٢١-٣ڕۆژی جیهانی دایک…
دایکی گەردوونی…
دایک ئەو مرۆڤە مەزنە مەلەک ئاسایەیە لە ئاسماندا باران و لە زەویدا خاک و لە دەریادا کەشتی و لە ژیاندا ھیواو ئومێدە. دایکی گەردوونی باخێکی پڕ لە گوڵی ئەوین و خونچەی جوانی و دەریای شەفەقەتە .ھەناسەکانی شنەی شەماڵە فێنکەکانی بەھەشتە لە نزیک دایکەوە بۆنی نزیکی خوا دەکەییت ھەست بە فڕیین و گەشتێکی بە چێژ دەکەییت لە گەڵ باڵی فریشتەکان .
ھیچ شتێک لەو تابلۆیە جوانتر نییە کە ببینیت دایکت پێ ئەکەنێت، خەندەکانی دایک واتای بەردەوامی ژیان و ھیوایەکی نەمرە بەرەو ئەبەدیەت، بەڕشتنی ھەر دڵۆپە فرمێسکێکیش کە لە چاوی پیرۆزیانەوە دەبارێت ژیان تا دواسنوری تاڵی و بێ مانایی دەڕوات .بە کۆچکردن و مردنیشیان دنیا بەشێکی گەورە لە جوانییەکەی لەدەست دەدات .
بێجگە لە ئاو و ھەوا و خاک و ئاگر دایکیش یەکێکی ترە لە ھەرە گرنگترین ڕەگەزە بنچینەیەکانی ژیان. دایکی گەردوونی کۆڵەکەی خێزان و مامۆستا و پەروەردەکاری نەوەی ئادەمیزادە .بە گیانێکی لێوان لێو لە خۆشەویستی و بە سینەیەکی پاک و ئاسۆیەکی فراوانەوە منداڵەکانی بۆ ژیان ئامادە دەکات. دڵی دنیا بە میھرەبانی ئەو لێ دەدات، چ ئاوازێک دەگات بە ئاوازی دەنگی چ جوانییەک دەگات بە جوانی ڕەنگی چ جێگایەک دەگات بە باوەشی گەرمی .
دایکی گەردوونی دایکایەتی وەک گەورەتریین خەڵات دەبینێت کە لەلایەن یەزدانەوە پێ بەخشراوە، یان وەک ئامانەتێک و بەرپرسیاریەتێکی دەگمەن بە تواناو لێھاتووییەکی ناوازەوە وەریدەگرێت و بە ئەوپەڕی سۆزی ئیشقەوە ڕۆحی خۆی بۆ دەکاتەوە .
لەم سەردەمی تەکنەلۆجیاو دنیا نوێیەدا چەند ئەوەندەی تر ژیان ئاڵۆزتر و دنیا قورس تر و پارە و مادە ھوروژێنەتربێت بۆ کەمەند کێشکردنی ئادەمیزاد، بەڵام دایکی گەردوونی لەم زروف و زەمانەدا بە ئازایەتی و شەفەقەتێکی گەورەوە ڕووبەڕووی ھەموو ئەو بەربەست و تەنگ وچەڵەمانەی ڕۆژگار دەبێتەوە کە دەبنە ڕێگر لە بەردەم بەختەوەری خێزان و دروستکردنی منداڵی سەرکردە و بنیادنانی نەوەیەکی ژیان و ژینگە دۆست ھەر لەم سۆنگەیەوە پیشە مەزنەکەی خۆی ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە کە دایکایەتیە .
بەڕاستی دایکایەتی ھونەرێکی بەرز و پیرۆزە بۆ ئەوەی ببیت بە دایکێکی یونڤێرساڵ پێویستە خۆت باش بناسییت بەو شێوەیەیی کە لەگەڵ لە دایک بوونی ھەر کۆرپەلەیەکدا بناغەو سەرەتای ژیان و شەجەرەیەکی گەورەی مرۆڤایەتی لەسەر تابلۆی دونیا ئەنەخشێنیت واتە لەو کۆرپەلەیەوە کە ئێمە بەبچوکی دەزانیین ھەزاران ھەزار نەوەی تری ئادەمیزاد دێنە دونیاوە، بۆ یە ئەگەر بچوکترین کەمتەرخەمی بکەیین لە پەروەردەکردنیاندا لەوانەیە کارەساتێکی سامناک بە دەستی خۆمان بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دروست بکەیین . بە پێچەونە شەوە کارزانی لە پەروەردەکردندا دەبێتە ھۆی بنیات نانی نەوەیەکی ژیان ساز و پڕبەرھەم بۆ سود و بەختەوەری ھەموو کۆمەڵگا. بە بچوک سەیرکردنی دایکایەتی بێڕێزییەکی ھێندە ناشیرین و قیزەونە بە ئەندازەی بەرینی ھەموو گەردوون .
دایکی گەردوونی دایکێکی ئازاو خۆڕاگرو کۆڵنەدەرە بە زمان پاراوی و سەلیقە جوانەکانی خۆیەوە ھەمیشە وەک ھاوڕێیەکی نزیک مندالەکانی فێری بەھا باڵاکان و زمان پاراوی و خوێندنەوە و وەرزش و یارییە خۆش و سود بەخشەکان دەکات. بە ئامانجی دورکەوتنەوەیان لە تەلەفزوێن و مۆبایل و یارییە ئەلکترۆنییەکان و پاراستنی چاو گوێ و جەستە و ژینگەی دەرونی ئەو منداڵە جوان و پاکانە، دایکی گەردوونی منداڵێکی گەردوونی پڕ بەرھەم دەئافرێنێ بەشێوەیەک لە ھەرشوێنێک و لە ھەر جێگایەکبن و ئامادەبن، دەستڕەنگینی و ژیان سازی و بەھای جوان و نوێیا ن لێ دەبینرێت بۆ سودی گشتی .
دایکی گەردوونی بەرامبەر بە خوا و خاک و خەڵک خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانی تەنھا بیر لە سودی خۆی و خێزانەکەی ناکاتەوە، بەڵکو بە ئەو پەڕی ھیواو ئومێدەوە بۆ پەروەردەکردنی تەواوی کۆمەڵگا دەڕوانێت .
سەرکەوتن و داھاتووی ھەر نەتەوەیەک وابەستەی ئەو نەوەیەیە کە لەژێر دەستی دایکانی خاوەن دیدگا گەورەکاندا پەروەردەدەبن و پێدەگەن. ھیچ کەسێک ناتوانێت وەک و دایک ڕۆڵ ببینێت لە سەر شانۆ ی ژیان. ھیچ پیشەو ھیچ کارێک ھێندەی دایکایەتی کردن گرنگ و کاریگەرتر نییە لە بەرەو پێشبردنی خێزان و کۆمەڵگادا .
دایکی گەردوونی ھەمیشە و ھەردەم لە ھەوڵی خۆپڕچەککردندایە بە کۆکردنەوەی زانست و زانیاری لە سەر پەروەردەکردنی منداڵ ، ئەمەش وەک سەرەکیترین کاری ڕۆژانەی خۆی سەیردەکات بێ ماندوو بون و کۆڵدان .ھەمیشە مرۆڤەگەورەکانی دونیا دایکانێکی مەزنیان لە پشت بووە بە تایبەت لە کاتەکانی منداڵی کاریگەرییەکی تەواویان ھەبووە لەسەر توانای بیرکردنەوە و شێوازی ژیانکردنیان.
دەبیت پێش زەواج بیر لە و ئەرکە پیرۆزو جوانە بکەینەوە کە دایکایەتییە. بوون بە دایک ئاسانە، بەڵام دایکایەتی کردن و بوون بە دایکێکی گەردوونی خاوەن بەرنامە و پەیام تا ئاستێکی باڵا گەورە و گرنگە .