ئۆشۆی بیرمەند دەڵێت: ”ژیان یەک ڕێسای هەیە، لەگەڵ خۆت چۆن بیت، لەگەڵ ئەوانی دیكەیش وا دەبیت.“
ئەم وتەیە گوزارشتە لە کۆی پێکهاتەی دەروونی و سایکۆلۆژیای تاک، بارودۆخەکان، هەلومەرج، هەڵکشانی ژیان، جۆری ژینگە و شێوازی پەروەردەکردن و قۆناغەکانی گەورەبوون هەموویان ڕۆڵ دەبینن لە دیاریکردنی ئاراستەی هزری و بیرکردنەوەی مرۆڤ لە ژیان.
هیچ مرۆڤێک بە تووڕەیی لەدایک نابێت یان بە هێمنی، بەڵکوو ژینگە و شێوازی پەروەردەکردن ڕۆڵ دەبینێ لە دروستبوونی کەسایەتییدا، وەکوو دەروونناسی گەورەی جیهانی (ئەلبێرت ماسلۆ) ڕوونتر تیشک دەخاتە سەر ئەمە و دەڵێت: ”تۆ دە منداڵم پێ بدە، من دە کەسایەتیی جیاوازت پێ دەدەم، بەو مەرجەی هەر یەک لەو منداڵانە لە ژینگەیەک گەورە دەکەم، دواجار منداڵێکیان دەبێتە دز، یەكێكی دیكە دەبێتە یاریزان، ئەوی دیكە دەبێتە مامۆستا، یان ئەندازیار….تد.“
مرۆڤ نەوەی ژینگەکەی خۆیەتی، ئەگەر لەناو کەشێکی تونداژۆدا گەورە بوویت، تووشی ڕق و کاردانەوە و تۆڵەکردنەوە دەبیت، ناچار دەبیت بۆ گوزارشتکردن لە خۆت، پەنا بۆ ڕێگایەکی نادروستی توندوتیژیی دژەژیان ببەیت.
كەسانێك گەر بە پرۆسەیەكی دروستی پەروەردەدا تێنەپەڕیبووبن، کاتێ گەورە دەبن، بە کۆمەڵێک گرێی دەروونیی سەردەمی منداڵییەوە دێنە ناو ژیان و کارلێکی ڕۆژانە لەگەڵ خەڵکدا دەکەن، ئەمەش وایان لێ دەکات، زۆر جار نەتوانن خۆی قبووڵ بکەن و بە ئارامییەوە خۆیان لەسەر شانۆی ژیاندا ببیننەوە، یان لەگەڵ مرۆڤەکانی دیكەی دەوروبەری داوای خواست و ئارەزووەکانیان بکەن.
مرۆڤ لە ڕوانگەی هەست و بیرکردنەوەکانی خۆی سەیری ژیان و مرۆڤەکان دەکات و ڕەفتار دەکات، لە ڕاستیدا هەموو توێژینەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا نەرم و تەبا نەبێت، هیچ کات ناتوانێ لەگەڵ ئەوانی دیكە نەرم و تەبا بێت، ئاشتەوایی خودی و خۆپەسەندکردن هەستێکی ئەرێنیی جوان لای مرۆڤ دروست دەکات، کە جوان سەیری ژیان و مرۆڤەکان و دیاردەکان بکات.
پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە، ئەگەر لەگەڵ خۆت لە جەنگدا بوویت و پێت وابوو ڕێگای گوزارشتکردن لە خود و کەسایەتیی خۆت بریتییە لە توندوتیژی و هاتوهاوار کردن و تووڕەبوونی زۆر، ئەوە بزانە زۆر شت لە ژیانت لەدەست دەدەیت، چونكە ئەو رەفتارانە ئاماژەی ناجێگیریی دەروونییت پیشان دەدا.
ئەمەش بەهۆی کەڵەکەبوونی ستەم و پەراوێزخستن و نەخوێندنەوەی خێزانی و نادادییەکانی ژیان ڕوو دەدات، کە وای لێ کردووە بەو شێوەیە دەرکەوێت.
کەسایەتیی مرۆڤ تابلۆیەکی سپییە، ئەوە خێزان و کۆمەڵگە و کولتوورن ڕەنگ دەدەنە تابلۆیەکە و وێنەیەکی کەسایەتیی ئەو تاکەی لێ دروست دەکەن.
بۆیە ژینگەی پەروەردە و هۆشیاریی خێزان لێرەدا زۆر گرنگە و ڕۆڵ دەبینێت لەوەی کە تاکێک لەگەڵ خۆی نەرم و تەبا بێت. ئایا دەگونجێت لە خێزانێکی هۆشیار و ڕۆشنبیردا، تاکێکی زمان زبر دروست بێت؟ یان تاکێکی درۆزن، یاخود تاوانبار؟ یان بەپێچەوانەوە، لە خێزانێکی تەژی لە شەڕ و ئاژاوە، هونەرمەندێک یان داهێنەرێك هەڵدەکەوێ؟
بۆیە پسپۆڕانی دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن کە مرۆڤ بە ڕاهێنان و فێربوون و ئەزموونکردنی ژیان دەتوانێ بەسەر خووە خراپەکانیدا زاڵ بێت و لەگەڵ خۆی و ژیان ئاشت بێتەوە، بەدەر لەمە، هیچ کات ناتوانێ ئاسوودەیی دەروونی گرەنتی بکات و بڵێت من کەسێکی بەختیار و شادمانم.
ئەم خۆگۆڕینەش شتێکی مەحاڵ نییە، تەنیا گرنگە تاک بگاتە ئەو قەناعەتەی کە:
– مانەوەی لەسەر ئەم خووە خراپانە و هەڵچوونە بەردەوامەکانی، لە ئاستی خێزانی و پەیوەندییەکانی و کارکردنی، زیانی زۆری دەبێت.
– دەبێت تێبگات، کە مانەوەی لەسەر ئەو ستایلی ژیانە، درەنگ دەیگەیەنێتە ئامانج و خەونەکانی.
– چێژی دەروونی بۆ ژیان لەدەست دەدات.
ئەگەر هۆشیاری و مەعریفەی مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستە کە درک بەم زیانانە بکات، ئەوا بەدڵنیایی بڕیار دەدات، كە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە خۆیدا بکات و لەگەڵ خودی خۆی و ژیان و مرۆڤەکان ئاشت ببێتەوە.