لە ٢ی ئایاردا تورکیا لەڕێگەی کۆمەلێک بڕیارەوە هەموو چالاکییەکانی هاوردە و هەناردەکردنی لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە کرد و ڕایگەیاند؛ کە بایکۆت بەردەوام دەبێت تا ئاگربەستێکی هەمیشەیی مسۆگەر دێتە ئاراوە بۆ پێشکەشکردنی و هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی عەززە. ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای کۆمەڵێ بڕیاری سنووردارکردنی بازرگانی دێت کە لە ٩ی نیسانی ئەمساڵ دەرچووە. ئەگەر ئەم بڕیارانە جێبەجێ بکرێن، دەتوانن کاریگەریی پراکتیکی زۆر بەرچاوتریان هەبێت لە هەڵوێستی پێشووی ئەنقەرە لە کاتی جەنگدا بەرامبەر بە ئیسرائیل.
لە ساڵی ڕابردوو قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولا گەیشتۆتە حەوت ملیار دۆلار، هەروەها تورکیا پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری ئیسرائیلە. دەسەڵاتدارانی تورکیا لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل دژی حەماس هەڵوێستی تووندیان نواندبوو و بە توندی ڕەخنەیان لە حکومەتەکەی “بنیامین ناتانیاهۆ” سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەگرت بەڵام لە هەمان کاتدا بە گشتی خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەی کۆنکرێتی بەدوور دەگرت کە ڕەنگە دووبارە زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بگەیەنن. لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە کە دەکرێت بەم جۆرە بێت؛ ئایا بایکۆتی بازرگانی ئاماژەیە بۆ توندکردنەوەی ئەم سیاسەتەکانی تەلئەبیبە؟ ئایا ئەنقەرە هەنگاوی زیاتر لە دژی ئیسرائیل دەنێت؟
سەرەڕایی هەموو ئەو بڕیار و ڕێکارانەی تورکیا لەبەرامبەر ئیسرائیل دەریکردوون، بەڵام ناکۆکی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا زیاترە وتاردان و لێدانەوە بەدی دەکرێت و پێناچێت ئەنقەرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قودس بۆ هەمیشە بپچڕێنێت مەگەر ئیسرائیل ڕێگری بکات لە بەشداریکردنی ئەنقەرە لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
“تورکیا و ئیسرائیل؛ پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر”
شاراوە نییە کە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ئاڵۆزە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ململانێی دەربارەی کێشەی فەلەستین و ئەم ئاڵۆزییانە لە ململانێی ئەم دواییەی نێوان هەردوولادا دەردەکەون. پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ساڵی ٢٠١٠دا بە تەواوی پچڕا کاتێک ئەنقەرە سپۆنسەری کەشتییەکی دەریایی کرد بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە حەماس حوکمڕانی دەکات، لە ئەنجامدا هەڵمەتێکی سەربازی مشتومڕاوی و قەیرانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. تەنها ماوەیەکی کورت بوو کە تورکیا بە ئاشکرا دەستی کرد بە پێشکەشکردنی پشتیوانی دیپلۆماسی بەرچاو و پەناگەیەکی ئارام بۆ بزووتنەوەی حەماس، دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی نەبوویەوە تا زیاتر لە دە ساڵ دواتر، کاتێک ئیسرائیل و تورکیا باڵیۆزەکانیان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ گەڕاندەوە، تا ئەو کاتە ڕۆڵی ئەنقەرە لە کاروباری ئیسرائیل و فەلەستین بە شێوەیەکی بەرچاو کاڵبوویەوە، بەرپرسانی تورکیاش درکیان بەوە کرد کە پێویستە دیپلۆماسی کەناڵەکان بپارێزن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە پێگە و کاریگەری خۆیان لەسەر ئەم پرسە گرنگە ناوچەییە بکەن. هەربۆیە جارێکی دیکە هۆشداری سەبارەت بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا هاتە ڕۆژەڤەوە، تورکەکان بە تایبەتی حەز دەکەن پێگەی وڵاتەکەیان وەک ئەکتەرێک لە هەر سیناریۆیەکی دوای جەنگ لە غەززەدا جێگیر بکەن.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەوان لە ئاست ململانێکان بێدەنگ بوون – ئەنقەرە لە قۆناغە جیاوازەکانی شەڕدا، بەتایبەتی لە سەرەتای قەیرانەکەدا، چەندین ڕەخنەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد، بەڵام لە دوای مانگی نیسانەوە زۆربەی ئەم لێدوانانە بە وردی داڕێژراون بۆ ئەوەی لۆمە و شەرمەزاری بخەنە سەر نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی شەخسی نەک لەسەر ئیسرائیل بە گشتی. بۆ نموونە لە ١٥ی نیسانی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو زولم و نادادیەی ناتەنیاهۆ ئەنجامی دەدات دەچێتە نێو لاپەڕە ڕەش و تاریکەکانی مێژوو. سەرۆک کۆماری تورکیا “ڕەجەب تەیب ئەردوغان”یش لەسەر هەمان بابەت لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا گووتی “ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدەن کارەساتی مرۆییە”. بە هەمان شێوە ئەردۆغان بە هۆی حیساباتە ناوخۆییەکانیەوە، لە دژایەتیکردنی پارتێکی گەورەی ناوچەیی و هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەکتەرێکی گرنگی ئابووری وریا بووە.
ئابووری تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست هەڵاوسانێکی زۆرەوە دەناڵێنێت و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی جەماوەری و پشتیوانی هاووڵاتیانی تورکیا لە ئەردۆغان. بەو پێیەی تورکیا وڵاتێکی کەم سامانە، بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ئابووری پشت بە ڕەوتی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی دەبەستێت، ئەمەش وایکرد ئەردۆغان هەڵمەتێکی بە ئەنقەست دەستپێبکات و تێیدا سیحرەکەی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی بازاڕە جیهانییەکان. ئەمەش بریتی بوو لە وەرگرتنی ڕەزامەندی لەلایەن سەرۆک بایدن و سەرکردە سەرەکییەکانی ناوچەکە وەک “محەمەد بن سەلمان” شازادەی جێنشینی سعودیە. ئەم هەوڵانە سوودی هەبووە، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢دا، دادگاکانی تورکیا دۆسیەیەکیان کردە ئامانج کە شازادە “محەمەد بن سەلمان” لەسەر ڕۆڵی شازادە لە کوشتنی جەمال خاشقچی ستوونی واشنتۆن پۆستدا ڕەوانەی دادگای سعودیە کرد. بەشێکی لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا پێنج ملیار دۆلاریان بۆ بانکی ناوەندی تورکیا گواستەوە، ئەمەش یارمەتییەکی ئابووری بۆ تورکیا دابینکرد لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی وڵاتەکەی. ئەردۆغان هەروەها درکی بەوە کرد کە پچڕانی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل شازادە محەمەد ناڕەحەت دەکات، کە سەرەڕای شەڕی غەززە دەستبەرداری ئامانجی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی بێت لەگەڵ ئیسرائیل نەبوو.
جگە لەوەش ئەردۆغان هەوڵی گۆڕینی دۆخی ئێستای لەگەڵ واشنتۆن دەدات کە هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیلە، بە کۆمەڵێک هۆکاری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی، کاریگەریی ناوچەیی و سیاسەتی ناوخۆییەوە، بە تایبەتی کاتێک سوید لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا داوای بەشداریکردنی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (“ناتۆ”) کرد، ئەنقەرە سەرەتا ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە. ئەردۆغان بە پەیوەستبوونی سوید ڕازی نەبوو تا ئەو کاتەی سەرۆک بایدن سەرەتا بانگهێشتی واشنتۆنی کرد و لە ڕێگەی کۆنگرێسی ئەمریکاوە پشتگیری لە داواکاری وەستاوەکەی تورکیا کرد بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦.
“ئەردوغان لەبەردەم پێشهاتە نوێیەکاندا”
چوار پێشهاتی نوێ کۆتایییەکی کتوپڕی بۆ هەڵمەتی سۆزداری دیپلۆماسی ئەردۆغان هێنا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەدیکران لەوانە:
یەکەم؛ ئیدارەی بایدن لەم دواییانەدا ڕەتیکردەوە چوارچێوەیەکی کاتیی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ کۆشکی سپی دابنێت بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئەنجامی لوتکەکە، لەنێویاندا ڕێککەوتنە بازرگانییە ئەگەرییەکان و پێشوازییە گەورەکەی گشتی بۆ ئەردۆغان لە واشنتۆن.
دووەم؛ ئەنقەرە پێشتر پێیوابوو کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ململانێی غەززە کۆتایی دێت؛ ئێستا وا دیارە باوەڕی بەوە هەیە کە قەیرانەکە لە لێواری بوون بە ململانێیەکی ئاشکرادایە.
سێیەم؛ ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی نەتانیاهۆ بۆ ماوەیەکی زیاتر لە چاوەڕوانکراو لە دەسەڵاتدا بمێنێتەو، تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ئیسرائیلدا دەنگی لەسەر نەدرێتەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیان وایە ڕەنگە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی دواتردا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات.
چوارەم؛ پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کە لە ٣١ی ئازاردا بەڕێوەچوو، بەرەو ڕووی دابەزینێکی بێ وێنەی دەنگەکان بوویەوە کە بە شکستێکی گەورەی ئاکپارتی ناوزەند دەکرێت.
دواین پێشهات لە رووی سیاسەتی گشتییەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی تورکیا زۆر گرنگە، چونکە کاندیدەکانی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، دیاربەکر، ئەنتالیا دۆڕان، ئەمەش وایکرد کە پارتەکە بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو دەیەدا لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا بۆ پلەی دووەم دابەزێت. لەوەش ناڕەحەتتر بۆ ئەردۆغان و بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل ئەو پێشکەوتنەی پارتی خۆشگوزەرانی نوێی ڕاستڕەوی بەدەستی هێنا کە پاشماوەی بیروبۆچوونەکانی “نەجمەدین ئەرباکان”ە و کوڕەکەی سەرکردایەتی پارتەکە دەکات، کە نزیکەی لەسەدا ٧ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا بەدەستهێنا، کە لایەنگرانی زۆر لە باڵە ڕاستڕەوەکەی پارتەکەی ئەردۆغانی بۆ خۆی بردووە، بەدەستهێنانی سەرۆک شارەوانی هەندێک شارە گەورەکان کە پێشتر خاوەندارێتی پارتی داد و گەشەپێدان بوون وەک شارەوانی ئورفا، پارتی خۆشگوزەرانی نوێ جگە لەوەی هەڵوێستی جۆراوجۆری دژە جوولەکە و هاوڕەگەزبازی دەگرێتەبەر، بە توندی دژە ئیسرائیلە، کە ئەم هەڵوێست و بنەمایانە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی ئەرباکان.
سەبارەت بە گەلی تورکیاش، ئەوان بە شێوەیەکی سەرسەختانە لایەنگری فەلەستینییەکانیان کردووە و تامەزرۆی ئەکتەرە سیاسییەکانن کە داوای سیاسەتی تووندتر دەکەن بەرامبەر بە ئیسرائیل. دانیشتووان و هاووڵاتیان لە تورکیا تەنیا لە چاویلکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە بەدواداچوون بۆ قەیرانی غەززە دەکەن و تووندوتیژییەکانی حەماس تاڕادەیەکی زۆر لە تەلەفزیۆنی تورکیادا ئامادەنەبوون و زۆرێک لە هاووڵاتیان بێ ئاگان لەوەی کە بزووتنەوەکە هێشتا نزیکەی ١٢٠ بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە. لێرەدا ڕۆڵی “پارتی خۆشگوزەرانی نوێ” دێتە ئاراوە، کە خۆی بە “پارتێکی سیاسی ئیسلامی ڕاستەقینەتر و مۆدێرنتر” لە “پارتی داد و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان وەسف کردووە و ئامادەیە هەوڵەکانی خۆی لە دژی ئیسرائیل دوو هێندە بکات. بە لەبەرچاوگرتنی چەقبەستوویی ئابووری و نەبوونی کردەوەی بەرچاوی ئەردۆغان لەسەر غەززە، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەرانی بەدوای وەشانێکی نوێی ئاکەپەدا دەگەڕێن و پێدەچێت دڵسۆزی خۆیان بۆ پارتی خۆشگوزەرانی نوێ بگۆڕن. پێش هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار، ڕۆژنامەنووسێکی تورک لە تویتێکدا بڵاوکردەوە کە بازرگانی دوولایەنە لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە سەرەڕای قسە توندەکانی ئەنقەرە و وتی: “ئێمە بە وشە پشتگیری فەلەستین دەکەین، بەڵام لە واقیعدا پشتگیری ئیسرائیل دەکەین”. پارتی خۆشگوزەرانی نوێ بە خێرایی ئەم دابەشبوونەی قۆستەوە و سیاسەتی ئاکەپەی بەرامبەر بە ئیسرائیل و خودی ئەردۆغانی وەک دوو ڕوویی نیشاندا.
“هەنگاوی داهاتووی تورکیا لەبەرامبەر ئیسرائیل”
بۆ ئەوەی مەیلی دەنگدەران و لایەنگرانی زیاتر نەگۆڕێت بۆ پارتی خۆشگوزەرانی نوێ، ئەردۆغان لە سەرەتای مانگی نیسانەوە سیاسەتی دژە ئیسرائیلی تورکیا تووندتر کردەوە، پێدەچێت بە لەبەرچاوگرتنی کۆتایی پەیوەندییە دیپلۆماسییە کورتەکەی لەگەڵ بایدن و پەرەسەندنی تێڕوانینەکان بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی تورکیا، هەست بە فشارێکی کەم بکات نەتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. لە ڕووی کردارییەوە ئەمە بەو مانایەیە کە ئەنقەرە چیتر هەست بە پێویستی ناکات کە ڕەخنەکانی خۆی لە شەڕی غەززە بگونجێنێت؛ لە ڕاستیدا ڕەنگە بیر لە گرتنەبەری هەنگاو دیکە بکاتەوە، لە یەکەمی ئایاردا، دوای ماوەیەکی کەم لە هەواڵێک کە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن هەڵوەشاوەتەوە، ئەنقەرە ڕایگەیاند کە بەشداری هەوڵەکانی ئەفریقای باشوور دەکات بۆ دادگاییکردنی ئیسرائیل لەبەردەم دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتیدا “ بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆسای”، ئەمە پێشهاتێکی نوێ بوو لەلایەن تورکیا بەرامبەر بە ئیسرائیل کە لەوانەیە کاریگەری زۆر بکاتە سەر پەیوەندییەکان بەتایبەت لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسیدا.
هاوکات ڕەنگە تەنها گەمارۆی بازرگانی کاریگەری لەسەر ئابووری ئیسرائیل هەبێت، بۆ نموونە کەرەستە بیناسازییەکان هەناردەی سەرەکی تورکیا بۆ ئیسرائیل پێکدێنێت. بۆیە ڕەنگە ئێستا نرخەکانیان بەرزبێتەوە، چونکە ئیسرائیل ناچارە بەدوای دابینکەری بەدیلدا بگەڕێت. هەمان شت بۆ کاڵاکانی وەک پۆڵا و ئاسن و ئۆتۆمبێلی ماتۆڕیش دەگونجێت، کە تێچووی گواستنەوەیان بەرز دەبێتەوە ئەگەر ناچار بێت لە بازاڕە دوورترەکانەوە بکڕدرێن، بەڵام یەکێک لە داینامیکی گرنگ وەک خۆی ماوەتەوە و ڕەنگە هەنگاوەکانی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئیسرائیل سنووردار بکات ئەویش خواستی ئەردۆغان بۆ ڕۆڵگێڕان لە غەززەی دوای جەنگ بەتایبەتی لە بواری ئاوەدانکردنەوە، بەڵام پێناچێت جەنگەکە ڕێگە بدات بە ئاسانی پرسی ئاوەدانکردنەوە دوای جەنگ بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت.
هاوتەریب لەگەڵ دیدگای تورکیا بۆ بوون بە زلهێزێکی ناوچەیی، ئەنقەرە بە تامەزرۆییەوە بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی فەلەستین و ڕێکخستنی سیاسەتی فەلەستین و نێوەندگیری بۆ چارەسەری درێژخایەن بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەکات. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە خۆی لە پچڕانێکی تەواوەتی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕوویدا، دوور دەکەوێتەوە. تەنانەت بایکۆتی بازرگانیش ڕەنگە ئاسان بێت بۆ شکاندن، چونکە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تورکیا بەردەوامە لە دابینکردنی نەوتی ئازەربایجان بۆ ئیسرائیل، کە لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە دەریای خەزەرەوە دەنێردرێت بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل ڕۆڵی تورکیا لە غەززە ڤیتۆ بکات، یان ئەگەر دانوستانەکانی ئیسرائیل و سعودیە بێ ئەنجام بن، پچڕانێکی تەواو لە پەیوەندییەکان ئەگەری هاتنە ئارای ئاسانتر دەبێت.