“تووندوتیژی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان”
ڕووماڵێکی بڕوانامەی مردن لە ماوەی چوار ساڵدا دەریخستووە کە مردن لە ناو هندییەکاندا بە هۆی مەیخواردنەوەوە چوار جاران باوترە بەبەراورد لەگەڵ سەرانسەری دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و بەزۆری بە هۆی ڕووداوی ڕێگەوبان و نەخۆشییەکانی جگەر و کوشتن و خۆکوشتنەوەیە. ئەو مردنانەی بە هۆی مەیخواردنەوەوەیە لە ناو پیاوانی هندییە ئەمریکییەکاندا و لە ناو هندییەکانی دەشتاییەکانی باکووردا. بەڵام دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئالاسکا تێکڕای مردنیان کەمترە. بەپێی یاسای فیدراڵی فرۆشتنی مەی لە مۆڵگە هندییەکاندا قەدەغەیە مەگەر ئەنجومەنە خێڵەکییەکان ڕێگەی پێبدەن. تووندوتیژیی باندەکان بووە بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورە. وتارێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ١٣ی دیسەمبەری ٢٠٠٩دا لەبارەی تووندوتیژیی باندەکانەوە لە مۆڵگەی پاین ڕیجی هندیدا مەزەندەی ئەوە دەکات کە ٣٩ باند و تاقم پێنج هەزار ئەندامیان هەیە تەنها لەو مۆڵگەیەدا. بەپێچەوانەی لیستی “داواکراوە” نەریتییەکانەوە، بە زۆری ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەخرێنە لیستە ناوخۆییەکانی “پشتیوانانی تاوانەوە” کەوا خەڵات و بەرات دەدرێتە خەڵکانێک هەواڵیان لەبارەوە بگەیەنێت.
“ناکۆکی و ململانێ لەسەر دەسەڵات بەسەر زەویدا”
کاتێ ئەوروپییەکان بەرەوڕووی جیهانی نوێ بوونەوە، حکوومەتی کۆڵۆنیاڵیی ئەمریکی پێشینەیەکی دیاریکرد کە خۆی لە سەروەریدا دەبینێتەوە بەسەر خاک و زەویی ئەمریکای باکووردا لە ڕێگەی پەیماننامەکانی نێوان ولاتان و ناوچەکاندا. حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیریی ئەم پێشینەیەی کرد و لە ئەنجامیشدا حکوومەتی ئەمریکی زۆربەی زەوی و زاری ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کڕی و بەشێکیشی لە ژێر دەستی دانیشتووانی ڕەسەندا هێشتەوە. حکوومەتی ئەمریکا و خەڵکە ئەمریکییە ڕەسەنەکە هەمیشە ڕێکنەدەکەوتن لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەم زەوییانە و ئەمەش بوو بە هۆی زنجیرەیەک شەڕ و ناکۆکی لە سەر سەروەری و دەسەڵات.
“ناکۆکی و ململانێ لەسەر زەوییەکانی بلاک هیڵز”
حکوومەتی فیدراڵی و ئەندامانی خێڵی لاکۆتا سیوکس لە سەردەمی مۆرکردنی پەیماننامەی ساڵی ١٨٦٨ی فۆرت لارامییەوە کەوتبوونە کێشە و ململانێی یاساییەوە لە سەر زەوی و ناوچەی بلاک هیڵز (واتە گردە ڕەش – و)، کە ئەوەی ئەمڕۆ پێیان دەوترێت گەلی مەزنی سیوکس لە سەری دەژیان و تەواوی ناوچەی بلاک هیڵز و نزیکەی نیوەی ڕۆژاوای داکۆتای باشوور دەگرێتەوە. تا ساڵی ١٨٧٤ دان بەم پەیماننامەیەدا نرابوو و ڕێزی لێدەگیرا، بەڵام لەو ساڵەدا جەنەراڵ جۆرج کیستەر ئاڵتوونی تێدا دۆزییەوە و ئەمە بوو بە هۆی ناردنی شەپۆلێکی نیشتەجێ سپیپێستە ئەوروپییەکان settlers بۆ ناوچەکە و مەسەلەکە سەریکێشایەوە بۆ تێگەیشتن لە بەهای ئەو زەوییانە لەلایەن گرانتی سەرۆکی ئەمریکاوە. سەرۆک گرانت هێزی تەکتیکیی سەربازیی بەکارهێنا بۆ دەرکردنی خێڵی سیوکس لەو ناوچەیە و پرۆژەی پەرەپێدانی یاسای تەرخانکردنی کۆنگرێس بۆ خزمەتگوزارییە هندییەکان لە ساڵی ١٨٧٦دا، کە پەیماننامەیەکی “برسی کردن یان فرۆشتن” بوو و تەنها ١٠% لە ٧٥%ی پیاوانی داواکراوی خێڵەکان مۆریان کرد بە پێی بنەمای ئەو هەلومەرجانەی کە لە پەیماننامەی فۆرت لارامیدا هاتبوو سەبارەت بە دەسبەرداربوون لە مافی سیکس لە بلاک هیڵزدا. لە پاش ئەم پەیماننامەیە کۆنگرێس ڕێککەتننامەی ساڵی ١٨٧٧ی تێپەڕاند بۆ دەرکردن و ڕاگواستنی خێڵی سیوکس لە ناوچەی بلاک هیڵز و تێیدا هاتووە کەوا زەوییەکە لە خێڵی سیوکس کڕدرا سەرەڕای نەبوونی ئیمزای پێویست و تەواو و نەبوونی تۆماری مامەڵەکان و داواکاری و پێداگرتنی خێڵەکە لەسەر ئەوەی کە ئەم زەوییە هەرگیز بۆ فرۆشتن نییە.
زەوییەکانی بلاک هیڵز لای خێڵی سیوکس پیرۆز بوو بەو پێیەی کە مەڵبەندێکی ڕۆحانی و سوناسیان بوو و زۆر جەختیان لەسەر ناکۆکی و ململانێ دەکردەوە لە مەسەلەی خاوەندارێتیی زەوییەکە لە دادگاکاندا لەلایەن گەلی سیوکسەوە چونکە بواری ڕێگەی یاساییان پێدرا لە ساڵی ١٩٢٠دا. لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠ەوە خێڵی سیوکس داواکارییەکی یاساییان پێشکەش کرد کەوا دەسبەرداربوونیان لە بلاک هیڵز هیچ کاتێ یاسایی نەبووە بە پێی دەسکاریی پێنجەم و هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی خاک و زەوییە پیرۆزەکەیان بکاتەوە. ئەم داواکارییە گەیشتە دادگای باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کێشەی هندییەکانی سیوکس لە ساڵی ١٩٧٩دا پاش ئەوەی کۆنگرێس زیندووی کردەوە و ئەنجام خێڵی سیوکس زیاد لە سەد ملیۆن دۆلاری بردەوە و حوکمەکە وا درا کە زەوتکردنی بلاک هیڵز لە ڕاستیدا نایاسایی بووە. سیوکس بەردەوام پارەکەیان ڕەتدەکردەوە و لەو دەمەوە پارەی سوودی لەسەر کەڵەکە دەبوو تا گەیشتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٥دا.
لە کاتی کەمپەینەکەی سەرۆک باراک ئۆبامادا، ئاماژەی بەوە کرد کەوا کێشەی بلاک هیڵز لە ڕێگەی چارەسەری نوێ و ڕاویژەوە کۆتایی پێدیت، بەڵام گومان لەم مەسەلەیە دەکرا کاتێ کە لیۆنارد جارمێنتی راوێژکاری کۆشکی سپی یاداشتێکی نارد بۆ گەلی ئۆگالا و وتی”ڕۆژگاری سازدانی پەیماننامە لەگەڵ هندییە ئەمریکییەکاندا لە ساڵی ١٨٧١ەوە تەواو بووە، … کۆنگرێس بەتەنها دەتوانێت بە هەر شێوەیەک بووە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە یان بیانگۆڕێت کە لە ساڵی ١٨٧١وە دەرچوون. هاوپەیمانییەکی قەرەبووی هی ساپا لە پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک ئۆباما دامەزرا بۆ ڕۆشنبیرکردنی گەلی سیوکس و پێشنیازی پرۆژەیاسایەک بۆ کۆنگرێس کە بتوانێت ١.٣ ملیۆن ئەیکەری زەوی و زاری فیدراڵی لە چوارچێوەی بلاک هیڵزدا تەرخان بکات بۆ خێڵەکە. تا ئەمڕۆش ناکۆکی و ململانێ لەسەر بلاک هیڵز بەردەوامە لەگەڵ مەزەندەیەکی متمانە پێکراودا بە بەهای نزیکەی ١٠٣ ملیار دۆلار و سەرچاوەکان باوەڕیان وایە کە پرەنسیپی عەدالەتی ئاشتەوایی ڕەنگە باشترین چارەسەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ناکۆکییەدا کە تەمەنی سەدەیەکە.
“داواکارییەکانی زەوی و زاری خێڵی ئێروکوا”
لەکاتێکدا کەوا پەیماننامەی ساڵی ١٧٨٣ی پاریس، کە شۆڕشی ئەمریکیی کۆتایی پێهێنا، مامەڵەی مەسەلەی ناکۆکییەکانی دەسەڵات شکان بەسەر زەوی و خاکدا دەکرد لەنێوان تاجی بەریتانی و کۆڵۆنییەکاندا، بەڵام چارەسەری پرسی دوژمنکارانەی نەکرد لە نێوان دانیشتووانی ڕەسەن و کۆڵۆنیالیستەکاندا-بەتایبەتی ئەوانە لەپاڵ بەریتانییەکاندا شەڕیان دەکرد، وەک چوار لە ئەندامانی خێڵی هۆدینۆسۆنی باسیان دەکرد. لە ئۆکتۆبەری ١٧٨٤دا، حکوومەتی تازە دروستبووی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاسانکاریی دانوستانی دەست پێکرد لە نێوان هەر شەش گەلەکەدا لە فۆرت ستانویکس، نیویۆرکدا. لە پەیماننامەی ساڵی ١٧٨٤دا گەیشتنە ئەو ڕێککەوتنەی کەوا هندییەکان دەسبەرداری زەوییەکانیان ببن لە دۆڵی ڕووباری ئۆهایۆدا و لەبەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکان زەمانەتی شەش ملیۆن ئەیکەری زەویی هۆدێنسۆنی بکات وەک نیشتمانی هەمیشەیی بۆیان – واتە نزیکەی نیوەی ڕووبەری نیویۆرکی ئێستا.
بەو هۆیەوە کە ویلایەتی نیویۆرک دڵگەرم نەبوو لەسەر هەلومەرجی پەیماننامەکە، بۆیە زنجیرەیەکی بیست و شەش “گرێبەستیی” بەدەستهێنا، کە زۆربەیان بۆ ماوەی ٩٩٩ ساڵ بوو لەسەر تەواوی زەوی و خاکی دانیشتووانی ڕەسەن لە ناو سنووری ویلایەتەکەدا. گەلی هۆدێنسۆنی پاش ئەوەی باوەڕیان وا بوو کە بە ڕاستی زەوییەکانیان لەدەستداوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای نیویۆرک گەنەسی، ڕازیی بوون لەسەر بەکرێدانی ئەو زەوییانەی کە لەلایەن حاکمی نیویۆرک جۆرج کلینتۆنەوە خرایە بەردەست وەک هۆکارێک کە لەو ڕێگەیەوە دانیشتووانی ڕەسەن دەتوانن سەروەریی خۆیان لە سەر زەوییەکانیان بپارێزن. لە ٢٨ی ئابی ١٧٨٨دا، بنەماڵەی ئۆنیداس پێنج ملیۆن ئەیکەریان بەکرێ دا بە دەوڵەت لە بەرانبەر دوو هەزار دۆلار پارەی کاش و دوو هەزار دۆلار جلوبەرگ و هەزار دۆلار زەخیرە و ئازووقە و شەشسەد دۆلار کرێی ساڵانە. دوو خێلەکەی تریش بەدوایاندا هەمان کاری هاوشێوەیان کرد. کۆمپانیای هۆڵاند لاند لە ساڵی ١٧٩٧دا دەستی گرت بەسەر تەواوی ئەو زەوییانەی ناوخۆدا کە بەکرێ درابوونە ویلایەت، بێجگە لە دە ئەیکەریان. پاشان ئەم ٣٩٧ میلی چوارگۆشەیە دابەشکرا و ژێربەژێر درا بەکرێ بە سپیپێستەکان و ئەنجام بوو بە هۆی کۆتایی هینان بە مافی خاوەندارێتیی خەڵکە ڕەسەنەکە بۆ زەوی. سەرەڕای ناڕەزایی ئێروکواکان، بەڵام دەسەڵاتە فیدراڵییەکان شتێکی ئەوتۆیان پێنەکرا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم زوڵم و ستەمە. پاش ئەوەی گەلی ئۆنیداس دڵنیابوون لە مەسەلەی لەدەستدانی هەموو زەوییەکانیان، زۆربەیان لە ساڵی ١٨٣١دا داوایەکیان پێشکەش کرد بە گۆڕینەوەی ئەوەی ماوەتەوە لە مڵکەکانیان بە ٥٠٠ هەزار ئەیکەر کەوا لە گەلی مینۆمینی کڕیبوویان لە ویسکنسن. سەرۆک ئەندرو جاکسۆنیش، کە پابەندی ڕاگواستنی هندییەکان بوو بۆ ڕۆژاوای ڕووباری مسیسیپی، دەسبەجێ قایل بوو.
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٨٣٨دا، ئیمزا لەسەر پەیماننامەی بافەڵۆ کریک کرا و ڕاستەوخۆ گەلی سێنێکا دەسبەرداری ١٠٢ هەزار ئەیکەر زەوی بوون بۆ کۆمپانیای ئۆگدەن لەبەرانبەر ٢٠٢ هەزار دۆلاردا و ئەم بڕە پارەیەش بە شێوەیەکی یەکسان دابەش کرا لە نێوان حکوومەتدا – وەک کەفالەت لەبریی هندییەکان – و ئەو کەسانەی غەیرە هندی کە ویستیان ئەو پارچە زەوییانە بکڕن و چاکسازیی بکەن تێیاندا. دواجار هەموو ئەو زەوییانەی کەوا لە خاوەندارێتیی گەلانی کایوگا و ئۆنیدا و ئۆنۆداگا و توسکارۆرا مابوونەوە بە تێکڕا بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرانە کۆمپانیای ئۆگدەن. لە پاش شکات و شکاتکاریی هندییەکان، پەیماننامەی بافەڵۆی دووەم لە ساڵی ١٨٤٢دا نووسرا وەک هەوڵێک بۆ نێوەندگیری و خاوکردنەوەی گرژی. بە پێی ئەم پەیماننامەیە خێڵی هۆدێنسۆنی مافی نیشتەجێبوونی درایە لە نیویۆرک و چەند ڕووبەرێکی بچووکی مۆڵگەکان لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە گێڕدرایەوە. بێگومان ئەم ڕێککەوتننانە تاڕادەیەکی زۆر ناکارا بوون لە پاراستنی زەوی و زاری ئەمریکییە ڕەسەنەکان. لە ساڵی ١٨٨٩دا، هەشتا لە سەدی هەموو زەوییەکانی مۆڵگەی ئێروکوا لە نیویۆرک لە لایەن خەڵکانی غەیری هۆدێنسونییەکانەوە بەکرێ گیرابوون.
“ناکۆکی و ململانێ لەسەر زەوییەکانی خێڵی ناڤاجۆ -هۆپی”
مۆڵگە هندییە نوێیەکانی ناڤاجۆ و هۆپی دەکەونە باکووری ئەریزۆناوە، لە نزیک ناوچەی فۆر کۆرنەر. ڕووبەری مۆڵگەی پارێزگاریی هۆپی دەگاتە ٢٥٣٢ میلی چوارگۆشە لە ناو ویلایەتی ئەریزۆنادا و مۆڵگەی پارێزگاریی گەورەی ناڤاجۆ کە لەسەر ڕووبەری ٢٧٤١٣ میلی چوارگۆشەیە چواردەوری گرتووە و کەمێکیش دەکشێت بۆ هەردوو ویلایەتی نیومەکسیکۆ و یوتا. گەلی هۆپی، کە بە گەلی پویبلۆش دەناسرێت، بە هۆکاری ڕۆحی چەندین جار لە تەواوی ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوادا کۆچیان کردووە پێش ئەوەی لە باکووری ئەریزۆنای ئێستادا بگیرسێنەوە. گەلی ناڤاجۆش لە سەرانسەری ڕۆژئاوای ئەمریکای باکووردا کۆچیان کردووە وەک پەیڕەوی کردنی فەرمانە ڕۆحییەکان پێش ئەوەی لە نزیک ناوچەی گراند کانیۆندا بگیرسێنەوە. هەردوو خێڵەکە بە ئاشتی پێکەوە دەژیان و تەنانەت پێکیشەوە بازرگانییان دەکرد و بیر و بۆچوونیان لەگەڵ یەکتر دەگۆڕییەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شێوازی ژیانیان بەر هەڕەسە کەوت کاتێ کەوا “خەڵکە تازەکە”، ئەو ناوەی کە ناڤاجۆ لە نیشتەجێ ئەوروپییە settlersسپیپێستەکانیان نابوو، کەوتنە کوشتنی دانیشتووانی ڕەسەن لە سەرتاپای کیشوەرەکەدا و داوای زەوییەکانیان دەکردن، لە ئەنجامی یاسایەکدا کە ئەندرو جاکسۆن دەریکردبوو. جەنگ لەنێوان گەلی ناڤاجۆ و ئەم ئەمریکییە نوێیانەدا بەرپابوو. ئەنجامیش ئەو ڕێڕەوتە دوور و درێژە بوو لە سەرەتاکانی ١٨٦٠کاندا، کە تێیدا تەواوی خێڵەکە ناچار کران بە زۆر و زۆرداری ماوەی ٤٠٠ میل ببڕن لە فۆرت کانبییەوە (کە ئەمڕۆ وینۆ ڕۆک، ئەریزۆنایە) بۆ بۆسک ڕێدۆندۆ لە نیو مەکسیکۆ. ئەم ڕێڕۆیشتنە هاوشێوەی “کاروانی فرمێسکە” بەناوبانگەکەی گەلی چێرۆکییە و هەر وەک ئەمیش گەلێ لە ئەندامانی خێڵەکە لەم گەشتە بە سەلامەتی دەرنەچوون و فەوتان. لێرە نزیکەی ١١ هەزار کەس لە ئەندامانی خێڵەکە بەندکران لەو شوێنەی کە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە مۆڵگەیەکی هندیی ئەزموونیی لەقەڵەم دابوو بەڵام شکستی هێنا چونکە خەرج و مەسرەفی هێجگار زۆر بوو. بەو پێیە لە ساڵی ١٨٦٨دا ڕێگە بە ناڤاجۆ درا بگەڕێنەوە بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان لە پاش مۆرکردنی پەیماننامەی بۆسکی ڕێدۆندۆ. پەیماننامەکە بە شێوەیەکی فەرمی “مۆڵگەی ناڤاجۆی هندیی” لە باکووری ئەریزۆنا دامەزراند. تێرم یان زاراوەی مۆڵگەی پارێزگاری (محمیة) بریتییە لەو ناوچە یان شوێنەی کە دەبوو بۆ دانیشتووە هندییکان تەرخان بکرێن. ئەم پەیماننامەیە مافی نیشتەجێبوون لەسەر پارچە زەوییەک و حوکمێکی نیمچە ۆتۆنۆمیی پێدان. لە لایەکی تریشەوە، بەپێی فەرمانێکی ڕاپەڕاندن کە سەرۆک ئارسەر لە ساڵی ١٨٨٢دا دەریکردبوو مۆڵگەی هۆپی دروستکرا.
لە پاش چەند ساڵێکی کەم لە دروستکردنی هەردوو مۆڵگەکە، یاسای تەرخانکردنی داوەس دەرکرا و بەو پێیە زەوییە خێڵەکییە بەکۆمەڵەکان دابەشکران و هەر ماڵێک یان خێزانێک پارچەیەکی بەرکەوت، وەک هەوڵدانێک بۆ سەپاندنی شێوازەکانی کشتوکاڵی ئەوروپی-ئەمریکی، کە هەر خێزانێک لەسەر پارچە زەویی تایبەتی خۆی کار دەکات. ئەمەش وەک ئابڵووقەدانێکی تری حکوومەتی ئەمریکی بوو. بەم ڕەنگە هەر خێزانێک ٦٤٠ ئەیکەر یان کەمتر زەویی بەرکەوت و ئەو زەوییەی لێیان مایەوە بە “زیادە” دانرا چونکە لەوە زیاتر بوو کە خێڵەکان پێویستیان پێبوو. پاشان ئەم زەوییە “زیادەیە” خرایە بەر دەستی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان بۆ کڕینی. ئەو زەوییەی تەرخانکرابوو بۆمۆڵگەکانی گەلانی ناڤاجۆ و هۆپی لە بنەچەدا ڕووتەن و بێبەرهەم بوو بۆ نیشتەجێ سپیپێستەکان تا ساڵی ١٩٢١ کاتێ پشکنەرەکان کەوتنە گەڕان و پشکنین بە دوای دۆزینەوەی نەوتدا. کۆمپانیاکانی کانزاکان فشاریان خستە سەر حکوومەتی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە مۆڵگەکاندا بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستەکان دەرببڕن بە ناوی خێڵەکەوە.
لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، یورانیۆم لە هەردوو مۆڵگەی ناڤاجۆ و هۆپی دەرهێنرا و بەتەواوی باس لە مەترسیی بەرکەوتنی تیشک نەکرا بۆ خەڵکە ڕەسەنەکە، کە نزیکەی هەموو هێزی کاریان پێکدەهینا لەم کانانەدا و ڕاستەوخۆ لە ناوچەکانی دەوروپشتیدا دەژیان. لە ئەنجامی ئەوەدا، هەندێ لە دانیشتووان کە لە نزیک پرۆژەکانی یورانیۆم دەژیان ئەو بەردانەیان بەکارهێنابوو کە لە کانەکان دەرکرابوون بۆ دروستکردنی خانووەکانیان و بەردەکان تیشکاوەر بوون و ئاسەواری تەندروستیی زیانبەخشیان هەبوو لەسەر دانیشتووان، لەنێویاندا زیادبوونی تێکڕای لەکارکەوتنی گورچیلە و شێرپەنجە. لە کاتی پرۆسەی دەرهێناندا، هەندێک لە منداڵە ڕەسەنەکان لە گۆماوی گەورەدا مەلەیان دەکرد کە زۆر بە خراپی بە یورانیۆم پیس بووبوو لە ئەنجامی چالاکیی کانزاییەوە. هەروەها کۆمپانیاکان شکستیان هێنا کە بە ڕاست و دروستیی ڕزگاریان ببێت لە پاشماوە تیشکاوەرەکان و بەردەوام ژینگەی پیس دەکرد، بە سەرچاوە ئاوییەکانی دانیشتووانە ڕەسەنەکەوە. لە پاش ساڵانێکی زۆر، ئەو پیاوانەی کە لە کانەکاندا کاریان کردبوو هەموو بە شێرپەنجەی سییەکان مردن و خێزانەکانیشیان بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی داراییان وەرنەگرت. لە ساڵی ١٩٧٩دا، لێچوونی کارگەی یورانیۆمی چەرچ ڕۆک Church Rock Uranium mill spill گەورەترین دەرپەڕینی پاشماوەی تیشکاوەر بوو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. ئەم لێچوونە بوو بە هۆی پیسبوونی ڕووباری پورکۆ بە هەزار تەن لە پاشماوەی تیشکاوەر و ٩٣ ملیۆن گاڵۆن لە گیراوەی پاشماوەی تیشکاوەری ترشەڵۆک کە بە ئاڕاستەی ڕێڕەوی ڕووبارەکەدا بەرەو گەلی ناڤاجۆ ڕۆیشت. خەڵکی ناڤاجۆ ئاوی ئەم ڕووبارەیان بۆ ئاودێری و ئاودانی ئاژەڵ و ماڵاتیان بەکاردەهێنا، بەڵام زوو ئاگادار نەکرابوونەوە لەو پیسبوونە و مەترسییەکانی.
پاش ئەوەی جەنگ کۆتایی هات، ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا گەشەی کرد و داخوازی لەسەر وزە بەرز بووەوە. کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری پێویستیا بە سەرچاوەیەکی نوێی وزە بوو، لەبەر ئەوە کەوتنە بنیاتنانی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە کە بە خەڵووز کاریان دەکرد. ئەوان ئەم وێستگانەی وزەیان لە ناوچەی فۆر کۆڕنەردا دامەزراندبوو. لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، جۆن بۆیدن کە پارێزەری هەردووک پیبۆدی کۆڵ و خێڵی هۆپی بوو، کە گەورەترین بەرهەمهێنی خەڵووز بوو لە وڵاتدا توانیی مافی زەوییەکانی هۆپی بەدەستبێنێت، لە نێویاندا بلاک مێساش، کە شوێنێکی پیرۆز بوو بۆ هەردوو خێڵەکە و لە ناوچەیەکی هاوبەشی هەردوو لایاندا بوو. ئەم حاڵەتە نموونەیەکە بۆ ڕەگەزپەرستی و ستەمی ژینگە و ناعەدالەتی، بە پێی ئەو پرەنسیپانەی بەشدارانی لووتکەی نیشتمانیی یەکەم بۆ سەرکردایەتیی ژینگە دایاننابوو، چونکە گەلی ناڤاجۆ و هۆپی، کەوا کۆمەڵگەی ڕەنگاوڕەنگ داهات نزم و نامۆی سیاسین و بە شێوەیەکی نەگونجاو کاریگەر بوون بە وێستگەکانی وزە و ئەو پیسبوونەی لێکەوتەوە کە مافیان پشتگوی خرابوو لە هەوای پاک و زەوییەکانیان تێکچووبوو و لەبەر ئەوەش سیاسەتە گشتییە پەیوەندیدارەکان ڕێزی چونیەک لە هەموو کەس ناگرن.
بەهەرحاڵ، کۆمپانیاکانی کانزاکان زەویی زیاتریان دەویست بەڵام خاوەندارێتیی هاوبەشی زەوی دانوستانی قورس کردبوو. لە هەمان کاتیشدا خێلەکانی هۆپی و ناڤاجۆ ململانێیان بوو لەسەر مافی زەوی لەکاتێکدا کە ئاژەڵەکانی ناڤاجۆ بەردەوام لە زەوییەکانی هۆپیدا دەلەوەڕان. بۆیدن ئەو دۆخەی بە هەل قۆستەوە و پێشکەشی لیژنەی لاوەکیی کاروباری هندییەکانی کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران وداوایکرد کەوا ئەگەر حکوومەت دەستوەردان نەکات و شتێک نەکات، ئەوە جەنگێکی خوێناوی لە نێوان خێڵەکاندا دەقەومێت. ئەندامانی کۆنگرێس ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر تێپەڕاندنی یاسای پاکتاوکردنی زەوییەکانی ناڤاجۆ – هۆپی بۆ ساڵی ١٩٧٤ کە هەموو ئەندامانی خێڵەکانی هۆپی و ناڤاجۆ کە لە زەویی یەکتر دەژیان ناچار گواستنەوە کردبوو بۆ شوێنی ئەویتر.. ئەمەش کاری کردە سەر شەش هەزار کەس لە خەڵکی ناڤاجۆ و لە کۆتاییشدا کۆمپانیاکانی خەڵووز لەوانیتر زیاتر سوودیان بینی و توانای ئەوەی هەبوو بەئاسانتر بگاتە زەوییە کێشە لەسەرەکان. ئەوجا لەجیاتیی بەکارهێنانی توندوتیژیی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی کە ڕاگواستنیان ڕەتکردبووەوە، حکوومەت بڕێاری لەوە دا کە دواتر بە سڕکردنی بێنێت ناسرا بۆ هاندانی خەڵکی لەسەر کۆچکردن. سڕکردنی بێنێت ١.٥ ملیۆن ئەیکەر زەویی ناڤاجۆی لە هەر جۆرێکی پەرەپێدان قەدەغەکرد، لە نێویاندا شۆستەکردنی ڕێگەوبان و تەنانەت چاککردنی سەربانەکانیش. وادانرابوو ئەمە پاڵنەرێکی کاتی بێت بۆ پێشخستنی دانوستانە خێڵەکییەکان کەچی زیاد لە چل ساڵی خایاند و تا ساڵی ٢٠٠٩ کاتی کە سەرۆک ئۆباما بە بڕیارێکی فەرمی ڕایگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، میراتی سڕکردنی بێنێت لە ئاسۆوە دەردەکەوێت بەسەر ناوچەکەدا وەک تا ڕادەیەک دەبینریت. بارودۆخی جیهانی سیهەم لەسەر مۆڵگەکە – حەفتا وپێنج لەسەدیخەڵک کارەبایان نییە و باری خانووبەرەشیان هەژارانەیە.
“ڕۆژهەڵاتی ئۆکڵاهۆما”
کاتی خۆی بەشێکی گەورەی ئەوەی ئێستا بە ئۆکڵاهۆما دەناسرێت هەرێمێکی هندی بوو لە سالانی ١٨٣٠کانەوە. خێڵەکان لە ناوچەکەدا هەوڵیاندا بچنە یەکێتییەوە بەو پێیەی کە ویلایەتی ڕەسەنی سێکۆیایە لە ساڵی ١٩٠٥دا وەک هۆکارێک بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی بەسەر زەوییەکانیاندا، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و زەوییەکان تێکەڵی ئۆکلاهۆما کرا بەپێی یاسای توانادار کردنی ساڵی ١٩٠٦. ئەم یاسایە بۆ ئەوە دەرچووە تاوەکوو مۆڵگە هەڵبوەشێنێتەوە لەپێناوی چوونەپێشەوە لە دامەزراندنی ویلایەتدا. لە تەمووزی ٢٠٢٠ دا دادگای باڵا حوکمی لە سەر کێشەی ماکگیرت دا دژ بە ئۆکڵاهۆما کەوا ناوچەکە، کە نوێنەرایەتیی نیوەی ویلایەتی مۆدێرن دەکات،هیچ کاتێ پێگەی خۆی لەدەست نەداوە وەک مۆڵگەیەکی ڕەسەنەکان. ئەمەش شاری توڵسا دەگرێتەوە. ناوچەکە زەوییەکانی چیکاساو، چۆکتاو، چێرۆکی، موسکۆگی و سێمینۆڵ دەگرێتەوە. حوکمەکە پشت بە پەیماننامەی ساڵی ١٨٣٢ دەبەستێ کە دادگا بەو جۆرە حوکم دەدا کە هەر لەکاردابێت و ئەوەشی دەخاتەسەر کەوا “لەبەر ئەوەی کۆنگرێس پێچەوانەی ئەوەی نەوتووە ئەوە ئێمە حکوومەت پابەند دەکەین کە خاوەنی گفت و بەڵێنی خۆی بێت”.
“ژیان و کولتووری ئەمریکییە رەسەنەکان”
زۆرێک لە ئەمریکییە ڕەسەناکانی کە لە مۆڵگەکاندا دەژین لە ڕێگەی دوو ئاژانسەوە ئاوێتەی حکوومەتی فیدراڵی بوون، کە بریتین لە بیرۆی کاروباری هندی و خزمەتگوزاریی تەندروستیی هندی. ئاستی ژیان لە هەندێ مۆڵگەدا هاوشێوەی ئەوەیە کە لە جیهانی گەشەکردوودا هەیە، لەگەڵ کێشەی مردنی منداڵی شیرەخۆرە و دابەزینی تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو و بەدخۆراکی و هەژاری و مەیخواردنەوە و ماددەی هۆشبەر. هەژارترین دوو هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ناوچەکانی بافەلۆ و داکۆتای باشوورن، کە زێدی مۆڵگەی کرۆ کریکی هندی و ناوچەی ئۆگلالا لاکۆتا، داکۆتای باشوور، زێدی مۆڵگەی پاین ڕیجی هندی بەپێی ئەو داتایەوە کە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٠ کۆیکردووەتەوە. دەکرێ ئەم جیاوازییە لە ئاستی بژێویدا بە حاڵەتەکانی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبوون لێکبدرێتەوە کە چەندین سەدە بەردەوام بووە و بە شێوەیەکی مەنهەجی زیانی بە پەیوەندییەکانی دانیشتووانی ڕەسەن بە زەوییەوە گەیاندووە و هەوڵێداوە شێوازەکانی ژیانی کولتوورییان لەناوببات. توێژەری پۆتاواتۆمی ڕوونیدەکاتەوە کەوا: “هەرچەندە گەلە ڕەسەنەکان، وەک هەر کۆمەڵگەیەک، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە گونجان لەگەڵ گۆرانکاریدا، بەڵام کۆڵۆنیالیزمبووە بە هۆکاری ڕوودانی گۆڕانکاری بە ئاستێکی خێراو بە ڕادەیەک کەوا زۆرێک لە گەلە ڕەسەنەکان تووشی زیان هاتوون، هەر لە دەسپێکی ئەو کێشە تەندروستییانەوە کە پەیوەستن بە سیستەمی خۆراکیی نوێوە تا داخورانی کولتوورەکانیان و وێرانبوونی دیپلۆماسییەتی ڕەسەنەکان کە لەپێش کۆڵۆنیزە کردنیان بەرکەوتەیان لەگەڵ نەبووە”. ئەمەش بووە بە هۆکاری گەورەبوونی جیاوازیی نێوان گەلە ڕەسەنەکان و ئەودوای ویلایەتە یەکگرتووەکان.
بە شێوەیەکی گشتی باوەڕ وایە کە پاراستنی ژینگە و پەیوەستبوون بە سرووشتەوە ڕەگیان لە کولتووری ئەمریکیی ڕەسەندا داکوتاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە گشتاندنە. لە ساڵانی دواییدا، مێژوونووسانی کولتووری کەوتنە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئاڵۆزکردنی ئەم بیرۆکەیە بەو پێیەی وەک ئیددیعا دەکەن کە ئەوە ڕۆمانسییەتێکە و لەڕووی کولتوورییەوە وەرد نییە. هەندێکی تر دان بە جیاوازییەکانی نێوان هەڵوێست و بۆچوونەکاندا دەنێن کە لە بەراورد کردنی فەلسەفەی ئەوروپای ڕۆژئاوا و زانیارییە ژینگەییە نەریتییەکانی گەلە ڕەسەنەکاندا سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی کاتێ دەڕوانیتە ململانێکان لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و ستراتیجەکانی بەڕێوەبردن کە چەندین لایەن دەگرێتەوە.
“پرسە ژینگەییەکان”
ئەو زەوییانەی کە مۆڵگەکانیان لەسەرە بە شێوەیەکی نەگونجاو هەژارن لە ڕووی سەرچاوەی سرووشتی و جۆری گڵەکەی کە یارمەتیدەری بەهێزکردنی خۆشگوزەرانیی ئابووری. لە سەرەتای ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە مۆڵگەکان بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد دەکەونە ناوچە بە ژەهر پیسبووەکان کە لە چالاکییە پیشەسازییەکانی ئێستا و مێژوویی پەیدابوون و دام و دەزگای دەرەکی پێوەی خەریکن بە کۆمپانیا تایبەتەکان و هەروەها حکوومەتی فیدراڵیش. بەگوێرەی زانایانی ئەنسرۆپۆڵۆجیا مێریڵ سینگەر و دێریک هۆج کەوا “جۆری زەوییە خراپ و ژەهراوییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان نە ڕووداوێکی مێژووییە و نە ئەنجامی هیچ کەموکووڕێەکی کولتوورییە لەلایەن ئەوانەوە، بەڵکو ئەنجامی فراوانبوونی ئابووریی دوژمنکارانەیە بەرەو ڕۆژاوا. ئەم پرۆسەیە پلان بۆداڕێژراو بووە و بایەخی بە خۆشگوزەرانیی دانیشتووانی ڕەسەن نەداوە و … بەم جۆرە وا دیزاینی سیاسەتی فیدراڵی کراوە، لەنێویشیدا یاسای ساڵی ١٨٣٠ ڕاگواستنی هندییەکان، بۆ دەرکردن و ڕاگواستنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە سەر خاک و زەوییە باشەکان و گواستنەوەیان بۆ ئەو ناوچانەی کە وا لە قەڵەم دەدران تا ڕادەیەک “بێبایەخ بن” بەگوێرەی پێوەرەکانی سەدەی نۆزدە.
ئەو کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییانەی لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەندا دەژین بە شیوەیەکی نەگونجاو کاریگەرنبە مەترسییە ژینگەییەکان. لەبەر ئەوەی کە “خواست و ئارەزوویان لەسەر نییە”، بەزۆری حکوومەتی ئەمریکی و پیشەسازییە تایبەتەکان ئەو زەوییانەی کە لە مۆڵگەکاندان و لە نزیکیانەوەن بەکاریاندێنێت وەک ناوچەی مەترسیدار لە ڕووی ژینگەوە. ئەم چالاکییانەش بە کانزایی کردنی یورانیۆم و خۆ ڕزگارکردن لە پاشماوە ئەتۆمییەکان و تاقیکردنەوە سەربازییەکان دەگرێتەوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا، گەلێ لە کۆمەڵگەکانی مۆڵگەکانی پارێزگاری بەر کێشەی تەندروستیی زیانبەخش کەوتوون، بە دیاریکراوی و بەپێی توێژەر تراسی لین ڤۆیڵس، گەلی ناڤاجۆ کە بۆ چەندین دەیە کاریگەر بوون بە کانزایی کردنی یورانیۆم و فڕێدانی پاشماوەی ئەتۆمی”
“ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەستن بە مادە تیشکاوەرەکانەوە ئێستا لە بەشێکی زۆری گەلی ناڤاجۆدا بوون بە پەتای گشتگیر، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی تەندروستی و ژیانی کرێکارانی پێشووی کانەکان. هەروەها ژیانی ئەندامانی خێڵی ناڤاجۆ دەخاتە مەترسییەوە ، ئەوانەی کە هەرگیز ناتوانن ئەوە ببینن کە لە ناو کانەکەدایە. بمنداڵانی ناڤاجۆ (یان دێنێ) گرفتاری ڕێژەیەکی بەرزی شێرپەنجەی جووتە گون و هێلکەدانن بە ڕێژەی دوو هێندەی تێکرای نیشتمانی و هەروەها نەخۆشییەکی کوشندەی دەمار کە پێی دەگوترێت نەخۆشیی دەماریی ناڤاجۆ و لە نزیکەوە پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئاوی بە یورانیۆم پیسبوو لە کاتی دووگیانیدا. کۆمەڵگەکانی مۆڵگەکانی تریش بەر حاڵەتی هاوشێوە کەوتوون. بە پێی خانمە توێژەر وینۆنا لادیوک کۆمەڵگەی پاییوت – شۆشۆن بەئەنقەست بەر مادەی تیشکاوەر خراون بە درێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم: “لە ساڵی ١٩٥١دا، دەستەی وزەی ئەتۆم شوینی تاقیکردنەوەی نیڤادای لە ناو زەوییەکانی شۆشۆنی ڕۆژئاوادا هەڵبژارد وەک زەوییەکی تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان. هەروەها لە نێوان هەردوو ساڵی ١٩٥١ و ١٩٥٢دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا ١٠٥٤ کەرەستە و ئامێری ئەتۆمییان لە سەر و لە ژێر زەویدا تەقاندووەتەوە […] بە پێی سانشیز، دەستەی وزەی ئەتۆمی بەئەنقەست جاوەڕێ دەکات تا هەور بیهێنێت بۆ باکوور و کەڵەکە ببیت پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بۆ ئەوەی خۆ دوور بگرێت لە قسە و باسی ناوچە بەدانیشتووان چڕەکانی وەک لاس ڤێگاس و لۆس ئەنجلس. ئەمەش بەو واتایە دێت کەوا شۆشۆنەکان دۆزێکی (جورعەیەکی) گەورەتر وەردەگرن”.
گەلێ لە کۆمەڵگەکانی (کۆمیونیتییەکانی) دانیشتووانی ڕەسەن بەر تێکچوون و داڕووخانی زەوییە پیرۆزەکان کەوتبوون لە بەرژەوەندیی دەرهێنانی سەرچاوەکاندا. نزیکەی ٧٩%ی نیشتووی لیثیۆم کە لە خۆڵ و خاکی ئەمریکادا هەیە کەوتووەتە مەودای ٣٥ میلەوە لە مۆڵگە هندییەکانەوە. ڕاڕەوی تاکەر شوێنی یەکێکە لە گەورەترین نیشتووی لیثیۆم lithiumلە جیهاندا و هەروەها شوێنێکی پیرۆزی ناشتنی مردووی چەندین خێڵە، لە نێویشیدا ڕووباری پیت و پایوت. کۆمپانیای کانەکانی لیثیۆمی نێڤادا، بەم دواییە مۆڵەتی کانزاگەریی لە ناوچەکەدا وەرگرت لەلایەن بیرۆی بەڕێوەبردنی زەوییەکانەوە. کەسانی سەر بە خێڵەکان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کەوا ئەم مۆڵەتانە بە شێوەیەکی نایاسایی دەرکراون و “بیرۆی ئیدارەی زەوییەکان تەنها سێ خێڵی لە کۆی ٢٧ خێڵ ئاگادار کردووەتەوە لە نێڤادا سەبارەت بەم کانانە”. لە ڕووی مێژووییەوە، گرووپەکانی دانیشتووانی ڕەسەن هیچ پرس و ڕایەکیان پێنەکراوە سەبارەت بەم زەوییانەی تەرخانکراون بۆ کار لە سەرکردنیان، بێجگە لەوەش کە چی بەسەر زەوییەکەدا دێت. دەکرێ ئەمە بەو لێوەرگرتنە لێکبدرێتەوە کە لە گۆڤارێکی ئەکادیمیدا بڵاو بووەتەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە لە جەمسەری باکووردا: “لەکاتێکدا کە لە ئێستادا پەیوەندیی فەرمیی نێوان حکوومەت پێویستە بەڵام ئەم حالەتانەی (کە بەردەوام دەبێت لە دەسنیشانکردنی پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی ڕەسەن و فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا) “بەرپرسیارێتییەکی متمانەی” فیدراڵیی داناوە بۆ گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکادا و تۆمارکردنی پەیوەندیی یاسایی باوکانە کەوا ئۆتۆنۆمیی حکوومەتە خێڵەکییەکان سنووردار دەکات. بە پێیەش حکوومەتی ئەمریکی لەڕووی یاساییەوە پابەندە بە پارێزگاری کردن لە زەوییەکان و سەرچاوەکان و ئەو ناوچانەی لە ڕووی نەریتییەوە لەلایەن خەڵکە ڕەسەنەکانەوە بەکاردەهێنرین و ئاژانسە حکوومییەکان داوالێکراون بە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتە خێڵەکییەکان و کۆمپانیا ڕەسەنەکانی ئالاسکادا بڕیاری پێویست بدەن لەبارەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە. لەکاتێکدا هەندێک وایدەبینن کە ئەم شێوە نوێنەرایەتییە باشترین هۆکارە و تاکە پرۆسەیە بۆ کارکردن لەسەرسیاسەتی باکوور، ئەوە بەشداریی ڕاستەقینەی حکوومەتە خێڵەکییەکان سنووردار بووە و بە کارێکی ڕۆتینی تەماشا دەکرێت و ڕەنگە بە هۆی هەندێ ڕێوشوێنی یاسای فیدراڵییەوە قەدەغەش بکرێت. ئێمە ئەم حاڵەتانە لە بڕ و ژمارەی ئەو مۆڵگانەدا دەبینین کە لە نزیک پرۆژەکانی بیناسازیدا هەڵکەوتوون و بوون بە هۆکاری پیسبوون وەک شوێنی داپۆشینی پاشماوەکان یان ئەو هێڵی بۆرییەی دەگاتە داکۆتاکان. بێجگە لەوەش ئەو زەوییانە تەرخانکراون بۆ نیشتەجێبوونی دانیشتووانی ڕەسەن لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەرەوڕووی ئاستەنگی ڕاسەقینە بووەتەوە. وەک ئەوەی هەردوو توێژەر گریگۆری هووکس و چاد سمیث ڕوونیان کردووەتەوە لە گۆڤارە ئەکادیمییەکەیاندا کەوا بەرهەم بە مەسەلەکانی ژینگە دەبەستێتەوە، “ئەو زەوییانەی مڵکی حکوومەتی فیدراڵین و زەویی ئەمریکییە ڕەسەنەکان وا کەوتبوونەوە کە نزیکی یەکتربن و لە گەلێ ڕووەوە هاوشیوە بوون و لە ویلایەتەکانی ڕۆژاوای میسیسیپیدا چڕبووبوونەوە و زیاتر زەویی زۆر وشک و دوورەدەست و ڕووتەن بوون لەوەی کە سەرنجی نیشتەجێبووانی سپیپێست و کۆمپانیاکان بۆ خۆیان ڕابکێشن.
بە زۆری مۆڵگەکانی پارێزگاری وا دیزاین کرابوون یان کەوتبوونە نزیک ناوچەکانی “سوپەرفەندەوە superfund” (واتە ناوچە زۆر پیسبووەکان بە تیشک و شتی تر کە ئەمریکا بە خەرجی زۆر هەوڵی پاککردنەوەیانی دەدا – وەرگێڕ) و لە لایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکییەوە دەسنیشان کرابوو، وەک ناوچەی پیسبووی مەترسیدار بۆ ژیان و پێویستی بە ڕێوشوێنی تایبەتە بۆ پاککردنەوە. وەکالەتی پاڕێزگاری لە ژینگە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا پشکنینی بۆ ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی کردووە و کانزای قورسی ژەهراوی و هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی دۆزیوەتەوە و لەنێویاندا قوڕقۆشم و زینک و کرۆم بە چڕییەک کەوا زۆر لە ستاندارە ناوخۆییەکانی ویلایەتەکان و فیدراڵی تێپەڕاندووە. زۆربەی ئەم کانزا ژەهراوییانە پەیوەندیدارن بە کۆمەڵێک ئەنجامی تەندروستیی زیانبەخشی توند و درێژخایەنەوە و لەوانەش شێرپەنجە. لە ئەنجامی پشکنینەکانی ئاژانسی پارێزگاریی ژینگەوە، لە ساڵی ١٩٨٣دا ڕووبەری پێنجسەد ئەیکەر زەوی خراوەتە لیستی لەپێشینەی نیشتمانییەوە، کە لیستێکە بە شوێنەکانی پاشماوە مەترسیدارەکان بۆ ڕێوشوێنی چارەسەری درێژخایەن و پە پێی بەرنامەی سوپەرفەندی Superfund فیدراڵی پارەدار دەکرێت.
سەرچاوە: ویکیپێدیا Wikipedia
وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق