فیلمی چۆکلاتە؛ فیلمێکی درامی ڕۆمانسییە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بەرهەم هاتووە لەلایەن “لەیس هاڵسترۆم” سیناریۆی فیلمەکەش لەلایەن “ڕۆبێرت نێلسۆن” نووسراوە، چیرۆکی فیلمەکەی لە ڕۆمانی “چۆکلاتە” لەلایەن “جۆون هاریس” نووسراوە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە ناکۆکییەکانی نێوان ئایینی مەسیح و ئەو مرۆڤانە دەکات کە بە “مرۆڤە بێ باوەڕەکان” لەلایەن کەسانی نزیک ئایینەوە لە قەڵەمیان دەدەن، لە نێو باگراوندی ئایینیدا و ئەو پرسە کۆمەڵایەتی و مەعریفەو ئەخلاقیانەی لە ڕێییەوە سەر هەڵدەدەن، چیرۆکی ژیانی ژنێکی گەنجی شۆخ بە ناوی “ڤیان” ژنێکە لە ڕێورەسمە ئایینییەکان نزیک نابێتەوە، ئەوەی ئەو بڕوای بە گرنگی بوونی هەیە پرێنسیپی مرۆڤایەتییە، ئاکارە مرۆڤایەتییەکانە، لەگەل کچە بچووکەکەیدا کە هەر جارە و لە ناوچەیەک دەژین و گەشت دەکەنە ناوچەیەکی دیکە، واتە ماڵێکی جێگیریان نییە و لە هەموو دوونیادا دەژین، وەک رەوتێکی ژیانی بازنەیی باوانیان.
لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەل هاتنی بایەکی بەهێزدا دەرگای کەنیسەی یەکێک لە گوندەکانی فەرەنسا دەکرێتەوە و ئارامی کەنیسهکە دەشێوینرێت، لەو کاتەدا “ڤیان” و کچە بچکۆلانەکەی دەگەنە ئەو گوندە که بە گوندێکی هێمنی فەرەنسا بەهۆی یەکڕیزی و هاوشیوەیی بیرو باوەری تاک بە تاکی کۆمەڵگەکە لە قەڵەم دەدرێت، دواتر ڤیان بەهۆی کردنەوەی دوکانێکی چۆکلاتە لە گوندە هێمنەکەدا لە ڕۆژانی ڕۆژوو گرتندا، دژی بیروباوەری خەڵکی گوندەکەیە، گۆڕان لە بیروباوەرە چەق بەستووەکانی خەڵکی ناوچەکە دەکات. فیلمەکە خاوەنی پلۆتێکی گێرانەوەی بەهێزە، سات بە ساتی لەگەل خۆیدا گەشتمان پێدەکات، چێژ لە بینینی چۆکلاتەی فیلمەکە دەبینین، بێگوومان هەروەک چۆن سینەما زمانی وێنەیە، کەواتە هەر وێنەیەک شتانێک بە بینەر دەڵین و ئاماژەن بۆ چەندین گوفتار و بیر و مەعریفە، هەر بۆیە ئەم فیلمە لە ڕووی چەمکی ئاماژە ناسییەوە خاوەنی چەندین وێنە و وشەی پڕ ئاماژەن، بە جۆرێک کە دەرهێنەر زۆر بە وردی کاری لەسەر گێڕانەوە و بەکارهێنانی کۆد و سیمبولی هەر فرەیمێکدا کردووە، لێرەدا بە وردی لەسەری دەدوێین.
لەم فیلمەکە ئەوەی بەشێک لە باڵادەستی وەرگرتووە و زۆرترین مانا و کاریگەری دەبەخشێت، بریتیە لە “با” لە چۆکلاتەدا؛ با، وەک دەستپێکی ژیانێکی نوێ بۆ ڤیان و بۆ خەڵکی ئەو گوندەی ڤیان بۆی دەڕوات کاردەکات، هەر کاتێک بایەک هەڵدەکات مانای ئەوەیە شتێکی نوێ دێتە بوون و شتێک و کەسێک و ڕووداوێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لە چۆکلاتەدا سێ جار ڕووبەرووی با دەبینەوە لە فیلمهکە، یەکەم با لە فیلمەکەدا کە دەیبینین لە دەستپێکی فیلمەکە و ئاکتی یەکەمی فیلمەکەدایە کاتێک خەڵکی گوندەکە لە ڕۆژێکی یەکشەمەدا لە کەنیسە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان بەجێ دەهێنن، بایەکی بەهێز دێت و دەرگای کەنیسەکە دەکاتەوە و ڤیان دەبینین لە دووری لادێکەدا لەگەڵ کچە بچکۆلانەکەی هەردووکیان بە جلێکی سوورەوە بەرەو گوندە هێمنەکەی فەرەنسا دێن، ڕەنگی سوور وەک هێمایەک بۆ بوونی گۆڕانکاری و هاتنی رووداو و کەسێکی گرنگی پر لە گۆرانکاری کە دەبێت بە ئاگادارییەوە لێی بروانین، یاخوود وەک هێزێکی ئاگابوون بۆ مرۆڤایەتی، کاتێک دەرگای کەنیسەکە بە هۆی هێزی بایەکە دەکرێتەوە، “کۆمت” کە سەرۆک شارەوانی لادێکەیه و کوێخای لادێکەیه و خاوەنی کەنیسەکەیە، هەر شتێک لە گوندەکەدا بکرێت دەبێت ئەو بریاری لەسەر بدات، کە دەرگا کراوەکە دەبینێت بە تووندی دەرگاکە دادەخات، نیشانەناسییەک کە لەم دیمەنەدا بوونی هەیە ئەوەیە کە ڤیان کە لەگەل بایەکی گۆرانکاریدا بەرەو گوندەکە دێت، بە بوونی گۆڕانکاری لە گوندەکە دروست دەکات، ڕاستەوخۆ کار لەسەر چۆنییەتی گۆڕان لە بیرکردنەوەی خەڵکی گوندەکە دەکات سەبارەت بە ڕێورەسمە ئایینییەکان و بیرە ئایینییەکان، هەروەها بوونی ململانیی گرنگ و کاریگەر لەگەل سەرۆک شارەوانی گوندەکە، كه لە سەرەتادا قبوڵی گۆرانکاری لە لادێکە ناکات چونکە پێی وایە هێمنی گوندەکە تێکدەچێت، بەم جۆرە دەرگای گۆڕانکاری بۆ گوندەکە دادەخات، دووەم “با” کە روودەدات لە کۆتای ئاکتی دووەمی فیلمەکەدا ئیتر “ڤیان” ڕێرەوی ژیانی کە هەمیشە کۆچ دەکەن دەگۆرێت بۆ ژیانێک لە شوێنێکی جێگیر و ماڵێکی جێگیر بۆ هەمیشە بژی، بەمەش وەک گۆرانکاری لە خودی بیرکردنەوەو ژیانی ڤیان و کچەکەیدا روودەدات، کاتێک “ڤیان” لە بەیانییەکدا کچەکەی هەڵدەستێنی لەخەو کە بڕۆن کچەکەی رەتی دەکاتەوە ژیانی بگۆرێت دووبارە، هەربۆیە “ڤیان” بەزۆر لەگەل خۆیدا بە پلیکانەکان دەیهێنێت و لەو کاتەدا بەهۆی هێزی کچەکەیەوە کە جانتاکان ڕادەکیشێت، بۆکسی دایکی ڤیان دەکەوێتە خوارەوە کە بە هێمای کۆچکردن دانراوە، له فیلمەکەو دەڕژێت، لێرەدا ئەم وێنە و رووداوە ئاماژەیە بۆ کۆتایی هێنانی بیرکردنەوەی باوانی “ڤیان” کە کۆچ دەکەن بەو بۆکسەوە و لە دواتردا “ڤیان” و کچەکەی بۆ هەمیشە لە گوندەکە دەژین، بەهەمان جۆر؛ سێیەم “با” لە ئاکتی سێیەمی فیلمەکە، کاتێک چەتە دەریاییەکە “ڕۆوکس” لەگەل خۆیدا دەهێنێت، “ڕۆوکس و ڤیان” لە خۆشەویستیدان، هەردووکیان هەر لە بوونەوە بە جیهان دەگەرێن و ژیانێکی جێگیریان نییە، بەڵام لەگەل هاتنی دووەم بادا “ڕۆوکس” دەگەرێتەوە بۆ گوندەکەی فەرەنسا لەگەل ڤیان بۆ هەمیشە لە خۆشەویستیدا پێکەوە دەژین، گۆرانکاری لە ڕێڕەوی ژیانیان سەرتاپا روودەدات.
لە سەرەتای فیلمەکەدا؛ ئێمە گوێبیستی گێڕهرهوهیهك دەبین کە دەڵێت “خەلکی ئەم ناوچەیە بڕوایان بەهێمنی هەبوو” لەگەل ئەم ڕستەیەداو لەگەل هاتنی وشەی هێمنی ئێمە کەنیسەیەک دەبینین، کە دەرهێنەر دەیەوێت پێمان بڵیت بۆ خەڵکی ئەم گوندە و هێمنی و کەنیسە و بیروباوەرە ئایینییە چەق بەستووەکان هاوتای یەکن و، لەگەڵ یەکدا دێن، کەنیسە وەک بەدەست هێنانی ئارامی شوبهاندویانە، لێرە مرۆڤەکان دان بە تاوانەکانی خۆیان دەنێن، چەند ڕێسایەک بۆ خەڵکی ناوچەکە دادەنرێ کە وا دەکات ئارامی و هێمنی ناوچەکە تێک نەچێت، ئەوان پێیان وایە تا چەند لە خوداوە نزیک بیت لە ئارامی و هێمنی نزیک دەبیت، هەروەها یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی خەڵکی ناوچەکە بڕوایان پێی هەبووە؛ ئەویش دوورکەوتنەوەیە لەو کردارانەی چێژ بە مرۆڤ دەبەخشێت “خواردن و خواردنەوە، چۆکلاتە، ئارەزوو مرۆییەکان و سێکس و جێژ”
لەم گوندەی فەرەنسادا ئاینی مەسیحییەت بەجۆرێکی راستەوخۆ پەنجەی خستۆتە سەر تاک بە تاکی مەملەکەتەکە، ئەوان بڕوایان بە خۆ بە دوور گرتنەوەیە لە هەر شتیک چێژ بە مرۆڤ ببەخشێت و هیچ کات بڕوایان بە نوێ بوونەوە نییە و پێیان وایە دەبێت لەسەر ڕێبازی باو و باپیرانیان بمێننەوە و، بەم جۆرە پیرۆزی ئایینەکە دەپارێزن، بە پێچەوانەی ئەو مرۆڤانەی لە فیلمەکە ناویان بە بێ باوەڕ دەبرێت بڕوایان بە خۆشەویستی و چێژە تایبەتەکان و سەیرکردنی ناخی خۆیان هەیە، بڕوایان بە نوێگەری و نوێ بوونەوە هەیە، بروایان بەوە هەیە سەما بکەن و گۆرانی بڵین سەیری ناخی خۆیان بکەن مرۆڤەکانیان خۆشبوێت، قبووڵی بیر و باوەرە جیاوازەکان بكەن پێگەی مرۆڤ لەسەرو هەر گرنگییەکی دیکەوە دەبینن و زۆر بە وردی هەندێک جیاوازی خستۆتە ڕوو؛ کە ئایینی مەسیحی وەک پەرچەکردارە نێگەتیڤەکان شوبهێنراوە، کاتێک سەرۆکی شارەوانی گوندەکە دەیەوێت لە بەلەمەکە هەموویان بسوتێنێت، کاتێک لە ئاهەنگی لەدایک بوونەکەدا هەمووان دەبینن، سەما دەکەن و چێژ دەبینن، کاتێک هەوڵی ناشرینکردنی “ڤیان” دەدات لە کۆمەڵگەکە، کاتێک سەرجەم مرۆڤەکانی چواردەوری کۆنترۆڵ کردووە، واتە ئایینی مەسیحیەت یاخوود وەک گشتاندنێک بۆ هەر جۆرە ئایینێکی دیکە جۆرێک لە هەستە نێگەتیڤەکان بە ئێمە دەبەخشێت، پێچەوانەی ئەو مرۆڤانەی بە بێباوەر ناودەبرێت، وەک “ڤیان” کە هەمیشە کار بۆ چارەسەر و بەهێزبوونی مرۆڤەکان دەکات و هەوڵی هاوکاریکردنیان دەدات و دژی ئازاردانی مرۆڤەکانە، دژی هەر شتیکە مرۆڤێک بە زۆر پێی بکرێت. نموونەی دیالۆگێک لەو بارەیەوە کاتێک دوو منداڵی گوندەکە لە پەنجەرەی فرۆشگای چۆکلاتەکەوە سەیری “ڤیان” دەکەن، یەکێک لە منداڵەکان بەوی تر دەڵێت: “دەڵێن بێباوەرە” منداڵی دووەم دەپرسێ: “بێباوەڕ مانای چییە؟” منداڵی یەکەم دەڵێت: “نازانم”
واتە لێرەدا کاریگەری و دروستکردنی ترسێکی چەسپیو بۆ ئێمە نیشان دەدات، کە بەهۆی کاریگەرییە ئایینییەکان پێمانەوە ئاڵاوە، لە کاتێکدا نازانین خوودی مانای ڕاسەقینەی بێ باوەڕی یاخوود ئایین چیە؟ نەتوانین بریاری هەڵبژاردنی هەریەکێکیان بدەین کە کامیان بە گرنگ دەزانین بۆ ژیانمان، لەکاتێکدا رەنگە مانای بێباوەری ئەوەی پێیان وایە لە دینەوە دوورن، نزیک بن بە پێچەوانەی خودی ئەو کردارە ئایینییانەی مرۆڤایەتی دیاری کردوون، لەلایەکی دیکە کاتێکیش چەند پرسیارێک لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە ئاراستەی قەشەی کەنیسەکە دەکرێت کە توانای وەڵام دانەوەی نییە، کۆتایی بە گفتوگۆ دەهێنێت و لێرەدا نیشانەیە بۆ ئەوەی دین مێشکی مرۆڤ سنووردار دەکات، مرۆڤ لە دیندا نابێت بیر بکاتەوە، پرسیار لە بارەی ژیانەوە بکات بەڵکو دەبێت لە ڕێرەوێکدا هەنگاو بنێت کە دیاریکراوە، واتە لێرەدا ئایین و پرەنسیپە ئایینییەکان بوونەتە هۆیەک لە سنوردارکردنی مێشکی مرۆڤایەتی. هەروەها لە ئاکتی سێیەمدا دەیبینین کاتێک دوای ئەوەی “ڤیان” هاوکاری “سەرۆک شارەوانییەکە” دەکات بە پەرداخێ خواردنەوەی وزە، لە کاتێکدا سەرۆک شارەوانی بە چەندین ڕێگا هەوڵی کۆتایی پێهێنانی “ڤیان” دەدات، لێرەدا راسەوخۆ سەرۆک شارەوانی بەرە و بیرکردنەوەی “ڤیان” دەبرێت کە دیینی مرۆڤایەتی لە بڵندی هەموو ئاینییەکانەوە و، لەو کاتەدا و لە ڕۆژی جەژندا قەشەکە لە وتارەکەدا باس لە ڕۆڵی مەسیح دەکات لە رابردوودا کە مرۆڤێکی پڕ لە هاوکاری بووە و خراپەی بە باشە وەڵام داوەتەوە هاوتای “ڤیان”، واتە چواندنی “ڤیان” و مەسیح دەکات، کە ئەمە نیشانەیه بۆ ئەوەی ڕەنگه تاکە ئایین کە بوونی هەبێت ئایینی مرۆڤایەتی بێت، لە کاتێکدا “ڤیان” کە به بێباوەر ناوی دەبرا بە کردار لە هەموویان نزیکتر بوون لە خودی مەسیح و ئایینەوە، ئەمەش واتا ئایین جۆرێک لە کۆنترۆڵکردنی هەیە لەلایەن مرۆڤەکانەوە، دین بە جۆرێکه بەڵام لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە جۆرێکی دیکە نیشآن دەدرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە کاریگەرییە گرنگەکان لەم فیلمەدا دووکانی چۆکلاتەی گوندەکەیە لەلایەن “ڤیان” بەڕێوە دەبرێت و دروستدەکرێت بەرامبەر کەنیسەکەیە وەک هێزێکی بەرەنگاری بەرامبەر کەنیسە و خەڵکانی کەنیسەکە (واته ڤیان و دووکانی چۆکلاتە) و (کەنیسە و سەرۆک شارەوانی) ئەوەی گرنگە بیزانین؛ ئەوەیە تەنها دووکانی دروستکردنی چۆکلاتە نییە بەڵکو شوێنێکە بۆ دەرخستنی ناخی مرۆڤەکان و هاوکاریکردنیان و ئازادکردنیان لە بیروڕاو دەرخستنی ناخیان بوون بە خودی خۆیان و بەهێزکردنی ژنەکان فێریان بکەن، کە بەتەنها بەهێزن بە پێچەوانەی کەنیسەکە کە شوێنیکە دەبێت پەشیمان ببنەوە لەوەی وەک خودی ناخی خۆیان مامەڵەیان کردووە و چێژیان لە ژیان وەرگرتووە، شوێنێک کە ئازادی بیرو ڕاو ژیان و کەسایەتی لە مرۆڤ دەستێنیتەوە ژن تیایدا دیلن و ئهشکەنجە دەدرێت، لە فرۆشگای چۆکلاتەکەدا مرۆڤەکان بە یەکتر شاد دەبنەوە، هەست بۆ یەکتری دەردەبڕن و لە خۆشەویستی بژین لە فرۆشگای چۆکلاتەکەدا، دیکۆرەکە پڕ لە رەنگە، لە رووی دیکۆرەوە هەر پرۆپسێک بە هاوسەنگی دانراوە بەرامەر پرۆپسێکی دیکە، لێرەدا هاوسەنگی ژیان لەروانگەی ڤیانەوە نیشاندەدات، هەروەها بوونی هیوا لە مرۆڤدا لە ڕێگەی چوونە ناخی خۆیانەوە و ژیانیان پڕ هیواو گەشبینی و ئاشتی و خۆشەویستی بکات، لە پاشاندا لە فرۆشگای چۆکلاتە ئەوەی بوونی هەیە چۆکلاتەیە وەک هێمایەک بۆ چێژوەرگرتن بەکارهێنراوە، لەبەر ئەوەی لە ژیانی راستەقینەمان بەو جۆرەیە، لەم فیلمەدا چۆکلاتە کە جۆرێک لە سیحراوی بوون لەخۆ دەگرێت بۆ هەر کەسێک جۆرێک کاردانەوەی هەیە، واتە “ڤیان” تەنها بازرگانی بە چۆکلاتەوە ناکات بەڵکو کار بۆ بڵاوکردنەوەو بە ئاگابوونەوە دەکات، واتە لێرەدا چۆکلاتە وەک نیشانەی بە ئاگابوونەوەی مرۆڤ وێناکراوە کە لە هەر بەشێک بە جۆرێک کاری دەکرد، لە سەرەتادا وەک هێزێکی بە ئاگابوونەوە بۆ ئارەزووە سێکسییەکان، دروستکردنی خۆشەویستی، ئیلهام بەخشین بۆ هەوڵی بەدەست هێنانی خۆشەویستی، وەک دەرخەری ناخی خاوەن دووکانەکە کە سەرجەم ژیانی بەش دەکرد، ئەو شتانەی بێزاری دەکرد لە بارەەیەوە دەدوا و کۆتایی بە هەر شتێک دەهێنا کە ئازاری دەدا، لە ڕێگەی سەیرکرنی ناخی خۆیەوە، کە دوای خواردنی چۆکلاتەکە بە ئاگا هاتەوە و وەک هێمای ئاشتی نێوان مرۆڤە دڵشکاوەکان بۆ ژنەکان، تاکوو بەهێز بن و بتوانن بەتەنها بژین، نموونە بۆ کەسێکی وەک “جۆزێف هیزی” بەرەنگاری دەداتێ، بۆ سەرۆکی ناوچەکە هەستی رق لێبوونی کۆتایی، لە کۆتا دیمەنیشدا وەک کۆکەرەوەی خەڵکی مەملەکەتەكه پێکەوە ژیانیان تا کۆتایی.
لە پاش چۆکلاتە لە دووکانی چۆکلاتە “ڤیان” هەیە، پێویستە ئاماژە بەوە بدەم ڕەنگە لەگەل بینینی ئەم فیلمە راستەوخۆ درک بەوە بکەین ئەم فیلمە یەکێک لەو فیلمانەی وەک سینەمای ژنانە لە قەڵەم بدرێت، یاخوود لەلایەن ژنە فێمینیستێکی فیلمساز درووستکرابێت، لەکاتێکدا پیاوێک دروستی کردووە، چونکە بە گرنگییەکی زۆرەوە دەربارەی هێزە خودییە تایبەتەکانی ژنان دواوە، شوناسی ژن و وێنەی ژن هێز لەخۆ دەگرێت، ئەگەر دەربارەی وێنەی ژن بدوێین لە کارەکتەری ڤیانەوە دەست پێدەکەین کە وەک هێزێکی بە ئاگابوونەوەی ژنان وێنادەکرێت.
ڤیان؛ کارەکتەری ڤیان کە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە متمانە بەخۆ بوون و بەرەنگاری بە ئێمە دەبەخشێت، هەروەها فێری مرۆڤەکان دەکات تەماشای ناخی خۆیان بکەن، هەموو ئەو گۆانکارییانەی ئێمە لە فیلمەکە دەیبینین لە متمانە بەخۆ بوونەکانی ڤیانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەگەڵ هەمو گرفتەکاندا هیشتا پێدەکەنێت هەموو کاتێک توانای هەیە لە سەرەتاوە لە هیچەوە لە ژیانێکی نوێوە دەست پێ بکاتەوە، جلی رەنگا و رەنگ دەپۆشێت، بڕوای بە لەپێکردنی پێلاوی رەش نییە و پیڵاوی سوور لە پێ دەکات کە هەموو ئەمانە نیشانەن بۆ هێزی ژن چێژ لە جوانی خۆیان دەبینین چێژ لەوە دەبینن بەهێز بن، دایکایەتی دەکەن و ڤیان بەتەنها کچێک گەورە دەکات، “ڤیان” رەتی دەکاتەوە بەژداری ئایینی بکات هەربۆیە کارەکتەرێکی بەهێزە لیرەدا دەگەینە ئەوەی کە بیربکەینەوە ئایین و کۆمەڵگە ژنان دیل دەکەن بۆ ئەوەی ژنێک ئازادی خودی هەڵبژێری بتوانێت بە ئازادی بژی و بیر بکاتەوە دەبێت لە ئایینە دروستکراوەکان ئەوانەی مرۆڤ و ژنان بەتایبەت هاوتای دیلێک وێنا دەکەن دوور بکەونەوە، بۆ خودی “ڤیان” خۆی بەو جۆرەیە، پاشان “ڤیان” ئەو هێزە بەرەنگاری و بیرکردنەوە فێمینیستانەی خودی خۆی دەبەخشیتەوە بە ژنانی کۆت و دیلی نێو کۆمەڵگەو دین بە نموونەی “جۆزێف” ئەم جۆرە کارەکتەرە بە دوو جۆر کاردەکات ،بە دوو جۆر دەیبینین؛ لە سەرەتای فیلمەکەدا کاتێک لەگەل هاوسەرەکەیدا دەژی کارەکتەرێکی تێکشکاو، هەژار، ڕووخسار شێواو، ترساوە، لەرووی فیزیکەوە نارێک و جوانی تێدا نابینرێت کارەکتەرێکی بێ متمانە کە لە دەنگی و شێوازی قسەکردنی بەجۆرێک رەنگ دەداتەوە، ئەم کارەکتەرە لە سەرەتادا لە ژیر ڕکێفی دین و پیاوێکدایە کە جۆرێک لە سەرکوتکردن و نێگەتیڤ بوون بە ژیانی کارەکتەرەکە بەخشیوە، ژنان پیشان دەدات لە ژیر سێبەر و هاوسەر و دین چۆنە، خەڵی وەجەرخان بەهۆی ڤیانەوە لە کارەکتەری “جۆزێف” ڕوودەدات و فێری بەرەنگار بوونەوە دەبێت، کە لەو ساتەی بڕیار دەدات لە ژێر سەرکوتکردنی هاوسەر و ئایین بروات، کە هەردووکیان جۆرێک لە رێساو یاسای نەگۆریان بۆ ژیانی “جۆزێف” داناووە و تاکوو لێی هەڵنەیەت، “جوزێف” دەچێتە لای “ڤیان” و لە دووکانی چۆکلاتەکە دەژی و کاردەکات لە پآش ئەوەوە کارەکتەرەکە پر دەبێت لە گۆرانکاری لە جلوبەرگی رەنگاو ڕەنگ، جوانی ڕێکخسنی فیزیک شیوازی مامەڵە و قسەکردن و متمانە بەخۆ بوون و ئازاد بوون، پێکەنین لە رووخساری و کارکردنی سەربەخۆیانە، کە هەموو ئامانە بە بڕوای بیرکردنەوەی فێمینستەکان نیشانەن بۆ ئەوەی ژنان لە تەنیایدا بەهێزترن و ژنان لە ئایین و ژیانیان لەگەڵ هاوسەرە خراپەکانیان کە تێیدا سەرکەوتکراون بۆ خزمەتی ماڵ و هاوسەر دانراون، هەروەک “جۆزێف” لە بەشێك لە فیلمەکەدا دەڵێت “لە کەنیسە پێمان دەڵێن ئێوە ژنن، دەبێت خزمەتی هاوسەرەکانتان بکەن، کاری ناو ماڵ بکەن” پاشان دەرهێنەر لەسەر بابەتی پیشەی ژنان لە ڕێگەی وێنەوە دواوە، لە دوو گرنگترین ڕووداوی فیلمەکە ئاهەنگی لەدایک بوون و ڕۆژی جەژنە، لە هەردوو ئاهەنگەکە پیشەیەکی ژنان کۆ کەرەوەی خەڵکەکەیە، لە ڕۆژی لەدایک بوونەکەدا کاتێک “ڤیان” وەک چێشتلێنەر کاردەکات و خواردن دروست دەکات خەڵکەکەی کۆ کردۆتەوە، لە ڕۆژی جەژندا؛ کاتێک لە گۆرەپانەکە شیرینی دابەشدەکات بەسەر خەڵکەکە هەموو خەڵکەکە کۆ دەبنەوە شیرینی دەخۆن، کە هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ بوونی هێز لە پیشە ژنانەکاندا، کاتێک توانای کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکانی هەیە و بە ژنان دەڵێت هەرگیز پیشە ژنانەکان کەم نرخ نین، بەڵکو دەکرێت وەک کۆکەرەوەی ماڵێک و خێزانێک و مەملەکێک کار بکات و خودی ئەو هێزەی لە بوونی ژندا دۆزیوەتەوە.
لە کۆتایدا؛ فیلمی چۆکلاتە یەکێکە لەو فیلمانەی بە شێوەیەکی ورد و راستەوخۆ لە وێنەوە ژن و هێزی ژن و ئایینی مرۆڤایەتی بۆ ئێمە نیشان دەدات بە ئاگامان دەهێنێتەوە لە ژیانمان لەوەی خودی خۆمانین یاخوود یان؟ لە ئایینێکی راستەقینەی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەژین یاخوود ناژین؟ مرۆڤە بێباوەرەکان ئەوانەن کە لە ئایینەوە نزیک نین یاخوود ئەوانەی لە ئایینەوە نزیکن؟ بە بیرمان دێنیتەوە؛ دەکرێت مرۆڤێک و خێزانێک و مەملەکەتێک لە هێزی بیکردنەوەی ژنێکەوە بگۆردرێ، هەروەک ئەوەی ژنان گەورەترین و کاریگەرترین هێزی ژیان بن.