فەلسەفەی ئاکاری ژینگەیی(ethics environmental)، لقێکی نوێی ڕوانگەی فەلسەفییە و لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە و پێویستییان بەیەکتر دەکۆڵێتەوە، جەخت لەسەر بەها لە ژینگەی سرووشتی خۆیدا، نەک نرخ دانانی مرۆیی بۆی دەکاتەوە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و لە حەفتاکانی ئەو سەدەیەدا، وەک ڕەوتێکی سەربەخۆی فەلسەفیی دەرکەوت. لە ئاکاری ژینگەپارێزییدا، بنەمای سەرەکی ڕێزگرتنە لە سرووشت لەخۆیدا، نەک بۆ ئێمە. ئاکاری ژینگەیی لەم سنوورەوە دەست پێدەکات، کە بەهای سرووشت و بوونەوارانی دیکە لە خۆیاندا، جیا دەکاتەوە لەو نرخەی مرۆڤ وەک خۆ بە سەروەر کردووێک، دەیانداتێ. ئاکاری ژینگەپارێزی لەلایەکەوە مرۆڤ تێکەڵ و پەیوەست دەکاتەوە بە ژینگە و سرووشت و لەلایەکیتریشەوە، سرووشت و ئەوەی لە ژینگەدا هەیە وەک بوونێکی سەربەخۆ وێنادەکات و وەک بوونێکی ئاوتۆنۆم لێیدەڕوانێت. پێشینەی ئەم بیرۆکەیە لە نێو ئایینە بێخوداکانی وەک جەینباوەڕی لە هیندستانی کۆن و لە ئایینی بودایی و لە فەلسەفەی دێرینی یۆنانیدا، کە بە فەیلەسوفانی سرووشت ناسراون، دەبینرێتەوە.
“قۆناغەکانی بیرۆکەی هزری ژینگەیی لە مێژوودا، چین؟”
لە مێژوودا، بیرۆکەی هزری ژینگەیی بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، کە بریتین لە؛
قۆناغی یەکەم:- قۆناغی پیرۆزکردن و بەخوداکردنی سرووشت.
لەم قۆناغە مێژووییەدا، سرووشت و مرۆڤ، لێکتر دابڕاو نین و مرۆڤ خۆی لە بوونەوارانی دیکە و سرووشت جیا نەکردۆتەوە و هێشتا کەڵکەڵەی دەستبەسەراگرتن و داگیرکردن و بەکارهێنانیشی نەچۆتە سەرەوە. مرۆڤ لەم قۆناغەدا، زوو لەوە تێگەیشتووە، کە سرووشت ڕووخسارێکی جوان و مۆزیکیانە و هارمۆنیانە و ڕووخسارێکی دڕندانە و هێرشبەرانەشی هەیە. ڕووخساری یەکەم، وای لێکردووە لاسایی بکاتەوە و موزیک و سەما و شێوە سەرەتاییەکانی تەلارسازیی لێوە فێر ببێت و سرووشت و ژینگە بۆ مرۆڤ بوونەتە قوتابخانەیەکی پەروەردەکاری و پیشەیی. وەلێ ڕووخسارەکەی دیکەی سرووشت، کە خۆی لە لافاو، جمووتنی عەرد و هەرەس و ئاگرکەوتنەوەو دەیان کارەساتی دیکەدا بەرجەستە کردووە، مرۆڤی بە جۆرێک ترساندووە کە بیر لە پیرۆزکردن و بەخوداکردنی بکاتەوە.
قۆناغی دووەم:- قۆناغی فەلسەفەی سرووشت و بەبابەتکردنی سرووشت.
لە یۆنانی کۆنەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی سرووشت، ژینگەی سرووشتی بۆ مرۆڤ دەبێتە بابەتی توێژینەوە و زەوی دەکرێتە چەقی گەردوون. سرووشت وەک پانتاییەکی سەربەخۆ تەماشا دەکرێت کە لە پێناوی مرۆڤدا خولقێنرابێت. فەیلەسوفانی سرووشت، لە یۆنانی کۆندا، بیرکردنەوەی خۆیان لەبواری سرووشتناسیدا بە ڕاددەیەک بردە پێش، کە پێویستیان بەوە نەبێت لە بنەچە ئایدیالیستی و میتافیزیکییەکەی سرووشت بکۆڵنەوە، کە لە ئەفسانە و ئایینەکاندا جەختی لەسەر دەکرایەوە. بە لای ئەوانەوە، تێگەیشتن لە ڕەهەندی ماتەریالیانەی سرووشت و ژینگە و دۆزینەوەی ئەو ڕێکارانەی دەبنە هۆکاری گۆڕانە سرووشتییەکان، دەمانگەیەنن بە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە سرووشت. یەکەمین تیۆریسێنی ئەم بوارە ئەریستۆ تالیسە. ئەو، زەوی بەشێوەیەکی خڕ پێناسە دەکرد و دەیگوت لە چەقی جیهاندایە، ئەمەش پێچەوانەی بیروڕای ئایینی و ئەفسانەی باو بوو. بەلای ئەریستۆ تالیسەوە، ژیانی ڕاستەقینە ئەوە بوو کە بەشێوەیەکی کردەیی ئەزموومی دەکەین. ئەو لەو بڕوایەدا بوو سرووشت مەبەستێکی تایبەتی لە خۆیدا هەیە و هەرگیز بێ هودە و بێ سوودانە ڕەفتار ناکات و بەو جۆرە ڕەفتار دەکات وەک ئەوەی داهاتووی لەبەرچاوە. ئەم تیۆرە، توانی تاکو سەرهەڵدانی سەردەمی ڕێنیسانس و ڕەوتی هیومانیزم، بەردەوام بێت.
قۆناغی سێیەم:- قۆناغی داگیرکاری و ستەمکاری کۆڵۆنیالیزمی سەرمایەداری.
ئەم قۆناغە لێرەوە دەستی پێکرد، کە تیایدا زانستی ئەزمونگەرا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕینی ڕوانگەی مرۆیی بۆ سرووشت و ژینگە هەبوو. قۆناغێک کە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ئامانجێکی سەرەکیی بوو. زانستی نوێ بە داگیرکاریی سرووشت و ژینگە لە پێناوی بەرژەوەندیی مرۆییدا، لەدایک بوو. زۆرینەی فەیلەسوف و زاناکان لەو بڕوایەدا بوون هەرچەندە مرۆڤ لە تێگەیشتنی دیاردە سرووشتییەکاندا سەرکەوتوو بێت ئەوەندەش دەتوانێ تواناکانی سرووشت و بوونەوەرانی دیکە بۆخۆی دەستەبەر بکات و خۆشبەختی خۆیان لەسەرەوە هەڵچنێ. ئامرازە نموونەییەکەش کە بۆ دەستبەسەراگرتنی سرووشت و ژینگەی ژیانەکی دایهێنا بریتیبوو لە تەکنەلۆژیای مۆدێرنە، کە بووە هۆکاری گۆڕانێکی بنەبڕی پەیوەندی مرۆڤ بە سرووشت و ژینگەی بوونەوەرەوە. ئەم پێشکەوتنە زۆرە نەک هەر بە زیانی سرووشت و ژینگە و بوونەوەرانی دیکە، شکایەوە بەڵکوو بووە هەڕەشەیەکیش بەسەر ژیان و مانەوەی مرۆڤ خۆیەوە. وێڕای ئەم ڕەوتە سەرمەستانەیە و هاوکات بە دەستکاریکردنی جوگرافایی سرووشتەکی، کۆڵۆنیاڵیزمی سیاسی و ئابووریش وەک دوو هێزی گەورەی سەرمایەداری بەرایی، کەوتنە داگیرکردنی شوێنە دوورەکانی زەوی و کۆڵۆنۆڵیازمێکی ژینگەییشیان خستە گەڕ، کە لە ڕوانگەکەیدا سرووشت وەک مارکس دەیگوت دەبووە شتێکی ئەبستاکت و ڕووت کە هیچ بەهایەکی لە ڕوانگەی مرۆییەوە نەبێت. ئەمەش بووە هۆکاری نامۆبوونی مرۆڤ لە سرووشت. لە ڕوانگەی فەیلەسووفەکانەوە ئەو مژدەیەی بە ناوی پێشکەوتنەوە درابوو، بە “ئەفسانەی پێشکەوتن” وەسف و ڕەخنە کرا.
قۆناغی چوارەم:- قۆناغی پەشیمانبوونەوە و گێڕانەوەی ڕێز بۆ ژینگەی سرووشتی و بوونەوەر.
لەم قۆناغەدا مرۆڤ لە پەشیمانبوونەوە و جۆرێک لە ڕێز گێڕانەوەدایە بۆ سرووشت و ژینگە و بوونەوەرانی دی، کە بێگومان ئەو مێژووەی مرۆڤایەتی بەم ئاستە گەیاند، نەک هەر بەختەوەری و دڵنیایی بۆ مرۆڤ نەهێنا، بەڵکو شەرمەزاریشی بەنیسیب کرد. هووشیاری مرۆڤ بەرامبەر بە داهاتووی خۆی و نەوەکانی و مەترسییەکانی لە ئاست ئاڵۆزبوونی ژیان و ئەگەری مانەوە، سەرهەڵدانی هزری ڕەخنەیی و ئاکاری فەلسەفی، مرۆڤایەتییان لەو مەترسییانە هووشیار کردەوە، کە پێشبینی دەکرێن و لەوەش تێگەیشت زیانەکانی ئەوەی ڕوویداوە چەند بوون. ئەمڕۆ بە چڕی باس لە دانانی یاساگەلێک دەکرێت وەک گەرانتێک بۆ پاراستنی ژینگەی سرووشتی و مافی بوونەوەرانی دیکە.
“ئاڕاستەکانی فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی”
یەکەم:- بایۆسەنتەریزم.
زاراوەکە واتای توێژینەوە لە ژیانی زیندەوەر، یان زیندەوەرناسی دەگەیەنێت. ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی گشتگیر و سەرجەمگیری ئاکاری ژینگەییە، کە لەو بڕوایەدایە هەموو زیندەوەرێک بەتەنیا و لە تاکایەتی خۆیدا، لەناو سرووشتدا، بەهای خۆی هەیە. ئەم ڕێبازە، هەرچەندە ڕەخنەیەکی زۆری لەسرە، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە وەک بەشدارییەک بۆ فراوانکردنی مەودای ئاکاری مرۆیی و لە دژی ئاکاری مرۆسەنتەری هاتۆتە کایەوە. بێگومان ئەمەش بە قازانجی مرۆڤ و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەوروبەری کەوتۆتەوە.
بنەمای ئەم بیرۆکەیە لەلایەن فەیلەسووفی ئەمەریکی”پۆڵ دەبلیو. تایلەر”ەوە دامەزراوە. تایلەر لەو کتێبەیدا بەناوی “ڕێزگرتن لە سرووشت: تیۆرەی ئاکاری ژینگەیی”، کە ساڵی ١٩٨٦ بڵاویکردۆتەوە و تیایدا بنەماکانی ئاکاری ژینگەپارێزیی زیندەوەرسەنتەرانە دەخاتە ڕوو. پاشانیش لە وتارێکیدا بنەماکانی ئەم فەلسەفە ئاکاریەی بە ناوی “ئاکاری ڕێزگرتن لە سرووشت”، داڕشتۆتەوە. لەو بڕوایەدایە؛ هەموو ئۆرگانیزمێکی زیندوو لە خۆیدا هەڵگری مەبەستێکی باشەیە. ئەمەش بەو واتایەی بوونی هەر ئۆرگانیزمێک بە جۆرێک ئاڕاستەکراوە، کە ئامانجە بایۆلۆژیەکەی خۆی بهێنێتە دی و خۆی وەک ئەوەی بۆی درووستبووە، وەدیبهێنێت. کە دواجار بریتیە لە خزمەکردن بە مانەوەی سرووشت وەک دایک و نیشتیمانی گشت زیندەوەرێک. واتە هەر زیندەوەرێک بوونی خۆی دەخاتە خزمەت مانەوەی بوونێکی گشتیترەوە. بە بۆچوونی تایلەر، مرۆڤ ناتوانێ خود هووشیاریی و ئاگایی خۆی وەک بەڵگەیەک بۆ سەروەرێتی “ناهووشیار” و نائاگای بووندا، بخاتە ڕوو، چونکە بوونی ئۆرگانیزمەکان پەیوەندیی بە ئاگایی و خودهووشیاری ئەوانەوە نییە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەوانیش بەبێ خود هووشیاری ئامانجێکی تایبەت بە خۆیانیان هەیە و بە شێوەیەکی سرووشتی دەیانەوێت بیهێننە دی. ئەو ئامانجەش بۆ ئەو ئۆرگانیزمانە هێندەی وێڵبوونی مرۆڤ بۆ نموونە بەدوای ئەقڵانیەتدا گرنگیی هەیە، مرۆڤسەروەری مرۆیی، تەنیا لە ڕوانگەی مرۆییەوە بوونی دەوێت، ئەمەش ڕوانگەیەکە ئەوەی لە مرۆڤدا باشە وەردەگرێت وەک پێوەرێکی ستاندارد بۆ حوکمدان. ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە، توانایی ئەو گیاندارە غەیرە مرۆییانەش بە ڕووەکیشەوە، لە ڕوانگەی باشەی خۆیانەوە، ببینین، تا بگەینە ئەو حوکمەی کە دژوار و ناکۆکە لەگەڵ سەروەری مرۆیی.
دووەم:- ئیکۆسەنتەریزم.
ئیکۆسەنتەریستەکان لەو بڕوایەدان هەموو شتێک لە سرووشتدا هەمان بەهای خۆی هەیە، چ ڕەگەزێک بێێت، یان توخمێک و یان سیستەمێکی ژینگەیی، یان زەوی بەگشتی. ئیکۆسەنتەریزم بریتیە لەبەناوەندکردنی خێزان و گرووپە سرووشتییەکان، نەک تاک. لەو فەیلەسوفانەی گرنگییەکی زۆری بە هزری ئیکۆسەنتەریزم (ژینگەناسی فەلسەفی) داوە، فەیلەسووفی نەرویژی ئارنە نێسە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٢ دا لە کۆنفرانسێکدا زاراوەی ژینگەناسی قووڵی ناساد. نێس پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان بیرکردنەوە و ژیاندا دروستدەکات: بیرکردنەوە ژیانە. کاتێک ژیان لە مەترسیدا بێت، بیرکدنەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. هەر لەبەر ئەوە دەبێت جۆری بیرکردنەوەمان بگۆڕبن، چونکە ژیان لە مەترسیدایە: ژیان لەسەر زەوی و بوونی بیرکردنەوە. بەبێ بیرکردنەوە توانای ڕزگارکردنی ژیان نامێنێت. هەروەها بەبێ ژیانیش بیرکردنەوە ڕزگاری نابێت. بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین کە هزرین دەبێت لە ئاست ژیان و سرووشدا وەفادار بێت. نێس دروشمە بنەماییەکانی “ژینگەپارێزی قووڵ”ی، کە خۆی لە هەشت خاڵدا دەبینێتەوە، داڕشتووە:
١. گەشە و خۆشگوزەرانی مرۆڤ و غەیرە مرۆڤ لەسەر زەوی خاوەن بەهای خۆیەتی؛ بەهای ناوەکی، بەها لەخۆیدا. ئەم بەهایانە پەیوەست بەو سوودەوە نین، کە هەیانە بۆ ئامانجە تایبەتییەکانی مرۆڤ.
٢. دەوڵەمەندیی و هەمەجۆریی ژیان یارمەتیدەرن بۆ جێبەجێبوونی ئەم بەهایانە و بۆخۆشیان بەهادارن.
٣. مرۆڤ هیچ مافێکی نییە کە لەم دەوڵەمەندیی و هەمەچەشنەییە بهێنێتە خوارەوە، ئەگەر بۆ پێویستییە ژیانەکییەکانی نەبێت.
٤. گەشانەوەی ژیان و کولتووری مرۆیی پەیوەستە بە ڕێژەی دانیشتوانەوە. هەر وەکچۆن گەشانەوەی بوونەوارانی دیکەش پەیوەستە بە کەمبوونەوەی ڕێژەی مرۆڤەکانەوە.
٥. لە ئێستادا دەستخستنە ناو ژیانی بوونەوەرەکانی دیکە لەلایەن مرۆڤەوە لەو پەڕیدایە، ئەمەش تا دێت زیاتر و خێراتر.
٦. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی سیاسەتەوە هەیە، کە دەبێتە هۆکاری دەستکاریکردنی بنەماکانی ئابووری، تەکنەلۆژی و ئایدیۆلۆژییەکان. ئەم دۆخەی لە ئەنجامی ئەم دەستکاریکردنەوە دێتە دی زۆر باشتر دەبێت لەوەی ئێستا تێیداین.
٧. گۆڕانی ئایدیۆلۆژیکی بەوە دەبێت کە بایەخ بە چۆنایەتی ژیانێکی بەهادار بدرێت(کەتیایدا بەهای ژیان دەردەکەوێت)، نەک بە جەختکردنەوە لەسەر ستانداردە باڵاکانی ژیان. بەم گۆڕانکارییە، جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان گەورەیی و شکۆداری دروستدەبێت. گەورەیی مانایەکی مادیی و جەستەیی هەیە، بەڵام شکۆداری مانایەکی مەعنەوی و نا مادیی هەیە.
٨. ئەو کەسانەی ڕای خۆیان دەخەنە پاڵ ئەو خاڵانەی سەرەوە، خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نازراستەوخۆ بەرپرسیار دەکەن بۆ هەوڵدان لە پێناو گۆڕانکاریی پێویستدا.
سەرچاوە؛
ڕێبوار سیوەیلی، فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی