“به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی بێ‌ناز، عه‌لی زه‌ندییه‌وه”
“پێشه‌کی؛ هونه‌ر، زمان و ئایدۆلۆژیا”
مێژووی خه‌باتی سیاسیی ئێمه هاوکات مێژووی گۆرانی و هونه‌ری ئێمه‌ش بووه، به‌و مانایه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی خوازراو یان نه‌خوازرا هونه‌ری ئێمه به گشتی و گۆرانی ئێمه به تایبه‌تی له خزمه‌تی دۆزی کورد بووه، ئه‌مه ته‌نها ناگه‌ڕێته‌وه بۆ وشیاریی گۆرانیبێژ یان هونهرمهندهکهشهوه به‌ڵکوو به‌زۆریی به‌ند بووه به دۆزی کورد و سیاسهتزهدیی هه‌موو توخمه پێکهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو و له‌ت له‌تبوو. واته دۆزی کورد هه‌ڵگری ئه‌و سیاسه‌ت ئاژنگکرانه بووه که هیچ توخم و ماکێکی کولتووری و هیچ کام له جومگه‌کانی بوونی له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت مانا نه‌کراوه‌ته‌وه، باشتر وایه بڵێین ئه‌مه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، واته سیاسه‌ت بووه به شوناسی کورد و هه‌موو توخمه پێکهێنه‌ره‌کانی شوناسیشی به جلوبه‌رگ و ڕێوره‌سمی وه‌رزانه‌ی وه‌رزێران و جووتیارانه‌وه تاکوو زمان و ئاخاوتن، ده‌لاله‌ت و ڕه‌مزی سیاسیی هه‌ڵئه‌گرن، به‌شێوه‌ی ئاسایی و سرووشتیی زمان، ماف و پێدراوێکه که خێڵ، نه‌ته‌وه، کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگاکان لێک هاوێر ده‌کات به‌ڵام کاتێک ئه‌م مافه سرووشتییه له هاوکێشه و گه‌له‌کۆمه‌یه‌کی سیاسی‌دا کرا به مافێکی زه‌وتکراو.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنیته‌وه هه‌ناسه‌دانه له سه‌نگه‌ری به‌رخۆدان و وه‌رگرتنی ماف دا، چ بته‌وێ و چ نه‌ته‌وێ، چ ئه‌م سه‌نگه‌ره ڕاسته‌قینه و له سه‌ر چیا و گردۆڵکه‌کان بێت، چ به شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی مه‌ته‌رێزی وشه و به‌ند و باو و مه‌قام و به‌سته و حیکایه‌ت بێت، زۆر به که‌می هونه‌رمه‌ندانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌کی قووڵ ڕۆچوونه‌ته ناو ئایدۆلۆژیاوه، بێگومان ئێسته ده‌توانین به ئاسانی ناوی چه‌ند هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ بهێنین که سه‌ربورده‌یه‌کی پته‌وی ئایدۆلۆژیک و پێشمه‌رگایه‌تیی فڵان و فیسار ڕه‌وت و ڕێبازی ئایدۆلۆژیکیشیان هه‌بووه و هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش به‌تایبه‌تی سروود و به‌گشتی گۆرانیان داناوه، به‌ڵام به ئاسانی ده‌توانین ناوی سه‌دان هونه‌رمه‌ند یان گۆرانیبێژ یان باشتره بڵێین به‌ندبێژ بهێنین که له ناو هاوکێشه‌ی سیاسهتزهدهی زمانی کوردی‌دا ئیش ده‌که‌ن، به‌ڵام جگه له ئه‌و زمانه که ئامرازیانه به‌کاری ده‌هێنن هیچ ئایدۆلۆژیایه‌کیان نییه، ئایدۆلۆژیا به پێوه‌ری نه‌زانی و ناوشیاری، ئه‌وه‌ی هه‌یه لای ئه‌وان زمانێکه له کۆمه‌ڵگادا و به‌پێی جه‌بری مێژوو و جوگرافیا به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه، زمان ئه‌گه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا کاڵاش نه‌بێت ئه‌وا سته‌یج و شووشهبهندێکه بۆ پێشکه‌شکردنی کاڵا و به‌ده‌ستهێنانی پاره و سه‌مایه‌کی بازرگانیی به‌شێک له‌م دۆخه، گشتگیر و جیهانگیره، سیسته‌می زاڵکراوی سه‌رمایه‌دارییه و ئێمه‌شی له حاڵه‌ته خوار و خێچ و مافیا و گهعدهییهکهیدا گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شی دیکه‌ی نه‌ک ته‌نها به‌هۆی نه‌بوونی ئایدۆلۆژیایه‌کی دیار و وشیارانه‌یه به‌ڵکوو گرێدراوی نه‌بوونی ئه‌و هه‌ست و سۆز یان ئه‌و ئاره‌زوو و تاسووقه ڕه‌سه‌نه هونه‌رییه‌یه که بۆ کاری هونه‌ری پێویسته.
ئه‌م جۆره له هونه‌ر به‌ر له‌وه‌ی له ناو خه‌یاڵدانی گشتی و دۆزی کوردبوون و هۆنراوه‌ی کتێبه‌کانه‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه به‌رهه‌می مه‌کیاج و نواندن و کامێرا و شاشه‌کانه، ئه‌و شته‌ی که له مێژووی هونه‌ریی زۆرێک له ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌کانی ئێمه‌دا نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌کی وشیارانهشیان نه‌بووبێت یان له ناو دۆزی کورد “ئاگایانه یان نائاگایانه” ژیاون و چڕیویانه یان تاسووق و حه‌زی ڕه‌سه‌نیان بۆ هونه‌ر به‌قووڵی گرێ‌دراو بووه به‌و سه‌رچاوه و خه‌یاڵدانه گشتییه‌ی زمان و یادگه‌ی کورده‌وه و خودی ئه‌مه‌ش له ناو که‌شێکی سیاسی‌دا پێمل به هه‌ناسه‌دان کراوه، بۆیه هونه‌رمه‌نده ڕه‌سه‌نه‌کانی ئێمه، وشیارانه یان ناوشیارانه سیاسیی بوون، ته‌نانه‌ت به بێ ئایدۆلۆژیا به مانا باو و ڕێبازتهوهرهکهی، هونه‌رمه‌نده ناڕهسهنهکانیشمان له گه‌مارۆی کامێرا و شاشه و بازاڕدا هونه‌ر و ده‌نگ و ڕیتم مه‌کیاج ده‌که‌ن، بۆیه ده‌کرێت لێره‌دا دوو جۆر ئایدۆلۆژیا لێک هه‌ڵاوێرین؛ ئایدۆلۆژیای سیاسی “ناوشیارانه یان وشیارانه” و ئایدۆلۆژیای بازاڕ. ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان به باره ناوشیارانهکهیدا ڕه‌نگه هه‌موو ئه‌وانه بگرێته‌وه که ته‌نانه‌ت نه‌زانن چڕینی هۆره یان دانانی گۆرانییه‌ک یان وتنه‌وه‌ی سروودێک داکۆکیی له دۆزی کورد ده‌کات و جۆره تهقهکردنێکه له دوژمن له مه‌ته‌رێزی ڕه‌مزیانه‌ی هونه‌ر و گۆرانیدا. ئه‌وه‌ی دووهه‌میش به باره وشیارانهکهیدا هه‌موو ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان و له قۆناغێک له قۆناغه‌کان ئایدۆلۆژیایه‌کی چه‌پ یان ڕاستیان هه‌ڵبژاردووه و دواتر یان درێژه‌یان داوه‌تێ یان وازیان لی هێناوه. ئێمه له هه‌ر دوو شێوه‌که‌یدا نموونه‌مان هه‌یه که پێویست به هێنانه‌وه‌یان ناکات.
ده‌کرێت بارێکی نیوهوشیاریش باس بکه‌ین که ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه مه‌عریفه‌یه‌کی نیوه‌چڵ و ناته‌واویان به‌نیسبه‌ت چالاکییه ڕه‌مزییه‌که‌ی خۆیان هه‌یه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ باسه‌که‌ی من به‌سووده ئایدۆلۆژیا به‌واتا سیاسییه‌که‌یه‌تی و ئایدۆلۆژیای بازاڕ ته‌نها بۆ خه‌ستکردنه‌وه‌ی هێڵی هه‌ڵاواردنی نێوان ئه‌م دوو جۆره له ئایدۆلۆژیا به دوو ماهییه‌ت و مه‌به‌ستی جیاوازه‌وه. دیاره “سیاسی”یش له‌م لێکدانه‌ی ئایدۆلۆژیای سیاسی “وشیارانه و ناوشیارانه” به واتای په‌یوه‌ستبوون به جۆرێک له جۆره‌کان به ڕێکخراو یان دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسی نییه به‌ڵکوو هه‌ناسه‌کێشان و بوونه له ناو ئه‌و دۆزه سیاسهتئاژنگکراوهی کورده که له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری.
“هونه‌ر وه‌کوو خولانه‌وه‌ی ناجێگیر له بازنه‌ی ئایدۆلۆژیا”
پێش ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و پۆلێنبه‌ندییه‌ی سه‌ره‌وه بڕۆینه پێشه‌وه، ده‌بێت بڵێم هونه‌ر به هه‌موو فۆرمهکانیییهوه (فیلم، ڕۆمان، مۆسیقا، شیعر و گۆرانی و… هتد)خۆی له ئایدۆلۆژیا ده‌دزێته‌وه یان با بڵێم ئایدۆلۆژیا ناتوانێت داگیری بکات، به‌ڵکوو هونه‌ر له هه‌موو فیگه‌ر و فۆرمه‌کانیدا به‌تایبه‌ت له ژانێرێکی وه‌کوو شیعردا دژه ئایدۆلۆژیایه، چونکه هونه‌ر به قووڵی له‌گه‌ڵ زه‌ینی ناوشیار و خه‌ون و جوانیناسیی مرۆڤ وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی ئۆقره‌نه‌گرتوو و جوانپهرهست و خاوه‌ن پرسگره وجوودییه‌کان هه‌ڵپێکراوه، ئه‌مه واده‌کات کاتێک که ئێمه هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێک “لێره‌دا گۆرانیبێژێک” له‌م چاویلکه‌یه‌وه هه‌ڵئه‌سه‌نگێنین وریای ئه‌مه‌ش بین که ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند ئایدۆلۆژیستیش بێت ناتوانێت له هونه‌ردا ئایدۆلۆژیستێکی به‌رده‌وام و دۆگم بێت، ئه‌گه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بێت ئیتر ئه‌و وته‌بێژ و ده‌نگبێژی ئایدۆلۆژیایه نه‌ک گۆرانیبێژ و ده‌نگبێژی هونه‌ر، ئه‌گه‌رچی دۆزی کوردبوون ئایدۆلۆژیای سیاسیی به‌و مانایه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسم کرد به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان (وشیار یان ناوشیار) ئه‌ستۆگری ئێمه کردووه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش هونه‌ری کوردی دره‌وشانه‌ی خۆی هه‌بووه و هه‌یه. له هه‌ر دوو ئاسته وشیارانه و ناوشیارانهکهیدا ئایدۆلۆژیا ده‌بینێت، ده‌یگێڕێته‌وه و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێت، ڕه‌خنه‌ی ده‌کات، له بێژنگی ده‌دات و سه‌رووتر له‌ویش ده‌جمێت، دێته‌وه و دیسان گه‌ڕێکی دیکه له ناجێگریی، به‌م تێڕوانینه‌وه ده‌شێت له‌سه‌ر ده‌نگێکی ڕه‌سه‌ن و نه‌مری وه‌کوو ڕه‌وانشاد “عه‌لی زه‌ندی” بڵێم سه‌ربورده‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له ناو ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده خاوه‌ن ئه‌زموون و ده‌نگخۆشه ئه‌گه‌رچی شیعری مامۆستا ساڵح دیلانی کردووه به گۆرانی (یان دووپاتی کردووه‌ته‌وه)، که به‌شی زۆرمان به‌ناوی “مامه‌کوڕنوو…” بیستوومانه.
هه‌روه‌ها شیعری غوڵامره‌زا خانی ئه‌رکه‌وازی؛ (1775-1840) شاعیری به‌رزی ئه‌ده‌بی گۆرانی ناوچه‌ی ئیلامی کردووه به گۆرانی و به ژه‌نینی ته‌مبووره‌وه خوێندوویه‌تی و به‌ناوی “وه باوه‌یاڵ دیم” له یاده‌وه‌ریماندا جێگیر بووه، به‌ڵام ئودیسه و سه‌فه‌ری ناجێگیرانه‌ی ئه‌و زۆر هه‌وراز و نشێو ده‌برێت. ئه‌مه دوو نموونه‌ی ساده‌ن له هه‌ڵبژاردنی شیعر و ناوهرۆکبهخشین به ئاواز و فۆرمی گۆرانییه‌کانی، به‌ڵام ڕه‌نگه به که‌می ئێمه بزانین که به‌شێکی زۆری شیعری گۆرانییه‌کانی ڕه‌وانشاد “عه‌لی زه‌ندی” له شیعره‌کانی سۆفی و شاعیرێکی ناوچه و ده‌ڤه‌ری له‌یلاخ واته مه‌لا حامید ئاڵیجانی وه‌رگیراوه، ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بناسێت و گوێگری کاره‌کانی بووبێت ده‌زانێت که به ده‌یان جار له مه‌قام و بهستهکانیدا ناوی “حامید” هاتووه چونکه شیعره‌که هی حامید بووه (به‌داخه‌وه دیوانی حامید ئاڵیجان نزیکه‌ی ده بۆ پانزه ساڵ پێش ئێسته و به ژماره‌یه‌کی که‌م و ته‌نها یه‌کجار له چاپ درا و من ئه‌و دانه‌یه‌ش که هه‌مبوو فه‌وتاوه به‌ڵام شیعری ئه‌و گۆرانیانه‌م له‌و دیوانه‌دا بینیوه). “حامید سا توخوا هه‌نی وه‌سه‌ن وه‌س/ به‌س سه‌نای باڵای دووری دیده مه‌ست/په‌ی تۆ عه‌یبه‌ن سه‌نای زوڵف و خاڵ/ تاریخ عومرت گه‌یشته چه‌ند ساڵ…”ئه‌مه یه‌کێک له شیعره‌کانی مه‌لا حامیده که ئه‌م هونه‌رمه‌نده کردوویه به گۆرانی، ئه‌م شیعره‌ی به شێوه‌ی مه‌قام و به‌سته به ئاوازی جیاواز وتووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین شیعری دیکه‌ی ئه‌م مه‌لا و عاریفه گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌شی زۆر ئه‌وا ده‌توانین بڵێین به‌شێکی به‌رچاوی مه‌قام و به‌سته‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده شیعری عارفانه‌ن، ته‌نانه‌ت شیعری “گه‌ردوو گه‌ردانه، خاکی مه‌دینه بۆمان ده‌رمانه”ی وه‌کوو گۆرانی وتووه‌ته‌وه.
له پاڵ ئه‌م گۆرانیانه‌دا گۆرانی خه‌مناک و حوزناویی زۆری هه‌ن، گۆرانی شاد و ریتمداری که‌من. ئه‌گه‌ر گۆرانییه عاریفانهکانی ته‌عبیر بن له جۆرێک بێزکردن له که‌ون و دنیا به‌هۆی خۆشه‌ویستیی بۆ خودا و عه‌شقی ڕاسته‌قینه‌وه، ئه‌وا گۆرانی و مه‌قامه خه‌مناکه‌کانی “کاسێتی جوانه‌مه‌رگ، بۆ فارووق محه‌مه‌دی، شیعری ئیقباڵ محه‌مه‌دی” ناڵاندن و دادوبێدادێکی پڕئازاره له کاره‌سات و مه‌رگی دنیایی و هه‌مدیس گرێدانه‌وه‌ی به قودره‌تی لایه‌زالی ئیلاهی و عیرفانێکی بریندار، ئه‌وه‌ی من باسی ده‌که‌م ته‌نها شیعری گۆرانییه‌کان و ناوه‌رۆکه‌که‌یان و په‌یوه‌ستبوونیان به ئایدۆلۆژیایه‌کی سیاسی وشیارانه یان ناوشیارانهوهیه له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌دا نه‌ک ڕیتم و مۆسیقا و ئاواز و ده‌زگا و مه‌قام، چون هیچ شاره‌زاییه‌کم له‌وه‌دا نییه. له پاڵ ئه‌مانه‌شدا چه‌ندین گۆرانی فولکلۆر و سروودی کوردانه‌شی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مووان زیاتر مه‌قام و به‌سته‌کانی ناوچه‌ی له‌یلاخ له ده‌نگ و قوڕگیدا خۆش نیشتووه و له یادگه‌ی ئێمه‌دا ماوه‌ته‌وه، به وته‌ی خۆی ئه‌و مه‌قام و به‌ستانه‌ی له گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌وانه عه‌بدوڵلا ماچکه‌یی و حهیبڵا مله‌یی و…هتد، بیستووه و ئه‌م به‌شێویه‌ک نوێی کردوونه‌ته‌وه یان وتوویه‌تییه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌م کاره هونه‌رییانه‌ی هونه‌رمه‌ند له کاتێکدا بووه که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به‌جێ نه‌هێشتووه. پاش کۆچکردنی بۆ باشوور و له‌وێشه‌وه بۆ ده‌ره‌وی وڵات، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ته‌مه‌نی هونه‌ره ڕه‌سه‌نه‌که‌شی گه‌یشتبووه کۆتایی و دواهه‌ناسه‌کانی ده‌کێشا.
ئه‌و گۆرانیانه‌ش که دواتر له ده‌ره‌وه بڵاوی کرده‌وه زیاتر له بۆنه‌کانی تایبه‌ت به ڕؤژی جیهانی کرێکاران و نه‌ورۆز و بوو به توێژاڵێکی خه‌ستی دروشمی ئایدۆلۆژیایه‌کی دیاریکراوی له‌سه‌ر نیشتبوو، ئه‌و کارانه له‌چاوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوودا جه‌خار دوورکه‌وتنه‌وه له جوانیناسیی شیعری عیرفانی و فولکلۆر و ئه‌ده‌بی گۆرانی “بۆ نموونه ئه‌رکه‌وازی” بوو. به هه‌موو ئه‌مانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌نده له دیمه‌نێکی گشتیدا و دهرکهتهکانی قۆناغه‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سی و هونه‌ریدا ببینین ده‌نگی به یه‌ک ئایدۆلۆژیا به مانا ڕێکخراو و جێگیره‌که‌ی نه‌گیرسایه‌وه، ئایینی و چه‌پ و ڕاستی چڕی و چریکاندی، له ئه‌نجامدا کۆمه‌ڵێک ڕیتم و ئاواز و وێنه‌ی نه‌مر و خه‌یاڵئامێزی چیژبهخشی به ده‌نگێکی زوڵال و تایبه‌ت و گڕ بۆ ئێمه به‌جێ هێشت، بێگومان ئه‌وه‌ش دوور و نزیک له‌م تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه جاڕدهرهدا ئاگای له چالاکیی په‌یجه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند بووبێت ده‌زانێت که بێنازی و گۆشه‌گیریی پێوه دیاربوو و هه‌ندێجاریش په‌شێوی و سه‌رلێشێواوی و گله‌یی له ڤیدیۆکانیدا، ئه‌گه‌رچی فه‌زای ڕۆشنبیریی و زانکۆکانی ئێمه به هۆکاری نه‌زانراو و نه‌ناسراو، به‌ڕاده‌ی پێویست به‌هایان نه‌داوه به‌م هونه‌رمه‌نده بێ‌ماڵ و حاڵانه، به‌مانه‌ی که له نیشتیمانی یه‌ک زاراوه و یه‌ک ئاواز و زایه‌ڵه‌دا ناگیرسێنه‌وه و نه‌گیرسانه‌وه، به‌مانه‌ی که ته‌نها ئایدۆلۆژیایان هونه‌ره و ناجێگیربوون و نائایدۆلۆژیابوون، به‌ڵام ئاوه‌ها ده‌نگ و هونه‌رێک ئه‌سته‌مه به ئاسانی فه‌رامۆش بکرێت.