گومانی تێدا نییە کە دوو پیشە “کردە” لە کۆنترین پیشەکانی مێژوون. یەکەم:- ئەوینبازی، دووەم:- سیخوڕی، ئەگەر ئەوینبازی کۆنترین پیشە بێت کە پیشەیەکە پێکڕای کۆمەڵگا کۆنین(قديم)ەکان ناسیویانە، ئەوا سیخوڕی کردن بەسەر ئەوانی دیدا و چاودێری کردنیان هاوکاتە لەگەڵ لەدایک بوونی ئەویندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێڵە هاوبەشەی کە ئەم دوو کایە هەیانە، خاڵی سەرنج ڕاکێش و نامۆی ئەم دوو ئەرکە ئەوەیە کە هەردووکیان “بەنهێنی” پراکتیزە دەکرێن و هەریەکەشیان ڕێوڕەسمی تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕەنگە لە ڕووکەشدا ئاشکرا و زانراو دەربکەون، لێ یاسا و ناڕوونی و نهێنییەکان بنچینەی کردەی سیخوڕی بەڕێوەدەبەن. لەوکاتەوەی هەردوو برا “هابیل و قابیل” هەریەکەیان دەیانویست نهێنی ئەوی دیکە بزانێت ئەگەر ئەمە بکەینە سەرەتای دەستپێکی سیخوڕی کردن لە مێژوودا، بەڵام وا دیارە ئەم کردەیە زۆر پێش ئەم وادەیە دەستیپێکردبێت کاتێک ئیبلیس سیخوڕی بەسەر ” ئادەم “دا کرد پێش ئەوەی هانی بدات کردنی گوناهی یەکەم، ئەو گوناهەی کە مرۆڤ ئەنجامیدا.
“گابریێل فیڕاڵدی”ی توێژەر و ڕەخنەگری فەرەنسی لە کتێبەکەیدا “ڕۆمانی سیخوڕی” جەغدی لەوە کردەوە کە ئەم دوو پیشەیە “ئەوینبازی و سیخوڕی” کۆنینە، ئێستاکێ لە ڕێگای دامەزراوە بەهێزەکانەوە کاری خۆیان دەکەن و پیادە دەکرێن، واتە بەنهێنی کار دەکەن، هەمانشێوەی ئەو ڕێوڕەسمانەی کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەستیان پێکرد بوو، هاوڕێ لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم دوو پیشەیە پێ بەپێی سەردەم، واتە گونجاندنیان بەگوێرەی ئەو قۆناغەی کە پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام “دێزمۆند مۆریس”ی لێکۆڵەر لە کتێبەکەیدا کە لە ساڵی (۱۹٦۲) بڵاویکردووەتەوە دورتر لەوە ڕۆیشتووە و ناوبراو لە کتێبەکەیدا جەغدی لەوە کردەوە کە مرۆڤ لە ” ئاژەڵ “ەوە فێرە هونەرەکانی (سەیرکردن، چاودێری کردن، خۆماتدان، سیخوڕی کردن) بووە، ئەمەش پاڵنەری خۆپارێزی لەپشت بوو، واتە پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیهێنابوو، وە پاراستنی ئەو خاکەی کە لەسەری دەژێت، هاوکات بۆ خۆپاراستن لەو نەزانراو(المجهول)انەی کە چاوەڕوانی دەکات، ڕەنگە مەترسییەکە ئەو دوژمنە بێت کە لە دەوروبەرین جا یان ئاژەڵ یان مرۆڤ یاخود سرووشتە، (دێزمۆند مۆریس) پێیوایە ئەم ڕەفتارە کۆمەکی مرۆڤی کردووە لە پێشکەوتن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. سەرەڕای ئەم هەموو ساڵە هێشتا هونەرەکانی چاودێری کردن و خۆماتدان و سیخوڕی کردن زۆر نەگۆڕاون، هەرچەندە شارستانییەت یارمەتی مرۆڤی داوە لە بەدەستهێنانی زۆرترین بڕی هەواڵ و زانیاری لە کوترین یان خێراترین کاتدا لە ڕێگای ئەو ئامڕازانەی کە بەدرێژایی ساڵ دروستی کردوون.
کردەی سیخوڕی بۆ ئەو وڵاتانەی کە لانکەی شارستانییەت بوون بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەگوێرەی ئەوەی کە “گابریێل فیڕاڵدی” نوسیویەتی، ئەوەی کە پێیدەگوترێت ” میتۆدەکانی سیخۆڕی “یان داهێنابوو، کە لە یۆنانی کۆنیشدا کردەی سیخوڕی کردن هەبووە “ئەوەی کە ئێستاکێ پێیدەگوترێت تابووری پێنجەم” ئەم تابوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنانییەوە بەڕێوە دەبرا بەپێی ئەو ڕێسا و سازوکار(میکانیزم)ەی کە لە جیهانی سیخوڕیدا هەیە ئاڕاستە دەکرا تا سەدەی نۆزدە، بەڕێوەبەرانی ئەم تابوورە یەکترییان نەدەناسی و بۆشیان نەبوو پرسیار لە نیاز و مەبەستی ئەو پلانە بکەن کە پێیان سپێردرابوو، بەڵکو تەنها جێبەجێ کردنیان لەسەر بوو. لێکۆڵەری ئەمریکی “ئاڵن دۆڵز” لە کتێبەکەیدا بەناوی “دەزگاکانی هەواڵگریی” ئاماژە بەوە کردوە کە فیرعەونەکان ئاشنای کردەی سیخوڕی کردن بوون و توکمەترین سیستمی سیخوڕییان هەبووە ئەویش بە مەبەستی پاراستنی نهێنی قەشەکان و زانستە پێشکەوتوەکانی(ئەو سەردەمە)، (مەمدوح عیسا) لە گۆڤاری (المهندسون العسكريون) لە ساڵی (۱۹٥٦)دا دەڵێت: هەڵکەنراوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فیرعەونەکان چاو(سیخوڕ)یان لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بڵاوکردبوەوە، لەبەرئەوە ئەو کەسەی کە لە دەرباری فیرعەون کاری دەکرد پێیدەگوترا (چاوی پادشای میسری سەرەوە) و (چاوی پادشای میسری خوارەوە)، ئەمەش واتە ئەو کەسەی کە لە فیرعەون نزیکە بەشێوەی تاکەکەسی ئەرکی ئەوە بوو هەموو شتێکی دەوروبەری فیرعەون بپشکنێت، هەروەها مەبەست لە (گوێ- گوێهەڵخەر) ئەو هەواڵدۆزانە بوون کە هەواڵ و زانیاریان لەبارەی ئەو ڕووداو و شتانەوە بۆ پادشا دەهێنا کە بەنهێنی لە شارەکاندا ڕویان دەدا. تابلۆ هەڵکۆڵراوەکانی سەر دیوارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فیرعەون لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە داگیریی کردبوون سیخوڕی تێدا چاندبوون لەوانە “فەلەستین و سوریا” هەروەها سیخوڕی لەنێو دەوڵەتە هاوپەیمانەکانیشیدا چاندبوو، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە داگیریی کردبوون و پیاوی دەستەڕاستی خۆی لەوێ دانابوو ئەم پیاوانە سیخوڕییان بەسەر یەکدییەوە دەکرد.
پڕۆسەی سیخوڕی کردن لە کۆمەڵگا کۆنینەکاندا لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆشش بوو واتە بەگوێرەی توانستی کەسی سیخوڕ، بەڕێوەچونی ئەم پڕۆسەیە بە میتۆدێک دەگەرێتەوە بۆ فەرماندەیەکی چینی بەناوی (سەن تزو – Sun Tzu)، کە کردەی سیخوڕیی کردنی بە تیۆریای کرد واتە بنەما و ڕێبازی بۆ سیخوڕی کردن داڕشت، ناوبراو دامەزراوەیەکی بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە شانشینەکەیدا دامەزراند، ئەمەش پێش (٤۰۰) ساڵ پێش زایین، (ئاڵن دۆڵز) ئاماژەی بەوە کردوە کە ڕابەری کۆچکردووی چین “ماوتسی تۆنگ” هەواداری سەرسەختی ئەو بابەتانە بووە کە “سەن تزو” نووسیونی، و پێشنیاری کردووە کە دوو بەش لە کتێبەکەی “سەن تزو” کە ناوی (هونەری جەنگ – The Art of War)ە لە قوتابخانە سەربازییەکانی چین بخوێندرێت. لەم کتێبەدا “سەن تزو” چەشنی بریکارە “سیخوڕەکان” نهێنییەکانی پۆڵێن کردووە و باسی چۆنێتی گرتنی سیخوڕ و مەشق پێکردنی سیخوڕەکان و چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵیاندا و دەستنیشان کردنی سیخوڕ لە بارودۆخی سەختی جەنگدا ڕوونکردوەتەوە، و باسی چۆنێتی فریودانی دوژمن لە ڕێگای ناردنی “هەواڵدۆزی شاراوە ” و چۆنێتی ڕووخاندنی ورەی دوژمن بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هەواڵی ناڕاست، وەکو ئەوەی لە سەدەی بیستدا پێیدەگوترێت “جەنگی دەروونی” کردووە.
لە هیندستانیش چەند ڕێنمایی و بەرچاوڕوونییەکی زارەکی هەیە کە لە سەردەمانێکی زووەوە دەماو دەم لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی ماوەتەوە و چەندین ڕێوشوێنی سیخوڕی کردن بەسەر ئەوی دیدا لە خۆدەگرێت کە پێکدێن لە هێنانی زانیاری و چاودێری کردنی دوژمن و نایاران، هیندییەکان پەیڕەی ئەم نەریتە بۆماوە سیخوڕییە دەکەن و لە یەکێک لە کتێبەکانی نێو کەلەپووری هیندیدا لەبارەی سیخوڕی کردنەوە هاتووە کە (براهمانا) بەم گوتانە ئامۆژگاری یەکێک لە فەرمانڕەواکانی کردووە: “خێراتر لە پێیەکانت سیخوڕەکانت بنێرە، ڕێگا بە لەناوبردنی خۆت مەدە، نە لەلایەن نزیکەکانت و نەلەلایەن بێگانەوە، لەبەرئەوە سیخوڕییان بەسەرەوە بکە و بیانناسە”.
هەروەها کتێبە ئاسمانییەکانیش ئاوڕیان لەم بابەتە داوەتەوە و بە گرنگییەوە باسیان لە ڕۆڵی سیخوڕی کردووه کە ئەم کتێبانە وێنەدانەوەی وێنەی سەردەمە یەک لەدوای یەکەکانە، لە وتارێکیدا دکتۆر (الطاهر مكي) لە گۆڤاری (الهلال – ئابی ۱۹۸۷)دا نوسیویەتی، سەبارەت بە سیخوڕی لە یەکێک لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا هاتووە دەڵێت: ” پاشان یەزدان بە موسای گوت: پیاوانێک بنێرە بۆ سیخوڕی کردن لە خاکی کەنعان، کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک پیاوێک هەڵبژێرە و بینێرە بۆئەوەی ببێتە فەرمانڕەوای ئەو شوێنە، بۆیە موسا دوازدە پیاوی نارد بۆ سیخوڕی کردن لە خاکی کەنعان و پلانێکی بۆ داڕشتن و پێیگوتن: لێرەوە ڕووەو باشوور بڕۆن و بەسەر ئەو شاخەدا هەڵزنن و خاکی پشتی ئەو شاخە بپشکنن بزانن چییە؟ ئایا ئەو خەڵکەی کە لەسەر ئەو خاکە دەژین بەهێزن یاخود لاواز؟ ژمارەیان زۆرە یاخود کەم؟ چۆنێتی ئەو خاکەی کە تێیدا نیشتەجێن چییە ئایا خاکێکی باش و بەپیتە یاخود خراپ و بێکەڵک؟ ئەو شارەی کە لەنێو ئەو خاکەدا دەژی چییە؟ ئەو خاڵکەی کە لەو شارەدا دەژین ئایا لە قەڵادا دەژین یان لە خێوەتدا؟ ئایا زەوییەکەیان زەوییەکی چۆنە بەهێزە یان لاواز؟ ئایا درەختی لێیە یان نا؟ لەبەرئەوە دوازدە سیخوڕەکە بە شاخەکەدا هەڵزنین و دەستیان کرد بە شۆڤاری کردن، ئەم سیخوڕانە ماوەی چل ڕۆژیان پێچوو، دواتر هاتنەوە بۆلای موسا و پێیان گوت: ئێمە چوینە نێو ئەو خاکەی کە ئێمەت بۆ ناردبوو، لەوێ شیر و هەونگوین هەیە ها ئەمەش بەرووبوومەکانیان، خەڵکی سەر ئەو خاکە خەڵکانی بەهێزن و شارەکەش شارێکی زۆر گەورەی قەڵادارە”.
لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری “لیر”ی فەرەنسی لەگەڵ نووسەری بەریتانی “جۆن لۆکارییە” کە لە (مای ۱۹۸٦)دا ئەنجامی داوە، ئاماژەی بەوە کردوە کە سیخوڕی کردن لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی “سپارتا”وە نەریتێکی لەمێژینە بووە، بە بریکارە نهێنییەکان گوتراوە “هێزی نهێنی” یاخود “کریتیا”، ئێمە کە ئێستاکێ بیست سەدە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی “سپارتا”ین کە یەکەم “هێزی نهێنی” دامەزراند، هێشتا ئەم “کریتیا”یە بەهێزە و هەمانشێوەی سەردەمانی ڕابردوو دەجوڵێتەوە و هەمان ڕێوڕەسمیش پیادە دەکاتەوە. بەگوێرەی ئەوەی کە “ئیلیادە”ی “هۆمیرۆس” بەرهەمێکی ئەدەبییە کە بە نەمری ماوەتەوە و کۆنترین بەرهەمە کە بۆمان مابێتەوە و گرنگی بە کردەی سیخوڕی کردن دابێت، لە کاتی شەڕی “تروادە”دا دەبوو سیخوڕەکان ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە گەیاندنی زانیاریدا، لە بەشی دەی کتێبی ناوبراودا ئاماژە بەو ئەرکە کراوە کە هەریەکە لە “یۆلسیس و دیۆمیدس” پێیهەستان ئەو ئەرکەش بریتیبوو لەوەی کە کاتێک دوو جەنگاوەری یۆنانی دیلێکیان دۆزییەوە کە لەلایەن “تهڕوادهییەکان”ەوە دەستبەسەرکرابوو، ئەمانیش دەستیان کرد بە دەرهێنانی زانیاری لە بابای دەستبەسەرکراو و دواتر کوشتیان، واتە ئەوانیش بەم شێوەیە هەوڵیان دەدا زانیاری لە بارەی دوژمنەوە چنگ بخەن. “گابریێل فیڕاڵدی” لە کتێبەکەیدا “ڕۆمانی سیخوڕی”دا دەڵێت “ئەم ڕەفتارە(تەوزیفکردنی سیخوڕی) بووەتە لە سەدەی بیستدا بووەتە دیاردەیەکی تەندروست لە ژانری ڕۆماندا، پاڵەوانی ڕۆمانە سیخوڕییەکان گونجاوترین چەک هەڵدەبژێرن بۆ بەکارهێنان، ئەوان بایەخ بە دزینی هەموو زانیارییەکان لە دوژمن دەدەن، لە “ئیلیادە”ی “هۆمیرۆس”دا دزینی ئەسپەکانی “ڕۆسۆس” کردەوەیەکی ڕەوا بوو لە جەنگدا لەپێناو دەستخستنی زانیاریدا، پاشان لە ڕێگای پرسیارەوە “پرسیاردۆزی” زانیاری لە دیلەکان دەربهێنرێت و ناچاریان بکەن دان بەو شتانەدا بنێن “بیدرکێنن” کە دەیزانن، زانینی جۆری ئەو پەیوەندییەی کە هەریەکە لە پادشا “ئاگا مەمنون” و “نستۆر”ی دانا و جەنگاوەرەکانی بەیەکەوە بەستوەتەوە.
لە کتێبی نۆیەمی ئینیادە (الانياذة – The Aenied)ی (ڤێرجیلیۆس – Vergilius)دا هەندێک سەرباز دەبینین کە ئەرکی دزە کردنە نێو پێگەکانی دوژمنیان پێسپێردراوە و دوو جەنگاوەریش دەنێردرێت بۆ ئەرکێکی “خۆکوژیی”، ئەو دوو جەنگاوەرەش “نێسۆن و ئۆڕیێڵ”ن، کە قبوڵی جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە دەکەن بەبێ گوێدانە ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەمەش لە ئەرک و دڵسۆزییەوە ئەنجام دەدەن، دوو جەنگاوەرەکە بە سەرکەوتوویی خۆیان دەگەیەننە خاڵی یۆنان، بەڵام نیاز و مەبەستەکەیان ئاشکرا دەبێت و ناچار بەنێو دارستانەکەدا هەڵدێن و دواجار دەگیڕێن و دەکوژرێن.
سیخوڕەکان پێویستییان بە وریایی و زیرەکییەکی تایبەت هەیە، وادیارە لە داستانەکەی “ڤێرجیلیۆس”دا سیخوڕ وەکو ئەکتەرێکی نمونەیی “ئایدیاڵی” دەردەکەوێت، بابای سیخوڕ ئاسودە و سەرنجڕاکێشە و چارەنووسی حەتمی خۆی قبوڵ کردووە، جا هەرچەندە ئەم چارەنووسە بەد و خراپ بێت ئەوا ئەو بە سنگفراوانییەوە پێشوازی لێدەکات. هەر لە هەمان سەدە و قۆناغدا چیرۆکە چینییەکان ئەفسانەیەکیان خستەڕوو بەناوی (سێ شانشینەکە) کە دواتر لە سەدەی چوردەهەمی زایینیدا نوسرایەوە، ئەم ئەفسانەیە باسی شەڕێکی سەد ساڵەی “چین” دەکات و چۆن ستراتیژییەتی چین لەم شەڕەدا پشتئەستوور بووە بە بریکارە نهێنییەکان، لێهاتوویی ئەم بریکارانە(سیخوڕانە) لە گەیاندنی زانیاری لەلایەنی جەنگاوەرانەوە بۆ لایەنی بەرامبەر، سەرکەوتووەکان توانییان زۆرترین زانیاری سەربازی بەدەستبهێنن بۆئەوەی شکست بە نەیارەکانیان بهێنن. دکتۆر (الطاهر مكي) لەبارەی “ڕۆمانی سیخوڕی”ییەوە پێیوایە کە لە ساڵانی سەرەتای هاتنی ئیسلامدا نمونەی کردەی سیخوڕی زۆرن، ڕەنگە شەڕی “خەندەق” باشترین و ڕوونترین نمونە بێت (گۆڤاری – الهلال – ئابی ۱۹۸۷)، موسڵمانەکان هەموو شتێکیان لەبارەی دوژمنەکانیانەوە دەزانی و خۆیان بۆ ڕووبڕوونەوە تەیار دەکرد لە شاری مەککە، لەبەرامبەردا دوژمنانی موسڵمانان هەوڵییان نەدەدا هیچ شتێک بزانن و سادە و ساکار خۆیان هەڵدایە نێو تەڵەی موسڵمانان، بۆنمونە کاتێک لە شارەوە بەرێکەوتن بە مەبەستی هێرشکردنە سەر موسڵمانان بینییان موسڵمانەکان چاڵ(خەندەق)ێکی قوڵ و درێژیان بە چواردەوری خۆیاندا لێداوە، ئەمانیش کە ئەو چاڵەیان بینی زۆر سەریان سوڕما و ترس و بیم دایگرتن و ناچار لە کوێوە هاتبوون گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنە.
(جمال الغيطاني) لە ڕۆمانی (الزيني بركات) ڕۆڵی (چاوساغ – البصاصين)ەکانی لە ساتەوەختی شەڕی نێوان عوسمانییەکان و مەمالیکەکاندا لە سەدەی شازدەی زایینیدا دەرخست، و دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەی کە ” چاودێر – چاوساغ “ەکانی لێهاتووتر و چاوکراوەتر بوون شکایەوە. بەدرێژایی مێژووی پان و بەرین لە هەموو پارچەکانی جیهاندا “شەڕ” یاوەری مرۆڤایەتی بووە و سیخوڕان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە لاسەنگکردنی تەرازووی شەڕەکەندا، کە هاوشانە بە ڕۆڵی جەنگاوەرانی نێو گۆڕەپانی جەنگ، هەڵبەتە لەم کتێبەدا بواری ئەوە نییە باس لە ورد و درشتی کردەی سیخوڕی وەک چالاکییەکی مرۆیی بکەین، بەڵکو ئەوەی تانگاتەنگ پەیوەستە بە نیازی ئەم کتێبەوە ئاماژە کردنە بە نوسینی چیرۆکی سیخوڕی و ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی لە گێڕانەوەی ئەدەبیدا و سینەماییدا.
ڕوماننوسی ئەمریکی (جیمس فینیمۆر کوپەر – James Fenimore Cooper)، کە لەنێوان ساڵانی (۱۷۸۹ – ۱۸٥۱) ژیاوە، بە یەکەمین کەس دادەنرێت کە “سیخوڕی” بە مانا ئەدەبییەکەی بەکارهێنا ئەویش لە ڕۆمانی (سیخوڕی – The Spy) کە لە ساڵی (۱۸۲۱) بڵاوبووەتەوە، بایەخی ئەم ڕۆمانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەخنەگران ڕۆمانەکانی “جیمس فینیمۆر کوپەر” بە تۆماری ئەزموونە کەسییەکانی نووسەر دەزانن، وەکو چۆن ناوبراو بە کەسێکی ئارەزوومەند و شەیدای سەرکێشی و ڕاوکردن ناوی دەرکردبوو، دکتۆر (نبيل راغب) لە ئینسایکلۆپیدیای(موسوعة ٲدباء امريكا) نوسیویەتی” کوپەر، لە ڕێگای ئەو کاراکتەرانەی کە پێشکەشی کردوون ڕەخنەی لە دیاردەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ بووە، لێ نیازی ئەوەی نەبووە خوێنەر لەخۆی توڕە و نیگەران بکات لە ئەنجامی هێرشکردنە سەریان، ڕۆمانەکانی وی ڕەخنەی یەک لەدوای یەک بوون لە ژیانی هاوچەرخی ئەمریکی، هەڵبەتە پێگەی وی وەک ڕۆماننوسێک لە میراتی هزری ئەمریکادا بە نەمری دەمێنێتەوە کە ئەم میراتە ئەدەبییە خۆی لە بابەتە کۆمەڵایەتییە واقیعییەکاندا دەبینێتەوە واتە تێمای کارەکانی بە دەوری کێشە کۆمەڵایەتی واقیعییەکاندا سوڕاونەتەوە، ڕۆمانی (سیخوڕی – The Spy) سەرنجی خوێنەرانێکی بەرفراوانی ڕاکێشا کە سەرسام بوون بە ڕووداو و کاراکتەرەکانی نێو دەقەکە کە ئەمەش وای لە کوپەر کرد تەواوی ژیانی بۆ کایەی ئەدەب تەرخان بکات – لا ۷). سیخوڕی نێو ڕۆمانەکەی “کوپەر” نە بریکارێکی پێشەگەرە و نە سەر بە هیچ دەزگایەکی هەواڵگرییە کە هەوڵی دزینی زانیاری نهێنی لە دوژمنەوە بدات، لێ کەسێکی جیاوازە، ئەو ناوی (هارڤی بیرچ)ە، ئەفسەرێکی گەنجی ئینگلیزە کە لە ساتەوەختی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکادا لە دیوەکەی دیکەی جەنگەدا ناچارە گەشت بکات بۆ بینینەوەی خانەوادەکەی، ئەم کارەش هەروا ئاسان ناچێتە پێش بەڵکو زنجیرەیەک سەرکێشی ئەنجام دەدات، کە وا دەکات زۆر زانیاری نهێنی و شاراوەی پەیوەندیدار بە شەڕەوە فێر ببێت، ناوبراو لەکۆتاییدا دەستگیر دەکرێت بە پێویست دەزانرێت بەتۆمەتی سیخوڕیکردن گولـلهباران بکرێت، ئەگەرچی ئەو کارانەی نەكردووە کە وەک تۆمەت دراونەتە پاڵی، هەرچەندە گەنجەکە لە کۆتا ساتی پێش گولـلەباران کردنی ڕزگاری دەبێت لەو سزایە و سەرکەوتووانە هەڵدێن، بەڵام دواجار لە ڕوانگەی سەرکردەکانییەوە سیخوڕێکە و هیچی تر. “گابریێل فیڕاڵدی” پێیوایە کارەکتەری “بیرچ” نوێنەرایەتی مۆدیلێک لە مرۆڤ دەکات کە ڕووبەڕووی گرفتی نائاگایی دەبێتەوە.
“کوپەر” بەم ڕۆمانەی توانی لانیکەم بۆ ماوەی نیو سەدە کاریگەری لەسەر نووسەرە ئەمریکییەکانی دوای خۆی جێبهێڵێت، لە فەرەنساش دوو ڕۆمان لە هەمان ژانر (ژانری سیخوڕی) لە یەک ساڵدا بڵاوبوونەوە ئەویش لە ساڵی (۱۸٤٦)، یەکەمیان لە نووسینی “جۆزێف بالاسامو” دووەمیان لە نووسینی ڕوماننوسی ناوداری فەرەنسی (ئەلێکساندەر دۆما – Alexandre Dumas)، سەبارەت بە ڕۆمانەکەی “جۆزێف بالاسامو” ڕووداوەکانی نێو ئەم دەقە لە دەوری شوڕشی فەرەنسیدا سوڕاونەتەوە. هەڵبەتە نووسەر چەمکی (سیخوڕ و سیخوڕی) بەو مانایەی کە ئێستاکێ هەیە بەکارنەهێناوە تێمای سەرەکی ڕۆمانە بریتییە لەوەی بۆنمونە پادشا بریکار(سیخوڕ)ێکی هەیە و ئەم بریکارە بەدوای چارەنووسی بازنەکەی شاژندا دەگەرێت، لەبەرئەوە لە زۆر کەسایەتیدا خۆی دەشارێتەوە، لە گەرمەی شۆڕشی فەرنسیدا بریکارەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر شوێن بازنەکەی شاژن دەکەوێت، بەڵام سەبارەت بەو چیرۆکانەی کە ” ئەلێکساندەر دۆما “(۱۸۰۲ – ۱۸۷۰) نووسیونی بە گشتی لە فۆڕمی ڕۆمانی سیخۆڕییەوە نزیکە، بۆ نمونە لە دەقەکەدا بەر کەشێکی شەڕی نهێنی و ڕێوڕەسمێکی نهێنی کە کۆمەڵێک خەڵک بەرێوەیان دەبەن کە بریتییە لە پاراستنی جێگیری سەرۆکی ئەمریکا دەکەوین، ئەوەیش ئاشکرایە کە ڕۆمانی (سێ سوارچاکەکە – Los tres mosqueteros)ی ” ئەلێکساندەر دۆما ” کە لە ساڵی (۱۸٤٤) بڵاوبووەتەوە کۆمەڵێک کردەی سیخوڕیکردنی تێدایە و کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانەکە سیخوڕی بۆ ڕاوێژکاری پادشا بەناوی (ڕیشیلیۆ) دەکات، ئەم ڕاوێژکارە بە مەبەستی تێکدانی نێوانی پادشا و شاژن دەچێتە نێوانییانەوە بۆ هێنانە دی مەرامە کەسییەکانی، هەڵبەتە دەرکەوتنی ئەم کارەکتەرە لاوەکی و پەراوێزییە یاخود دەرکەوتی وەک سێبەر لەم ڕۆمانەدا بە هیچ شێوەیەک ڕۆمانەکەی نەکردوە ڕۆمانێکی سیخۆڕی(ژانری سیخۆڕی)، بەڵام ئەوەی لەم ڕۆمانەدا گرنگە ئەوەیە بوونی ئەو کەسانە “ئەو کارەکتەرە سیخوڕانە”یە لە نێو دەقەکەدا کە بە ئەرکێکی سیخوڕی هەڵدەستن و کەشومودی ڕۆمانەکەش لە دەوری کەشێکی پۆلیسی نهێنیدا سوڕاوەتەوە، ئەمەش لە شوێنێکی دیکەی ئەم کتێبەدا لە ڕێگای پەیوەندی نێوان (ڕۆمانی سیخۆڕی) و (ڕۆمانی پۆلیسی)دا ڕووندەکەینەوە، بۆنمونە ڕۆماننوسی ناوداری فەرەنسی ” بەلزاک “(۱۷۹۹ – ۱۸٥۰) جەغدی لەوە کردوەتەوە کە ڕۆمانی (La Chartreusr de Parme)ی نووسەری فەرەنسی (ستاندال – Stendhal) کە لە ساڵی (۱۸۳۹) بڵاوبووەتەوە بەرهەمێکی ماکیاڤیلیانەی سەدەی نۆزدەیە، بەڵام ئەم ڕۆمانە سەر بە ئەدەبی سیخوڕی نییە چونکە لە ئەدەبی سیخۆڕیدا پێویستە تێکەڵەیەک لەنێوان کەشوهەوای سیاسی تێکەڵ بە تیرۆرکردن و هەڵاتن و سەرکێشی هەبێت، کە ئەم دیاردانە لە جیهانی سیخۆڕان و کردەی سیخۆڕیدا شتانێکی حەتمی و باون.
ڕەنگە “بەلزاک” سەرسامییەکی بەو کەشە پڕ ئالۆزەی ڕۆمانەکەی “ستاندال” هەبوبێت، لەبەرئەوەیە ئەمیش ئەو ستایلەی وی وەرگرتووە و بە شێوازی خۆی لە ڕۆمانەکەنیدا دایڕشتووەتەوە کە لە چلەکانی سەدەی نۆزدەدا نووسیبونی لەنێوانیاندا ڕۆمانەکانی (مهمة مظلمة)، (الرائعون)، (مآسي المحظيات) چەندانی تر، ڕەخنەگران ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە لەم ڕۆمانانەدا جیهانێکی تایبەتی نهێنی کردەی سیخوڕیکردن هاوڕێ لەگەڵ ڕێوڕەسمی تایبەت بەخۆی ئامادەیی هەیە، لەو ساڵانەدا (ڕۆمانی پۆلیسی و ڕۆمانی میللی) دەستیان بە گەشە کردن کرد و نووسەرانی سوارچاک بۆ ئەو ژانرانە هاتنە مەیدان، ئەم داهێنانە(لە کایەی ئەدەب)دا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و بەفراوانی لەنێو خوێنەرانی ڕۆژنامەدا بڵاوبوونەوە، خوێنەران ژمارە دوای ژمارە بەش بەش ئەم ڕۆمانە هەستبزوێنانەیان دەخوێندەوە لە ژمارە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژنامەکانی ئەوکات، بۆنمونە نووسەرێکی وەک (ئوجین سو – Eugéne Sue) توانی تیراژێکی زۆر لە ڕۆمانەکەی بفرۆشێت، کە هیچ کام لە دیارترین نووسەرەکانی ئەو دەم نەیانتوانی بەو ڕێژەیە تیراژی کتێبەکانیان بفرۆشن .
سەرچاوە: جواسيس الٲدب … جواسيس السينما
نوسینی: مهحمود قاسم
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد