فیلمی “نمایشەکەی ترومان” فیلمێکی ئەمریکی دەروونییە لە ژانری کۆمیدی و زانستی خەیاڵییە، لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن “پیتەر وێیر” کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لەلایەن “ئەندرێو نیکۆل” سیناریۆی فیلمەکە نووسراوە. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە “جیم کاری”یە وەک “ترومان بێربانک” ڕۆڵ دەبینێت” چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێک دەکات کە هەر لە ڕۆژانی ناوی سکی دایکییەوە تا قۆناغی مندالی و قوتابخانە و گەورەیی و گەنجی و هاوسەرگیری؛ هەموو ئەمانە لە جیهانێکی دەستکردایە و لە جیهانێکی راستەقینەوە وەک فیلمێک تەماشا دەکرێت. لەم فیلمەدا، دەکرێت وەک ئاماژەناسییەکی زۆر ورد باسی لێوە بکرێت، ئەگەر لە ڕووی سیناریۆ باس لەو ئاماژانە بکەین کە واتا و زانیاری هەڵدەگرن، من لێرەدا لەسەر “سیستەمی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤی مۆدێرن” دەدوێم کە لە “ترومان شۆو” بە ئاشکرا بەدی دەکەین، لێرەدا لەگەڵ ئاماژەدان بەو ژیانە مۆدێرنە پێویستە ئاماژە بە چەند شتێك بدەین:-
ترومان لە جیهانێکی دروستکراو کۆنترۆڵکراوی ساختە دەژی، کە هەموو شتێکی ئەو جیهانە نا ڕاستن جگە لە خودی ترومان، کەسێک ئەو جیهانە بەرێوە دەبات کە دەرهێنەرێکە و وەک وێنەیەک لە خودا شوبهاندووایە (تەنانەت کاتێک لە کۆتا دیمەندا کە قسە بۆ ترومان دەکات؛ تەنها دەنگێک لە ئاسمانەوەیە و پێی دەڵیت کە ئەو ئاگاداری هەموو قۆناغەکانی ژیانی بووە، تەماشای سات بە ساتی ژیانی کردووە، دەتوانێت کەش و هەوا کۆنترۆل بکات، دەتوانێت ڕێگری بکات لە خواست و ئامانجەکانی مرۆڤە ئاساییەکان بەرە و ئەو ڕێرەوە بیانبات کە خۆی دەیەوێت و پێی وایە شادی و هیوای هەزاران کەسن، هەروەک کە خۆی دەیڵێت، هەمیشە چاودێری دەکات و گوێم دەگرێت و توانای کۆنترۆڵکردنی هەیە) هەموو ئامانە نیشانە و ئاماژەن بۆ وێنەی دەرهێنەر وەک خودا، خودای ئەو جیهانەی کە ترومان تێیدا دەژی، هەروەها ئێمە بەردەوام لە جیهانێکداین کۆنترۆڵکراوین لەلایەن خوداوە، هەمیشە چاودێریمان دەکات، نووسەر پێی وا بووە ئێمە بەردەوام ئەو کارانە ئەنجام دەدەین کە خودا بۆی دیاری کردووین، هەر کات ئامانجێکی جیاواز لە ویستەکانی ئەومان هەبێت بەربەست دەخاتە رێمان، وەک خواستەکانی ترومان “خواستی سەفەرکردن-گەشتن بە خۆشەویستی”.
هەروەها یەکێک لە نیشانە گەورەکانی دیکەی کۆنترۆڵکردن لەم فیلمەدا، بابەتی “بازرگانییە و ڕیکلامە” وەک بەشێک لە سسیتەمی کەپیتاڵیزم لە جیهانی مۆدێرن، پێی وایە مرۆڤی مۆدێرن لە جیهانێکی سیاسییەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە، کاتێک بە درێژایی فیلم و ژیانە ساختەکەی ترومان بەرهەمە بازرگانییەکان دەبینین کە نمایشی پێ دەکرێت، وەک ڕیکلامی هەست پێنەکراو کە بە روونی لە جیهانی راستەقینەدا دەیبینین، کاریگەری لەسەر هەموو تاک و کۆمەڵگەیەک هەیە و پێی وایە لەدوای خودا ئیمە لەلایەن سیاسەتی مرۆڤایەتییەوە کۆنترۆڵکراوین بێ ئەوەی هەستی پی بکەین. وەک نمایشی (کاکاو، چەقۆ، خواردنەوەکان، پۆستەرە هەڵواسراوەکان) هەروەها یەکێکی دیکە لە کۆنترۆڵکردەکان دەریایە، دەریا لەلایەک وەک زیندانییەک و لەلایەن وەک ڕێگایەک بۆ ئازادی وێنا کراوە، کاتێک ترومان توانای دەرباز بوونی لە دەریا نییە و ترس دایدەگرێت، چونکە باوکی لەوێدا لەدەست داوە، بەهۆی خودی دەریاوە دەتوانیت رزگاری ببێت لە جیهانە زیدانییەکەی، کەواتە ئاو وەک گۆڕینی ڕێرەوی ژیان ئاماژەی پێ کراوە.
ترومان هەمیشە دەیەوێت سەفەر بکات و هەمیشە گۆڤارێک دەکڕێت و وێنەی ژنە جیاوازەکان پێکەوە دەلکێنێت، تاکوو وێنەی ئەو کچە بدۆزێتەوە کە خۆشیویستووە و بەردەوامە لەسەر ئەم کارە ڕۆتینییەی ژیانی، لێرەدا مرۆڤی ڕاستەقینە بۆ ئێمە نیشان دەدات کە دەیەوێت خۆی جیهانەکەی خۆی کۆنترۆل بکات و بگات بەوانەی ئەیەوێت، بە پێچەوانەی مرۆڤە ساختەکانی دیکە کە پێیان وایە ژیانی ئەوان ژیانی تایبەتی نییە، ژیانی گشتین و خواست و ئامانجی تایبەت و دیاری کراو بوونی نییە، ئەوانەی کە لەلایەن خودایەکەوە بۆیان دیاری کراوە ئەنجامی دەدەن. هەروەها دەرگای چوونە ژوورەوەی کاری ترومان کە دەرگایەکە بە سرووشتی دەخولیتەوە هێمایەکی دیکەیە بۆ سووڕی نەگۆڕ و دووبارە بوونەوەی ژیان، کە ترومان هەموو ڕۆژ بەو دەرگایە دەرواتە ژوورەوە وەک ژیانە سووراوە نەگۆرەکەی و ژیانە ڕۆتینەکەی، بەڵام لە چەند ڕۆژی تردا بە دەرگاکە ناڕوات و ڕێڕەوەکەی دەگۆڕێت و دەیەوێت بۆ ژیانێک هەنگاو بنێت کە خۆی دیاری بکات. سیناریۆی ژیان پیشوەختە نووسراوە، ئەمە ئەو بیروباوەرە بوو کە نووسەر بڕوای پێیەتی کاتێک لە فیلمی “ترومان شۆو” سیناریۆیەک بوونی هەیەو کۆمەلی ڕیڕەوی سەرەکی بۆ هەر کارەکتەرێکی راستەقینە دانراوە واتای ژیانی راستەقینە دەگەیەنێت کە هیچ هەنگاوێک خۆمان دیاری ناکەین و بۆمان دیاری کراوە، هەر سات ویستمان بەرەو خەونەکانمان هەنگاو بنێین بەربەست دەخریتە ریگامان .
بەشێکی دیکە لە کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێرن پارە و ناوبانگە، مرۆڤەکان ئامادەن کۆنترۆڵبکرێن لەبەر پارەو ناوبانگ، کاتێک هەموو ئەکتەرەکان و بەتایبەت ژنەکەی ترومان لەبەر پارەو ناوبانگ ئامادەیە هاوسەرگیری ساختە بکات، وەک سۆزانییەک لە پێش چاوی جیهان سێکس دەکات، خۆشەویستی راستەقینە نابەخشێت و وەرناگرێت، ساختەیی و کۆنترۆڵکردن قبووڵ دەکات لەبەر پارە و ناوبانگ کە ئەمە ژیانی بەشێکی زۆری مرۆڤی مۆدێرنە لەبەر سیستەمی کەپیتاڵیزم. فیلمی ترومان شۆو پراوپڕە لە هێماو ئاماژەی زۆر و ورد دەربارەی ژیانی راستەقینە و مرۆڤە راستەقینەکانی ژیان، تاکوو بتوانین لە بارەی ژیانی مۆدێرنەوە زیاتر بزانین، لێیەوە فیر ببین چونکە لە جیهانێکی ساختە ڕزگار ببین .
سەرچاوەکان :
https://en.m.wikipedia.org/wiki/The_Truman_Show
https://www.ourmovielife.com/2018/07/23/the-truman-show-in
https://studycorgi.com/sociological-concepts-in-the-truman-show