مالکۆم ئێکس ناسراوترین سەرکردەی نەتەوەیی ڕەشپێست بوو لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان. بەهێزی و سیاسەتی “بە هەر ڕێگایەک بێت” چالاکییەکانی پێناسە دەکرد. مالکۆم ئێکس چالاکوانێکی مافە مەدەنییەکان و وەزیرێک بوو کە لە ڕێگەی گرووپێکەوە بە ناوی نەتەوەی ئیسلام بانگەشەی بۆ دەسەڵاتی ڕەشپێستەکان دەکرد. ناوەکەی لە ناو ئەمریکا زۆر بیستراوە چونکە دیوێکی تری بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ساڵانی ١٩٥٠ و شەستەکانی نیشان ئەدا. ئەو کەسێکی ئاشتیخواز نەبووە و بەمجۆرە بەرامبەر بە چالاکوانانی دیکەی وەک دکتۆر مارتن لوتێر کینگ ڕوبەڕووکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی مالکۆم ئێکس سەرکردایەتی دەکرد جیاواز بوو لە چالاکوانانی دیکەی ئەو سەردەمە، چونکە ئەو خەباتێکی نەتەوەیی بۆ ڕەشپێستەکان دەکرد لەسەر یەکسانی.
“سەرەتای ژیانی مالکۆم ئێکس”
مالکۆم ئێکس وەک مالکۆم لیتل لە ١٩ی ئایاری ١٩٢٥ لە شاری ئۆماها لە ویلایەتی نەبراسکا لەدایکبووە. ئەو چوارەم منداڵ بوو لە هەشت منداڵی خێزانی لیتل. دایکی، لویس، خاوەن ماڵ بوو و باوکی، ئێڕل لیتڵ، بانگخوازێکی باپتیستی بوو و سەرکردەیەکی ناوخۆیی کۆمەڵەی گشتگیری باشترکردنی ڕەشپێستەکانی مارکوس گارڤی بوو. ڕووبەڕووبوونەوەی ئێکس لەگەڵ ڕەگەزپەرستیدا پێش ئەوەی تەنانەت لەدایکیش بێت دەستی پێکرد، و گروپە ڕەگەزپەرستەکان تا کۆتایی ژیانی ئەو و خێزانەکەشی تووشی ئازار دەکەن. کاتێک لویس لیتل دووگیان بوو بە مالکۆم، کۆمەڵێک ئەندامی کو کلۆکس کلانKKK بە تفەنگەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی خێزانەکە و داوای ئیرل لیتلیان کرد کە بێتە دەرەوە. خێزانەکە لە ساڵی ١٩٢٦ لە نەبراسکاوە ڕوویان لە ویلایەتی ویسکۆنسنەوە کرد و دواتر لە ساڵی ١٩٢٨ بۆ لانسینگ لە ویلایەتی میشیگان. خێزانەکەیان زوو زوو شوێنیان دەگواستەوەو بە هیوای ئەوەی کە لە هێرشەکانی گرووپی کو کڵەکس کڵان و ئەو گروپانەی تر کە سەر بە ئەوانن، وەک لەشکری ڕەش، ڕزگاریان بێت. بەڵام بێزارکردنەکە بەردەوام و زیاتر بوو کە خێزانەکە شوێنیان دەگواستەوە.
لە شاری لانسینگ، گرووپە ڕەگەزپەرستەکان پەنجەرەی ماڵی خێزانەکەیان شکاند و لە کۆتاییدا، کۆمەڵێک ماڵەکەیان بە تەواوی سوتاند. بەپێی ئێکس، “پۆلیسە سپی پێستەکان و ئاگرکوژێنەوەکان کە گەیشتن، لە دەوروبەری ماڵەکە وەستابوون وتەنها سەیری ماڵەکەیان دەکرد کە دەسووتا “، بەبێ ئەوەی هیچ یارمەتییەکی خێزانی لیتل بدەن. لە ساڵی ١٩٣١ دوای گواستنەوەی خێزانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی لانسینگ، ئێرل لیتل بە مردوویی لەسەر ڕێڕەوی ترامەکانی ناوچەکە دەدۆزرێتەوە. دوای ئەو هەڕەشە زۆرانەی کوشتن کە لیتل وەریگرتبوو، هاوسەرەکەی و خێزانەکەی پێیان وابوو کە لەلایەن ڕەگەزپەرستە سپی پێستەکانەوە کوژراوە. بەڵام پۆلیس ئەو هۆکارەی ڕەتکردەوە و دەیوت کە مردنی ئێرل تەنها ڕوداوێکی هاتوچۆ بووە. لە کاتێکدا کە لویس بڕێک پارەی بیمەی ژیانی وەردەگرت، کە مانگانە نزیکەی ١٨ دۆلار بوو، کۆمپانیای بیمەکە ئەو بڕە پارەیەی لێ بڕیو دەیوت کە مردنی ئێڕل دەرئەنجامی خۆ کوشتن بووەو بەو هۆیەوە خێزانی لیتڵ شایەنی ئەو بڕە پارەیە نین.
لویس، دایکی ئێکس، لە دواییدا دووگیان دەبێت بە یەکێک لە نیوە خوشکەکانی مالکۆم. بەڵام دوای ئەم ڕاگەیاندنە باوکی منداڵەکە دیار نامێنێت و لویس تووشی تێکچوونی دەروونی دەبێت. لە ساڵی ١٩٣٨ لە نەخۆشخانەی ویلایەتی کالامازوو وەک نەخۆشێک وەردەگیرێت و نزیکەی ٢٥ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. وە دوای ماوەیەکی کەم منداڵەکانی ڕەوانەی ماڵی بەخێوکەری جیا جیا دەکرێن. مالکۆم ئێکس پێش ئەوەی دەست بە خوێندنی ئامادەیی بکات لە شاری مەیسۆن لە ویلایەتی میشیگان لە چەندین ماڵی بەخێوکردندا دەژیا. لە پۆلێکدا کە خوێندکاری ڕەشپێست زۆر کەم بوو، زۆریان خۆشدەویست و لە خوێندندا سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوەی مامۆستایەکی سپی پێست پێی دەڵێت ئامانجەکەی کە پارێزەر بوون بوو ناڕاستەقینەیە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە ساڵی ١٩٤١ وازی لە خوێندن دەهێنێت، دواتر ڕووی لە بۆستن کرد و کاری جیا جیای دەکرد تا تەمەنی ٢١ ساڵی، هەمان شتی دەکرد دوای ئەوەی لە نێوان فلینت ، میشیگان، هارلم، و بۆستن شوێنی دەگوازیەوە.
مالکۆم ئێکس جگە لە کارە جیا جیاکانی لە سەرتاسەری شارەکەدا پەیوەندی بە کاری قومارکردن و فێڵبازی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە، و لە ساڵی ١٩٤٦دا خۆی و چوار پیاوی دیکە بەهۆی دزیکردن لە بۆستن دەسگیردەکرێن. تۆمەتەکەی ئێکس ئەوە بوو کە گوایە ئەو گروپە خێزانە دەوڵەمەندە سپی پێستەکانیان کردبووە ئامانج، و ئێکس لەسەر ئەو تاوانە سزای ٨-١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
“مالکۆم ئێکس لە نەتەوەی ئیسلامدا NOI”
نەتەوەی ئیسلام (NOI) لە ساڵانی ١٩٣٠ وەک بزووتنەوەیەکی ڕەگەزئایینی دامەزراوە کە سەرنجی لەسەر ناسیۆنالیزمی ڕەشپێستەکان و ڕەوەندی ئەفریقی بوو. ئامانجی گروپەکە وەرگرتنەوەی ناسنامەی ئیسلامی ڕەسەنی ئەمریکییە ئەفریقییەکان بوو، هەروەها ئایینی مەسیحی وەک ئامرازێکی باڵادەستی سپی پێستەکان ئیدانە کرد. لە کاتێکدا کە NOI هەرگیز بە فەرمی بە بەشێک لە ئیسلام نەزانراوە، بەڵام بە “نیمچە ئیسلامی” دادەنران. ئەوان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو بەشەکانی ئیسلامیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی باوەڕیان پێی هەبێت، ئامانجی سەرەکیشیان پەرستنی اللە نەبوو بەڵکو ڕێزگرتن بوو لە هۆزی شاباز کە بە یەکەم مرۆڤ و موسڵمانیان دەزانی. بۆ NOI هەر کەسێک پێستی کاڵ نەبێت و بە ڕەچەڵەک ئەوروپی ڕۆژئاوایی نەبێت، دەتوانرێت بە ڕەشپێست و لە هۆزەکە هەژمار بکرێت. ئامانجیان ئەوە بوو کە ئیلهام ببەخشن بە ئەمریکییە ئەفریقییەکان بۆ ئەوەی هەڵبێن بۆ ئەفریقا بۆ ئەوەی لە ستەمی ڕۆژئاوا ڕزگاریان بێت. لە ئەمریکا ئامانجی NOI بوو بۆ ڕاکێشانی ئەمریکییە ئەفریقاییە بێمافەکان لە گەڕەکە هەژارەکان و زیندانەکاندا، بەڵام لە کەمپەکانی کۆلێژەکانیشدا.
مالکۆم لیتل بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی نامەکانی خوشک و براکانیەوە بە NOI ناسێندرا، کە لە کاتی تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی لە ویلایەتی ماساشوستس وەریگرت. لە سەرەتادابەلایەوە گرنگ نەبوو، بەڵام ڕیجیناڵدی برای مالکۆمی ڕازی کرد کە ئایینی بگۆڕێت دوای ئەوەی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەڵکی سپیپێست هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان خراپ بووە. لەگەڵ ئەمەشدا مالکۆمزۆر ڕقی لە ئایینی مەسیحی بوو. بۆیە خێرا پەیامی NOI وەرگرت و بۆ ئیلیا محەمەد سەرۆکی گروپەکەی نووسی و لە ژێر چاودێری ئەودا بوو بە موسڵمان.
دوای ئازادکردنی لە ساڵی ١٩٥٢، مالکۆم ناوی کۆتایی خۆی گۆڕی بۆ X، ئەمەش جیابوونەوەیەکی هێمادارە لە “ناوی کۆیلە”ی لیتل، کە ئیدیعای دەکرد لەلایەن خاوەن کۆیلە ئەمریکییەکانەوە دراوە بە باوباپیرانی. مالکۆم دەبێت بە وەزیر لە NOI و وەک یاریدەدەری وەزیری پەرستگای ژمارە 1ی نەتەوە لە دیترۆیت دەستنیشاندەکرێت، دواتر ڕووی کردەوە بۆ بۆستن بۆ دامەزراندنی پەرستگای ژمارە 11ی نەتەوە. بەردەوام بوو لەم فراوانکردنە و لە ماوەی سێ ساڵدا سێ پەرستگای دامەزراند. بەشدارییەکی بەرچاوی لە بنکەی ئەندامێتی NOIدا کرد و تا کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٥٠ وەک وتەبێژی سەرەکی نەتەوە دەستنیشانکرا. پێگەی فەرمی مالکۆم ئێکس وەک نوێنەری نیشتمانی نەتەوەی ئیسلام وای لێکرد ببێتە ژمارە دوو لە فەرماندەیی ڕێکخراوەکەدا لەگەڵ ئیلیا محمد. لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ NOI، ئەندامێتی لە نزیکەی 400 ئەندامەوە بۆ نێوان 25,000 بۆ 50,000 ئەندام فراوانتر بوو.
“پەرەسەندنی چالاکوانێک”
مالکۆم ئێکس ڕووخسارێکی گشتی کاریزماتیک و سەرسەخت و سۆزدار بوو بۆ NOI. لەڕادەبەدەر قسەخۆش و قۆز بوو وە باڵای زیاتر لە شەش پێ بوو، ئەمەش وای لێدەکرد لە ڕووی جەستەییەوە ترسناک بێت. ناوبراو بەناوبانگترین ئەندامی NOI بوو لە میدیاکان و چەندین وتار لە زانکۆ گەورەکانی وەک هارڤارد و ئۆکسفۆرد پێشکەش دەکرد. هەروەها بە بانگەشەی لە شەقامەکانی ئەو شارانە ناسرابوو کە سەرکردایەتی پەرستگاکانی تێدا دەکرد. لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ NOI، هەروەها هاوسەرگیری لەگەڵ بێتی ساندەرز کردووە، کە ناوی خۆی گۆڕی بۆ بێتی ئێکس و پەیوەندی بە نەتەوەی ئیسلامەوە کرد. ئەو دوو هاوسەرە لە ماوەی هەشت ساڵی هاوسەرگیرییەکەیاندا شەش کچیان پێکەوە هەبووە. ئێکس فۆیلێکی تیژ بوو بۆ هەموو بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەو کاتە. ئەو لەگەڵ بۆچوونە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکەدا ناکۆک بوو، بەتایبەتی ئەوانەی بانگهەشەی یەکگرتن و ناتوندوتیژیان دەکرد، کە بەشێکی زۆری لەلایەن دکتۆر مارتن لوتێر کینگ جونیۆرەوە بەرەوپێش دەبران. گرنگترین پرسەکان بۆ ئێکس نموونەیی ناسنامەی ڕەشپێست و سەربەخۆیی بوون. ئەو بیرۆکانەی سەرزەنشت دەکرد کە دایانوت پێویستە مافە مەدەنییەکان لەسەر توانای دانیشتن لە چێشتخانە یان پێشەوەی پاس چڕ بکرێتەوە.
هەروەها ئێکس ڕێبازێکی توندتری گرتەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ڕەشپێستی ئەمریکی. ئەو هانی شوێنکەوتووانی دەدا کە بەرگری لە خۆیان بکەن “بە هەر شێوەیەک کە پێویست بێت”، چونکە بە پێچەوانەی دکتۆر کینگ، ئێکس پێیوابوو کە نافەرمانی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانی پاسیڤ جگە لە توندوتیژی زیاتر دژی خەڵکی ڕەشپێست هیچی تر بەدوای خۆیدا ناهێنێت. لە ماوەی تەواوی ژیانی پیشەییدا لە ژێر چاودێری چالاکدا بوو لەلایەن FBI ەوە بەهۆی هەڵوێستەکانی سەبارەت بە مافە مەدەنییەکان.
سەرەڕای پەیوەندی قووڵی بە NOI، مالکۆم ئێکس لە ساڵی ١٩٦٤ بەهۆی چەندین جیاوازی ئایدیۆلۆژییەوە لە ڕێکخراوەکە جیابووەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە کاریگەریی توندی ئیلیا محەمەدەوە هەبوو. ئێکس لەبری ئەوە ڕێکخراوێکی نەتەوەیی ڕەشپێستەکانی بە ناوی مزگەوتی موسڵمان ڕێکخراو دروستکرد، لەوێدا خواستی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ سەرکردەکانی تری مافە مەدەنییەکان. لەو ماوەیەدا سەردانی مەککە دەکات و پڕۆسەی حەج ئەنجام دەدات و دەبێت بە موسڵمانێکی سوننی. ئێکس بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چارەسەری کێشە ڕەگەزییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی ئیسلامەوە دەتوانرێت بدۆزرێتەوە. بەبێ گوێدانە بۆچوونە جوداخوازییەکانی ڕابردووی، مالکۆم ئێکس بەشداری دانیشتنێکی ئەنجومەنی پیرانی کرد سەبارەت بە پڕۆژە یاسای مافە مەدەنییەکان لە واشنتۆن دی سی، لەوێ بۆ یەکەمجار و تاکەجار بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بە دکتۆر کینگ کەوت. وێنەکانی ئەم کۆبوونەوەیە جۆرێک لە گۆڕانکاری هێمادار بوون لە چالاکییەکانی ئێکسدا، کە سووڕا بۆ فۆرمەکانی دژایەتیکردنی مافە مەدەنییە ناتوندوتیژترەکان. جگە لەمەش، ئێکس دەستی کرد بە گۆڕانکاری بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی بە دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی ئەفرۆ-ئەمریکی، بۆ بەستنەوەی دۆخی نالەباری ئەمریکییە ڕەشپێستەکان بە مافەکانی خەڵکی ئەفریقایی لە ناوچە گەشەسەندووەکانی جیهان.
“تیرۆر و میراتی مالکۆم ئێکس”
پچڕانی مالکۆم ئێکس لەگەڵ نەتەوەی ئیسلام گرژییەکانی نێوان سەرکردە و گرووپەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکرد. هەڕەشەی تووندوتیژی، لەوانەش مردن، شتێکی باو بوو. گۆڕینی بۆ ئیسلامی ئۆرتۆدۆکس، هەروەها داکۆکیکردنی لە مافە مەدەنییەکان کە لە NOI جیابووەوە، بەشدارییان لە پەرەسەندنی دوژمنایەتیدا کرد. لە ٢١ی شوباتی ١٩٦٥، مالکۆم ئێکس لەکاتی پێشکەشکردنی وتاردان لە شاری نیویۆرک لە هۆڵی ئاهەنگی ئۆدۆبۆن تیرۆرکرا. لە پشکنینی جەستەیدا دەرکەوت کە ئێکس ٢١ برینی گولەی هەبووە، وە لە دوایشدا سێ چەکداریش بەهۆی تاوانەکەوە دەستگیرکران. هەر سێ بکوژەکەی ئێکس ئەندامی نەتەوەی ئیسلام بوون. تاکە تەقەکەری پشتڕاستکراوە تالماج هایر بوو کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠دا پارێزبەندی لێکرا، دوو تەقەکەرەکەی دیکە بابەتی مشتومڕن، چونکە دوو پیاو سزا دراون بەڵام سزاکانیان هەڵوەشاوەتەوە دوای ئەوەی دەرکەوت بەڵگە سەرەکییەکان لە کاتی دادگاییدا شاردرابوونەوە. لێس و تامارا پێین کە ژیاننامەی مالکۆم ئێکسیان نووسیوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دوو بکوژەکەی دیکە ئەندامی پەرستگای NOI نیوارک لە ویلایەتی نیوجرسی بوون.
تا ئێستاش مالکۆم ئێکس بە یەکێک لە کاریگەرترین ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە مێژوودا دادەنرێت. ئەو بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان دانا کە چالاکوانانی دیکە نەیانتوانی، تا ئەو جێگایەی کە داکۆکییەکەی، بۆ زۆرێک لە ڕەشپێستەکانی ئەمریکا، خەباتەکەیان بە وردیتر لەخۆبگرێت. هەروەها شانازیی بەوە دەکرێت کە هەوایەکی خۆبەگەورەزانینی بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمریکی دروستکردووە و دووبارە بەستنەوەی بە میراتەکانیانەوە. هەروەها مالکۆم ئێکس تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە کۆمەڵگا ڕەشپێستەکان لە سەرانسەری ئەمریکا. ئایدۆلۆژیای ئەو بنەمای بزووتنەوەکانی چالاکوانە ڕەشپێستەکانی وەک بزووتنەوەی دەسەڵاتی ڕەشپێست و بزووتنەوەی هونەری ڕەشپێستەکان بوو. هەروەها شانازیی بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ناسێنەرەکانی وەک “ڕەش” و “ئەفرۆ-ئەمریکی” دەکرێت بەسەر ئەوانەی وەک “ڕەنگدار” و “نیگرۆ” کە لەو کاتەدا بەکاردەهێنران. جگە لەم دەستەواژانە، دەکرێ دروشمی “ڕەش جوانە” بگەڕێنرێتەوە بۆ مالکۆم ئێکس.
هەرچەندە مالکۆم ئێکس کەسایەتییەکی مشتومڕاوی بوو لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان، بەڵام میراتەکەی درێژدەبێتەوە بۆ بزووتنەوە هۆشیارییە ڕەشپێستەکان کە تا ئێستاش بەردەوامن. وەک لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت: “لە سەرەتای ژیانمدا فێربووم کە ئەگەر شتێکت بوێت، باشترە هەندێک دەنگە دەنگی بۆ دروست بکەیت.” کاریگەری ئەو بەنرخی بێئەندازە بوو بۆ دروستکردنی ژاوەژاو لە شەڕی دژی ڕەگەزپەرستیدا، بە چ ڕووداوی و چ سیستماتیکی، کە تا ئێستاش لەلایەن ڕەشپێستەکانی ئەمریکاوە بەڕێوەدەچێت.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/life-of-malcolm-x
وهرگێڕانی ئهحمهد ڕێبوار