چەمکی جێندەر، واتایەکی تاک لایەنەی لەخۆ نەگرتووە بەڵکو هەر دەم و کەسێک لە ڕوانگەی هاوڕێگاکانی خۆیەوە، هاوکات بە گوێرەی بیری مەعریفیی هۆشی ڕەهایی هەربوونیادێک جۆرە پێناسهیهک لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەگەر بێت و لەڕووی زمانەوە پێناسەی چەمکی جێندەر بکەین، بەم جۆرەیە کە وەک جۆر پێناسە دەکرێت “شێوە، بنەڕەت، ڕەگەز” چەمکی جێندەر زیاتر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەڕێگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە زانستی سۆسیۆلۆجی دەرکەوت، وەک ڕێگەیەک بۆ ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی ڕۆڵی هەریەک لە مێینەبوون و نێربوون کە واتای ڕەگەز دەگەیەنێت، واتە ڕەگەز یان جێندەر ئاماژەیە بە ڕۆڵ و ڕەفتار و دەربڕین و ناسنامەی کچان، ژنان، کوڕ، پیاو کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بوونیاد نراون، بەڵام لە ڕووی بایۆلۆجییەوە ژن و پیاو بەسەر سێکس دابەش دەبن، جیاوازییە فیزیکییەکانیان کاتێک مرۆڤەکان بەپێی پێکهاتەی هۆڕمۆنی و کرۆمۆسۆمی و کۆئەندامی زاوزێی دەرەکی و ناوەکی جیا دەکرێنەوە کە پەیوەندیان بە جەستەو فیزیۆلۆژیاوە هەیە، یەک وێنە نین جیاوازن لە تایبەتمەندیی و خەسڵەتە دەرەکی و فیزیکییەکان ئەمەش خواکرد و سرووشتییە.
ژن و پیاو دوو پێگەی پێکهێنەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین و پێکەوە ڕەوڕەوەی ژیان دەسوڕێننەوە دەتوانن پێکەوە ببنە ڕەنگ پێدەری هەر بیروباوهڕێکی کۆمەڵگەیی. جێندەر وەک چەمک جۆری کۆمەڵایەتی یان ئەو ڕۆڵەیە کە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی کولتوور و گەشەی مێژوویی و سترەکچەرە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ هەریەکە لە ئافرەت و پیاو لە قاڵب دەدات، یان ئاماژەیە بۆ گشت ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و کولتووریانەی کە لە نێوان ئافرەت و پیاودا هەن، بێگومان خودی ئەو جیاوازییەش کە لە نێوان کۆمەڵگە و کولتوور و بیروباوەڕێکەوە بوونیاد نراوە، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت دەکرێت گۆرانکاری تیادا رووبدات و بە پێی کات بە پێی شوێن و بەپێێ مەعریفەی مرۆڤەکان، کاتێک پێگە بۆ ژن و پیاو دادەنێن لە کۆمەڵگە یاخوود چەندین تایبەتمەندی دەخەنە پاڵ هەر یەکەیان.
بۆنمونە تایبەتمەندییەکانی ئازایەتی و هێز دەدرێتە پاڵ پیاو و سۆز و دڵنەرمی هی ئافرەت، سیاسەت وەک کایەیەکی پیاوانە و هەندێک پیشەی دیکە بۆ ئافرەت، دونیای دەرەوە وەک پانتاییەک بۆ ڕۆڵی پیاو و چوارچێوەی ماڵ بۆ ئافرەت، پیاو وەک سەرۆکی خێزان و ئافرەت وەک یارمەتیدەر، هەروەها پیاوان وەک دابینکردنی بژێوی ژیان و پارە پەیداکردن و کارکردن و بەرپرسیارێتی و ئەرکی قورس، بەوپێیەش مەبەست لە چەمکی جێندەر بۆ ئەوەیە کە لە کاتێکدا جیاوازییە بایالۆژییەکان چەسپاو و نەگۆڕن، بەڵام جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤکرد و دروستکراون، بۆیە دەکرێت دەستکاری بکرێن و بگۆڕدرێن و دابڕێژرێنەوە، کۆمەڵگە لەسەر بنەمای جیاوازی بایەلۆژی، جیاوازی خستۆتە نیوان ژن/کچ و پیاو/کوڕ لە ماف و دەرفەت و ئەرک و بەرپرسیاریەتی، ئەم جیاوازیانە بەرهەمی بیرکردنەوە و پەیوەندیی و پەروەردەی کۆمەڵایەتین و هیچ ڕەوایەتییەکی لۆژیکی و مۆڕاڵی و مرۆڤایەتییان نییە، هەر لەبەر ئەم هۆیە پرسی سەرەکی جێندەر هاتۆتە کایەوە، کە پرسیار دەربارەی هۆی درووست بوونی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و پێگە کۆمەلایەتییەکانی نێوان رەگەزە مرۆڤایەتییەکان دەکات، بۆچی پیاوان باڵاتر لە ژنانەوە تەماشا دەکرێن، هەروەها چ پاشخانێکی ئابووری و مێژوو و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ گرتووە، لێکۆڵەرەوەکانی جێندەر هەموو ئەو هەڵسوکەوت و بابەتانە شیدەکەنەوە کە لە کۆمەڵگەدا ئێمە وەک ڕەگەزی نێر و مێ دەیکەین لە ڕووی بیر، بۆچوون، تێگەشتن، سیمبول، هونەر، هەست، نووسین، وێنە کێشان، خەیاڵ، ئەزموون و هیوا … هتد
بێگومان هۆی نیشاندانی پێگە کۆمەڵایەتییەکانی (ژن/کچ و پیاو/کوڕ) بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بوونیادی نێر و مێ، کە پێیان وایە پیاوان دروستکەری کۆمەڵگەن، هەروەها هۆی دروستبونی رەگەز لەلایەن نێرەوەیە، وەک هۆیەک بۆ بەهێز پیشان دانی پیاوان و لاواز نیشان ژنان لە قەلەم بدەن، هەروەها پێیان وایە لە کۆنەوە تاکوو ئێستا پیاوان بەژداری جەنگیان کردووە بەمەش هێز دەبەخشنە جەستەی بەهێزی پیاوان و لاوازی ژنان لە کاتێکدا، هێز و توانستی جەستەیی بنەما بێت بۆ جیاوازییەکان، ئێمە لەم ساڵانە و پێشتریش بینیومانە کە هەرکاتێک ژنان/کچان پێویستی کردبێت یاخود دەرفەتی بۆ ڕەخسابێ، ئازایانە بەشداری ڕووبەڕووبونەوە چەکدارییەکانی کردووە و سەرکەوتووش بووە تێیدا، ئەگەر ئەقڵ و ژیری پێوەر بێ، ئەوە چەندین توێژینەوە دەیسەلمێنێ کە توانای زیرەکی و ژیری ئافرەت ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە لە پیاو، یاخود سەرکەوتنەکانی ئافرەت لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات و زانست، ئەمە لە کاتێكدا جەستە بە ڕاهێنان توانای بەهێزبوون و پتەوبوونی هەیە و هەر بە دەرفەت و ڕاهێنانیش هۆش و زیرەکی توانای گەشەکردن و فراوانبوونی هەیە، بە واتایەکی دیکە نە جەستە تا سەر بەهێز و پتەو دەمێنێتەوە بە پێچەوانەشەوە و نەژیری و زیرەکیش نەگۆڕە و لە باری خۆیدا دەوەستێت، کە ئەم دوو بنەمایە مایەی گۆڕان بن، کەواتە هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە و بنەمایەکی لۆژیکی نییە بۆئەوەی پیاو باڵادەست و ژنان ژێردەستە و پاشکۆ بن،
هەرلێرەدا گەر باس لە ساتی دروستبوونی پرسی جێندەر بکەین دەگەینە ئەوەی مێژووی چەمکی جێندەر لەگەل شەپۆلی دووەمی فێمێنیستیدا هاتە بوون لە کۆتای شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا، وەک ڕێگایەک بۆ شیکارکردنی پەیوەندی نێوان (ژن/کچ و پیاو/کوڕ)، هەروەها دابەشبوونیان بەسەر نێرایەتی و مێینە بوونیاندا، ئەویش لەکاتێکدا فێمێنیستەکان دەیانەوێت بڵێن ژن بەهۆی رەگەزییەوە ژێر دەستە کراوە دەیانەوێت لە خانوویەکی یەک ژووری داخراودا بە ناوی چارەنووسی بایۆلۆجی دیل بکرێن، هەربۆیە لە بیروباوەرە فیمینیستەکاندا دەیانەوێت ژنان لە چوار دیواردا بهێنرێنە دەرەوە، کە لەلایەن کۆمەڵگەو کولتوور و مێژوو و نێرسالاری و تەنانەت خودی بەشێک لە ژنان هێنراونەتە ئاراوە، بە بڕوای ئەوان مێ و نێر چەمکێکی سێکسی سرووشتین لە ڕووی بوونیادەوە، بەڵام بە هەموو کردارێک و وتنی وشەی مێینەیی و نێرایەتی دەگەڕێتەوە سەر چەمکی جێندەر، کە دروستکراوی کۆمەڵگەو کولتوور خۆیەتی نەک دیاردەیەکی سرووشتی بوونیادی.
مێژوونوسان سەرەتاکانی دروستبوونی ژیانی بەکۆمەڵ و سەرهەڵدانی ڕۆڵ و جیاکاری جێندەری بۆ دروستبوونی گوند و شارۆچکەکان دەگەڕێننەوە، لەکاتی شۆڕشی کشتوکاڵیدا، کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبووە. پێیانوایە کە پێشتر مرۆڤی کۆن بە دوای ڕاوکردن و لێکردنەوەی بەروبوومی درەختەوە بووه و ژیانێکی زۆر سەرەتایی ژیاوە. لەم جۆرە ژیانەدا ژن و پیاو پێگەیان زۆر جیاوازی نەبووە، بەوەی ژن بەدوای کۆکردنەوەی بەروبوومەوە بووە و پیاویش ڕاوی کردوە. بەڵام دواتر بەهۆی ماڵیکردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵەوە، جێگیردەبن لە شوێنەکاندا و گرووپ و کۆمەڵی جیاوازی مرۆڤایەتی دروست دەبن. لێرەوە پێداویستییەکانی مرۆڤ و داهێنانەکانی ئاڵۆزتر دەبن. به و مانایەی گۆڕانکاری و پێشکەوتن لەئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵدا دەبێتە دروستبوونی گۆڕانکاری لە پەیوەندی جێندەردا. لێرەوە دروستبوونی ڕۆڵە جێندەرییەکان بەوەی کێ چی بکات خوازیاری پەیوەندی نوێ دەبێت
لە مرۆڤەکان؛ لێکۆڵەرانی فێمینیست ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی جێگیربوونەوە، چوونە دەرەوەی ژن کەمدەکرێتەوە، پیاوان کاری کشتوکاڵ دەکەن و ژنانیش کاری لێنانی خواردن و منداڵ بەخێوکردن و دانەوێڵە هەڵگرتنەوە. کە ئەمە پرسێکی جێندەری و بنەمای جیاوازی رەگەزەییە ، لێرەوە جیاکارییەکان و فۆرم و بەها کولتووریەکان فۆرم وەردەگرن. تا دەگاتە سیستەمی سەرمایەداری، ئەم ڕۆڵە جێندەری و جیاکاریانە تیایاندا ڕەنگدەداتەوە، بەتایبەت لە شارستانیەتی ڕۆم و یۆنانی کۆن، ژن چەند ڕۆڵێکی هەبووە لە پیشەسازیدا کە تاڕادەیەک سەربەخۆیی پێداوە، بەڵام یۆنان لە یاساکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیدا زۆر پیاوسالاربوون. تەنانەت ئەمە لە نووسینی فەیلەسوفەکانیاندا ڕەنگیداوەتەوە. فەیلەسوفێکی وهك “ئەرستۆ” لەوە باوەڕەدا بوو؛ کە پیاو لە ڕووی جەستەیی و ئەقڵییەوە لە ژن باڵاترە و پیاوان ترۆپکی پیاوەتین و دەبێت ژن نزمتربن لەوان، لەپاش ژیانی راستەقینەی کۆمەلگە و پرسە فەلسەفی و فیمینیستەکان پرسی جێندەری لە هونەریشدا رەنگدەداتەوە، بۆ هەر هونەرمەندێک و جۆرێک دەربڕین هەیە، هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکرێت هەقیقەتێکی داهێنانەی لێ چاوەڕوان بکەین، بەتایبەت هونەری فیلم و سینەما کە بە سوود وەرگرتن لە حەوت هونەرەکەی دیکە توانیویەتی پاشخانێکی هەقیقی فەراهەم بهێنێ، وەک خودی ژیان وێنا بکرێت، وەک هەقیقەتی ژیانی ئێمە دابنرێت، وەک چۆن فیلم دەربارەی ژیان دەدوێت، دەکرێت دەربارەی ڕۆڵ و وێنەی ژنان بدوێت و پێگەی ژنان بەرز بنرخێنێت، بێگومان لە ساتی یەکەم دروستبوونی فیلمەوە تاکوو ئێستا، کە ڕۆژانە چەندان فیلم بەرهەم دەهێنرێت لە تەواوی جیهان، هەریەک لەو فیلمانە دەکرێت ببنە روانگەی خودی هونەرمەند و پاشان کۆمەڵگە و نیشاندانی شوناسی کۆمەڵگە کە چۆن بیردەکەنەوەو دەژین.
ئەگەربمانەوێت ژنانی بەهێزی کۆمەڵگە نیشان بدەین و نیشانی بدەین ژنان هاوتای پیاوان لە ژیان دهجەنگن دەبێت وێنای ژنان بەو جۆرە نیشان بدرێت کە هێز دەبەخشن ئەو ساتە کۆمەڵگە هێزی ژنان دەبینین و ژنانیش هێزی خۆیان دەبینن، دەگەنە ئەو هێزەی کە ونیان کردووە و نایدۆزنەوە، لە ڕێی فیلمەوە دەکرێت ژنان ئاشنا بکرێتەوە بە هیزی خۆیان و پیاوانیش ئاشنا بکرێت بە هێزی ژنان، جونکە هەر وێنەیەک لە فیلمدا نیشانەیە بۆ شتێک و شتێک دەڵێت و لە فیلمدا هەریەک لەو وێنانەی بۆ ژن هەڵدەبژێردرێت، ئەو جل و رەنگانەی بۆی دیاری دەکرێت، ئەو وشەو کردارانەی دەیکات، ئەو ئازادییەی بیری لی دەکاتەوەو ژمارەی ئەو دیمەنانەی تیایدا بەشدارن و ژمارەی ئەو کاتانەی ژنان لە فرەیمیکدا دێن و دەچن، چۆنییەتی هەڵبژاردنی رەهەندەکانی کامیرا کە چۆن هێز بە ژنان ببەخشن یاخود بە پێچەوانەوە، بێگومان هەموو ئەمانەو چەندین وردەکاری دیکە لە فیلمدا دەکرێت ببنە پرسێکی جێندەری گرنگ، بەداخەوە لەهیچ فیلمێکی کوردیدا بەو جۆرە وردە کار لەسەر دروستبونی ژنێتی و کەسایەتییەکی ژنانی بەهێز نەکراوە، فیلمێک بوونی نییە بە ناوی فیلمی ژنانە هەمیشە کاری ماڵەوە و ئەشکەنجە و دیل و ئازار چەشتن و پێویستی بە مرۆڤەکانی دیکە بۆ ژن شوبهێندراوە وەک بەشێک لە بیرو باوەری پیاوان بەرامەر بە ژنان لە کۆمەڵگە و کە ئەگەر لە خودی هونەر بەو جۆرە باوە رەنگ بداتەوە هەمیشە ژنانی کۆمەلگەکەت بەو جۆرە درووست دەکرێنەوە، چونکە هەریەک لەو فیلمانەی ئێمە بە گەورەیی و لۆجیکی کولتووری پێی ئاشنا دەبین واتاو کاریگەرییەکی گەورە لە مێژووی کۆمەڵگە و بیری مەعریفەیی دەخولقێنێ، فیری نەوەکانمان دەکەن بەو جۆرە رەنگ ببینین، بێگومان ھەر ھونەرمەندێک دەیەوێت جیھان بە ئاڕاستەیەکدا بەرێت کەسەرجەم ماناکان بە حەقی خۆیدا بەرێت، پێویستی بەو ڕاستییانە ھەیە کە بەھۆیانەوە ئەنجامەکانیان ئەبینرێ خەڵکی بەئاگاییەوە لەبەرامبەر ھەر کردەوەیەکی ھونەر مەند سودمەند دەبێت.
هونەر دەرفەتی ئەوە دەرەخسێنێت بۆ هەریەکە لە هونەرمەند و جەماوەرەکەی ڕوانگەیەکی وردتریان هەبێت بۆ هەقیقەتی شاردراوە لە پشت ئەو ئازار و دڵتەنگیەی کە ڕۆژانە دەبینرێت، چونکە فیلم تەنها فیلم نییە بەڵکو پرسێکی بە ئاگا هێنانەوەیە، نەک تەنها فیلم، ئەم پێناسەیە بۆ هەموو هونەرەکانی دیکە بچییەوە، دەشێت فیلم ڕێگەیەکی گرنگ و گەورە بێت بۆ قسەکردن و باسکردنی تێزی جێندەر بەتایبەت جێندەری مێینە کە بە شێوازێکی زۆر هۆیەکی هەریەک لە ناوەڕۆک و فۆڕمی فیلمی داڕشتبێ، لەژێر ناوی ئەو پرسیارەی کە دەڵێت؛ ئایا لە کۆمەڵگەدا جێندەر و جیاوازی جێندەر تا چ ڕادەیەک خولقێندراوە؟ ئایا جیاوازییەکان لە کوێدا دەبینینەوە؟ هۆی دروستبوونی جیاوازییەکان چییە؟ دەکرێت بەشێوەیەکی ڕاستەقینەو دوور لە ناڕاستییەک پیشان درابێتن؟ ئایا فیلم دەکرێت ببێتە رێڕەوێکی گۆڕانکاری لە تێز و چەمکەکانی هەریەک لە بیروباوەڕە هەڵە باوەکانی نێو کۆمەڵگەیەکی دیاری کراو؟ ئایا وێنەی ژنان لە فیلمدا چۆنە؟ ج ئەرکێک بە ژن سپێردراوە؟ ژنان چۆن هێز بە خۆیان و ژنانی دیکە دەبەخشن؟ ئایا بروابەخۆ بوون بە ژنان بەخشراوە لە ڕێگەی فیلمەوە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر دەکرێت ببنە هۆی خولقاندنی چەندین مەبەست و هۆ تاکوو لە رێیەوە وێنەیەکی نوێ و گرنگ و پڕ هێز و رەنگ بۆ ژنان لە هونەر و فیلمدا دروست بکرێن.