دەستێوەردانی ئەمریکا لە بەڵقان؛ جەنگی یوگۆسلاڤیای ساڵانی نەوەدەکان
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار
دوای جەنگی جیهانی دووەم، نەتەوەی یوگۆسلاڤیا دەوڵەتێکی سۆسیالیستی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بوو کە بە شانازییەوە سەربەخۆ بوو لە دڵسۆزی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت. بەڵام کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، یوگۆسلاڤیا بە خێرایی بەدوایدا هات. لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا، یوگۆسلاڤیای پێشوو، جێگای گەرمی گرژییە نەتەوەییەکان و ئابوورییە شکستخواردووەکان و تەنانەت شەڕی ناوخۆ بوو، کە ئێستا بە جەنگی یوگۆسلاڤیا ناسراوە. گرژییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان کە لە سەردەمی سەرکردایەتی بەهێز و خۆسەپێنانەی یوگۆسلاڤیادا سەرکوتکرابوون، بە تووڕەییەوە سەریان هەڵدا. لە کاتێکدا جیهان بە ترسەوە سەیری تووندوتیژیەکانی بۆسنیا و کۆسۆڤۆی دەکرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هەستیان بە ناچاری کرد دەستوەردان بکەن. لە نموونەی جیاوازدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی شەڕی ئاسمانییان دژی سربیا دەستپێکرد کە بەهێزترین دەوڵەتی یوگۆسلاڤیای پێشوو بوو.
“بەرمیلی بارووت؛ جەنگی یهكهمی جیهان و یوگۆسلاڤیای یەکگرتوو”
لە سەرەتای ساڵانی ١٩١٠دا ئەوروپا لەناو سیستەمێکی ڕەقی هاوپەیمانی سەربازیدا كڵۆم بوو بوو. گرژییەکان بەدرێژایی دەیان ساڵ بەهۆی کێبڕکێی کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا و ئاسیادا زیادیان کردبوو، زلهێزە ئیمپراتۆرییە ئەوروپییەکان بەدوای بەنرخترین خاکدا دەگەڕان. ئەوروپای ڕۆژئاوا زیاتر لە دوای شەڕەکانی ناپلیۆنەوە سەدەیەک پێشتر لە ئاشتیدا بوو، زۆرێک لە سەرکردەکان پێیانوابوو شەڕێکی کورت نمایشێکی باشی هێز دەبێت. لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، پاشەکشەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دۆخێکی ناسەقامگیری لە ناوچەی بەڵکان دروست کردبوو، کە بەهۆی ناسەقامگیری و توندوتیژییەکەیەوە بە “بەرمیلە بارووتی ئەوروپا” ناسرابوو. لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 1914، “ئارچدوک فرانز فێردیناند”ی نەمسا-مەجەر لە شاری سارایڤۆی بۆسنە لەلایەن کەسێکی تووندڕەوی سیاسی بە ناوی گاڤریلۆ پرینسیپ تیرۆرکرا. ئەمەش کاردانەوەی زنجیرەیی ڕووداوەکانی لێکەوتەوە کە بووە هۆی جەنگی جیهانی یەکەم، هەموو زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکانیانەوە لە شەڕدا كڵۆم بوون. لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا شانشینی یوگۆسلاڤیا لە شوباتی ساڵی ١٩١٩ لەلایەن ئەمریکاوە پێکهێنرا و دانی پێدا نرا، لە کۆمەڵێک شانشینی بچووکتر پێکهاتبوو کە گەورەترینیان شانشینی سربیا بوو.
“جەنگی دووهمی جیهانی؛ دووبارە دابەشبوونی یوگۆسلاڤیا”
لە کاتێکدا باڵکان پریشکی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، شانشینی یوگۆسلاڤیا لە شەڕەوە دروست بوو، جەنگی دووهمی جیهان ناوچەکەی دابەش کردەوە. یوگۆسلاڤیا لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤١ لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرا، کە زلهێزی میحوەری باڵادەست بوو لە ئەوروپا، بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە، یوگۆسلاڤیا دابەشکرا بەسەر زلهێزەکانی میحوەر لە ئەوروپا: ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هەنگاریا و بولگاریا. دابەشبوونی هەڕەمەکی یوگۆسلاڤیا ئاڵۆزی دیمۆگرافیای هەنووکەیی باڵکانەکانی گەورەتر کرد بۆ ئەوەی خاکێکی ناجێگیر دروست بکات. بە درێژایی شەڕەکە، زلهێزەکانی میحوەر مامەڵەیان لەگەڵ یاخیبووانی بەربڵاوی پارتیزاندا کرد. بە پێچەوانەی زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یوگۆسلاڤیا تا ڕادەیەکی زۆر خۆی لە ڕێگەی چالاکییە سەربازییە حزبییەکانەوە ڕزگار کرد “بە یارمەتی ئامێرەکانی هاوپەیمانان”. ململانێ لەسەر ئەوە سەریهەڵدا کە کام حکومەتی نوێ دەست بەسەر نازییەکانی ئەڵمانیا و فاشیستە ئیتاڵییەکان دەگرێت. کۆمۆنیستەکان هەبوون کە یەکێتی سۆڤیەت پشتیوانییان دەکرد، ڕۆیالیستەکان هەبوون کە پشتگیریان لە حکومەتی دەربەدەری یوگۆسلاڤیا دەکرد (لە بەریتانیا) و ئەوانەی دەیانویست کۆمارێکی دیموکراسی هەبێت. کۆمۆنیستەکان بەهێزترین گرووپ بوون و لە تشرینی دووەمی ١٩٤٥دا بە جیاوازییەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بەڵام گوایە ئەم سەرکەوتنە بەهۆی تۆقاندن و سەرکوتکردنی دەنگدەران و ساختەکاریی ڕاشکاوانە لە هەڵبژاردنەکاندا پەڵەدار بووە.
“١٩٤٠ – ١٩٨٠؛ سەردەمی تیتۆ لە یوگۆسلاڤیای سۆسیالیستی”
براوەی هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٥، جۆسیپ برۆز تیتۆ بوو بە سەرۆک وەزیرانی فەرمی یوگۆسلاڤیا. وەک کۆمۆنیستێکی دڵسۆز کاری دەکرد، لەنێویاندا بە نیشتمانیکردنی پیشەسازییە سەرەتاییەکان، بەڵام ڕەتیدەکردەوە ملکەچی ئیحتساباتی یەکێتی سۆڤیەت بێت. یوگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٤٨ لە بلۆکی سۆڤیەت جیابووەوە، یوگۆسلاڤیا وەک نەتەوەیەکی بێلایەن، لە کاتی جەنگی سارددا بوو بە شتێکی سەیر: دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی کە هەندێک پشتیوانی و بازرگانی لە ڕۆژئاوا وەردەگرت. لە ساڵی ١٩٥٣ تیتۆ بۆ پۆستی نوێی سەرۆک هەڵبژێردرا…و تا کۆتایی ژیانی دووبارە هەڵدەبژێردرێتەوە. تیتۆ بە درێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە یوگۆسلاڤیادا بەناوبانگ بوو. کۆنترۆڵی بەهێزی حکومەت، ئابوورییەکی تەندروست و سەرکردەیەکی نیشتمانی پاڵەوانی جەنگی باو یارمەتی هێورکردنەوەی گرژییە نەتەوەییەکانی هەبوو لە ناوچە ئاڵۆزەکەدا دا. تیتۆ زیاتر لە دەوڵەتە سۆسیالیستییەکانی دیکەی ئەوروپا یوگۆسلاڤیای نایەکگرتووی ئازاد کرد و وێنەیەکی ئەرێنی بۆ یوگۆسلاڤیا وەک دەوڵەتێکی سۆسیالیستی “بەرێز” دابینکرد. جەماوەری نێودەوڵەتی تیتۆ بووە هۆی ئەوەی گەورەترین پرسەی دەوڵەتی لە مێژوودا لە ساڵی ١٩٨٠دا ئەنجام بدرێت، کە شاندەکانی هەموو جۆرە سیستەمێکی حوکمڕانی تێدابوو. وەک داننان بە سەقامگیری یوگۆسلاڤیا، شاری سەرایڤۆ خەڵاتی میوانداریکردنی ئۆڵۆمپیادی زستانەی ساڵی ١٩٨٤ی پێبەخشرا، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە نوێنەرایەتی “خاڵی بەرز”ی نێودەوڵەتی ناوبانگی یوگۆسلاڤیا دەکات.
“کۆتایی هەشتاکان – ١٩٩٢: لەتبوونی یوگۆسلاڤیا جەنگەکانی یوگۆسلاڤیا”
هەرچەندە تیتۆ بە شێوەیەکی کاریگەر کرابووە سەرۆک بۆ هەتاهەتایە، بەڵام دەستوورێکی ساڵی ١٩٧٤ ڕێگەی بە دروستکردنی کۆماری جیاواز لەناو یوگۆسلاڤیا دا کە سەرکردەکان هەڵدەبژێرن کە بەکۆمەڵ حوکمڕانی بکەن. ئەم دەستوورەی ساڵی ١٩٧٤ بووە هۆی ئەوەی کە یوگۆسلاڤیای دوای تیتۆ ببێتە فیدراسیۆنێکی شل نەک وڵاتێکی یەکگرتووی بەهێز. ئەگەر ئەم یەکێتییە بەهێزە نەبوایە، یوگۆسلاڤیا زۆر زیاتر بەرەوڕووی بەڵای کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەبوو کاتێک یەکێتی سۆڤیەت دەستی بە داڕمان کرد و کۆمۆنیزمیش لە بەرژەوەندییەکانی دەرچوو.
تۆوی جیابوونەوەکەلە ساڵی ١٩٨٩ ڕەگی داکوتا. لە سربیا، کە بەهێزترین کۆماری یوگۆسلاڤیایە، ناسیۆنالیستێک بە ناوی سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشانکرا. میلۆسێڤیچ دەیویست یوگۆسلاڤیا ببێتە فیدراسیۆنێک کە لە ژێر کۆنترۆڵی سربیادایە. سلۆڤینیا و کرواتیا کۆنفیدڕاڵییەکی شلتریان دەویست، چونکە ترسیان لە هەژموونی سربەکان هەبوو. لە ساڵی ١٩٩١ جیابوونەوەکە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سلۆڤینیا و کرواتیا دەستی پێکرد. سڕبیا ئەو دوو کۆمارەی بە جیابوونەوە تۆمەتبار کرد. ململانێ لە کرواتیا سەریهەڵدا بەهۆی زۆری دانیشتوانی کەمینەی نەتەوەیی سربەکان، کە دەیانویست کرواتیا لەگەڵ سربیا یەکگرتوو بمێنێتەوە. ململانێکان لە ساڵی 1992 قووڵتر بووەوە، کاتێک بۆسنە کە سێیەم کۆماری یوگۆسلاڤیایە، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 1ی ئازاردا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و ڕێگەی بۆ شەڕەکانی یوگۆسلاڤیا خۆشکرد.
“١٩٩٢-١٩٩٥؛ جەنگی بۆسنە”
سەرەڕای دانپێدانانی خێرای نێودەوڵەتی بە نەتەوە نوێیەکەی بۆسنە، هێزە نەتەوەییەکانی سربیا ئەم سەربەخۆییەیان ڕەتکردەوە و دەستیان بەسەر شاری سەرایڤۆی پایتەختدا گرت. لەناو بۆسنەدا، گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکان کە سوپای یوگۆسلاڤیای پێشوویان پێکهێنابوو، بەیعەتی نوێیان دروستکرد و هێرشیان کردە سەر یەکتر. لە سەرەتادا هێزەکانی سربیا دەستپێکیان هەبوو و هێرشیان کردە سەر بۆسنیکی نەتەوەیی (موسڵمانی بۆسنە). سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ سەرۆکی سربیا بۆسنیای داگیرکرد بۆ ئەوەی سربییە نەتەوەییەکان کە زۆربەیان مەسیحی ئۆرتۆدۆکس بوون، لە چەوساندنەوە “ئازاد” بکات. هەروەها کرواتەکان (کرواتییەکان) لە بۆسنە یاخی بوون، و دەیانویست کۆماری خۆیان دابمەزرێنن بە پشتیوانی کرواتیا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٣ دەستوەردانی کرد و شاری جیاجیای بە “ناوچەی سەلامەت” بۆ موسڵمانانی چەوساوە دەستنیشان کرد. سربەکان تاڕادەیەکی زۆر ئەو ناوچانەیان پشتگوێ خست و دڕندەیی ترسناکیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل بە ژن و منداڵیشەوە ئەنجامدا. ئەمە بە یەکەم پاکتاوی نەتەوەیی دادەنرا – هاوشێوەی جینۆساید – لە ئەوروپا لە دوای هۆلۆکۆست لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. لە ساڵی ١٩٩٥، دوای سێ ساڵ لە شەڕ، سربەکان بڕیاریان دا بە لەناوبردنی ناوچە نەتەوەییەکانی سرێبرینیکا و زێپا لە بۆسنە، بۆ ئەوەی بەزۆر کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.
“پاییزی ١٩٩٥؛ دەستێوەردانی ئەمریکا لە جەنگی بۆسنە”
هێرشی سربییەکان بۆ سەر سرێبرینیکا لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٥ جیهانی ترساند و زیاتر لە ٧ هەزار کەسی مەدەنی بێتاوان کوژران. ئەمریکا شاندێکی نارد بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ناتۆ لە لەندەن کۆببنەوە و بڕیاردرا کە ناتۆ بەرگری لە هاووڵاتیانی مەدەنی بکات لە شارۆچکەی گۆرازدێ کە ئامانجی سربەکانە. هێزە بچووکەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە یوگۆسلاڤیای پێشوودا ئامادەن، بڕیاریان دا کە بێکاریگەر بن. پلاندانان بۆ دەستێوەردانێکی ئاسمانی دەستی پێکرد، چونکە ئەمریکا دژی بەکارهێنانی “پێڵاو لەسەر زەوی” بوو دوای شکستی مۆگادیشۆی سۆماڵ لە ساڵی ١٩٩٣. لە ٢٨ی ئابی ١٩٩٥دا تۆپێکی تۆپخانەی سرب لە بازاڕێکی سەرایڤۆدا ٣٨ هاوڵاتی مەدەنی کوشت. ئەمە دوا پەڕۆ بوو کە ئۆپەراسیۆنی هێزی بە ئەنقەستی دەستپێکرد، کە شەڕی ئاسمانی ناتۆ بوو بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژی هێزەکانی سربیا لە بۆسنە. هێزی ئاسمانی ناتۆ بە بڕێک هاوکاری تۆپخانە هێرشیان کردە سەر کەرەستە قورسەکانی سربیا لە بۆسنە. دوای سێ هەفتە لە هێرشە بەردەوامەکان، سربەکان ئامادە بوون بچنە ناو دانوستانەکانی ئاشتی. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ ڕێککەوتننامەی ئاشتی دەیتۆن لە شاری دەیتۆن لە ویلایەتی ئۆهایۆ لەنێو شەڕکەرە جیاوازەکانی بۆسنەدا واژۆ کرا. واژۆکردنی فەرمی کە کۆتایی بە شەڕی بۆسنە هێنا، لە ١٤ی کانوونی دووەم لە پاریس ڕوویدا.
“دوای دەیتۆن؛ ئاشتی پارێزی KFOR/SFOR لە بۆسنە”
لە کاتێکدا وانەکانی مۆگادیشۆ و سۆماڵ لە ساڵی ١٩٩٣ وایکرد ئەمریکا شەڕێکی ئاسمانی ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی هێزی زەمینی هاوتا لە بۆسنە هەبێت، وانەکانی دوای جەنگی کەنداو دڵنیای کردەوە کە ناتۆ بە سادەیی بۆسنە بەجێناهێڵێت دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی دەیتۆن. هەرچەندە ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆسنە بە بێکاریگەر دادەنرا، بەڵام ئەمجارەیان ئاشتیپارێزی بە پلەی یەکەم لەلایەن ناتۆوە بەپێی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرا. IFOR (Implementation Force)ی بۆسنە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ تا کانوونی دووەمی ١٩٩٦ کاریکرد و لە نزیکەی ٥٤ هەزار سەرباز پێکهاتبوو. نزیکەی ٢٠ هەزار لەو سەربازانە لە ئەمریکاوە هاتبوون.
هەندێک لە سەربازە ئەمریکییەکان لە دوای کانوونی دووەمی ١٩٩٦ وەک ئاشتیپارێز لە بۆسنە مانەوە، چونکە IFOR گواسترایەوە بۆ SFOR (Stabilization Force). سەرەتا SFOR نزیکەی نیوەی قەبارەی IFOR بوو، چونکە هەڕەشەی تووندوتیژی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە. SFOR لە کارکردندا ماوەتەوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی بەردەوام کەم بووەتەوە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٦. تا ساڵی ٢٠٠٣، تەنها بۆ ١٢ هەزار سەربازی ناتۆ کەم بووەتەوە. بەڵام ئەمڕۆش بۆسنە بەهۆی ترسی گرژییە نەتەوەییەکان کە بەهۆی سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزم لە سربیا وروژێنراون، هێشتا داوای ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکات.
“١٩٩٨-٩٩؛ سربیا و جەنگی کۆسۆڤۆ”
بەداخەوە تەنها چەند ساڵێک دوای جەنگی بۆسنە گرژییەکان لە باڵکان سەرهەڵدەدانەوە. لە باشووری سربیا، ناوچەی جیابووەوەی کۆسۆڤۆ خۆی لە خراپترین توندوتیژی جەنگی بۆسنە بەدوور گرتبوو، بەڵام گوایە تەنیا لە ڕێگەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی ئەگەر دیکتاتۆری سربیا “سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ” تووندوتیژی لە ناوچەکەدا ئەنجامدا. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٨ تووندوتیژی لە کۆسۆڤۆ سەریهەڵدا و سوپای ڕزگاریخوازی کۆسۆڤۆ (KLA) هێرشەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی سربیا زیاتر کرد. لە تۆڵەسەندنەوەدا، سربەکان بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامیان دایەوە، لەنێویاندا کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی. لەگەڵ زیادبوونی تووندوتیژی لە نێوان سربی و کۆسۆڤار (خەڵکی کۆسۆڤۆ)، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی وەڵامێک.
ئەلبانییە نەتەوەییەکان لە کۆسۆڤۆ دەیانویست وڵاتێکی سەربەخۆ بن، بەڵام زۆربەی سربەکان ئەم پێشنیازەیان ڕەتکردەوە. بە درێژایی بەهاری ساڵی ١٩٩٨، دانوستانە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی تێکچوون و تووندوتیژییەکانی سرب و کۆسۆڤار بەردەوام بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەکانی سربیایان کرد و هێزەکانی ناتۆش “نمایشی ئاسمانی”یان لە نزیک سنوورەکانی سربیا ئەنجامدا بۆ ئەوەی هەوڵبدەن و “میلۆسێڤیچ” بترسێنن بۆ ئەوەی هێزە شەڕانگێزەکانی بوەستێنن. بەڵام دیپلۆماسی نەیتوانی گرژییەکان کەم بکاتەوە و تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ ناتۆ دەستی کرد بە داڕشتنی پلان بۆ شەڕێکی ئاسمانی نوێ دژی سربیا. بەردەوامی تووندوتیژیی سربەکان لە کۆسۆڤۆ لەم ماوەیەدا، لەوانەش هێرشە توندوتیژەکانی دژی سربەکان لەلایەن و سوپای ڕزگاریخوازی کۆسۆڤۆ ، بە شێوەیەکی گشتی بە شەڕی کۆسۆڤۆ ناسراوە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ ئەمریکا گەیشتە کۆتایی دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سربیا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت کۆتا بڕیاری پێشکەش کرد: ئەگەر سربیا کۆتایی بە پاکتاوی نەتەوەیی نەهێنێت و خۆبەڕێوەبەری زیاتری بە ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ نەدات، ناتۆ وەڵامی سەربازی دەداتەوە. کاتێک “میلۆسێڤیچ” بڕیارەکەی ڕەتکردەوە، ئۆپەراسیۆنی هێزی هاوپەیمان دەستی پێکرد. لە ٢٤ی ئازاری ١٩٩٩ەوە ئەمریکا و ناتۆ دەستیان بە شەڕێکی ئاسمانی کرد کە ماوەی ٧٨ ڕۆژە دژی سربیا بوو. بە پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنی هێزی بە ئەنقەست لە ساڵی ١٩٩٥ کە دژی هێزە نەتەوەییەکانی سربی و هاوپەیمانی سربەکان لە بۆسنە ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنی هێزی هاوپەیمان دژی نەتەوەی خاوەن سەروەری خودی سربیا ئەنجامدرا.
شەڕی ئاسمانی لەسەر ئامانجە سەربازییەکان بوو و مەبەست لێی کەمکردنەوەی هەر زیانێکی گیانی بوو بۆ دانیشتوانی مەدەنی سربیا. هێرشەکان زۆر سەرکەوتوو بوون و سربیا لە ٩ی حوزەیران ڕازی بوو بە ڕێککەوتنی ئاشتی، لە ١٠ی حوزەیران هێزەکانی سربیا دەستیان کرد بە جێهێشتنی کۆسۆڤۆ و ڕێگەی بۆ سەربەخۆیی خۆش کرد. سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ دوای شەڕی ئاسمانی لە دەسەڵاتدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ وەک سەرۆکی پارتی سۆسیالیست هەڵبژێردرایەوە بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دۆڕا. لە یازدە ساڵ زیاتر سەرکردەی ڕەهای سربیا بوو.
“پاشهاتە دیپلۆماسییەکانی ئۆپەراسیۆنی هێزی هاوپەیمانان”
دوای دۆڕانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٠ لە سربیا، “سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ” دەستگیرکرا و دواتر گواسترایەوە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا. گواستنەوەی میلۆسێڤیچ بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١دا زەمینەسازی بوو، چونکە گرنگترین نموونەی دادپەروەری نێودەوڵەتی بوو بۆ تاوانەکانی جەنگ. دادگاییکردنەکە لە شوباتی ٢٠٠٢ دەستیپێکرد و میلۆسێڤیچ ڕووبەڕووی تۆمەتی هەردوو جەنگی بۆسنە و جەنگی کۆسۆڤۆ بووەوە. ماوەیەکی کەم پێش کۆتایی هاتنی دادگاییکردنەکە، “میلۆسێڤیچ” لە ١١ی ئازاری ٢٠٠٦ لە زینداندا بەهۆی هۆکاری سرووشتییەوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر تاوانبار بکرایە، ئەوا “میلۆسێڤیچ” یەکەم سەرۆکی پێشووی دەوڵەت دەبوو کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە سزا بدرێت. یەکەمیان چارڵز تایلۆری لیبێریا بوو کە لە مانگی ئایاری ٢٠١٢دا سزا درا.
لە شوباتی ٢٠٠٨ کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی خۆی لە سربیا ڕاگەیاند. سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ و ئاشتی نێوان نەتەوەکان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن هێزی کۆسۆڤۆ (KFOR)ەوە هاوکاری کراوە، کە تا ئێستاش ٣٦٠٠ سەربازی لە وڵاتەکەدا هەیە. ئەمەش بە شێوەیەکی بەردەوام کەمیکردووە لە ٣٥ هەزار کەس لە مانگی تەمموزی ١٩٩٩، کە زیاتر لە ٥ هەزاریان خەڵکی ئەمریکا بوون. بەداخەوە سەرەڕای ئاشتییەکی ڕێژەیی، هێشتا گرژی لە نێوان سربیا و کۆسۆڤۆدا هەیە.
“هەندێ وانە لە جەنگە ئاسمانییەکانی بەڵکان”
سەرکەوتنی شەڕە ئاسمانییەکان لە ئۆپەراسیۆنی هێزی بە ئەنقەست و ئۆپەراسیۆنی هێزی هاوپەیمانان وایکرد کە ناردنی سەرباز لە ململانێ سەربازییەکانی دواتردا کەمتر بەناوبانگ بێت. بە ئاشکرا ئەو دوو شەڕە ئاسمانییە بە هۆی کەمی قوربانییەکانی ئەمریکاوە جەماوەری بوون. بەڵام سنوورێک بۆ پشت بەستن بە تەنیا بە هێزی ئاسمانی هەبوو: بە پێچەوانەی گرێنادا و پەنەما، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی ئەمریکی لەسەر زەوی لە بۆسنە، سربیا، یان کۆسۆڤۆ نەبوون کە پێویستیان بە ڕزگارکردن بووبێت. هەروەها پێدەچێت نزیکیی جوگرافیای باڵکان لە ڕووسیا، سەرکردەکانی ئەمریکای لەوە بێزار کردبێت کە بیانەوێت هێزی زەمینی بنێرن پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی، نەک ڕووسەکان بوونی لەناکاوی هێزی شەڕکەری ئەمریکا وەک هەڕەشەیەک سەیر بکەن.
وانەی دووەم ئەوە بوو کە هەرگیز دوژمنێک بە کەم نەزانین. هەرچەندە کەمێک فڕۆکەی ئەمریکی خراوەتە خوارەوە، بەڵام هێزەکانی سربیا توانیان فڕۆکەیەکی جەنگی دزێوی F-117 بخەنە خوارەوە بە پشتبەستن بە بینین نەک ڕادار. جگە لە بەکارهێنانی بینین نەک ڕادار، گوایە هێزەکانی زەمینی سربیا بە خێرایی خۆیان گونجاندووە بۆ ئەوەی کەمتر بەر هێزی ئاسمانی ناتۆ بکەون. هەروەها هێزەکانی سربیا فێڵبازییان بەکارهێنا بۆ پاراستنی ئامێرە ڕاستەقینەکانیان، ئەمەش ناتۆی ناچارکرد کات و سەرچاوەی زیادە خەرج بکات بەبێ ئەوەی هێزی سەربازی سربیا بەو خێراییە کەم بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش جیاوازی گەورەی هێزی نێوان ناتۆ و سربیا دڵنیای کردەوە کە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنێکی خێرا دەبن.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/1990s-yugoslav-wars-explained/
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار