵۆنیالیزم پەرەدەستێنێ و گرێدەدرێ بە کێشەی تەندروتیی ئەقڵی و جەستەیی و کەمکردنی ژمارەی دانیشتووان. (ت. م. ر) کاریگەریی هەیە لەسەر ژمارەیەکی زۆری کەسانی جیاواز بە گەلێ ڕێگە و شێوە چونکە کۆمەڵگە یان کۆمیونیتیی دانیشتووانی ڕەسەن و مێژووەکەیان جۆراوجۆرە.
زۆرێک لە توێژینەوەکان کاریگەریی (ت. م. ر)یان هەڵسەنگاند لەسەر ئەنجامە تەندروستییەکانی کۆمەڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدادا. (ت. م. ر) زاراوەیەکە یەکخستن و بەستانداردکردنی ئاسان نییە بە هۆی جیاوازیی گەورە و گۆڕاوی دانیشتووانی ڕەسەن و کۆمەڵگەکانیانەوە. بەو پێیە ئەوە کارێکی قورسە کە پێناسەیەکی کرداری و سیستماتیکی دیاری بکریت لە توێژینەوەی (ت. م. ر)دا، چونکە زۆرێک لەو توێژینەوانەی کە ئەم چەمکە لەخۆدەگرن بە ڕێگە و شێوەی جیاواز دەپێورێن و ئەمەش وا دەکات کەوا کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و بەگشتی پێداچوونەوەیان قورس بێت. ئەمەش خاڵێکی گرنگە کەوا سیاقێک بۆ توێژینەوەکانی دواتر دەڕەخسێنێت کە هەوڵی تێگەیشتنی پەیوەندیی دەدات لە نێوان (ت. م. ر) و ئەگەری کاریگەرییە تەندروستییە زیانبەخشەکان. پەیوەندیی نێوان (ت. م. ر) و بارودۆخی تەندروستی ئاڵۆزە بە هۆی سروشتی قورسی پێوان و ئاڕاستەی نەزانراوی (ت. م. ر) و ئەنجامە تەندروستییەکان و لەبەر ئەوەش کەوا زاراوەی دانیشتووانی ڕەسەن کە لە نموونە جیاجیاکاندا بەکارهاتوون ژمارەیەکی زۆری ئەو تاکانە لەخۆدەگرێت کە ئەزموون و مێژووی تەواو جیاوازیان هەیە. لەگەل ئەوەشدا، هەندێک توێژینەوە دەریانخستووە کەوا ئەو بەشدارانەی دانیشتووانی ڕەسەن کە پەیوەندیدارن بە قوتابخانە ناوخۆییەکانەوە ئەنجامی تەندروستیی نەرێنیی زیاتریان هەیە لەوانەی پەیوەندییان نییە بە قوتابخانە ناوخۆییەکانەوە (بۆ نموونە، بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ خۆکوژی و خەمۆکی). هەروەها دانیشتووانی ڕەسەن پێویستیان بەوەیە کە بە دەستە و گرووپی (کاتیگۆریی) جیاجیا لێیان تێبگەیت بەپێی ئەزموون و پێگە و پاشخانی هاوشێوە لەبریی پۆلێنکردنیان وەک یەک گرووپی هاوچەشن.
“کشتووکاڵ”
هەزاران ساڵە گەلە ڕەسەنەکان دەستیانکردووە بە ماڵیکردن و بەخێوکردن و چاندنی گەلێ جۆری ڕووەک و بەروبووم. ئەم جۆرانە ئێستا لە نێوان ٥٠ – ٦٠%ی هەموو بەروبوومە چێنراوەکان پێکدێنن لە سەرانسەری جیهاندا. لە هەندێ حاڵەتیشدا، گەلە ڕەسەنەکان جۆر و توخمی تەواو نوێیان پەرەپێداوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دەستکردەوە، چەشنی ماڵیکردن و بەخێوکردنی زوڕات (گەنمەشامی) لە ڕووەکی تیۆسینتی teosinte کێوی لە دۆڵەکانی باشووری مەکسیکدا. ژمارەیەکی زۆری ئەم چەشنە بەروبوومە کشتوکاڵییانە ناوە ڕەسەنەکانی خۆیان پاراستووە لە قامووسە ئینگلیزی و ئیسپانییەکاندا.
بەرزاییەکانی ئەمریکای باشوور بوو بە سەنتەرێک بۆ کشتوکاڵی بەرایی. تاقیکردنەوەی جینیی یان بۆماوەیی کۆمەڵێکی بەرفراوانی توخم و جۆری کێوی ئیشارەت بەوە دەکات کە پەتاتە یەک بنەچەی هەیە لە ناوچەی باشووری پیرۆ، لە یەکێک لەو جۆرانەی کە لە کۆمپلێکسی Solanum brevicauleدایە. زیاد لە ٩٩%ی هەموو جۆرەکانی ئەو پەتاتانەی تازە لە سەرانسەری جیهاندا چێنراون بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری چیلی و ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر چێنراوە. بە پێی لیندا نیوسۆن کە دەڵێ “ڕوونە کەوا لە سەردەمەکانی پێش کۆڵۆمبسدا هەندێ گرووپی دانیشتووان هەوڵ و تەقەلای زۆریان دەدا بۆ مانەوە و بەزۆرییش تووشی کەمیی خۆراک و برسێتیی بووبوون، لەکاتێکدا کە ئەوانیتر بەهرەمەند بوون لە خۆراکی جۆراوجۆر و زۆر”. وشکەساڵیی بەردەوام لە دەوروبەری ساڵانی ٨٥٠دا هاوکات بوو لەگەڵ ڕووخانی شارستانێتیی کلاسیکیی مایادا و گرانی و برسێتیی وان ڕابیت (یەک کەروێشک – و)، لە ساڵی ١٤٥٤دا، کارەساتێکی گەورە بوو لە مەکسیکدا. بنەچەی پاقلە دەگەڕێتەوە بۆ مەکسیک و ناوەڕاستی ئەمریکا و دواتر لە ئەمریکای باشووردا چاندنی بڵاوبووەوە. گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور کەوتبوونە پراکتیزەکردنی کشتوکاڵ لە دەوروبەری چوار هەزار ساڵەوە، لە دوادوایی چەرخی کۆنی کولتوورەکانی ئەمریکای باکوور. لەم کاتەدا تەکنۆلۆجیا بە جۆرێک پێشکەوتبوو کە پیشەسازیی گۆزەگەریی باو بوو و بڕین و داتاشینی دار لە جوغزێکی بچووکدا بەڕێوەدەچوو. لە هەمان کاتدا، گەلە ڕەسەنە کۆنەکان کەوتنە بەکارهێنانی ئاگر بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و کەوتبوونە سووتاندنی بەئەنقەستی ڕووەکەکان بۆ لاساییکردنەوەی کاریگەریی ئاگرکەوتنەوە سرووشتییەکانی پاکتاوکردنی دارستانەکان. ئەمەش وایکرد کەوا گەشتکردن ئاسانتر بێت و ئاسانکارییش بکات بۆ گیا و ڕووەکی بەرهەمهێنەری بەروبوومی تووەکان berries، کەوا گرنگ بوون بۆ دابینکردنی خۆراک و دەرمان. لە دۆڵی ڕووباری مسیسیپیدا، ئەوروپییەکان تێبینییان دەکرد کەوا ئەمریکییە ڕەسەنەکان باخ و مەزرای دارگوێز و میوەجات بەڕێوەدەبەن کە دوور نەبوون لە گوند و شارۆچکەکان و باخ و کێڵگەکانیانەوە و ناوچە دوورترەکانیان دەسووتاند لەو شوێنانەی کە مێرگ و دارستانیان لێبوو.
زۆرێک لە بەروبوومەکان کەوا یەکەمجار لەلایەن گەلانی ڕەسەنەوە کەوی یان ماڵی کراون ئێستا لەسەر ئاستی دنیا بەرهەمدێن و بەکاردەهێنرێن، گرنگترینیان زوڕات یان گەنمە شامییە کە دەکرێ بڵێین گرنگترین بەروبوومە لە جیهاندا. بەروبوومە گرنگەکانی تر بریتین لەمانە: کاساڤا، شیا، کوولەکە (بە هەموو جۆرەکانیەوە)، پاقلەی پینتۆ و جۆرەکانی تری پاقلەمەنی و فاسۆلیا بە هەموو جۆرەکانیەوە، تەماتە، پەتاتە، پەتاتەی شیرین، ئەڤۆکادۆ، جۆرەکانی بیبەر، گوڵەبەڕۆژە، لاستیک (مەتات – کاوچۆک)، تەختەداری بەرازیل، شیکل، تووتن، کاکاو، هەندێ جۆری لۆکە .. تاد. توێژینەوەکانی بەڕێوەبردنی ژینگەی هاوجەرخی گەلە ڕەسەنەکان- لەنێویاندا پراکتیزەکردنی کشتوکاڵی دارستان لە ناو ئیتزا مایای گواتیمالا و ڕاوکردن و ڕاوەماسی لە ناو مینۆمینییەکاندا لە ویسکنسن – ئاماژە بە “بەها پیرۆزە کۆنەکان دەکات و ڕەنگە بەرجەستەی کورتەیەکی نەریتەکانی هەزارە بەردەوام بکات.
“ئاژەڵ و گیانداران”
زۆرێک لە توخمی سەگی ئەمریکیی ڕەسەن لە لایەن گەلانی هەردوو ئەمریکاوە بەکارهێنراون، وەک سەگی ئەسکیمۆی کەنەدی و سەگی کارۆلاینا و سەگی شیواوا. هەندێ لە گەلانی ڕەسەنی پێدەشتە گەورەکان سەگیان بەکارهێناوە بۆ راکێشانی عەرەبانەی تراڤوا، لەکاتێکدا سەگی تریان بەخێوکردووە وەک سەگی ورچ ئاسای تاهلتان بۆ ڕاوکردنی نێچیری قەبارە گەورە. هەروەها هەندێ لە کولتوورەکانی ئەندیز چیریبایایان بەخێوکردووە بۆ مێگەلی لاما. زۆربەی زۆری زنجیرە توخمی سەگەل لە هەردوو ئەمریکادا لەناوچوون بە هۆی گۆڕینەوەیانەوە بە سەگی بنەچە ئەوروپی. سەگی فوجی جۆرێکی ماڵیی سەگی کولپیۆ بوو کە لە گەلێ لە کولتوورەکانی تیێڕا دێل فیوگۆ پەیدا بووبوو، وەک سێلکنام و یاهگان، بەڵام لەلایەن داگیرکەرانی سپیپێستی ئەرجەنتین و چیلییەوە قڕکران، چونکە وایان دانابوو کە هەڕەشەیە لەسەر ئاژەڵ و ماڵاتیان. هەروەها گەلێ جۆری باڵندەش ماڵیکران، وەک عەلەشیش (قەلەموون) و مراویی موسکۆڤی و پونا و باڵندەی غاقی نوێ لەلایەن گەلانی جیاجیای ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور و وەک پەلەوەری ماڵی بەکاریان دەهێنا. لە ناوچەی ئەندیز، گەلە ڕەسەنەکان لاما و ئەلپاکایان ماڵی کردبوو بۆ بەرهەمی گۆشت و فەرووەکەیان و لاماش تاقە ئاژەڵ بوو کە لە هەردوو ئەمریکادا بۆ باربردن بەکاردەهێنرا لە پێش کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپیدا. بەرازی گینیا لە ئەشکەوتەکانەوە هێنرا و بەخێوکرا لە ناوچەی ئەندیزدا بۆ دەستکەوتنی گۆشت. ئێستا بەرازی گینیا بە ئاستێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی ڕۆژاواییدا بەخێودەکرێت وەک ئاژەڵی دەستەمۆی ماڵی.
“کولتوور”
پێدەچێت پراکتیزە فەرهەنگی و کولتوورییەکان لە هەردوو ئەمریکادا بووبێتن بە نەریتێکی هاوبەش لە ناو هەرێم و زۆنە جوگرافییەکاندا کە تێیاندا گرووپە ئیتنیکییە جیاوازەکان خاسییەتی کولتووریی هاوبەش و تەکنیکی هاوبەش و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی هاوبەش وەردەگرن و پیادەی دەکەن. نموونەی ئەم ناوچە کولتوورییە ئەمریکای ناوەڕاستە، کە هەزاران ساڵی پێکەوەژیان و گەشەکردنی هاوبەش لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا تا ڕادەیەک کولتوورێکی هاوچەشن و شێوازێکی کشتوکاڵی و کۆمەلایەتیی ئاڵۆزی بەرهەمهێناوە. نموونەیەکی تر پێدەشتەکانی ئەمریکای باکوورە، کەوا چەندین گەل و هۆز تێیدا تا سەدەی نۆزدە خەسڵەتی خێڵی کۆچەریان وەرگرتبوو کە پشتیان بە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەری دار و درەخت بەستبوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتییش ڕاوەگامێشی کێوی.
“زمان”
زمانی هندییەکانی ئەمریکای باکوور پۆلێنکراون بۆ ٥٦ گرووپ، کە تێیاندا زمانە قسە پێکراوەکانی خێڵەکان ڕەنگە پێیان بگوترێت سەنتەر یان کاکڵە. ئەوەی پەیوەندیدارە بە قسەوە، دەکرێ ئیشارەت بکرێت بۆ زمانی ئاماژە کە لە چەند بەشێکی ئەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی پێدراوە. ئەوەی کە هەمان ئاستی گرنگی هەیە نووسینی وێنەییە کە زۆر باش پەرەی پێدراوە لە ناو گەلانی چیپەوا و دێلاوێردا.
“سیستەمەکانی نووسین”
لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زاینەوە، کولتوورەکانی پێش کۆلۆمبس لە ئەمریکای ناوەڕاستدا گەلێ لە سیستەمەکانی نووسینی ڕەسەنی پەرەپێداوە (بە سەربەخۆیی لە هەر کاریگەرییەکی ئەو سیستەمانەی نووسین کە لە بەشەکانی تری جیهاندا هەبوون). پێدەچێت Cascajal Block کۆنترین نموونەی زانراو بێت لە هەردوو ئەمریکادا لەوەی ڕەنگە دەقێکی نووسراوی بەرفراوان بووبێت. مێژووی تابلێت یان پەپکەی نووسینی هێرۆگلیفیی ئۆڵمەکی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ٩٠٠ی پێش زایین (لەو پارچە سیرامیکانەی کە لە هەمان ئەم دۆخ و سیاقەدا دۆزراونەتەوە) و ئەوەش نزیکەی هەمان ئەو کاتەیە کە داگیرکردنی ئۆڵمەک بۆ سان لۆرینزۆ تینۆختیتلان لاواز بووبوو.
سیستەمی نووسین لای مایا بریتی بوو لە دروشمی بڕگەیی (تێکەڵەیەک لە هێمای بڕگەیی دەنگی و دروشم). ئەوە تاقە سیستەمی ناسراوی پێش کۆڵۆمبس بوو کەوا زانربێت بەرجەستەی زمانی گۆکراو بووبێت بۆ کۆمەلگەکەی بە شێوەیەکی تەواو. ئەم زمانە زیاد لە هەزار پیتە وێنەی جیاوازی تیدایە، بەڵام کەمیان بریتییە لە جیاوازیی هەمان ئیشارەت یان هەمان مانای هەبێت، زۆرێکیشیان بەدەگمەن دەردەکەوێت یان لە شوێنی دیاریکراودا و هیچ کاتێ زیاتر لە پێنجسەد پیت لە کاتێکی دیاریکراودا بەکار نەهێنراوە و لەوانەش وادیارە نزیکەی تەنها دووسەد (بە هەندێ جیاوازییەوە) بەرجەستەی دەنگێک یان بڕگەیەکی فۆنیمی گۆکردنی دەکەن. سیستەمی نووسینی زاپۆتی یەکێکە لە بەراییترین سیستەمی نووسین لە هەردوو ئەمریکادا، کە بریتی بێت لە لۆگۆگرافی و گریمانەش هەیە کە بڕگەیی بێت. لێرە پاشماوەی نووسینی زاپۆتی لەسەر نەخش و نیگاری هەندێ بینای سوینەواریی ئەو سەردەمە ماوە، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە و ئاسان نییە وەسفی سیستەمی نووسینەکە بەتەواوی بکرێت. کۆنترین نموونەی نووسینی زاپۆتیک مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ٦٠٠ی پێش زایین، لەسەر پەیکەرێکی یادەوەرییە کە لە سان خۆزێ مۆگۆتی دۆزراوەتەوە.
دەسنووسەکانی ئەزتیێک (بە شێوازی تاک) ئەو کتێبانەن کەوا ئەزتێک لە سەردەمی پێش کۆڵۆمبس و سەردەمی پێش کۆڵۆنیالیزمدا نووسیویانە. ئەم دەسنووسانە بە باشترین سەرچاوە بەراییەکان دادەنرێن بە وەسفکردنی کولتووری ئەزتێک. دەسنووسەکانی پێش کۆڵۆمبس تا ئاستێکی باش وێنەیین و ئەو هێمایانە لەخۆناگرن کە بەرجەستەی زمانی گۆکراو یان نووسراو بکەن. بەپێچەوانەی ئەوەوە، دسنووسەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمی نەک هەر وێنەی ڕوونکردنەوەی ئەزتێکیان تێدایە، بەڵکو ئەو نووسینانەشیان تێدایە کە ئەلفبای لاتینی بەکاردێنێت لە چەندین زماندا وەک: ناهیوتڵی کلاسیکی و ئیسپانی و جارجارەش لاتینی.
سواڵکەرە ئیسپانییەکان لە سەدەی شانزەدا دەستیانکرد بە فێرکردنی هەندێ بنووسانی (کاتبەکانی) گەلانی ڕەسەن لە کۆمەڵگەکانیاندا نووسینی زمانەکانیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی پیتی لاتینییەوە و ژمارەیەکی زۆری بەڵگەنامە هەن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە ناهواتڵ و زاپۆتێک و میکستێک و یوکاتێک مایا لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵیدا، کەوا چەندینیان بەشێک بوون لە سکاڵای داوەری و مەسەلە یاساییەکانی تر. هەرچەندە ئیسپانییەکان لە سەرەتاوە بنووسانی خێڵە ڕەسەنەکانیان فێری نووسینی ئەلفبێ کرد بەڵام ئەم نەریتە هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی خۆی هێشتەوە. مەملەکەتی ئیسپانی کەوتە کۆکردنەوەی ئەم جۆرە بەڵگەنامانە و توێژەران کەوتنە وەرگێڕان و شیکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە بە پێی فیلۆلۆجیی نوێ بۆ نووسینەوەی مێژووی گەلانی ڕەسەن لە دید و تێڕوانینی خۆیانەوە (واتە گەلە ڕەسەنەکان). دەکرێ لوولەی توێکڵی داری بەتولا birch ڕەچاو بکرێت کەوا گەلی ئۆجیبوا (ئەنیشینابە) لەسەریان نووسیوە بە شێوازی ئەندازەیی ئاڵۆز و بە شێوەیەکی نووسین دابنرێت و بە هەمان شێوە نووسینە هێرۆگلیفییەکانیش.
“موزیک و هونەر”
دەکری موزیکی گەلە ڕەسەنەکان جیاواز بێت لە کولتوورەکاندا، لەگەل ئەوەشدا، کۆلکەیەکی هاوبەشی گەورە هەیە لەو بوارەدا. بەزۆری موزیکی نەریتی لە دەوری تەپڵ و گۆرانیی کۆدەبێتەوە. هەروەها ئامێرەکانی خەشخەشە و داری چەپڵە و ئەم جۆرانە ئامێری ئیقاعیی باون لە مێژوودا و لە کولتوورە هاوچەرخەکانیشدا. زوڕنا و جووزەلە و بلوێر و شمشاڵ لە قامیش و داری تر دروستدەکرێن. گەلی ئەپاچێ جۆرێک لە کەمانیان هەیە کە لە کولتووری زۆرێک لە نەتەوە یەکەمەکان و مێتیدا هەبووە.
موزیکی گەلانی ڕەسەن لە ناوەڕاستی مەکسیک و ئەمریکای ناوەنددا، وەک موزیکی کولتوورەکانی ئەمریکای باکوور، بە لای ئاهەنگ و ڕێوڕەسمە ڕۆحییەکاندا دایدەشکێنێت. ئەمەس لە ڕووی نەریتییەوە بریتییە لە کۆمەڵێکی گەورە و جۆراوجۆری ئامێری ئیقاعی و فوو تێکردنە وەک تەپڵ و زوڕنا و سەدەفە دەریاییەکان (کە وەک ترامپێت بەکاردێن). پاشماوەی ئامێرە ژێکانی پێش کۆڵۆمبی دەرنەکەوتن تا ئەو کاتەی زانایانی شوێنەوارناس گۆزەیەکیان لە گواتیمالا دۆزییەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ گەلی مایا لە چەرخی کلاسیکیی دواییدا (٦٠٠ – ٩٠٠ی زاینی). ئەم گۆزەیە بە کۆمەڵێک وێنە ڕازاوەتەوە کە ئامێریکی ژێی موزیکی لەسەرە. ئەم ئامێرە یەکێکە لەو ئامێرە ژێیانەی کە زۆر کەم ناسراون لە هەردوو ئەمریکادا لە پێش پەیدابوونی ئامێرە مۆسیقییە ئەوروپییەکان و لە کاتی کارپێکردنیدا دەنگێکی وەک هاژەی جاگوار دەردەکات.
هونەرەکانی بینین لای گەلانی ڕەسەنی هەردوو ئەمریکا کاتیگۆرییەکی سەرەکین لە کۆمەڵەی هونەریی جیهانیدا. کارەکان گۆزەگەری و وێنەکێشان و خشڵ و چنین و پەیکەرسازی و پیشەسازیی سەبەتە دروستکردن و هەڵکۆڵین کاری متومووروو دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی زۆرێک لە هونەرمەندا خۆیان وا پیشاندەدا کە لە گەلانی ئەمریکیی ڕەسەن و دانیشتووانی ڕەسەنی ئالاسکان، بۆ سوودوەرگرتن لە مۆرکی هونەری دانیشتووانی ڕەسەنی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆی ئەم وڵاتە یاسای هونەر و پیشەی هندیی ساڵی ١٩٩٠ی دەرکرد، کە داوا لە هونەرمەندان دەکات بیسەلمێنن کەوا تۆمارکراون لەو ویلایەت یان خێڵەی کە حکوومەتی فیدراڵی دانی پێداناوە. پۆ پالپشتیکردنی پیادەکردنی بەردەوامی هونەر و کولتوورە هندییە ئەمریکییەکان و دانیشتووانی ڕەسەنی ئالاسکا و هاوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، دامەزراوەی فۆرد و داکۆکیکارانی هونەری خێڵە هندییە ئەمریکییەکان سندووقێکی سەرەتایی وەقفیان کردووەتەوە و دەزگایەکی نیشتمانییان دامەزراندووە بۆ هونەر و کولتووری ڕەسەنەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا. لە پاش هاتنەنوەوەی ئیسپانییەکان، پرۆسەی داگیرکردنی ڕۆحییان پێباشتر بوو، لە ناو مەسەلەکانی تردا، خزمەتگوزاریی سرووتئامێز کەوا دانیشتووانی ڕەسەن تیکەڵی بوون و بەهرە مۆسیقییەکانیان مسیۆنێرەکانیان (مژدەدەران) سەرسام کردبوو. ئەم بەهرە مۆسیقییانەی دانیشتووە ڕەسەنەکان هێندە گەورە و کاریگەر بوون بە ڕادەیەک کەوا خێرا پرەنسیپەکانی تیباق و فرەدەنگیی و تەنانەت مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ ئامێرەکاندا فێربوون. ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ زەمانەتی پێویست نەبوون بە هێنانی موزیکژەنی زیاتر لە ئیسپانیاوە و ئەم کارەش پیاوانی ئاینیی (ئەکلیرکییەکانی) تەواو بێزار کردبوو.
ئەو چارەسەرەس کە پێشنیاز کرا دامەزراندنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووانی ڕەسەن لە خزمەتگوزاریی موزیکدا و فێری تیباق counterpoint نەکرێن و ڕیگەیان پێنەدرێت کە هەندێ ئامێری تایبەتی بژەنن (فوو پێداکەری مسین، بۆ نموونە، لە ئۆکساکای مەکسیکدا)، دواجاریش هاوردە نەکردنی ئامێری زیاتر بۆ ئەوەی گەلە ڕەسەنەکان دەستیان پێیان نەگات. بەڵام ئەمەی دواییان کۆسپی پێکنەهێنا لە بەردەم چێژ نەبینین لە موزیک لای خەڵکە ڕەسەنەکان، کە ئەزموونی دروستکردنی ئامێرەکانیان کرد، بەتایبەتی ئامیرە ژێیەکانی (وەک کەمان و باسی دوانی). لێرەوە دەکرێ بنەچەی ئەوە بدۆزینەوە کە پێیدەوترێت موزیکی نەریتی کەوا خاسییەتی ئامێرەکانی تۆنێکی تایبەتە و پێکهاتەکەشی ڕۆژاواییەکی نموونەییە.
سەرچاوە: ویکیپێدیا Wikipedia
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق