نیهیلیزم لە وشەی لاتینی “نیهیل – nihil” وەرگیراوە کە بە واتای “هیچ” دێت هەندێکجاریش پێیدەڵێن (پوچگەرایی)، یەکێک بوو لە شێوازە بیرکردنەوە بەربڵاوەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە سەرانسەری ئەوروپادا، لەلایەن بیرمەندە دیارەکانی ئەو کاتەوە لەوانە فریدریش جاکۆبی، ماکس ستێرنەر، سۆرن کیرکێگارد، ئیڤان تورگنێڤ و فریدریش نیتچە، بایەخی پێدرا، نیهیلیزم لە کورترین پێناسەیدا بێبایەخ کردنی هەر شتێکی بەبەهایە کەبەهۆی هەر بەڵگەیەکەوە بێت بەرامبەر هەر دیاردە یان بۆچوونێک کەپشت بە ئامانجێک دەبەستێت وگەشە بەئەقڵباوەڕی دەدات.
نیهیلیزم هەموو جۆرەکانی دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەوانە حکومەت، ئایین، ڕاستی، بەهاکان ومەعریفە، بەو پێیەی کە پێی وایە ژیان لە بنەڕەتدا بێمانایە وهیچ شتێک بەڕاستی گرنگ نییە. بەڵام تەنگەژەی ئەم ڕەشبینیە شێوەیەکی ڕەهای وەرنەگرت، بەڵکو هەندێک بیرۆکەی ڕەتکردنەوەی ئەقیدەی دامەزراویان بە ئاسۆیەکی ڕزگارکەر زانی، بۆیە لە کۆتاییدا نیهیلیزم ڕێگەی بۆ نزیکبوونەوە لە فەلسەفەی کەمتر ڕەشبینانە خۆشكرد وەك بوونگەرایی و بێمانایی.
نیهلیزم مەترسیەکی بەردەوامە، وەک فەیلەسوفی سەدەی بیستەم هانا ئارێنت ئاماژەی پێداوە؛ باشترە وەک کۆمەڵێک بیرۆکەی مەترسیدار لێی تێبگەین، نەک وەک مەترسیەک کە لە خودی کردەی بیرکردنەوەدا هەیە. ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بیربکەینەوە لەهەر جۆرە ئایدیایەکی تایبەت، گرنگ نییە لە سەرەتادا چەند بەهێز دەرکەوێت، یان بەشێوەیەکی بەرفراوان وەربگیرێت، لەکۆتایدا گومان لە ڕاستیەکەی دەکەین، تەنانەت گومانکردن لەو کەسانەشی کە ئەو ئایدیایە قبوڵ دەکەن. ئایا بەڕاستی دەزانن یان گرنگی دەدەن بەوەی بزانن ئەو ئایدیایە ڕاستە یاخود نا؟ بۆچی کۆدەنگیەکی کەم لەسەر زۆر پرس هەیە، بۆچی هەمووان وا دەردەکەون زۆر دڵنیابن لەسەر ئەو شتانەی بەلای تۆوە نادیارە. لەم بارەدا، لە لێواری نیهلیزمدا، هەڵبژاردنێکت هەیە: یا بەردەوام دەبیت لە بیرکردنەوە و ڕازی دەبیت بە مەترسی دابڕانت لە کۆمەڵگە؛ یان واز لە بیرکردنەوە دەهێنیت و مەترسی دوورکەوتنەوە لە واقیع دەگریتە ئەستۆ.
سەدەیەک پێش ئارێنت، فریدریک نیتچە لە “ویستی دەسەڵات” باسی هەڵبژاردنێک لەنێوان نیهلیزمی ئەکتیڤ و پاسیڤ کردووە. زۆرترین ئافۆریزمەکان سەبارەت بە نیهلیزم دەرەنجامی دابەزینی بەهای بەها باڵاکان بووە. دەتوانرێت بەهاکانی وەک “ڕاستی و دادپەروەری” وا دەرکەوێت کە تەنها ئایدیایەک نەبن، بەڵکو هەندێک هێزی سەروو سروشتیان هەبێت، بەتایبەتر کاتێک دەڵێین: “ڕاستی ئازادت دەکات” یان “دادپەروەری بەدەست دەهێنرێت”. بەڵام لەو کاتەی دەرەکەوێت ئەم بەهایانە ئەو هێزەیان نییە کە بۆیان دانراوە، و ڕاستی ئازادمان ناکات و دادپەروەری بەدەست ناهێنرێت بێ هیوا دەبین. وە لەبری ئەوەی خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بەوەی باوەڕێکی ئێجگار زۆرمان خستووەتە سەر ئەم بەهایانە، تاوانەکە دەخەینە سەر بەهاکان بەوەی کە بەپێی چاوەڕوانیەکانمان نەبووە.
بەگوێرەی نیتچە، دەتوانین ببین بە نیهلیستێکی ئەکتیڤ و ئەو بەهایانەی لەلایەن ئەوانی دیکە بەسەرمان دراوە ڕەت بکەینەوە، تاکوو بەهاکانی خۆمان بنیات بنێین. یان دەتوانین ببینە نیهلیستێکی پاسیڤ و بەردەوامی بدەینە بڕواکانمان بە بەها نەریتیەکان، سەڕەرای گومانەکانمان لە بەهای ڕاستەقینەبونیان. نیهلیستی ئەکتیڤ پێویستە هەموو ئەم بەهایانە تیکبشکێنێت تاوەکوو بتوانێت شتێک بدۆزێتەوە یان دروستی بکات شایەنی بڕواپێهێنان بێت. تەنها ئەوەی لە لەناوچون ڕزگاری دەبێت، دەتوانێت بەهێزترمان بکات. نیتچە و کۆمەڵێک لە ڕوسەکانی سەدەی نۆزدەهەم کە خۆیان بە نیهلیست دەناساند، لەسەر ئەم باوەڕە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا نیهلیستی پاسیڤ نایەوێت هەڵگری مەترسی خۆ لەناوبردن بێت، هەر بۆیە دەست دەگرێت بە بەها نەریتیەکانەوە. لەلای نیچتەش خۆپاراستن فۆڕمیکی ترسناکترە بە بەراورد بە خۆ لەناوبردن. باوەڕهێنان تەنها لەپێناو باوەڕهێنان بە شتیک بەرەو بونێکی ڕوکەشگەرا پەل ڕائەکێشێت، بۆ ڕازیبوون بە باوەڕهێنان بە هەرشتیک کە لەلایەن ئەوانی دیکەوە باوەڕی پێهێنراوە، چونکە باوەڕبوون بە شتێک، تەنانەت ئەگەر دەرکەوت شایەنی باوەربونیش نییە، باشترە بە بەراورد بەوەی باوەڕ بە هیچ شتیک نەکەیت، ئەم مێتافۆرە بۆ نیهلیزم لە زۆرینەی بەرهەمەکانی نیتچەدا دەردەکەوێت.
بۆ ئەوەی بمانەوێت باشتر لە نیهلیزمی هاوچەرخ تێبگەین، دەبێت دیاری بکەین کە چۆن لە ئیپستمۆلۆژی و ئیتیک و میتافیزیکدا پەرەی سەندووە:
لە ئیپستمۆلۆژیا(تیۆری زانین)دا، زۆر جار نیهلیزم دان بە ئەگەری زانین نانێت، وای دادەنێت کە بیروباوەڕە گرنگەکانمان هیچ بنەمایەکی پتەویان نییە. ئارگومێنتیش بۆ نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە زانین پێویستی بە شتێکی زیاترە وەک لە [زانا – knower] و [ناسراو – known]، ئەمەش وادەکات کە زیاتر بابەتیانە سەیری زانین بکرێت. بۆ نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژی، هیچ ستاندارێک نییە، هیچ بنەمایەک نییە کە مرۆڤ بتوانێت لەسەری بانگەشەی زانین بکات، وە هیچ شتێکیش کە ڕەوایەتی بەو باوەڕەمان بدات کە هەر بانگەشەکردنێکی تایبەت ڕاستە، لەڕوانگەی نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژیەوە هەموو ئەم بانگەشەکاریانە وەهمن. ئێمە شێوەیەک لە زانین درووست دەکەین بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیەی کە هیچ ڕاستیەک بوونی نییە. بۆ نمونە، وەک تۆماس کوهن لە کتێبی “بونیادی شۆڕشە زانستیەکان ١٩٦٢” ئاماژەی بەوە کردووە کە بەدڵنیاییەوە دەتوانین مۆدێلی زۆر ئالۆز و سەرکەوتوو بۆ پێناسەکردنی واقع دابڕێژین، کە دەتوانین بەکاریان بهێنین بۆ دۆزینەوەی “ڕاستیەکان”، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز ناتوانین بیسەلمێنین کە لەگەڵ واقیعدا یەکدەگرێتەوە، و دەتوانرێت لە مۆدێلی واقیعی خۆمانەوە وەربگیرێن.
ئەگەر بانگەشەی ئەوە کرا شتێک ڕاستە بەگوێرەی ئەزمونی ڕابردووەوە، ئەوە کێشەی ئیندەکشن سەرهەڵدەدات؛ “ئیندەکشن واتە سەرنجدانی توێژەر لە دیاردە و ڕووداو، بەو مەبەستەی لە ڕێیانەوە بە ئەنجامێک بگات. لەو ئەنجامەوە تیۆرییەک دادەمەزرێنێت و بە هۆیەوە هەوڵی توێژینەوەی ئەو شتانە دەدات، تا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. بە مانایەکی دی، لەو بەشە سەرنجدراوانەوە گشتێک پێک دەهێنێت.” بەکورتی خوێندنەوەی گشت بە هۆی ئەو ئەنجامە تایبەتەی توێژەر لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە بە دەستی هێناوە. لە ڕوانگەی کارڵ پۆپەرەوە پرینسیپی ئیندەکشن نایەوێت یاسا گشتییەکان لە بەرچاو بگرێت، بەڵکوو دووریان دەخاتەوە. بەکورتی کێشەی ئیندەکشن، ئەوەیە، کە ئاییندە وەک ئێستا دەبینێت و وای دادەنێت هەمان ئەو بارودۆخەی لەم ئێستایەدا هەیە، لە ئاییندەیشدا دەمێنێت، لە کاتێکدا زانینی مرۆڤ لە گۆڕاندایە، کە مانای وایە بارودۆخ نەگۆڕ نییە.
ئەگەر لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی بانگەشەی ڕاستی بکرێت، کێشەی یەکلایکردنەوەی ڕاستیەکان سەرهەڵدەدات. لەڕووی لۆژیکەوە، ئەم جۆرە بانگەوازانە ڕەت دەکرێنەوە، کە بانگەشەی کەسانی دیکە تەنانەت شارەزاکانیش، وەک ڕاستیەکی ڕووت تەماشا ناکرێت، بە جۆرێکی تر تەنانەت شارەزایانیش ئەگەری بە هەڵە داچونیان لێ دەوەشێتەوە. وەک لە کتێبی ”لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی”دا پۆپەر ئاماژە بە ”نیوتن” و ”ئاینیشتاین” دەکات، کە هەردووکیان لە بواری فیزیادا تیۆرییان داڕشتووە، بەڵام لە دوو بارودۆخی جیاوازدا. ئەوەی دووەمیان لە بواری کێشکردندا ئەوەی یەکەمیانی کردە گریمانەیەکی ڕووت. دەگوترا خۆر لە بیستوچوار سەعاتدا جارێک هەڵدێت و ئاوا دەبێت، کەچی دەرکەوت ئەو خۆرە لە زەریای بەستەڵەکی باکووردا لە نیوەی شەودا دەردەکەوێت. دەگوترا ئەنجامی تێکڕای بوونەوەران مردنە، کەچی دەرکەوت بەکتریا نامرێت، بەڵکوو لە شێوەی دابەشبووندا زۆر دەبێت. لەپاڵ ئەوەشدا، زانایان بانگەشەکانیان لەسەر بنەمای کارەکانی زانایانی پێشوو دەکەن، ئەمەش دووبارە دەمان خاتەوە بەردەم کێشەیەکی دیکە، کێشەی “گەڕانەوەی ناکۆتا” هەر بانگەشەیەک بۆ زانین لەسەر بنەمایەک دامەزراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پرسیار لەسەر بنەمای ئەو بنەمایە، و پاشان بنەمای بنەمای ئەو بنەمایە هەتا دوای.
لەم بارەدا ڕەنگە وا دەربکەوێت کە نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژی ئەوەندە جیاوازیەکی نەبێت لەگەڵ گومانکاریدا، چونکە گومانکاریش بەهەمان شێوە پرسیار لەو بنەمایانە دەکات کە بانگەشەی زانینیان لەسەر بنیات نراوە، و گومانی ئەوە دەکات کە زانین بتوانێت هەر بنەمایەکی دیاریکراو بدۆزێتەوە. لێرەدا باشتر وایە بگەڕێینەوە بۆ جیاکارییەکەی نیتچە هەمبەر نیهلیزمی ئەکتیڤ و پاسیڤ. لەو کاتەی نیهلیستی ئەکتیڤ هەماهەنگی گومانکاری ڕادیکاڵ دەبێت، بۆ نیهلیستی پاسیڤ بەم شێوەیە نابێت. نیهلیستی پاسیڤ ئاگامەندە بەوەی کە پێویستە پرسیاری گومانکار ئاراستەی زانین بکرێت، بەڵام لەبری ئەوەی گومان لە زانین بکات، بەردەوامە لە باوەڕهێنان بە زانین. بەم شێوەیە بۆ نیهلیستی پاسیڤ مەعریفە بونی هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای باوەڕ. لە بەرامبەردا نیهلیزمی ئەکتیڤ بەها دامەزراوەکان ڕەتدەکاتەوە و هەوڵی درووستکردنی بەهای نوێ دەدات. یاخی دەبێت لە پوچیەتی بوون و ڕەتی دەکاتەوە ڕەزامەند بێت بە ڕاستیە بنیاتنراوەکانی پێش خۆی و دەست دەکات بە دیاریکردنی ڕاستییەکانی خۆی.
تیۆرە زانستیەکان دەتوانرێت لەسەر بنەمای تیۆری زانستی دیکە دابڕێژرێت، کە ئەویش لەسەر بنەمای تیۆرێکی دیکە داڕێژراوە، هەر یەکێکیش لەمانە دەکرێت لەسەر بنەمای هەڵە بنیات نرابن. بەڵام هەتاوەکوو ئەم تیۆریە زانستیانە بەرەنجامێک بدەن بەدەستەوە، بەتایبەتی بەرەنجامەکان لە چوارچێوەی فۆڕمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیدا، ئەوا گومان لە دروستی ئەم تیۆرانە دەکرێت بێبایەخ سەیر بکرێت. بەشێوەیەکی دیکە، بۆ نیهلیستی پاسیڤ، مەعریفە هیچ گرنگیەکی نابێت.
لە فەلسەفەی مۆڕاڵدا، نیهلیزم وەک نکۆڵیکردن لە بوونی ئەخلاق سەیر دەکرێت. وەک دۆناڵد کرۆسبی لە کتێبی{1988The Specter of the Absurd} دا دەڵێت، دەتوانرێت نیهلیزمی مۆڕاڵ وەک دەرەنجامی نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژی سەیر بکرێت. ئەگەر هیچ بنەمایەک نەبێت بۆ بانگەشەکردنی بابەتی سەبارەت بە زانین و ڕاستی، ئەوا هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ بانگەشەکردنی بابەتی سەبارەت بە ڕاست و هەڵە. بە واتایەکی تر، ئەوەی ئێمە بە مۆڕاڵی دەزانین، پرسێکە سەبارەت بەوەی کە ئێمە پێمان وایە چی ڕاستە، بەوەی کە ئایا ئەو باوەڕە پەیوەندی بە هەر قۆناغێکی مێژوویی، کلتوری یان پەیوەندی بە هەر تاکێکەوە هەیە، لەبری ئەوەی دروستی بابەتەکە گرنگ بێت.
بانگەشەکردنی دروستی شتێک لە مێژودا لەسەر بنەمای خودا، یان بەختەوەری یان ئەقڵ ئەنجامدراوە. چونکە ئەمانە بنەمای گشتگیرن و جێبەجێکردنی بۆ هەموو مرۆڤەکان و هەموو شوێن و کاتێکە، بەشێوەیەکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆئەوەی مۆراڵ گشتگیریانە جێبەجێ بکرێت.
لە سەدەی هەژدەیەمدا فەیلەسوفی مۆراڵ ئیمانوێڵ کانت، بنەمای بنیات نانی مۆراڵ لەسەر خودا یان بەختەوەری بە مەترسی دەزانی کە باڵ بەرەو گومانکاری لەسەر مۆراڵ ڕادەکێشێت. باوەڕ بوون بە خودا دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆ مرۆڤ ئەخلاقیانە مامەڵە بکات، بەڵام تەنها وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە بەهەشت. گەڕان بەدوای بەختەوەریشدا دەکرێت پاڵنەرێک بێت بۆ ڕەفتارێکی ئەخلاقی، بەڵام ناتوانین پێشوەختە دڵنیا بین کام کردار مرۆڤ دڵخۆش دەکات. بۆیە کانت دێت قسە لەسەر ئەخلاقی بنەمادار بە ئەقڵەوە دەکات. بە بڕوای ئەو، ئەگەر بنەمایەکی گشتگیر ئەوەیە کە مۆراڵ پێویستی پێیەتی، کەواتە دەبێت بەپێی لۆژیکی گشتگیر بڕیار بدەین. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چی دەدەین لەهەر کردارێکدا، و گۆڕینی ئەو مەبەستە بۆ یاسایەک کە هەموو بونەوەرە ئەقڵانیەکان دەبێت گوێڕایەڵی بن، دەتوانین ئەقڵ بەکاربهێنین بۆئەوەی دیاری بکەین کە لەڕووی لۆژیکیەوە دەکرێت ئەو کردارە گشتگیر بکرێت یاخود نا. هەر بۆیە لۆژیک لە سەروو خودا و ئارەزووەوە پێمان دەڵێت کە هەر کردارێک ڕاستە ”گشتگیر دەکرێت” یان هەڵەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئەخلاق لەسەر ئەقڵ کێشەی زۆری بەدوا دێت، وەک جۆن ستوارت میل ئاماژەی پێکردووە، تەنها ئەقڵانی بوون بەس نییە بۆئەوەی هەمان بێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەخلاقی کانتی ناچارمان دەکات وەک ڕۆبۆتێک بژین نەک مرۆڤ. لە ڕوانگەی نیتچەشەوە، ڕەنگە ئەقڵ ئەوە نەبێت کە کانت ئاماژەی پێکردووە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەقڵ هەر لە بنەڕەتدا لە خودا یان بەختەوەری بەهێزتر نەبێت. ئەقڵ شتیکی ڕەها و گشتگیر نییە، بەڵکو بەپێی کات پەرەی سەندووە و بووەتە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ. وەک ئەو مشکانەی لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا دەتوانن فێری ئەقڵانی بن، ئێمەش لە سایەی چەندین سەدەی تاقیکردەنەوەی ئاینی و سیاسی و ئەخلاقی و ڕاهێنانی مرۆڤەکان بۆ ئەوەی ئەقڵانی بن، فیربوین ببینە ئەقڵانی. بۆیە نابێت ئەقڵ وەک بنەمایەکی جێگیر بۆ ئەخلاق سەیر بکرێت، چونکە دەکرێت بنەماکەی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەبێ مۆراڵ، چەمکەکانی وەک دزی، موڵک و ماف، تەنها لە چوارچێوەی پێگەی یاساییەوە سەیر دەکرێن. کردەکان وەک تاوانکاری دەبینرێن نەک نائەخلاقی. وەک سۆفیستی یۆنانی کۆن “تراسیماکۆس” لە کۆماری ئەفلاتوندا دادوەری وەک پڕوپاگەندەیەک دەبینێت کە بەهێزەکان بۆ چەوساندنەوەی لاوازەکان بەکاری دەهێنن.
هەروەک چۆن نیهلیزمی ئیپستمۆلۆژی دەتوانێت بەرەو نیهلیزمی مۆراڵ بمان بات، بەهەمان شێوەش نیهلیزمی مۆراڵ دەتوانێت بەرەو نیهلیزمی سیاسیمان ببات. بەگشتی نیهلیزمی سیاسی بە ڕەتکردنەوەی دەسەڵات تێدەگەین. بەڵام ئەم فۆڕمە شۆڕشگێرانەیەی نیهلیزمی سیاسی، کە دەتوانین بە نیهلیزمی ئەکتیڤ دای بنێین، فۆڕمی نیهلیزمی پاسیڤ بەرجەستە ناکات. ئەو مەترسیەی لەسەر نیهلیزمی ئەکتیڤ هەیە لە ئیرادەی ئەنارکییەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ لەناوردنی کۆمەڵگە لەپێناو ئازادیدا. بەڵام مەترسی نیهلیزمی پاسیڤ ئیرادەی لەناو بردنی ئازادیە لەپێناو کۆمەڵگەدا. مەترسیەکەش لەوەدایە کە ئەو سیستمە ئەخلاقی و سیاسیانەی ئازادی و سەربەخۆیی بەرەو پێش دەبەن، لەلایەن نیهلیستە پاسیڤەکانەوە کەمتر خوازراوترە بە بەراورد بەو سیستمە ئەخلاقی و سیاسیانەی کە قبوڵی نەریتی دۆگمایی دەبن و گوێرایەڵی کوێرانەی دەسەڵات دەکەن.هەر لێرەشەوە بە گوێرەی هانا ئارێنت، دەبێت وریا بین کە نیهلیزم تەنها وەک کارەساتێکی کەسی سەیر نەکەین، بەڵکو کارەساتێکی سیاسیشە. تەنانەت نیهلیزمی مێتافیزیکیش دەتوانێت قورسایی سیاسی هەڵبگرێت. قبوڵکردنی بێمانایی گەردون، دەتوانرێت ژینگە و شەڕ و ستەمیش وەک بێمانا تەماشا بکرێت.
بە گوێرەی سیمۆن دی بۆڤوار، فۆرمێک کە نیهیلیزم دەتوانێت بیگرێتەبەر، نۆستالژیایە. خواستی گەڕانەوە بۆ ئەوەی کە لە منداڵیدا چەندە هەستمان بە ئازادی دەکرد پێش ئەوەی وەک گەورەساڵان بۆمان دەرکەوێت کە ئازادی بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەم شێوەیە دامەزراوەکان هەوڵدەدەن سوودمەند بن لە پەرەپێدانی نیهیلیزم بە فرۆشتنەوەی نۆستالژیامان وەک ڕێگەیەک بۆ سەرقاڵکردنمان لە واقیع. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەبێت ئێمە نەک تەنها دان بە نیهیلیزمدا بنێین لەناو خۆماندا، بەڵکو دان بەوەدا بنێین کە لە جیهانی دەوروبەریشماندا بوونی هەیە، و سەرچاوەکانی ئەو نیهیلیزمە دەستنیشان بکەین. لەبری ئەوەی ڕێگە بە خۆمان بدەین هەست بە بێدەسەڵاتی بکەین لە جیهانێکدا کە پێدەچێت وازی لە گرنگیدان هێنابێت، پێویستە بپرسین جیهانبینییە نیهیلیستەکان لە کوێوە سەرچاوە دەگرن، و کێ سوودمەندە لە بینینی جیهان بەم شێوەیە.
سەرچاوەكان:
https://aeon.co/essays/if-you-believe-in-nihilism-do-you-believe-in-anything
- https://jineftin.krd/2022/12/21/%D9%84%DB%95-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DA%B5-%D9%BE%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88-%D9%81%DB%95%D9%84%D8%B3%DB%95%D9%81%DB%95%DA%A9%DB%95/
- https://medium.com/@iamslovegrove/the-digital-shadows-of-plato-and-nietzsche-ab267c3cc6a2