«ئاگر و ڕووناکی»
لە دیدی«شارەزووری» و «مەحوی» شاعیرەوە
بەدەر لەوەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئاگر پیرۆز بووە، هەروەها پاشتریش حەکیمە یۆنانییەکان وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی ژیانیان هەژمار کردووە، واتە بە توخمێ لە چوار توخمەکەی جیهانیان داناوە کە دەسپێکی جیهانن و بە گۆڕینی فۆڕمەکانیان ژیان پێک دێ. بەدەر لە هەموو ئەوانە پرسێکی تر هەیە کە حەکیمە ئیشراقی و فەیلەسووفە نیوئیشراقییەکان لەسەری ڕاوەستاون هەروەها عاریفەکانیش شوێنی کەوتوون. لە چوارچێوەی دونیابینی شارەزووری و مەحوییەوە دوو عاریف و حەکیمە کوردەکەوە وەستانێکی کورت لەسەر مانا و تێگەشتن لە ئاگر دەکەین.
شارەزووری ڕووناکی پۆڵێن دەکات بۆ دوو جۆر، یەکیان ناو لێ دەنێ ڕووناکی بەڵخەکی (عارض)و ئەوی دیکە ڕووناکی گەوهەر (جوهر)ئەو پێی وایە کە ئاگر لە چوارچێوەی ڕووناکی بەڵخەکییدایە و پلەیەکە لە پلەکانی ڕووناکی، شارەزووری پێشی وایە ڕووناکی بەڵخەکی پلەی لە خوار ڕووناکی گەوهەرەوەیە، بەڵام ڕووناکی گەوهەر وێڕای ئەوەی پلەی بەرزترە گەمارۆی ڕووناکی بەڵخەکییش دەدات.
بەڕای شارەزووری خۆر کە سەرچاوەی ژیانە و سەرچاوەی گڕ و ڕووناکی لە خۆیا ڕووناکییەکەی بەڵخەکی (عاریز)ە، چونکە بەری لێ دەگیرێ، بەو واتایەی کە سێبەری هەیە، هەرچی ڕووناکی ئەقڵە بێ سێبەرە، چونکە لە چوارچێوەی هەبووە پەتییەکاندایە، ئەقڵ و نەفسی پەتی، هەروەها زاتی خودا ڕووناکییەکەیان پەتی و داڕنراوە، چونکە دەبنە چاوگ و رووناکی هەموو ڕووناکییەکان.
شارەزووری لە درێژەی ئەم باسەدا لە کتاوی هێما_لاهووتییەکاندا دەڵێ: بزانە کە خۆر خودای جیهانی ماتریاڵە.
واتە ئەو پلە ڕووناکییەی هەیەتی ئاوێنەی ڕووناکی خوۆای باڵانواڕە، لێرەوە هەرچی بوونەوەرانی ترە پشکیان لە ڕووناکی شێوەیەکی پلەبەندی هەیە و شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە. واتە هەمووان لە ڕووناکییدا پشکیان هەیە و هەموان لەوەیشدا پشکیان جیاوازە.
شارەزووری پێشی وایە کە ڕووناکی هەرچی پەتیتر بێ باڵاترە و زاڵتر، هەرچی ڕووناکی بەڵخەکییتر و عاریزتر بێ ژێردەستەترە، لێرەشەوە نیسبەتی ڕووناکی ژێردەست و بەڵخەکی بۆ ڕووناکی پەتی کەشفە و تەڵەب و داخوازی، نیسبەتی ڕووناکی پەتی بۆ ڕووناکی ناپەتی و بەڵخەکیی نیسبەتی زاڵیەتی و گەمارۆدانە.
هەرچی مەحوییە کە یەکێکە لە و عاریفانەی کاریگەری قوتابخانەی ئیشراقی لەسەرە، پێی وایە کە ئاگر ڕەمزە بۆ ڕووناکی، واتە تا بەناو ئاگردا تێنەپەڕی ناگەیە ڕووناکی.
مەحوی پێی وایە ئەم ڕووناکییە تا دەگاتەوە ڕووناکی خوداوەند ڕێگەیەکە کە پێویستە عاریف سەفەری خۆی تێدا بکات، لێرەیا مەحوی و شارەزووری بە یەک دەگەن، یان جوانترە بڵێم مەحوی دەگاتەوە بە شارەزووی.
مەحوی پێی وایە کاتێ ئاگرێک دەبینێ دەبێ بزانێ لە پشتی ئەم ئاگرەوە ڕووناکییەک هەیە، واتە ئاگر ئایەتە و نیشانە، واتە ئاگر هێما و ڕەمزە بۆ ڕووناکی، ڕووناکییش تا کۆتا قۆناغی ڕێی عاریفە و لەگەڵی دەست و پەنجە نەرم دەکات، سەرەتا لێی ڕادەمێنێ، دواتر پێی دەسووتێ، پاشتر پێی ڕووناک دەبێتەوە.
مەحوی پێشی وایە کە عارف و ئاشق تا بە ئاگری فیرقەت و ئیشق نەسووتێن و پێیدا سەفەر نەکەن چاوی دڵیان ناکرێتەوە و ناگەنە پلەی ڕۆشندڵی و تا پەردە لەسەر ڕووناکییە بەڵخەکییەکان هەڵنەدەنەوە و بەناو ئاگردا نەڕۆن ناگەنە تیشکی هەقیقی و حیکمەتی چەشەیی.
مەحوی پێشی وایە مووسا سەرەتا کە ماڵ و منداڵی جێ هێشت بە نیازی ئەوە چووە شیوی تووڕ کە پارچە سکڵێک بێنێ و ئاگرێ بکاتەوە، ئەو سەرەتا بۆ قەبەسێکی ئاگر ڕێیی کەوتە ئەو شیوە، بەڵام ئاگرەکە بووە ڕووناکی و شتێ بەناوی ئاگر نەمابوو، مووسا لێرە گەشتە کەماڵ. واتە ئاگر تەنها وێنەیەکی ڕواڵەتی و هێمایەک بوو بۆ گەیشتن بە ڕووناکی ئیلاهی.
ئەو دەفەرمێ: ئێمە بە ڕووناکی ئیشق دەگەینە کەماڵ و ئەم ڕووناکییەش لە ئاگرەوە سەرچاوەی گرتووە و ئاگرەکەش ئاگری ئەوین و یەکەم پزیسکەی دڵە کە بە ئیشق داغ دەکرێ.
دەڵێت:
بە نووری عیشقە بوونە ذی کەماڵات
اذ الانوار من ذی النار تنشأ
بە یادی قامەتی ماوم بە پێوە
علی ما مثلها موسا توکأ.
واتە بە ڕووناکی ئیشقە تۆ کامڵ دەبی، هەر بۆیە ڕووناکییەکەیش لە ئاگرەوەیە، من بە یادی قامەتی یارەوە (کە هەمان خودا و ڕووناکی ڕووناکییەکانە و لە کێوی تووڕ وتی بە مووسا: انی انا الله) وەک مووسا ماوم بە پێوە و چاوەڕێم، مانەوە بە پێوە بەڵگەی چاوەڕوانییە، هەر چۆن مووسایش خۆی دابوو بەسەر عەساکەیدا و چاوەڕێی دەکرد.
ت.ب:
ئەم تێرمە مەعنەوییە لای عارفانی پێشتریش هەبووە، لای سەعدییش هەیە کاتێ عیشق بە خۆر دەچوێنێ و دەڵێ:
پرتو خورشید عشق بر همە افتد ولیک
سنگ بە یک نوع نیست تا همە گوهر شود.
واتە خۆری ئیشق و ڤین لە هەمووان دەدا، بەڵام هەمووان وەک یەک نین تا هەموویان ببنە گەوهەر. دیارە گەوهەر بەردێکی تایبەتە لە کەنار دەریا کە شەپۆل لای دەدا و لە یەکەم بەرکەوتنی خۆردا دەبێتە گەوهەر. یان مەبەستی گەوهەری ڕووناکییە کە هەمان نەفسە.
مەولاناش دەڵێ:
عشق گوید راست می گویی ولی از خود مبین
من چو بادم تو چو آتش من تو را انگیختم.
مەولانا ئیشقی چوواندووە بە ئاگر و خۆشی بە هەوا، واتە دوو توخمی ژیان کە حەکیمە یۆنانییەکان باسیان کردووە. دیارە مرۆڤ هەر چوار توخمەکەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە و کۆکەرەوەی هەموو توخمەکانە.