دەنگۆ، ھەواڵی بێ بنەمایە، بە شێوەیەکی ناڕاست و دەماودەم بڵاو دەکرێتەوە، نە سەرچاوەی ئاشکرای ھەیە و نە بەڵگەی سەلمێنەر، وردەکاری و زانیارییەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. دەنگۆ بریتییە لە هەواڵێکی دروستكراو، یان کۆمەڵێک هەواڵ کە بەخێرایی لە کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە.
دەنگۆ هەیە دەبێتە مایەی خۆشی، دەنگۆش هەیە دەبێتە مایەی نیگەرانیی کۆمەڵگا، هەندێکیش باوەڕیان وایە، کە ڕاستە. ئەم هەواڵانەی هەمیشە سەرنجڕاکێشن بۆ کۆمەڵگا و توێژەران، ئەو دەنگۆیانە زۆر جار سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراویان نییە، کە بەڵگەی ڕاستیی هەواڵەکە هەڵبگرێت.
ئەو هەواڵانە بەشێکی زۆری ئەو زانیارییانەن کە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین، هەندێکیش هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە بۆ نەبوون یان داخستنی سەرچاوەی زانیاری و کەمیی هەواڵ بۆ خەڵک دەگەڕێننەوە، بۆیە داوای ئەوە دەکەن، کە پێویستە هەموو هەواڵێکی ورد و دروست بە خەڵک بگەیەنرێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو ڕووداوانە و کردارانە بن، کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و داهاتوویان هەیە.
هەروەها دەنگۆکان زیاتر لە کۆمەڵگە نەخوێندەوارەکاندا باون، هەندێک جار تابووری پێنجەمیش ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و دەنگۆی خراپ بە گوێی کۆمەڵگادا دەچرپێنێت، کە هیچ سەرچاوەی لێ بەدی ناکرێت. ئەو زانیارییانەی کە بڵاو دەکرێنەوە، پێویستە ڕاست و دروست بن، سەرچاوەیەکی باوەرپێکراویان هەبێت، تا ببنە هەواڵ و لە دەنگۆ دەربچن، هەروەها پێویستە حكوومەت و دەسەڵاتدار، گەلێ جار روونكردنەوە بدات و وەڵامی دەنگۆ كاریگەرەکان بداتەوە، بۆ ئەوەی گومان و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگا دوور بخاتەوە، کە دەبێتە مایەی نیگەرانییان.
دەبێت ئەوە بزانین، ئێمە ئەوە دەبینین، کە بڵاوبوونەوەی ئامرازە مۆدێرنەکانی پەیوەندیکردن هۆکارێکی گرنگن بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان، چونکە زانیاریی زۆر لە کاتێکی دیاریکراودا بە ئاسانی بڵاو دەکەنەوە. بۆیە دەبێ بەوریایی لەگەڵ ئامرازەكانی ئەمڕۆی گەیاندن و تۆڕ كۆمەڵایەتیەكاندا بكەین، دەنا دەنگۆ كلۆرمان دەكات و شتە ناڕاستەكان وەك (راستی) جیگیر دەكات.