ڤاكینڤ هامەر، بریتی بوو لە کردەیەكی سەربازیی پێشکەوتوو كە لەسەروبەندی پرۆسەی ئازادکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریكاوە لەساڵی 2003دا، لە هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگە لە ئیدارەی سلێمانی ئەنجامدرا، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە لێدانی گروپی ئیسلامی چەكداری (ئەنسارولئیسلام) و کۆتایی هێنان بە میرنشینەکەیان بوو کە لەساڵی (٢٠٠١)وە ئەو میرنشینە ئیسلامیە دامەزرێنرا بوو وناوەندەکەی شارەدێی (بیارە)ی سەربە پارێزگای (هەڵەبجە)ی هەرێمی كوردستان بوو.
بەشێک لە ستراتیژی سەربازی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لەمیانەی پرۆسەی ئازادی ئێراقدا بریتی بوو لە کردنەوەی بەرەی جەنگی باکور وەک بەرەی دووەمی جەنگە کە لەپێناو پەرتکردنی هێزەکانی سوپای ئێراق وکەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بەرەی یەکەمی جەنگ کەبریتی بوو لەبەرەی باشور، بەڵام ڕێگەنەدانی (تورکیا)بە تێپەڕبوونی فیرقەی (چواری) پیادەی هێزەکانی ئەمریکا بە سنوری وڵاتەکەیدا بەرەو ئێراق، بووەهۆی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم ئەم ستراتیژە سەربازیەدا، بۆیە بارگرانی تەواوکردنی ستراتیژەکە کەوتە ئەستۆی هێزە كوردیە هاوپەیمانەكانی ئەمریکا وهێزە شەڕکەرەکانیان كە فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستان بوون.
بۆیە نزیکەی (٦٠٠٠٠) شەست هەزار پێشمەرگەی کوردستان، هاوشانی (٣٠٠) سێ سەد سەربازی گروپی (١٠)ی هێزی (ئایربۆرن)ی ئەمریكی و زیاتر لە(٥٠) سەربازی هێزی تایبەتی ئەمریكی، کە لە ڕێگەی پەڕەشوتەوە دابەزین بۆ بڵاوبوونەوە بە ناوچەکەدا، كە بە درێژای سنورە (١٤٠) کیلۆمەتریەکەی هێڵی سەوز(گرین لاین)ی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان وڕژێمی ئێراق بەرامبەر بە(١٥٠٠٠٠) سەد وپەنجا هەزار سەربازی ئێراقی ڕیزكران، کە سوپاكەی ئێراق پێکهاتبوو لە دوو فیرقەی پاسەوانی کۆماری وفیرقەیەکی زرێپۆش.
عەقید (چارڵز کلیڤلاند) فەرماندەی گروپی 10ی هێزە تایبەتەکانی ئەمریكا، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە وکردنەوەی بەرەی باکوری جەنگ بەڕووی ئێراقدا، دەرکی بە پێویستی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە کاریگەرە کردبوو کە لەپشتی بەرەکەیانەوە هەبوو ومەترسی بوو بۆسەر بەشێک لەهێزەکانی پێشمەرگە، كە ئەو مەترسیەیش خۆی لەبوونی چەکدارانی (ئەنسار و ئیسلام)دا دەبینیەوە وئەم مەترسیە دەیتوانی کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکاندا لەرەی باكورەوە.
ئەنسار و لئیسلام
ڕێكخراوی پشتیوانانی ئیسلام یان ئەنسارولئیسلام، ڕێکخراوێکی چەكداری ئیسلامی توندئاژۆ بوو لە کانوونی یەکەمی ساڵی (٢٠٠١)و دوای لەتبوونی بزوتنەوەی ئیسلامی، لەیەکگرتنی چەند باڵ و ئاڕاستەیەکی جیاوازی ناو ئەو حیزبە پێکهات كە ڕوانگەیان لەیەكەوە نزیكبوو.
ئەندامانی ڕێکخراوەکە بریتی بوون لە تێكەڵەیەك لە کورد وعەرەب وتەنانەت ئەفغانیشیان تیادابوو، پەیوەندیان بەڕێکخراوی (ئەلقاعیدە)هەبوو و ژمارەی چەكدارەكانیان بە نزیکەی (٧٠٠)کەس مەزندە دەکرا، دەستیان بەسەر ناحیەی بیارە وچەند گوندێکی دەوربەریدا گرت، کە بەدرێژای سنوری دەستکردی ئێراق – ئێران هەڵکەون، لەو ناوچەیەدا میرنشینێکی ئیسلامیان تێدا دامەزراند، ڕێکخراوەکە لەسەرەتای دامەزراندیانەوە هەتا ساڵی (٢٠٠٣) بە بەردەوامی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو ناوچانەدا لە شەڕی سەخت و خوێناویدا دابوون، تەنانەت ڕێكخراوی سی ئای ئەی(CIA)ی ئەمریكی لە یەكێك لەڕاپۆرتەكانیدا گومانی هەبوو لەوەی كە ئەنسارولئیسلام چەکی کیمیای لە کارگەیەک دروست کردبێت لە “گوندی سەرگەت”ی ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە، بۆیە چارەسەر كردنی ئەم مەترسیە بەلای ئەمریكیەكانەوە لە بەرنامەی كارەكاندابوو، وە پلانی پێویستی بۆ دانرا، ئەو كردە سەربازیەیش ناونرا (كردەی سەربازی ڤاكینگ هامەر).
دەستپێکردنی کردە سەربازیەکە
کردە سەربازیەکە پێویستی بە هێرشێکی بەرەیی هەبوو بە درێژایی (٢٥) میل بەرەو ژور لە ناوچەیەکی سەخت و شاخاویدا كە پەیوەستە بە سنووری ئێرانەوە، پلانی کردەسەربازیەکە بریتی بوو لە وەشاندنی گورزی ئاسمانی و پاشانیش دەستپێکردنی هێرشی زەمینی لە شەش قۆڵی جیاوازەوە کە ڕەنگڕێژ كرابوون بەڕەنگەکانی (زەرد، سور، شین ، سەوز، ڕەش، پرتەقاڵی).
ئەوەی زیاتر دۆخەكەی ئاڵۆزكردبوو، هەبوونی هێزێكی تری ئیسلامی چەكدار بوو لەتەنیشت و بەتێكەڵ لەگەڵ ناوچەكانی ئەو ڕێكخراوەدا كە “كۆمەڵی ئیسلامی” بوو، بەڵام ئەمان پەیوەندیان لەگەڵ هێزە كوردیە فەرمانڕەواكان هەبوو ولەجەنگدا نەبوون و لەڕووی كردەییەوە بەشێك نەبوون لەجەنگەكە.
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی ٢١ ی ئاداری ساڵی (٢٠٠٣)دا کردەسەربازیەکە بە ئەنجامدانی ٦٤ هێرشی موشەکی لە جۆری (کروز و تۆماهۆک) دەستی پێكرد، كە تیایدا هێرشەكان كرانە سەر پێگە وبارەگاکانی ئەنسارولئیسلام وکۆمەڵی ئیسلامیش لەناوچەکانی خورماڵ، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا هێرشەکە کاریگەریەکی ئەو تۆی لەسەر تواناكانی ئەنسارولئیسلام دروست نەکرد وزیانی ئەوتۆی لەم ڕێكخراوە نەدا، كەچی قەبارەی زیانەکان لەمەڕ کۆمەڵی ئیسلامی سەخت وکاریگەربوون، چونكە هێرشە موشەكیەكە بوو بەهۆی کوژرانی نزیکەی (١٠٠) چەکداری كۆمەڵی ئیسلامی و هەر ئەمەیش وایلێكرد ڕازبێت بەچەكدانان وجۆرێك لە پاشگەزبوونەوەی ڕانەگەیەنراو لەسیاسەت وكاری پێشووی، هەندێكیش بە ڕادەستبوون ناوی دەبەن.
هەرچەندە بڕیار وابوو دوا بەدوای گورزە ئاسمانیەکە هێرشی زەمینی دەست پێ بکات، بەڵام بەهۆی گرفتی تەکنیکیەوە هێرشە زەمینیەکە بۆ ٢٨ مانگ دواخرا، ئەوەبوو کاتژمێر (٦)ی سەرلەبەیانی ٢٨ مانگ هێرشی زەمینی بە بەشداری(١٠٠٠٠) دە هەزار پێشمەرگەی سەربە یەكێتی، لە باشووری ناوچەكە وبەدیاریکراوی لە “گوندی گوڵپ”ەوە دەستی پێکرد، كە تیایدا هێزی سەربازیی ئەمریكایش بەشداربوون.
بوونی هێزەکانی ئەمریکا هاوشانی هێزەکەی شێخ جەعفەر، جۆرێک دڵنیایی بۆ خۆی وهێزەکەی دروستکردبوو بەوەی كە ئێران لەقازانجی ئەنسارولئیسلام دەستوەردان نەكات ونەبێتە پارێزەریان، ئەوەبوو هێرشەکە ڕووبەڕووی بەرگری توندی چەکدارانی ئەنسارولئیسلام بووەوە، هەتا ئەوكاتەی لەڕێگەی هێرشی ئاسمانیەوە بە فڕۆكە هێڵی بەرگری چەکدارەکان تێکشکێنرا و بەرەو “گوندی سەرگەت” پاشەکشەیان کرد، بەم جۆرەیش چەند کاتژمێرێک بەرلەو وادەیەی دیاریکرابوو “گوندی گوڵپ” کۆنترۆڵ کرا.
دوای شەڕی گوڵپ، قوڵایی دوڵەکە ڕێگربوو لە ناردنی دروستی سیگناڵە ڕادیۆییەکان بۆ هێزەكانی ئەمریكا بەمەبەستی دابینکردنی پشتیوانی ئاسمانیبۆ پێشمەرگە وڕاوێژکارە ئەمرکیەکان، بۆیە شەڕێكی سەخت ڕویدا و پێشڕەوی هێزەكان لەلایەن دۆشكە وهاوانەكانی ئەنسارولئیسلامەوە نزیكەی سێ كاتژمێر وەستێنرا، هەتا دواجار لەڕێگەی نیشانەشکێنی جۆری کالیبەری دورمەودای تیمە تایبەتەکە و تۆپخانەکانی پێشمەرگە توانیان زاڵبن بەسەر خاڵەکانی بەرگریکردنی ڕێکخراوەکەدا وچەکدارەکان گوندەکەیان بەرەو بەرزاییەکانی ناوچەکە بەجێهێشت. هاوکات پێشڕەوییەکان بەهەمان خێرایی لەسەرجەم قۆڵەکانەوە بەردەوام و هەموو ئەو ناوچانەی دیارکرابوو بە ناحیەی بیارەیشەوە کە ناوەندی دەسەڵات وفەرمانڕەوایی ئەنسارولئیسلام بوو، بەر لەو وادەیەی دیاریکرابوو کۆنترۆڵکران.
بەڵام ئەمە نەبووە هۆی لەناوچونی تەواوەتی چەکدارەکان، بۆیە هێزە هاوبەشە ئەمریکی وکوردییەکە دیسانەوە کەوتنەبەر پەلاماری دۆشکەی چەکدارەکانی ئەنسارولئیسلام وناچاربوون پێش ئەوەی تاریکایی شەو دابێت کۆتایی بە شەڕی ڕۆژەکە بهێنن، بەڵام بۆردومانی ئاسمانی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگەگرتن لە دوبارە خۆڕێکخستنەوەی چەکدارەکان بەردەوام بوو.
دوای خۆڕێكخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو شەوەدا وتوندوتۆڵکردنی هەموو ئەو خاڵانەی كۆنترۆڵیان كردبوو، لەسەرلەبەیانی ڕۆژی دووەمدا هێرشی هێزە هاوبەشە ئەمریکی وکوردیەکە دەستی پێکردەوە پێشڕەویان كرد، وە هێزەکانی ئەنسارولئیسلام بۆ ناوچە شاخەکاوییەکانی سنووری ئێران كشانەوە وبەشێکی زۆریان لەسنور پەڕێنەوە وهەندێکیشیان بەناچاری ڕووەو هێزە هاوبەشە ئەمریكی وكوردیەكە هاتن وخۆیان دا بەدەستەوە، بەم جۆرەیش كردەی سەربازیی ڤاكینگ هامەر كۆتایی هات و بە ئامانج گەیشت.
ئەنجام:
کردەی سەربازی ڤایکینگ هامەر کۆتای بە بوونی ئەنسارولئیسلام و دەسەڵاتەکەی هێنا لەناوچەکەدا وڕێکخراوەکە دوچار داڕمان و پارچەبوون بوویەوە نزیکەی، چارەنوسی چەكدارەكانی یان كوژران كە ژمارەی کوژراوەكانی نزیكەی 200 چەكداربوون، یان هەڵهاتن یانیش خۆیان بەدەستەوەدا كە بەشێك لەمانە برینداربوون وبە برینداری گیران.
لەڕۆژەکانی دواییدا و لە کاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی کیوماڵکردنی ناوچەکە بوون تیمی ڕووپێوی پشکنینی کیمیایی وبایۆلۆجی وتیمەکانی ساغکردنەوەی بەڵگەنامەکانی سەربە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا پشکنینیان بۆ شوێنی گومانلێکراوی چەکی کیمیایی لە “گوندی سەرگەت” کرد و چەند شوێنەوارێکی گازە کیمیاییەکانی وەک (کلۆریدی پۆتاسیۆم وگازی دەماری ئەترۆپین)و چەند توخمێکی هاوشێوەیان دۆزییەوە لەگەڵ کتێبی ڕێنمایی دروستکردنی چەکی کیمیایی وچەند پاسۆرت و بەڵگەنامەی ساختەدا، ئەمەش ئەو گومانەی پشتڕاستکردەوە کە لەبارەی ئەو جێگایەوە هەبوو بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی و گازەکۆمەڵکوژەکان.
لەپای ئەرکەکەیان لەئەم هەڵمەتەدا، 30 سەربازی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکا خەڵاتی ئەستێرەی زیوینیان پێبەخشرا، چەند ئەندامێکی تیمە تایبەتەکە بەهۆی “پاڵەوانێتی نائاسایی”لە شەڕدا، ئەستێرەی هەواڵگری دەگمەنی (CIA)یان وەرگرت.
لەدوای سەرکەوتنی کردە سەربازیەکە و کۆتایی هاتنی هەڕەشەکە لە ڕۆژانی دواتردا تەنها (١٠٠٠) هەزار پێشمەرگە کۆنترۆڵکردن و چەسپاندی دەسەڵات لە ناوچەکەدا مانەوە وباقی هێزەكە گەڕێنرایەوە بۆ بەرەی جەنگ لەگەڵ ڕژێمی ئێراق.