درۆکردن ناتگەیەنێتە حەقیقەت، بەڵام دەتگەیەنێتە ناو ژوانێکی وەهمی و چێژێکی کاتی و جێگایەک، لەبری پاکبوونەوەو وەسڵ بوونەوە بە خوداوە، وەسڵ دەبیتەوە بەجەهل و ئیگۆکەی خۆت و خاڵی دەبیتەوە لە عیشقی خودایی و لە سلوک و ڕەوشتی مرۆڤێکی کامڵ، لەکۆتاییدا تەنهاش دەبیتەوە لەگەڵ خەڵکانی باش، بۆیە خوای گەورە دەفەرمێت ؛ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ. هەوری درۆکردن پێچەوانەی هەڵهاتنی قەمەری مرۆڤبوونە، مرۆڤی کامڵ و باڵا کە شەمسولئیشراف و سەیدولئیشراقە، هەرگیز درۆ ناکات چونکە درۆ یەکپارچە زوڵمەت و تاریکییە، مرۆڤە کامڵەکان پێویستیان بە درۆ نییە بۆ ئیعماری تەلاری خۆیان، پێویستیان بە ڕووناکایی و تیشک و بریسکەیە، پێویستیان بە ڕاستگۆییە بۆ خۆ ڕاخستن و زهور، درۆ خۆی لە وجوددا نیە، دروستکەری درۆ ئینسان خۆیەتی، بۆیە شێخی ڕاستگۆ، بە نەتیجە دەبێتە عاریف و زاهید، شێخی ساختەو درۆزن دەبێتە فاڵگرو کاسب، ئەها مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی دەڵێ؛ بێ کەسب و سلووک بەعزێ لە جێی خۆی… شێخی بە ئیرسی دەسی داوە بۆی.
عاریفەکان بۆ ڕزگاربوون لە ڕاڕایی و درۆ زۆرەکانی خودی مرۆڤ و ساختەکاران هەڵدێن و پەنادەبەن بۆ ساراو ئەشکەوت و بەندەن و چیاو دەیرو خانەقاو تەکیەو مەعبەدخانەکان و دەکەونە ناو سروتی ڕۆحی و تەنهایی خۆیان و زوهد دەنوسنەوەو دەبنە سوڵتانی ئەزکار، لەبری سوڵتانی کەززاب. جا، لەنێوان درۆکردن و شایەتیدانی درۆدا دیوار نیە خۆیان یەکتری تەواو دەکەن، شایەتیدانی درۆش لە ئێستادا، واتە لایک و ئیمۆجیەکانی دڵ و پێکەنین بۆ خودی درۆکەرەکە، واتە شوێنکەوتنی زاهیرە سەوتیەکانی درۆ، شوێنکەوتنی پۆخڵەواتەکان و پڕوپووچیەکانە، هەرکە فێری درۆش بوویت ئیدی ناتوانی فێری ژیانی عەدل و ئینساف و ئیمان و عیبادی کامڵ بیت بۆ ڕەحمانی خۆت و باش بیربکەیتەوە، لەبری ئەوە ئەبیتە شاگردی شەیتان. ئینجا فێرە درۆش بەخوێندەواری نییەو تا خۆت بە پاڵەوانی وشەو زاراوەو ئەدەب و زانست و کەلام بزانیت و درۆبکەیت بۆ خەڵک باشتر درۆکانت دەگەشێتەوە لەڕای گشتیدا دەبینرێ ،پیرەمێرد ووتەنی؛ پیاوی بەدئەخلاق هەتا بخوێنێ.. شەیتەنەتەکەی شیددەت ئەسێنێ.