مۆڵگەی پارێزگاریی هندییە ئەمریکییەکان (محمیات، reservations) ڕووبەرێکی زەوییە کەوا گەلێکی خێڵەکیی ئەمریکیی ڕەسەنی دانپێدانراو لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکییەوە حوکمی دەکات و حکوومەتەکەی بەهرەمەندە لە ئۆتۆنۆمی و ملکەچی ئەو لائیحە و ڕێکخستنانەیە کەوا کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەریکردوون و لەلایەن بیرۆی کاروباری هندییەکانی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێن نەک حکوومەتی ئەو ویلایەتە ئەمریکییەی کە مۆڵگەکەی تێدایە. هەندێ لە خێڵانەی کە لە ڕووی فیدراڵییەوە ددانیان پێدانراوە و ژمارەیان دەگاتە ٥٧٤ خێڵ حوکمی دانەیەکی زیاتر دەکەن لەو ٣٢٦ مۆڵگە هندییەی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لەکاتێکدا کە هەندێکیان مۆڵگەی پارێزگارییان نییە لە ئەمریکادا. تەرخانکردنی زەوی و زار بە شێوەیەکی پلە بە پلە و بەپێی یاسای داوەس Dawes Act پرۆسەی فرۆشتنی ئاسان کرد بۆ ئەو ئەمریکییانەی کە ڕەسەن نەبوون بوو بە هۆی دابەشبوونی تووندی مۆلگەکان و بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پارچە زەوییە خێلەکی و تایبەتمەندەکان دەکات وەک پارچەی جیاجیا. ئەم تێکەڵکردنەی زەوی و عەقاراتی تایبەت و گشتییە ئاستەنگی ئیداری و سیاسی و یاسایی گەورەی دروستکرد.
تێكڕا ڕووبەری تەواوی مۆڵگەکان ٥٢٦ هەزار ئەیکەرن (٢٢٧ هەزار کم٢)، کە دەکاتە نزیکەی ٣,٢% تێکرا ڕووبەری ویلایەتە یەکگرتووەکان و نزیکەی قەبارەی ویلایەتی ئیداهۆ. لەکاتێکدا کە زۆربەی مۆڵگەکان بچووک بوون بەراورد بە ڕێژەی قەبارەی ویلایەتەکان، بەڵام دوانزە ویلایەتی هندی گەورەتر بوون لە ویلایەتی ڕۆد ئایلاند. گەورەترین مۆڵگە، مۆڵگەی گەلی ڕەسەنی ناڤاجۆیە، کە هاوشێوەی قەبارەی ویلایەتی وێست ڤەرجینیایە. مۆڵگەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایەکسان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دابەشکراون و زۆربەیەن دەکەونە ڕۆژئاوای ڕووباری مسیسیپییەوە و لەسەر ئەو زەوییانەن کە یەکەمجار بە هۆی پەیماننامەی (بەخشینی زەوی و خاکی هندییەکانەوە) داگیرکرابوون لە مڵکی گشتی. ئەوجا لەبەر ئەوەی گەل یان خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنە دانپێدانراوەکان باڵادەستیی خێڵەکییان هەبوو، ئەگەرچی لە ئاستێکی دیاریکراویشدا، بەڵام یاساکانی لەمەڕ زەوی و زارە خێڵەکییەکان جیاواز بوون لەو یاسایانەی کە لە ویلایەتەکانی دەوروبەردا کاریان پێدەکرا. بۆ نموونە، ئەم یاسایانە ڕێگەیان بە بوونی ئەو جۆرە گازینۆوانە دەدا لە ناو ویلایەتەکاندا کە نەدەبوو قوماریان تێدا بکرایە و ئەمەش گەشتیاری بۆ خۆی ڕانەدەکێشا. بەگشتی ئەنجومەنی خێڵەکی دەسەڵاتی دادوەریی هەبوو بەسەر مۆڵگەکەدا، نەک ئەو ویلایەتەی کە تێیدا بوو یان حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی. مۆڵگە جیاوازەکان سیستەمی حوکمی جیاوازیان هەبوو، کە فۆرمی حوکمی دەرەوەی مۆڵگەکە دووبارە دەکەنەوە یان نە. زۆربەی مۆڵگەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دامەزرابوون، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات بناغەی دامەزراندنیان دەگێڕنەوە بۆ دانپیانانی دەوڵەت.
تێرم یان زاراوەی “مۆڵگە، محمیة،reservation ” ناوێکی یاساییە و لە چەمک و تێگەیشتنی گەل و نەتەوە ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە هاتووە وەک گەلی خاوەن دەسەڵاتی سەربەخۆ لە سەردەمی گەڵاڵەکردن و تێپەڕاندنی کردنی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. بەم پێیە پەیماننامە بەراییەکانی ئاشتی (کە بەزۆری لە دۆخی ناچارکردن یان فێڵ لێکردندا مۆرکرابوون) و لەئەنجامدا گەلە ڕەسەنە ئەمریکییەکان بەشێکی گەورەی زەوی و خاکەکەیان ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردبوو، بەڵام هەندێ پارچە زەوی لەلایەن ئەم گەلانەوە “دەستنیشان کرابوون” بۆ خۆیان و ئەم پارجە زەوییانە دواتر بە “مۆڵگەی پارێزگاری – محمیة” ناویان دەهات. ئەم زاراوەیە بەردەوام بەکاردەهات پاش ئەوەش کە حکوومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاگواستنی گەلە ڕەسەنەکان بۆ ئەو خاک و زەوییانەی کە فرەجار هیچ پەیوەندییەکی مێژوویی یان کولتوورییان پێیانەوە نەبوو. بەراورد بە مەڵبەندەکانی تری دانیشتووان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، مۆڵگەکان بە شێوەیەکی نەگونجاو دەکەوتنە نزیکی ئەو شوێنە ژەهراوییانەوە کە مەترسییان دروست دەکرد لەسەر تەندروستیی ئەو کەسانەی تێیدا دەژیان یان لە نزیکیەوە کاریان دەکرد، لەنێویشیاندا شوێنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و کانە پیسبووەکان. زۆربەی هندییە ئەمریکییەکان و دانیشتووە ڕەسەنەکانی ئالاسکا لە دەرەوەی مۆڵگەکاندا دەژین، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی ڕۆژاوای ئەمریکا، وەک فینیکس و لۆس ئەنجلسدا. لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاد لە ٢.٥ ملیۆن ئەمریکیی ڕەسەن هەبوو، لەگەڵ یەک ملیۆنیان کە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا دەژیان.
“پاشخانێکی مێژوویی؛ مێژووی کۆڵۆنیاڵی و بەرایی ویلایەتە یەکگرتووەکان”
لە سەرەتای کۆڵۆنی کردنی ئەوروپییەکان بۆ هەردوو ئەمریکا، بەزۆری ئەوروپییەکان گەلە ڕەسەنەکانیان لەسەر خاک و زەوییەکانیان ڕاگواست. هۆکارەکان جۆراوجۆرن، لەنێویاندا ئەو پەیماننامانەی کە لەژێر فشار و ئاستێکی گەورەی ناچارکرن، راگواستنی زۆرەملێ، تووندوتیژی و لە هەندێ حاڵەتیشدا ئەو جووڵە خۆبەخشانەی بەپێی بنەمای ئاڵوگۆڕی ڕێککەوتن مۆرکراون. ڕاگواستن بوو بە هۆکاری گەلێ کێشە، چەشنی لەدەستدانی هۆکارەکەنی ژیان لەبەر قەتیس کردنیان لە ناوجەیەکی سنووردار و خراپیی جۆری ئەو زەوی و زارانەی کە بۆ کشتوکاڵ تەرخانکراون و دوژمنایەتیی نێوان خێلەکان. یەکەم مۆڵگە لە ساڵی ١٧٥٨دا لە باشووری نیوجەرسی دروستکرا و ناوی مۆڵگەی برازەرستۆنی هندی بوو و ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو. لە سالی ١٧٦٤دا پێشنیازی “پلانی بەڕێوەبەرێتیی ئیدارەی پاشەڕۆژی کاروباری هندییەکان” کرا لەلایەن ئەنجومەنی بازرگانییەوە کە سەر بە حکوومەتی بەریتانی بوو. هەرچەندە ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی وەرنەگیرا، بەڵام پلانەکە جاوەڕوانییەکانی حکوومەتی بەریتانیی سەلماند کەوا زەوییەکان تەنها لەلایەن حکوومەتە کۆڵۆنیاڵییەکانەوە دەکڕدرێن نەک تاکەکەسان و ئەو زەوییانە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا نەبێت ناکڕدرێن. بێجگە لەوەش پلانەکە وابوو کە بە شێوەیەکی دروست ڕاوێژ بە هندییەکان بکات لە کاتی دڵنیابوون لە سنوورەکانی نیشتەجێبوونی کۆڵۆنیاڵی ودیاریکردنی. لە ساڵی ١٨٢٤دا، جۆن سی کاڵهۆن بیرۆی کاروباری هندیی دامەزراند وەک بەشێک لە وەزارەتی چەنگی ئەمریکی (کە ئێستا وەزارەتی بەرگرییە)، بۆ چارەسەری کێشەی زەوی و زار بە ٣٨ پەیماننامە لەگەڵ خێڵە هندییە ئەمریکییەکاندا.
“نامەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا لەبارەی مۆڵگەکانی پارێزگاریی دانیشتووانە ڕەسەنەکانەوە (١٨٢٥ – ١٨٣٧)”
ئەو پەیماننامە و یاسا و لایحانەی پەیوەستن بە کاروباری هندییەکانەوە (١٨٢٥) دۆکیومێنتێکی مۆرکراو بوو لەلایەن سەرۆک ئەندرو جاکسۆنەوە و بە دەق تێیدا هاتووە کە “ئێمە زەوییەکانمان لە حاڵەتێکی باشتردا داناوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە” بە ڕەزامەندیی مۆڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. نامەکە لەلایەن ئیسحاق شێڵبی و جاکسۆنەوە ئیمزا کرابوو. زۆرێک لەو لایحانەی پەیوەستن بە دانیشتووانی ڕەسەنەوە لە ئەمریکا و ڕەزامەندیی لەسەر جیاکردنەوەی دانیشتووانی ڕەسەن و سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دەدوێن. سەرۆک مارتن ڤان بورین دانوستانی لەسەر پەیماننامەیەک دەکرد لەگەڵ خێڵی ساگیناو لە چیپواس لە ساڵی ١٨٣٧دا بۆ بنیاتنانی بورج یان مەنارەیەک. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار بوو لە چێکردنی پەیماننامە نوێکان سەبارەت بە مۆڵگە هندییەکان لە پێش ساڵی ١٨٥٠دا. ڤان بیورین باس لەوە دەکات کە مۆڵگەکانی ڕەسەنەکان “هەموو مۆڵگەی پارێزگاریی ئەوانن لە زەوییەکانی ویلایەتی مەشیگان، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو مۆڵگانەی ناوبراو لە بیرۆکانی زەوییە گشتییەکاندا بفرۆشرین بۆ بەرژەوەندیی و داهاتەکەیان بدرێتێ”. ڕێککەوتننامەکە وابوو کەوا خێڵە ڕەسەنەکە زەوییەکانی بفرۆشێت بۆ دروستکردنی بورجێکی ڕووناکی lighthouse.
هەروەها پەیماننامەیەک لەلایەن جۆن فۆرسیتی وەزیری دەرەوە لەبریی ڤان بوورین مۆرکرا، لەبارەی ئەو شوێنەوە کە پێویستە گەلە ڕەسەنەکانی تێدا بژی بەپێی هەلومەرجی سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاری لە ئەمریکادا لەنێوان گەلی ئۆنیدا لە ساڵی ١٨٣٨دا. ئەم پەیماننامەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕێگە بە گەلە ڕەسەنەکان دەدا لەسەر مۆڵگەیەکی دیاریکراو “لەسەر کەنارەکانی ڕۆژاوای کەنداوی ساگاناو”. دروستکردنی مۆڵگە بۆ گەلانی ڕەسەنی ئەمریکا بە لای کەمەوە پێنج ساڵی دەویست لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. دەقی ماددەی دووی پەیماننامەکە دەڵێ کەوا “مۆڵگەکانی کە دەکەونە سەر هەردوو ڕووباری ئەنگرەیس و ڕیفل و باسی لەوە دەکرد کە هندییەکان مافی سوود لێوەرگرتن و تێیدا مانەوەیان دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ”. دانیشتووانی ڕەسەن کۆت و بەندیان بەسەردا سەپابوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
“بەرایی فرۆشتنی زەوی لە ڤەرجینیا (١٧٠٥ – ١٧١٣)”
نووسەر و توێژەر باک وودارد پەڕاوی راپەڕاندنی ویلیەم کابێڵی حاکمی بەکارهێنابوو لە وتارەکەیدا سەبارەت بە “فرۆشتن و تەرخانکردنی زەویی هندییەکان لە ڤەرجینیای پێش جەنگدا” بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مۆڵگەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکاوە لەپێش ساڵی ١٧٠٥دا و بە دیارکراوییش لە ڤەرجینیادا. ئەو ئیددیعا دەکات کەوا “حکوومەتی کۆڵۆنیاڵی جارێکی تر دانی بە مافی زەوییەکانی نۆتۆوەیدا بە گوێرەی پەیماننامەی ساڵی ١٧١٣ لە ئەنجامی کۆتایی جەنگی توسکارۆدا”. چونکە گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکا ڕێککەوتننامەی زەوییان هەبوو لە ساڵی ١٧١٣وە.
“سەرەتای سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا (١٧٦٣ – ١٨٣٤)”
سیستەمی مۆڵگەی دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەن لەگەڵ “ڕاگەیاندنی شاهانەی ساڵی ١٧٦٣دا دەستی پێکرد، کە تییدا بەریتانیای مەزن سەرچاوەی قەبەی تەرخانکرد بۆ هندییەکان لەسەر زەوی و خاکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا”. لێرەوە ئەمریکا یاسایەکی تری دەرکرد کاتێ کەوا “کۆنگرێس ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر یاسای پاراستنی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکی”، کە ئەویش یاسای ڕاگواستنی ساڵی ١٨٣٠ بوو. ڕێوشوێنی سێیەمیش “گواستنەوەی حکوومەتی فیدراڵی بوو بۆ بەشێک لە “پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە” لە ویلایەتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە. ئەم یاسایانە هەرسێکیان بوون بە هۆی کاراکردنی سیستەمی مۆڵگەکانی پارێزگاری لە ئەمریکادا و ئەنجام ڕاگواستن و دوورخستنەوەی زۆرەملێی گەلانی ڕەسەنی لێکەوتەوە بۆ زەوییە دیاریکراوەکانی مۆڵگەکان.
“پەیماننامەی نێوان ئەمریکا و گەلی مێنۆمینیی (١٨٣١)”
نووسەر و توێژەر جەیمس ئۆبەرلی باس لە “پەیماننامەی ساڵی ١٨٣١ دەکات لەنێوان گەلی مێنۆمی و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا” لە وتارەکەی خۆیدا سەبارەت بە “بڕیاردان لەسەر داک کریک: دوو مۆڵگە لە گرین بەی و سنوورەکانیان ، ١٨١٦ – ١٩٩٦” و پەیماننامەیەکی تریشی باسکرد سەبارەت بە مۆڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. ناکۆکییەک هەبوو لە نێوان گەلی مێنۆمی و ویلایەتی ویسکنسن و “پەیماننامەی مێنۆمیی ساڵی ١٨٣١… سنووری دیاریکردبوو لە نێوان زەوییەکانی ئۆنیدا، کە لە پەیماننامەکەدا بە “نیویۆرکی هندییەکان” دەناسرا. ئەم پەیماننامەیە لە ساڵی ١٨٣١وە هۆکاری ناکۆکی و ململانێیە چونکە ئەم شوینە ناوچەیەکی باشی ڕاوکردن بوو.
“یاسای بازرگانی و پەیوەندییەکان (١٨٣٤)”
دەقی ئەم یاسایە دەڵێ کەوا “لە ساڵی ١٨٣٤دا ئەمریکا سنووری ناوچەی هندییەکانی دیاری کردووە”. هەروەها “سەبارەت بە ئۆنراو، ئەوە ولاتە ڕەسەنەکە کەمتر پەیوەندیی بە نیشتمانی دانیشتووانی ڕەسەنەوە هەیە و لە هەموو شوێنێک زیاتر ئەمریکا هندییەکانی لە ڕۆژهەلاتی ڕووباری میسیسیپییەوە گواستووەتەوە و یاسا تایبەتمەندەکانی جێبەجێ کردووە”. جێبەجێ کردنی ئەم یاسایانە بەندە بە شوێنی بوون و ژیانیانەوە وەک ڕووباری میسیسیپی. هەروەها ئەم یاسایە لەبەر ئەوە دەرکراوە چونکە “حکوومەتی فیدراڵی کەوتە فشار کردن لە زەوی و خاکی دانیشتووانە ڕەسەنەکە لەبەر ئەوەی پێویستی بە ناردنی هێز بوو بۆ تەکساس لەکاتی جەنگی مەکسیک و ئەمریکادا و پاراستنی کۆچکردنی ئەمریکی بەرەو ئۆریگۆن و کالیفۆرنیا”. حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی حەز و پێویستیی ئەوەی هەبوو دانیشتووانی ڕەسەن بخاتە مۆڵگەی پارێزگارییەوە. هەروەها دەشڵێت کە “وا لە ئیستیکشافی دۆزەرەوەکان و کاربەدەستە ئەمریکییەکان دەگەن کە وڵات و ناوجەکانی خەڵکە ڕەسەنەکە زەوییەکی باس و نێچیری ڕاوکردن زۆر و سەرچاوەی کانزایی باشی تێدایە”. حکوومەتی ئەمریکی داوای زەوی و زاری دانیشتووانی ڕەسەنی دەکرد بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی بە دامەزراندنی ئەم مۆڵگە پارێزگارییانە لەسەر زەویی دانیشتووانی ڕەسەن.
“سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەن لە تەکساس (١٨٥٤)”
ویلایەتەکانی وەک تەکساس سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەبوو پەیوەندیی بە مۆڵگە هندییەکانی ئەمریکاوە لە پێش ساڵی ١٨٥٠دا. توێژەر جۆرج هارمۆن باس لە سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی تایبەت بە تەکساس دەکات کەوا “لە پێش ساڵی ١٨٤٥دا، تەکساش دەستی داوەتێ و پەیڕەویی سیاسەتی تایبەتی خۆی کردووە سەبارەت بە هندییەکانی خۆی لە ئەمریکادا”. هارمۆن لە وتارەکەیدا دەڵێ، “سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە هندییەکان لە تەکساسدا، ١٨٤٥ – ١٨٦٠”، ئەوەیە کە تەکساس چەند سەد ئەیکەرێک یان فەددانێک زەویی دراوەتی لە ١٨٤٠دا بە مەبەستی کۆڵۆنی کردن. بەهەرحاڵ، “لە مارتی ١٨٤٧دا، بریکارێکی تایبەت نێردراوە بۆ تەکساس بۆ ئیدارەدانی کاروباری هندییەکان لەو ویلایەتەدا تا ئەو کاتەی کەوا کۆنگرێس هەندێ ڕێوشوێنی دیاریکراو دەگرێتەبەر و ئەمریکا بواری دابوو بە ویلایەتەکانی خۆی کە پەیماننامەی تایبەتی خۆیان ئەنجام بدەن وەک ئەمەی تەکساس بۆ مەبەستی کۆڵۆنی کردن.
“سەرهەڵدانی سیاسەتی ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییە ڕەسەنەکان (١٨٣٠ – ١٨٦٨)”
تێپەڕاندنی یاسای ڕاگواستنی هندییەکانی ساڵی ١٨٣٠ وەک بەسیستەمکردنی سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵی دێت بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی ڕەسەن دوور لەو ناوچانەی کە خەڵکی ئەوروپی تییاندا نیشتەجی بوون، بە زۆر بووبێت یان بەخوایشت. نموونەیەکی ئەمەش پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە بوو کە لە خاک و وڵاتی ڕەسەنی خۆیان هەڵکەندران لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان و بە کۆچێکی بەکۆمەڵ بۆ ناوچەی ئۆکڵاهۆمای ئێستا ڕاگوێزران، کە بە کاروانی فرمێسک ناسرا. هەندێ لەو زەوییانەی دران بەم خێڵانە بۆ ئەوەی لە دوای ڕاگواستن تێیاندا نیشتەجێ ببن دواتر بوون بە مۆڵگەی پارێزگاری بۆ هندییەکان. لە ساڵی ١٨٥١دا، کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای ئیعتیمادی هندییەکانی تێپەڕاند کە ڕیگەی بە دامەزراندنی مۆڵگەی هندییەکانی دا لە ئۆکڵاهۆمای نوێدا. لێرە بەدواوە پەیوەندیی نێوان نیشتەجێ ئەوروپییەکان و خەڵکە ڕەسەنەکە تادەهات بەرەو خراپبوون دەڕۆیشت بەوەی کە نیشتەجێ سپیپێستەکان settlers دەستدرێژییان دەکردە سەر زەوی و زار و سەرچاوە سروشتییەکان لە ڕۆژاوا.
“تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ (١٨٦٨ – ١٨٨٧)”
زۆەبەی مۆڵگە هندییەکانی وەک مۆڵگەی لاگونا لە نیومەکسیکۆ دەکەونە ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و بەزۆری دەکەونە ئەو ناوچانەوە کە زیاتر بۆ ئاژەڵداری گونجاون وەک بۆ کشتوکاڵ. لە ساڵی ١٨٦٨دا، سەرۆک یولیسیس گرانت پەیرەویی “سیاسەتی ئاشتیی” کرد وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی. ئەم سیاسەتە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندیی لەخۆگرت، بە ئامانجی گواستنەوەی خێڵە جیاوازەکان لە زێدی باوباپیرانیانەوە بۆ ئەو پارجە زەوییانەی کە بۆ نیشتەجێبوونیان تەرخان کرابوو. ئەم سیاسەتە بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە بەرپرسە حکوومییەکان بگۆڕدرێن بە پیاوانی ئایین و لەلایەن کەنیسەوە دەستنیشان بکرێن بۆ ئەوەی خێڵە ڕەسەنەکان فێری مەسیحییەت بکەن. لەم ڕووەشەوە کواکەرزەکان بەشێوەیەکی تایبەتی چالاک بوون لەم سیاسەتەدا کە پەیوەندیدار بە مۆڵگەکانەوە. هەڵبەت ئەم سیاسەتە هەر لە دەسپێکەوە جێگەی مشتومڕ بوو. بەگشتی مۆڵگەکان بە فەرمانی ڕاپەڕاندن دادەمەزران. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نیشتەجێکان بەرهەڵستیی قەبارەی پارچە زەوییەکانیان دەکرد و دواتر کەم دەکرانەوە. ڕاپۆرتێک کە ساڵی ١٨٦٨ پێشکەشی کۆنگرێس کراوە ئەو گەندەڵییە دەردەخات کە لە ناو دەزگا و ئاژانسە فیدراڵییە ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا تەشەنەی کردبوو، هەروەها ئەو بارودۆخە خراپەی کە بەگشتی لە ناو خێڵە ڕاگوێزراوەکاندا بوو.
زۆرێک لە خێڵەکان سەرەتا فەرمانەکانی گواستنەوەیان پشتگوێخست و ناچار کرابوون لەسەر پارچە سنووردارەکانی زەوییەکانیان بژین. جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتە پێویستی دەکرد کە سوپای ئەمریکا جموجووڵی خێڵە جیاوازەکان سنووردار بکات. ڕاوەدوونانی خێلەکان ناچاری کردن بگەڕینەوە بۆ مۆڵگەکان و سەریکێشایەوە بۆ ژمارەیەک شەڕوشۆڕ لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا و کۆمەڵێک کوشتاریشی تێکەوت. ناودارترین شەڕ و ململانێ جەنگی سیوکس بوو لە دەشتی مەزنی باکووردا، لە نێوان ساڵانی ١٨٧٦ و ١٨٨١دا، کە شەڕی لیتڵ بیگهۆرنی تێکەوت. هەر لەم ڕووەشەوە جەنگە بەناوبانگەکانی تر، جەنگی نێز پێرس و جەنگی مۆدۆک بوون، کە دوا ململانێ بوون و بەفەرمی جەنگی لێوە ڕاگەیەنرا. لە دوادوایی ساڵانی ١٨٧٠کاندا، ئەو سیاسەتەی کە سەرۆک گرانت داینا بە شکستخواردوو لە قەڵەمدرا. ئەوەش بە پلەی یەکەم بوو بە هۆی هەندێک لە خوێناویترین جەنگ لە نێوان ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. لە ساڵی ١٨٧٧دا سەرۆک ڕەزەرفۆرد هایس کەوتە تووڕهەڵدانی پلەبەپلەی ئەم سیاسەتە و بۆ ساڵی ١٨٨٢ تەواوی ڕێکخراوە ئاینییەکان دەسبەرداری دەسەڵاتی خۆیان بوون بۆ ئاژانسی فیدراڵیی هندییەکان.
“تاک تاک کردنەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاری (١٨٧٧ – ١٩٣٤)”
لە ساڵی ١٨٨٧دا، کۆنگرێس گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لە سیاسەتی مۆڵگەدا لە ڕێگەی تێپەراندنی یاسای داوەس، یان یاسای ئەرخانکردنی گشتیی “پارچە زەوی”. ئەم یاسایە ئەو سیاسەتە گشتییەی کۆتایی پێهێنا لەبارەی بەخشینی پارجە زەوی بە خێڵەکان وەک گشت و بەسەر یەکەوە لە ڕێگەی بەخشینی پارچەی بچووکی زەوییەوە بۆ ئەندامانی خێڵەکە. لە هەندێ حاڵەتدا و بۆ نموونە، مۆڵگەی پارێزگاریی ئوماتیللا، پاش ئەوەی پارجە زەوییەکانی تاک لە دەرەوەی زەوییەکانی مۆڵگەکە دەبەخشران و بەم شێوەیە ڕووبەری مۆڵگەکە کەمکرایەوە لە ڕێگەی بەخشینی “زەویی زیادە” بە نیشتەجێ سپیپێستەکان. سیاسەتی تارخانکردنی تاک تا ساڵی ١٩٣٤ بەردەوام بوو، کە پاشان لە ڕێگەی یاسای ڕێکخستنەوەی هندییەکانەوە کۆتایی پێهێنرا.
“مامەڵەی نوێی هندییەکان (١٩٣٤ – تا ئێستا)”
یاسای ساڵی ١٩٣٤ی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندییەکان، کە بە یاسای هوارد ویلەر ناسرا، هەندێ جار پێیدەوترا مامەلەی نوێی هندییەکان و لەلایەن جۆن کۆڵیێرەوە دەستپێکرا. ئەم یاسایە مافی نوێی بۆ ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕەخساند و هەندێ لە پرۆسەی پێشووی بەتایبەتکردنی ماڵ و مڵکی هاوبەشیانی پێچەوانە کردەوە و هانی دەستباڵایی خێڵەکی و بەڕێوەبردنی زەوییەکانیدا لەلایەن خێڵەکانەوە. هەروەها یاساکە بوو بە هۆی خاوکردنەوەی پرۆسەی تەرخانکردنی زەوییە خێڵەکییەکان بۆ ئەندامانی تاک و کەمکردنەوەی خاوەندارێتیی “زیادە” بۆ غەیری ئەندامەکان. لە مەودای بیست ساڵی دواتردا، حکوومەتی ئەمریکی وەبەرهێنانی کردووە لە ژێرخان و چاودێریی تەندروستی و پەروەردە لە مۆڵگەکاندا. بە هەمان شیوەش زیاد لە دوو ملیۆن ئەیکەر (٨ هەزار کم٢) زەویی گێڕدراوەتەوە بۆ خێڵە جیاوازەکان. لە ماوەی دەیەیەکدا لە خانەنشینبوونی کۆڵیێر هەڵوێستی حکوومەت کەوتە ئەوەی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا بروات و هەردوو کۆمیسیارە نوێکەی هندییەکان مایەرز و ئیمۆنز بیرۆکەی “بەرنامەی پاشەکشە” یان “کۆتاییهێنان” یان خستەڕوو، کە هەوڵی کۆتاییهێنانی بەرپرسیارێتیی حکوومەتی دا و مامەڵەکردنی لەگەڵ هندییەکان و ناچارکردنیان بە توانەوە ئەسیمیلەبوون.
بەم پێیە هندییەکان زەوییەکانیان لەدەست دەچوو، بەڵام دەبوو قەرەبوو بکرێنەوە و هەرچەندە گەلێکیشیان نەدەکرانەوە. تەنانەت پەستی و ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی بیرۆکەکەیان دەکوشت لەپێش ئەوەدا کە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، چونکە پێنج خێڵ کۆتاییان پێهات، کە بریتی بوون لە خێڵەکانی – کۆشاتا، یووت، پایوت، مێنۆمینی، کلامات – و ١١٤ گرووپ و کۆمەڵیان لە کالیفۆرنیا دانپیانانی فیدراڵییان لەدەستدا وەک خێڵ. هەروەها زۆرێک لە تاکەکانیش بۆ شارەکان ڕاگوێزران، بەڵام لە دەیەکانی دواتردا یەک لەسەر سێیان گەڕانەوە.
“حوکمکردن”
بەو هۆیەوە کەوا خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنە دانپیانراوەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە سەروەرییەکی سنوورداری خێڵەکییان هەبوو، ئەوە دەیانتوانی پراکتیزەی مافی خۆبەڕێوەبردن بکەن، بۆ نموونە نەک بەدیاریکراوی، توانای تێپەڕاندنی یاساکان و ڕێکخستنی دەسەڵات و وزە و سازدانی پەیماننامە و ئەنجامدانی دانیشتنی گوێگرتن لە دادگایی کردنە خێڵەکییەکاندا. بەم هۆکارە ڕەنگە ئەو یاسایانەی پەیوەندییان هەبوو بە زەوییە خێڵەکییەکانەوە جیاواز بن لەوانەی لە ناوچەکانی دەوروپشتدا هەبوون. بۆ نموونە، دەکرێ ئەو یاسایانەی کە دەردەکرێن بوار بە بوونی گازینۆ یاساییەکان بدات لە مۆڵگەکاندا. بەزۆرییش ئەنجومەنی خێڵەکی دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بەسەر مۆڵگەکاندا، نەک حکوومەتی ناوخۆیی یان حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی. سیستەمیەکانی حوکم لە مۆڵگە جیاوازەکاندا دەگۆڕێن و ڕەنگە فۆرم و شێوەکانی ئەو حوکمەی لە دەرەوەی مۆڵگەکەیە دووبارەی بکاتەوە یان نەیکاتەوە.
“خاوەندارێتیی زەوی و زار و یاسای فیدراڵیی هندی”
لەگەڵ دامەزراندنی مۆڵگەکاندا، زەوی و زاری خێلەکی هاتە کزی و کەمبوونەوە بۆ بەشێکی بچووکی ناوچە ڕەسەنەکان و پراکتیزەی عورفی و نەریتیی خەڵکە ڕەسەنەکە بۆ خاوەندارێتیی زەوی تەنها ماوەیەکی خایاند و ئەویش نەک لە هەموو حاڵەتەکاندا. لەجیاتیی ئەوە، حکوومەتی فیدراڵی یاسا و لایحەیەکی وای دانا کە یەکەمجار خێڵەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی سوپاوە و پاشان بیخاتە ژێر دەسەڵاتی بیرۆی کاروباری هندییەکانەوە. بەپێی یاسای فیدراڵی حکوومەت مۆڵگەکانی بە ناوی خێڵەکانەوە تۆمارکرد و بوون بە قەوارەی یاسایی کە دواتر چەشنی کۆمپانیا کاریان دەکرد. خاوەندارێتیی خێڵەکی بەرپرسیارێتیی دادوەریی سنووردار دەکات لە پلانی بەکارهێنانی زەوی و زار و دابەشکردنی ناوچەکاندا و دانوستان کردن لەسەر گرێبەستی بەکرێدانی پارچەی تەختە و کانزا. بەگشتی خێڵەکان دەسەڵاتیان بەسەر فۆرم و شێوەی پەرەسەندنی ئابوورییدا دەشكێت، چەسنی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و گازینۆکان. خێڵەکان دەتوانن کار بە ئەندامانی خۆیان بکەن و بێجگە لەوەش هندییەکانی تر و غەیرە هندییەکان بە توانای جیاجیا، ئەوان دەتوانن عەمبار و دووکانی خێڵەکی، کۆگا ودووکانی خێڵەکی بەڕێوەببەن لە مۆڵگەی هندییەکان، مۆزەخانەکان پەرەپێبدەن (بۆ نموونە لە مۆڵگەی هندییەکانی فۆرت هۆڵ لە ئیداهۆ و مۆزەخانەی فۆکسوود لە مۆڵگەی هندییەکانی کۆننێکتیکەت).
ئەندامانی خێڵەکان ژمارەیەک سەرچاوەی خاوەندارێتیی خێڵ بەکاردێنن وەک لەوەڕگا و هەندێ زەوی و زاری گونجاو بۆ کشتوکاڵ. هەروەها دەتوانن خانووش دروست بکەن لەسەر ئەو زەوییانەی کە لەژێر دەستی خێڵەکاندان. بەم پێیە ئەوان وەک کرێگرتەی هاوبەشن و بە واتایەکی تر وەک خاوەن مڵکی هاوبەشن. تەنانەت ئەگەر ئەم شێوازە لەو نەریتە خێڵەکییانەی پێش مۆڵگەشەوە سەرچاوەیان گرتبێت، ئەوە خێڵ بەگشتی دەسەڵاتی دەسکاری کردنی پراکتیزەکردنی کرێگرتەی هاوبەشی هەیە.
لەگەڵ یاسای تەرخانکردنی گشتیی ساڵی ١٨٨٧ (واتە یاسای داوەس)، حکوومەت هەوڵی بەتاککردنی زەوی و زاری خێڵەکی دا لە ڕێگەی بواردان بەو بەشەی کەوا کەوتووەتە خانەی خاوەندارێتیی تاکەوە. بە شێوەیەکی گشتی، پرۆسەی تەرخانکردن بوو بە هۆی کۆکردنەوەی خاوەندارێتیی خێزانی و لە هەندێ حاڵەتیشدا خزمایەتیی پێش مۆڵگە یان شیوازەکانی تری هێشتەوە. ژمارەیەکی کەمی بەرنامەی تەرخانکردنی پێش یاسای داوەسیش هەیە. بەهەرحاڵ، گەورەترین دابەشبوونی مۆڵگەکان لەم یاسایەوە سەرچاوەی گرت و تا ساڵی ١٩٣٤، کاتێ کە یاسای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندی دەرکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆنگرێس بواری هەندێ بەرنامەی تەرخانکردنی دا لە ساڵانی دواتردا، وەک مۆڵگەی پالم کالێنتەی هندی لە کالیفۆرنیا.
“تەرخانکردن ژمارەیەک بارودۆخی هێنایە پێشەوە”
- تاکەکان دەتوانن پشکە تەرخانکراوەکان بفرۆشن و بەپێی یاسای داوەس ئەوە نەدەکرا ڕووبدات تا پاش تێپەڕینی بیست و پێنج ساڵ بەسەریدا.
- ئەو تاکانەی زەوییان بۆ تەرخانکراوە و کاتێ کە دەمرن بێ هیچ میراتگرییەکی زەوییەکە بەپێی یاساکانی تەرخانکردنی ویلایەت و ئەمە سەر دەکێشێتەوە بۆ شێوازێکی ئاڵۆزی میرات. کۆنگرێس هەوڵیدا کاریگەریی میرات سووک بکات لە ڕێگەی بەخشینی تواناوە بە خێڵەکان بۆ دەستکەوتنی بەشی بچڕبچڕ لە ڕێگەی کۆمەکی داراییەوە. هەروەها خێڵەکان دەتوانن ئەم پارچە زەوییانە بخەنە پلانی درێژخایەنی بەکارهێنانەوە.
- بە نامۆبوون لەگەڵ غەیرە هندییەکاندا و زیادبوونی ژمارەیان لە زۆرێکی مۆڵگەکاندا بوو بە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچە هندییەکاندا. یەک لەو ئاسەوارە زۆرانەی ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە خێڵەکان ناتوانن بەڕێوەبردنی تەواوی مۆڵگەکە لەئەستۆ بگرن، چونکە خاوەن مڵک و بەکارهێنەرانی غەیرە هندی بۆ زەوییە تەرخانکراوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە خێڵەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئەو زەوییانەدا نییە کە دەکەونە بەر حوکمی باج و یاسا و سیستەمی دادوەریی حکوومەتی ناوخۆوە.
فاکتەری دیموگرافی، لە پاڵ داتای خاوەندارێتیی زەویدا، بۆ نموونە، بووە بە هۆی داوەریی لە نێوان دەڤیڵز لەیک سیوکس و ویلایەتی داکۆتای باکوور، کە تێیدا دانیشتووانی غەیرە هندی خاوەندارێتیی ڕووبەری گەورەترن لە زەوی و زاری خێڵەکان ئەگەرچی ژمارەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کە لە مۆڵگەکەدا دەژین گەورەترە لە ژمارەی غەیرە هندییەکان. بڕیاری دادگا، تا ڕادەیەک، پشتی بە تێگەیشتنی کاراکتەری هندی بەستووە و وای داناوە کە خێڵ دەسەڵاتی دادوەریی نییە بەسەر تەرخانکراوی دەست لێهەڵگیراوەوە. لە ژمارەیەک حاڵەتدا، بۆ نموونە، مۆڵگەی یاکامای هندی – کە تێیدا خێڵەکان ناوچەی کراوە و داخراون لە ناو مۆڵگەکاندا. دەبینی کەوا زۆربەی خاوەندارێتیی زەوییەکانی غەیرە هندی و جێگیربوون لە ناوچە کراوەکاندایە، بەپێچەوانەی ئەوەوە، ناوچە داخراوەکان بە حەسری هی جێگیربوونی خێڵەکی و دۆخی پەیوەندیدارە.
ئەمڕۆ ناوچە یان وڵاتی هندی لە حکوومەتێکی سیانی پێکدێت. بۆ نموونە، فیدراڵی یان ویلایەت یان ناوخۆیی و خێڵەکی. لەکاتێکدا کە حکوومەتی ویلایەتەکان و حکوومەتە ناوخۆییەکان هەندێ دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام سنووردار، لە بواری یاسا و نیزامدا، بەڵام سەروەریی خێڵەکی ڕووی لە کزییە. دواجاریش، خاوەندارێتیی تر لە مۆڵگەکاندا پەیوەستە بە خاوەندارێتیی خێلەکی یان تاکەکەسەوە. زۆرێک لە کەنیسەکان لە مۆڵگەکاندا هەن و گەلێکیان زەویی خێڵەکانیان داگیرکردووە بە ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی یان خێڵەکە. بە عادەت ئۆفیسەکانی ئاژانسەکانی بیرۆی کاروباری هندییەکان، نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکان و خزمەتگوزارییەکانی تر پارچە زەوییەکانی مۆڵگەکانیان داگیر کردووە.
“قومارکردن”
لە ساڵی ١٩٧٩دا، خێڵی سێمینۆڵ لە فلۆریدا بینگۆیەکیان لە مۆلگەیەکی تایبەت بەخۆیان کردەوە لە فلۆریدا. ویلایەتەکە هەوڵی دا ئەم کارە ڕابگرێت بەڵام لە دادگاکاندا وەستێنرا. لە سالانی ١٩٨٠کاندا، پرسی کالیفۆرنیا دژ بە کابازۆن California v. Cabazon Band of Mission Indians مافی ئەوەی بە مۆڵگەکان دا کە شێوەکانی پرۆسەی قومار دامەزرێنن. ساڵی ١٩٨٨ کۆنگرێس یاسای ڕێکخستنی یارییەکانی هندیی دەرکرد، کە دانی نا بە مافی خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا بۆ دامەزراندنی خزمەتگوزاریی قومار و یارییەکان لە مۆڵگەکانیاندا، لە حاڵەتێکدا کە ئەو ویلایەتانەی تییدا دەکرێتەوە فۆرمێکی یاسایی قومارکردنیان هەبێت. ئەمڕۆ، زۆرێک لە گازینۆکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان وەک شوێنی کێشکردنی گەشتوگوزار، لەنێویاندا وەک بنەمایەک بۆ خزمەتگوزاریی هۆتێل و کۆنفرانسەکان، بۆ ڕاکێشانی سەردانیکەران و داهات بۆ مۆڵگەکان. ئەم کارە لە هەندێک لەو مۆڵگانەدا بوو بە هۆی زیادکردنی سامانی ئابووری بۆ هەندێ لە خێڵەکان بە شێوەیەکی گەورە و بوو بە مایەی چاککردنی ژێرخان و خوێندن و تەندروستیی گەلەکانی.
“جێبەجێکردنی یاسا و تاوان”
لە ڕووی مێژووییەوە، وای پێویست دەکرد لێکۆڵینەوە لە تاوانە مەترسیدارەکان بکرێت لە مۆڵگە هندییەکاندا (بەپێی یاسای تاوانە گەورەکانی ساڵی ١٨٨٥ و بڕیارەکانی دادگا) لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە. دادگا خێڵەکییەکان سنووردار کرابوون بە سزادانی یەک ساڵ یان کەمتر، تاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٠دا یاسا و نیزامی خێڵەکی دەرچوو، کە تا ڕادەیەک بوو بە هۆی چاکسازیی ئەو سیستەمەی کە بوار بە دادگا خێڵەکییەکان دەدا سزای تا سێ ساڵ بسەپێنن بە مەرجی پەیڕەویکردنی ڕێوشوێنی مافی ئیزافی بۆ تۆمەتباران. وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠١٠دا دەسپێشخەریی ڕزگارکردنی یاسای ڕاگەیاند لە ناوچە هندییەکاندا کەوا دان بەو کێسانەدا دەنێت کە پەیوەستن بە سەپاندنی یاسا لە مۆڵگە هندییەکاندا و پێشینە دەداتە چارەسەرکردنی کێشەکان.
وەزارەتی داد دان بەو پەیوەندییە یاساییە تایبەتەدا دەنێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبەستێت بەو خێڵانەوە کە لەلایەن فیدراڵییەوە دانیان پێدانراوە. یەکێک لە لایەنەکانی ئەم پەیوەندییە، لە زۆربەی ناوجە هندییەکاندا، ئەوەیە کەوا تەنها وەزارەتی داد بەدوای ئەگەری سزایەکی گونجاودا دەگەڕێت لەکاتی ئەنجامدانی تاوانیکی ترسناکدا. ڕۆڵی ئێمە وەک داواکاری گشتیی سەرەکی بۆ تاوانە مەترسیدارەکان بەرپرسیارێتیمان لە ئاست هاوولاتییانی ناوچە هندییەکاندا تایبەتە و دەبێ پیوەی پابەندبین. بەو پێیە سەلامەتیی گشتی لە کۆمەڵگە خێڵەکییەکاندا کارێکی لەپێشینەی باڵای وەزارەتی دادە. جەختیش کراوەتە سەر چاککردنی بەدواداچوونی دادوەری بۆ ئەو تاوانانەی توندوتیژیی ناوماڵ و دەستدرێژیی سێکسی لەخۆدەگرن. ساڵی ١٩٥٣ یاسای گشتیی ژمارە ٢٨٠ دەرکرا، کەوا دەسەڵاتی دادوەریی لەسەر تاوانە جینائییەکانی پەیوەندییان بە هندییەکانەوە هەیە لە وڵات و ناوجە هندییەکاندا داوە بە هەندێ لە ویلایەتەکان و بواری بە هەندێ ویلایەتی تریش داوە دەسەڵاتی دادوەری لەئەستۆ بگرن. تەشریعاتی دواتر ڕێگەی داوە بە ویلایەتەکان بۆ پاشەکشێ لە حوکمە دادوەرییەکەیان.
وەرگێڕانى: لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق