وا دیارە لە ساڵی (١٨٩٦) دا، تێگەیشتنەکانی عەقید “ڤلادیمێر ئەلیکساندرۆڤیچ کارتسۆڤ” لەمەڕ کورد پەنگی خواردۆتەوە، بۆیە لەژێر ناونیشانی “چەند سەرنجێک دەربارەی کورد” کتێبێکی خستۆتە بەر ڕووناکی، لە سەر خەرمانەی ئەرشیفی سوپای ڕووس و داوودەزگە هەواڵگیرییەکاندا هەڵی خستووە. هاوەڵی هێژا، دکتۆر سوارە شاکەلی ئەم کتێبەی لە ڕووسییەوە کردۆتە کوردی؛ ئەم کتێبە نییە، ٢٨ کتێبی لە ڕووسییەوە کردۆتە کوردی. ئەمە دیرۆکی گەنجێکە لەو گەرمیانە (ئەوەی دەرفەت بێ تیای نەبووە) چۆتە ڕووسیا و دکتۆرای خوێندووە؛ ئەوەی لەسەر کورد لە ئەرشیفی سوپای قەیسەر و هەواڵگریی ئەوسای ڕووسەکاندا بووە، دەستی پێگەیشتووە، خۆبەخشانە کردوویەتی بە کوردی. خەم و ئەرکی چاپکردنەکانیش لەولاوە بوەستێ! “ئەڵپاچینۆ” دەڵێ: کارەکە قورسە، مانای وایە کارەکە دروستە.
عەقید “کارتسۆڤ”، ئەم هەوڵەی لە سەدەی ١٩ ە دا ، بە بەکارهێنانی سەرچاوە و ڕووانگەی خۆی بۆ ختووکەدانی کوردو کوردستان خستۆتەگەڕ. لەبارەی مێژوو، جوگرافیا، ئایین، جموجوڵی عەشیرەت و هۆزە کوردەکانەوە قسە دەکات، هەروەها لەسەر تێگەیشتنی ڕووسیا (کە دواتربوو بە سۆڤیەت) بەرانبەر کوردان لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییدا دەوەستێ. خوێندنەوەی ئەم کتێبە (١٨٩) لاپەرەییە، چەندین گرینگی هەیە؛ پێش هەموو شتێک دەستت دەگاتە زانیاری و وشەی دوورە دەست. بۆ نموونە، عەقید “کارتسۆڤ” دەنووسێ؛ “کوردان لە دێر زەمانەوە، بەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی چیای تاڤر (مەبەستی تاور یان تاڤریشە) بەلای ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتدا بڵاو بونەتەوە.” ئایا لە سەدا چەندی کوردستانیانی باشوور لە سەدەی بیستویەکدا زانیارییەکیان لەبارەی “چیای تاور”ەوە هەیە؟ بێگومان لە سەدا زۆر کەم، ئەی بۆچی زۆربەی خەڵکی لەبارەی هەر شتێکی دی کە پەیوەندیی بەوانەوە نییە، دەزانن. ئەگەر لە کیشوەرە دوورەکانیش بێ؟ ڕووسەکان، بەگشتی ئەمە وا دەبینن کە خەتای جیهانگیرییە، تاوانی ئامرازەکانی لیبراڵیزم و مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، کە سنووری نەهێشتۆتەوە و ناسنامەی گەلان و تاکەکانیشی سڕیوەتەوە. بۆیە ڕووسەکان بەگشتی دەوروخولی “جیۆپۆڵەتیک” دەدەن بە کە تیایدا سنوورەکان پێویستە پارێزگاری لێ بکرێ، چونکە ئەمە هەر سنووری جوگرافی نییە، بەڵکو گهشتێکی گشتگیرە لە؛ سیاسەت، زمان، هونەر، ئابووری، ئایین، جوگرافیا و تایبەتمەندییە کولتوورییەکان؛ ئەمانە ئەو شتانەن کە پێویستە لە ڕێگایانەوە خۆمان نمایش بکەین و خۆمان پێناسە بکەینەوە.
باسی کورد بێ، لە ئەرشیفی ڕووس دا بێ، لە سەدەی نۆزدەدا جێگەی سەرنج لێدانە؛ سەدەی نۆزدە وێڵاشی مێژووە، هەر دەڵێی هەموو سەدەکانی پێشووتر؛ مێژوو هەر-خۆی ئاوس کردووە بە ڕووداوە یەک لەدوایی یەکەکان و هەر هاتووە- هەر هاتووە، هەر هاتووە، ئیتر لەم سەدەی نۆزدەیەدا لە هەموو شوێنەکانی سەر ئەم هەسارەیە تەقینەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، هزریی و مرۆیی گەورە ڕوویداوە. ئایا گرینگ نییە لە سەدەیەکدا کە هەموو جیهان دەکەوێتە سەر سکەیەکی نوێ، بزانین کورد چی کردووە و گۆڕانکارییەکانی به کوێ گەیشتوون لەو سەردەمەدا؟ لە دامێنی سەدەی نۆزدەوە جیهانگیریی (گڵۆباڵیزم) هاتە دەرو مێژووی نوێ دەستی پێکرد. لە سەدەی نۆزدەدا بوو کە کۆیلایەتی لە بەشێکی زۆری ئەوروپا و ئەمریکادا هەڵوەشایەوە. شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم هەرچەندە لە کۆتایی سەدەی ١٨ دەستی پێکرد؛ لەسەدەی ١٩ ەدا کەوتە ڕێ و مۆدێرنە چرۆی کرد. لە سەدەی ١٩ ەدا بوو کە ئیمپراتۆرییەتەکانی ئیسلامی کەوتنە پاشەکشە و ئیمپریالیزمی ئەوروپی بەشێکی زۆری باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و نزیکەی هەموو ئەفریقای خستە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمەوە. لە سەدەی ١٩ ەدا بوو کە ئیمپراتۆرییەتی گەورەی ئیسپانیا و مەغۆلی هیند داڕمان. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی ئیمپراتۆریەتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن هاوشانی ئەمریکا.
لە سەدەی ١٩ ەدا بووە کە؛ ڕووسیا خاکی خۆی فراوانتر کرد بۆ ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز، ئەوە بۆیە ناوەندی سوپای قەیسەر لە قەفقاز ئەکتیڤ بووە. ڕەنگە هەموو مێژوو هەرهێندەی سەدەی ١٩ ڕووداویان لە هەگبە نابێ، لەو سەدەیەدا، فەڕەنسا هێرشی کردە سەر جەزائیر و داگیری کرد. لەو سەدەیەدا شەڕی ناوخۆیی لەنێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشووری ئەمریکا سەری هەڵدا و “ئەبراهام لینکۆڵن” خۆی خستە ئەستێڵی مێژووەوە. سەدەی نۆزدە سەدەی سەربەخۆیی ئەمریکای لاتین. سەدەی کارەساتی گەورەش بوو؛ لە ساڵەکانی ١٨٧١- ١٨٧٢ بەهۆی برسێتی و قاتوقڕییەوە ٢ ملیۆن کەس لە وڵاتی فارس گیانی لە دەستدا. ئەح برا..خەریکبوو بیرم بچێ، ئەو سەدەیە سەدەی ژیان و ژیانئاوایی “کارل مارکس” بوو، ئەو پیاوێکی ئاسایی نەبوو، کە ڕۆژی ١٤ ی مارسی ١٨٨١ مرد، تەنها (١١) کەس لەگەڵی چوون بۆ گۆڕستان، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە هەر (١٠) کەس لە جیهاندا (٣) کەسیان شوێنکەوتەی مارکس بوون. مارکس کوڕی سەدەی نۆزدە بوو، لێ تارماییەکەی تا هەتا هەتایە وا بەسەر دونیاوە.
ئاساییە، دکتۆر سوارە شاکەلی نەتوانێ کتێبەکانی خۆی چاپ بکات، چاپخانە و کارخانەی تایبەت بە خۆی هەبێ، دوای کەڵەگەکردنی ٢٨ کتێب لێی نەپرسنەوە و نەیناسن! مارکس پیاوێک بوو تەواوی بەرهەمەکانی کارکردنە لەبارەی پارەو قازانج و سەرمایە و شیتەڵکاری ئابوورییەوە، بەڵام ژیانێکی کولەمەرگی دوور لەپارە و داهاتی گوزەراند و نەفرەتەی هەژاریی تامردن بەرینەدا، دەستنیشانی قەیرانی دارایی و ئابووری هەموو دنیای کرد و کەموکورتی پێشکەوتوترین سیستمی ئابووری دەرخست، بەڵام توانای ئەوەی نەبوو چارەی هەژاری و دەستکورتی خۆی بکات، تەنانەت لەرۆژێکی ساردی لەندەن لەناو دەستنووسەکانی ڕستەیەکی تراژیدی دۆزرایەوە کە دەڵێ “کەوتومەتە دۆخێکی سەیرەوە، پاڵتۆکەم لەبری قەرز داناوە، ناشتوانم قەرزەکە بدەمەوە بۆ ئەوەی بتوانم پاڵتۆکەم وەربگرمەوەو بچمە دەرەوە” ئەوەی مارکس لەهەموو فەیلەسوف و بیرمەندانی تری دنیا جیا دەکاتەوە ئەوەیە سەرەڕای کولەمەرگییەکانی ژیان، سەرسەختانە بۆ بڕواو قەناعەتەکانی ژیا.
با بیرمان نەچێ؛ سەدەی ١٩ سەدەی لە دایکبوون و زۆربەی ژیانی مەکسیم گۆرکێیە، کە شاکارێکی وەک ڕۆمانی “دایک” ی نووسیوە. سەدەیەک (ماکس ڤێبەر، ئەمیل دۆرکهایم، جون ستیوارت میل، شوبنهاوەر، بیرتراند راسل، ویلیام جەیمس و ئۆگەست کۆنت..هتد) زۆری دیکەی بۆ مرۆڤایەتی هێنابێ، دەبێ هۆکارەکەی چی و چۆن بێ کە کوردی نەگەیاندۆتە هیچ کوێ؟ سەدەی نۆزدە بۆ کوردیش، ئەوەندە بەتاڵ نییە؛ سەدەی ژیان و مردنی حاجی قادری کۆیی. سەدەی مامە شێخ ڕەزای تاڵەبانی و هەجوەکانیەتی. سەدەی تەوژمی هەستانەوەکانی (شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدوڵای نەهری) بوو. لای خۆمان سەدەی لە دایکبوون و ژیانی حەزرەتی “نالی”ە، نالی لە ئەدەبیات و عیرفان دەربهێنی وەک ئەوە وایە بینایەک لایەکی ڕووخابێ. سەدەی “مەولەوی و مەحویە”. سەدەی هاتنی “زێوەر و پیرەمێردە”. سەدەی “حەمدی و ئاهی و ئەختەر و کەیفی و کەمالی”یە. سەدەیەک ئەو هەزارەها گۆڕانکارییەی بۆ ناو لاپەڕەکانی مێژوو هێنابێ، بۆچی هیچی بۆ کورد پێ نەبووە؟ ئاخەر دەبێ مێژوو ببینین، لەسەدەی نۆزدەدا “گراهام بێڵ” تەلەفۆنی داهێنا، یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی بە یاریدەدەرەکەیەوە کرد و وتی “ئەلوو..کاک واتسۆن، وەرە ئێرە-دەمەوێت بتبینم”. “ئەدیسۆن” لەسەدەی نۆزدەدا “ڕووناکی” داهێنا و گڵۆپێکی فیلامێنتی کاربۆنی لە ساڵی ١٨٧٩ دروستکرد. عەقید “کارتسۆڤ” (ئەگەرچی کورد نییە) لەسەرنجەکانی خۆیدا بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی من دەداتەوە:-
یەکەم:- پەیوەست بە تێگەیشتنی هەڵە یان نەبوونی تێگەیشتنێک کە بەهۆی کوردەوە ڕووسیا بتوانێ ستراتیژییەتی ناوچەکە بنکەن بکات، بۆ نموونە؛ تێگەیشتنی هەڵە لە گرینگی بەتوانایی هۆزەکانی کورد بۆ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ڕووسیا، وەک خۆی دەنووسێ؛ تێگەیشتن لە مانای بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بە مانای پشتگیری کردنی کوردان لە دژایەتی کردنی حکوومەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردان لە چوارچێوەیدا دەژیان، بارودۆخی کوردانی قورستر کرد، هەرئەمەش دەبووە هۆکاری تێکچونی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ڕووسیا، لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا، کە نە سەرکەوتنی ئەو هۆزانەی مسۆگەر دەکرد، کە نیەتی جددییان نیشان نەداوە بۆ لایەنگیری لە ڕووسیا، نە جێبەجێ کردنی چاوەڕوانییەکانی ڕووسیا لەلایەن ئەوانەوە. ئەم بابەتە لەسەدەی نۆزدەدا وابووە، ئێستاش سەدەی بیستویەکە هەر بەشێکی گەورەی تێگەیشتنی ڕووسیایە بەرانبەر کورد لە هەموو پارچەکان. ئەگەرچی عەقید “کارتسۆڤ” ئارگیۆمێنتەکانی فراوانتر دەکات بە ئاماژەکردن بۆ کوردناسی سۆڤێیەتی و ڕووسی بەناوبانگ “م.س. لازارێڤ” کە شیکردنەوەی بۆ ژمارەیەکی زۆری شۆڕشەکانی کورد و نەتەوە بە ڕەگەز ناتورکەکان کردووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەلومەرجی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە؛ لە کۆتاییدا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دەکرد، وەک ململانێکەریی سەرەکی ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا (بەڵام ئەوە هەرقسەیەکە).
دووەم:- لەم کتێبەدا؛ عەقید “کارتسۆڤ” باسی سیاسەتی ڕووسیا بەرانبەر هێزەکانی کورد لە سەر سنوورەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەکات، ئەوێ ڕۆژێ بەهۆی موسوڵمانەکانی قەوقازەوە هەواڵگریی تورکیا لەو ناوچانە بەهێزتربووە لە هەواڵگیریی ڕووسیا. لەشوێنی دیکەشدا باسی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕقی کوردان دەکا بەرانبەر ئەرمەنەکان بەهۆی ئایین و فاکتەری ئابوورییشەوە. بەدرێژایی سەدەی نۆزدەو ئەو ماوەیەشی “کارتسۆڤ” تیایدا باڵادەستی هەبووە لە سوپای قەیسەردا، کورد لە ڕێگەی عەشیرەت و هۆزەکان و بەگەکان و ئایینەوە خۆی نمایش کردووە و جموجوڵەکانی دەستپێکردووە؛ واتە قەت ڕۆژێک چاوی لە ڕووسەکان، فارسەکان و تورکەکان و تەنانەت ئەرمەنەکانیش نەکردووە کە دامودەزگاییانە مامەڵە بکات.
لە کۆتاییدا؛ سوپاس و دەستخۆشی بۆ هاوەڵی هێژامان دکتۆر “سوارە شاکەلی”، هەم بۆ پێشکەش کردنی کتێبەکە، هەم بۆ ئەم هەوڵانەی بوەتە بەشێک یان ئیشقێکی سەیر لە ژیانیدا.