ئەم نامانه خۆی دهبینێتهوه لە نامەی هەر یەک لە؛ سیمۆن دی بوفوار، ئەدیپ وارتۆن، ماری وڵستۆنکرانت ، لە ئاگنس فۆن کۆرۆ بۆ ئیرنیست هیمینگوای، ئاناییس نین، ڤیرجینیا ووڵف، فریدا کاهلو.
“لە سیمۆن دی بوفوار بۆ نیڵسۆن ئاڵگرین”
بوفوار لەساڵی ١٩٤٧ لە شیکاگۆ چاوی بە ئاڵگرین کەوت، هەردووکیان بۆ چەند ساڵێکی کەم دووراودوور دەستیان بە پەیوەندییەکەیانەوە گرتبوو. بەڵام مەوداکە بۆ ئاڵگرین کە شتێکی سەقانگیری دەویست دووربوو. دی بوفوار لە گەشتی گەڕانەوەی بۆ پاریس دوای سەردانیکردنی خۆشەویستەکەی ئەم نامەیەی نووسی و پەی بەوە برد کە چەند دوورکەوتوەتەوە لێی .
دەقی نامەکە
من خەمێکی وشک و برینگم پێ باشترە وەک لە تووڕەییەکی سارد، لەبەرئەوەی تا ئێستا بە دووچاوی وشکەوە ماومەتەوە، وشک وەک بڵێی ماسییەکی خنکێنراوم، من خەمبارنیم؛ بە مانایەکی دیکە سەرسامم، دوورم لە خۆم، بڕوا بەوە ناکەم تۆ ئەمەندە دووری، تۆ زۆر نزیکی. پێش ئەوەی بڕۆم دەمەوێت تەنها دوو شت بڵێم و بەڵێن بێت دوای ئەوە جارێکی دیکە باسی لێوەنەکەم. یەکەم، زۆر ئاواتەخوازم و دەمەوێت و زۆریش پێویستمە ڕۆژێک لە ڕۆژان جارێکی دیکە بتبینمەوە، وەلێ ئەوەت بیربێت داوای دیدەنیت ناکەم، ئەمە لە لوتبەرزیم نییە و هەرخۆی نیشمە کاتێک لەگەڵ تۆم؛ خۆت بەوە دەزانی، دیدەنمیان مانایەکی دەبێت کاتێک تۆ بتەوێت. وای بۆ ناچم تۆ دووبارە منت خۆشبوێت و لەگەڵیشمدا بخەویت، پێویستیش ناکات بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە بمێنینەوە. بەڵام ئەوە دەزانم کە هەمیشە تامەزرۆی ئەو داوایەتم. نا، ناتوانم وێنای ئەوە بکەم جارێکی دیکە ناتبینمەوە. خۆشەویستیتم لەدەست دا، ئەمە (هێشتاش) بە ئازارە، بەڵام بیرت ناکەم.
بەهەرحاڵ، نیڵسۆن تۆ زۆر منت هەیە، ئەوەی پێت بەخشیم مانایەکی زۆری بۆم هەیە، بە جۆرێک ناتوانم بۆتی بگەڕێنمەوە. میهر و هاوڕییەتیت دوو بەنرخترین شت بوون بەلامەوە به جۆرێک کە هێشتا لە ناخمدا لێت دەڕوانم هەست بە گەرمی و خۆشبەختی و سوپاسگوزارییەکی زۆر دەکەم. ئومێدەوارم هەرگیز ئەم میهری هاوڕێیەتییە کۆچ نەکەن لام. شێواوم و شەرم دەکەم ئەمە دەڵێم، بەڵام تاکە ڕاستی حاشا هەڵنەگرە؛ بەهەمان ئەندازەی ئەوکاتەی لەسەر باسکت ڕاکشام خۆشم ویستی، بەلای خۆمەوە ئەمە مانای خوود و دڵە قێزەونەکەشم بوو؛ من ناتوانم لەمە کەمتر بکەم. وەلێ خۆشەویستەکەم ئەمە بێزارت نەکات، وا هەست نەکەیت نووسینی نامە ئەرک بێت، تەنها کاتێک بنووسە کە هەستت پێکرد، دەزانم هەموو جارێکیش نامەکەت زۆر بە کەیفم دەکات. باشە، هەموو وشەکان گەمژانە دەردەکەون و تۆش زۆر زۆر نزیک، با منیش لێت نزیک ببمەوە، هەروەک جاران لێمگەڕێ بۆ هەمیشە لەدڵمدا بم.
دڵسۆزت؛ سیمۆن
ساڵی ١٩٥٠
“لە ئەدیپ وارتۆن بۆ و. مۆرتۆن فۆڵرتۆن”
لەنێوان وارتۆن و مۆرتۆن دۆستایەتییەکی ڕژد هەبوو، بەڵام کاتێک وارتۆن گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، ووردە ووردە نامەکان فۆڵرتۆن ڕووی لە کەمی کرد. لەساڵی ١٩٠٩ وارتۆن بەوەی زانی کە ژنێکی دیکە لە ژیانی فۆڵرتۆن هەیە. لەو وەختەی ئەم نامەیەی نووسی بە ڕوونی دیاربوو ڕووباری تایمز بەرەو کام ئاڕاستە دەڕوات.
دەقی نامەکە
وای بۆ نەچی تووڕە بم وەک ئەوەی کە دوێنێ وتم، وەلێ بەشێوەیەک خەمبار و سەرلێشێواوم کە بە وشە گوزارشتی لێناکرێت، لە پەنای نیگەرانی و دەستەپاچەییەکانی دیکەمدا، ناتوانم بەم شێوەیە بەردەوام بم! کاتێک ڕۆشتی بڕوام وابوو ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێت پێویستە جارێکی دیکە گوێم لە تۆ بێت. بەڵام ڕۆژانە نامەت بۆ دەنووسیم- نامەت بۆ دەنووسیم وەک چۆن ڕاهاتبووی بەدرێژایی سێ ساڵ بۆم بنووسیت، واتلێکردم بەهەمان ڕێگە وەڵامت بدەمەوە، چونکە هۆکارێکی دیکەم شک نەدەبرد تا نامەت بۆ بنووسم. پێم وایە دەتویست ئەوە بنووسم کە لە دڵمدایە. دواتر گەڕایتەوە، هیچ وشە و ئاماژەیەک نەبوو. تۆ خۆت دەزانی ئەستەمە دوو وشە ئاڵوگۆڕ بکەین، تۆ هاتیت بۆ ئێرە، هاتیت تەنانەت بێ ئەوەی پێم بڵێیت، بوونی منیش لێرە تەنها ڕێکكەوتێک بوو. تۆ ڕۆشتی، جارێکی دیکە بێدەنگی باڵا بوو. سێ ڕۆژە گەڕاومەتەوە، وادەرناکەوم لەپێناوتدا بدۆزرێمەوە، تێناگەم.
ئەگەر بتوانم دەست بە هەندێک له “هەستەکانت، هاوڕێیەتی، میهر و وەفاداری، ئەگەر شتێکی دیکە نەبێت) بگرم، ئەوکات دەتوانم بەردەوام بم، بەرگەی شتەکان دەگرم و دەنووسم و ژیانم ڕێکدەخەم. ئێستاکە بە بەردەوامی بریندارم لەنێوان وەهم لەلایەک و شێواوی و نامۆیی شەش مانگ کۆتاییت لەلایەک، چیتر ناتوانم ئاماژەیەکی تایبەت بدۆزمەوە. نازانم چیت دەوێت، یان من کێم! وەکو ئاشقێک بۆم دەنووسیت، کەچی وەکو ڕێبوارێکی ئاشنا مامەڵەم لەگەڵ دەکەیت. کامیانیت، من چیم!
یەکێک لە ئاشنا ڕێبوارەکان، نا، بەڵام هاوڕێ، بەڵێ هاوڕێ، پێشتریش و هەمیشەش ئەوەم پێ وتووی، پێش چارەسەرییەکان دەکەوم، بەڵام ئاستی سنووری خۆشەویستی وەکو بەشێک لە هاوڕێیەتی شتێکی بنەڕەتییە. مرۆ دەبێت درک بەوە بکات چ پێشهاتێک دێتە ڕێی، لەوکاتەی پێم وابوو بەم قوناغە گەشتووین، لەپڕێکدا گەڕاویتەتەوە بۆ پەیوەندییەکی دیکە، تێبینی هیچ گۆڕانێکم لێ نەدەکردی، ئازارم نەدەچەشت و سەرسامیش نەبووم، بەبێ گوێ پێ نەدان بەردەوام دەبم لەژیانم تا ئەوەی جارێکی دیکە دەردەکەوی. هەتاوەکو لە توانامدایە بەرگەی ئەم هەموو کەوتنە دەگرم؛ چونکە زۆرم خۆشدەوێی، چونکە بۆ ئەو ئاریشە و ئازارانەی لە ژیانتدا هەن، بەداخەوەم. هەرگیز داکەوتوو، بە داواکراویش نەبووم، هەرگیزیش-واشی بۆ دەچم- بارگرانییەکی زیاتر نەبووم لەسەر ئەم ئاریشانە، بەڵام هەوڵم دا لە ڕێگەی هاوڕێیەتییەکی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە لەسەرتی سووک بکەم، ئێستا هەست بەنرخی خۆم دەکم و هەستدەکەم ناتوانم بەرگەی بگرم، هەر ئەمەشە واملێدەکات بۆت بنووسم. نامەم بۆ بنووسە بەڵام وەک ئەوەی ئینگلتەرا نا کە ناردت.
ئەمە خۆشییەکی خراپ بوو، پێویستی نەدەکرد ئاوا بریندارم بکەیت! شتێک لە ژیان تێدەگەم، بۆماوەیەکی زۆر بڕیارم لەسەر دەدایت و وەک ئەوەی کە بوویت قبوڵم کردیت، سەرسامبووم بە هەموو توانا و جادووە گەورەکەتەوە؛ تەنها بەدوای ئەوەوە بووم خۆشەویستییەکت پێبدەم کە یارمەتیدەرت بێت. لەبەرانبەردا داوای زۆرت لێناکەم. بەڵام ناکرێت مرۆ ئەو هەموو باشی و هەستە تکاکارانەی ڕۆژانێک هەیبوو بەبێ هۆ و ڕوونکردنەوەیەک لەبیریان بکات، هەروەک لە گۆڕانە تەمومژاوییەکەی دیسەمبەردا کردت. ساڵێکی دژوارم بەڕێکرد-بەڵام ئازاری ناو ئازارەکەم، ئەوپەڕی بوو- مەحاڵ ئەوبوو چیت لە من دەوێت و هەستت چۆنە بەرانبەرم، دەبوایە پەی بە پێویستبوونم بە هاوڕێیەتییەکی داکوتاو بکەی، من ناڵێم “خۆشەویستی” لەبەرئەوەی شیاو نییە، وەلێ ئەمە جۆرێکە لە هەوڵدانی میهرییانە کە هاوڕێ کۆنەکان لە ساتە دژوارەکانی ژیاندا لەنێویەکدا بەوایدا دەگەڕێن. پێش ئەوەی بتناسم ژیانم باشتر بوو. بەلایەنی منەوە کۆتاییەکی خەمباری ساڵێکی خەمبار بوو، شتێکی تاڵە ئەم شتانە بە تاکە کەس کە خۆشتویستووە بڵێیت.
ئەپرێڵی ١٩١٠ لە ١٩٠٧ و ١٩٠٨
“لە ئاگنس فۆن کۆرۆفسکی بۆ ئێرنیست هیمینگوای”
دەزانین ئەمە نێردراوە بۆ نوسەرێکی دیار و لە نووسەرێکەوە نەنێردراوە، وەلێ نەمانتوانی خۆمانی لێ لادەین، ئاگنس- کاپرین بارکلییە “یەکێکە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانێکی هیمینگوای”، هیمینگوای لە جەنگی دووەمی جیهانی و لە میلان دوای ئەوەی ئاگنسی سستەر بردی بۆ ئەوخەستەخانەی کاری لێکردەکرد، چاوی پێکەوت. دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، سەڕەڕای ئەوەی ڕەتی کردەوە، چونکە هیمینگوای هەژدە ساڵ بوو ئەویش بیست وشەش ساڵ بەڵام هەر نامەی بۆ دەنارد.
دەقی نامەکە
ئەی کوڕە ئازیزەکە، ئیرنی، لەکاتێکی درەنگ و دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ لەگەڵ خۆمدا ئەمەت بۆ دەنووسم، دەترسم بریندارت بکات، وەلێ دڵنیام ئازارەکە بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە. پێش ڕۆشتنت بۆ ماوەیەکی زۆر، هەوڵم دەدا قەناعەت بە خۆم بهێنم ئەمە پەیوەندییەکی خۆشەویستی ڕاستەقینەیە، چونکە هەمیشە جیاوازبووین، دەماقاڵێکان شێتیان کردم بۆیە لە کۆتایدا خۆم دا بەدەستەوە تا لە کارێکی بێ ئومێدانە ڕێگریت لێبکەم. ئێستا و دوای چەند مانگ دووری لە تۆ، دەزانم هێشتا تۆم بەدڵە، وەلێ زیاتر وەک دایکێک نەک خۆشەویستێک. ئاساییە پێم بڵێیت منداڵ، بەڵام وانیم و ڕۆژ بە ڕۆژ لەوە دووردەکەومەوە.
بۆیە ئەی منداڵ “بەلامەوە منداڵ بوویت و هەمیشەش وا دەمێنی” دەتوانی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەبەرئەوەی بەبێ بەهرە فریوم دایت، لێم خۆشبیت؟ خۆت دەزانی خراپەکارێک نیم، ویستی کردنی هەڵەشم نییە، ئێستا دەزانم هەر لەسەرەتاوە هەڵەی من بوو. تۆ گرنگیت پێدام و لە دڵەوە پەشیمانم. بەڵام من وا گەورە دەبم و ئەمە ڕاستییە، ناتوانم لەو ڕاستییە هەڵبێم کە تۆ تەنها هەرزەکارێکی، بەشێوەیەک لەشێوەکان هەستدەکەم ڕۆژێک لە ڕۆژان هۆکارێکم دەبێت بۆ ئەوەی شانازیت پێوەبکەم، بەڵام کوڕە ئازیزەکە ناتوانم لە چاوەڕوانی ئەوڕۆژەدا بم، هەڵەیه دەسوبردی بۆ کارێک بکەیت. بە ڕژدی هەوڵمدا لە تێفکرییەکانم لەکاتی گەشتەکەم لەبادوا بۆ میلان تێبگەی، بەڵام ئەتوارت وەک منداڵێکی بەناز بوو، نەمتوانی لە بریندارکردنت بوەستم، ئێستا لەبەرئەوەی دوورم ئاوا بوێرم. بڕوام پێبکە ئەمەی کە دەیڵێم بۆ خۆشم کتوپڕ بوو؛ بەمزووانە هاوسەرگیری دەکەم. ئاواتەخوازم و نزادەکەم کاتێک خۆت کۆدەکەیتەوە و بە سەرەتایەکی چاک وەک پیاوێکی ڕاستەقینە دەردەکەویت؛ بتوانی لێم خۆشبیت.
خۆشەویستت، هاوڕێت ئیچی.
مارسی ١٩١٩
“لە ئاناییس نین بۆ س.ڵ.باڵدوین”
ئاناییس و باڵدوین هەرچەندە هەردووکیان خێزاندار بوون، بەڵام پەیوەندییان هەبوو پێکەوە، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی کتێبە شعرییەکانی، لە کۆتایدا باڵدوین وازی هێنا و گەڕایەوە بۆ لای ژن و منداڵەکانی.
دەقی نامەکە
ئەزیزە بێچارەکەم “لینی”، تۆ چەند کوێری، ئافرەت کاتێک هیچی نییە غیرە دەکات، بەڵام من لەنێو تەواوی ژنان بۆ خۆشەویستی بەخرۆشترینم، لەچی غیرە بکەم؟ وەک دەزانی بۆ ماوەیەکی زۆر لێت وەڕس ببووم، ئەو ڕۆژەی دەگریام تۆشم ڕەتکردەوە، وەک ئەوەی ئەوکات پێم وتی بەردەوام بووم لە هاڕێیەتیت تا ئەوە بدۆزیتەوە کە دەتەوێت-کاتێک کە کردیشت یەکانگا کشامەوە، چونکە کاتم بۆ پەیوەندی مردووانە نییە. وامدانا مردوویت و ئەو ڕۆژەی کە زانیم مردوویت، دەمزانی ناتوانی جارێکی دیکە بێیتە ناو جیهانەکەمەوە، ئەم ویستە زۆرە کەمە. چونکە جیهانەکەم لەسەر خۆشەویستی بنیادنراوە، خۆت دەزانی تەنها لەڕێگەی خۆشەویستییەوە مرۆ دەتوانێت داهێنان بکات، دەزانی جیهانەکەم-هەر لەبەرئەوەی نەتتوانی بێیتە ناوی شۆخی پێدەکەی- وای لە هێنری میللەر کرد ببێتە نوسرێکی گەورە، غیرەت لەو پیاو و گەنجانەی کە لەناو جیهانێکی خۆشەویستی بوون و کتێبیان دەنووسی و فیلمیان بەرهەم دەهێنا و هۆنراوە و تابلۆ و میوزیکیان بەرهەم دەهێنا، دەکرد.
پێویستم بە “مکووڕی” نییە تا خۆشەویستی وەربگرم، نغرۆبووم. هەر لەبەرئەوەشە بە کەیف و بەهێزم، بەڵام لەناوەڕاستی ئەم بەخشین و بردنە ئاگرین و سەرنجڕاکێشە، دەرچوون لەگەڵ تۆدا وەک دەرچوون بوو لەگەڵ قەشەیەکدا، بە بەراوورد بە گەرمییەکە، مەزن بوو. بۆیە چاوەڕێی یەکەم هەلم کرد تا ئارەزووی جێنەهێشتنت تێپەڕێنم. دەبێت ئەوە بزانیت نرخی من زیاترە لەوەی تێفکری ئەوە بکەیت غیرە لە ژنێکی ئەمریکی چارەڕەش کە بەردەوام پیاوەکەی بۆ من لەدەست دەدا، بکەم.
ئاناییس
١٩٤٥
“لە ڤیرجینیا ووڵف بۆ لیۆنارد ووڵفی مێردی”
ئەمە کۆتا نامەی ڤیرجینیایە پێش خۆکوشتنی، دەتوانی بە ئەندازەی ئەوەی نامەی ماڵئاواییە بۆ مێردەکەی، نامەیە بەرانبەر خۆی و نەخۆشییەکەشی.
دەقی نامەکە
ئازیزەکەم، دڵنیام دووبارە شێت دەبم. هەستدەکەم ناتوانین جارێکی دیکە بە کاتی دژواردا تێپەڕین. ئەم جارە چاکنابمەوە. گوێم لە دەنگە، بۆیە ئەوە دەکەم کە دەردەکەوێت باشترین شتە بیکەم. گەورەترین بەختەوەری کە دەکرێت هەبێت پێت بەخشیم. بە هەموو ڕێگایەک کە دەکرێت کەسێک پێشکەشی بکات پێت بەخشیم. بە هاتنی ئەم نەخۆشییە نەفرەتییە لەو بڕوایەدانیم دوو کەس ئاواهی دڵخۆش بن، زیاتر ناتوانم بەرگە بگرم. دەزانم من ژێانت تێکدەدەم و دەتوانی بێ منیش کاربکەیت. واشدەکەی دەزانم.
دەبینی تەنانەت ناتوانم ئەمەش بەباشی بنووسم. ناتوانم بخوێنمەوە . ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە بە هەموو بەختەوەرییەکانی ژیانم قەرزاری تۆم. بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو خۆڕاگر و میهرەبان بوویت لەگەڵم. دەمەوێت بڵێم؛ هەموو خەڵکیش بەوە دەزانن، ئەگەر گەسێک بیتوانیبایە ڕزگارم بکات تۆ دەبوویت. جگە لە ڕاستی باشبوونت هەموو شتێکم لێ ڕۆشت. ناتوانم لەمە زیاتر ژیانت وێران بکەم. وای بۆ ناچم دوو کەسی تر وەک ئێمە بتوانن بەختەوەرییەکی گەورەتر بەدەست بهێنن.
ڤیرجینیا
مارسی ١٩٤١
“فریدا كاهلو بۆ مێردهكهی”
ئەم نامەیە فریدا کاهلو پێش بڕینەوەی قاچی بۆ مێردەکەی ناردووە، بە بەناوبانگترین نامەی جیابوونەوە دادەنرێت، خۆی لە هەستی ڕاستگۆیانەی دژیەکی نێوان خۆشەویستی و ڕق و تووڕەیی دەبینێتەوە.
دەقی نامەکە
ئازیزەکەم دییەیگۆ، ئەم نامەیە لە ژووری خەستەخانە و پێش ئەوەی بڕۆمە ژووری نەشتەرگەری دەنووسم. دەیانەوێت دەست و برد بکەم بەڵام مکووڕم لەسەر تەواوکردنی نامەکە، چونکە نامەوێت هیچ شتێک بە ناکامڵی بەجێ بهێڵم. بەتایبەت ئێستا کە دەزانم نیازی چییان هەیە. بە پێویستی بڕینەوە ئاگاداریان کردوومەتەوە و دەیانەوێت بە بڕینەوەی قاچم غرورم ئازار بدەن. بەهەرحاڵ، بەوشێوەی هەمووان چاوەڕێیان دەکرد لە هەواڵەکاندا کاریگەری نەبوو، هەر بەڕاستی دوای لەدەست دانت بووم بەو ئافرەتە شێواوە، وەلێ زیندووم.
بەباشی دەزانی لە ئازار ناترسم و هەمیشە ئازار پێمەوە لکاوە، هەرچەندە ددانی پێدا دەنێم نەک تەنها لەگەڵ خوشکەم؛ هەرجارێک و لەگەڵ هەر ژنێک خیانەتت کردبێت ئازارم چەشتووە، وەلێ دەپرسم چۆن بەدەستی تۆ فریویان خواردووە؟ پێت وایە بەهۆی کریستیناوە تووڕەم، نەخێر بەڵکو هۆکارەکە من و تۆین. یەکەمیان بەهۆی خۆمەوە کە نازانم لەوانی دیکەدا بەدوای چیدا دەگەڕایت؟ ئەوان دەیانتوانی چیت پێ ببەخشن و من نەمتوانی.
ئازیزەکەم دییەیگۆ با خۆمان فریو نەدەین، هەموو شتێک کە مرۆ دەتوانێت بیبەخشێت پێم دایت، هەردووکمان بەباشی ئەوە دەزانین. بۆ خاتری خوا چۆن توانیت ئەم هەموو ژنە فریو بدەی، هۆکاری نامەکەم تۆمەتبارکردنت نییە، بەڵکو بەهۆی بڕینەوەی قاچمەوەیە “چ شتێکی نەفرەتییە، لە کۆتایدا قاچم ئەوەی کەویستی بەدەستی هێنا” لەسەرەتای پەیوەندییەکەمانەوە وتم کەسێکی کامڵ نیم، بەڵام بۆ خاتری خوا بۆ دەبێت هەمووان بەمە بزانن، لەکۆتایدا هەمووان نەتوانستیم دەبینن.
پێش ئەوەی لە سەرچاوەکانی هەواڵت بیزانی خۆم پێم وتی، لێم خۆشبە نەمتوانی خۆم بێم و پێتی بڵێم بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستام بەڕاستی ناتوانم. نیەتم نییە نە تۆ نە کەسی دیکە والێبکەم بەزەییان پێم بێتەوە، ناشمەوێت هەست بە تاوان بکەیت. بەڵام نامەم بۆ نووسیت تاپێت بڵێم وەکو قاچم دەتبڕمەوە، دڵخۆشبە و جارێکی دیکە بەدوامدا مەگەڕێ، نامەوێت هیچم لەبارەوە ببیستی و هیچت لەبارەوە ببیستم. ئەگەر شتێک هەبێت پێش مردنم چێژی لێ وەربگرم، نەبینی ڕووخسارە نەفرەتییەکەتە لەناو باخچەکەم. ئەمە هەموو شتێکە و ئێستا دەتوانم بە ئاسوودەیی قاچم ببڕمەوە، لەوکەسەی شێتانە خۆشیویستی؛ ماڵئاوا.
ئازیزەکەت، فریدا
مەکسیک ساڵی ١٩٥٣
وەرگێڕانی : مەدینە ئەحمەد