ڕۆمانە سەرکێشییەکان توانییان لەسەر پێی خۆیان بووەستن، بۆ نموونە لە ڕێگای ڕۆمانەکانی (نهێنییەکانی پاریس – The Mysteries of Paris) لە نووسینی (ئوجین سو – Eugéne Sue) کە خۆی لە شەش بەرگدا دەبینێتەوە، هەروەها ڕۆمانی “شەوانی پاریس”، لە نووسینی نووسەری ناوبراو، هاوڕێ لەگەڵ ڕۆمانە بەناوبانگەکەی بەناوی (جولەکە سەرگەردانەکە – The Wandering Jew) کە خۆی لە دوو بەرگدا دەبینێتەوە، ئەم ڕۆمانانەی نووسەری ناوبراو پاڵی بە نووسەرێکی وەک (ئەڵێکساندەر دۆما)وە نا کە هەوڵی لاسایی کردنەوەی (ئوجین سو) بدات، ئەوەی کە نووسەرێکی گەورە و بەناوبانگ بیەوێت لاسایی نووسەرێکی نوێ و نەناسراو بکاتەوە دیاردەیەکی باو و نێوی نێو کایەی نووسینی ئەدەبی نەبوو، لەو سەردەمەدا پایتەختی فەرەنسا (پاریس) لەسەر ناونیشانی دەیان ڕۆمان بوو، واتە ناونیشانی ڕۆمانەکان بە (پاریس) کۆتایی دەهات، وەکو نمونەکانی سەرەوە، “ئوجین سو” سەرکەوتوو بوو لەوەی شۆڕ ببێتەوە نێو جیهانی ئەرستۆکراتەکانەوە و وەک چۆن سەرکەوتوو بوو لە وێناکردنی جیهانی نەداران و هەژاران، ئەم کارەیشی توانی ڕێگا بۆ پێشکەش کردنی ڕۆمانە میللەیەکان خۆش بکات، کە دواتر هەریەکە لە ڕۆماننوسی فەرەنسی (ئێمیل زۆلا – Émile Zola) و ڕۆماننوسی فەرەنسی (ڤیکتۆر هۆگۆ – Victor Hugo) بەدوا هات.
لەو ساڵانەدا فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بەناوی (کاڕڵ مارکس – Karl Marx) کە پشتیوانی هەژاران و کارێکاران دەکرد دەرکەوت، ناوبراو لەگەڵ هاوڕێ ئەڵمانییەکەی (فریدریک ئەنگڵز – Friedrich Engels) بوونی خۆیان وەک دیاردەی گرنگیدان بە هەژاران و چینی کرێکار سەلماند. بوونی ئەم ڕۆمانە پۆلیسییانە بووە هۆی ئەوهی زۆرێک لە نووسەران نوێ هەوڵ بدەن بە هەمان شێواز بنووسن، نووسەری فەرەنسی (پۆنسن دو ترایڵ – Ponson du Terrail) نووسەری ڕۆمانی (Rocambole) بەناوبانگترین نووسەرێکە لە دوای (ئوجین سو) لەم ژانرەدا. هەروەها لە نووسینی ڕۆمانی ژانری پۆلیسیدا نابێت هەردوو ڕۆماننوس (پۆڵ ڤاڤڵ) و (ئێمیل گابۆریو) لەیاد بکرێن. ئەوەش دەبینین کە نووسەری فەرەنسی (موریس لێبلان – Maurice Leblanc) و نووسەری بەریتانی (ئارسەر کۆنان دویل – Arthur Conan Doyle) وەک دوو خوێنکاری ئەو ڕووتە نوێیەی ڕۆمانی پۆلیسی دەرکەوتن و خزمەتیان کرد. ڕۆمانی پۆلیسی کە چەشنێک نوێی ڕۆمانی خوڵقاند لە ناوەڕاستی سەدەی نوزدەهەمەوە لە جیهاندا گەشەی کرد و بەدڵنیاییشەوه بۆ چەندین سەدەی داهاتوو لەگەشەکردن بەردەوام دەبێت، نووسەرانی ئەم ژانرە هەریەکە هەوڵی دەدا ستایلێکی نووسین بۆخۆی بدۆزێتەوه جیاواز لە نووسەرانی دیکە. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی پۆلیسی کەشێکی زۆر ئاڵۆز و نهێنی بەسەریدا زاڵە، گرێچن(پڵۆت – Plot) ڕۆمانەکە بە دەوری “کوشتن یان دزی” یاخود هاوشێوەی ئەم بابەتانەدا دەسوڕێتەوە، لەم چەشنە ڕۆمانانەدا زۆرینەی ئەو ڕووداوە تاوانکارییانەی کە ڕوویانداوە ناتەواون (تاوانەکان ناتەواون)، هاوکات هەر لەنێو دەقەکەدا کەسێک(کارەکتەر) هەیە کە بەدوای دۆزینەوەی نهێنی و شفرەی تاوانەکە و چارەسەر کردنی کێشەکەدا مژۆڵە، ئاڵۆزی و نهێنی تاوانەکە بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بدۆزێتەوە، واتە شوناسی تاوانکارەکە هەر بەنهێنی و مەتەڵ ئاسا دەمێنێتەوە، ئەم گەمەیەش نووسەر بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج و خوێنەر دەیکات، بە نیازی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تاوانباری ڕاستەقینە، زۆرینەی جار تەکنیکی نووسین لەم ڕۆمانانەدا بەو جۆرەیە کە نووسەر هەوڵ دەدات گومان و دڵکرمێی لەسەر کەسانی نزیک لە تاوانەکە بچێنێت، ئەمەش بەنیازی هاندانی خوێنەر بۆئەوەی ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە کەسانی نزیک لە تاوانەکە تاوانباری ڕاستەقینەن، بەڵام وردە وردە ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە دەردەکەوێت و ئاشکرا دەبێت کە تاوانبارە ڕاستەقینەکە کەسێکە بە تەواوی دوورە لە بازنەی گومان پێبردنەوە، وە ڕۆڵی تاوانبارە ڕاستەقینەکە لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵێکی مامناوەندی هەیە و تاڕادەیەک گومناوە، وەک ئەوەی پێشتر گوتم نەک هەر گومان لێناکرێت بەڵکو بە بای خەیاڵی هیچ کەسێکیشدا نەداهات تاوانبارەکە ئەو بێت، ئەمەش زیادەیەکە بۆ ڕوداوە وڕوژێنەرەکان گرێچنی ڕۆمانەکە و هەروەها هەستی کنجکۆڵی و سەرچڵی لە خوێنەریشدا دەچێنێت.
لەم ڕۆمانانەدا بەر ئەوە دەکەوین کە نووسەر هەوڵی ڕاکێشانی غەریزە مرۆییەکانی پەیوەست بە حەز و ئارەزووی زانینی نادیار و نەزانرا و پەنهانەکان دەدات، لەبەرئەوە زۆرینەی خوێنەرانی ئەم ژانرە کە یەکجار ڕۆمانەکەیان گرت بە دەستیانەوە هەتا تەواوی نەکەن داینانێن، یان لە حاڵەتێکدا ئەگەر پچر پچریش بخوێننەوە ئەوا مەودای پچڕانەکان لەیەکتری زۆر نزیکن، هەڵبەتە سەرەڕای تامەزرۆیی خوێنەر بۆ زانینی تاوانباری ڕاستەقینە و بینینی پشت پەردەی ڕوداوەکان، بەڵام پێناچێت خواستی دووبارە خوێندنەوەی هەمان ڕۆمان جارێکی دیکە ڕووبداتەوە و زیندووببێتەوە، لێ کاتێک خوێنەر نهێنییەکە دەدۆزێتەوە و تاریکییەکانی پشت پەردەی ڕووداوەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە ئیدی مەتەڵەکە هەڵدێت و دەقەکە لە وڕوژاندن خاڵی دەبێتەوە بە گوزارشتێکی تر کاتێک خوێنەر لە میانەی خوێندنەوەی دەقەکەدا هەموو شتێکی بۆ ئاشکرا دەبێت ئیدی وردە وردە ڕیتمی خوێندنەوەش خاو دەبێتەوه. لەم ڕۆمانە پۆلیسییانەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە زۆرینەی کارەکتەرەکان جا یان قوربانین یاخود گومانلێکراو، لە کاتێکدا بکوژ و کوژراو لە جێیەکی ترن و ڕۆڵێکی مامناوەندییان پێدراوە بۆئەوەی تەرکیزەکە بچێتە سەر ئەوانی دی، هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەو کوژراوەکە ون دەبێت و بکوژەکەش لە پشت پەردەی ڕووداوەکەوە تا دوا لاپەڕە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە بۆیە لەم ژانرە لێوانلێوە لە تاریکی و هیچ دەروازەیەکیش نییە لێیەوە بەرەو هەڵوێستێکی مرۆیی هەنگاو هەڵگرێت واتە هەڵوێستێک نابینین ڕۆشنایی بخاتەسەر تاریکییەکان، لەبەرئەوە هەردەم هەستی گومانکردن و دوودڵی و زاڵە بەسەر نیهانی کارەکتەرەکاندا و ئاسۆی هیچ دڵنیاییەک لەگۆڕێ نییە، لێرەوە کارەکتەرەکان لێوانلێو دەبن لە گومان و دوودڵی و دڕدۆنگی و لە هەمان ساتیشدا چاوەڕوانی مەرگن جا مردنی خۆیان یان نزیکەکانیان.
لەدوای دەرکەوتنی ڕۆمانەکانی “ئوجین سو” هەتا دوایین ڕۆمانی پۆلیسی ئەم سەردەمە، زۆرینەی نووسەرانی ڕۆمانی پۆلیسی ئارەزووی دروستکردن یاخود بڵێین سازکردنی کارەکتەرێکی سەرەکی(کارەکتەری پۆلیسی) دەدەن کە لە هەموو ڕۆمانێکی نوێدا ئەم کارەکتەرە نوێیە دەبینین، واتە ئەم کارەکتەرە لە هەر ڕۆمانێکدا مژۆڵی سەرکێشەییەکە کە جیاوازە لە سەرکێشییەکی دیکە لە ڕۆمانێکی دیکەدا لەڕووی بارودۆخەوە، بۆنمونە لەدوای ڕۆمانی (Rocambole)ی (پۆنسن دو ترایڵ)، ڕۆمانی (Arséne Lupin, Gentleman Burglar)ی نووسەر (موریس لێبلان) کە لە ساڵی (۱۹۰۷) بڵاوبووەتەوە و زنجیرە ڕۆمانی (شێرلۆک هۆڵمز – Sherlock Holmes)ی نووسەر (ئارسەر کۆنان دویل) پاشان زنجیرە ڕۆمانی (Maigret)ی نووسەری بەلجیکی (جۆرج سیمنون – Georges Simenon)(۱۹۰۳ – ۱۹۸۹) هەروەها کارەکتەری لێکۆڵەر (هێرقل پۆرۆ) و لێکۆڵەر (خاتوو مارپڵ) لە ڕۆمانەکانی نووسەری بەریتانی (ئاگاسا گریستی – Agatha Christie)(۱۸۹۰ – ۱۹۷٦) و کارەکتەری لێکۆڵەر (مارلۆ) لە ڕۆمانەکانی نووسەری ئەمریکی (ڕایمۆند شاندلەر – Raymond Chandler)(۱۸۸۸ – ۱۹٥۹) و ڕۆمانی (بەهرەی بەڕێز ڕیپڵی – The Talented Mr. Ripley) نووسەری ئەمریکی (پاتریشا هایسمس – Patricia Highsmith)(۱۹۲۱ – ۱۹۹٥)، کارەکتەری سەرەکی هەریەک لەم ڕۆمانانە لەڕووی چۆنێتی و بارودۆخەوە جیاوازن لەیەکتر، ئەم تایبەتمەندییانە لە ڕۆمانی پۆلسیدا گوازرایەوە بۆ رۆمانی سیخوڕی، بۆنمونە کارەکتەری (جیمس بۆند – James Bond) لە ڕۆمانەکانی نووسەری بەریتانی (ئیان فلیمینگ – Ian Fleming)(۱۹۰۸ – ۱۹٦٤) و کارەکتەری (جۆرج سمایڵی) لە ڕۆمانەکانی نووسەری بەریتانی-ئیرلەندی (جۆن لو کارییە – John le Carré)(۱۹۳۱ – ۲۰۲۰)، و کارەکتەری (مالکۆ) لە ڕۆمانەکانی نووسەری فەرەنسی (جێرارد دو ڤیلییە – Gérard de Villiers)(۱۹۲۹ – ۲۰۱۳) و چەندان کارەکتەری دیکە کە لە کایەی ئەدەبەوە هاتە نێو کایەی سینەما وەک (مات هێڵم) و (کریاکو).
زۆرینەی نووسەرانی ڕۆمانی سیخوڕی لەسەر حسابی مێژوو هۆگری دونیای هاوچەرخ بوون، چەشنی تاوانەکەش(کە لە ڕۆمانەکەدا ئەنجام دەدرا) شقڵی سەردەمەکەی هەڵگرتبوو بە ڕیتمە شێتانە و پڕ لە نهێنی و خوێنینەکەی بۆنمونە ڕۆمانە مێژووییەکانی (ئاگاسا گریستی) کە لەسەر میسری چاخی فیرعەونەکان نووسیونی، گرێچن(پڵۆت – Plot)ی ئەم ڕۆمانانە پۆلیسین بەڵام گرێچنێکی لاوازن بە بەراورد بە گرێچنی ڕۆمانە پۆلیسییە هاوچەرخەکان، ئەمەش بەرەنجامی گرنگیدانی نووسەرە بە لایەنە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە لەسەر بنەمای ” هەستێکی پۆلیسییانە”. ڕۆژنامە ڕۆژانەیی و هەفتانەییەکان کە لە سەدەی نوزدەهەمدا دەردەچوون بە شێوەیەکی بەرچاو کۆمەکی گەشەسەندنی ڕۆمانی پۆلیسییان دا، بەوپێیەی سەرنووسەری ڕۆژنامەکان بایەخیان بە بوونی بابەتی ئەدەبی دەدا کە سەرنجی خوێنەرانێکی زۆر ڕادەکێشێت و وایان لێدەکات ژمارە لە دوای ژمارە بیکڕن و ئەو ڕۆمانانەی کە بە زنجیرە بڵاو دەکرانەوە بخوێننەوە، بە واتایەکی تر خوێنەران ژمارەی داهاتووی ڕۆژنامەکە بکڕن بۆئەوەی درێژە بەخوێدنەوەی چیرۆکە وروژێنەرەکە بدەن. ئەگەر “ئوجین سو” لە ڕۆمانەکانیدا کارەکتەرێکی دروست نەکردبێت کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە ئەوا شاری (پاریس)ی وەک کارەکتەرێک مامەڵە لەگەڵدا کردوە، لە ڕۆمانەکانیدا هەمیشە (پاریس) شارێکی هەژارە لەڕووی کوچە و کۆڵان و دانیشتوانەوە، لەبەرئەوە (ئوجین سو) توانی ژانرێکی جیاوازی ئەدەب بخوڵقێنێت، ژانرێک کە دواتر قورسایی خۆی لەنێو کایەی ئەدەبدا ون کرد وئێستاکێ ئەو ژانرە “ژانری پۆلیسی” دەگوترێت “ئەدەبی پەراوێزیی”.
خاڵە سەرنج ڕاکێشەکەش ئەوەیە کە ڕۆمانی پۆلیسی بە گرێچن و یاسا و کۆدەکانییەوە، بووە هۆی لەدایک بوونی زۆرێک لەو ژانرە ئەدەبیانەی کە لە سەدەی بیستدا دەرکەوتن لەوانە (ڕۆمانی سیخوڕی، ڕۆمانی خەیاڵی زانستی، ڕۆمانی خەیاڵی سیاسی، ڕۆمانی فەنتازی، ڕۆمانی ترسناک) و چەندین ژانری تر کە لە ژێر سایەی ڕۆمانی پۆلیسییەوه سەریانهەڵدا، واتە هەموو ئەو چەشنە ڕۆمانانە ڕێبازگەلی ئەدەبین نین بەڵکو شێوەگەلێکی ڕۆمانن کە بە مەبەستی چیژ و کەیفەمەنی نووسراون. سەرهەڵدانی ڕۆمانی پۆلیسی پەیوەست بوو بە بوونی نووسەرانێکەوە کە خولیای جۆرێکی دیکەی نووسینی ئەدەبیاتیان هەبوو، بەڵام لەدایک بوونی ڕۆمانی سیخوڕی پەیوەست بوو بە شەڕ و جەنگانەی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا بەرپا بوون، پاشان شەڕە ناوخۆیی و جەنگە جیهانییەکانی سەدەی بیست دیسان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە کامڵ بوونی ئەم ژانرە، هاوکات دەرکەوتنی نەخوێندەواری و گەشەسەندنی پیشەسازی و پەرەسەندنی داهێنانی زانستی و سەرهەڵدانی چەندان بەرەی تەوژمی سیاسی و جەنگی سارد و پەیدابوونی ئایدیۆلۆژیا گەورەکان و دواتر ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا گشتگیرەکان و چالاکی و دیاردە مرۆییەکان، هەموو ئەمانە کە لە سەدەی بیستدا دەرکەوتن ڕێخوشکەر بوون، بە دەربڕێنێکی تر زەوییەکی بەپیت بوون بۆ سەوز بوونی ڕۆمانی سیخوڕی و لە دایک بوونی پرۆسەی سیخوڕی کردن، جا خەڵکی بابای سیخوڕیان ناسیبا یاخود زادەی بیر و ئەندێشەی نووسەر بن.
خاڵێکی گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەی پێبدەم ئەویش ئەوەیە؛ “هیچ پەیوەندییەک لەنێوان نووسەری ڕۆمانی پۆلیسی و خودی ئەو کەسانەدا نییە کە پولیسی ڕاستەقینەی دەزگای دەوڵەتن واتە مەرج نییە ئەوەی کە ڕۆمانی پۆلیسی نوسیبێت بۆخۆی پۆلیسی، بەڵام نووسەرانی ڕۆمانی سیخوڕی گەواهی ئەو ڕاستییەن کە زۆر نووسەری ڕۆمانی سیخوڕری هەبووە لە بواری سەربازیدا کاری کردووە بە تایبەتی لە دەزگای هەواڵگری سەربازی، یان ئەوانەی کە لە دەزگاکانی هەواڵگریدا کارییان کردووە، لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا دەزگای هەواڵگری جودا کراونەتەوە لە دەزگای سەربازی، بەهەرحاڵ ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی فراوان لە نێو ئەو ڕۆماننوسانەدا دەبینین کە لە بواری سیخوڕیدا کارییان کردوە و دواتر ڕۆمانی سیخوڕیان نووسیوە. بەڵام ئەم کارە لەنێو پیاوانی دەزگای هەواڵگریدا سنووردار کرا، چونکە ئەوەی کە ئەوەی دەینووسن شێواز و ئامڕاز و چۆنێتی کاری دەزگای هەواڵگری ئاشکرا دەکات کە تێیدا کار دەکەن لە کاتێکدا نابێت ئاشکرا ببێت، تەنانەت ئەگەر بانگەشەی ئەوەش بکرێت کە ئەم ڕۆمانە(ئەو دەقە) ڕۆمانێکی خەیاڵییە و دوور و نزیک پەیوەندی بە واقیعەوه نییە و لە واقیعەوە هەڵنەگۆزراوە، بۆیە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمانی سیخوڕیدا پاراستنی نهێنییەکانی دەزگای هەواڵگری سنوردار نەکرابوو، بە دەربڕینێکی تر سانسۆر لەسەر ئەو زانیارییانە نەبوو کە لە ڕۆمانی سیخۆڕی بڵاودەکرانەوە. زۆرێک لە سەبازەکان دەستیان کرد بە نووسینی ڕۆمانی سیخۆڕی، واتە ئەو ئەزموونەیان دەنووسییەوە کە وەک سیخوڕییەک تێدا ژیاون، بە وێنەیەکی گشتی ئەم نووسینانە نزیک بوون لە فۆڕمی ڕۆمانی سیخۆڕی، واتە ئەگەرچی نووسینەوەی ئەم ئەزموونە سیخوڕییە لەلایەن سیخوڕە جیاوازەکانەوە نووسراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەموویان شقڵی ڕۆمانی سیخۆڕییان هەڵگرتبوو و لەو بازنەیەدا دەسوڕانەوە، وەک چۆن (سێر جۆرج تۆمکین) لە کۆتایی سەدەی نۆزمەهەمدا کە ئەفسەرێکی ئەندازیار بوو لە سوپای بەریتانیا لە هندستان بەم کارە هەستا، بۆئەوەی ڕووبەڕووی هیچ گرفت و ئاریشەیەک نەبێتەوە لەگەڵ ئەو دەزگا هەواڵگرییەی کە کاری تێدا دەکرد، بۆنمونە ناوبراو لە ڕۆمانی “جەنگی دونا” ناوی خوازراوی بۆخۆی هەڵدەبژارد، سەبارەت بە نووسەری فەرەنسی “دوربان” کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا کوژرا، ناوبراو لەکاتی جەنگدا زۆر ڕۆمانی لەبارەی سیخوڕییەوە نووسیوە لەوانە ڕۆمانی “جەنگ لە دارستانەکان” و ڕۆمانی “جەنگ لە لادێ” و ڕۆمانی “جەنگ لە باڵۆنەکان”. لەبەرئەوەی کە هەمیشە شەڕ و جەنگ لەنێوان دووبەرەی ناکۆکدا ڕوودەدات، بۆیە له ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەست بە نووسینی ڕۆمانی سیخوڕی کرا، دیوەکەی دیکەی ئەم بابەتە ئەوەیە ئەگەرچی ئەمریکییەکان لەو دەمەدا نەچوبوونە نێو ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە واتە ململانێ نێودەوڵەتییەکانیان نەناسیبوو، لێ دەستیان کرد بە نووسینی ڕۆمانی سیخوڕی، بە دەربڕینێکی تر ئەزموونی خۆیان لەم بوارەدا تاقی کردەوە.
نووسەری بەریتانی (ویلیام لو کۆ – William Le Queux) بە باوەمیری ڕۆمانی “سیخوڕی پۆلیسی” دادەنرێت، کوڕی نووسەرێکی ناوداری بەریتانییە، (ویلیام لۆ کۆ) لە ساڵی (۱۸٦٤) لە لەندەن لەدایک بووە، لە نووسینەکانیدا چەندین کولتووری جیاوازی بەیەکەوە کۆکردوەتەوە، ناوبراو بەڕەچەڵەک فەرەنسییە و لە ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەرەنسا گەورە بووە، دواتر لە بەریتانیا درێژەی بە ژیان داوە، چەندین زمانی بەباشی زانیوە، پیشەی ڕۆژنامەگەریی هەڵبژاردووە و دەستی کردووە بە نووسینی بابەت لە ڕۆژنامەی (تایمز – The Times) لەبارەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ئەوروپا، دواتر بو بە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نهێنی بەریتانیا، بەڵام دواتر دەستی لەکار کێشایەوە بۆئەوەی خۆی بۆ نووسینی ڕۆمان تەرخان بکات، لە چەند ڕۆژنامەیەکدا دەستی کرد بە نووسینی ڕۆمانی زنجیرەیی و لە ساڵی (۱۸۹٤) ڕۆمانی (جەنگی گەورە لە ئینگلتەرا لە ساڵی ۱۸۹۷ – The Great War in England in 1897)ی بڵاوکردەوه، رۆمانەکە لەبارەی هێرشی داگیرکاری فەرەنسا و ڕوسیایە بۆسەر بەریتانیا، ئەم ڕۆمانە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا و لەپاش ئەم سەرکەوتنە دەستی کرد بە نووسینی ڕۆمانێکی سیخوڕی دەربارەی ئەوەی لە چی لە ژوورە تاریکەکانی دەزگای هەواڵگرییەکان و جیهانی سیخوڕیدا دەگوزەرێت، بەرهەمەکانی “ویلیام لو کۆ” جەماوەرێکی بەرفراوانی لەخۆی خڕکردەوە، ئەمەش وای لە شاژنە (ئەلێکساندرا – Alexandra)(۱۸٤٤ – ۱۹۲٥) و زۆرێک لە شالیارەکانی میری بەریتانیا کرد کە (ویلیام لوکۆ) بە ناوازەترین و تایبەترین نووسەری خۆیان ئەژمار بکەن، کتێبەکانی بۆ زۆر زمانی دونیا وەرگێڕدران لەوانە زمانی (عەرەبی، ژاپۆنی، چینی)، بەگشتی بەرهەمەکانی لە سێ ژانری ئەدەبیدا خۆیان دەبیننەوە یەکەم: ژانری (خەیاڵی سەربازی)، دووەم: ژانری (سیخوڕی)، سێیەم: ژانری (بەڵگەنامەیی)، ناوبراو خولیا و سەوداسەری جیهانی نهێنی پیاوانی سوپا و سیاسەت بوو و هەر لەم جیهانەوە ئیلهامی نووسینی ڕۆمانە وروژێنەرەکان کەوتووەتە سەری، (لو کۆ) بە فەرەنسی بەواتای (کلک) دێت، ئەو هەرگیز بریکاری هەواڵگری بەریتانیا نەبووە یاخود هەرگیز بۆ بەرژەوەندی دەزگای ناوبراو کاری نەکردووە، ناوبراو بەرهەمەکانی بە چەشنێک وەک ئەوەی بەڕاستی لە واقیعدا ڕوودەدەن نووسیوە. لەلایەکی دیکەوە نووسەرێکی ئەڵمانی دەرکەوت کە تایبەتمەند بوو لە نووسینی ڕۆمانی سیخوڕیدا واتە دەستی بڵای هەبوو لەم ژانرە ئەدەبییەدا ئەویش (ڤیلهام شتاینەر)ە، کە خۆی بە کردەنی لە بواری سیخوڕیدا کاری دەکرد، ناوبراو وەک سیخوڕ لە خزمەتی ئەڵمان لە فەرەنسا کاری دەکرد، ئەوەی ئێستا پێیدەڵێن (تابوری پێنجەمی ئەڵمانیا)، ئەو بە سیاسەت هاوڕێیەتی لەگەڵ سەرکردە و سیاسیە سەربازییەکانی فەرەنسا بەست، بەڵام لێرەدا خاڵێکی سەمەرە هەیە ئەویش ئەوەیە دوای ئەوەی کە (ڤیلهام شتاینەر) دەستگیر دەکرێت، (ویلیام لو کۆ)ی هاوڕێی سەرکوزشتەی ناوبراو دەکاتە ڕۆمانێک و ڕۆمانەکە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە ڕۆمانی (ئەگەر ئینگلتەرا داگیرکرابا – If England Were Invaved) کە (لو کۆ) لە ساڵی (۱۹۰٦) بڵاویکردەوە، گرێچنی ڕۆمانەکە لە دەوری سیخوڕێکی بەریتانی دەسوڕێتەوە کە کار بۆ فەرەنسا دەکات، لە ڕۆمانەکەدا بابای سیخوڕ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت، ئەویش کاتێک هاوسەرەکەی جگەرەکی مینداری پێدەدات و دەتەقێتەوە، هاوسەری ناوبراو – وەک ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا هاتووە -خۆشەویستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری فەرەنسایە، لە هەمان کاتدا بالیۆزی فەرەنسا لە بەریتانیا کە ناوی (لاتۆش)ە بە نهێنی بالیۆزخانەکە دەکاتە نوسینگەیەکی سیخوڕی لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی. “لو کۆ” بەوە ناسرا بوو کە خاوەنی بەهەرمێکی زۆرە، ڕاستی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکانی دۆسێی دەزگای هەواڵگری بەریتانی وەرگرتبوو، ئەو دەزگایەی کە بە ناوی “هەواڵگری جەنابی پادشا” ناسراوە، سەبارەت بە “لۆرد روبوتس” کە بەناوبانگترین سیخوڕی بەریتانی بوو لەو سەردەمەدا، لە ساڵی (۱۹۰۱) ڕۆمانێکی نووسی بەناوی (هەڵاتن – Escape)، هەروەها سەبارەت بە رۆمانی (بزوێنەری ئۆتۆمبیل) گرێچنی ئەم ڕۆمانە لە دەوری تێوەگلانی پزیشکێکی بەریتانی دەسوڕێتەوە لە کار کردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەڵمان، ڕۆژێک ئەم پزیشکە چارەسەری کەسێک دەکات کە بە ڕووداوی هاتووچۆ بریندار ببو، بەڵام پیاوانی هەواڵگری ئەڵمان دەستیان کرد بە تۆمەتبارکردنی پزیشکەکە بەوەی کە بابای بریندار بە ڕووداوی هاتوچۆ نەمردووە بەڵکو پزیشکەکە کوشتویەتی، لەم ڕێگایەوە توانیان سنورێک بۆ پزیشکەکە دابنێن و وای لێبکەن کە کاریان بۆ بکات.
هەر لە چوارچێوەی هەمان بابەتدا “لو کۆ” ڕۆمانی “سیخوڕەکانی قەیسەر”ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، بەریتانیا کەوتووەتە ژێر هەژموونی سیخوڕەکانی ئەڵمانیاوە لە هەموو شوێنەکانی لەندەن، لەم ڕۆمانەدا بەر ئەو تێڕوانینە دەکەوین کە ” خەڵکی هیچ نین جگە لە سیخوڕگەلێک کە بۆ بەرژەوەندی دەزگای هەواڵگری ئەڵمان کار دەکەن “هەروەها” زۆرینەی پیاوه ئەڵمانییەکان لە دوای وەرگرتنیان لە بەریتانیا، لە کافێیەکدا شوێنێکییان دۆزییەوە و توانیان بۆنمونە “نانەوا، دەلاک، خزمەتکار” وەربگرن و وایان لێبکەن کە ئینتیمایان بۆ حیزب هەبێت و کردەی سیخوڕی ئەنجام بدەن “، (لو کۆ) بەم ڕۆمانە و ڕۆمانەکانی دیکەی توانی ئاسۆی ڕۆمانی سیخوڕی بۆ نووسەرانی دوای خۆی ئاوەڵا بکات، کە دواتر لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستدا گەشەی بەرچاو دەکات و ڕەنگە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستو یەکیش گەشەی فراونتر بکات.
سەرچاوە: جواسیس الادب … جواسیس السینما
نوسینی: مەحمود قاسم
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد