بەدرێژایی مێژوو، کەرکووک بەلای پارتییەوە گرنگ و بایەخی زۆر تایبەتی هەبووە، بە شێوەیەک، کە هەر کاتێک باس و خواس هاتبێتە سەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی کەرکووک، پارتی باوەڕی تەواو و پتەوی بە کوردستانیبوونی شارەکە هەبووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و لەبارەی کەرکووکەوە پێ بەپێ گوزەر بە هەڵوێستەکانی پارتیدا بکەین، زۆر باش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لە هیچ یەک لە قۆناغە دژوارەکان، پارتی ئامادە نەبووە دەست لە یەک بست لە خاک و کوردستانیبوونی کەرکووک هەڵگرێت.ئەم هەڵوێست و جیاوازبینییەی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک، زۆر کات بەلای عەرەبە توندڕەوەکان و هەتا ئەو وڵاتانەی، کە کەرکووکیان کردووەتە مەیدانی کێبڕکێکانیان، جێگەی تێڕامان بووە، بەو پێیەی چۆن پارتی هێندە مکوڕ و باوەڕپتەوە لەسەر کەرکووک.
بەرنامە و سیاسەت و تێگەیشتنی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک، لە قووڵایی دیدی بارزانیی نەمر و ڕێبازی بارزانی سەبارەت بە کەرکووک ڕوون دەبێتەوە، ڕەنگە سازشنەکردن لەسەر کەرکووک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ حکوومەتەکانی پێشووی ئێراق، باشترین سەلمێنەری ئەو فاکتە مێژووییە بێت. بێگومان سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمان رێچکە و ڕێگایە، کە ئەویش بەردەوامیدانە بە پاراستنی کوردستانیی کەرکووک و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە ڕاگواستن و یان تەعریب، یاخود ئازار و زوڵم و ستەمی نەیاران لە دژی کەرکووکییەکان.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری ئێراق، تاوەکوو ڕابەرایەتیی شەڕی داعش لە پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانیی کەرکووک لە ڕێگەی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە، شاری کەرکووک خاوەنی هەیە و هەرچەندی تەعریب و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن بکرێتە بەرنامە، بەڵام هێزێکی نەتەوەیی، سازش لەسەر شارەکە ناکات. پارتی بەردەوام هەوڵی داوە، کە پارێزەری رەسەنایەتیی کەرکووک بێت، گەرچی ئالنگارییەکانی بەردەمی نەک زوڵم و ستەمـێکی لەپشتەوە بوو، بەڵکوو دەوڵەتانی ناوچەکە هەمیشە لە بیروباوەڕیان بەرامبەر کەرکووك، سڵیان کردووەتەوە.
دەگێڕنەوە؛ کاتێک شاندی ئێراقی بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان، سەردانی مستەفا بارزانییان کردووە، شاندی ئێراقی هەوڵی زۆری دەدا کەرکووک لە کوردستان داببڕێت و مۆرکێکی عێراقیی پێ ببەخشێت، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی ئێراق بە بارزانی دەڵێت: بەڕێزتان لە ئێمە باشتر دەزانن، کەرکووک تەنیا کوردی تێدا ناژی، هەریەکە لە عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشوورییەکانیشی تێدا دەژین، ناکرێت بە تەنیا بۆ کورد بێت.
لەو کاتەدا (بارزانی) ھیچ قسەیەکی نەکرد و داوای کرد سینییەکی بۆ بێنن، کاتێک بۆیان هێنا، لەبەردەم شاندەکەی دانا و داوای لێ کردن، هەریەکە و شتێکی تایبەتی خۆی بکاتە ناو سینییەکە، شاندەکە سەریان سوڕ ما و گوتیان بۆ دەبێت ئەم کارە بکەین؟ مستەفا بارزانی، دووبارە داوای لێ کردنەوە، ئەوانیش هەریەکەو شتێکیان کردە ناو سینییەکە.
بارزانی سینییەکەی هەڵگرت و گوتی: ئەو شتانەی ناو سینییەکە هی کێن؟ ئەوانیش گوتیان؛ هی ئێمەن. بارزانی دووبارە پرسیاری کرد، ئەی سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش گوتیان گومانی تێدا نییە هی ئێوەیە.
بارزانی گوتی: ئێستا هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم سینییەکە سەرەوخوار دەکەمەوە و هەرچی لەناو سینییەکەدایە فڕێی دەدەم، چونکە سینییەکە هی خۆمە، ناتوانن نکۆڵی لەو راستییە بکەن؟
شاندەکە گوتیان بەڵێ حەق بە تۆیە.
مستەفا بارزانی لەو کاتەدا زۆر بەڕاشکاوانە پێی گوتن: ئێستا کەرکووکیش وەک ئەم سینییە وایە، خاکی خۆمانە، بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز مەیلمان لە شەڕ و ئاژاوە نەبووە، بەردەوام وەک برا لەگەڵ نەتەوەکانی کەرکووکدا ژیاوین، دەبێت ھەمیشە ئەو راستییەتان لەبەرچاو بێت، کە کەرکووک خاکی کوردستانە و ھیچ کەسێک ناتوانێت (کەرکووک) لە کوردستان داببڕێت.
سەبارەت بە میکانزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک، بە هەمان شێوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا هاتووە: چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئێڕاقی فیدڕاڵ بەپێی دەستووری هەمیشەیی و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی وەکوو خۆی. پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەرنامە تۆکمە و پتەوەکەی پێگە و سەنگی حەقیقیی کورد لە کەرکووک پیشانی هەموولایەک دەداتەوە، ئەمەش بە هەوڵدان بەرەو بەدیهێنانی داواکاریی هاووڵاتییانی کەرکووکی دڵی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی کردووەتە بنەمای یەکەمین و سەرەکیی گفتوگۆکان، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتییانەی، کە پارتی وەک ھەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ماددەی 140 و کارپێکردنی خستنیە گەڕ، پەیوەستن بە رێزگرتنی بڕی ئازادییەكانی خەڵك و مافەكانی هاووڵاتییان، کە ئەو ماددەیە لەسەر شاڕێگەی دیموكراسی، رادەی گەشەكردنی سیاسی و ئاشتیی نێوان ئایین و ئایینزاكان و گرووپە جیاوازە كۆمەڵایەتییەكان بەرز دەكاتەوە و زەمینەی كۆمەڵگایەكی پێشکەوتوو و پێگەشتوو لە شاری کەرکووک دەڕەخسێنێت کە تا ئێستا بەھۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد لە شارەکە، کە زۆرینەیە، ئەم ئامانجانە نەھاتوونەتە دی.