گەڕان بەدوای ھەقیقەتی بوونی مرۆڤدا ئەوەندەش ئاسان نییە. ئەی خودایە چەندە پێویستە کە مرۆڤ مەعریفەی ھەبێت ھەتاکوو بتوانێت بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی؟ لەم ژیانەدا کە ئێمە دەیگوزەرێنین، دەبێت سەرقاڵی چ شتێک بین ھەتاکوو بتوانین ببینە خاوەنی ھەقیقەتی بوونی خۆمان؟ ئایا ناسینی ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ پێویستی بە مەعریفەی فەلسەفیی و ئەقڵییە، یاخود پێویستی بە مەعریفەی عیرفانییە، یاخود پێویستی بە وێڕای ئەمانەیە کە لەمانەوە تێپەڕ بـکـەیـن و خاڵی ببینەوە لە ھەر جۆرە زانست و فەلسەفە و ئەقڵ و مەعریفە و بگەین بە پێگەی ئیشق؟ ئێمەی مرۆڤ دەبێت بگەینە چ شوێنێکی ئەم جیھانی بوونە ھەتاکوو لەوێشەوە بتوانین بگەین بە ھەقیقەتی بوونمان؟ ئایا ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ لە کات و شوێندایە؟ ئایا ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ لەکوێوە ھاتووە؟ ئایا ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ سەرەتا لەکوێ بووە؟ ھەموو عیرفان بریتییە لەم سەفەرە کە بگەڕێیت بەدوای ھەقیقەتی بوونی خۆتدا.
ئەم سەفەرە سەفەرێکە کە دژوارترین سەفەرە و مرۆڤ دەبێت ھەموو توانای خۆی بخاتە گەڕ ھەتاکوو بتوانێت بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی. سەفەر بەرەو دەروون سەفەرە بەرەو خودا. ئێمەی مرۆڤ دەبێت سەرقاڵی زانست و مەعریفەیەک بین کە لێوڕێژ بێت لە خوداناسی، کە ئەگەر چی خوداناسی مەعریفەی زۆری دەوێت. بەڵام لایەنی کەم مەعریفەیەک ھەتاکوو بتوانین خۆمان بناسین و بڕۆین بەرەو ھەقیقەتی بوونی خۆمان. واتە مەعریفەیەک گومان ھەڵنەگرێت. بەڵام ئیدی دەبێت ئەو مەعریفەیە بەدەست بھێنین کە خاڵیمان دەکاتەوە لە خودبینیی و خۆویستی. ئەگەر مەعریفەیەک خراپەی نائەخلاقی مرۆڤ زیاد بکات، ئەوا ئەو مرۆڤە ناتوانێت بڕوات بەرەو ھەقیقەتی بوونی خۆی. ڕۆیشتن بەرەو ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ واتە تەرککردنی ھەرچی پەیوەستبوونی دونیاییە. مەولانا ھۆنراوەیەکی زۆر جوانی ھەیە کە دەڵێت:-
بـنـد بـگـسل بـاش ازاد ای پـسر
چند باشی بندە سیم و بندە زر
بەڵێ، مرۆڤ بۆ ئەوەی بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی، یاخود بۆ ئەوەی پەیوەست بێت بە عاریفان و پیاوچاکانی خودا، یان بۆ ئەوەی پەیوەست بێـت بە ڕۆحیی خۆی و ڕۆحیی ڕەھاوە، ئەوە پێویست دەکات دابڕێت لە ھەموو جۆرە پەیوەستییەکی دونیایی. واتە ئازاد بێت لە ھەموو شتێک و دەستبەرداری ھەرچی شتی دونیایی ھەیە ببێت. لەو ھۆنراوەیەدا مەولانا دەڵێت: ئەی مرۆڤ! دەستبەرداری شتە دونییایەکان ببە و پەیوەست مەبە پێیانەوە و مەبە بە بەندەی پوول و پارە و سەروەت و سامان. بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێین بەشوێن ھەقیقەتی بوونی خۆمان، یاخود بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە بۆ بنچینە و ڕەسەنی بوونی خۆمان، ئەوە دەبێت دووری ھەڵبژێرین لە ھەموو شتێک جگە لە ئیشق و مەعریفەی یەزدانی.
ئێمە سەرەتا لە ڕەسەنییتەوە ھاتووین و دەبێت بۆ ئەوێیش بگەڕێینەوە. بەڵام من دەمەوێت بڵێم مرۆڤ چۆن بگات بەم ڕەسەنییەت و ھەقیقەتەی کە سەرەتا لێوەی ھاتووە؟ دەبێـت ھەوڵ بدەین بۆ بەدەست ھێنانی ئەقڵ و ئیشق، یاخود موحیبەت و مەعریفەت. مرۆڤ بەبێ ئەم دوانە “ئیشق و مەعریفەت” ناتوانێت ھەنگاو ھەڵگرێت بەرەو ئەو ھەقیقەتەی کە لە بوونی خۆیدایە. مرۆڤ کە ھێشتا نەگەییشتووە بە ئیشق و مەعریفەت، ئەوە ناتوانێت بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی. مەولانا لەبەرەی ئیشقدا ھۆنراوەیەکی زۆر جوانی ھەیە کە مرۆڤ دەبێت خۆی پاک بکاتەوە لە ھەر جۆرە ڕەزیلەتێکی نائەخلاقی ھەتاکوو بتوانێت بگات بە ئیشق و لە ئەوینیشەوە بگات بەو ھەقیقەتەی کە لە بوونیدایە. مەولانا دەڵێت:
ھر کـە را جـامـە ز عـشـقـی چـاک شد
او ز حرص و جملە عیبی پـاک شـد
بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە ئیشق و ھەقیقەتی بوونی خۆمان، ئەوە پێویستە بە جلوبەرگی ئیشق خۆمان بپۆشین. مرۆڤ ئەگەر جلوبەرگی ئیشق لە بەر بکات، ئەوە خاڵی دەبێتەوە لە ھەموو جۆرە کەم و کورتییەک یان ڕەزیلەتی نائەخلاقی. مانای ئەم ھۆنراوەیەش ئەوەیە کە: ھەر کەس جلوبەرگی ئیشق لە بەر بکات، ئەوە کەموکورتی خۆی لەناو دەبات. بەڵام مرۆڤ کە ئاشق نییە، ئەوە ڕوخسارێکی ترشی ھەیە، یاخود ڕوخسارێکی گرژی ھەیە. لەبەر ئەوەی ئیشق وا لە مرۆڤ دەکات کە ھیچ کەموکورتییەک لە بوونی خۆیدا نەھێڵێت. مرۆڤێک کە ھێشتا ئاشق نییە، ئەوە سەرەنجام ناتوانێت بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی. بۆ گەییشتن بە ھەقیقەتی بوونی خۆمان پێویستە ئاشق بین. یاخود لە ڕووی مەعریفەوە دەبێت ئاقڵ بین. واتە ئاشقێکی ئاقڵ و ئاقڵێکی ئاشق بین. مرۆڤ بەم شێوەیە دەتوانێت بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی. بەڵام خالێکی گرینگ ماوە پێش ئەوەی مرۆڤ بگات بەو پێگەیەی کە ھەقیقەتی بوونی خۆیەتی، ئەوا ئەو خاڵەش بەیان دەکەم. ئەو خاڵەش بریتییە لە خۆناسین. واتە ناسینی خودی ڕەسەنییەتی مرۆڤ. ناسینی ئەم خودەش تەنیا دەبێت بە عیشق ئەنجام بدرێت، یاخود ھەندێک کات بە مەعریفەش دەکرێت. بەڵام زیاتر کاری ئیشقە. مرۆڤ بۆ ئەوەی بگات بە ھەقیقەتی بوونی خۆی، ئەوە پێویستی بە سێ چەمک ھەیە. ئەقڵ و ئیشق و خۆناسین. مەولانای مەزن سەبارەت بە گەڕانەوەی ھەقیقەتی بوونی مرۆڤ بەیانکردنێکی زۆر جوانی ھەیە. ئەو دەڵێت: ھەموو مرۆڤێک دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ھەقیقەت و ڕەسەنی خۆی.
ھرکسی کو دور ماند از اصل خویش
بـــاز جــویـد روزگــار وصل خــویــش
ئەم ھۆنراوە باسی ئەوە دەکات؛ کە ھەر کەس دابڕا لە ڕەسەن و ھەقیقەتی بوونی خۆی، ئەوە سەرەنجام دەبێت بگەڕێت بەدوای ویساڵی ھەقیقەتی بوونی خۆیدا. بەڵام ئەم گەڕانە وەک گوتم پێویستی بە ئەقڵ و ئیشق و خۆناسینە. ھەموو بوونەوەرانیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ھەقیقەتە. بەڵام گەڕانەوەی مرۆڤ گەڕانەوەیەکی ئاوەزمەندانە و ئاقڵانەیە. واتە بە ئاگاییەوە بۆ ئەو ڕەسەنییەتەی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەگەر پرسیار گەڵاڵە بکرێت و بگوترێت: مرۆڤ چۆن خۆی بناسێـت؟ چۆن ئاشق ببێت؟ ئایا مەعریفەت دەتوانێت مرۆڤ ئاشق بکات؟
ئەوە منیش لە دوو بابەتدا کە بریتی بوون لە “خۆناسین” ھەروەھا بابەتی: “خۆناسی عیرفانیی و خوداناسی عیرفانی” سەبارەت بە خۆناسین قسەم کردووە. ئەگەر شتێک دووبارە بکەمەوە کە کردووشمەوە، ئەوە داوای لێبوردنتان لێ دەکەم. خۆناسین جۆرێکە لە خوداناسی. تەواوی عیرفان جەخت لەسەر خۆناسین دەکاتەوە. واتە لە عیرفاندا سەرەتا خۆناسین دەبێتە سەنتەر و دواتریش خودا دەبێتە سەنتەر. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن خۆی بناسێت؟ ھەروەھا بە چ شتێک خۆی بناسێت؟ ئایا بە فەلسەفە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بناسێت؟ ئایا مرۆڤـ بە ئەقڵ و ئیشق دەتوانێت خۆی بناسێت؟ ئەمانە چەند پرسیارێکن لە بەرەی خۆناسیندا. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بناسێـت، ئەوە دەبێت ببێتە خاوەنی زانست و مەعریفەیەکی کامڵ کە گومانھەڵنەگر بێت. لە ڕووی فەلسەفییەوە مرۆڤـ دەتوانێت بەم شێوەیە خۆی بناسێت کە ھەندێک پرسیاری بنەڕەتی لە خۆی بکات. بۆ نمونە من کێم؟ من چیم؟ من لەکوێوە ھاتووم؟ بۆچی ھاتووم؟ ئەرکی من چییە لەم ژیانەدا؟ بۆچی بوونم ھەیە؟ کارم چییە لەم جیھانەدا؟ ئەمەش لەڕووی فەلسەفەوە. مرۆڤ ئەگەر ئەم پرسیارانە لە لایەن خۆیەوە وەڵام بداتەوە، ئەوە بەم شێوەیە دەتوانێـت خۆی بناسێت. بەڵام لەڕووی عیرفانەوە بەم شێوەیە نییە کە فەلسەفە بەیانی دەکات بە گەڵاڵە کردنی پرسیاری لەو چەشنە. بەڵکە عیرفان خاڵیت دەکاتەوە لەو پرسیارانە و دەتباتە قووڵایی دەروونی خۆت و لەوێوە خۆت دەناسیت کە ھەڵبەت ناسینی ئەو خودەش جەمسەری یەزدانییە. ئاخر مرۆڤ پڕە لە مـــن. واتە ھەم منی شەیتانی ھەیە و ھەم منی یەزدانی. مرۆڤ کە ڕۆیشتە قووڵایی دەروونی خۆیەوە و ئەو منە یەزدانییەی ناسی، ئەوە وەک ئەوە وایە خودای ناسیبێت. ئەو فەرموودە قودسییەش ھەیە کە دەفەرموێت: “ھەر کەس خۆی بناسێت ئەوە خوداش دەناسێت.» کەواتە ناسینی ئەو خودە یەزدانییە ھەمان ناسینی خودایە”.
ئەوەی کە مرۆڤ چۆن ئاشق بێت یاخود ئەوەی کە بە مەعریفەت ئاشق دەبێت ئەم دوو پرسیارە پێوەندییان بە یەکەوە ھەیە. ئەو گوتە جوانەی غەزالی کە دەڵێت: خۆشەویستی میوەی ئەقڵ و ئاوەزە. بەڵێ مرۆڤ ھەتا مەعریفەی پێ نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئاشق بێت. ئەگەریش ئاشق بێت، ئەوە لەسەر ھیچ بنەمایەک ئاشق نەبووە. مرۆڤ ھەتا زیاتر مەعریفەت بەدەست بھێنێت، ئەوە سەرەنجام زیاتر دەبێتە خاوەنی ئیشق. ئیشق و مەعریفەت، یاخود ئەقڵ و ئیشق کە جیاوازیان نییە لە ڕووی دەستەواژەوە، بەڵام دەبنە تەواوکەری یەکتر. ئەگەر ئەقڵ نەبێت، ئەوە ئیشق ناتوانێت بەبێ ئەقڵ ھەنگاو ھەڵگرێت. ئیشقیش بەبێ ئەقڵ کوێرە. لەبەر ئەوەی ئەقڵ چرای ڕێگای ئیشقە بە گوتەی دینانی. کەواتە مرۆڤ دەتوانێت بە مەعریفەت بگـاتـە پێگەی ئیشق و ئاشق ببێـت. دووبارە ئێوەی ئازیز بگەڕێنەوە بۆ بابەتی “خۆناسین” یاخود سۆراخی بابەتی “خۆناسی عیرفانیی و خوداناسی عیرفانی” بکەن ھەتاکوو زیاتر لە خۆناسی تێ بگەن. بەڵام ئیدی سەرەتا سۆراخی بابەتی خۆناسین، بکەن و دواتریش بابەتی خۆناسی عیرفانیی و خوداناسی عیرفانی. دووبارە ڕوونکردنەوەیەکی دیکە دێنم وەک پرسیار گەڵاڵەی دەکەم کە دەڵێت: تۆ بڵێی شوانەکەی چیرۆکی حەزرەتی مووسا مەعریفەی ھەبووبێ کە ھێندە ئاشق بوو؟ ئیدی منیش پێم وایە وەڵامی ھەموو پرسیارەکان تەنیا ئیشقە و ھیچی دیکە نییە. مەولانا گوتەنی: ئیشق مرۆڤ دەکات بە ھەموو شتێک و دواتریش دەیکات بە ھەموو شتێک کە ئەمەش واتای پلەی کەماڵە.
بڕوانن ھەندێک کات بەدەستھێنانی ئیشق و ئەوین بە مەعریفەت نییە. بەڵکە خاڵیبوونەوەیە لە ھەموو شتێک. دوای خاڵبوونەوە ئیدی مرۆڤ دەگاتە پێگەی عیشق. یاخود مەعریفەت ھەندێک کات جۆرێکە لە ئیلھام و وەحیی کە خودا وەک بەھرەیەک دەیبەخشێت بە مرۆڤەکان نەک ئەوەی کە مرۆڤ بڕوات کتێب بخوێنێتەوە و ببێتە خاوەنی مەعریفەت. واتە وەک شتێکی ئەزەلی خودا دەیخاتە ناو دڵی مرۆڤەوە کە پێی دەڵێن نوور و ئیشراقی دەروونی. مەعریفەت ھەموو کات خوێندنەوە نییە، بەڵکە تێگەییشتن و پێگەیشتنە. ئێمە سێ مەعریفەمان ھەیە کە بریتین لـە: مـەعریفەی زانین و مەعریفەی تێگەییشتن و مەعریفەی چێشتن کە پێشتریش ئەوەم بەیان کردووە. ئەوانەی کە خاوەنی ئیلھام و جۆرێک لە وەحیی و کەشفی شھوودین تەنیا دەچێژن. بەڵام مەعریفەی زانین بەدەستھێنانی زانەستە و زانینی ئەو زانەستەیە. مەعریفەی تێگەییشتن بریتییە لە ناسین. واتە ناسینی شتەکان نەوەک تەنیا زانینییان بێت بەڵکە ناسینیانە.