لە ١٩ی ئابی ساڵی ١٤ی زایینی، کاریگەرترین پیاوی ڕۆما و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی مێژووی جیهان کۆچی دوایی کرد. دەوترێت دوا قسەکانی بریتی بوون لە: “ڕۆمام بە شارێکی خشت دۆزیەوەو وەک شارێکی مەڕمەڕ بەجێمهێشت.” هیچ شتێک ناتوانێت باسی ئەو کاریگەرییە بکات کە ئیمپراتۆر ئۆگستۆس لەسەر جیهانی ڕۆمانی دروستی کرد. کاتێک تەنها کوڕێکی گەنج بوو، لە پڕۆسەی سەرهەڵدانی بوو بۆ دەسەڵات، کۆماری ڕۆمانی کە سەردەمانێک بەهێز بوو، لە تووندوتیژی و گەندەڵیدا نوقم بووبوو. لەبری ئەوەی ڕێگە بە ڕووخانی بدات، ئۆکتاڤیان کە زیاتر بە ئۆگستۆس ناسراوە- یەکەم ئیمپراتۆری ڕۆمانی- دەوڵەتی ڕۆمانی بەهێزتر کرد، خشتی سیستەمی سیاسی کۆن بەکارهێنا بۆ دانانی بناغەی زلهێزی جیهانی کۆن: ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی.
ڕێگاکە بەرەو ئەو ئیمپراتۆریەتە ئاسان نەبوو. کارێکی سەخت و خوێناوی بوو. ماوەیەک بوو لە نادڵنیایی و پاکتاوکردن و شەڕی ناوخۆ و داگیرکاری سەربازی. بەڵام تا ئەو کاتەی وڵات جێگیر بوو، هیچ بەربەستێک نەمابوو بۆ ئەوەی ئیمپراتۆر چاکسازیە زۆرەکانی ئەنجام بدات، کە دەستی بخاتە سەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی ڕۆمانی، لە سەربازییەوە تا ئابووری. بۆ ئەوەی ڕێگری لە داڕمانێکی پڕ لە گێژاوی ئیمپراتۆریەتەکەی بکات، ئۆگستۆس ساڵانێکی زۆری بەسەر برد بۆ گەڕان بەدوای میراتگرێکدا و یەکەم شانشینی ئیمپراتۆری دابمەزرێنێت. لە کۆتا ڕۆژەکانی، ئۆگستۆس دەیتوانی بە ئارامی بمرێت، بە دڵنیاییەوە دەیزانی کە ئەرکەکەی جێبەجێ بووە. یەکەم ئیمپراتۆری ڕۆمانی بەختەوەری دەوڵەتی گەڕاندەوە و ڕۆمی لە بەرامبەر دوژمنەکانی پاراست، وە هەروەها ڕۆمی لە هەموو کاتێک ی تربەهێزتر بەجێهێشت.
“ئۆکتاڤیان؛ ئیمپراتۆری داهاتوو ئۆگستۆس”
بۆ ڕۆمانییەکی ئاسایی کە لە ساڵی ٦٣ پێش زایین ژیاوە، ناوی “گایۆس ئۆکتاڤیۆس” تورینۆس مانایەکی زۆری نەبوو. بەزەحمەت دەتوانی تاوانباریان بکەیت، چونکە ئەوانەی کە شایەتحاڵی لەدایکبوونی ئەم کوڕە بوون، پێشبینیان نەدەکرد کە لە چارەنووسیدا مەزنی نووسراوە. بەڵام ئەو کوڕە، ئۆکتاڤیۆس- کە بە ئۆکتاڤیانیش ناسراوە- کەسێکی تر نەبوو جگە لە ئیمپراتۆری داهاتوو ئۆگستۆس. ئەو پیاوەی کە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین و ئایکۆنیترین دەوڵەتەکانی مێژووی جیهان بنیات دەنێت: ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی. بەڵام هەڵە دەبێت ئەگەر ئۆکتاڤیانی گەنج بە کەس بزانین. لە ڕاستیدا مامی گەورەی جولیۆس قەیسەر بوو کە هێشتا دەستی بە کەمپینە بەناوبانگەکەی گالیک نەکردبوو. بەڵام دایکی کوڕەکە کە خوشکەزای جولیوس قەیسەر بوو، هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆ ئەوەی ئۆکتاڤیانی گەنج لە خزمە بەناوبانگەکەی دوور بخاتەوە. قەیسەر لە ڕاستیدا زۆر گرنگی بەو کوڕە گەنجە نەدا، کە لە ڤێلایەکی دوورە لادێ دەژیا، دوور لە فێڵە سیاسیەکانی کۆمارە نیوە مردووەکە.
ئۆکتاڤیان سیفەتە تەواوەکانی فەرماندەیەکی سەربازی نموونەیی دەرنەخست وەک ئەوەی لە ئەرستۆکراتێکی کۆماری دواییندا چاوەڕوان دەکرا. بەڵام خاوەنی سیفەتێکی دیاریکراو بوو، کە لە کۆتاییدا کوڕەکەی بەرەو تەختی ئیمپراتۆری برد؛ ئەویش تەماحێکی بێ سنوور بوو. ئۆکتاڤیان بە پێچەوانەی خواستی دایکیەوە بڕیاریدا بچێتە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆما و پەیوەندی بە بازنەی ناوەوەی قەیسەرەوە بکات. ئەو بە تەنیا نەبوو لەسەر ئەو ڕێگایە. ئۆکتاڤیان هەر لە منداڵییەوە لەلایەن باشترین هاوڕێیەوە، “مارکوس ڤیپسانیۆس” ئەگریپا، یاوەری و پشتگیری لێدەکرا. ئەگریپا ئەندامی خێزانێکی دیار نەبوو وەک ئیولی. هێشتا ئەو سیفەتانەی هەبوو کە ئۆکتاڤیان نەیبوو- توانا جەستەییەکان، بەهرەی سەربازی و لێهاتوویی فەرماندەیی- هەموو ئەمانە نیشانەکانی ژەنەڕاڵێکی گەورە بوون. لە هەمووی گرنگتر، ئەگریپا دڵسۆز بوو، بەهایەک کە وای لێدەکرد بۆ هاوڕێکەی زۆر بەنرخ بێت و ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی داهاتوودا. هەرچەندە لەگەڵ ئۆکتاڤیان کاتی زۆری بەسەر نەدەبرد، بەڵام قەیسەر چاوی لەسەر خوشکەزازاکەی بوو. قەیسەر بەهۆی ئەوەی کوڕێکی خۆی نەبوو، ئۆکتاڤیانی بە میراتگری داهاتووی خۆی دەزانی. لە ساڵی ٤٦ پێش زایینەوە قەیسەر دەستی کرد بە بەخێوکردنی ئۆکتاڤیان بۆ گەورەیی. بە ژیانی سیاسی ڕۆمای ناساند و چەندین پۆستی گرنگی شارەکەی پێ سپارد. تەنانەت ئۆکتاڤیان بەشداری لە نمایشی سەرکەوتنەکانی قەیسەر لە ڕۆمادا دەکرد، سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا هیچ بەشدارییەکی بەرچاوی نەبوو. لە دەوروبەری هەمان کاتدا، دواجار دایکی ئۆکتاڤیان وازی لێهێنا و ڕێگەی بە کوڕەکەی دا کە بەشداری لە هەڵمەتەکەی لە ئیسپانیادا بکات لەگەڵ قەیسەر لە دژی هێزە ماوەکانی ڕکابەرەکەی ، پۆمپێی مەزن.
بەڵام لە ڕێگای ئیسپانیا ئۆکتاڤیان لە خاکی دوژمنکارانەدا کەشتیەکەی نوقم بوو. سەرەڕای ئەوەش، گەنجەکە (ئەو تەمەنی ١٧ ساڵ بوو) و چەند هاوڕێیەکی ئەو خاکە مەترسیدارەیان بڕی و گەیشتنە کامپی قەیسەر. ئەو کردەوەیە مامی گەورەی سەرسام کرد، کە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ڕۆما ناوەڕۆکی وەسیەتنامەکەی گۆڕی و بە نهێنی ئۆکتاڤیانی کرد بە میراتگری خۆی. ئۆکتاڤیان هێشتا ئەو ئەزموونە سەربازییەی نەبوو کە بۆ بەرزترین پۆستی پێویست بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، قەیسەر قوتابییە گەنجەکەی نارد بۆ ئەپۆلۆنیا (ئەلبانیای ئێستا)، لەوێ کوڕەکە مەشقی سەربازی ئەنجامدا وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵمەتی داهاتووی قەیسەر دژی پارتیا لە ڕۆژهەڵات. بەڵام ئەو هەڵمەتە هەرگیز بە ئەنجام نەگەیشت. لە ساڵی ٤٤ پێش زایین قەیسەر لە پیلانێکی ئەنجومەنی پیران تیرۆر کرا. لەوەش گرنگتر، تیرۆرکردنەکە ژیانی ئۆکتاڤیانی بۆ هەمیشە گۆڕی، زنجیرەیەک ڕووداوی خستە جووڵەوە کە هەموو جیهانی ڕۆمانی دەگۆڕێت. ئۆکتاڤیان بە بیستنی کوشتنی مامی گەورەی، بژاردەی کەمی لەبەردەمدا مایەوە. دەیتوانی بە سەلامەتی لە کەمپی سەربازیدا بمێنێتەوە، یان بچێتە ڕۆما و شەڕ بکات بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی خۆی. لێرە بوو، لە ئەپۆلۆنیا، ئەم گەنجە یەکەم هەڵبژاردەی چارەنووسسازی کرد. ئۆکتاڤیان بە گوێگرتن لە ئامۆژگارییەکانی ئەگریپای هاوڕێی بەرەو ڕۆما بەڕێکەوت. لە ڕێگادا بۆی دەرکەوت کە قەیسەر وەک کوڕ و میراتگری خۆی ناوناوە. ئۆکتاڤیان بە میراتی مامی گەورەی و یارمەتی ئەگریپا، پشتگیری سەربازە دێرینەکانی قەیسەر و دڵسۆزانی بەدەستهێنا.
ئۆکتاڤیان بە قبوڵکردنی وەسیەتنامەی قەیسەر، بوو بە زیاتر لە تۆڵەسەنەرەوەی قەیسەر. بوو بە ڕکابەری مارک ئەنتۆنی، یەکێک لە باشترین ژەنەڕاڵەکانی جولیۆس سیزار، کە هیوای خواستبوو بۆشایی دەسەڵات پڕبکاتەوە. بۆ ئەنجومەنی پیران کە ترسیان لە هێزی سەربازی ئەنتۆنی هەبوو، میراتگرە گەنج و بێ ئەزموونەکەی قەیسەر بژاردەی سەلامەتتر بوو. بەم شێوەیە ئەنجومەنی پیران پشتگیری سەربازی و ئەرکێک بۆ شکستپێهێنانی مارک ئەنتۆنیان بۆ ئۆکتاڤیان دابین کرد. بەڵام لەبری ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی وێرانکەر ڕووبدات، کە سیناتۆرەکان هیوایان بۆ دەخواست، ئەو دوو کەسە بڕیاریان دا هاوکاری یەکدی بکەن. هەر هیوایەک بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی کۆن، بە هاتنی سێیەم لایەنگری قەیسەر، مارکوس ئیمیلیۆس لێپیدۆس، لەناوچوو. ئەنجامەکەی هاوپەیمانییەکی سیاسی بوو کە بە سێ بەری دووەم ناسرا.
سێبەری دووەم کە لە ساڵی ٤٣ پێش زایین پێکهات دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو. پێدەچێت یەکەم فەرمانی کاریان نەهێشتنی بکوژانی قەیسەر بووبێت. بەڵام پێش ئەوەی سێ تۆڵەسەنەرەوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆن، قەدەغەکردنە بەناوبانگەکانیان دەرکرد. لە شەوێکدا زیاتر لە ٢٠٠٠ ڕۆمانی کاریگەر و دەوڵەمەند بوون بە تاوانبار و لە موڵک و ماڵی خۆیان بێبەش کران. ئەوانەی نەیانتوانی دەرباز بن، گیانیان لەدەستدا. لە کاتێکدا کە فەرمانەکە بەشێکی پاڵنەری پێویستی کۆکردنەوەی پارە بوو بۆ ململانێی داهاتوو، ئەم کوشتنە یاساییە ڕێگەی بە تریومڤیری (هاوپەیمانی سێبەر) دا کە هەموو دوژمنە ئەگەرییەکانیان لەناو ببەن. ڕادەی ڕۆڵی ئۆکتاڤیان لە پاکتاوکردنەکەدا ڕوون نییە. بەڵام دەزانین کە ئیمپراتۆری داهاتوو کوشتنی لایەنگرەکەی خۆی و ڕەخنەگری توندی ئەنتۆنی، سیسێرۆی پەسەند کردووە. لەگەڵ ئارامبوونەوەی بەرەی ناوخۆیی، لە ساڵی ٤٢ پێش زایین، ئۆکتاڤیان و ئەنتۆنی لە شەڕی فیلیپیدا سەربازە دڵسۆزەکانی خیانەتکارانیان شکست پێهێنا. هەردوو سەرکردەی دوژمن، بروتوس و کاسیۆس، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. لە کاتێکدا ئۆکتاڤیان لە ڕووی تیۆریەوە خاکێکی بەنرخی بەدەستەوە بوو، لەوانەش شاری ڕۆما، بەڵام دەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەرکێکی قورسدا بکات. دواجار شەڕەکان کۆتاییان هات و ئۆکتاڤیان ناچار بوو چل هەزار سەربازی دێرین نیشتەجێ بکات، لەنێویاندا سەربازەکانی لایەنی دۆڕاو. ئەمەش جەنجاڵییەکی زۆری لەناو خەڵکی مەدەنیدا دروستکرد، کە تامەزرۆی دەستبەرداربوونیان لە زەوییەکانیان نەبوو. لە هەمان کاتدا هیچ سوودێکی نەبوو کە ئۆکتاڤیان زەوی لە پیاوەکانی مارک ئەنتۆنی ڕەتکردەوە. بەڵام داڕوخانی ترایمموڤیری لە کۆتا ساتدا بەدوورگیرا ، چونکە سەربازەکانی ئەنتۆنی نەیاندەوێرا شەڕ لەگەڵ هاوڕێکانیان و میراتگری قەیسەر بکەن.
ئەو ڕووداوە کۆتایی کێشەکانی ئۆکتاڤیان نەبوو. سێکستۆس پۆمپێی، دوا کوڕی پۆمپێی مەزن کە لە ژیاندا مابوو، هێشتا کۆنترۆڵی دوورگەکانی سەقڵیە و سەردینیای بەدەستەوە بوو. کەشتیگەلەکانی ئەو مەترسییان لەسەر ئەو کەشتی دانەوێڵانە دروستکرد کە خۆراکیان بۆ ڕۆما دابین دەکرد. بۆ ڕێگریکردن لە ئاژاوەیەکی گشتی و زیاتر بەهێزکردنی پێگەی خۆی، ئۆکتاڤیان ئەگریپای سپارد بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا بکات. لە ساڵی ٣٧ پێش زایین کەشتییە جەنگییەکانی ئەگریپا هێرشیان کردە سەر سەقڵیەو هێزی دەریایی دوایین پۆمپێیان لەناوبرد. سێ بەری دووەم ئامانجەکەی بەدیهێنا، سزای بکوژەکانی قەیسەر، و دابەشکردنی کۆمارەکەی لە نێوان سێ گەورەکەدا. بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ هەموو بەشداربووان ڕوون بوو کە ئەم هاوپەیمانییە نائاساییە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت. بەرژەوەندییە ناکۆکەکان، دوژمنایەتی کەسی و بێمتمانەیی یەکتر گەرەنتی ململانێی نێوان سێ کەسییان دەکرد. یەکەم کەس کە ڕۆیشت لێپیدۆس بوو کە هەوڵیدا سەقڵییە بۆ خۆی بەرێت، تەنها بۆ ئەوەی لەشکرەکانی لابدەن بۆ ئۆکتاڤیان. لەگەڵ دەرچوونی لێپیدۆس لە وێنەکەدا، تەنها دوو کەسیان مانەوە: ئۆکتاڤیان لە ڕۆژئاوا و مارک ئەنتۆنی لە ڕۆژهەڵات. ستەیجەکە بۆ کۆتا ململانێ دانرا.
“دوایین جەنگی کۆمار”
لەم نێوەندەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو تریومڤیرییەی کە مابوونەوە، ئۆکتاڤیان و مارک ئەنتۆنی، دەستی بە تێکچوون کرد. سەرەڕای ئەوەی ئەنتۆنی هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆکتاڤیا خوشکی ئۆکتاڤیان کردووە، بەڵام لە ئەسکەندەریە دەژیا، پەیوەندییەکەی لەگەڵ کلیۆپاترا، شاژنی میسری بەتلیمۆس نەشاردەوە. ئەگەر بڵێین ئۆکتاڤیان لە ڕەفتاری ئەنتۆنی تووڕە بووە، ئەوە کەمکردنەوەیەکی گەورەیە. دۆخەکە خراپتر بوو دوای ئەوەی مارک ئەنتۆنی بە ئاشکرا شەرعییەتی بە سیزارۆنی کوڕی کلیۆپاترا کرد وەک میراتگری ڕاستەقینەی جولیۆس قەیسەر. بۆ ئۆکتاڤیان کە تەنها بەخێوکرابوو، شەرعیەتدان بە کوڕە بایۆلۆژییەکەی قەیسەر هەڕەشەیەکی گەورە بوو. ئۆکتاڤیان بۆ تێکدانی ڕکابەرەکەی و دەستەبەرکردنی پێگەی خۆی، هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی دەستپێکرد، بە ئاشکرا مارک ئەنتۆنی بە دیکتاتۆرێکی ڕۆژهەڵاتی ئیدانە کرد کە دەیەوێت نەریتە ڕۆمانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام ئۆکتاڤیان پێویست نەبوو زۆر شت بکات چونکە ئەنتۆنی بەردەوام بوو لە هەڵبژاردنی خراپ. یەکەم:- لە ساڵی ٣٤ پێش زایین، ئەنتۆنی ئەنجومەنی پیرانی تووشی شۆک کرد و بە ئاشکرا دابەشکردنی زەوییە ڕۆمییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەسەر کلیۆپاترا و منداڵەکانیدا ڕاگەیاند. پاشان دوای دوو ساڵ مارک ئەنتۆنی لە ئۆکتاڤیا جیابووەوە، ئەمەش نیشانەیەکی تووڕەیی بێڕێزیکردن بوو. بەڵام ڕۆما کە لە شەڕە بەردەوامەکان بێزار بوو، ئامادە نەبوو خۆی بخزێنێتە ناو شەڕێکی دیکەوە. ئۆکتاڤیان بە ئاگاداری ئەمە بڕیاریدا قومارێک بکات. بە زۆر چووە ناو پەرستگای پاکیزە ڤێستاکان و دەستی بەسەر وەسێتنامەی نهێنی ئەنتۆنیدا گرت و بۆ خەڵکی ڕۆمانی ئاشکرا کرد. ئەمەش پێشێلکارییەکی جددی بوو بەو پێیەی کەس نەیدەتوانی بچێتە ناو شوێنە پیرۆزەکەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قومارەکە سوودی هەبوو. لە وەسیەتنامەکەدا (کە دەکرا ساختە بێت)، ئەنتۆنی بەڵێنی زیاتری موڵک و ماڵی ڕۆمانی بە منداڵەکانی کلیۆپاترا دا و داوای کرد دوای مردنی لە ئەسکەندەریە بنێژرێت.
ئەمە لە چاوی ڕۆمەکاندا یەکسان بوو بە کردەوەیەکی خیانەت. بەڵام ئەنجومەنی پیران هێشتا ئامادە نەبوو بچێتە شەڕەوە. لەکاتێکا نیوەی سیناتۆرەکان هێشتا پشتگیریان لە ژەنەڕاڵە دڵخوازەکەی قەیسەر دەکرد. زۆرێکیان بەرەو ئەسکەندەریە بەڕێکەوتن. سەرەڕای شکستی کامپەینەکانی لە دژی پارثییەکان، ئەنتۆنی هێشتا چێژی لە پشتیوانی سەربازەکانی دەبینی. ئۆکتاڤیان هەمیشە سیاسەتمەدارێکی فێڵباز بوو، هەموو ئەمانەى خستە ئەستۆی کلیۆپاترا نەک ئەنتۆنی. ململانێی داهاتوو لە نێوان ئەو دووانەدا نەبوو بەڵکو لە نێوان ڕۆمای شکۆدار و میسری شکستخواردوو بوو. هەڵبژاردنێکی زیرەکانە بوو. هەر لەو ساڵەدا ئەنجومەنی پیرانی توڕەبوو وە بڕیاری دا جەنگ دژی کلیۆپاترا ڕابگەیەنێت.
لە کۆتاییدا دوا شەڕی کۆمار خێرا و خوێناوی بوو. هەرچەندە ئەنتۆنی خاوەنی هێزێکی دەریایی گەورەتر بوو، بەڵام دوودڵی لە هێرشکردنە سەر ئیتاڵیا بەڕاستەوخۆیی کارەساتێکی گرانبەهای لێکەوتەوە. لە سەرەتای ساڵی ٣١ پێش زایین، کەشتیگەلەکانی ئەگریپا کەشتییەکانی دوژمنیان گەمارۆدا کە لە کەناراوەکانی یۆنان بەسترابوون لە کاتێکدا سەربازەکانی ئۆکتاڤیان پێداویستییەکانی هێزی سەرەکی ئەنتۆنی و کلیۆپاترایان بڕی. لە بەرامبەر برسێتیدا، ئەنتۆنی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو جگە لە شکاندنی گەمارۆکە. ئەوەی بەدوایدا هات هیچی کەمتر نەبوو لە کارەسات. ئەگریپا و ئۆکتاڤیان دەستیان بەسەر پلانەکانی دوژمندا گرت و لە شەڕی ئەکتیۆمدا هێزی دەریایی ئەنتۆنی لەناوچوو. هەرچەندە هەردووکیان ئەو و کلیۆپاترا توانیان هەڵبێن، بەڵام یارییەکە کۆتایی هات. دوای ئەوەی ئۆکتاڤیان لە ساڵی ٣٠ پێش زایین لە میسر نیشتەوە، باقی هێزەکانی ئەنتۆنی بەرەو لای ئەو لایاندا. بێبەش بوون لە هاوپەیمان و سەرباز، هەم ئەنتۆنی و هەم شاژنەکەی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. ئێستا ئۆکتاڤیان دادوەری ڕەهای بێ مشتومڕی ڕۆما و هەموو دەریای ناوەڕاست بوو. تەمەنی تەنها ٣٣ ساڵ بوو.
“یەکەمین هاووڵاتی”
تاکە فەرمانڕەوای دەسەڵاتی ڕۆمانی، ئۆکتاڤیان دەستی کرد بە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی. بڕیاریدا هەمان هەڵەی باوکی بەخێوکەرەکەی نەکات. ستراتیژەکە سادە بوو: هێواش هێواش پێگەی خۆی چەسپاند و وردە وردە شەرەف و دەسەڵات قبوڵ بکات. دوای مردنی کلیۆپاترا، ئۆکتاڤیان کۆنترۆڵی تایبەتی میسر و سامانە بەرفراوانەکەی گرتە دەست و دەسەڵاتەکەی پتەوتر کرد. چەند مانگێک دواتر بە یارمەتی ئەگریپا، ئۆکتاڤیان ئەنجومەنی پیرانی ڕازی کرد کە فەرماندەیی بەسەر گال و ئیسپانیا و سوریادا پێبدات. لەم خاڵەدا ئیمپراتۆری داهاتوو کۆنترۆڵی تەواوی نیوەی خاکی ڕۆمانی هەبوو. پاشان لە ساڵی ٢٧ پێش زایین ئۆکتاڤیان لەناکاو دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بوو و خانەنشینبوونی خۆی لە ژیانی گشتی ڕاگەیاند. بەڵام بێگومان هەمووی بۆ نمایشکردن بوو و بە شێوەیەکی نایاب کاری کرد.
ئەنجومەنی پیران کە لە شەڕێکی ناوخۆیی نوێ دەترسان، داوایان لە گەنجە فێڵبازەکە کرد کە بمێنێتەوە. کاتێک ئۆکتاڤیان ڕازی بوو، سیناتۆرە سوپاسگوزارەکان نازناوی “ڕێزدار” یان پێبەخشی یان ئەوەی ئێمە پێی ئاشناین: ئۆگستۆس. لە ساڵی ١٩ پێش زایین، دیسانەوە بە یارمەتی ئەگریپا، ئیمپریۆم مایوس (دەسەڵاتی باڵا)ی پێدرا بەسەر هەموو پارێزگاکانی دەوڵەتی ڕۆم و لەوەش گرنگتر هەموو لیژنەکان. ئۆگستۆس وەک ئیمپراتۆر (فەرماندەی گشتی) ئێستا هەم حکومەت و هەم سوپای کۆنترۆڵ کردبوو. لە کاتێکدا کە بە وریاییەوە بەردەوام بوو لە دوورکەوتنەوە لە تەڵەکانی پاشایەتی، خۆی بە سادەیی بە پرینسپس، یان “هاوڵاتی یەکەم” ناودەبرد، ئۆگستۆس لە هەموو شتێکدا ئیمپراتۆر بوو جگە لە ناو. سەردەمی کۆماری ڕۆمانی کۆتایی هات، وە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دەستی پێکرد. ئێستاش سەردەمی ئۆگستۆس بە سەردەمی زێڕینی ڕۆما دادەنرێت. لە سەردەمی حوکمڕانیدا ئۆگستۆس سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتەکەی درێژکردەوە و بە گواستنەوەی لەشکرەکان بۆ سنوورەکە ئاشتی مسۆگەر کرد. قۆرخکارییەکەی بەسەر سەربازیدا، و دوورخستنەوەی سەربازەکان لە دڵی ئیمپراتۆریەت، ڕێگری لە شەڕێکی ناوخۆیی دیکەی کرد. چینێکی دیکەی ئاسایش زیادکرا بە دامەزراندنی فەوجێکی هەمیشەیی پاسەوانی ئیمپراتۆر- پرایتۆرییەکان- کە تاکە یەکەی سەربازی بوون کە لە ڕۆما جێگیر بوون.
هەروەها ئۆگستۆس بەرنامەکانی بیناسازی زیاتر کرد، دیمەنی شار و گوندەکانی ئیمپراتۆریەتەکەی دووبارە داڕشتەوە. دووەم فەرماندەیی ئەو، مارکوس ئەگریپا، ئەندازیار و تەلارسازێکی پێشەنگ، بە شێوەیەکی تایبەت سەرپەرشتی دروستکردنی بینا گشتییە گرانبەهاکانی وەک حەمامە ڕۆمانییەکان و کانیاوی ئاو و پانتێۆنی کردووە. تۆڕێکی ڕێگاوبانی نایابی دروست کرد کە ئاسانکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئیمپراتۆریەتی فراوان و بازرگانی بەهێزتر دەکرد. لە هەمان کاتدا، کەشتیگەلێکی بەهێز پۆلیسیی دەریای ناوەڕاستیان دەکرد (بۆ یەکەمجار و تاکە جار لە مێژوودا یەکگرتوو بوون)، کە ڕۆمییەکان پێیان دەگوت – مارێ نۆسترۆم یان “دەریای ئێمە”.
ئیمپراتۆر ئۆگستۆس گرنگییەکی زۆری بە هونەر دا و وەک یارمەتیدەرێکی زۆرێک لە هونەرمەندان ڕۆڵی دەگێڕا. چونکە هونەر ئامرازێکی بەهێز بوو بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆر. نووسەرانی وەک ڤێرگیل (نووسەری کتێبی ئەنید)، مێژوونووس لیڤی و شاعیر “هۆراس” ستایشی حوکمڕانی ئۆگستۆسیان کرد کە ئاشتی و خۆشگوزەرانییان بۆ ڕۆما هێنایە ئاراوە. هەروەها “ئۆگستۆس” گرنگییەکی تایبەتی بە بابەتە یاساییەکان داوە. چاکسازی و یاسای بەرفراوانی دەرکرد، هاندانی هاوسەرگیری، ڕێکخستنی سزاکانی زینا و سنووردارکردنی نمایشکردنی ئیسرافی گشتی (ئیمپراتۆر خۆی لە شوێنێکی زۆر سادەدا دەژیا). ئۆگستۆس ئەوەندە بە توندی پابەند بوو بە یاساکانیەوە کە تاکە منداڵی، جولیای کچی بەهۆی زیناکردنەوە دوورخستەوە! لە لایەکی دیکەوە، هاوسەرگیری ئیمپراتۆر لەگەڵ لیڤیای خێزانی بۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵ بوو، نموونەیەکی درەوشاوەی بۆ ڕۆمەکان دروستکرد کە لێوەی فێربن.
“گەڕان بۆ میراتگرێک”
هەموو هەوڵەکانی “ئۆگستۆس” بۆ دامەزراندنی و چەسپاندنی ئیمپراتۆریەتەکە بێهودە دەبوون ئەگەر جێنشینی نەبوایە. بەم شێوەیە لە سەرەتای دەسەڵاتی خۆیدا، ئیمپراتۆر دەستی کرد بە هەوڵی دۆزینەوەی میراتگر. هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە ئەم ئەرکە ئەرکێکی قورس دەبێت. لە ساڵی ٢٣ پێش زایین، مارسێلۆسی برازای ئۆگستۆس کۆچی دوایی کرد، تەمەنی تەنها ٢١ ساڵ بوو، هەر لەو ساڵەدا ئۆگستۆس کە هەرگیز تەندروستی باش نەبوو، بە سەختی نەخۆش کەوت. بە دڵنیاییەوە کە لە مردندایە و بێهیوا بوو لە دانانی ئیمپراتۆریەتەکە لە دەستی کەسێک کە بتوانێت متمانەی پێ بکات، ئۆگستۆس تاکە شتێکی لۆژیکی کرد: باشترین هاوڕێی خۆی مارکۆس ئەگریپا وەک میراتگری خۆی ناونا. کاتێک ئیمپراتۆر چاک بووەوە، بڕیارەکەی کرد بە فەرمی بە هاوسەرگیری جولیای کچی لەگەڵ ئەگریپا، ئەمەش یەکەم هەنگاو بوو بۆ بنیاتنانی شانشین. هاوسەرگیرییەکە میراتگری زۆر پێویستی بەرهەمهێنا. ئۆگستۆس ئەو دوو کوڕەی بەخێو کرد و وەک کوڕەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن.
بەڵام چارەنووس ڕێگەی نەدا. مردنی زووی هەردوو “گایۆس و لوسیۆس” لە ساڵانی ٢ و ٤ی زایینی، ئیمپراتۆرەکەی ناچار کرد جارێکی تر دەست بە هەوڵەکانی بکاتەوە. کوڕی سێیەمی ئەگریپا بە ناوی “ئەگریپا پۆستۆموس” کە دوای مردنی ئەگریپا لەدایکبوو، سەلماندی کە پیاوێکی تووندوتیژ و دڕندەیە. ئۆگستۆس دەبوو لە شوێنێکی تر بەدوای میراتگرێکدا بگەڕێت. دوو زڕ کوڕەەکەی ھاوسەرەکەی، منداڵەکانی لیڤیا لە یەکەم هاوسەرگیرییەوە، هەردووکیان ئەو توانایەیان هەبوو کە پێویست بوو بۆ ئەوەی ببنە ئیمپراتۆری دووەمی ڕۆما. هەردوو دروس و تایبێریوس فەرماندەی سەربازی سەرکەوتوو بوون کە خۆیان لە کامپەینەکانی جێرمانیا سەلماندبوو. ئۆگستۆس لایەنگری دروسوس بوو کە گەنجتر و کاریزماتیکتر بوو لە نێوان ئەو دوو برایە، بەڵام چارەنووس جارێکی دیکە دەستوەردانی کرد. لە ساڵی ٩ پێش زایین، لە تەمەنی تەنها ٢٩ ساڵیدا، دروس لە ئەسپەکەی کەوتە خوارەوە و پلانەکانی ئۆگستۆسی تێشکاند.
ئیمپراتۆر خۆی لە دۆخێکی سەختدا بینیەوە. لە نزیک کۆتایی ژیانیدا، فەرمانڕەوای تەمەن ٧١ ساڵان زۆر پێویستی بە جێنشینێکی شەرعی بوو. ئەگەر شکستی هێنا، ئەوا ئیمپراتۆریەتی تازەپێگەیشتووی “ئۆگستۆس” دەتوانێت داڕمێت و ڕۆما بخاتە ناو شەڕێکی خوێناوی دیکەوە. تایبێریوس خۆبەدەستەوەدەر و مەزاجاوی بوو، دوور بوو لە هەڵبژاردەی یەکەمی خۆی، بەڵام دوا هیوای ئۆگستۆس بوو. لێرە بەدواوە شتەکان بە خێرایی جووڵەیان کرد. “ئۆگستۆس تایبێریوسی” وەک کوڕ و میراتگری بەخێو کرد و ناچاری کرد لە ژنەکەی جیاببێتەوە. تایبێریوس لە هەمان کاتدا ئامادە نەبوو ڕۆبی ئیمپڕاتۆری بپۆشێت. بەڵام بەداخەوە نەیدەتوانی هیچ شتێک بڵیت لەو بابەتەدا. ئۆگستۆس بەلایەوە گرنگ نەبوو ئەگەر هاوسەرگیری نێوان جولیای کچی و تایبێریوس هاوسەرگیرییەکی بێ خۆشەویستی بێت. هەروەها گرنگی بەو شتە نەدەدا کە تەختەکە بارگرانییەکی قورس دەبێت بۆ ئیمپراتۆری نوێ. تەنها ئەوەی دەیویست گواستنەوەیەکی ڕێک و پێکی دەسەڵات مسۆگەر بکات. بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی ئەو ئیمپراتۆریەتەکەی کە بە هەوڵێکی زۆر و قوربانیدان و خوێنێکی زۆر ڕژاو دروستکراوە، بژێت و بەردوام بێت. لەمەشدا سەرکەوتوو بوو.
“میراتی ئۆگستۆس”
دوای ئەوەی ئۆگستۆس ناوی تیبریۆسی بە میراتگری خۆی هێنا، شتێکی چاوەڕواننەکراوی کرد. ئیمپراتۆرە گورجوگۆڵەکە کە هەموو ژیانی خۆی لە سیاسەتی ڕۆمادا بەسەر بردبوو، کە تەندروستیە ناسکەکەی و ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە خەونەکەی بۆ بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتێک، لە ژیانی گشتی کشایەوە. بۆ چەند ساڵێکی دیکەش وەک ئیمپراتۆری ڕۆمانی مایەوە و تەنانەت توانی تۆمارێکی کەسی یەکەمی ژیان و دەستکەوتەکانی بنووسێت: Res Gestae Divi Augusti (“کردەوەکانی ئۆگستۆسی پیرۆز”). بەڵام ئێستا ئیمپراتۆریەتەکە لە دەستی تیبریۆسدا بوو. لە کاتێکدا ئیمپراتۆری دووەم لە یەکەم نزیک نەدەبووەوە، بەڵام دروستکراوەکەی ئۆگستۆسی پاراست. دەستکەوتەکانی ئۆگستۆس زۆرن و ناتوانرێت بژمێردرێن. لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە دیپلۆماسی و توندوتیژی و داهێنەرییەکی تەواوەوە، کوڕە گەنجەکە، گایۆس ئۆکتاڤیۆس یان ئۆکتاڤیان بەسەر هەموو دوژمنەکانیدا مانۆڕ و شکستی هێنا و کۆمارەکەی هەڵوەشاندەوە، تەنها بۆ ئەوەی وەک ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بنیاتی بنێتەوە. ئەو هەموو ئەو کارانەی بە تەنیا نەکردووە. مارکوس ئەگریپا، باشترین هاوڕێی ئۆگستۆس و دواتر ئەندامی بنەماڵەی ئیمپراتۆری، دڵسۆز و ماندوو نەناسانە کاری دەکرد بۆ ئەوەی یارمەتی هاوڕێکەی بدات خەونەکەی بەدیبهێنێت.
“ئۆگستۆس” ئاگاداری ئەوەبوو کە هەموو هەوڵەکانی پوچ دەبوونەوە ئەگەرنەتوانێت کەس لە جێگەی خۆی بە میرات بگرێت، بۆیە بەشێکی باشی تەمەنی خۆی بە گەڕان بەدوای جێنشینێکدا بەسەر برد و لە پرۆسەکەدا بنەماڵەیەکی دروستکرد. یەکەم شانشینی ئیمپراتۆری، خولیۆ-کلاودییەکان، بۆ ماوەی نزیکەی نیو سەدە حوکمڕانییان کرد، ئەمەش بناغەکانی ئیمپراتۆریەتی گەشەپێسەندوو بەهێزتر دەکرد. لە ئەنجامدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی زیاتر لە هەزار ساڵ (بە شێوەیەک یان شێوەیەکی تر) دەخایەنێت تا ڕووخانی لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا. بێگومان ئۆگستۆس نەیدەتوانی ئەوە بزانێت. هەروەها نەیدەتوانی بزانێت ئەو کاریگەرییە قووڵەی کە بەجێیدەهێڵێت لەسەر ئەوروپا و جیهان. کاتێک ئۆگستۆس لە ساڵی ١٤ی زایینیدا کۆچی دوایی کرد، لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە بە divus (ئیلاهی) دەنگی پێدرا. تەرمی ناوبراو دوای پرسەیەکی گەورە لە ئارامگایەک کە میوانداری ئەندامانی شانشینی جولیۆ-کلاودی دەکرد، سووتێنرا. بۆ هاووڵاتیانی ڕۆما، پێکهاتە مەزنەکە نیشانەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەو جیهانە نوێیەی کە ئێستا بەشێک بوون لێی. ئەنجومەنی پیران دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە هێشتا پلەیەک دەسەڵاتی پاراستووە. هەندێک لە جێنشینەکانی ئۆگستۆس وەک کالیگولا یان نیرۆ هەوڵیاندا تەحەدای ئەوە بکەن و لە ئەنجامدا مردن. بەڵام سەرەڕای هەندێک پاشەکشەی سەرەتایی، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی هێواش هێواش خەریکی ناوەندگەرایی بوو، پیاوی سەر تەخت زیاتر و زیاتر دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. هەرچەندە ئۆگستۆس هەوڵیدا وا مامەڵە بکات کە کۆماری ڕۆمانی هێشتا لە ژیاندا بێت، بەڵام درۆ بوو. کۆماری کۆن لەو ساتەی کە جولیۆس قەیسەر ڕوبیکۆنی تێپەڕاند، مرد. بەڵام ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، خودی دروستکراوی ئۆگستۆس، زۆر زیندوو بوو.
شاعیری ڕۆمانی مارشال سەبارەت بە گۆڕی ئۆگۆستۆس نووسیویەتی:-
دوو پێکی زیادم بۆ تێکە، لە فالرنیان، کالیستۆس،
تۆ، ئەلسیموس، بەفری هاوینی بەسەردا بتوێنەوە،
بهێڵە با قژی بریقەدارم بە بۆن و عەتر بڕازێندرێتەوە،
با برۆم لە ژێر گوڵ و گوڵزاری دووراوەدا هیلاک بێتەوە،
پێم دەڵیت بژی، ئەو مەزارگەیە کە نزیکە لێمەوە
فێرمان دەکات خوداوەندەکانیش ڕۆژێک دادێت کە دەکوژێنەوە.
https://www.thecollector.com/augustus-roman-emperor/
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار