عادیلە خان كچی عەبدولقادر بەگی حەمید بەگی مەحمود بەگی ئەحمەد بەگی ساحێبقڕانە، ساڵی (١٨٥٩)، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەشاری سنە لەدایكبووە، وەسمان پاشا لە سەردانێكیدا بۆ سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان عادیلە خان دەبینێت دوای گەڕانەوە خوازبێنی دەكات و لە تەمەنی (۱۸ ساڵ)یدا هاوسەرگیریی لەگەڵ دەكات و دەچێتە هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێبووە.
عوسمانییەكان دژ بە هاوسەرگیریی وەسمان پاشا و عادیلەخان بوون هەر بۆیە زۆرهەوڵدەدەن ڕێگریی لە هاوسەرگیرییەكە بكەن و بشبنە ڕێگر لە بەردەم پتەوبوونی پەیوەندی عەشیرەتی جاف لەگەڵ سەفەوییەكان كە ئەو كاتە جاف لە نێو قەڵەمڕەویی سەفەوییەكان بووە، بەڵام لە ئەنجامدا هەوڵی عوسمانییەكان بێ سود دەبێت.
عادیلە خانم لە بنەڕەتدا لە جافەكان نەبووە، بەڵام توانی بە لێهاتووی خۆی ڕۆڵێكی كارا ببینێت لە ناو عەشیرەتی جاف دا، دوای ئەوەی ساڵی ۱۸۸۹وەسمان پاشا دەبێتە قایمقامی هەڵەبجە دەرفەتی زیاتر بۆ عادیلەخان دەڕەخسێت تا لەگەڵ هاوسەرەكەی بەشداریی لە ڕاپەڕاندن و جێبەجێكردنی كاروباری كارگێڕیی و حكومی شارەكە بكات.
عادیلە خان بە بیر و فكری خۆی توانیویەتی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی دەستەبەر بكات و پەیوەندییەكی باش لە گەڵ عەشیرەتەكانی دیكەدا دروست بكات، ئەوەش وایکرد لە سەردەمی وەسمان پاشا و دوای مردنیشی لە ڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی خاوەن بڕیار و پێگەبێت و لای ئینگلیزەكانیش بە شاژنی بێتاجی شارەزوور ناوببرێت، عادیلە خان دوای مردنی وەسمان پاشای هاوسەری هەموو دەسەڵاتەكانی ئەوی هەبووە. هەروەها زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواریی كردووە، هەربۆیە بازاڕێك و چەند باڵەخانەیەكی گەورەی لە هەڵەبجە دروستكردووە.
گرنگترین ئەوكاراكانەی عادیلە خان ئەنجامی داون ئەمانە بوون:
١- هاوشێوەی كۆشكەكانی شاری سنە سێ كۆشكی گەورەی دروستكردووە و بەندینخانەیەكی نوێشی لە شارەكەدا دروستكرد.
٢- دادگایەكی سەربەخۆی تایبەتی دامەزراندوو خۆی بووبە بەرپرسی دادگاكە و ئەوەش وایکرد کە كێشە و ناكۆكییەكان بۆ لای ئەو ببرێت تەنانەت پیاوان و كەسایەتییە ئاینییەكانیش بەبێ بڕیاری ئەو نەیاندەتوانی هیچ بكەن.
٣- ڕۆڵێكی باشی لە شارەوانی شارەكەدا هەبووە و قەیسەرییەكی بەخشت دروستكرد كە سەقفەكەی شێوازی گومەزی هەبوو چەندین دوكانی لەخۆ دەگرت، هەروەها مزگەوتێكی بە ناوی مزگەوتی (خانم) دروستكردو تێچوو و پێداویستی مزگەوت و مەلا و فەقێكانی لە ئەستۆ گرت، ئەوکات مێجەرسۆنی مێژوونووسی بەریتانی ماوەی شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشا لە نزیك عادیلە خان و تاهیربەگی كوڕی ماوەتەوەو سەرسام بووە بەکارەکانی عادیلە خان.
٤- سەرباری ئەوکارانەی عادیلەخان توانیویەتی یەكڕیزی نێو ماڵی عەشیرەتی جاف بپارێزێت. عادیلە خان، وێڕای ڕۆڵی باشی لە بەڕێوەبردنی شاردا توانیویەتی هەڵەبجە لە گوندێكی وێرانەوە بكات بە شارێكی ئاوەدان و بەردەوام دیوەخانەكەی پڕ بووە لەمیوانی ناوخۆیی و بیانی.
عادیلە خان لە ساڵی(١٩٢٤)و لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ بە خاك سپێردراوە.