کە منداڵ بووم، باوکم بۆ پیاسە دەیبردم، بە زۆری بە قەراخ ڕووبار یان زەریادا دەڕۆیشتین. بە لای خەڵکانێکدا تێ دەپەڕین کە خەریکی ڕاوهماسی بوون، زۆر جار دەمانبینین ئەو داوانەیان هەڵدەکردەوە کە بە کۆتاییەکەیانەوە ماسییەک خۆی ڕادەپسکاند. جارێکیان بینیم پیاوێک ماسییەکی بچووکی لە سەتڵێک دەرهێنا و بە زیندوویی کردی بە قولاپێکدا، تا وەک چەشە بەکاری بهێنێت. جارێکی دیکە ڕێمان کەوتە چۆمێکی هێمن، پیاوێکم بینی دانیشتبوو و سەیری داوەکەی دەکرد، بە ڕواڵەت گەلەک ئارام بوو، لە کاتێکدا لە تەنیشتیەوە ئەو ماسییانەی گرتبوونی، لەتاو هەناسەبڕان، لە هەوادا هەڵدەبەزینەوە. باوکم پێی وتم سەر دەرناکات لەوەی چۆن کەسێک بە دەرهێنانی ماسی لە ئاودا و دانانیان تا لەسەرخۆ بمرن، چێژ لە دوانیوەڕۆکەی وەردەگرێت.
کاتێک «خراپترین ئەو شتانەی لە زەریادا ڕوو دەدەن: خۆشگوزەرانیی ئەو ماسییانەی ڕاو دەکرێن»م خوێندەوە، کە ڕاپۆرتێکی پڕبایەخ بوو و مانگی ڕابوردوو لە ماڵپەڕی fishcount.org.uk بڵاو کرایەوە، ئەم بەسەرهاتانەی منداڵیمم بیر هاتنەوە. لە زۆربەی دونیادا ئەوە قبووڵ کراوە کە ئەگەر ئاژەڵێک بۆ خواردن بکوژرێت، پێویستە بەبێ ئازار بمرێنرێت. بەگوێرەی ڕێساکانی سەربڕین، پێویستە ئاژەڵان بەر لە سەربڕینیان بێهۆش بکرێن، یان پێویستە دەمودەست بکوژرێن، یانژی لە حاڵەتی قوربانیکردن و ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا، تا ئەو جێیەی فێرکارییە ئاینییەکان ڕێ دەدەن، پێویستە خێرا بێت. وەلێ هەموو ئەمانە بەسەر ماسییەکاندا جێبەجێ ناکرێن. هیچ مەرجێکی مرۆیی لە کوشتنی ئەو ماسییانەی لە زەریادا ڕاو دەکرێن، ڕەچاو ناکرێت؛ هەمان شت بۆ زۆربەی ماسیگەکان ڕاستە. ئەو ماسییانەی بە تۆڕ لە لایەن تراولەرەکانەوە ڕاو دەکرێن، فڕێ دەدرێنە سەر ڕووی کەشتییەکە و دەخنکێن. لەقولاپدانی ماسییەکان بە زیندوویی تا وەک چەشە بەکار بهێنرێن، کردەیەکی بازرگانییانەی باو و ئاساییە: بۆ نموونە، لە ماسیگرتن بە داوی درێژدا ، سەدان و بگرە هەزاران قولاپ لە داوێک دەدرێن کە درێژییەکەی لە نیوان ٥٠ بۆ ١٠٠ مەتر دەبێت، کاتێک ماسییەکان چەشەکە دەگرن، بۆ چەندان کاتژمێر پێوەی گیر دەبن بەر لەوەی ماسیگرەکان داوەکە بکێشنەوە.
بە هەمان شێوە، ڕاوەماسیی بازرگانی بە زۆری پشت بە دیوارەتۆڕ دەبەستێت – کە دیوارگەلێکن لە تۆڕی ورد و ماسییەکانی لێ گیر دەبن، زیاتریش بە کەوانە ڕیشووەدارەکانیانەوە، ئەم ماسییانە ڕەنگە بە تۆڕەکەوە بخنکێن، چونکە کەوانە ڕیشووەدارەکانیان بەرتەسک دەبێتەوە و ناتوانن هەناسە بدەن، ئەگەریش نەخنکێن، چەندین کاتژمێر بە تۆڕەکەوە دەمێننەوە تا لە کۆتاییدا بۆ نێو کەشتییەکە ڕادەکێشرێن. هەرچۆنێک بێت، سەرنجڕاکێشترین ئاشکراکردن لە ڕاپۆرتەکەدا، ئەو ژمارە سەرسووڕهێنەرەی ماسییە کە مرۆڤ بەم شێوازانە دەیانمرێنێت. بە بەکارهێنانی تۆنە ڕاپۆرتکراوەکانی جۆرە جیاوازەکانی ماسییە ڕاوکراوەکان و دابەشکردنی بەسەر تێکڕای کێشی خەمڵێنراو بۆ هەر جۆرێک، ئەلیسۆن موود (Alison Mood)، نووسەری ڕاپۆرتەکە، ژمارەیەکی دەرهێناوە کە ڕەنگە یەکەم خەمڵاندنی سیستماتیکییانەی قەبارەی ساڵانەی ڕاوکردنی ماسیی زەریا بێت. بە حیساباتەکەی وی، لە سنووری یەک تریلیۆندایە، هەرچەندە دەشێت بگات بە ٢,٧ تریلیۆن.
بۆ ئەوەی ئەمە بخەینە ڕوانگەیەکەوە، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات ساڵانە ٦٠ ملیار ئاژەڵ بۆ خواردنی مرۆڤ بکوژرێن – کە یەکسانە بە نزیکەی نۆ ئاژەڵ بۆ هەر مرۆڤێک لە سەر هەسارەکە. ئەگەر لایهنی کەمی خەمڵاندنەکەی موود، واتە یەک تریلیۆنەکە وەربگرین، ئەوا ژمارەکە بۆ ماسییەکان دەکاتە ١٥٠ ماسی بۆ کەسێک. هەڵبەت ئەمە ئەو چەندین ملیار ماسییە ناگرێتەوە کە بە نایاسایی ڕاو دەکرێن، یان ئەو نەویستراوانەی وا بە هەڵە بە تۆڕەوە دەبن و تووڕ هەڵدەدرێن، یانژی ئەوانەی لە قولاپ دەدرێن و وەک چەشە بەکار دەهێنرێن. ڕاستییەکەی، زۆرێک لەم ماسییانە ناڕاستەوخۆ بەکار دەهێنرێن – ورد دەکرێن و دەدرێن بە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک و ماسیگەکان. کێڵگەیەکی ئاسایی سەلەموون بۆ هەر کیلۆگرامێک سەلەموون کە بەرهەمی دەهێنێت، ٣-٤ کیلۆگرام ماسیی دەوێت.
با گریمانەی ئەوە بکەین ڕاوەماسی بەم ڕادە زۆرە کاریگەریی خراپی نابێت، هەرچەندە بە دڵنیاییەوە وانییە. ئەوکات بڕوابوون بە بێبایەخیی کوشتنی ماسی بەم ڕێژە سامناکە بە پاساوی ئەوەی هەست بە ئازار ناکەن، دڵنەوایی پێ دەداین. بەڵام چونیەکیی سیستەمی دەماریی ماسییەکان و سیستەمی دەماریی باڵندە و شیردەرەکان لە ئاستێکدایە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ماسییەکانیش وەک ئەوان هەست بە ئازار دەکەن. کاتێک ماسییەکان هەمان ئەو ئەزموونانە دەکەن کە دەبن بە هۆی ئازاری جەستەیی ئاژەڵەکانی دیکە، بە شێوەیەک ڕەوتار دەکەن کە ئاماژەیە بۆ هەستکردنیان بە ئازار و گۆڕانکاری لە ڕەوتاریاندا ڕەنگە چەند کاتژمێرێک بخایەنێت (ئەوە ئەفسانەیە کە ماسی یادەوەریی کورتی هەیە.) ماسییەکان فێر دەبن خۆیان لە ئەزموونە ناخۆشەکانی وەک تەزووی کارەبا بە دوور بگرن، هەروەتر، دەرمانە ئازارشکێنەکان نیشانەکانی ئازاریان لەسەر کەم دەکەنەوە.
ڤیکتۆریا برایتوایت (Victoria Braithwaite)، مامۆستای ماسی و بایۆلۆجیا لە زانکۆی ویلایەتی پهنسیلڤانیا، ڕەنگە لە هەموو زاناکانی دیـــکە زیاتر بە لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتەوە ســــــەرقاڵ بووبێت. کتێبەکــەی ئــــــــــــەم دواییەی (Do Fish Feel Pain?) دەری دەخات ماسییەکان نەک تەنها هەست بە ئازار دەکەن، بەڵکو زۆر زیرەکترن لەوەی زۆربەی خەڵک ئەندێشەی دەکەن. ساڵی ڕابوردوو پانێڵێکی زانستی لە یەکێتیی ئەورووپا ئەنجامگیریی ئەوەی کرد زۆربەی بەڵگەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ماسییەکان هەست بە ئازار دەکەن. بۆچی ماسییەکان قوربانییە لەبیرکراوەکانی سەر خوانەکانمانن؟ ئاخۆ لەبەر ئەوەیە خوێنیان ساردە و بە پوولەکە داپۆشراون؟ ئاخۆ لەبەر ئەوەیە ناتوانن بە هاوارکردن گوزارشت لە ئازارەکانیان بکەن؟ هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، ئێستا بەڵگەکان پێمان دەڵێن ڕاوەماسیی بازرگانی، ماسییەکان تووشی بڕێکی ئەندێشەنەکراوی ئازار دەکات. پێویستە فێر بین چۆن ماسییەکان مرۆییانە بگرین و بکوژین – یان ئەگەر ئەمە نەتوانرا، ئەڵتەرناتیڤێکی کەمتر توندوتیژ و زیاتر گونجاو لەتەک ژینگەدا بۆ خواردنیان بدۆزینەوە.
سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش