لەبەرامبەر قڕکردنى جووەکان لەسەر وەختى جەنگى جیهانى دووەمدا، ئەڵمانیا لەماوەى دوازدە ساڵدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرەبووى بەخشیە دەوڵەتى ئیسرائیل، لەسایەى ئەو قەرەبووەوە، ئیسرائیل توانى ژێرخانێکی پیشەسازى هێندە بەهێز دروست بکات، کە کەرەستەی سەربازی دروستبکات و هەناردەى وڵاتانى بکات، لەکاتێکدا دەوڵەتەکەیان تازە یەکەمین دەیەى تەمەنى بەڕێکردبوو. ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە سودى تەنها بۆ ئیسرائیل نەبوو، بەڵکو لە بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنەدا ئەڵمانیای ڕۆژئاوا لە ساڵی (١٩٥٥) وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانى پێدانرا و بە ئەندامى “ناتۆ”ش قبوڵکرا، دوو ساڵ دواتریش بووە ئەندامى کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپا.
“لە نکوڵیکردنەوە بۆ دانپێدانان”
لە سەروبەندى جەنگى جیهانى دووەمدا (1939 – 1945)، دەسەڵاتدارانى ئەڵمانیا هەڵمەتى قڕکردنى جووەکانیان ئەنجامدا کە دواتر بە هۆڵۆکۆست ناسرا. لە (1948) جوەکان دەوڵەتى ئیسرائیلیان راگەیاند. لە ئەیلوولی (١٩٥٢) ڕێککەوتنامەی لۆکسمبۆرگ بۆ قەرەبووکردنەوە لەنێوان ئەڵمانیا و ئیسرائیلدا واژۆکرا. لەدواى ئەو ڕێککەوتنەوە، ڕەخنەگرتن لە هۆلۆکۆست لە سیاسەتی ئەڵمانیادا بوو بە تابۆ. بیرۆکەی قەرەبووکردنەوەی جووەکان لە کۆنفرانسی جیهانی جوەکان خرایەڕوو، کە لە تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٤٤) لە نیویۆرک بەڕێوەچوو. بۆ ئەو مەبەستە “حاییم وایزمان”ى سەرۆکی ڕێکخراوی زایۆنیستی، یاداشتێکی بۆ وڵاتانی سەرکەوتوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا نارد، کە تیایدا ئەو زیانە مادییانەی بەسەر جولەکەکاندا هاتبوو، بە نزیکەی دوو ملیار جونەیهى ئیستەرلینى خەمڵاندبوو. بەڵام هەریەکە لە ئەڵمانیا و ئەمەریکا ڕەتیانکردەوە، بەپاساوى ئەوەى داواکارییەکە بنەمای ڕاستی و یاسایی نییە.
لەکاتى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنی کاربەدەستانى باڵاى نازى لە (٢٠/ تشرینی یەکەم/ ١٩٤٥)، کە بە دادگاى نۆرنبێرگ ناسراوە، جارێکی دیکە وایزمان پرسی قەرەبووکردنەوەى وروژاندەوە، بەڵام بە هەمان هۆکاری پێشوو داواکارییەکەی ڕەتکرایەوە. لەدواى تەواوبوونى جەنگەکە، دکتۆر کۆنراد ئەدیناوێر بووە ڕاوێژکار “سەرۆک وەزیر”ی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، کە لە سەردەمی کۆماری ڤایمارەوە (١٩١٨-١٩٣٣)، پەیوەندییەکى نزیکی لەگەڵ زۆرێک لە جووەکانی شاری کۆڵن هەبوو، هەروەها درکى بەو ڕاستیە کردبوو کە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ حکومەتەکەی و بۆ ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بەگشتی، ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ جولەکەکان و لەگەڵ ئیسرائیل کلیلێکی گرنگە. سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی ناو بۆندستاگ (پارلەمانى ئەڵمانیا)، لەم بابەتەدا هاوڕاى ئەدیناوێر بوون. ئەدیناوێر لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە هۆکارێکى دیکە بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ جووەکان دەکات و دەڵێت: “بۆ من ڕوون بوو ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ جووەکان شکستی هێنا، ئەوا دانوستانەکان لە کۆنفرانسی لەندەن سەبارەت بە قەرزەکانی ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا یان جەنگی جیهانی دووەم ڕەنگە شکست بهێنێت، چونکە بانکەوانەکانی جولەکە کاریگەرییان لەسەر ئەندامانی کۆنفرانسی لەندەن هەبوو”.
ئادیناوێر لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە (١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٩)، هەڵوێستی ڕوونی خۆی لەسەر پرسی جوولەکەکان دەربڕی و وتی: “گەلی ئەڵمانیا بڕیاریداوە قەرەبوویەکی بەرفراوانى ئەو ستەمە بکاتەوە کە بەناوی ئەوانەوە لەلایەن ڕژێمی تاوانکارى نازییەوە بەرامبەر بە جولەکەکان ئەنجامدرا، ئەو قەرەبووکردنەوەیەش ئەرکی ئێمەیە”.
“قەرەبوو بۆ بوونادنانەوە”
هەرچى سەبارەت بە پێداگرى ئیسرائیلە لەسەر وەرگرتنى قەرەبوو، هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتە تازە دروستبووەکەیان پێویستی بە دروستکردنی هێزێکی بەرگری بەهێز هەبوو بۆ زامنکردنى مانەوەى، هەروەها دەبوو شوێنى نیشتەجێبوون و هەلى کار بۆ سەدان هەزار جولەکە دابین بکات کە لەسەرانسەرى جیهانەوە روویان لە ئیسرائیل کردبوو، بۆیە قەرەبووکردنەوە بە سەرچاوەیەکی گریمانەیى بۆ ئەم دوو هەوڵە دادەنرا، بە تایبەت کە زۆرێک لە تازەهاتووان لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست بوون. “داود بن گۆریۆن” کە لەماوەى ساڵانى (1948 – 1963) سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بوو، لەسەر پرسی قەرەبووکردنەوە پشتگیری لە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ڕاوێژکار “ئەدیناوێر” دەکرد، جگەلەوەى دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل بۆیان دەرکەوت کە ملکەچکردنی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بۆ خواستەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، وادەکات دەوڵەتی ئیسرائیل نوێنەرایەتی هەموو جوەکانی جیهان بکات. ئەمەش سوودی ماددی و ئەخلاقی بە تایبەتی بۆ ڕێکخراوە جوولەکەکان و خاوەن سەرمایە جولەکەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا دەهێنا. بۆیە پرسی قەرەبووکردنەوە بە یەکێک لە بڕیارە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل دادەنرا.
حکومەتی بن گۆریون لە (٢/ ئازار/ ١٩٥١)، یاداشتێکی پێشکەش بە (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتی سۆڤیەت) کرد کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم ئەڵمانیایان داگیرکرد بوو، تیایدا داواى یەک ملیار دۆلارى لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و نیو ملیار دۆلاریشى لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کردبوو، بەمەبەستى نیشتەجێکردنی (٥٠٠) هەزار پەنابەری جوولەکە لە فەلەستین. لەبارەى ئەم هەنگاوەوە بن گۆریۆن وتی: (دەبێت هەوڵبدەین تا دەتوانین پارە لە ئەڵمانییەکان بەدەست بهێنین).
“ڕێککەوتننامەی لۆکسمبۆرگ”
دوای ئەوەی ئەڵمانەکان بە داواکەی ئیسرائیل ڕازیبوون، گفتوگۆی نهێنی لە مانگی ئازاری ساڵی (1952) دەستیپێکرد و بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆکسمبۆرگ (رێککەوتننامەی قەرەبووکردنەوەی ئەڵمانیا و ئیسرائیل) لە (10/ئەیلول/ 1952) کۆتایی هات، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە حکومەتی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا پابەند بوو بە پێدانی بڕی (3.450) ملیار مارکى ئەڵمانى کە دەکاتە (846) ملیۆن دۆلارى ئەمەریکى بەنرخى ساڵى (1953). لەسەر داوای ئیسرائیل ئەم ڕێککەوتنە لە لۆکسمبۆرگ واژۆکرا، چونکە ئیسرائیل لەبەر پێودانگى ئەخلاقی نەیدەویست لەسەر خاکی ئەڵمانیا واژۆ بکرێت.
ماوەی ئەو ڕێکەوتنە (١٢) ساڵ بوو، لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٥٣)ەوە کاری پێدەکرا، خەرجکردنی پارەکان لە ماوەی ساڵانی یەکەمیدا بە دراوی ئەڵمانی و بە شێوەی کاڵا بوو، ساڵانە بە بەهای (٢٠٠) ملیۆن مارک بوو. پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، ئادیناوێر لە (٢٧/ ئەیلول/ ١٩٥١) لەناو بوندستاگەوە، لەسەر داوای لایەنی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە جینۆسایدەکە بەناوی هەموو گەلی ئەڵمانیاوە ڕوویداوە، کەواتە قەرەبووکردنەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و ماددییە.
“کاردانەوەکانى دواى ڕێککەوتننامەکە”
هەموو لایەنەکانى ناو ئیسرائیل بە ڕێککەوتننامەکە قایل نەبوون، بەڵکو هەریەکە لە پارتی مایام و پارتی هێروت و سیاسەتمەداری دیار “مێناحیم بیگن” لەدژى ڕێککەوتننامەکە وەستانەوە و چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. بیگن دەیگووت: “ئەوە مەسەلەی ژیان و مردنە، ئەڵمانییەکانیش نازین، تەنانەت ئەدیناوێریش نازییە، ئەو نازى و بکوژە، ئەم ڕێکەوتنە بە ئیسرائیلییەکان دەڵێت ئەم بڕە پارەیە نرخى باپیرە و داپیرەتانە”. سەربارى ناڕەزایى ئەو لایەنانە، لە (7/کانونى دووەم/1952) ڕێککەوتنەکە پێشکەشی کنێست (پارلەمانى ئیسرائیل) کرا بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری، دواى دوو رۆژ کنێست ڕێککەوتنەکەى پەسەندکرد. لەسەر ئاستى ئەڵمانیا، هەریەکە لە پارلەمانتارانى حزبی شیوعی و پارتی ڕایخی ئەڵمانی و پارتی باڤارى لەدژی ڕێککەوتنەکە وەستانەوە. بەڵام ئادێناوێر لە (4/ئازار/1953) ڕێککەوتنەکەى پێشکەش بە بۆندستاگ کرد و فشارێکی زۆریشی خستە سەریان بۆ تێپەڕاندنى، ئەوەبوو لە (12)ی ئازاردا لەلایەن زۆرینەی زۆری نوێنەرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە پەسەندکرا، بەجۆرێک لە کۆی (410) ئەندامی بۆندستاگ (34) پارلەمانتار دژى وەستانەوە، (86) ئەندامیش دەنگیان نەدا.
لەناو کابینەى حکومەتى ئەڵمانیاشدا، سەبارەت بە میکانیزمی پێدانی قەرەبوو و بەهای ئەو کاڵایانەی کە بۆ ئیسرائیل دابین دەکرێن، ناکۆکی لەنێوان وەزیرەکاندا سەریهەڵدا، دواى زنجیرەیەک گفتوگۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى بەهای کاڵاکان لە ساڵانی یەکەمدا نابێت لە (٢٠٠) ملیۆن مارک زیاتر بێت، تاوەکو پاڵپشتی ئابووری ئیسرائیل بکات.
“قەرەبووکردنەوە وەک فریادڕەس”
لەدواى راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل، ئابوورى ئەم دەوڵەتە دووچارى چەندین کێشە و ئاڵنگارى هات، لە سەروى هەموویانەوە نەبوونى سەرچاوەیەکى ئابوورى بەهادارى وەکو نەوت بوو، هەروەها بەهۆى سیاسەتى بایکۆتى وڵاتانى عەرەبی و شەڕی ئاو لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، کشتووکاڵ و بازاڕ و هەناردەى ئیسرائیل زۆر لاواز بوو. جگەلەوەى ئابووری ئیسرائیل بەشێوەیەکى زۆر پشتى بە یارمەتییە دەرەکییە فەرمی و نافەرمییەکان دەبەست، بەشێک لەو یارمەتیانەشى بۆ کڕینى زەوى فەلەستینییەکان و دروستکردنى ئۆردوگا بۆ جولەکەکان خەرج دەکرد. ئەوەش بۆشایییەکی دارایی گەورەی دروستکرد کە کاریگەری نەرێنی لەسەر توانا داراییەکانی هەبوو. چونکە تا کۆتایی ساڵی (١٩٥١) نزیکەی (٩٠%)ی کۆی داهاتی نیشتمانی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن بەکاردەهێنرا. لە سەرەتای ساڵی (١٩٥٢)ەوە ئیسرائیل دووچارى قەیرانێکى سەختى ئابوورى هات، بە بەڵگەى ئەوەى لە نیوەی یەکەمی ساڵی (1951)دا کۆبەرهەمی گشتی وڵاتەکە گەیشتە (29.7%)، پشکى تاک تیایدا (10%) بوو، پاشان بۆ (4.7%) دابەزى و لە سەرەتاى ساڵى (1952)دا گەیشتە (2.7%). لە کۆتایی ساڵی (١٩٥٢)دا ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتە زیاتر لە (٦٦%)، زۆربەی سەرچاوەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو دۆخە ئیسرائیلى ناچارکردوە تاوەکو لە ئەیلوولی (١٩٥٢)دا ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە واژو بکات.
کاتێک ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوەکە لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٥٣)دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئابووری ئیسرائیل دەستی بە بووژانەوە کرد، بەجۆرێک کۆبەرهەمی گشتی نیشتمانی بە ڕێژەیەکی نایاب دەستی بە زیادبوون کرد، لە سێ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا بازی دا و گەیشتە ڕێژەی (١٧%).
بەدەر لەو قەرەبووەى بە حکومەت و هاووڵاتیان درا، قەرەبووی دیکەش هەبوون کە لەو ڕێکكەوتنەدا هاتبوون، بەڵام نەکەوتنە چوارچێوەی میکانیزم و خشتەی کاتی دیاریکراوەوە. وەک قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی جولەکەکانی ئەوروپا لەژێر سیستمی “بێ میرات”دا، واتە ئەو پارەیەى کە خاوەنەکانیان لە بانک و کۆمپانیاکانی سویسرا یان نەمسا دایاننابوو، بەڵام لە ئەنجامی مردنی سروشتی یان مردنیان لە کامپى نازییەکاندا داوایان نەکرابوو، کە بە نزیکەی (٩٠٠) ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا، هەمووی بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتە تازە سەرهەڵداوەکەی گەڕێنرایەوە.
“قەرەبووکردنەوە و گەشەپێدان”
قەرەبووەکەی ئەڵمانیا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری ئیسرائیل هەبوو، بەشداریکرد لە پەرەپێدانی بوارە گرنگەکانی ئەو ئابوورییە، بە نموونە لە بوارى پیشەسازیدا ئیسرائیل بەهۆی ئەو بەرنامە پیشەسازییەى کە لە ساڵی (١٩٥٤)ەوە دەستی پێکرد، توانی بگۆڕێت بۆ ئابوورییەکی پیشەسازی، کە پشتی بە قەرەبووەکەی ئەڵمانیا بەستبوو، دوای ئەوەی زۆربەی ئەو قەرەبووەی کردە کاڵای پیشەسازی مۆدێرن، بۆ ئەم ئەرکە، بنکەیەکى کڕینى لە شاری کۆڵن دامەزراند، بە سەرۆکایەتی دکتۆر فیلیکس شانار، ئابووریناسى ئیسرائیلی شارەزار لە کاروباری پیشەسازی، ئەو بنکەیەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دامەزراندنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بۆن لە ساڵی (1965). لە ماوەی نێوان ساڵانی (1954- 1965) ڕێژەی گەشەی ئابووری ساڵانە بە تێکڕا (10.8%) زیادی کرد، بەهۆى وەرگرتنی (80%)ی بەهای قەرەبووەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بۆ سازکردنی (2000) پڕۆژەی پیشەسازی بەکارهات.
لەماوەى ساڵانى (1955) تا (1965) ژمارەی دامەزراوە پیشەسازییەکان لە (٧٥٠٢) دامەزراوە بۆ (١٥٤٥٨) دامەزراوە زیادیکرد. پشکی ئامێرەکان لەکۆی پێکهاتنی سەرمایە گەیشتە (٣٣%)، ئەمەش وایکرد بواری پیشەسازی بەشداری بکات لە دابینکردنی هەلی کار بۆ (١٥٨٧١٢) کرێکاری کۆچبەری جوولەکە کە لە ماوەی وەرگرتنی قەرەبووەکەدا لە (1953-1965) ڕوویان لە ئیسرائیل کردبوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئیسرائیل، گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی بەشدارییەکی زۆری لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریدا کردووە، بەجۆرێک لە ساڵی (1960) ڕێژەکەى گەیشتە (4.6%) و لە ساڵی (1963) گەیشتە نزمترین ئاستی کە (3.3%) بوو. بەو هۆیەوە ساڵانی (1959-1963) بە قۆناغی دامەزراندنی تەواوەتى لە ئیسرائیل دادەنرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کەرتی پیشەسازی ئیسرائیل بەهۆی ئەو کەرەستانەی لە ئەنجامی قەرەبووەکەدا بەدەستیهێنا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشەى کرد، بەجۆرێک داهاتى پیشەسازی لە (١٣٠٠) ملیۆن لیرە لە ساڵی (١٩٥٤) بۆ نزیکەی (٢٢٥٠) ملیۆن لیرە لە ساڵی (١٩٥٥) زیادیکرد. تەنها ڕێژەی هەناردەکردنی بەرهەمە پیشەسازییە بەکارهێنراو و سووکەکان گەیشتە (٢٢%)ی کۆی بەرهەمە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان. لە ماوەی ساڵانی (1953-1956) ئەڵمانەکان پێنج وێستگەی کارەبایان دروستکرد، هێڵی ئاسنی (بئر السبع)یان دروستکرد، نیوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان قودس و تەلئەبیبیان گۆڕی، (400) بارهەڵگری شەمەندەفەریان دابینکرد، سیستەمی تەلەگراف و تەلەفۆنیان مۆدێرن کرد، بەندەری حەیفایان فراوانتر کرد.
هەر لەماوەى ساڵانی (١٩٥٥-١٩٦٠) ئەڵمانەکان (٢٨٠) کیلۆمەتر بۆری ئاودێری زەبەلاحیان لە نەقەب دروستکرد. کەرەستە و ئامێریان بۆ (١٣٠٠) وێستگە و کارگە دابینکرد. کارگەیەکی پۆڵایان دروستکرد کە (٢٠٠) هەزار تۆن ئاسن و کەرەستەی خاوی دیکەی بەرهەم دەهێنا.
“دامەزراندنی بانکی ناوەندی”
لە ساڵی (١٩٥٣) بڕیارى دروستکردنى بانکى ناوەندى ئیسرائیل درا، لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٥٤)دا دەستى بە کارکردن کرد. ئامانجى یەکەمى بانکەکە پەسەندکردنی دۆسیەی قەرەبووکردنەوە و دەرکردنی دراوی نوێی ئیسرائیل بوو، جگەلە بەدواداچوون بۆ چالاکییە ئابورییە جیاوازەکان و وەبەرهێنانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەنێوان ئەڵمانیا و ئیسرائیلدا بوون. بانکەکە لە ساڵی (١٩٥٩)، بۆندەکانی گەشەپێدانی ئیسرائیلی لە بازاڕە داراییەکانی ئەڵمانیادا فرۆشت، ئاسانکاری بانکی بۆ وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی دابینکرد، بەتایبەتی دوای دەرکردنی یاسای هاندانی وەبەرهێنان لە ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٥٩). هەروەها بەمەبەستی وەبەرهێنان لە ئیسرائیل، بانکەکە ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان کۆمپانیا گەورەکاندا بینی، بەتایبەتى کۆمپانیا ئەوروپییەکان لەلایەک و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لەلایەکی تر، ئەمەش وەک بەشێک لەو خزمەتگوزارییانەی کە لە ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوەدا هاتبوو.
سەرکەوتنى مەزنى بانکەکە لە ساڵی (١٩٦١)دا بوو، کاتێک توانی کۆمپانیاکانی بایرن مۆتۆرزى ئەڵمانی و کایزەری ئەمەریکی ئاشت بکاتەوە، بۆ ئەوەی کارگەیەک بۆ کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بچووک و مامناوەند لە ئیسرائیل دابمەزرێنن. بەمەبەستى بەهێزکردنى ئابوورى ئیسرائیل، ئەڵمانیا دەستیکرد بە کڕینى بەرهەمە پیشەسازییەکانى ئیسرائیل و لەدواى بەریتانیا بووە دووەمین وڵات بۆ هاوردەکردنى کەلوپەلى ئیسرائیل. بە بەڵگەى ئەوەى بەهاى کاڵاى هاوردەکراوى ئیسرائیل لەلایەن ئەڵمانیاوە تا ساڵی (١٩٦٠) بەگوژمەى (٢١.١) ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لە ساڵی (١٩٦٤)دا گەیشتە زیاتر لە پەنجا ملیۆن دۆلار. هاوشان لەگەڵ گەشەکردنى کەرتى پیشەسازى، ئیسرائیل کەرتى کشتوکاڵى فەرامۆش نەکرد و دەستیکرد بە گەشەپێدانى ئەو کەرتە، ئەوەش لە سایەى ئەو قەرەبووەى لە ئەڵمانیاى وەرگرت. هەر ئەوەش وایکرد بەهاى بەرهەمە کشتوکاڵییە هەناردەکراوەکانى ئیسرائیل لەنێوان ساڵانی (١٩٤٩-١٩٥٢) لە چل ملیۆن دۆلارەوە بۆ (٤١٧) ملیۆن دۆلار لەنێوان ساڵانی (١٩٥٦-١٩٦٠) بەرزببێتەوە. بەرهەمی مزرەمەنییەکان بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵیە هەناردەکراوەکانی ئیسرائیل دادەنرێت.
“گەشەپێدانى کەرتى سەربازی”
ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوەی ئەڵمانیا و ئیسرائیل، پڕچەککردنی ئیسرائیلى کردە ئەرک لەسەر ئەڵمانیا. لێرەوە هاوکاری سەربازی نێوان هەردوو وڵات لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٥٤) دەستی پێکرد، کاتێک ئیسرائیل مولحەقێکى سەربازی نارد بۆ شاری بۆن، لە بەرامبەردا ئەڵمانیا هەر چەکێکى رەوانەى ئیسرائیل دەکرد، ئەو ستیکەرانەى لادەبرد کە ئاماژەیان بۆ ئەڵمانیا دەکرد، لەبرى ئەوە ئاماژەى بازرگانى بەریتانی یان فەرەنسى لێدەدا. لەدواى پەلامارى سێقۆڵى هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل بۆ سەر میسر لە ساڵى (1956)، ئەڵمانیا بە بەهاى (٣٠٠) ملیۆن مارک فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، هێلیکۆپتەر، تۆپ و مووشەکی دژە تانکى وەک دیارییەکی نهێنی پێشکەش بە ئیسرائیل کرد. لە بواری مەشق و ڕاهێناندا، ئەڵمانیا لە ساڵی (١٩٥٨) دەستکرد بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بۆ ڕاهێنانی سەرباز و ئەفسەرانی ئیسرائیل لەسەر چەکی ئەڵمانی، هەروەها پێدانی سکۆلەرشیپی تایبەت لە بواری فڕۆکەوانی سەربازی و ئەندازیاری فڕۆکەوانی و تۆپخانە.
حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی بەرنامەی قەرەبووکردنەوەدا، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیکرد بە پشتگیریکردنی پیشەسازی چەکی ئیسرائیلى، لەڕێگەى دابینکردنی کارگە و شارەزای سەربازیی و کڕینی بەرهەمە سەربازییەکانی ئیسرائیل، لەوانە تفەنگ و کەرەستەى سەربازی سووک و مامناوەند. لەسەر داوای جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەدیناوێر لە (4/ ئازار/ ١٩٦١) ڕازی بوو بە دابینکردنی چەکی ئەڵمانی بۆ ئیسرائیل وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە، جگەلە پێدانی قەرزێکی ئەڵمانی بۆ ئیسرائیل بۆ ماوەی دە ساڵ، ساڵانە بە بڕی (١٤٠) ملیۆن مارک، سەربارى تەرخانکردنی سێ ملیۆن مارک ساڵانە بۆ پشتگیریکردنی دامەزراوە زانستییەکان لە ئیسرائیل، لەنێویاندا دامەزراوەی وایزمان. لە (4/ ئازار/ 1962)، ئیسرائیل لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی یەکەم ڕێککەوتنی بۆ بەرنامەی هاوکاری سەربازی درێژخایەن ئەنجامدا، بڕیاردرا ئەم ڕێککەوتنە بە نهێنی بمێنێتەوە، چونکە لە بواری پشتیوانی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل بە پێشینەیەکی گرنگ و پێشکەوتوو دادەنرا، بەو پێیەی کە ئیسرائیل توانی سەدان تۆن چەک و کەرەستەی جۆراوجۆر بەدەست بهێنێت. هەروەها ئەو کەرەستە خاوانەی کە لە پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێن. هەر لە کۆتایی ساڵی (١٩٦٢)دا حکومەتی ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی (60) ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری سەربازی بەپەلە بۆ ئیسرائیل. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (1964)، ئەمەریکا بە نهێنی داوای لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا کرد ئەو چەکانە بۆ ئیسرائیل دابین بکات کە پێویستی بوو، حکومەتی ئەڵمانیاش وەڵامی داواکارییەکەی ئەمەریکای دایەوە و بە بەهای (320) ملیۆن مارک چەکی بۆ ئیسرائیل دابینکرد، لەنێویاندا (200) تانکی پانتۆن، پێنج فڕۆکەی جەنگی و پانزە هێلیکۆپتەر و شەش بەلەمی خێرا.
ئەو پارەیەی لەژێر ناوی هاوکاری سەربازی یان هاوکاری دارایی پێشکەشی ئیسرائیل کرا، کە بە بەشێک لە قەرەبووکردنەوەی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل دادەنرا و لە پێشەکی ڕێککەوتنەکەدا هاتبوو، بەڵام بەبێ دیاریکردنى بڕى پارەکانى یان خشتەیەکى کاتى جێگیر لەماوەى دەیەى پەنجاکان و ناوەڕاستی شەستەکاندا، بەنزیکەی (2.1) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەو بڕە (800) ملیۆن دۆلاری بێبەرامبەر لە شێوەی کەرەستەی سەربازی و پێداویستی جەنگی پێشکەش بە ئیسرائیل کرا. “شیمۆن پێرێس” کە لەماوەى ساڵانى (2007 – 2014) سەرۆکى ئیسرائیل بوو، سەبارەت بە گرنگی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل دەڵێت: “ئەمەریکا پارەی پێداین، فەرەنساش لە بەرامبەر پارەدا چەکی پێداین، بەڵام ئەڵمانیا بەخۆڕایى چەکی پێداین”.
“ئەنجامەکانى ڕێککەوتنەکە”
کەرتى پەروەردە لە ئیسرائیل دوای ئەوەی پشکێکی لەو قەرەبووانە پێدرا، ئەرکی چەسپاندنی پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئەڵمانیاى پێسپێردرا، بۆیە هۆلۆکۆست و دەرهاویشتەکانى لە مەنهەجی قوتابخانەکانی ئیسرائیلدا جێگیرکران، هەروەها لیژنەی پەروەردەیی هاوبەشی مامۆستایانی ئیسرائیل و ئەڵمانی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرا. ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئابووری ئیسرائیلدا دادەنرێت، بەتایبەتی لە ساڵانی یەکەمی واژۆکردنیدا، چونکە ڕێژەی قەرەبووکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ساڵانە بەهاکەی لەنێوان (١٣٠ – ١٥٠) ملیۆن دۆلار بوو، کە لە ماوەی ساڵانى (1954-1965)دا لەنێوان (20% بۆ 30%)ی کۆی هاوردەکردن بوو، تەنانەت لەو ماوەیەدا لە هەندێک بڕگەی بودجەی ساڵانەی وڵاتدا جێگیرکرابوو، کە دەگەیشتە (2400) ملیۆن مارک بۆ کاڵا و خزمەتگوزاری و (1050) ملیۆن مارک بۆ نەوت.
ئەو ڕێککەوتنە بەشداریکرد لە هاندانى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی هاوپەیمان، تاوەکو لە ساڵی (١٩٥٥)دا ئەڵمانیای ڕۆژئاوا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنن، لە هەمان ساڵدا ئەڵمانیا ببێتە ئەندامى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى (ناتۆ) و لە ساڵی (١٩٥٧)دا بچێتە ناو کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپاوە، بەم شێوەیە ئادیناوێر ئەو ئامانجانەى بەدەستهێنا کە لەسایەى ڕێککەوتنەکەدا هەوڵى بۆ دەدا.
* سەرچاوە: د. دحام فرحان عبد الحمد: اتفاقية التعويضات الألمانية الإسرائيلية وأثرها على تطور الاقتصاد الإسرائيلى (1952-1965)، مجلة جامعة تكريت للعلوم الانسانية، المجلد (26)، العدد (2)، (2019)، لاپەڕە (185 – 207).