“چەمكی جینۆساید”
جینۆساید چەمكێكی بەربڵاوە و لە بەرامبەر قڕكردن و كۆمەڵكوژییەكاندا بەكاردەهێنرێت، ڕیشەی وشەی جینۆساید لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە بنەڕەتدا بە وشەیەكی گریكی، یان لاتینی دادەنرێت. بە دوو واتا بەكار دەهێنرێت: (Genos)، كە وشەیەكی گریكیە، بەواتای ڕەگەز یان نەتەوە دێت. هەروەها پاشگری (caedar)ی لاتینی، بە واتەی (To Kill)، كوشتن دێت. بە پێكەوە بەستنی هەردوو وشەكە، گوزارشتە لە پڕۆسەی (فەوتاندن “لەناوبردن” و قڕكرنی ڕەگەز یان بنچە). بەپێی ڕێكەوتننامەی، “قەدەغەكردن و سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید”، كە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پێشنیاركراوە و ژمارەیەكی زۆر لە دەوڵەتان پەسەندیان كردوە. لە ماددەی دووی ئەو ڕێكەوتننامەیەدا تاوانی جینۆساید، پێناسەكراوە بەوەی “هەركارێك بە مەبەستی لە ناوبردنی هەموو یان بەشێك لە كۆمەڵی مرۆڤایەتی ئەنجام بدرێت. لە ڕووی سیفاتی نەتەوەیی و ڕەگەزی و نیشتیمانی و ئاینی. بە تاوانی جینۆساید دادەنرێت”. هەموو ڕەفتارێكی فاشیستانە و ڕەگەزپەرستانە دەرهەق بە مرۆڤ دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.
هەرچی “كۆمەڵكوژی، قەڵاچۆكردن، ئیبادەكردنی جەماعیە. بە واتای لە ناوبردنی بە كۆمەڵ و پێكهاتەی نەتەوەیەكی دیاری كراو، یان ڕەگەز یاخود مەزهەبێكی دیاریكراودێت. كە پێشتر پلان و نەخشەی بۆ كێشراوە. لە پەیماننامەیەكی نێو دەوڵەتیدا، بۆ ڕێگرتن لە جینۆساید كە لە ڕێكەوتی (9ی دیسەمبەری 1948)، ئیمزای لەسەركراوە. دەربارەی جینۆساید دەڵێت: “جینۆساید؛ لەناوبردنی تەواو یان بەشێكی، نەتەوەیەك، ڕەگەزێك، مەزهەبێك، كوشتنی ئەندامەكانی گروپێك، لێدانی جەستەیی یاخود ڕۆحی ئەندامانی گرووپێك. بڕیاردانی بە ئەنقەستی گرووپێك، دەربارەی هەلومەرجی نەگونجاوی ژیان. ڕێگرتن لە لەدایك بوونی ئەندامانی گروپێك، گواستنەوەی زۆرە ملێی منداڵانی گرووپێك، بۆ گروپێكی تر دەگرێتەوە”.
ڕافایل لێمكین، داهێنەری چەمكی جینۆساید دەربارەی پێناسەی جینۆساید دەڵێت: “مەبەستمان لە جینۆساید، وێرانكردنی دەوڵەتێك یان گرووپێكی نەتەوەییە. جینۆساید ئاراستەی گرووپی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەكرێت. كردەكان ئاڕاستەی تاكەكان دەكرێت، نەك لەبەر توانا كەسییەكانی خۆیان، بەڵكو لەبەر ئەندامێتیان لە گرووپێكی نیشتیمانی”.خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو پێناسانەی بۆ جینۆساید كراوە جەخت لەسەر پرنسیپی ڕەگەزی مرۆڤایەتی و بەهای پاراستنی شكۆی مرۆڤ دەكاتەوە. ئەوەی لە پێناسەكەی لێمكین، تیشكی نەخرابووە سەر، لە پێناسی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بە چڕی ئاماژەی پێدراوە بەوەی “جینۆساید بە واتای هەر كارێك لە مانەی خوارەوە دەگەیەنێت، كە مەبەستی تێكشكاندنی لە پشت بێ. ئەوسا چ تێكشكاندنێكی هەمەكی بێ یان بەش بەش بێ، چ نیشتیمانی، ئەتنی، ڕەگەزی یان گروپی دینی یاخود…هتد بێت، وەك:-
ا: كوشتنی ئەندامانی گرووپێك.
ب: ئازار پێگەیاندنێكی ڕاستەقینەی جەستەیی یان ئازاری دەروونی، بە ئەندامانی گرووپێك.
پ. بە ئەنقەست لەبار یەكبردنی شیرازەی بارودۆخی ژیانی گرووپێك. بۆ ئەوەی تێكشكاندنێكی جەستەیی و هەمەكی یان بەشێكی بێتەدی.
ج: گرتنەبەری ڕێ و شوێنێك، كە مەبەست لێی ڕێگرتن بێت، لە زاوزێكردنی نێو گرووپێك.
ح: بەزۆرە ملێ گواستنەوەی منداڵانی گرووپێك بۆ نێو گرووپێكی دیكە. لە ماددەی سێیەمی پەیماننامەكەدا هاتووە؛ ئەم كردەوانەی خوارەوە هی سزادانن:-
ا: جینۆساید.
ب: پلانگێڕان بۆ جینۆسایدكردن.
پ: هاندانی ڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە بۆ جینۆسایدكردن.
ج: هەوڵدان بۆ جینۆسایدكردن.
ح: تێوەگلان لە جینۆساید.
“چەمكی پۆلەتیساید”
پۆلەتیساد یەكێكە لەو چەمكانەی كە لە هەناوی جینۆسایدەوە سەری دەرهێناوە، بنەچەی زارەكە گریكییە و لە هەردوو وشەی (politic) واتا “سیاسەت” و پاشگری (caedar)ی لاتینی، بە واتەی (To Kill)، كوشتنەوە هاتووە. هەردوو وشەكەش پێكەوە بە واتای “كوشتن بەهۆی سیاسەت”ەوە دێت. مەبەست لە زاراوەی (politicide)، گوزارشتكردنە لەو كۆمەڵكوژیانەی بە مۆتیڤ و پاڵنەری سیاسی ئەنجام دەدرێت. هەروەها مەرج نییە جینۆساید و پۆلەتیساید دوو تاوان و دیاردەی جیاواز بن، بەڵكو دەشێت كۆمەڵكوژییەكان لەیەك كاتدا هەردوو ڕەگەزەكەیان تێدابێت، هەم جینۆساید بن هەمیش پۆلەتیساید، بە نموونە ڕژێمەكەی “ستالین” لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران و ڕژێمی ماوی لە چین و ڕژێمی پۆڵ پۆت لە كەمبۆدیا و ڕژێمەكەی سەدام حوسێن لە ئێراق هەموو ئەو نموونانە بەهۆكاری سیاسی كۆمەڵكوژی ناوخۆییان ئەنجام داوە. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین لە پاڵ ڕۆڵی فاكتەرە سیاسییەكان لە تەبەنیكردنی پۆلەتیسایدا ناكرێت ئەوەش لە یاد بكەین كە پۆلەتیساید ڕەگەزێكی شوێنی وەردەگرێت كە زۆرتر ناوخۆییە. بەزۆری پۆلێنبەندییەكە تاوانەكانی ئەو ڕژێمە دیكتاتۆرییانە دەگرێتەخۆی كە نەیارە سیاسیەكانیان كۆمەڵكوژ كردووە و جیاوازییە سیاسییە ناوخۆییەكانیان كردوە بە بەهانەیەك بۆ كوشتن و لەناوبردنی نەیارەكان و ڕكابەرەكانیان، لە پێناو مانەوەی خۆیان هەموو ڕێگەیەكی وەك كوشتن و توانەوە و قڕكردنیان گرتوەتەبەر.
“چەمكی دیمۆساید”
دیمۆساید؛ چەمكێكی لاتینیە و لە ڕووی زاراوەوەسازییەوە لە دوو وشە پێك دێت ئەوانیش (Demos) كە لای گریكەكان بە واتای “دانیشتوان) یاخود “خەڵك” دێت، پاشگری (caedar)ی لاتینی، بە واتەی (To Kill)، كوشتن دێت. هەردوو وشەكەش پێكەوە بە مانای “كوشتنی دانیشتوان” یاخود “خەڵك كوشتن”دێت. ئەمەش چەمكێكی گشتگیرترە لە جینۆساید و پۆلەتیساید، كە مەبەست لێی ئەنجامدانی هەموو ئەو تاوانانەیە كە لەلایەن حكومەتەكان(دەسەڵاتدارەكان)ەوە ئەنجام دەدرێت بێ ڕەچاوكردنی ئەوەی سەربە چ گرووپێكی تایبەتن یان ڕەگەزیان چییە، بۆیە توێژەرانی بواری دیمۆساید جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، دیمۆساید هێندە بەرفراوانە هەموو چەمكەكانی (جینۆساید، پۆلەتیساید، ترس و تۆقاندن كۆمەڵكوژی و تیرۆری دەوڵەتی و…هتد) دەگرێتەوە. بەپێی داتای لێكۆڵەری ئەمریكی “ڕ. ج. ڕومێل”، كۆی ئەو كردەوانەی لە جیهاندا دەچنە خانەی دیمۆسایدەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی (1900 بۆ 1987)ی زاینی، خەمڵێنراوە بە (169)ملیۆن كەس، خۆ ئەگەر ژمارەی كوژراوانی بێتەسەر و خەڵكی سڤیلیش كە لە جەنگەكاندا كوژراون لەتوانای تێگەیشتنی مرۆڤ تێدەپەڕن.
هەر بەپێی خەمڵاندنێكی دیكەی “ڕومێل” بۆ تەواوی قوربانیەكانی سەدەی بیستەم لەناویاندا كۆمەڵكوژییەكانی ڕواندا و یوگسلاڤیا و تیمۆری خۆرهەڵات و وێنەكانی تر، ژمارەی قوربانی و كوژراوەكان بەرزدەبێتەوە بۆ پتر لە (174) ملیۆن كەس، بێگومان ئەم ژمارانە بەرزدەبنەوە بە گرتنهبەری سیاسەتی خەڵك قڕكردن، كوشتنی خەڵك بەبێ و هۆ و كردنە بەشێك لە سووتەمەنی جەنگەكان و ناكۆكییە سیاسییەكان و تەماحە ئیمپریالیزمیەكان و حەزی داگیركاری و ئارەزووی مانەوە لە دەسەڵات و زۆر هۆكاری تر هاندەرن بۆ ئەنجامدانی لەناوبردنی دانیشتوان و خەڵكەكەی ئیدی لە ناوخۆی وڵاتێك بێت یان هێرشكردنە سەر وڵاتێكی درهاوسێ یاخود وڵاتێكی دوورتر، ئەمانە نمونە گەلێكن بەشێكن لە سیما دیارەكانی دیمۆساید. بەو پێیەی دیمۆساید گوزارشت لە قڕكردنی تەواوی خەڵك و دانیشتوان دەكات، پۆلێن بەندییەكە جوداناكاتەوە لەسەر ئاستی پێكهاتەی ڕەگەزی و تەمەن و ئینتیمای سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و…هتد. بەڵكو سیفەتی مرۆیی و لەسەر بنەمای مرۆڤی چەمكەكە دادەڕێژێتەوە، هەر ئەمەش جیاوازی دیمۆساید لەگەڵا جینۆساید و پۆلەتیساید.
“پەیوەندی لەنێوان جینۆساید و پۆلەتیساید و دیمۆساید”
پەیوەندی و خاڵی هاوبەشی نێوان هەرسێ چەمكەكە بریتیە لە “كوشتن” و دیاریكردنی ڕەگەزی كوشتنەكە كە مرۆڤە و لەسەربنەمای ئیدانەكردنی پرۆسەی كوشتن و قڕكردن و لەناوبردن و گەڕانەوەی شكۆ بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی دامەزراوە، وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن و ڕێگریكردن لەو مەینەتی و بەربەریەتەی، كە لەلایەن دەسەڵات و حكومەت و گرووپگەلی بەدەسەڵاتەوە بەرامبەر خەڵك بەكارهاتووە. بەو مانایەی هەرسێ چەمكەكە باس لە بەكارهێنانی هێزی فیزیكی و جەستەیی و دەرونی دەكاتەوە لەلایەن گرووپێكی سەردەستەی خاوەن هێز بەرامبەر بە كەس یان گرووپێكی ژێر دەستەی لاواز، مەبەست و ئامانجەكەش كوشتن و لەناوبردنە. ئەگەرچی پۆلەتیساید پیشە و سیفەتی هۆكاری كوشتنەكە دیاری دەكات كە هاندەرەكە جیاوازییە سیاسییەكانە واتا هۆكارەكە لە سیاسەتدا زەقدەكاتەوە دەیكات بە بەهانەی لەناوبردن. هەروەها جینۆسایدیش ماناكەی كەمتر نییە لە دیمۆساید ئەگەرچی لە جینۆسایدا ڕەگەز و جۆر و پێكهاتەی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و..هتد دیاری دەكات، هەرچەندە جینۆساید چەمكێكی بڵاوترە و هەموو چەمكەكانی تر لەهەناوی جینۆسایدەوە سەری دەرهێناوە، دواتر تێورایزەكراوە بەڵام دیمۆساید یەكێكە لەو چەمكانەی كە مانایەكی فراوانتر لە جینۆساید و پۆلەتیساید دەگرێتەخۆ.
لێرەدا زۆر بەكورتی پەیوەندی و جیاواز هەرسێ چەمكەكە دەخەینەڕوو؛ دیمۆساید، بریتیە لە “كوشتی دانشتوان یان هەر كەسێك یاخود خەڵك، لە لایەن حكومەتەوە ئەنجام دەدرێت. كە جینۆساید و پۆلیتیساید و كۆمەڵكوژیش دەگرێتەوە. جینۆساید، لەنێو شتەكانی تردا كوشتنی خەڵكە لەلایەن حكومەتەوە، بە هۆی بندیوارییان و ئەندامێتییان، لە گرووپێكی دیاریكراودا، لەسەر بنچینەی (نەژاد، نەتەوە، ئایین، یان زمان). پۆلیتیساید، كوشتنی هەر كەسێك یان خەڵك، لە لایەن حكومەتەوە بە هۆی بەندیوارییان بە گرووپێكی سیاسییەوە یان بەهۆكارگەلێكی سیاسی. كۆمەڵكوژی؛ كارەساتێكی گەورەیە و قێزەونە بۆ جنسی ئێمە، بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵكردن نییە.
بیلۆگرافیای سەرچاوەكان؛
1.كاوە عەبدولڕەزاق، عەمەلیاتی ئەنفال و ڕۆڵی میدیا لە ناساندنیدا، گۆڤاری سەنگاو، ژمارە (3-4)، پایز و زستانی 2006.
2. كەنار جەمال، گەلی كورد و تاوانی جینۆساید. گۆڤاری كەوانە، ژمارە (22)ی ئابی 2013.
3. چنار نامیق، جینۆساید و ئەنفالی كورد. چاپخانەی كارۆ، چاپی یەكەم، كەركوك 2013.
4. عبدولقادر ساڵح، فەرهەنگی سیاسی سەبا، چاپی یەكەم، سلێمانی 2008.
5. یایر ئاورۆن، (جینۆساید)، ڕووە تێورێكانی لێكۆڵینەوە لە جینۆ ساید، وەرگێڕانی مهاباد قەرەداغی، چاپی یەكەم، چاپخانەی شەهاب، هەولێر، 2019.
6. بنیامین نیوبێرگەر، جینۆساید، كۆمەڵكوژی لە خاكی هەزار ئاگر دا ڕواندا لە (1994)، وەرگێڕانی: مەهاباد قەرەداغی، چاپخانەی شەهاب، چاپی یەكەم، هەولێر، 2017
6. شەفیقی حاجی خدر، دەقی پەیماننامەی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید، وەرگێڕان، گۆڤاری ئەنفالناسی، ژمارە (2)، 14/4/2018.