بەبۆنەی یادی ٧١ ساڵەی کۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیب “دامەزرێنەری یەکەم قوتابخانەی ئافرەتان لە کوردستان”
ئەمڕۆ ١٢ی نیسانی ٢٠٢٤، ساڵیادی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و ئافرەتی ناوداری کورد حەپسەخانی نەقیبە. حه‌پسه‌خان ناسراو به “حه‌پسه‌خانی نه‌قیب” کچی شێخ مه‌عروف به‌رزنجی نه‌وه‌ی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و ئامۆزای شێخ مه‌حموودی مه‌لیكی كوردستان و هاوسه‌ری شێخ قادری حه‌فید له ساڵی ١٨٩١ له شاری سلێمانی هاتۆته دنیاوه. مەعرووف بەرزنجی باوکی “نەقیب” بووە. ئەم پلەیەشی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە پێبەخشراوە بەو ھۆیەوە کە نوێنەری سادات و شێخان بووە. ساڵی ١٩٢٣ کە سمکۆی شکاك ھاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ کرا، ژنانی سلێمانی بە کاریگەریی حەپسەخان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
حه‌پسه‌خان له بنه‌ماڵەیەکی گه‌ورەی ئایین و زانست په‌روه‌ر و كورد په‌روه‌رده بووه و بووه‌ته یه‌كێك له ئافره‌ته هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی كوردستان، چونكه ژنێكی به‌خشنده‌ی چاوتێر و خێرخواز بووه و گه‌لێك زمان شیرین و ده‌روون پاك بووه، دیوه‌خانه‌كه‌ی هه‌رده‌م پڕ له ئافره‌تی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بووه و هه‌ر ئافره‌تێك تووشی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان دارایی بووبێ و زۆری لێكرابێ، په‌نای بردۆته به‌ر حه‌پسه‌خان و ئه‌ویش به‌دڵێكی فراوانه‌وه له كێشه‌كه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه و بۆی چاره‌سه‌ر كردووه و زۆر جاریش یارمه‌تییه‌كی باشی دارایی ئه‌و جۆره ئافره‌تانه‌ی داوه، تاوای لێهاتوه نه‌ك هه‌ر له ناو ئافره‌تاندا ڕۆڵ و نرخی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی هه‌بێت، به‌ڵكو له ناو هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا ڕێز‌و پایه‌یه‌كی تایبه‌تی هەبووە. ماڵ و دیوه‌خانه‌كه‌ی حه‌پسه‌خان قوتابخانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كورد بوو، ئافره‌تان لێیه‌وه فێری ڕه‌وشتی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بوون، له هه‌مان كاتیش‌دا مه‌ڵبه‌ندێكی به‌رزی نیشتمانپه‌روه‌ریش بوو، ئافره‌تان له‌و مه‌ڵبه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌و شێره‌ژنەی كورد، هه‌ستی كوردایه‌تییان ده‌ورووژا و بیری نەتەوەییان لا په‌روه‌رده ده‌بوو.
له‌وكاته‌ی كه له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ئافره‌تاندا باسی جلوبه‌رگی ئاڵ و واڵای ژنان و باسی ئه‌م و ئه‌و ده‌كرا، ده‌بینرا له كۆڕ و دیوه‌خانی حه‌پسه‌خاندا هه‌رباسی ڕه‌وشت پاكی و كوردپه‌روه‌ریی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی كورد و ئازادیی خاكی كوردستان ده‌كرا. حەپسەخان ئەو ئافرەتە مەزنە بوو کە هزر و ئامانجەکانی پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتبوو، گەورەیی حەپسەخان لەوەدابوو کە لەلایەن کۆمەڵگەی ئەوکاتەی کوردستان قبوڵکرا و قسەی ڕەتنەدەکرایەوە.
لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠ یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد بە سەرۆکایەتیی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە کە یەکەمین کۆمەڵەی ئافرەتان بووە لە کوردستان و دووەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێشتر خاتوو ئەنجوم یامولکی لەساڵی ١٩١٩ ڕێکخراوێکی لە شاری ئەستەنبوڵ دامەزراند بەناوی “کۆمەڵەی ژنانی کورد”. کاتێک حەپسەخانی نەقیب کۆمەڵەکەی دامەزراند، حەپسەخانی عیرفانەفەنی “خێزانی جەمیل سائیب” بووبە سکرتێری کۆمەڵەکە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تەنانەت لەو ڕۆژگارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
ئه‌م ئافره‌ته تێكۆشه‌ره كوردپه‌روه‌ره‌ی دڵسۆزی كوردستان، له ساڵی ١٩٣٠دا نامه‌یه‌كی سیاسی مێژوویی بۆ ڕێكخراوی “كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان” له “جنێف” نووسی و به ڕاشكاوی داوای مافی چاره‌نووسی كوردی كرد له‌سه‌ر خاكی كوردستان و ئه‌و داواكارییەی ئه‌و ئافره‌ته مه‌زنه ده‌نگێكی باشی دایه‌وه، به تایبه‌تی له‌وسه‌رده‌مه تاریكه‌ی كورد پێی تێده‌په‌ڕی. دکتۆر كەمال مەزهەر لەپەرتوكی “كورد و كوردستان لەبەڵگەنامە نهێنیەكانی حكومەتی بەریتانیا”دا باس لەنامەكەی حەپسە خان بۆ بەریتانیا دەكات كە لە٧ی ئەیلولی ١٩٣٠ ڕۆژێك دوای ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠ی بەردەركی سەرا نوسیویەتی و بە توڕەبون و بێ سڵاوكردن بە بەریتانیا دەڵێت: ئەمەیە دیموكراسی و عەدالەتەكەتان؟ نۆ جار دەستەواژەی یاسای بەكارهێناوە و بەرامبەر بە شەهید و بریندار و دەستگیركردنی كۆمەڵێك كورد لەڕاپەڕینەكەدا گلەیی و پلاری گرتۆتە بەریتانیا.
كاتێكیش كۆماری دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ له شاری مه‌هاباد دامه‌زرا، حه‌پسه‌خانی نەقیب به‌هه‌موو توانایه‌كی دارایی پشتگریی ئه‌و كۆماره ئازیزه ساوایه‌ی كوردی كرد و لەبه‌رامبه‌ر ئەو هه‌ڵوێسته‌یدا پێشه‌وای نەمر سوپاسنامه‌یه‌كی گه‌رمی بۆ نارد و ڕێزێكی زۆری لێنا.
حه‌پسه‌خان له بواری زانست و په‌روه‌ریی و بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری له‌ناو ئافره‌تانی كورددا ڕۆڵێكی باڵای هەبووە، بۆیه نه‌ك هه‌ر مایه‌ی شانازیی پێوه‌كردنی ژنانی كورد بووه، به‌ڵكو جێگه‌ی شانازی سه‌رجه‌م میلله‌تی كوردبووه، چونكه جگه له هه‌ڵوێستی چاكەخوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاریی خه‌ڵك و یارمه‌تی دانی هه‌ژار و كورد په‌روه‌ریی پڕ له دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، هه‌ڵوێستێكی به‌رزیشی بووه به‌رامبه‌ر به‌كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئافره‌تان بۆ له‌ناوبردنی نه‌خوێنده‌واریی كه ئه‌وساكه ده‌ردێكی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی بوو و له سه‌دا یه‌كی ئافره‌تانی كورد خوێنده‌وار نه‌بوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خانوی خۆی كرده قوتابخانه، تا ئافره‌تان ئێواران فێری خوێندن و نووسین ببن، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ی ئافره‌تان بووه له شاری سلێمانی و له هه‌موو كوردستاندا.
حەپسەخانی نەقیب بۆتە جێ بایەخی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنوسە بیانییەکان. چەندین جار قونسوڵ و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنوسە بیانییەکان سەردانیان کردووە و پرس و ڕاوێژیان لەسەر چەندین بابەتی سیاسی گرنگ لەگەڵ کردووە. خاتوو درەخشانی شێخ جەلالی حەفید دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ساڵی ١٩٥٠ بوو کە وەفدی ڕۆژنامەنوسی بەریتانی و قونسوڵی ئێران هاتن بۆ دیداری حەپسەخان، ست فاتمە قەفتان ووتەکانی حەپسەخانی وەردەگێڕا بۆ زمانی عەرەبی و پاشان وەرگێڕێکی تر لە زمانی عەرەبیەوە ووتەکانی وەردەگێڕا بۆ ئینگلیزی و بە پێچەوانەشەوە. خاتوو درەخشان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بەداخەوە تەنها ١ پرسیارم بیر ماوە کە بەریتانییەکان لە حەپسەخانیان پرسی. بەریتانییەکان لە حەپسەخانیان پرسی: بەڕای جەنابتان حکومەتی ئێران لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت پەیوەندی توندوتۆڵ بێت یان لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا؟ حەپسەخان لە وەڵامدا فەرمووی: هەتا دۆستیان زۆربێت کەمە، بەڵام مادام یەکێتی سۆڤیەت دراوسێیەتی و سنووریان پێکەوەیە، لەپێشترە پەیوەندی لەگەڵیاندا توندوتۆڵ بێت پاشان ووڵاتانی تر. بەریتانییەکان زۆر گفتوگۆیان لەگەڵ حەپسەخان کرد تا وەڵامێکی جیاوازی لێ وەربگرن، بەڵام حەپسەخان سوور بوو لەسەر وەڵامەکەی. پاشان بەریتانییەکان پرسیاریان دەربارەی پلەی خوێندەواری حەپسەخان کرد، باوەڕیان نەدەکرد پلەی خوێندەواری نزم بێت، بۆیە گومانیان لە ست فاتمە قەفتان کرد کە وەرگێڕانەکە وەک خۆی نەکات. بەڵام ست فاتمە بە بەریتانییەکانی ووت: ئەگەر کوردیتان بزانیبایە، سەرسامتر دەبوون بە وەڵامەکانی حەپسەخان.
ئه‌م ئافره‌ته مه‌زنه چاكه‌خوازه‌ی كورد له ته‌مه‌نی شه‌ست و دوو ساڵیدا له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕێككه‌وتی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣دا به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ناو ئافره‌تانی كوردستان به‌جێهێشت.
حەپسەخان وەک نموونە و ئیلهامبەخش بۆ گەنجان و ئافرەتان ڕۆڵی گێڕا و نیشانی‌دا بە ئیرادە و هەوڵ و کۆششی بەردەوام، گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگاکانماندا ئەنجام دەدرێت. ئەمڕۆ لە یادکردنەوەی حەپسەخانی نەقیب درێژە بەو ڕێگایە دەدەین کە بەهۆی ئامانج و بیرۆکەکانیەوە گرتوویەتیە بەر. هیوادارم بە سودوەرگرتن لە ژیان و کردەوە و هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی ئەم خانمە مەزنەی کورد، بتوانین بەرەو کۆمەڵگایەکی داینامیکتر و دادپەروەرتر و یەکسانتر هەنگاو بنێین.
لە ئێستادا و لەم هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، دروستبوونی حەپسەخانێکی تر زەرورەتێکی حەتمییە، بەتایبەت کە دەبینین شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بە جۆرێک تێکچووە هیچ پیرۆزییەک بەهای نەماوە و نموونەی حەپسەخانێکیش نابینین بتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕاندنەوەی بەها بۆ پیرۆزییەکانی نیشتیمان.
سەرچاوەکان:
١. Shahrzad Mojab (1987). Women in Politic and War: The Case of Kurdistan. (1987). Women in International Development, Michigan State University.
٢. Shahrzad Mojab (1996). Nationalism and Feminism: The Case of Kurdistan. Institut Simone De Beauvoir Institute Bulletin. Women’s Studies International Forum.
٣. Shahrzad Mojab (2000). Women and Nationalism in the Kurdish Republic of 1946. Kurdische Frauen und das Bild der kurdischen Frau.
٤. ژیان و تێکۆشانی حەپسەخانی نەقیب. ئامادەکردنی: درەخشان جەلال حەفید
٥. گفتوگۆ لەگەڵ خاتوو شنۆ شێخ لەتیف شێخ مەحمود حەفید