“کورتەیەک لە ژیان و بیروباوەڕە سیاسییەکانى”
“تەوەرەى یەکەم؛ جۆن لۆک، کورتەیەک لە ژیانى”
لە ٢٩/٨/١٦٣٢ لە کوخێکى بچووک و تا ڕادەیەک پیس و بە ساپیتەیەکى شەق و شڕى تەنیشت کەنیسەى گوندى سامریست لە ڕینگتۆن لە دایکبوە، باوکى مافپەروەرێکى بێ سکاڵاى گوند و دایکیشى کچى کابرایەکى خاوەن موڵک بوو، کە لەجوانیدا زۆر بەناوبانگ بوو، ماوەیەک دواى لە دایک بوونى جۆن، باوک و دایکى کۆچیانکرد بۆ موڵکێکى بنەماڵەکەیان لە نزیک شارۆچکەى بازرگانى پنسفۆرد، لە باشوورى بریستۆڵ، لێرە لۆک لە ماڵێکى لادێى تیۆدۆر بەناوى بلۆتۆن گەورە بوو، لە سەردەمى مناڵى لۆکدا لە ساڵى ١٦٤٢ شەڕێکى نێوخۆى هەڵگیرسا، شەڕ خاڵى ترۆپکى دەمەقاڵەیەکى نێوان مەلیک چارلزى یەکەم و پەرلەمان بوو، چارلز باوەڕى بە مافى خوایى پاشایان هەبوو، کەلەسەر ئەو بنەمایە پادشا دەسەڵاتى خۆى ڕاستەوخۆ لە خوداوە وەردەگرێ و لەم ڕووەوە وەڵامدەرەوەى ئەو بنەمایانە نییە، کە پاشاکان بەڕێوەى دەبەن، لەوانە: پەرلەمان، ئەندامانى پەرلەمان کە بەرپرسى دەنگدانن بە بودجەى پادشا بوون، بەجۆرێکى تر بیریان دەکردوە، لە ڕاستییدا شەڕى ناوخۆ لە بنەڕەتدا شەێکى ڕووبەڕووى نێوان توێژێکى تازە دەرکەوتووى بازرگان لە لایەک و پادشا و دەوڵەمەندە خاوەن زەوییەکانى بوو لە لایەکى ترەوەـ شەڕ وڵاتى کرد بە دوو لەتەوە و یەکەمین شۆڕشى سەرکەوتووى لە مێژووى ئەووپادا بەرهەمهێنا.
بنەماڵەى لۆک پشتیوانیان لە ئەندامانى پەرلەمان دەکرد، نوێنەرى ئەو ناوچەیە لە پەرلەمان، ئەلکساندەر پاپهام بووە سەر لەشکرى یەکەى دەنگى ناوچەکە لە پەرلەمان و باوکى لۆکى بە فەرماندە دامەزراند، باوکى لۆک ماڵى بۆ پەیوەست بوون بە خەباتەوە بە جێهێشت. یەکەى جەنگى سەرهەنگ پاپهام لەدواى ڕووبەڕووبوونەوەى دەستەیەک سەربازى پاشاخوازى بێئاگا لە هەموو شتێک، بە خێرایى وایانلێکردن هەڵبێن و پەیوەندى بکەن بە سوپاى پەرلەمانەوە لە دوبز، بەڵام ئەمجارە لایەنگرانى پاشا (پاشا خوازەکان) ئامادە باش بوون و لەو شەڕەى کە هاتە پێش باوکى لۆک و پاپهام بەختى ئەوەیان هەیوو بە سەلامەتى دەربازیان ببێت، لە دواى ئەو شەڕە بڕیاریاندا واز لە ژیانى سەربازى بهێنن و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە. لەم کاتەدا وڵات لە پشێوى و فەرتەنەدا بوو، خانەوادەى لۆک هیچ بژێویەکیان نەبوو لەسەرى بژین. لە ساڵى ١٦٤٦ دا چارلز زیندانى کرا و پاش سێ ساڵ ئازاد کرا، کۆمەڵەى هاوقازانج دامەزرا، ە “ئەلیۆر کرامۆڵ” بە زوویى وەکوو سەرۆکى ئەو کۆمەڵەیە سەری دەرکرد، لە هەمانکاتدا سەرهەنگ پاپهام توانى چاکەیەکى تر دەرهەق بە باوکى لۆک بکات، لەو پلەى ئەندامى پەرلەمان مۆڵەتى وەرگرت کە کۆمەڵێک قوتابى بۆ وەرگرتنى لە قوتابخانەى ویست منستەر لە لەندەن. لۆکیش سوودى لەم هەلە وەرگرت، کە دواتر بووبە یەکێک لە دیارترین قوتابییانى ویست منستەر، کە لەوێ خوێندنى تەواوکرد و شیعرى بڵاوکردەوە، هەموو ئەو گۆڕانە سیاسییانەى دواتر ڕوویاندا لە ژیانى ئەودا یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەى ببێتە بیرمەندێک.
لۆک لە ماڵێکى سەرسەختانەى لایەنگرى پەرلەماندا گەورە ببوو، بەڵام لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێى لایەنگرى پاشایەتى قوتابخانەدا بینییەوە.ئەم بەرکەوتانە، هەروەها بێزارى ئەو لە هەندێ زیادە ڕەوییەکانى لایەنگرانى پەرلەمان (لەوانە: لە سێدارەدانى پادشا) بوە هۆى ئەوەى دیدگایەکى هاوسۆزانەى بۆ پاشا خوازان هەبێت. بەپشت بەستن بە ئەزموون و نەرمى نواندن، ئەو سیفەتەى کە لۆک یان پێدەناسرێتەوە، هەر لە زوەوە ڕوون و ئاشکرا بوو. بەڵام لۆک لە هەموو ڕوویەکەوە ڕچەشکێنێکى ئازا و دلێر بوو، لەوانەیە لە قوتابخانەشدا قوتابییەکى زیرەک بووبێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى لە توانا هزریە مەزنەکانى خۆى دەرنەخست، لە ڕاستیدا لە تەمەنى بیست ساڵیدا، ( ئەو تەمەنەى کە لەکۆلێژدا پلەى ئوستاد یام گفترید لاینتیسى هاوچەرخ) قوتابخانەى ویست منستەرى تەواوکرد، لۆک لە ساڵى ١٦٥٢ دا وەکوو قوتابییەک ناوى خۆى لە کۆلێژى “کریست چرچ” لە زانکۆى ئۆکسفۆرد دا لە قۆناغى سەدەکانى ناوەڕاستدا بووە، خوێندکاران پابەند بوون بە فێرکارەکانییەوە و ئەو کاتانەى کەلەگەڵ یەکتردا بوون لە کۆلێژ دەبوایە بە زمانى لاتینى قسە بکەن، پڕۆگرامى خوێندن دیایکراو بوو، بریتى بوو لە خوێندنەوەى دەقە کلاسیکییەکان، لۆژیک، میتافیزیک، وێڕاى ئەمەش فەلسەفەى نوێى دێکارتى و پێشکەوتنە فراوانەکانى ئەم دواییە لە زانست و ماتماتیکدا، ئەرستۆ و سکۆلاستیک، زیاتر گرنگى پێ دەدرا، خوێندکاران نە دنیایان هەبوو نە قیامەت، چونکە چەمکە فێرکارییە پڕ لایەنگرەکانى چاخى ناوەڕاست لە پەروەردە پۆچەڵکرابوونەوە “کە بەدواى کامەرانى گەردوونى و گرفتى زیندووبوونەوە لە جیهانێکى دیکەى باشتر دەگەڕا” و ماوەیەکى کەمیش بوو کە تیاتڕۆخانە و مەیخانە هەرزان بەهاکانى ئۆکسفۆرد لە لایەن سەرۆکى زانکۆوە داخرابوو.
لۆک لە ڕێگەى ریچارد لاورى هاوڕییەوە بە زانستى پزیشکى ئاشنا بوو، لۆک بە دڵسۆزییەوە دواهەمین گۆڕانکارییەکانى ئەو بوارەى دەخوێندەوە، خۆى دوورە پەرێز دەگرت لە وەى خۆى بە هونەرى پزیشکییەوە سەرگەرم بکات. لۆک لەدواى باوکى پارچە زەوییەک و چەند خانوویەکى بە میرات بۆ مابوەوە، کرێى خانووەکان داهاتێکى بۆ دابیندەکرد، کە توانى هەموو تەمەنى خۆى پێبەڕێبکات، و ژیانێکى مام ناوەندى هەبێت، بەڵام لۆک حەزى لە دەوڵەمەندى نەبوو. لۆک لە ژینگەیەکى خێزانى لایەنگرى پەرلەمانى گەورە ببوو، کە پشتیوانى لە بیروباوەڕەکانى پیورتین دەکرد، لە ئێستاشدا هاوسۆزى خۆى بۆ پاشاخوازەکان گواستبوەوە. بەردەوام خەریکى خوێندنەوە بوو، هەر توێژینەوەى زانستى سەرەنجام ئەقڵى لۆکى گەیاندە فەلسەفەى ئەقڵانى دیکارت، سەرەنجام لە کۆتایى تەمەنى سى وچوار ساڵیدا، بابەتى پەیوەستدار بە خۆى دۆزیەوە، ئەوە دیکارت بوو کە ئەوى لە ئارەزووى توێژینەوەى فەلسەفى بێدارکردەوە.
فەلسەقەى دیکارت کاریگەرییەکى پتەوى لەسەر لۆک هەبوو، لە ڕاستییشدا تا ئەمڕۆش هەندێ لە توێژەرانى فەڕەنسایى ئەو بەیەکێک لە پەیڕەوانى دیکارت لە قەڵەم دەدەن، کە خۆشى دیکارتى بە خستنەگەڕى فەلسەفەى ئەرستۆ و کۆتاییهێنان بە بارى چەندین سەدەى ڕێبازى سکۆلاستیکى هەناسەبڕ دادەنا، و ستایشى میتۆدى دیکارتى دەکرد.
دیکارت بۆ گەیشتن بە جێگەیەکى بێچەند و چۆنى حەقیقەت، گومانى لە هەستەکانى بینین و تەنانەت گومانى لە حاڵەتە زەینییەکانیشى کرد، زانینى بەرهەمهاتوو لەم چەشنە سەرچاوەیە، هەرگیز ناتوانێت بە ڕەهایى دڵنیا بەخش بێت، هەستەکانمان، هەردووکیان فریوماندەدەن، چۆن دەتوانین بگەینە ئەو یەقینەى کەلە حاڵەتى خەوبینیندا نین و ئەوەى دەیبینین جگەلە سەرابێک هیچى تر نییە؟ کاتێک کە دەگەینە وەڵامێى ماتماتیکیانە، هەمیشە ئەگەرى ئەوە هەیە، کە لە حسابەکانى خۆماندا هەڵەمان کردبێ، دیکارت بە گومانى بوونى لەهەموو شتێ، بە ئەنجامە بەناوبانگەکەى خۆى گەیشت: “من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم”، دەبێت تەنها یەقینت بەمە هەبێت. ئەو کاتەى کە هێشتا خوێندکارى زانکۆ بوو شاکارى سیاسى دەسەڵاتخوازانەى “تۆماس هۆبز”ى “لیڤاتان”ى خوێندبوویەوە، هۆبز لەم کتێبەدا دیدگایەکى ڕەشبینانە دەخاتەڕوو، کە دەڵێت: بەبێ حکوومەت ژینى مرۆڤ پڕە لە گۆشەگیرى و ئێش و ئازار و هەژارى و هەروەها ئاژەڵانیانە و کورتە”، مرۆڤەکان بەرگەى ئەم حاڵەتە سرووشتییەیان نەگرتووە و بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوەدا لە دەورى کۆمەڵگاى خاوەن حکوومەتدا کۆبوونەتەوە، هەر شێوەیەک لە حکوومەت باشتر بوو لە نەبوونى، وێڕاى ئەمە دەبووایە گوێڕایەڵى هەرکەسێ بکەین، کە دەسەڵاتى لە ئەستۆدایە. لۆک لەوە گەیشتبووە ئەم بڕوایەى: فەرمانڕەواى هەر میللەتێک، کە لەهەر ڕێگەیەکەوە هاتبێتە سەرکار، پێویستە بێ ئەملاولا دەسەڵاتێکى ڕەهاو دڵخوازانەى بێ جیاوازى بەسەر هەموو کردار و ئاکارى خەڵکی و خۆیدا هەبێت.
دیارە ئەمە بەهۆى ئەو بارودۆخەوە بوو کە شەڕى ناوخۆ بەسەر بەریتانیاى هێنابوو. بەڵام دواتر لەم بیرکردنەوەیە دوور دەکەوتەوە، ماوەیەک لە “کرست چێرچ” بووە مامۆستا، بیروڕاى سەبارەت بە فەلسەفەى سیاسى وردە وردە قوڵتر دەبۆوە. لە ساڵى ( ١٦٦٣) نووسراوێکى بە ناونیشانى “یاساى سرووشت” نووسى، بەڵام بڵاوى نەکردەوە. “جۆن لۆک” لە ساڵى (١٦٨٣) بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت بە مەبەستى خۆپاراستن بۆ ماوەى ٥ساڵ مایەوە، دواتر لە تەمەنى ٥٦ ساڵیدا وەک کەسایەتییەکى نیشتمانی گەڕایەوە نێو وڵاتەکەى، چونکە وەکوو سرووش بەخشى حیزبى “هیوط” وابوو (کە حیزبێکى سیاسى بەریتانى بوو، سەرەتا لە سکۆتلەندا دامەزرا، کارى بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتى میرى دەکرد و بەشدارى شۆڕشى (١٦٨٨)ى کرد و لەماوەى ساڵانى ( ١٧١٤-١٧٦٠) حوکمى بەریتانیاى کرد و دواتریش بە پارتى ئازادیخواز ناسرا)، جۆن لۆک دواى گەڕانەوەى بۆ ئینگلتەرا سامانە فکرییەکەى لەگەڵ خۆى هێنایەوە کە بریتى بوو لە هەردوو کتێبە بەناوبانگەکەى “هەوڵێک دەربارەى تێگەیشتنى مرۆیى” و “دەربارەى حکومەتى مەدەنى” کە ساڵى (١٦٩٠) بڵاوکرایەوە، هەروەها دوو وتاریشى دەربارەى “میرى” نووسى، لە (١٦٩٣) کتێبى “هەندێک بیروبۆچوون لەبارەى پەروەردە و فێرکردن” بڵاوکردەوە، دواجار و لە ساڵى (١٦٩٧) جۆن لۆک زۆر بە سەختى نەخۆش کەوت و لەسەر جیگا کەوت، پاشان لە (١٧٠٤) کۆچى دوایى کرد.
“تەوەرەى دووەم؛ بیروباوەڕە سیاسییەکانى لۆک”
١.خاوەندارێتى تایبەت یان موڵکایەتى تایبەت.
وشەى خاوەندارێتى لاى لۆک؛ بریتییە لە مافى تاکەکەس لە بەدەستێهانى هەموو ئەو مافانەى کە درێژە بە ژیانى دەدەن لەسەر زەویدا، لاى لۆک مرۆڤ خۆى خاوەنى خۆیەتى بەشێوەیەکى سرووشتى، واتە خۆى خاوەنى فیزیکى خۆى و بەرهەمى کارى خۆیەتى، کەواتە کەس بۆى نییە دەست بەسەر بەرهەم و ماندووبوونیدا بگرێت، هەروەها بە بۆچوونى لۆک خاوەندارى تەنانەت گیان و ئازادى خەڵکیش دەگرێتەوە، هەروەها پێى وابوو خاوەندارێتى “موڵکایەتى” لە دۆخى سرووشتیدا موڵکایەتییەکى هاوبەش و هەمووەکییە، واتە هەموو کەسێک مافى ئەوەى هەیە سەرچاوەى بژێوى خۆى لە تەواوى ئەو شتانەى سرووشت پێشکەشى دەکات بەدەست بهینێت. هەروەها لەلای لۆک مافى خاوەندارێتى لە پێش هەموو شتێکدا مافى خاوەندارێتى تایبەتییە، کە ئەویش سێ جۆر بووە:-
١.کردەى دەست بەسەراگرتن، یان سەپاندنى ویستى کەسێک بەسەر شتێکدا.
٢.بەکارهێنانى شتێک یان سەرلەنوێ پێکهینانى، واتە لە سایەى کاروچالاکییەوە حاڵەتى یەکەمى شتەکە دەگۆڕێت.
گواستنەوەى موڵکە بۆ کەسێکى تر. دەوڵەت و ئازادى لە دیدى جۆن لۆکەوە، جۆن لۆک فۆرمێکى نوێى تیۆریاى پەیمان بەندى بەدەوڵەت دەبەخشێت، فۆڕمێک کە لەگەڵ پێداویستییە سیاسییەکانى بەریتانیاى دواى ساڵى (١٦٨٨) بگونجێت، ئازادیخوازەکان کە لە ململانێدا بوون دژى پاشا سەرکەوتووبوون و پێویستیان بە کەسێک هەبوو کە ئەو ڕێبازەیان بۆ دەست نیشان بکات کەلەسەرى دەڕۆن، هەروەها لۆک دوونامەى دەربارەى حکوومەت لەسەرەتاى هەشتاکانى سەدەى حەڤدەهەم بڵاوکردەوە، هەرچەندە نووسراوەکەى لە پێش شۆڕشى (١٦٨٨) بڵاونەکردوە، پێشەکى نووسراوەکەى ستایشى شۆڕش بوو، هەروەها باسى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى کردبوو. هەروەها دەربارەى دروستکردنى دەوڵەت پێى وابوو لە ڕووى گرنگییەوە زۆر لەو پەیمانە سەرەکییە کەمترە کە کۆمەڵگەیەکى مەدەنى لەسەر دروست دەکرێت، ڕازى بوونى زۆرینە بەسە بۆ دروستبوونى حکوومەت، ئەوپێى وابوو وەختێک مرۆڤەکان لەدۆخى سرووشتییەوە دەچنە دۆخى کۆمەڵایەتى بەپێى ڕێککەوتنێک ئەو کارە دەکەن کە لەناو خۆیاندا بەویست و ڕەزامەندى خۆیان لەسەرى پێکهاتوون، ئەم ڕێککەوتنە پێکهێنانى دەستەیەکى سیاسى لێدەکەوێتەوە، بۆئەوەى ئەم دەستەیەش کارەکانى خۆى بکات دەبوو بڕیارەکانى بە ڕەزامەندى زۆرینەى ئەندامەکانى دەربکات، دەسەڵاتى یاسادانانى لە دەوڵەتدا بە گرنگترین دەسەڵاتەکانى دادەنا، دەسەڵاتى یاسادانانیش سەرەکى ترین دەسەڵاتى یاسایە، هەروەها پێى وابوو نابێت ئەم دەسەڵاتى یاسادانانە ڕەها بێت، چونکە ئەوانەى ئەم دەسەڵاتەیان داناوە خاوەنى دەسەڵاتێکى بێ سنوور نەبوون و دەکرێت دەسەڵاتى یاسادانان بگۆڕدرێت تەنها بە گومان بوون لێى. سەبارەت بە دەسەڵاتى جێبەجێکردنیش لۆک باسى لێوەکردووە، بەڵام پێى وابوو ئەم دوو دەسەڵاتە بە کۆمەڵێک کۆت و بەند تەوق کراون:-
١.ناکرێت دەسەڵاتى یاسادانان دەسەڵاتێکى ڕەهاى هەبێت لەبەرئەوەى پیى وابوو سەرچاوەکەى گەل خۆیەتى.
٢.ناتوانێت بەپیى چەند ڕێوشوێنێکى تایبەت حوکم بکات، مادام خەڵک بە یاسا و دادگا ئاشنا بوون.
٣.نابێت بەبێ ڕەزامەندى موڵک و ماڵە ئەوان بەرێت، واتە موڵک نابێت لەڕێى زۆرینەوە زەوت بکرێت.
٤.نابێت دەسەڵاتى یاسادانان خۆى بە دەستەیەکى تر بسپێرێت لەبەرئەوەى کۆمەڵگە ئەو مافەى هەیە.
٥.ئەگەر متمانەى گەلى لەدەستدا کۆمەڵگە مافى گۆڕینى دەسەڵاتى یاسادانانى هەیە و نابێت دوو دەسەڵات بخرێتە دەستى کەسێکەوە چونکە ئەوە لەدەستدانى سەربەستییە.
لە لای لۆک دەسەڵات سێ جۆرە “یاسادانا، جێبەجێکردن، هاوپەمانێتى بەستن” ئەمەى دواتریان ئەرکى سەرشانى بایەخدانە بە پەیوەندییەکانى دەرەوە، وەک “ڕێککەوتن و پەیمان بەستن و جەنگ و ئاشتى”، بەڵام ئەم دەسەڵاتە تێکەڵ بە دەسەڵاتى جێبەجێکردن دەبێت، دەسەڵاتى جێبەجێکردنیش بەبۆچوونى لۆک بایەخ بە چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆییەکان دەدات،وەک ئەو مەسەلانەى کە بایەخ بە چەسپاندنى دادوەرى دەدات. یەکێک لە بیروباوەڕە جیاوازەکانى لۆک ئەوەبوو کە دەسەڵاتەکانى لە یەکتر جیادەکردەوە، وەک ئەوانەى کە یاسا دادەنێن ئەرکیان جیاوازە لەوانەى حێبەجێى دەکەن، هاوکات دەسەڵاتى یاسادانان هەمیشەیى و بەردەوام نییە وەک دەسەڵاتى جێبەجێکردن، لەبەرئەوەى یاسادانەران تەنها ئەرکیان دانانى یاسایە و هەرکاتێک لە دانانى بوونەوە ئەرکى ئەوان کۆتایى دێت، بەڵام ئەرکى دەسەڵاتى جێبەجێکردن ئەرکێکى هەمیشەییە، چونکە دەبێت بەردەوام چاودێرى جێبەجێکردنى یاساکان بکات. هەروەها لۆک پێى وایە نابێت مافى جێبەجێکردنى یاسا بەو کەسانە بدرێت کە خۆیان یاساکەیان داڕشتووە، لەبەرئەوەى ڕەنگە خۆیان لە جێبەجێکردنى ئەو یاسایە لابدەن کە خۆیان دایان ناوە، لە هەمان کاتدا لۆک پێى وایە کە ئامانجى حوکم کردن خێرو چاکەى مرۆڤایەتییە و حکوومەت جگە لە بریکارى کۆمەڵگە و بەرپرسیارێک لە دەستەبەرکردنى بەرژەوەندى گشتى و خۆشگوزەرانى کۆمەڵگە بەولاوە شتێکى تر نییە، هەروەها لۆک لەو حاڵەتەدا مافى شۆڕش کردن دەدات بە گەل کە حکوومەت خیانەت لەو ئەمانەتە بکات کە پێى سپێردراوە، لێرەشدا شۆڕش کردن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەشێوەیەکى ئەقڵانى و یەکلایى کردنەوەى مەسەلەکان بە گرنگ دەزانێت.
“تەوەرەى سێیەم؛ پەیمانى کۆمەڵایەتى لاى لۆک”
پەیمانى کۆمەڵایەتى لە لاى لۆک؛ بریتییە لە ڕێککەوتنى نێوان دوولایەن، ئەگەر هەر لایەنێک ئەرکەکانى خۆى جێبەجێ نەکرد ئەوا ئەو پەیمانە بەتاڵ دەبێتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت ئەگەر پاشا بە ئەرکى خۆى هەڵنەستا یاخود ئەو بەرپرسیاریەتییەى کەلەسەر شانیەتى بەرامبەر بە میللەت بە ئەنجامى نەگەیاند یان کەوتە خراپ بەکارهێنانى ئەو دەسەڵاتەى کە خەڵک پێیان داوە ئەوا پێویستە پاشا لەسەر کار لاببرێت، لە پەیمانى کۆمەڵایەتییدا کەسەکان دەست بەردارى تەواوى مافە سرووشتییەکانیان نابن، بەڵکوو دەستبەردارى بەشێک لە مافە سرووشیتییەکانى خۆیان دەبن بۆ بەرژەوەندى گشتى و بەشەکەى دیکەى ئەو مافە سروشتیانە لەسەردەمى کۆمەڵگەى سیاسییدا دەمێنێتەوە، وەکوو بەربەستێک بەڕووى کەسى فەرمانڕەوادا و تاکەکانى کۆمەڵگە دەست بەردارى دوو مافى تر دەبن بۆ کۆمەڵگە:-
١.مافى جێبەجێکردنى یاساى سرووشت.
٢.مافى سزادانى ئەوەى سەرپێچى ئەو یاسایە دەکات.
بە بڕواى لۆک پێویستە لە پەیمانى کۆمەڵایەتییدا تاکەکان ڕەزامەندى نیشان بدەن بۆ دەستبەرداربوونى بەشێک لە مافە سرووشتییەکانى خۆیان وەک: بەرگرى کردن لە خۆیان و سزادانى ئەوانەى کە سەرپێچى یاسا سرووشتییەکان دەکەن. ئامانج لەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە دەستەبەرکردنى چاودێرى و پاراستنى تەواوى مافە سرووشتییەکانە کە پەیوەندى بە ژیان و ئازادى و موڵکەوە هەیە لە هەڕەشەو مەترسییە دەرەکى و ناخۆییەکان.
“دۆخى سرووشتى لاى لۆک”
جۆن لۆک دۆخى سرووشتى بەدۆخى ئاشتى ودڵنیایى و ئارامى باس دەکات، ئەو پێى وایە لەو دۆخەدا خەڵک بە ئازادى و وەک یەک ژیاون و ئەوەشى حوکمى کردوون تەنها یاساى سرووشتى خۆڕسک بوە، بەم جۆرە دۆخى سرووشتى دەکەوێتە پێش پەیمانى کۆمەڵایەتى. خاسیەتى دۆخى سرووشتى ئەوەیە کە یەکسانى تیایدا بەرقەرارە ئەمەش ماناى وایە کە تەواوى تاکەکان لەو دۆخەدا لە مافە سرووشتییەکانیان یەکسانن، بۆ هیچ کەس نییە زیاد لەوانى تر لەو مافانە بەهرەمەندبێت، لەو قۆناغەدا مرۆڤ لەسەر بنەماى یاسایەکى سروشتى خۆڕسک مامەڵەیان دەکرد و یارمەتى یەکتریان دەدا، لۆک پێى وایە مادام مرۆڤەکان لەکاتى لەدایک بوونەوە یەکسان و چوونییەک بوون ئەوا دەبێت لە مافە سرووشتییەکانیاندا وەک یەک و یەکسان بن، دەکرێت مافە سروشتییەکان لەم سێ شتەدا کۆبکەینەوە “ژیان و ئازادى و موڵکایەتى”، لەهەمان کاتدا ئەو کەم و کورتییانەش دەخاتەڕوو کەلە دۆخى سروشتییدا هەیە لەوانە:-
١.ئەو بڕیارانەى کە دەدرێت لایەنگیرى پێوەدیارە لە دۆخى سرووشتییدا.
٢.هێزى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى وەک پێویست نابن، ئەو بڕیارانەشى کە لەسەر کێشە جۆربەجۆرەکان دەدرێت کەموکورتییان پێوە دیار دەبێت و وەک پێویست نابن، بۆیە لەم کاتەدا پێویستیان بە دادوەرێک دەبێت کە هیچ لایەنگیرى نەکات لە جێبەجێکردنى بڕیارەکاندا و هێزێکى جێبەجێکردنى وابێت کە بتوانێت فەرمانەکەى بسەپێنێت. هەروەها لۆک پێى وایە ئەگەرچى دۆخى سرووشتى جۆرێکە لە ئازادى تەواو، بەڵام جۆرێک نییە لە بەرەڵایى.
سەرچاوە:
١.سڤین ئیرک لیدمان: مێژووى بیروباوەڕى سیاسى، و: علا نوورى-دلێر میرزا، سلێمانى ٢٠٠٤.
٢.محمد محمد سالح : تأریخ اوروبا من عصر النهضة و حتى الثورة الفرنسیة ١٥٠٠-١٨٠٠، بغداد، ١٩٨١.
٣.امام عبدالخالق: جۆن لۆک و ئافرەت، و: ئەژى عەبدولخالق، چاپى یەکەم، ٢٠٠٤.
٤.موسى ابراهیم: جۆن لۆک، گۆڤارى سەردەم، ژمارە( ٣٦)، ٢٠٠٤.
٥.شنۆ ئەحمەد، فەلسەفەى جۆن لۆک، گۆڤارى ( ئایدیا)، ژمارە (٢٥)، شووباتى ٢٠١١، ل٦-١٣
6. Vaughn, Karen. 1978. “John Locke and the Labor Theory of Value.”Journal of Libertarian Studies 2(4):311–26. Archived from the original on 19 October 2011. Retrieved 2 June 2020.