گەلە ڕەسەنەکانی هەردوو ئەمریکا چەندین کولتووری جیاوازیان هەیە و هەر یەکەیان ئەفسانە یان میسۆلۆجیای تایبەتیی خۆی هەیە و گەلێکیان لە بابەتە دیاریکراوەکاندا بەشدارن بەسەر سنوورە کولتوورییەکاندا. لە ئەفسانەکانی ئەمریکای باکووردا، بابەتە هاوبەشەکان پەیوەندیی نزیک دەگرێتەوە بە سرووشت و ئاژەڵ و بە هەمان شێوەش باوەڕهێنان بە ڕۆحی مەزن کە بە شێوە و ڕێگەی جۆراوجۆر وێنا دەکرێت.
“ئەمریکای باکوور”
ڕێژەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە هەر کەرت یان کاونتییەکی پەنجا ویلایەتەکە و ناوچەی کۆڵۆمبیا و پۆرتۆ ڕیکۆ بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٠ی ویلایەتە یەکگرتووەکان. گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکای باکوور تاقە یەک ئەفسانەیان نییە، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆری کانۆنی جۆراوجۆریان بۆ گێڕانەوە نەریتییەکانی پەیوەست بە ئایین و ئێتیک و باوەڕەکان. چیرۆکەکانی لەم چەشنە بە قووڵی ڕەگیان لە سرووشتدا داکوتاوە و دەوڵەمەندن بە سیمبۆڵیزمی وەرزەکان و کەشوهەوا و ڕووەک و ئاژەڵ و زەوی و ئاو و ئاگر و ئاسمان و ئەستێرەکانی ئاسمان. توخمە هاوبەشەکان پرەنسیپی ڕۆحی مەزنی گشتگیر و بەهرەمەندە لە هەموو زانستێکی پەیوەست بە زەوی و دیمەنە سرووشتییەکانی و باوەڕبوون بە جیهانێکی هاوتەریب لە ئاسماندا (کە هەندێ جار ژێر زەوی یان لە ژێر ئاودایە) و گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانی دروستبوون و سەردان بۆ “خاکی مردووان” و یادگارییە بەکۆمەڵەکانی باوباپیرانی دێرینی پیرۆز.
خاسییەتی زۆرێک لە ئەفسانەکان پەیوەندیی نزیکی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ بوو (لەنێویاندا باڵندە و خشۆکەکانیش). ئەفسانەکان بەزۆری ئاڵوگۆڕی فۆرم و شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤ دەکەن. هاوسەرگیریی نێوان مرۆڤ و جۆرە جیاوازەکانی گیانداران (بەتایبەتی ورچ) دیاردەیەکی باوە. لە هەندێ چیرۆکدا، گیانداران چاودێریی منداڵانی مرۆڤ دەکەن. هەرچەندە زۆربەی ئەفسانەکانی گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور قووڵ و ترسناکن، بەڵام هەندێکیان قۆشمەبازییەکی سووک بەکاردەهێنن بۆ خۆشی و کات بەسەربردن و بەزۆری لە فۆرمی کەسانی تەڵەکەبازدا، چونکە زیرەکانە پەیامی ڕۆحی و مۆراڵیی گرنگ دەگوێزێتەوە. باکارهێنانی هێما و رەمز باوە، چونکە بابەتگەلێک دەردەخات هەر لە خۆشەویستی و دۆستایەتییەوە بیگرە تا دەگاتە تووندوتیژیی نێو ماڵ و نەخۆشیی دەروونی. هەندێ لە ئەفسانە پەیوەندییان بە ڕێوڕەسمە ئاینییە نەریتییەکانەوە هەیە کە سەما و موزیک و گۆرانی و جەزبە لەخۆدەگرێت (بۆ نموونە وەک سەمای خۆر).
زۆربەی ئەفسانەکانی ئەم ناوچەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن زانایانی ڕەگەزناسی (ئیتنۆلۆجییەوە) لە ماوەی داودوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە نەسخ کراون. ئەم سەرچاوانە لەلایەن کەسانی بەساڵداچووی ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە کۆکراونەتەوە کە هێشتا پەیوەندیی بەهێزیان هەیە بە نەریت و ترادیسیۆنی باوباپیرانیانەوە و بە ڕەسەنترین تۆماری چیرۆک و حیکایەتە کۆنەکان دادەنرێن کە ماونەتەوە و بەم پێیە بنەمای ئەم وەسفانەی خوارەوە پێکدێنن.
“باکووری خۆرهەڵات؛ باشووری ڕۆژهەڵاتی کەنەدا و باکووری ڕۆژهەلاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە دەریاچە مەزنەکانیشەوە”
ئەفسانەکانی ئەم دەڤەرە خاسییەتی بوونی خواوەندی مێینەیەن هەیە، وەک خواژنی خولقێنەر و کیسەڵی مەزن و یەکەم دایک، کە لە جەستەیەوە یەکەم زوڕات (گەنمەشامی) و تووتن ڕوواوە. هەردوو پاڵەوانی مەزنی خواوەندی کولتووریی، گلووسکاپ و مانابوس. چیرۆکگەلێکی ترپەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان گیانداران و مرۆڤ وێنا دەکەن و هەندێک لە ئەفسانەکان لەبنەڕەتدا بە شێوەی گێڕانەوەی شیعری دەخوێنرێنەوە.
“پێدەشتە گەورەکان”
چیرۆکە تایبەتمەندەکانی پێدەشتە گەورەکان بە خاسییەتی بوونی گامێشیان تێدایە، کە خۆراک و پۆشاک و نیشتەجێبوون و پێداویستیی ناوماڵی بۆ گەلانی پێدەشتەکان دابین دەکرد. گامێش لە هەندێ ئەفسانەدا دۆستێکی فریادڕەسە و لە هەندێکی تردا ترسناک و داخ لەدڵە. خۆر خواوەندێکی گرنگە و کاراکتەرە بان سرووشتەکانی تر ئەستێرەی بەرەبەیان و باڵندەکانی هەورەگرمە دەگرێتەوە. بابەتی هاوبەش بریتییە لە ئەنجامدانی گەشتێک، کە بەزۆری بۆ شوێنێکی بانسرووشتە بەسەر دیمەنەکانی سرووشتدا یان بۆ جیهانی هاوتەریب لە ئاسماندا. یەک لە چیرۆکە زۆر باوەکانی تەڵەکەبازەکان لە پێدەشتەکاندا حیکایەتی پیرەمێردە، کە زۆرێک لە چیرۆکە قۆشمەکانیان لەبارەوەیە. پیرەمێرد، کە بە وازیا ناسراوە لەگەڵ ژنەکەیدا لە ژێر زەویدا دەژی و کچێکیان دەبێت و شوو بە با دەکات و چوار کوڕی لێ دەبێت کە ناوەکانیان بریتییە لە: باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. پاسان خۆر و مانگ و با پێکەوە حوکمی گەردوون دەکەن. پاڵەوانێكی گرنگی تری بانسرووشت کوڕی خوێن مەیینە، کە لە مەیینی خوێنەوە پەیدا بووە. ئەم دەڤەرە ئەفسانەکانی ئەم خێڵانەش دەگرێتەوە: هۆ چانک، لاکۆتا، پاونی.
“باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان”
ئەفسانە گرنگەکانی ئەم ناوچەیە مامەڵە لەگەڵ بنەماکانی ڕاوکردن و کشتوکاڵ و نەخۆشی و پزیشکیدا دەکەن. یەکێک لە پراکتیزە گرنگەکانی ئەم ناوچەیە ڕۆحانییەتە (ئەنیمیزم animism)، واتە باوەڕبوون بەوەی کە هەموو شت و شوێن و خەلقندەیەک ڕۆحی هەیە. بە پێی ئەم باوەڕە زۆربەی حاڵەتەکانی مردن یان نەخۆشی یان بەدبەختی بەستراوە بە شکستهێنان لە ئاسوودەکردنی ڕۆحی ئاژەڵی سەربڕاوەوە. کاتێ کە ئەمە ڕوودەدات، دەکرێ ئەو ئاژەڵە یان گیاندارە تۆڵە بکاتەوە لە ڕێگەی “سەرۆکی جۆرەوە”. بڕی زۆری ئەو ماددە دەگمەنانەی کە لەم شوێنانەدا بە مردوویی دۆزراونەتەوە بەڵگەی بەهێزی ئەوە دەگەیەنن کەوا ئەو خەڵکانە باوەڕیان بە جۆرێک لە ژیانی ئەودنیا بووە (واتە پاش مردن). باوەڕ وایە کەوا کاتێ یەکێک لە ئەندامانی خێڵێک دەمرێت، ئەوە ڕۆحەکەی بەسەر کۆمەڵگەکەیاندا دەسووڕێتەوە و هەوڵ دەدا قەناعەت بە دۆست و خزمانی بکات بچن بۆ لای، بەم جۆرە ڕێوڕەسمی مردوو ناشتن لای ئەوان نەک هەر بە زیندوو ڕاگرتنی یادەوەریی مردووەکانیان بووە، بەڵکوو هەوڵێکیش بووە بۆ پاراستنی زیندووەکان.
ئاهەنگی زوڕاتی سەوز، کە بە بوسکیش دەناسرێت، ئاهەنگێکی ساڵانە بووە بۆ بەروبوومی بەبڕشت و باشی زۆڕات (گەنمە شامی)، کە تێیدا ئاگرەکانیان دەکوژێننەوە و سەرلەنوێ دایدەگیرسێننەوە، لە خەتا و گوناهی یەکتر خۆش دەبن (گەردن ئازایی دەکەن) و کەرەستە و پێداویستییەکانیان دەشکێنن و پاشان دەیانگۆڕن بە کەرەستەی نوێ. ئەمەش لەبنەڕەتدا نوێکردنەوەی ژیان و کۆمیونیتیی ئەم خێڵانە بووە.
“ئەفسانەی گەلی ڕەسەنی چێرۆکی لەبارەی خولقاندنەوە”
سەروەخت و زەمانێک بووە کەوا زەوی نەبووە و تەواوی خەلقندەکان لە شوێنێکدا ژیاون لە سەرووی ئاسمانەوە و پێی گوتراوە گاڵڤلۆی Galvlo’iو هێجگار قەرەباڵغ بووە. بەو هۆیەوە خەلقندەکان بڕیاریان داوە قالۆنچەی ناو ئاو بنێرن بەڵکوو بتوانێ شوێنێکی نوێیان بۆ بدۆزێتەوە تیایدا بژین. ئەویش بە ناچاری خۆی لە ئاودا نوقم کرد و ڕۆیشت تا گەیشتە بنی دەریا و لەوێ چنگێ قوڕی هەڵگرت و هێنایە سەرەوە. هەرکە قوڕەکە گەیشتە سەر ئاوەکە بە هەموو لایەکدا بڵاوبووەوە و بوو بە دوورگەیەک. ئەوجا ڕۆحی مەزن دوورگەکەی جێگیر کرد و بەستیەوە بە گومەزی ئاسمانەوە.
هەرچەندە ئێستا وا زەویی جێگیر بووە، بەڵام هێشتا زۆر شل و نەرم بوو کە ئاژەڵ و گیانداران نەیاندەتوانی لەسەری ڕاوەستن، بۆیە باڵندەی بازیان نارد بۆ پشکنینی. بازیش ماوەیەک بە سەریدا فڕی تا شوێنێکی وشکی وای دۆزییەوە کە بتوانێ لەسەری بنیشێتەوە و کاتی ئەوەی کرد باڵەتەپە و پێکدادانی باڵەکانی بوون بە هۆی جووڵەی قوڕەکە، بە ڕادەیەک کە لە هەندێ شوێن دابەزی و لە هەندێ شوێنیش بەرز بووەوە و وایکرد لووتکە و دۆڵ و گرد و ساخ لە سەر زەوی دروست ببێت. پاشان خەلقندەکان توانییان دابەزنە سەری، بەڵام هەر زوو هەستیان کرد کە تاریکییەکی ئەنگوستەچاوە و بۆیە داوایان لە خۆر کرد لەگەڵیان بچێت. لێرە مەخلووقات هەموو بەختەوەر بوون بێجگە لە کوللەی دەریا چونکە توێکڵە ڕەقەکەی پشتی سوور هەڵگەڕابوو لەبەر ئەوەی خۆر زۆر لێیەوە نزیک بوو. ئەوجا لەو سۆنگەیەوە حەوت چین خۆریان بەرز کردەوە تا ئەو ئاستەی کەوا کوللەی دەریا لێی ڕازی بێت.
پاشان ڕۆحی مەزن ڕووەکی بۆ ئەم زەوییە خولقاند و دواجار فەرمانی بە ئاژەڵ و گیانداران کرد کە ماوەی حەوت شەو و حەوت ڕۆژ نەخەون. بە تەنها پەپوو توانی ئەو کارە بکات و وەک پاداشتێک ڕۆحی مەزن توانای بینینی پێبەخشی لە تایکیدا. ڕووەکەکانیش ویستیان وابکەن بەڵام تەنها دارکاژ و هۆڵی و چەند ڕووەکێکی تر توانییان بێخەو بمێننەوە، بۆیە ڕۆحی مەزن دیاریی مانەوەی گەڵاکانیان بە درێژایی ساڵ پێبەخشین. پاشان ڕۆحی مەزن بڕیاری دا کە خەڵکانی گەرەکە لەسەر ئەم دوورگەیە بژین، لەبەر ئەوە یەک پیا و یەک ژنی دروستکرد و ئەم جووتە هێشتا نەیاندەزانی وەچە خستنەوە چۆن دەبێت، بۆیە پیاوەکە چوو ماسییەکی هێنا و بەتوندی خستیە سەر سکی ژنەکە و پاش ئەوە ژنەکە منداڵی بوو. ئەوان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئەو کارەیان کرد تا ئەو کاتەی کە ڕۆحی مەزن هەستی کرد کەوا ژماریەکی باشی مرۆڤ لەسەر زەوی پەیدا بوون و لەمە بەدوا کارەکەی وا لێکرد کە ژن تەنها ساڵی جارێک منداڵی ببێت.
“ئەفسانەکانی تاینۆ”
ئەم میسۆلۆجی و فیلۆسۆفییە گوزارش لە باوەڕە ڕۆحییەکانی دانیشتووانی دوورگەی مایپوری دەریایی دەکەن، کە لە گەلانی گرووپی ئەمەزۆن/ یان ئاراواکانن. ڕەچەڵەک و ئەفسانەی ئەوان بوونی خواوەندێکی خولقێنەر لەخۆدەگرێت بێجگە لە لەدایکبوونێکی خۆڕسکییدەوریی بێکۆتایی. ئەوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باشوورەوە کۆچیان کردووە و چیرۆک و حیکایەتەکانیان ڕێزدانانە بۆ خواوەند و خواژنەکان بێجگە لە تێڕوانینی پشتی ئەوەش. هەندێ لە فەلسەفەکان چەمکی واقیع وەک وەهم و خەیاڵ وەردەگرن و ئەم جیهانە وەک خەونێک دەبینن. هەندێ لەو نەخشە بەردانەی لەو دوورگانەدا هەن سەرچاوەگەلێکیان تێدایە وا لێکدەدرێنەوە کە ئاماژەن بۆ بوونی ژیان یان بوونەوەری ئاسمانیی لە گەلاکسییەکاندا. ئەمڕۆ کەسانی سەر بەم کۆمەڵگەیە چەندین دید و تێڕوانینیان لەبارەی ئەفسانەکانەوە، کە هەندێکیان ئاماژەن بە ڕێزگرتن لە باوباپیران و ئەوانیتر ئاماژەن بۆ ڕێزگرتن لە خواوەند و ڕۆح. کۆمەڵی باوەڕەکان ئاماژەن بۆ ڕەچەڵەک لەبریی ئاماژەکردن بۆ تاکە ڕاستییەکی ڕەها. کۆلکە هاوبەشەکانی نێوان ڕەچەڵەکەکان لە ڕێگەی بەردەکانی کێمی / زێمی، ماڵە ڕۆحییەکانی ڕەچەڵەک شانبەشانی ڕێزگرتن لە ڕۆحەکانی خۆر و مانگ لەخۆدەگرن، لە بەرانبەر ڕێزگرتنی ڕۆحەکانی کەشوهەوا و ڕێز و پێزانینی ڕۆحە پیرۆزەکانی مردوواندا.
“كاليفۆرنيا و حەوزی گەورە”
ئەفسانەکانی ئەم ناوچەیە خولقێنەری پیرۆز/ گورگی فێڵبازی دەشتایی تێیاندا باڵادەستە و کاراکتەری تری گرنگی وەک گەلی خۆر و ژنانی ئەستێرە و تاریکی لەخۆدەگرن. هەندێک لەو ئاهەنگە زۆر جیاکارانەی ئەم ناوچەیە عادەت و نەریتی بەڕێکردنی مردووانە و یادکردنەوەیانە. کاتێ کە حاڵەتێکی مردن ڕوودەدات، ئەو خانووەی کە مردنەکە تێیدا ڕوودەدا دەسووتێنرێت و هەندێ جاریش قەدەغەیە ناوی مردووەکە بهێنرێت. بێوەژنی هاوسەری مردووەکە خۆی لە قیر هەڵدەکێشێ و پرچی دەبڕێت تا ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر پرسەبارییەکەیدا. ئەم تازێبارییە بە ناوی “سووتان” و “گریان” و “سەمای مەرگ” دەناسرێت. لە ماوەی ئەم ڕێوڕەسمانەدا، گەلێ لە مڵک و ماڵ دەسووتێنرێن لەکاتێکدا کە خێڵەکە سەما دەکات و هاوار دەکات و دەگری لەپێناوی ڕازیکردنی ڕۆحەکاندا.
ڕێوڕەسمێکی باوی تر هەیە و ئەویش ئەو ئاهەنگگێڕانەیە کاتێ کەوا مێرمنداڵان دەگەنە تەمەنی باڵقبوون. هەروەها کچانیش بە زنجیرەیەک تابووی قورسدا تێدەپەڕن کاتێ کە یەکەم سووڕی مانگانەیان تووش دەبێت بەڵام کۆتاییەکەی بە ئاهەنگێکی پڕ لە سەما و هەڵپڕکێ تەواو دەبێت. کوڕان پابەندی دەسپێکێکی فەرمی دەبن لە خێڵدا و ئەویش بەشداری کردن بوو لەو ئاهەنگ و ڕێوڕەسمانەی کەوا نهێنی و ئەفسانەکانی خێڵەکانی دەگێڕایەوە.
“باشووری ڕۆژاوا”
ئەفسانەی گەلانی ڕەسەنی ناڤاجۆ و ئاپاچێ و پویبلۆ دەگێڕێتەوە کە بنیادەمە یەکەمەکان لە جیهانی خوارەوە هاتوونەتە سەر زەوی. بە پێی گەلی هۆپی پویبلۆ، یەکەمین بوونەوەرەکان خۆر و دوو خواژن بوون نە ناوی ژنە قورسەکە (Huruing Wuhti)و ژنە جاڵجاڵۆکەکەناسرابوون. ئەم خواژنانە بوون کەوا تەواوی گیاندار و مرۆڤیان خولقاندووە. بابەتەکانی تر بریتین لە بنەچەی تووتن و گەنمە شامی و شەڕێک لەنێوان هاوین و زستاندا. هەندێک لە چیرۆکەکان باس لە جیهانە هاوتەریبەکان دەکەن لە ئاسمان و بنی ئاودا. ئەم گەلانە بە هۆی حیکایەتەکانی زوونییەوە بەردەوام یەکتریان دەکوشت. ئەزموون و تاقیکردنەوە فرە هەستەکانیش دیسان باو و بەناوبانگ بوون لە ڕێوڕەسمە ئاهەنگسازییەکانی باوباپیرانی پویبلۆدا، بۆ نموونە، بۆ هێنانی جیهانی بەهەشت گەلی چاکوان نمایشی ئاهەنگی هەست ئامێزیان ئەنجام دەدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی شمەکی دەستکردی نامۆوە چەشنی تورکواز (پیرۆزە) و سەدەف و کاکاو و زەنگی مسین و تووتییەوە.
“ناوچەی هەردە و تەپە و تەلانەکان”
ئەفسانەکانی ئەو ناوچەیە گوزارش لە هەستی ڕۆحیی تووند دەکەن بەرانبەر بە خاک و وڵاتیان و جەخت لەسەر گرنگی و ڕێزی مامەڵەکردنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانە دەکەنەوە کە بۆ دانینکردنی خۆراک پشتیان پێدەبەستن. بوونەوەرە پیرۆزەکان لێرە ڕێوی و کۆیۆتەن (Coyote جۆرە گورگێکی ئەمریکییە – وەرگێڕ)
“جەمسەری بەستەڵەکی باکوور؛ کەناری ئالاسکا و باکووری کەنەدا و گرینلاند”
ئەفسانەکانی ئەم ناوچانە بەتووندی لە دیمەنەکانی تەندرا و بەفر و بەستەڵەکدا خۆیان دەبیننەوە. چیرۆکە لەبیرنەکراوەکانی لەبارەی با و مانگ و بوونەوەرە زەبەلاحەکانەوەن. هەندێ لە گێڕانەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەنگوتا ئەو بوونەوەرە باڵایەیە کەوا زەوی و دەریا و ئەستێرەکانی ئاسمانی دروستکردووە. سێدنای کچیشی تەواوی بوونەوەرە زیندووەکانی دروستکردووە – بە ئاژەڵ و گیاندار و ڕووەکەوە. هەروەها سێدنا بە خواژنی پارێزەری ئینویتیش دادەنرێت (Inuit ئینویت دانیشتووانی ڕەسەنی جەمسەری باکوور و گرینلاندن، بەتایبەتی ئەسکیمۆ – وەرگێڕ).
“نیمچە جەمسەری باکوور؛ کە ئالاسکا و باکووری کەنەدا دەگرێتەوە”
هەندێ لە ئەفسانەکانی ئێرە ڕەنگدانەوەی سەختیی کەشوهەوا پشتبەستنی خەڵکن بە ماسیی سەلمۆن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی خۆراک. لەم ئەفسانانەدا دیمەنی زەبەلاحە باش و خراپەکان لە ناو ئەندێشە و وێناکردندان.
“باکووری ڕۆژاوا”
لەم ناوچەیەدا بوونەوەری ڕاڤین فێڵبازی پیرۆزی باڵادەستە، کە تیشکی ڕۆژی هێناوە بۆ جیهان و لە گەلێ چیرۆک و حیکایەتی تردا دەردەکەوێت. ئەفسانەکان پەیوەندیی خەڵک دەردەخەن بە کەنار و ڕووبارەکانەوە کە شار و ئاوەدانییەکانی خۆیانیان لەسەر دروستکردووە بە شێوەیەکی نەریتی. هەروەها چێرۆک و حیکایەتی سەردانیشیان تێدایە بۆ جیهانە هەوتەریبەکانی ژێر دەریا و سەرەوە بۆ ئاسمان.
“ناوچەی ئەزەتێک”
کاتی خۆی لای ئەزەتێکەکان، کە بەزۆری نیشتەجێی ناوەڕاستی مەکسیکی ئێستا بوون، سیستەمێکی ئاڵۆزی باوەڕیان هەبوو کە پشتی بە خواوەندەکان دەبەست کەوا ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبوو لەسەر ژیانی مرۆڤ، بەوانەشەوە کە کۆنترۆڵی باران و خۆرهەڵاتن و بەپیتییان دەکرد. قوربانیدانی خۆبەخشانەی مرۆڤ بەشێکی بنەرەتی بوو لە سیستەمی گەردوون و مانەوەی مرۆڤ.
هەروەها ئەزەتێکەکان خەڵکیان وەک خزمەتکار و جەنگاوەرانی خواوەندەکان دەبینی، کە نە بەزەییان تێدابوو نە دەست و دڵ کراوەش بوون، بەڵکوو بوونەوەری بەهێز بوون و پێویستیان بە خزمەت و ڕازیکردن بوو بۆ خۆپارێزیی خەڵکەکە لە سزادان و کارەسات تووشکردنیان. بەم ڕەنگە چەمک و تێگەیشتنی قوربانیدانی مرۆیی پەیدابوو. ئەم پراکتیزە کردنە ماسەلەیکی نوێ نەبوو بەڵکوو لە کولتوورەکانی تریشدا بەکاردەهات چەشنی شارستانێتیی مایا، بەڵام ئەزەتێک کردیانە بابەتێکی سەرەکی لە ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەکانیاندا ئەگەر بەم گوزارشە بیڵێین.
“ئەفسانەی خولقاندن یان دروستبوون”
بە باوەڕی ئەزەتێکەکان، دروستبوونی زەوی بە خواوەندێک دەستی پێکرد کە پێیاندەوت ئۆمێتیۆتڵ، کە بە جووتە خواوەندیش ناوی دەهات، چونکە لەبنەڕەتدا لە یەکگرتنی دوو خواوەند پێکهاتبوو، کە بەپێی باوەڕی ئەزەتێک خواوەندێکی پیاو و خواژنێک بوون و لەم یەکگرتنەدا چوار منداڵیان بووە: خیپە تۆتێک، کە تەرجەمە کراوە بۆ “خواوەندی کەوڵکراو” لە ناهواتڵدا و پەیوەستە بە ڕەنگی سوورەوە و ئەمیش خواوەندی وەرزەکان و هەموو شتێکە کە لەسەر زەوی دەڕوێت. تێزکاتلیپۆکا کە بە واتای “ئاوێنەی دووکەڵ” دێت، پەیوەندیدارە بە ڕەنگی ڕەشەوە و خۆی خواوەندی زەوییە و بەهێزترینی چوار منداڵەکەیە. کوێتزاکۆتڵ، کە بە واتای “ماری پەڕدار” دێت، پەیوەندیدارە بە ڕەنگی سپییەوە و خواوەندی هەوایە. دوا خواوەندیش، هویتزیلۆپۆختی کە بە واتای “باڵندەی ویزەویزکەری باشوور” دێت و پەیوەندیدارە بە ڕەنگی شینەوە، خواوەندی جەنگە.
هەر چوار منداڵەکە بڕیاریان داوە کە دەیانەوێت جیهانێک دروست بکەن خەڵکی تیدا بژی. یەکێکیان دەستی کردووە بە هەوڵی یەکەم و ئاگری کردووەتەوە. ئەم ئاگرە بووە بە خۆر، بەلام تەنها نیوەخۆرێک و ئەوەندە گەورە و ڕووناک نەبووە کە بەشی ڕۆشنکردنەوەی تەواوی جیهانەکەیان بکات. پاشان یەکەم پیاو و یەکەم ژنیان دروستکردووە و ئەوجا منداڵی زۆریان بووە و دەبوو ببنە جووتیاری زەوی. لێرەشەوە ئیتر کات و زەمانیان دروستکردووە و پاشان جیهانی خوارەوە. زۆرێک لە حیکایەتەکان لە چۆنێتیی پەیدابوونی چەرخی پێنجەم و دوایەمین خۆر دەدوێن. یەکێک لەم چیرۆکانە ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن تێزکاتلیپۆکا بەردە ئەستێی بردووە و بەکاریهێناوە بۆ ئاگرکردنەوە و جارێکیتر ڕووناککردنەوەی جیهان، پێش ئەوەی لەگەڵ براکانیدا باسی بکات. لەبەر ئەوە ئەمانیش بڕیار دەدەن خۆرێکی نوی دروست بکەن کەوا لەسەر خواردنی دڵ و خوێنی مرۆڤ بژین و بۆ تێرکردنی چوارسەد پیاو و پێنج ژنیان دروستکرد. لێرەوە ئیتر ئەفسانەکە بە ئاڕاستەی جیاوازدا دەڕوات و لق و پۆی زۆری لێدەبیێتەوە.
سەرچاوە: ویکیپیدیا
Mythologies of the Indigenous peoples of the Americas
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق