دوا سەرژمێری دانیشتووان لە ئێراق لە ساڵی ١٩٩٧کراوە. ئەو سەرژمێرییە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش( ٢٠٠٣) بە هۆی ئاڵۆزیی سیاسی و بارودۆخی ئەمنی و شەڕ و پێکدادان پرۆسەی سەرژمێری بۆ شەش جار دواخرا. ئێستا کاربەدەستانی بەغدا دەڵێن گوایە لە ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە ئێراق دەکات. بەر لە ماوەیەک کاربەدەستانی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار کە بەرپرسی ڕاستەوخۆن لەم کارە ڕایانگەیاند کە خانەی نەتەوە و مەزهەبیان لە فۆرمی سەرژمێری لابردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێ لە کۆسپە سەرەکییەکان لە بەردەم سەرژمێریدا پرسی خانەی مەزهەب بوو. ئەم بڕیارەی حکوومەت کۆمەڵی پرسیار و بگرە نیگەرانیش دروست دەکات، چونکە هاوئاهەنگ نییە لەگەڵ بنەماکانی دەستووری ئێراقدا.
دەستووری هەمیشەیی ئێراق (٢٠٠٥) لە دیباجەکەیدا باس لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی ئێراق دەکات، ڕێز لە قوربانییەکانیان دەگرێت و کارەسات و ماڵوێرانییەکانیان وەبیر دێنێتەوە. دەستوورەکە ئێراقی بە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەب پێناسە کردووە(ماددەی ٣)، هەروەها بە دەوڵەتێکی فیدیرالی پەڕلەمانی (ماددەی١) و زمانی عەرەبی و کوردیشی بە دوو زمانی فەرمی وڵات داناون(ماددەی٤). بەهەمان شیوە ئەو دەستوورە دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا، کە ناوێکی ئەتنیکی (ولاتی کوردان)ی هەڵگرتووە (ماددەی ١١٧ و لە چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەشدا کە باس لە هەرێم و پارێزگاکان دەکات). لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: چۆن دەبێت دەوڵەتێک لە دەستووردا کە دایکی هەموو قانوونەکانی دیکەی وڵاتە دان بە فرە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و خەبات و قوربانی ئەو خەڵکانەدا بنێت و ڕێزیان لێ بگرێت و هەرێمێکی جوگرافی و مێژوویی ئەتنیکی گرتبێتە خۆ، بەڵام ڕێگە نەدات لە سەرژمێری گشتیی دانیشتوواندا ئەو فرە ڕەنگییە ڕەنگبداتەوە و فاکتەکانی تۆمار بکرێن؟. خۆ ناکرێت داتا و ئامارەکانی سەرژمێری لە ماددە و برگەکانی دەستوور گرنگتر و مەترسیدارتر بن!. بۆ ئەم باسەی ئێمە لابردنی بڕگەی مەزهەب مایەی باس و خواس نییە، هەرچەندە من بە هەمان پێوەر دەیپێوم و بە کێشەی نابینم ئەگەر لە فۆرمەکەدا هەبێت. بە بۆچوونی من لابردنی خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریدا ناکۆکە لەگەڵ بەندەکانی دەستووردا بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە گەلی کوردستانەوە هەیە، بۆیە دەکرێت لە دادگا تانەی لێ بدرێت.
لە بیست ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی شیعە لە بەغدا نە پابەند بوونە بە بەندەکانی دەستوور و نە لەمەودواش پێیانەوە پابەند دەبن، بەتایبەتی بەو بەندانەوە کە باس لە فرە ڕەنگیی دانیشتووانی ئێراق دەکەن. ئەوان تەنها ئەو ماددە و بڕگانە هەڵدەبژێرن و جێبەجێیان دەکەن کە لە قازانجی خۆیاندان و خزمەت بە دیدی شۆڤێنی و مەزهەبییان دەکەن. هەڵوێستیان لە بەرامبەر کورد و کوردستان تەواو دژ بەو بەندانەی دەستوورە کە باس لە یەکسانی هاووڵاتییان و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. هیچ یەکێک لەو ماددانەی تایبەتن بە کورد و کوردستان نەک هەر نەخراونەتەوە واری جێبەجێ کردنەوە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پاشەکشەدان و کورد و هەرێمی کوردستانیان پێ لە قاڵب دەدرێن و دەسەڵاتەکانیان سنووردار دەکرێن. لە ڕاستیدا لە ئێراق هیچ سیمایەکی دەوڵەتی فیدراڵی ڕاستەقینە نابینرێت، زمانی کوردیش هیچ پێگەیەکی فەرمی لە بەغداو دام و دەزگاکانی دەسەڵاتی ناوەندی پێ نەدراوە. چۆن دەبێ لە پاڵ زمانی عەرەبیدا زمانێکی دیکەی فەرمیت هەبێ و هەرێمێکی جوگرافی و مێژوویی دووەمین نەتەوەی وڵاتت لە چوارچیوەی دەوڵەتەکەی خۆتدا وەگیر هێنابێ و ئامادە نەبێ لە فۆرمی سەرژمێریدا ئاماژەیان پێ بکرێت؟. ئەی چۆن کۆتایی بە شەڕی ژمارە و ئامارەکان دێنێت کە یەکێ لە بەرە گەرمەکانی ئەو شەڕەن کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لە نیوان هەموو پێکهاتەکاندا لە ئارادایە؟، چۆن خۆتان و دونیا بزانن ژمارە و ڕێژەی عەرەب، کورد و تورکمان چەندن؟ ئەی ژمارە و ڕێژەی شیعە، سوننە، کرستیان، ئێزیدی، شەبەک و سابیئە لەم ئێراقەدا چەندن؟. ئێوە ئامادە بوون لە دەستووری هەمیشەییدا ئاماژە بە هەموو پێکهاتان بکرێت، بۆ ئێستا لە ناتانەوێت ئەو زانیارییە ئاساییانە لە فۆرمی سەرژمێریدا تۆمار بکرێن؟. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە شیعەکان لەو کاتەدا بە تەکتیک لە دژی ئەو بەند و بڕگانەی دەستوور نەوەستانەوە و تەنها لە هەوڵی ئەوەدا بوون دەستیان لە دەسەڵات گیربێت و دواتر هەموو ئەو بەندانە لە جەوهەر و ناوەڕۆکی خۆیانم بەتاڵ بکەنەوە و بە ویستی خۆیان دایانبڕێژنەوە.
ئەگەر مەبەست لەم هەنگاوەی کاربەدەستانی شیعە یەکسانی هاووڵاتیان و ئامرازێک بووایە بۆ ڕێگریکردن لە جوداکاری نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی، ئەوا بەگەرمی پێشوازی لێ دەکرا، بەڵام لە ئێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی هاتنی ئەو جۆرە خەونانە زۆر دوورن لە واقیعەوە، بۆیە دەبێت مرۆڤ بۆ پاڵنەرە راستەقینەکان بگەڕێت. لە وڵاتانی دیموکراتی کە قانوون تێیاندا سەروەرە کەس بیر لەوە ناکاتەوە ئاماژە بە نەتەوە و ئایین و مەزهەبی بکرێت، چونکە بنەماکانی یەکسانی بە هێزی دەستوور و قانوون چەسپاون، هەرچەندە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکاندا لێرە و لەوێ حاڵەتی جوداکاری بەتایبەتی لە بەرامبەر کەسانی بیانی دەبینرێن، بەڵام ئەوە نە بە قانوون کراوە و نە کارێکی سیستەماتیکە.
شیعەکان بۆ پاساو هێناونەوە بۆ ئەم هەنگاوەیان خانەی مەزهەبیشیان لابردووە. لە راستیدا ئەوان لە زۆر ناوچەی ئێراق خەریکی پاکتاوکردنی نەیارە مێژووییە سوننەکانیان و لە لایەکی دیکەشەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی شیعەگەرایین لە نێو هەندێ لە کەمینە ئایینییەکاندا، بۆیە ڕەنگبێ جارێ نەیانەوێ سنووری ڕاستەقینەی خۆیان دەستنیشان بکەن. لە تەک ئەوەدا خانەی ئایینیان لە فۆرمەکەدا هێشتووەتەوە، لەمەدا ئەوان وەک دەوڵەتی عوسمانی و ئێران و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی تەنها نا مسوڵمانەکان بە کەمینە دادەنێن و لەوەدا کێشەیان نییە کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا ئاماژەیان پێ بکرێت. بۆ ئەمەش پاکانەیان ئەوەیە کە لە دەستووردا ئیسلام ئایینی ڕەسمی ئێراقە (ماددەی ٢)و ئەو ناسنامەیە مایەی دان وسان و قسە لەسەر کردن نییە، لە ڕاستیشدا کەس ناوێرێت لەو بارەیەوە قسە بکات، هەر وەک ئاڵاکەی سەدام حوسێن کە بە دەستی خۆی (ئەڵاهو ئەکبەر)ەکەی لەسەری نووسیبوو و کاربەدەستانی نوێی بەغدا هاتن و تەنها خەتەکەیان کرد بە کووفی!.
یەکێ لەو هۆیانەی بۆ ئەم هەنگاوە باسیان لێوە دەکرێت ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە شوێنی خۆیان نەماون و ناچار بوونە پەنا ببەنە بەر شوێنی دیکە لە نێوخۆ یا لە دەرەوەی ئێراق، هەروەها چەندین ساڵە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و پاکتاوی نەژادی و مەزهەبی پەیڕەو دەکرێن، بۆیە دەوترێت ئێستا کاتەکەی لە بار نییە بۆ ئاماژە کردن بە ڕەچەڵەکی ئەتنیکی و مەزهەبی دانیشتووان. پێموایە ئەمە پاساوێکی بەهێز نییە، چونکە لە فۆرمەکاندا دەیان زانیاری سەبارەت بە هەر دانیشتوویەک تۆمار کراون و تۆمار دەکرێن و ەك ڕەچەڵەک، شوێنی لە دایکبوون، شوێنی تۆمار کردن و هەموو کەسێکیش لە ئێراق چەندین بەڵگەی فەرمی لە باخەڵدایە بۆ ئەوەی کەسایەتی خۆی پێ بناسێنێ. دەکرێت هەندێ خانەی کاتیی تایبەت بە ئاوارە و راگوێزراوان و هاوردەکان و ئەمانە لە فۆرمەکاندا دابنرێن و هەموو ئەو پرسانە جارەسەر بکرێن.
ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە کاربەدەستانی هەرێم لەم بارەیەوە دەنگیان لێوە نایەت، ڕەنگبێ ئەوانیش وەک زۆر کەس لەو باوەڕەدا بن کە ئەم جارەش سەرژمێرییەکە ناکرێت و دوا دەخرێت.