“شیکارییه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕۆمانی که‌شتییه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه”
“پێشهڕۆک”
ڕۆمانی “که‌شتییه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه” به 207 لهپهڕهوه ساڵی 2020 بڵاو بووه‌ته‌وه که به‌رهه‌می “د. ئه‌حمه‌دی مه‌لا”یه. وه‌کوو له کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه سه‌ره‌تای مانگی پێنجی هه‌مان ساڵ واته 2020 ده‌ستی کردووه به نووسینی ڕۆمانه‌که و مانگی هه‌شتی هه‌مان ساڵ لێی بووه‌ته‌وه، بۆیه به وردی باسی کاتی نووسینه‌که‌ی ده‌که‌م، چونکه لام وایه ئێمه به هه‌ر توانستێک له گێڕانه‌وه و هه‌ر ڕاده‌یه‌ک له شاره‌زاییه‌وه پێویسته له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیی درێژماوه‌تردا له سه‌ر ژانێرێکی وه‌کوو ڕۆمان ئیش بکه‌ین و بوه‌ستین. ڕه‌نگه یه‌کێک له کاریگه‌رییه‌کانی نه‌زمی نوێی میدیایی ختووکه‌دانی ئه‌م جۆره به‌تاڵووکه و هه‌ڵپه‌کردنه بێت که ورد و زۆرمانی گرتووه‌ته‌وه و له دواجاردا ئه‌و شته‌ی که دڵخواز و ئایدیالمانه به‌هۆی ئه‌م دۆخه دیجیتاڵی-سایکۆلۆژییه‌وه نهیهتا ئاراوه، چونکه وه‌کوو له ناو ڕۆمانه‌که‌دا ده‌بینین کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی ئیملایی و هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی و ڕیزمانیشی تێ که‌وتووه و ئه‌مه‌ش له سه‌رێکه‌وه نووسه‌ر لێی به‌رپرسیاره و له سه‌رێکی دیکه‌وه هه‌ڵه‌چنی نه‌شر یان ئه‌و ده‌زگایه‌ی که بڵاوی ده‌کاته‌وه.
وه‌کوو باوه له ده‌زگاکانی نه‌شری زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌مه که‌متر یه‌خه‌گیری نووسه‌ر ده‌بێت و کاری ده‌زگای نه‌شره که ده‌بێت هه‌ڵه‌چنیان هه‌بێت و نه‌هێڵن هیچ کتێبێک به هه‌ڵه تێپه‌ڕێت (ئه‌گه‌ریش تێپه‌ڕێت به هه‌ڵه‌یه‌کی لانیکه‌مه‌وه بێت!) که به‌داخه‌وه ئه‌مه بۆ زمانێکی وه‌کوو کوردی و دۆخێک که خوینه‌رانی کورد هه‌م له باشوور و هه‌م له ڕۆژهه‌ڵات هه‌یانه چه‌ند قات گرینگتر ده‌بێته‌وه و مه‌خابن زۆربه‌ی زۆری نه‌شره کوردییه‌کان به‌هۆی که‌شی بازرگانی و سه‌رمایه‌دارانه‌وه ئه‌مه ناکه‌ن و له پاڵ ئه‌و خزمه‌ته‌ی که به کو‌لتوور و زمان و ئه‌ده‌بی ده‌که‌ن ده‌بنه هۆی زیان و خه‌سار بۆ سه‌ر زمان و ئیستاتیکای ده‌قیش، چونکه ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان بێت ده‌زانێت وشه‌یه‌کی هه‌ڵه له قووڵایی و گه‌رموگوڕی گێڕانه‌وه‌که‌دا وه‌کوو ده‌نگی زیقه‌ی منداڵێکه له ناوه‌ڕاستی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنسێرتێکی مۆسیقادا. ئه‌مانه چه‌ند سه‌رنجێک بوون بۆ ئه‌وه‌ی دواتر نه‌یه‌مه‌وه سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه چونکه لێره‌دا ده‌مه‌وێت چاوێکی خێرا بخشێنم به سه‌ر ناوه‌رۆکی و پێکهاتی ڕۆمانه‌که‌دا و ئه‌و دونیای ده‌یگێڕێته‌وه، هه‌رێمی ڕووداو و هه‌ناوی کارئه‌کته‌ر و ئاسۆی ناڕوون و لێڵی دواڕۆژ!
“ڕۆمان و گێڕانه‌وه”
ڕۆمان له کۆنتێکست و زه‌مینه‌ی ئه‌ده‌بی و کو‌لتووریی ڕۆژئاوادا هه‌ر پێناسه‌یه‌کی هه‌بێت و هه‌یه، له دونیای ئێمه‌دا به‌پێی سایکۆلۆژی و ئاستی وشیاریی و خود ئاگاییمان مه‌رج نییه پێبه‌ند و کۆتکراوی هه‌مان بنه‌ماکانی ئه‌وانی بزانین، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌هۆی داهێنه‌ریی و سه‌رپشکییان له‌م ژانێره زۆر گرینگ و تا ئێسته‌ش کاریگه‌ره‌وه به جۆرێک له جۆره‌کان حه‌قی ئاو و گڵ و خاوه‌ندارێتییان هه‌یه. له بیریشمان نه‌چێت داهێنان هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی بنه‌ما و مه‌رجه‌کانه‌وه ڕوو ده‌دات. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که هیچ کو‌لتوور و زمانێک بێ گێڕانه‌وه و حهکایهتبێژیی نییه ئیتر چ له سۆنگه‌ی ئه‌فسانه و ئوستوورهکانییهوه بووبێت یان حه‌کایه‌تی گوێ ئاگردان و ته‌نانه‌ت به‌یت و باو و هه‌ڵبه‌ست و تا ده‌گاته ڕۆژگاری مۆدێڕن لێ که‌وتووی ئێمه و ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌م فه‌زایه‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه، واته ئه‌گه‌رچی ڕۆمان ژانێرێکی ڕۆژئاواییه به‌ڵام گێڕانه‌وه ڕۆحێکی گه‌ردوونی و جیهانییه ته‌نها مرۆڤ وه‌کوو مرۆڤ خاوه‌نێتی و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیش گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه که له قه‌واره‌ی ژانێره مۆدێڕن و نوێکاندا ده‌رکه‌وته و دره‌وشانه‌وه‌ی ده‌بێت.
بۆ ئێمه‌ی کورد ڕۆمان هه‌میشه گرێدراوه بووه به دۆزهکهمانهوه، دۆزێک که نه‌وه دوای نه‌وه مۆته‌که و دۆڵپاکه‌ی سواری ساقی گه‌ردنی ئه‌م ڕێبواره گه‌ڕاڵ و ئاواره‌یه ده‌بێت و هه‌ناسه‌ی سوار ده‌کات، ڕه‌نگه ئێمه وه‌کوو نه‌وه‌یه‌ک که نه شۆڕشمان ڕاسته‌وخۆ بینی و نه وردوخاشبوونی خه‌ونه‌کانمان هێنده له نێزیکه‌وه دیت و هه‌م کوژانه‌وه و تروسکه‌ی دووباره‌ی هیواکانمان له هه‌ناوماندا ژیانده‌وه، چاوهڕونیمان له ژانێرێکی وه‌کوو ڕۆمان زیاتر گێڕه‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه هه‌نووکه‌ییه ئاڵۆزه‌کانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه و ئه‌و سه‌رلێشێواوییه و هه‌موو ئه‌و “ئه‌رشیڤ”ه ئه‌زموونکراوه فره‌ڕه‌هه‌نده بێت که ئێمه‌ش وه‌کوو مرۆڤ له چوارچێوه‌ی دۆز و هاوکێشه‌یه‌کی هه‌رێمی و ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا گیرمان خواردووه به ده‌ستییه‌وه، به‌ڵام هاوکات ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌که که تاکوو مێژووی شکستی ئه‌و خه‌ونانه و هۆکار و میکانیزمه‌کانی ناوه‌وه‌ی و ئاسۆ پۆڕاو و مومکینه‌کان و هیوا و نائومێدییه‌کان نه‌گێڕینه‌وه، ناتوانین به ئاسانی له ئاسۆیه‌کی به‌رفره و به‌رجه‌وه‌نێکی به‌ریندا بگێڕینه‌وه.
به‌شێکی زۆر له ڕۆمانه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین له باشووری کوردستان په‌رژاونه‌ته سه‌ر شۆڕش و سیاسه‌ت و خه‌باتێک که له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌م ڕۆمانانه به شێوازی جیاواز هه‌ڵگری گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ئامێز له شۆڕش بوون و ئه‌مه‌ش خاڵێکی زۆر دره‌وشاوه و تێپه‌ڕێنه‌ره، چونکه ئه‌ده‌ب به‌شێک له ئه‌رکه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڕه‌خنه له ئاسته جۆراوجۆرهکانێتی تاکوو په‌یوه‌ندییه‌کی بزۆز و پڕ دڵه‌ڕاوکێی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر وه‌کوو نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگایه‌ک به ئاڕاسته گۆڕان و ئالنگاریدا هه‌بێت. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م ڕه‌خنه ئامێزبوونانه که‌متر باسی ئه‌و شکسته‌ی پاش شکۆ کراوه که له یاده‌وه‌ریی زۆرێک له حیکایه‌تبێژه به‌ته‌مه‌نه‌کان و پێشمه‌رگه ئاواره‌کان و کادیره زیزبوو و ده‌رکراوه‌کاندا ده‌یبینینه‌وه و ده‌یبیستینه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م شکسته شکستێکی ته‌واو نییه و هێشتا ترووسکایی هیوا له ده‌لاقه و کڵاوڕۆژنه‌ی دیکه ده‌کرێت بدۆزینه‌وه یان ده‌بێت عه‌وداڵی بین و هه‌ر بۆ ئه‌مه‌شه ده‌گێڕینه‌وه! ڕۆمانی گه‌شتییه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه به‌م ڕوانگه ڕه‌خنه ئامێزه‌وه گێڕه‌ره‌وه‌ی شکسته له ئاسۆیه‌کی مێژوویی دێریندا، شکستێک که هه‌موو پاژ و قاژه‌کانی به‌ئاسانی به بیردا نایه‌ته‌وه، شکستێک که گێڕانه‌وه‌ی تووشی هێدمه و فه‌رامۆشی و پهرتهوازهبێژی کردووه. ڕۆمانه‌که به‌ریه‌ککه‌وتنی دوو جیهانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه له دوو پانتای جیاوازی جوگرافی و ڕه‌مزیدایه. (ڕۆژهه‌ڵات/ڕۆژئاوای گوندێک و ڕۆژهه‌ڵات/ڕۆژئاوای جیهان) به‌رجه‌سته‌که‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزه ڕه‌شه‌ی ناو ناخی من و تۆ و ئێمه‌یه که ده‌که‌وێته گیانی خۆمان، زه‌قکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و سایکۆلۆژییه‌ته سادۆمازۆخیستییهیه که له دواجاردا تێکه‌ڵکردنی گێڕانه‌وه‌کان و لێتێکچوون و فه‌رامۆشی و مه‌رگێکی غه‌مگین و پڕ له ئۆف و جه‌خاری به‌دواوه‌یه، ڕه‌نگه له ڕووی ڕه‌مزییه‌وه پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و دۆڵه‌ی نێوان دوو گوند له‌و پێنج گونده‌ی که گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه‌که باسی ده‌کات و وه‌کوو به‌شێک له پانتایی شوێن تێیدا ڕووداوه‌کان ده‌گێڕدرێته‌وه، له کاتی فیشهکبهرکهوتن و دڵنیابوون له مه‌رگی خۆی جۆره ئۆخژنی و ئیمانێکی میتافیزیکیش برووسکه‌ئاسا به ناو زه‌ین و دڵی بریندار و خوێنبهربوویدا له چوارچێوه‌ی چه‌مکی شه‌هیددا گوزه‌ر بکات.
به‌ڵام بۆ “فه‌قێ گڵناس”ی پاڵه‌وانی ئه‌م ڕۆمانه که له نێوان چه‌ند داڵانی زه‌مانی له جه‌مسه‌ره‌کانی ڕابردوو و ئێسته‌دا ون بووه، مه‌رگ جۆره کپببوونهوه، جۆره دیقکردن و شێوه ژینێکی په‌رت و په‌ڕپووت دوای ساڵانێک له سه‌رکردایه‌تی خه‌ون و پێشه‌نگایه‌تیی هیوا بێت، ئه‌و له‌و شوێنگه‌یه هه‌ڵکه‌وتووه که ده‌بێت ده‌ست بگێڕێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی کۆنترۆڵی ته‌له‌ڤیزیۆنێکی په‌نجا ئینجی که به بێده‌نگی کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی نامۆ و ناسراو له خۆی و بیانییه‌کان وه‌کوو گاڵته‌ی مێژوو له زه‌مه‌ن و نازهمهن بڵاو ده‌کاته‌وه!
“که‌شتییه‌کان ڕۆشتوون یان نه‌ڕۆشتوون؟”
ئه‌م ڕۆمانه له گۆشه‌نیگای زانای گشتییه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، جیهانبینیی گێڕه‌ره‌وه بێگومان به‌ده‌ر نییه له ئه‌زموون و به‌پێی ئه‌وه‌ش یاده‌وه‌ری، ته‌کنیکی گێڕانه‌وه ساده و هێڵێکی ئاسانگیر و ئاشکرایه و به‌شێوه‌ی فلاشبه‌ک و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دوا و ڕابردوو له ئاینده‌یه‌کی شووم و ڕه‌ش که به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له به‌شه جیاوازه‌کانی ڕۆمانه‌که‌دا ده‌ڕواته پێشه‌وه. خودی ناوی ڕۆمانه‌که واته “که‌شتییه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه” هه‌واڵیکی تاسه‌باره له ئاوابوون و جۆرێک له مه‌رگ، مه‌رگیی ڕه‌مزی ئه‌وانه‌ی که به‌دوای ژیاندا سواری که‌شتییه‌کان بوون، به‌ڵام له ڕاستیدا که‌شتی وه‌کوو ڕه‌مز له‌م ڕۆمانه‌دا له جۆر و شیوه‌ی دیکه‌شدا ده‌رکه‌وتووه؛ هه‌ر له شیوازی هه‌ڵکه‌وتنی گوندێکه‌وه تاکوو ئاماژه بۆ وێرانهخاکێکی به‌پیت که نشینگه‌ی که‌شتییه‌کی مێژووییه و به‌هۆی سهراب و بێ ئاوی له سه‌رده‌مێکی تۆزاوی و کۆندا له لمی نه‌ریت و ئاییندا چه‌قیوه. ئه‌گه‌رچی من له‌م جۆره ڕۆمانانه‌دا باوه‌ڕم به کارئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه یه‌کێک له کارئه‌کته‌ره‌کان زیاتر و باشتر له‌وانی دیکه دۆخی گشتیی ده‌نوێنێته‌وه. فه‌قێ گڵناس وه‌کوو منداڵێک دوای ئه‌وه‌ی باوکی چواره‌مین ژن دێنێت (که ئێمه ته‌نها ناوی دوویان و به‌سه‌رهاتی دوویان له ڕۆمانه‌که‌دا ده‌بیستین؛ به‌دریه و غوربه‌ت) و به‌دریه‌ی قهیرهبووک به سه‌ری دایکی ئه‌ودا واته غوربه‌ت هێناوه، جمجوولی ڕۆشتن بۆ “بنی دنیا” ده‌که‌وێته گیانی و له ڕێگه‌ی “به‌خشه‌وه‌ری گالیسکه‌وان”ه‌وه مه‌ودای نیوان پێنج گوند له جوگرافیایه‌کی بێ ڕۆح و گاڵته‌ئامێز و هاوکات کاره‌ساتاوی ده‌بڕێت. به‌خشه‌وه‌ر وه‌کوو چاوساغی مه‌عنه‌وی و ڕێنوێنێکی حه‌کیم که میوه و به‌رووبووم به نێو گونده‌کاندا بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به خۆی و گالیسکه‌که‌یه‌وه دابه‌ش ده‌کات، ئه‌هلی شه‌راب و نان و مه‌زه‌ی سرووشتییه، به شێوه‌ی ڕه‌مزی له‌و پیاوه کۆنه ئه‌فسانه‌ییانه‌یه که ڕێنوێنی فه‌قێ گڵناسه، فه‌قێ گڵناسێک که پاش پرسینی ناوه‌که‌ی له لایه‌ن بهخشهوهرهوه ناوه‌که‌ی خۆی ده‌گۆڕێت به سواره‌ی گڵناس. له ئاستی ناودا فه‌قێ گڵناس له‌و فۆرمه میتافیزیکییه ئایینییه‌ی ناو که له باوکییه‌وه واته مه‌لا کۆتره‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه هه‌ڵدێت و سواربوون و هاوڕێیه‌تی کاتیی له‌گه‌ڵ بهخشهوهی گالیسکه‌وان هه‌ڵده‌بژێرێت.
به‌خشه‌وه‌ر له هه‌مانکادا که ڕینوێنه، نائومێدیشه نه‌بره‌ی ده‌نگی پڕه له جه‌خار و حه‌یف وتن وه‌کوو ده‌ڵێن ئه‌و ته‌نها ڕێگایه‌ک که ده‌شێت به‌ره‌و بنی دنیا بکرێته‌وه، پیشانی سواره‌ی گڵناس ده‌دات. دوای ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش گوێدرێژه‌که به‌ره‌ڵلا ده‌کات و گالیسکه و که‌لوپه‌له‌که‌ی ئاگر ده‌دا و به دیار سووتماکهکهیهوه ده‌مرێت و وه‌ک قه‌قنه‌س ده‌ژێته‌وه و دوای ماوه‌یه‌ک سه‌ر له دۆڵی شۆڕش ده‌رده‌هێنێت، دۆڵێک که به وته‌ی گڵناسی سه‌رکرده‌ی ئێستا “دنیا خۆی له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌کات”، له‌وێدا کتێبه‌کانی ما‌و و… مه‌عریفه‌یه‌کی جیاوازتر له‌وه‌ی مه‌لا کۆتر و ئهنفییهی ئیبینی مالک .ده‌خه‌نه ڕوو، به‌ڵام چاره‌نووسیی ئه‌وان به‌م گۆڕانه مهعریفییهش جگه له هه‌ڵبژاردنی ڕۆژئاوا و ملکه‌چبوون له هه‌مبه‌ری ژه‌نه‌ڕاڵ شۆرتمانی ئه‌مریکی هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێت جگه له حه‌سه‌ره‌ت و جه‌خار و ئۆفی زیاتر، که‌شتییه‌کان نه لێره جووڵاون و ڕۆشتوون و نه له‌وێش که ئه‌وبه‌ری ئاوه‌کان و سه‌ره‌تای جیهانی ڕۆژئاوا واته شاری بێریندزه گه‌ڕانه‌وه، ئه‌وه‌ی دوای چه‌ندین ساڵ له زه‌مه‌نی نادیار له یاده‌وه‌ریی گڵناسدا دوای ئاواره‌یی گه‌ڕایه‌وه ته‌نها مێشکێک به کۆمه‌ڵێک یاده‌وه‌ریی په‌رته‌وازه و زمانێکی لاڵ و چاوێکی بێ ئاماژه بوو، ونبوون گه‌ڕایه‌وه به بێ که‌شتی و هیوا، نه ڕۆژهه‌ڵات و نه ڕۆژئاوا، مه‌رگ و به‌س، تاڵه مه‌رگی. “نیوسهدهی ڕه‌به‌قه، سه‌فه‌ری ڕۆژهه‌ڵات به‌ره‌و ڕۆژئاوا گوڕێکی بیوێنهی به‌خۆیه‌وه بینیوه، که‌چی که‌سیان ناگه‌نه ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا ئه‌و خه‌ونه‌یه به‌م سه‌فه‌رانه نایه‌ته دی.”ل 155
“شوێن”
شوێن ڕووبه‌رێکی به‌رفراوانی هه‌یه له ڕۆمانه‌که‌دا، هه‌م ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای گونده‌که‌ی فه‌قێ گڵناس ده‌گرێته به‌ر، هه‌م ڕؤژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی زه‌وی، که له هه‌ر کام له‌م ڕێگه و جه‌مسه‌رانه‌دا جگه له شکست هیچ ده‌رئه‌نجامێک چاوه‌ڕوانی ناکات، ئه‌مه‌ش جۆرێک که‌شی قه‌ده‌رییانه و بان سرووشتی به‌سه‌ر ڕووداوه‌کاندا زاڵ ده‌کات، بۆ نه‌یکات کاتێک هه‌ر له لای مه‌لا کۆتره‌وه تاکوو گونده‌کانی سه‌ره‌ڕێ که سه‌رۆکی ته‌مه‌ڵه‌کان و سه‌رۆکی جه‌مه‌دانی و گوندی فاسۆلیاخۆرهکان و گوندی خهوبردوو و ته‌نانه‌ت گوندی خهوبینیش هه‌مان ئه‌و مه‌عریفه و میتافیزیکهیان پێڕه‌وییان ده‌کرد، که مه‌لا کۆتری باوکی لێیه‌وه هه‌ڵقوڵابوو، ڕه‌نگه زانای گشتیی گێڕه‌ره‌وه له بانگهێشتکردنه‌وه‌ی تارمایی فه‌قێ گڵناس پاش ڕۆشتنی که دوو جار له به‌رده‌م غوربه‌تی دایکی به گۆپاڵه‌که‌ی مه‌لا کۆتره‌وه ده‌رده‌که‌وێت و جارێکیش به چه‌ک و ڕه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تییه (که سێ جار دووپات ده‌بێته‌وه) له هه‌مبه‌ر مه‌لا کۆتری باوکی بمانخاته‌وه بیری شێکسپیه‌ر و ئه‌و وێنه‌یه‌ی که هاملێت له تارمایی باوکی هاته پێش چاوی و تاوان و غه‌درێکی ئاشکرا کرد، به‌ڵام لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز و له کۆنتێکستێکی دیکه‌دا گڵناس جاری یه‌که‌م به گۆپاڵه‌که‌ی باوکییه‌وه دێت و ده‌ڕوات، جاری دووه‌م دێت و گۆپاڵه‌که جێ ده‌هێڵێت و غوربه‌تی دایکی هه‌ڵیده‌گرێت و ده‌یخاته ژووره‌که‌ی مه‌لا کۆتره‌وه، ڕه‌نگه ئه‌م دووجاره‌ی گۆپاڵ وه‌کوو ئاماژه و ڕه‌مزێک بۆ بابه‌تی پیاوێتی و باڵقبوون و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و گرێ ئۆدیپییه یان دیهاوێژیکردنی ئه‌و گرێ ئۆدیپییه بێت که گڵناسی دواتر له قه‌واره‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کدا سی جار هێناوه‌ته به‌ر چاوی مه‌لا کۆتر.
ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش بووبێت که پاش دانانی گۆپاڵه‌که له لایه‌ن گڵناسهوه دایکی ده‌چێته خه‌وێکه‌وه و ئیتر هه‌ڵناسێته‌وه و ده‌بێت به هه‌ڵمێکی گوڵاوی، ماوه‌یه‌ک دوای ئه‌وه‌ش مه‌لا کۆتر ده‌چێته خه‌وێکه‌وه و ئیتر هه‌ڵناسێته‌وه، شوێن به مانای ڕووبه‌رێکی مه‌جازی و جیهانی خه‌ونیش یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌یه که له سه‌ر شوێن و ڕووداوه‌کانی شوێن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعی ناو ڕۆمانکه کاریگه‌ریی داده‌نێت، به‌ڵام ڕووبه‌رێکی زه‌ق و هاوکات به‌رته‌سکی شوێن گونده‌کانن و له پاڵ ئه‌م گوندانه‌ش دۆڵی شۆڕش وه‌کوو چه‌ق و ناوه‌ندێک له شوێن تا ماوه‌یه‌ک جمه‌ی دێت. له نێوان ئه‌و پێنج گونده‌دا که ڕووبه‌رێکی به‌رینی شوێن له ڕۆمانه‌که‌دا داگیر ده‌که‌ن، ئه‌و دۆڵه که مه‌کۆی شۆڕش و تاقه ترووسکه‌ی ڕزگارییه له نێوان هاڵاو و خه‌رمانه‌ی میتافیزیای سووک و چرووکی گونده‌کان له لایه‌ک و خه‌ونی نه‌وتیانه‌ی سه‌رمایه‌دارانه‌ش له لایه‌کی دیکه ورده ورده ده‌پووکێته‌وه و هات و هاواره‌کانی به‌خشه‌وه‌ری گالیسکه‌وان و مه‌لا ته‌یفووری خه‌ونبین بۆ دروسکتردنی شه‌راب له ڕه‌زه خۆماڵی و زۆر و زه‌به‌نده‌کانی خۆیان/خۆمان وه‌ڵامه‌که‌ی جگه له “ئێمه نه‌وتمان هه‌یه” نه‌بوو، له دۆڵی شۆڕشدا دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ک له یه‌ک کانگاوه ده‌وه‌ستن و هه‌ر دوو جه‌مسه‌ره‌که‌ش به هه‌ر هیوایه‌که‌وه که هه‌یانه شکست دێنن، هه‌م گڵناسی سه‌رکرده واز له بیست چه‌کداری ناهێنێت بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ڕه‌ز و دروستکردنی باشترین شه‌راب له ڕۆژهه‌ڵات و نه‌وت ده‌کات به دوا ئامانج و پاشه‌ڕۆژ و هه‌میش مه‌لا ته‌یفوور خه‌ڵکانی ئاواره‌ی که‌مپ و کونه‌ته‌یاره و سه‌ر گوفهکهکانی پێ ڕازی ناکرێت که بێن شه‌راب وه‌کوو ڕه‌مزی ژیان و سه‌رخۆشی و دیۆنیزیۆسێکی خۆجێیی به‌رهه‌م بهێینن! دواجار هه‌ر ئه‌م خه‌ونه که تاقه خاڵی دره‌وشاوه‌ی کورده‌کان له سۆنگه‌ی ژه‌نه‌ڕال شۆرماتنی ئهرمیکییهوه بوو له سه‌کۆی نیۆیۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست‌دا وا له ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی جوعهی قه‌مبووری ده‌سه‌ڵاتدار (کوودهتاکهر به سه‌ر سه‌رۆک جه‌مه‌دانی و سه‌رۆک قه‌مبووری ئێسته) ده‌کات به ناوی خوا و ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه مه‌لا ته‌یفوور و ڕه‌ز و پاوانه‌که‌ی گڕ تێبه‌ربده‌ن و بیکه‌ن به سووتماک بۆ مێژوویه‌کی خواروخێچ و بێ ڕۆح، شوێن له‌م ڕۆمانه‌دا هاوکات که واقیعه ڕه‌مز و ڕوونکه‌ره‌وه‌یه بۆ پێکهاتێکی گشتیی که له سایکۆلۆژی و مه‌عریفه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و جوگرافیایه‌دا هه‌یه.
“کات”
کات وه‌کوو “شیرکۆ بێکه‌س”ی ڕه‌وانشاد ئه‌ڵێت له‌م ڕۆمانه‌دا “کووللهیه، چاوی کێڵگه و چرا ئه‌خوات”، ئه‌گه‌رچی هه‌ر وه‌کوو شوێن کاتیش جه‌مسه‌رێکی دیاریکراو و ڕاوه‌ستاوی نییه و له نێوان ڕابردوو و ئێسته، ڕابردووی دوور و ئێسته‌ی گوماناوی، ڕابردووی فه‌رامۆشکراو و ئێسته مردوودا سه‌رلێشیواوه، به‌ڵام به پێی هه‌ندێ ئاماژه کاره‌ساتی ئه‌نفال له پاش کۆچی گڵناس بۆ ڕۆژئاوا به سوار ئه‌و که‌شتییه‌ی که پڕه له په‌نابه‌ری جۆراوجۆری سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر جێبه‌جێ کراوه، واته کاتێک بووه که هێشتا ئه‌نفال ڕووی نه‌داوه و ئێمه له زاری زانای گشتی زانه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی 159دا ده‌خوێنینه‌وه:-
“گڵناس هه‌رگیز ئه‌وه‌ی به خه‌یاڵدا نه‌هات که بیست و شه‌ش ساڵی دیکه، نه‌وه‌ی ئه‌م کڵاولهسهرانه جارێکی دیکه شاره‌که‌ی ئابڵۆقه ده‌ده‌ن و ئه‌نفالێکی دیکه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ڕه‌نگه خودی ئه‌م کڵاو له‌سه‌رانه نه‌بن، ڕه‌نگه، به‌ڵام نه‌وه‌کانیان…”
ئه‌نفال له‌م ڕۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی په‌راوێز و گشتی باسی کراوه، ورده‌کاریی تێدا نییه و زیاتر میتافۆڕێکه بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر له 1988ی ئه‌نفاله به‌دناوه‌که‌ی به‌عس دژی کورد! ئه‌نفال وه‌کوو جه‌مسه‌ری کات و زه‌مه‌ن داڵانێکی زه‌مه‌نیی دێرینه به‌ره‌و کاره‌سات و ژانه‌کانی کورد! له ڕێگه‌ی ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ی زه‌مه‌ن “ئه‌نفال” و ئه‌و گوزاره خه‌به‌رییه ڕه‌هه‌ندی ڕه‌خنه‌ئامێز له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه دژی میتافیزیکی ئایینی و به دیاریکراوی ئیسلامی ده‌بینینه‌وه و زه‌مینه‌سازیی بۆ تێرامان له‌و شکسته گه‌وره‌یه‌یه که کورد قووڵتر و به جیاوازییه‌کی گه‌وره و له سه‌رووی هه‌موو په‌نابه‌رانی ناو ئه‌و پاپۆڕه به‌ره‌و ده‌روازه‌کانی ئه‌ورووپا ئه‌زموونی ده‌کات، به‌ڵام جیاوازییه گه‌وره‌که له چی دایه؟ ئه‌وان ڕووگه و ڕێگه‌یان ڕوونه (کڵاولهسهرهکه بۆ بنکه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئایینی ده‌چێت/کچه ئیرانییه‌که بۆ ئۆتاوا و فه‌قێ گڵناس بۆ کوێ؟) کورد ته‌نانه‌ت دواتریش به بیری نایه‌ت چی به‌سه‌رهاتووه تاکوو بیگێڕێته‌وه، لێره‌دا گێڕانه‌وه شکست ناهێنێت به‌ڵکوو شکست ده‌گێڕێته‌وه، فه‌رامۆشیی ده‌گێڕێته‌وه به له‌تر و سهرنگرێوه.
“نه‌ته‌وه و کولتووره جیاوازه‌کان له که‌شتییه‌ک که ناگه‌ڕێته‌وه؟”
له دیمه‌نێکی ئاواره‌بوون و سهرههڵگرتندا له ناو که‌شتییه‌که سێ بزوێن و بکه‌ر هه‌ر کام به شێوه‌یه‌ک خۆ ده‌نوێنن و نوێنه‌ری سێ دۆخ و گوتاری مێژوویین: کڵاولهسهرهکه، کچه ئێرانییه‌که و گڵناسی متهقلێبڕاو، گوتاری ئومه‌ت: “سپێده‌ی ڕۆژی دوایی، کڵاولهسهره ڕیشدرێژهکه وه‌ک بڵێی ئیدی له‌سه‌ر ئه‌و پانتاییه چه‌ند سه‌د مه‌تره ڕاهاتبێ و پێداگریی ده‌کرد که ئه‌م سه‌فه‌ره ده‌بێته سه‌فه‌ری خه‌ڵاس بۆ ئه‌م ئوممه‌ته. ڕووی کرده ده‌سته بچووکه‌که و به ده‌نگێکی دلێرانه پێیانی گوت: ئێمه له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ی نازدارین، ئه‌مه هیجره‌تی سه‌رده‌می نوێیه، ده‌گه‌ڕێینه‌وه، سه‌رفرازانه ده‌گه‌ڕێینه‌وه!”ل160 گوتار یان بێگوتاریی کورد: “گڵناس له دووره‌وه سه‌یری ده‌کرد و ئه‌و ده‌مه‌ی هاته‌وه یاد که به هه‌مان حه‌ماسه‌وه قسه‌ی بۆ گوندییه‌کان ده‌کرد. نه‌یویست لێیان نزیک بێته‌وه، به‌ڵام سه‌رنجیانی ده‌دا.”ل160 گوتاری ژنی ئێرانی: “کچێکی ئێرانی، ته‌مه‌نی هه‌ر بیست ساڵێک ده‌بوو، به ته‌نیا سه‌فه‌ری ده‌کرد، هێشتا سه‌رپۆشه‌که‌ی فڕێ نه‌دابوو، فرمێسک به چاوانی هۆڕ هۆڕ ده‌هاته خواره‌وه، کاتێک ئێواره‌ی ڕۆژی دوایی مۆسیقای زۆربا لێ درایه‌وه، ده‌ستی به سه‌مایه‌کی نه‌رم کرد، شتێک بوو له نێوان سه‌مای مازه‌نده‌رانی و سه‌مای زۆربا که دوێنێ ئێواره له سووچێکه‌وه چاوی لێ بڕیبوو و شتێکی لێ فێربووبوو. وه‌کوو په‌پووله پاییزانه وابوو، له‌سه‌ر پێیه نه‌رمه‌کانی، له‌سه‌ر پشتی که‌شتییه‌که ده‌جووڵایه‌وه و هه‌ندێک جار له ناوه‌ند که‌شتییه‌که ته‌واو ده‌سته‌کانی بۆ ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه و له‌شه ناسکه‌که‌ی با ده‌دا.”ل161
ئه‌م سێیه نوێنه‌ری سێ گوتار یان با بڵێین سێ دۆخی جیاوازی ڕۆژهه‌ڵاتن. یه‌که‌مین کڵاو له سه‌ره‌که‌یه که نوێنه‌رایه‌تیی چه‌مکی ئومه‌تی ئیسلام ده‌کا و ئامانجی هه‌یه له ڕۆشتن بۆ ڕۆژئاوا: نه‌هێشتی کوفر و فه‌ساد و بێ ئه‌خلاقی و به‌رقه‌رارکردنی ئایینی ئیسلام. دووهه‌میان کچه‌ی ئێرانییه که به شێوه‌ی ڕه‌مزی دژی به‌ها سه‌پێنراوه‌کانی ئیسلام ده‌وه‌ستێت و له فۆرمی سه‌ماکردندا به‌هاکان ده‌داته ده‌م با، لێره کڵاوله‌سه‌ر وه‌کوو نوێنه‌ری گوتاری ئومه‌تی ئیسلام دژی ئه‌م به‌وته‌ی خۆی گوتاری “قونبادانهی دێڵهڕهشه” قسه ده‌کات، موسڵمانێکی خه‌مۆکی کزکردوو له خه‌یاڵی خۆیدا له سووچێکی که‌شتییه‌که به چه‌قۆیه‌که‌وه ده‌یکووژێت، به‌ڵام کچه خه‌ونی ئۆتاوایه و ده‌چیت بۆ ئه‌وێ، به‌ر یه‌ککه‌وتنی ئه‌م دوو گووتاره خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی مانه‌وه و له‌یادنه‌کردن و فهرامۆشنهبوونه، به پێچه‌وانه‌ی گوتاری کورد که گڵناس نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کات، وه‌کوو شتێک ده‌ڕوانێته ڕابردوو که ڕابردوو نه‌بووه و هیچ خه‌ون و ئاسۆیهکیشی بۆ داهاتوو نییه و له ئێسته‌شدا حه‌په‌ساو و نغرۆی پنتێکی نادیاره، بۆیه به‌م ته‌ون و چنینه دۆخی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که زیاتر له قوربانی و داماوێک ده‌چیت، نه ده‌زانێت ڕابردووی چییه، نه ئێسته‌ی ڕزگاربووه له ته‌ونه‌کانی ڕابردوویه‌کی نه‌زانراو و نه داهاتووشی هه‌یه، ئه‌وه‌ی هه‌یه زه‌مه‌نێکی با تێدا هه‌ڵکردووه له ناو شاشه‌یه‌کی په‌نجا ئینجیدا که هه‌موو شتێک ده‌نوێنێته‌وه جگه له‌و خه‌نانه‌ی که سه‌رده‌مێک ئه‌م هه‌یبوون و ئێسته نازانێت کامه‌نه‌ن، له ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵیک وڵات و نه‌ته‌وه‌وه که به بێده‌نگیی باسی هیچ ده‌که‌ن، بنی دونیا له‌وه قووڵتر بوو به که‌شتیی بیگاتێ! بنی دونیا له‌وه کهشتیتر بوو به قووڵی بیگاتێ، که‌شتییه‌کان دێن، که‌شتییه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه، که‌شتییه‌کان به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆن؟
“کۆتایی”
له باسکردنی ڕۆمانێکدا ئێمه له ڕاستیدا باسی قۆناغێکی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر جار دۆخێکی سایکۆلۆژی ده‌که‌ین که له فۆرمی گێڕانه‌وه‌دا خراوه‌ته ڕوو واته زۆر ئاڵۆزتره له‌وه‌ی ئێمه له وتارێکی کۆمه‌ڵناسانه یان ڕاپۆرتێکی هه‌واڵگری یان ته‌نانه‌ت گوزارشتی کابینه‌ی وه‌زیراندا ده‌یبینین و ده‌یخوێنینه‌وه و، ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌راورد ناکرێن، بۆیه کاتێک به من ده‌ڵین له چوار لاپه‌ڕه‌دا له‌باره‌ی فڵان ڕۆمان شتێک بنووسه وه‌کوو ئه‌وه وایه پیم بڵێن له خوله‌کێکدا باسی مرۆڤبوون و ئاڵۆزییه‌کانی بکه، بۆیه ده‌ڵێم ده‌کرێت هه‌موو به‌رهه‌مێک له سۆنگه‌ی دیکه و له گۆشه‌نیگای دیکه‌وه بنووسرێته‌وه واته بخوینرێته‌وه، ههڵوهشینرێتهوه، لێی بدریت و ڕۆ بنرێته‌وه و به‌رده‌وام ئه‌م ئه‌گه‌ره کراوه‌یه له به‌رده‌م بوون و مێژووی مرۆڤدا که ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه، زۆر بزۆز و سه‌رکێشانه نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن. لێره‌دا بۆ کرانه‌وه‌ی زیاتری ئه‌گه‌ری خویندنه‌وه و ڕه‌هه‌ندی دیکه چه‌ند ڕسته و په‌ره‌گرافی گرینگ و تهئولیههڵگر دێنمه‌وه و نوخته سه‌ری دێڕ.
ل 84: “له به‌شی کات و دابه‌شکردنی کاتیش‌دا، باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که زۆربه‌یان سه‌عاتیان له‌ده‌سته، پیرهمێردهکانیان، وه‌ک له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌می لای خۆمان، سه‌عاته‌که ده‌به‌ستنه‌وه به زریزهیهک و له گیرفانیان دای ده‌نێن. به‌ڵام دوو سه‌عات نادۆزیته‌وه که ئاماژه بۆ یه‌ک کات بکه‌ن. که‌سیش نایه‌وێ سه‌عاتی خۆی به درۆ بخاته‌وه و له سه‌ر سه‌عاتی ئه‌وه‌ی دیکه دای بنێته‌وه، چونکه لای وایه له به‌های سه‌عاته‌که‌ی که‌م ده‌کاته‌وه، بۆیه له زۆرر ڕووه‌وه وڕکنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانگی مزگه‌وته‌کانیان به سه‌عاتی عه‌ره‌بییه، له‌گه‌ڵ سه‌عاته‌که‌ی سه‌ر مه‌چه‌کیان یه‌ک ناگرێته‌وه”
ئه‌مه ڕوانینی یهلهی ڕۆژنامه‌وان له سه‌ر شێوه‌ژیانی گوندی سێیه‌م بوو، یهلهی هۆڵه‌ندی هه‌موو ئه‌مانه ده‌کاته کتێبێک و له شاری دانهاخ چاپ و بڵاوی ده‌کاته‌وه و دواتر به زمانه‌کانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزیش وه‌رده‌گێڕدرێت. گوزارشت و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی له زمانی گێڕه‌وه‌وه و زانای گشتییه‌وه، له زاری به‌خشه‌وه‌ری گالیسکهوانهوه ل 93: “ده‌یزانی ئه‌م کوڕیژکهیه چۆن ده‌که‌وێته باوه‌شی شۆڕشه‌وه و دواجاریش چۆن وه‌کوو نێچیرێکی بریندار ده‌که‌وێت. له‌ناو مێشکی ئه‌م دواڕستهیه ده‌نگی ده‌دایه‌وه” ده‌مه‌وێ داهاتوو بکه‌م به هیی خۆم!” سه‌یرێکی گڵناسی کرد، ئاره‌زووی ده‌کرد به چنگه هه‌راشه‌که‌ی یه‌خه‌ی بگرێت و له سه‌ر کوشنی گالیسکه‌که به‌رزی بکاته‌وه و پێی بڵێ: قوڕمساغ، ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته ئایینده و ماییندهی نییه!” ئه‌گه‌رچی ئه‌م پاژه یه‌کێک له ئاماژه ڕوونه‌کانه بۆ کات و جه‌مسه‌ره‌کانی به‌ڵام نموونه‌ی وا به نیسبه‌ت ڕابردووشه‌وه هه‌ن بۆیه ده‌کرێت بڵێێن ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته ڕابردوو و مابروودوششی نییه؟! ئه‌گه‌رچی من دڵنیام مابردووی زۆره. ل 63: “منداڵێک کۆلاره‌یه‌کی پێ بوو وینه‌ی ئیبراهیم باڵداری له‌سه‌ر بوو غاری ده‌دا…” ل117: “به‌ڵام ڕه‌عنا و مه‌لا ته‌یفوور هه‌موو شه‌وێک یه‌کتریان ده‌بینییه‌وه، هه‌موو به‌یانییه‌ک دوو ده‌ستنوێژی ده‌شۆرد، یه‌که‌میان بۆ ئه‌وه‌ی نوێژی به‌یانی بکات، ده‌ستنوێژی دووهه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی گوێ بۆ خهونکانی ڕه‌عنا ڕاگرێ.” ل 140: “گوتی: ئێمه به گوێ ده‌ست پێ ده‌که‌ین، به‌ڵام لێره ڕاناوه‌ستین، به‌ڵکوو دواجار لووت ده‌بڕین، خاینی گه‌وره نه‌کوژرێ باشتره به‌ڵکوو ببێ به عێبره‌ت.”
ل181: “که‌مانه‌که‌ی له کونی بۆرییه ژهنگنهکه نزیک ده‌کرده‌وه و ده‌نگه‌که به‌ناو بۆرییه به‌تاڵه‌که لێژ ده‌بووه‌وه و ده‌نگی ده‌دایه‌وه. ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر شه‌ش کون لهمبۆرییه زلانه بکرێت، ده‌بن به فلووتی یه‌زدانی! ئینجا ده‌بێ به ئۆرکێسترا. ناونیشانی بۆ هه‌ر ژه‌نینێک دانابوو، هه‌ر هه‌مووشی به “سه‌مفۆنیای نه‌وت” ناو ده‌برد.”
سه‌رچاوه: که‌شتییه‌کان ناگه‌ڕینه‌وه، ناوه‌ندی ئه‌ندێشه، چاپی یه‌که‌م، 2020