ئێمە لە سەردەمی مافی مرۆڤدا دەژین، زمانی مافی مرۆڤ لە هەموو جێگه و شوێنێکە، زمانێک کە بۆ دەربڕینی سەرەتایترین داواکاریەکانی دادپەروەری بەکاردێت. هەندێکیان داواکاری لە مێژینەن، وەک قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و کۆیلایەتی، هەندێکی تریشیان تازەترن، وەک بانگەشەکارییەکانی ئینتەرنێت و هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان. بەڵام مافەکانی مرۆڤ چین و لەکوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟
لە سەدەی دوازدەهەمەوە فەیلەسوفەکان مشتومڕیان لەسەر سرووشتی مافەکانی مرۆڤ کردووە، بەزۆری لەژێر ناوی “مافی سروشتی”دا. دەبوو ئەم مافە سرووشتیانە بۆ هەموو کەسێک بووایە و بە یاریدەی ئەقڵی سرووشتیمان بدۆزرێتەوە، بە پێچەوانەی ئەو مافانەی کە لەڕێی یاساوە دروستکراون یان هەر لەڕێی وەحی خوداییەوە هەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا لەهەر شوێنێک فەیلەسوف هەبووبێت، ناکۆکیش بوونی هەبووە. باوەڕهێنان بە مافەکانی مرۆڤ دەرگای ئەوەمان لەسەر دەکاتەوە کە چۆن دەتوانین وەک بنەمایەکی بەرگری ئەم مافانە بەکاربهێنین، بۆ نمونە، ئایا بەرگری لە پێداویستییەکانی مرۆڤ بە گشتی دەکات یان تەنها بنەمایەکە بۆ ئازادی هەڵبژاردن و ڕادەربڕین؟ وە ناکۆکیش لەسەر هەموو ئەو بوارانە هەبووە کە مافەکانی مرۆڤ دەیان گرێتەوە، کە ئایا پێویستە مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بگرێتەوە، وەک مافی تەندروستی و کارکردن. لەپاڵ ناکۆکی لەسەر مافە مەدەنی و سیاسیەکانیشدا، وەک مافی دادگایکردنی دادپەروەرانە و بەژداری سیاسی. بەڵام لە ئێستادا زۆرێک مشتومڕی ئەوە دەکەن کە پێویستە ناکۆکییە فەلسەفیەکان سەبارەت بە سرووشت و بنەچەی مافی مرۆڤ وەلاوە بنێین. لە سەدەی ٢١دا، مافەکانی مرۆڤ چیتر لە تێڕوانینە ناڕوون و تاریکییە فەلسەفییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو خراوەتە دەقی ڕەشی یاساوە. لە ئێستادا مافەکانی مرۆڤ ئەو مافانەن کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (١٩٤٨) و یاسا جۆربەجۆرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان چەسپێنراون.
ڕاستە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی یاسای مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ناوخۆیی و هەرێمی سەری هەڵداوە. کە بە ڕادەیەکی زۆر کاریگەری جۆر بەجۆری لێ کەوتوەتەوە. بۆ زۆرێک لە هۆکارە پراکتیکیەکان، ڕەنگە بتوانین پەنا بۆ ئەم یاسایانە ببەین کاتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەم ڕێبازە یاساییە جێی ڕەزامەندی نییە. بۆ چوونە ناو ناوەڕۆکی باسەکەمانەوە؛ یاسا هەموو کەسێک ناچار ناکات کە پێمان وایە پێویستە پابەندی مافەکانی مرۆڤ بن. بۆ نمونە، هەندێک دەوڵەت پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤیان پەسەند نەکردووە، یان بە شێوەیەکی تایبەت پەسەندکراوە، کە بە گشتی مافێکی ئەوتۆ نابێت بۆ لێپرسینەوە لەسەریان. وڵاتێکی وەک سعودیە دەتوانێت کورسییەک لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام پێداگیری لەسەر جیاکاریە جێندەرییەکان بکات، بۆ نمونە، هەتاکوو چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنان ڕێگریان لێدەکرا ئۆتۆمبێل لێبوخڕن، لەبەر ناکۆکی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی، بۆیە سازشی لەگەڵ پەیمانامەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕەزامەندبویان لەسەر ئەم پرسە کردووە.
سەرەڕای ئەوەش یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، وەک یاسای نێودەوڵەتی بەگشتی، نزیکە تەنها بەسەر دەوڵەتەکان جێبەجێ دەبێت. بەڵام زۆر کەس پێیان وایە کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، وەک کۆمپانیاکان یاخود دامەزراوەکان، کە داهاتەکانیان لە هەندێک حاڵەتدا لە بەرهەمی ناوخۆیی زۆربەی وڵاتان زیاترە، بەرپرسیارێتی جددی مافی مرۆڤیشیان لە ئەستۆدایە. کاتێک بەرهەمهێنەرانی وەک “نایک – Nike” منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی تۆپی پێ لە پاکستان، یان کاتێک دابینکەرانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی وەک یاهوو بە نهێنی ئیمەیڵی ناڕازییان ڕادەستی حکومەتی چین دەکەن، زۆرێک لە ڕەخنەگران نەک تەنها هەڵەی کۆمپانیاکان بەڵکو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیش ئیدانە دەکەن. تەنانەت ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند بووبێت بە یاساکانی ئەو وڵاتەی کە تێیدا کاردەکات. لە وەڵامی ئەو مەترسییەی کە کۆمپانیاکان بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ دروستی کردووە، “بنەما ڕێنماییەکانی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ (٢٠١١)” دروستکرا کە پێشنیاری “جۆن ڕوگی” زانای سیاسی زانکۆی هارڤارد بوو. ئەو بنەمایانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردەوە، لە ڕووی یاساییەوە پابەندکار نین بۆ هیچ وڵاتێک و کۆمپانیایەک. بەڵکو ئامانجیەتی بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە بەرپرسیارێتی مافی مرۆڤ پێشکەش بکات کە ڕاستەوخۆ کۆمپانیاکان بگرێتەوە، تەواو جیاواز لە هەر پابەندبوونێکی یاسایی کە لەوانەیە هەیانبێت. “ڕوگی” ئامانجیەتی کە ئەم بنەمایانە لە کۆتاییدا بۆ بڕیارەکانی کۆمپانیاکان لە هەموو ئاستەکاندا بەسوود بن، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو کە مافەکانی مرۆڤ یاسا و جێبەجێکردنیشی تێدەپەڕێنن.
بەڵام کێشەیەکی قووڵتر لە بەستنەوەی مافی مرۆڤ بە یاساکانی هەنووکەیی هەیە، یاساکان دروستکراوی مرۆڤە هەڵەکارەکانن، لەوانەیە باش یان خراپ بن، هەر بۆیە هەمیشە لەڕووی بنەما ئەخلاقییە سەربەخۆکانەوە کراوەن بۆ لێکدانەوە و ڕەخنە. لەم ڕوانگەیەوە یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ دیاری ناکات کە مافی مرۆڤ چییە؛ بەڵکو ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو مافە ئەخلاقیانەیە کە خۆی لەخۆیدا هەڵگریانین بەهۆی مرۆڤایەتیمانەوە. کۆیلایەتی و ئەشکەنجەدان و جیاکاری ڕەگەزی لەناکاو نەبوونە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تەنها لەبەرئەوەی لە ڕووی یاساییەوە قەدەغە کرابوون، بە پێچەوانەوە؛ ئێمە یاسای مافی مرۆڤمان هەیە بۆ ئەوەی هێز بدەین بە مافەکانی مرۆڤ، کە تا ڕادەیەک لەپێش دانپێدانانی یاساییەوەن. بەداخەوە تا ئێستا هیچ کۆدەنگییەک لە نێوان فەیلەسوفەکان یان هەر کەسێکی تردا، لەسەر چۆنیەتی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ وەک ڕاستی بابەتیی و سەربەخۆ لە یاسا نەکراوە. فەیلەسوفی ئەمریکی “ڕیچارد ڕۆرتی” هەوڵیدا ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم کوێرە ڕێیە بدۆزێتەوە. هەرچەندە لیبڕاڵێکی سەرسەخت بوو، پشتی لەو پڕۆژە فەلسەفییە کرد کە هەوڵی دابینکردنی پاساوێکی ئەقڵانی بۆ مافەکانی مرۆڤ بدرێت. ئەو نەک تەنها یاساکانمان، بەڵکو ئەم چالاکییەی ئێستا کە مافی مرۆڤ بووەتە ڕاستییەکی دامەزراو لە کولتوورەکەماندا بە بێمانای دەبینی. “چۆن دەتوانین پاساو بۆ مافەکانی مرۆڤ بهێنینەوە لەکاتێکدا بەلای ئێمەی ڕۆژئاوایی لیبراڵەوە زیاتر ناچارکەرانە دەبینێرێت لە هەر بیرۆکەیەکی تر کە ڕەنگە بۆ پاساوهێنانەوە بەکاری بهێنین؟” ڕۆرتی پێی وایە ئەرکی ڕاستەقینەی بەردەممان ئەرکی کردەیی بەرەوپێشبردنی پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهاندا، نەک ئەرکی فیکریی چەسپاندنی مافەکان لە پەیکەری واقیعدا. ئایا پشتبەستن بەو ڕاستییە گوماناوییە بەسە کە مافی مرۆڤ بەشێکی دانەبڕاوە لە کولتووری لیبراڵ دیموکراسی؟ یان پێویستە لەو کولتوورە پاشەکشە بکەین و پاساوێکی بابەتیانە بهێنینەوە بۆ ئەو بنەمایانەی تێیدا چەسپاون، کە فەیلەسوفەکان لە مێژە گریمانەیان کردووە؟ کێشەکە لەوەدایە کە چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان و گریمانە کولتوورییەکان نەک هەر لە نێوان کۆمەڵگاکاندا جیاوازییەکی بەرفراوانیان هەیە، بەڵکو نەرمیشن؛ هێزە جۆراوجۆرەکان لە جیهانگیرییەوە تا پڕوپاگەندە، دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە یان ببنە هۆی نەهێشتنیان. “ئایا مافەکانی دژی سێکسیزم یان جیاکاری ڕەگەزی نامێنن ئەگەر هەڵوێستی سێکسی یان ڕەگەزپەرستانە زاڵتر بن؟”
بیروباوەڕەکان سەبارەت بە قبوڵنەکردنی ئەشکەنجەدان یان مافی پەنابەران لەم دواییانەدا کاردانەوەیان لێکەوتەوە. ڕەنگە بەرانبەر پاشەکشە پێشکەوتنیش بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی لە هیچ ئاراستەیەکدا گەرەنتییەک ببینین. چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان و گریمانە کولتوورییە قووڵەکان بنەمایەکی بەس نین بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لەوەی کە یاسا هەیە. دژایەتییەکی دیار لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر زیادبوونی پاوانخوازی لە سەردەمی “دوای ڕاستی”دا هەیە، لە هەمان کاتدا واز لەو باوەڕە بهێنین کە پابەندبوونمان بەو مافانە خۆیان لە ڕاستییدا زەمینەسازی کراوە، و ئامادەبین بۆ بەرگریکردن لێیان لەسەر ئەم بنەمایە.