“گوزەرێکى خێرا بە نێو قۆناغەکانى مێژووى کورد دا”
بۆ پلەبەندى و پۆلێنکردنى قۆناغەکانى مێژووى کورد دەتوانین بڵێین بەم شێوەیە:-
-مێژووى کۆن؛ لەسەردەمى یەکەمى بوونى ژیان لەکوردستانەوە دەست پێدەکات هەتا هاتنى ئیسلام بۆ ناوچەکە.
-مێژووى ناوەڕاست؛ لەسەردەمى هاتنى ئیسلامەوە دەست پێدەکات هەتا یەکەم جەنگى جیهانى.
مێژووى نوێ و هاوچەرخ؛ لەدواى یەکەم جەنگى جیهانییەوە دەست پێدەکات هەتا ئەمڕۆ.
١-قۆناغى مێژووى کۆنى کورد:-
خۆرهەڵاتى نزیک لەسەدەى بلایستۆسیندا کە لە (٦٠٠٠٠٠) ساڵ لەمەوبەرەوە دەستپێدەکات یەک پارچە بەفر و بەستەڵەک بووە، واتا جێگاى ژیانى زیندەوەرى تیادا ئەستەم بووە. بەڵام، پاش سەدان هەزار ساڵ ئاو و هەواى ناوچەکە گۆڕانى بەسەردا هاتووە. چاخى بلایستۆسین تاوەکو (٢٠٠٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر بەردەوام بووە. لەماوەى ئەم چەرخەدا هەندێک ناوچەى خۆرهەڵاتى نزیک و بەتایبەت کوردستان ئەشکەوت و چەپەرى چیاکانى داڵدەى مرۆڤى کۆن بوون، هەر لە چاخى بەردینى کۆنەوە واتا پێش (١٢٠٠٠٠) ساڵ پێش ئێستا تاوەکو کۆتایى چاخى بلایستۆسین، یان تاوەکو جێگیربوونى مرۆڤ لە ئاواییە بەراییەکاندا. لەبەر ئەوە مێژووى خۆرهەڵاتى نزیک و کوردستانیش وەک زۆربەى ناوچەکانى تر لە ئەشکەوت و کونە شاخەکانەوە دەست پێدەکات. لە هەندێک لە ئەشکەوتەکانى کوردستاندا پاشماوەى ژیانى مرۆڤى کۆنى سەردەمى بەردینى کۆنى تیادا دۆزراوەتەوە. لە نمونەى ئەشکەوتى “بەردەبەلک” لە باکوورى خۆرهەڵاتى چەمچەماڵ بەدوورى ٢ کیلۆمەتر. لەم ناوچەیەدا چەندین ئامرازى ڕاوکردن و ئێسکى بەبەردبووى ئاژەڵى ئەو سەردەمەى تیادا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ (١٠٠٠٠٠) ساڵ تا (٦٠٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هەروەها، لە ئەشکەوتەکانى زەرزى و هەزارمێرد و شانەدەر و چیاکانى بێستونیشدا شوێنى ژیانى مرۆڤ دۆزراوەتەوە.
مێژووى ژیان لە کوردستاندا بۆ سەدان هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەگەڵ دەرکەوتنى زمانى نووسینى مێخى لەسەردەمى سۆمەرى و ئەکەدییەکاندا کۆمەڵە بەڵگە نووسینێک بەردەست بوون کە ڕاستییەکانى ژیانى ئەو نەتەوانە بسەلمێنێت کە لە کوردستاندا بوون. یەکێک لە ڕاستییە تایبەتییەکانى مێژووى ناوچەى کۆنى کوردستان ئەوەیە کە کۆنترین ئەو نەتەوانەى دەقە مێخییەکان باسى کردوون گوایا دانیشتوانى ئەم ناوچانە لە بنەچەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەى کەوتونەتە ڕۆژئاوا و باشوورى رۆژئاواى دەریاچەى (وان)ەوە. ئەم ڕاستییەش بێگومان نیشتمانى راستەقینەى ئەو نەتەوانەى دیاریکردووە کە نیشتەجێى ناوچەى کوردستان بوون لەوانەش کورد. پێش ئەوەى لەسەر بەشێک لەو گەلە دێرینانەى نیشتەجێى کۆنى کوردستان بدوێین، پێویستە بە کورتى زنجیرە (کۆمەڵە) مرۆڤایەتییەکانى سەر زەوى بخەینە ڕوو. هەندێک لە زانایانى ئەنترۆپۆلۆجى جۆرى مرۆڤایەتییان بۆ سێ زنجیرەى سەرەکى دابەش کردووە: زنجیرەى مەنگۆلى، زنجیرەى زنجى و زنجیرەى قۆقازى. هەندێک لەزانایان ناوى (ئاسیانى)یشیان داوەتە پاڵ زنجیرەى قۆقازى کە لە سەردەمى کۆندا بە (نەوەى یافث) ناسێنراون. هەروەها، زانایانى ئەنترۆپۆلۆجیا ئەوەشیان باسکردوە کە ڕەگەزى (ئاسیانى) ناگەرێنەوە بۆ زنجیرەى “سامى” یان زنجیرەى “هیندۆ-ئەوروپى”، کە گەلانى (کاشى، عیلامى، هورى و خالدی-ئۆرارتى)یەکان دەگرێتەوە.
- گۆتییەکان:-
هۆزێکى شاخ نشینن لە رەسەنى (ئاسیانى)، لە بەشى ناوەراستى زنجیرە چیاى زاگرۆسدا نیشتەجێ بوون. گۆتییەكان لە ئاخر و ئۆخری سەدەی 20ی پێش زاییندا لە رۆژهەڵاتەوە هاتن و وڵاتی سۆمەرییەكانیان لە دامێنەكانی چیای زاگرۆسدا داگیركرد و كۆتاییان بە ئیمپراتۆریای ئەكەدی هێنا و سەدەیەك حوكمداری ناوچەكەیان كردووە. ناوی گۆتییەكان بە بەردەوامی لە تۆمارە جەنگییەكانی ئاشوورییەكاندا لە ساڵانی 2000ی پێش زایین و دواتریشدا هاتووە، لەو سەردەمەدا گۆتییەكان گەلێكی بەهێز بوون. ناو و ناوبانگیشیان بە شێوەیەكی فراوان بەناو گەلانی دێرینی هاوچەرخی خۆیاندا بڵاوبوەتەوە. وڵاتی رەسەنیشیان باشووری كوردستان بووە و شاری (كەركوك)ی ئێستا پایتەختی دەوڵەتەكەیان بووە.
ئەو زانیارییانەى کە لەبەردەستدان لەسەر گۆتییەکان دوپاتى دەکەنەوە کە کۆنترۆڵکردنیان بۆ ئێراق تەنها بەشەکانى باکورى گرتوەتەوە و نەکشاوە بەرەو باشوور. زانیارییەکان ئەوەش دووپات دەکەنەوە کە ئەمان کاریگەر بوون بە شارستانیەتى کۆنى ئێراقى بەچەشنێک نووسینى مێخى و زمانى ئەکەدیشیان زانیوە. ئەو ماوەیەى کە گۆتییەکان حوکمڕانیان کردوە بە نزیکەى ١٠٠ ساڵ دادەنرێت. بەڵام ژمارەى ئەو پاشایانەى فەرمانڕەواییان کردووە بە دروستى نازانرێت، تەنها ئەوە نەبێت کە خشتەى سەلماندنى ناوى پاشاکان لەلاى سۆمەرى و ئەکەدى کە تۆمار کراوە باس لەوە دەکات ژمارەی پاشاکانى گۆتییەکان ٢١ پاشا بوون. لەسەر دەستى سۆمەرییەکان کۆتایى بە فەرمانڕەواییان هاتووە.
- لۆلۆییەکان:-
لەکۆنترین گەلانى چیاى زاگرۆسن. لە بەشى باکوورى بەرزاییەکانى زاگرۆس نیشتەجێ بوون. بەشێوەیەکى سەرەکى لەناوچەکانى چەمچەماڵ، بازیان، سلێمانى (زاموا)، دۆڵى شارەزوور و ئەلوەند و زەهاو جێگیر بوون. ئەو ناوچانەش دەکەونە باشوور و رۆژهەڵاتى کوردستانەوە. ناوچەى فەرمانڕەواییان لەژێر کاریگەرى هەڵمەتەکانى ئەکەدى و ئاشوورى و ئۆرارتۆدا بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. کۆنترین بەڵگەیەک کە ئاماژەى بەناوى لۆلۆییەکان کردبێت بریتییە لە نووسراوە مێخییەکانى کۆتایى سەدەى ٢٨ى پێش زایین. ناووناوبانگیشیان زیاتر لە سەردەمى زنجیرەى فەرمانڕەوایى (ئورى سێیەم ٢١١٢-٢٠٠٤ پ.ز)دا بڵاوبوەتەوە. هەندێک لەسەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن کە لۆلۆییەکان لەسەردەمى فەرمانڕەوایى ئاشووریدا دەسەڵاتێکى بەربڵاویان هەبووە کە دەریاچەى ورمێ هەتا ڕووبارى سیروانى گرتوەتەوە و پایتەختەکەیان دەکەوتە باکورى رۆژهەڵاتى شارەزوورى ئێستاوە.
- میدییەکان:-
لەبنەڕەتدا ناوى “مید، ماد” تایبەت نەبووە بە گەلێک یان هۆزێک. بەڵکو، ناوێکى جوگرافى بووە کە سۆمەرى و ئاشوورییەکان بەسەر ئەو ناوچانەیاندا دابڕیوە کە لەگەڵ سەرەتاى مێژوودا کوردى تیادا نیشتەجێ بووە. واتا لقەکانى: لۆلۆ، گۆتى، سوبارتۆ، میتانى و …هتد. بەڵام، ئەوەى ڕیزەکانى هەر یەک لەو لقانەى یەکخست لە ماوەى سەدەى حەوتەمى پ.ز دا و کردى بە پێکهاتەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و رۆشنبیرى یەکگرتوو، ئەو یەکێتى میدییە بووە کە لەبنەڕەتدا لە شەش هۆز پێکهاتبوو. ئەوانیش بریتی بوون لە: ماننیەکان، لۆلۆییەکان، گۆتییەکان، کاشییەکان، هورییەکان. لەسەرەتاى هەزارەى یەکەمى پێش زاییندا ڕەگەزێکى ترى ئاریایی تێکەڵى ئەوان دەبێت و بە (میدییەکان) دەناسرێت کە لە ناوەراستى ئاسیاوە هاتبوون.
ساڵى ٧٠٠ پ.ز لەلایەن پاشا (دیاکۆ) هەموو هۆزەکان یەکخراو ئیمپراتۆریەتى میدیا دروستکرا. هەتا ساڵى ٥٥٠ پ.ز کە بەدەستى هەخامەنشینییەکان دەڕووخێت.
٢-قۆناغى مێژووى ناوەڕاست:-
ئەم قۆناغەى مێژووى کورد لەسەرەتاى هەڵمەتى موسڵمانەکانەوە دەست پێدەکات بۆ ناوچە کوردستانییەکان و بە دەستپێکردنى یەکەم جەنگى جیهانى کۆتایى پێدێت. وڵاتى کورد بەچەند سەدەیەک پێش هاتنى ئایینى ئیسلام قوربانى داگیرکاریی و دابەشکارى بووە. ئەو وەختە لەنێوان هەر سێ دەوڵەتانى: فارس، ئەرمینیا و بێزەنتى دابەش کرابوو. بۆیە، لەسەرچاوە ئیسلامییەکانى ئەو کاتەدا وەک (ئێراقى عەجەم) ناوبراوە. هەندێکجار بە بەشێک لە وڵاتى فارس و پارچەیەک لە ئەرمینیا دانراوە. لەسەردەمى دووەم خەلیفەى ڕاشدى (عومەرى کوڕى خەتتاب ٦٣٤-٦٤٤ ز)ەوە موسڵمانەکان بە نیازى جیهاد و بڵاوکردنەوەى ئایینى نوێ سنورى ناوچەى دوورگەى عەرەبییان بەزاند و بەهەرێمەکانى رۆژهەڵات و رۆژئاوادا پەلیان هاویشت. لەتەوەرەى عێراقەوە گەیشتنە کوردستان.
دواى ئەنجامدانى کۆمەڵێک شەڕ و لێکدانى نێوان سوپاى موسڵمانان و ساسانییەکان لەسەردەمى خەلیفە عومەر و شکستى ساسانییەکان لەشەڕەکانى قادسیە و المدائن و کوژرانى رۆستەمى سەرلەشکریان. ساڵى ٦٣٧ ز لەشکرى ساسانى بەرە و ناوچەى جەلەولا کشایەوە. لێرە بەدواوە ئەم ناوچانە دەبنە مەیدانى شەڕى هەردولا و بەو شێوەیە ناوچە کوردییەکان دەبنە بەشێک لەشەڕەکان. كورد ئەگەر لەدوای فەتحی ئیسلامییەوە تا ئەو كاتە لەلای خواروویەوە لەژێر گوشاری پەرەسەندنی عەرەبدا بوو، ئیتر لەلای ژوورووی و لەلای رۆژهەڵاتیشییەوە كەوتە ژێر گوشارێكی بەهێزترەوە، كە ئەویش گوشاری جێگیربوونی لافاوی یەك لەسەر یەكی گەلانی تازە هاتووی تورك ڕەگەز و دواتریش لێشاوی كاولكاری مەغۆل بوو.
خەوارزمییەكان لەنیوەی یەكەمی سەدەی سیانزەدا لەهەڕەتی داگیركاری ناوچەكەدا بوون. بەڵام، كاتێك مەغۆلەكان لە 1219-1220ی زاییندا شكستی پێهێنان، “جەلالەددین” دوایین پاشای خەوارزمییەكان هەڵهات و بە لەشكرێكی بچوكەوە پەنای بۆ كوردستان برد. دواتر ناوچەی ئازەربایجان و گورجستانی داگیركرد و ساڵی 1226ی زایینی شاری ئەحلاتی گەمارۆدا. خەوارزمییەكان تووشی هەر شارێك دەهاتن لە كوردستاندا تاڵانیان دەكرد و خەڵكەكەیان دەكوشت و هەموو شتێكیان لەناو دەبرد و شوێنەكەیان بەتەواوی وێران دەكرد. لەماوەی ئەو ساڵانەی خەوارزمییەكان لەناوچەكە و كوردستاندا تەڕاتێنیان دەكرد، ژمارەیەكی زۆری كورد لەناوچەكانی خۆیان و لەترسی ڕاوەدونان و هێرش و كوشتوبڕی ئەواندا خاكەكەیان بەجێ دەهێشت.
دوای خەوارزمییەكانیش؛ مەغۆلەكان پەیدا بوون. هێرشی ئەم هێزە داگیركەرە بۆ سەر كوردستان دیسانەوە لەنیوەی یەكەمی سەدەی سیانزە و ساڵانی 1229-1300ی زاییندا دەستی پێكردووە. زۆرێكی ناوچە كوردنشینەكانیان بەزۆر داگیركرد و كوشت و بڕیان تیادا ئەنجامدا. سەركردە مەغۆلەكان سیاسەتی وێرانكارییان لە كوردستاندا پیادە دەكرد؛ لە دوای ساڵی 1231ی زایینەوە مەغۆلەكان زەوی و زاری ناوچەكانی شارەزوور و دیاربەكریان كردە ناوچەیەكی ڕووتەنی و بێ خێر. “كەمال بوركای” لەكتێبەكەیدا بەناونیشانی (كورد و كوردستان) نووسیویەتی: “وەزعی كوردستان لەبەر هێرشی موغوولەكان تووشی گەلێك زیانی قەرەبوو نەكراو هات. بەرگری كوردەكان بوو بەهۆی شەڕ و پێكدادانی خوێناوی و كوشتاری خەڵكی بێ دیفاع. هۆزەكانی گەڕۆكی موغوول ژیانی دائیمی و ئابووری دانیشتوانیان لەناوبرد. داهاتی ناوچەی كوردستان ئەوكاتە تەنیا یەك لە دەی خەراجی سەلجوقییەكانی دابین دەكرد. تاكتیكی موغوولەكان و هەڵسوكەوتیان دەرهەق بە خەڵك بەو شێوەیە بووە: ئەوان بەهۆی هێرشەكانیان خەڵكیان دەكوشت یاكوو ناچاریان دەكردن كە كۆچ بكەن و بگوێزنەوە, لەلایەكی تریشەوە موغوول و توركمانیان لە شارە تەواو وێرانكراوەكان نیشتەجێ دەكرد، ئەوە نەخشێكی سەرەكی لە ئاڵوگۆڕی ئێتنیكی و نەتەوەیی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیای ناوەندیدا هەبوو”.
كوردستان لەم بگرەوبەردەیەدا، خاڵی كێشمەكێشی ئەم وڵاتانە بووە و ئەمەش ڕێی بۆ ئەوە خۆش كردوە كە هێرش و پەلاماری یەك لەدوای یەكی بكرێتە سەر و داگیركراویش بێت. ئەو هێزانە بۆ یەكلاكردنەوەی دەمەقاڵەی خۆیان، كوردستانیان بەرەوڕووی دابەشكردنیش كردوەتەوە و لەچەند وێستگەیەكی مێژوودا كوردستان لەنێوان هێزە دژ بەیەكەكاندا بەش كراوە. لەو دەمانەدا، سێ هێرشی گەورە دۆخی دانیشتوانی كوردستان و تەنانەت ئاسیای نزیكیان تا ڕادەیەكی زۆر شپرزە كرد. هاتنی توركە سەلجوقییەكان ساڵی 1051، مەغۆلەكان ساڵی 1231 و هەروەها تەیموری لەنگ ساڵی 1402. ئەمانە یەك لەدوای یەك بوون بە هۆی داگیركردن و وێران كردنی وڵاتەكە و زۆر گیروگرفتی ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورەیان پێك هێنا كە تا ماوەیەكی دوور بە چارەسەرنەكراوی مانەوە. ساڵی 1502ی زایینی كە شا ئیسماعیلی سەفەوی دەوڵەتی سەفەوی دامەزراند، ناوچەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای لە كوردستان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەڵام دواتر ساڵی 1514ی زایینی و لەشەڕی چاڵدێراندا، سوڵتان سەلیمی یەكەم (نۆیەمین سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی 1512-1520ی زایینی) توانی بەسەر شا ئیسماعیلی سەفەویدا سەر بكەوێت و رۆژئاوا و خواروو و ناوەراستی كوردستانی خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، تەنها ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ سەفەوییەكان مایەوە. بەو پێیە (75%)ی خاكی كوردستان كەوتە بندەستی عوسمانییەكانەوە. ناوچەكانی كوردستان بەشێكی زۆریان كەوتبوونە سەر سنووری نێوان عوسمانی و سەفەوییەكان. پێش دەستپێكردنی شەڕەكانی نێوانیان، كوردان لە میرنشینەكانی خۆیاندا نیمچە سەربەخۆییەكیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ گەرم بوونی كێشەكانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە داگیركارە، هەردوولایان چاویان بڕییە سەر داگیركردنی خاكی یەكتری, ئەم هەڵوێستەشیان میللەتی كورد و خاكی كوردستانیشی گرتەوە.
لەگەڵ ململانێ و كێبڕكێی ئەو دوو زلهێزەی ناوچەكەدا لەسەر كوردستان، كوردان لەبەر ئەوەی توانای راگرتنی تای تەرازووەكەیان نەبوو، بۆیە بەدرێژایی پێنج سەدەی شەڕەكانی ئەوان، كورد نەبوو بە هێزی سێیەم لەناوچەكەدا، لەبەر ئەوە, هەرجارە و دەیدا بەلایەكدا، بەڵام زیاتر بەلای عوسمانیدا كەوت، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە: سوننی بوون كورد و عوسمانی, رۆڵی مەلا ئیدریسی بەدلیسی لە نزیككردنەوەی میرە كوردەكان و عوسمانی و هەروەها لەبەر توندوتیژی و خراپ مامەڵەی سەفەوییەكان لەگەڵ كورددا. یەكێك لە سیاسەتەكانی شا ئیسماعیلی سەفەوی ئەوەبووە هەموو میرایەتییە كوردەكان لەناو ببات بۆ ئەوەی قزڵباشە شیعەكان ببن بەدەسەڵاتدار، ئەمە لەو ماوەیەدا پێچەوانەی هەڵوێستی عوسمانییەكان بوو، چونكە عوسمانییەكان لەسەرەتادا هەوڵیان دابوو دڵی كوردەكان رابگرن و كار گەیشتبووە ئەوەی سوڵتان سەلیمی عوسمانی چەند جارێك مەلا ئیدریسی بەدلیسی كردبوو بە نوێنەری خۆی بۆ ئەوەی بەناوی سوڵتانەوە لەگەڵ میرە كوردەكاندا پەیوەندی بگرێت. دواتریش كە بەپشتیوانی كورد، شەڕی چاڵدێرانیان بردەوە و سەركەوتن بەسەر سەفەویدا، یان كە پەیمانی شەڕبەستنیان لەگەڵیان مۆركرد، كاریان بە كورد نەما و عوسمانییەكانیش وەك سەفەوییەكان كوردیان وەلانا.
توركە عوسمانی و فارسە سەفەویەكان ساڵی 1639ز پەیمانی (زەهاو)یان بۆ دابەشكردنی خاكی كوردستان لەنێوان خۆیاندا بەست، ئەم پەیمانە ئەگەرچی بۆ بڕینەوەی شەڕی گەورەی چاڵدێران (1514ز) بوو، بەڵام راستییەكەی سەرەتای دابەشكردنەكانی كوردستان لەوێوە دەستی پێكرد. ئەو سنوورەی هەردوو دەوڵەت لەسەری پێكهاتبوون، لە ئاخسقەوە لە قەفقاس بەناو مەڵبەندەكانی قارس، وان، شارەزوور، بەغداد، بەسرە هەتا سەری ئاوی خەلیج بەناو جەرگەی كوردستاندا رائەبورد، هەر بە گوێرەی ئەم رێككەوتنە دەبوو قەڵاكانی قوتور، ماكو، مەغازبرد كاول بكرێن و بەچۆڵی بهێڵرێنەوە. ئەوەی لەشەڕدا پێیان كرا، عوسمانی و سەفەوییەكان دژی كورد و خاكی كوردستانیان كرد. ئەوەیشی مابوەوە لە پەیماننامە و رێككەوتننامەكانی نێوانیاندا درێژەیان پێدا. لەنمونەی پەیماننامەكانی ئەماسیە، زەهاو، ئەرزڕومی یەكەم، ئەرزڕومی دووەم، ستاتووكوو، پرۆتۆكۆلی تاران، پرۆتۆكۆلی ئەستەنبووڵ. لازەرێف لە كتێبەكەیدا “كێشەی كورد” دەڵێت: “ئەم شەڕ و هەرا درێژە دووا نەهاتووانەی چەند سەد ساڵێك درێژەیان كێشا، بوونە كۆسپێكی گەورە لەڕێی پێشكەوتن و نەشە و نومای ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیی و زانیاری كورد. بوونە هۆی ئەوەش یەك گرتنی میللەتی كورد و دروست بوونی دەزگایەكی نەتەوەیی كورد و تەتەوری دووا بخات, ڕێگاشی لەوە گرت ئیسلاحاتی باش و بە فەڕ بكرێت”.
شەڕەكانی عوسمانی و سەفەوی و بەشكردنی كوردستان لەنێو خۆیاندا، ماڵوێرانی بۆ كورد هێنا. ئەو دابەش بوونە سیاسییەی كوردستان بەسەر دەوڵەتێكی سوننی و دەوڵەتێكی شیعیدا، كە دوو زمانی جیاواز و دوو فەرهەنگی جیاواز و هەروەها دابەش بوونی هەر بەشێكی كوردستان بەسەر چەندین میرنشینی جیاوازدا، سەرەڕای دۆخی تۆبۆگرافی نالەباری خاكەكەی، كە شاخ و دۆڵ و ڕووبار لەیەكتری دابڕی بوو. ئەمانە هەمووی دەلاقەكانی جیاوازی و لەیەك نەچوونیان لەناو دانیشتوانی كوردستاندا قووڵتر كردەوە.
٣-قۆناغى مێژووى نوێ و هاوچەرخ:-
ئەم قۆناغە لەمێژووى کورددا بەدەست پێکردنى یەکەم شەڕى جیهانى (١٩١٤ز) دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا ڕۆژگارى ئەمڕۆ. ئەگەرچى بەشێک لەمێژوونووسان پۆلێنبەندییەکەیان بەشێوەیەکى تر داڕشتوەتەوە. بەجۆرێکە قۆناغى ناوەڕاست و هاوچەرخ لەیەکدى جیاکراونەتەوە و شەڕى چاڵدێران (١٥١٤ز) بە سەرەتاى دەستپێکردنى مێژووى قۆناغى ناوەراست دادەنێن هەتا شەڕى یەکەمى جیهان. لەدواى شەڕیشەوە هەتا ئێستا بە مێژووى هاوچەرخ پۆلێن دەکرێت. ئەم قۆناغەى مێژووى کورد پڕە لە گۆڕانکارى و ئاڵەنگارى جیاواز. وەک “م.س.لازەرێف” دەڵێت: یەکەم تەقەى یەکەم شەڕى جیهانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دەستى پێکرد. ئەمە بەسە بۆ ئەوەى تێبگەین کە سەرەتاى ئەم قۆناغە بۆ کورد گۆرانکارى بەخۆوە دەبینێت. بەکورتى لە خوارەوەدا ئاماژە بەچەند ڕووداوێک دەکەین. کە، دەتوانین وەک مشتێک لە خەرمانێک بیژمێرین:-
- ڕێککەوتننامەى سایکس بیکۆ:-
بەدوو ساڵ پێش بڕانەوەی شەڕ، واتا لە 15-17ی مارسی 1916دا وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسە و ڕووسیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی داروپەردووی دەوڵەتی عوسمانیی دۆڕاوی شەڕەكە لەناو خۆیاندا دابەش بكەن، هەم بۆ ئەوەی چەند دەوڵەتێكی دەسكەلای خۆیان لەناوچەكەدا هەبێت و هەمیش بۆ پاراستنی دەستكەوتی نەوتی و ئابوورییەكانیان، لەو رۆژەدا و لە شاری “سان پترسبۆرگ”ی رووسیا رێككەوتننامەی “سایكس-بیكۆ”یان ئیمزا كرد. “م. ڕەسول هاوار” لە بارەی دابەشكردنی ناوچە كوردییەكانی چوارچێوەی ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە وتویەتی:
- بەپێی نەخشەی سایكس-بیكۆ، ویلایەتی موسڵ “باشووری كوردستان” لەگەڵ ویلایەتی شام و حەلەب بەر فەرەنسەییەكان كەوتبوو (لەدوای تەواوبوونی شەڕ ئینگلیزەكان ویلایەتی موسڵیان لەدەست فەرەنسییەكان دەرهێنا بەرامبەر بە هەندێ شوێنی تر كە درا بە فەرەنسییەكان).
- باكووری كوردستان (لە پەیمانی سایكس-بیكۆدا بە كوردستانی مەركەزیی ژووروو ناوبراوە) بۆ ڕوسیای قەیسەری دانرابوو (لەدوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی ڕوسیا لە شەڕی جیهانی وازی لەو پەیمانە هێنا)”.
“د.كەمال مەزهەر ئەحمەد”یش دەڵێت: “بەپێی پەیمانی “سایكس-بیكۆ” هەموو كوردستانی توركیای ئیمڕۆ بۆ ڕووسیا دانرا. هەرچی ویلایەتی موسڵیشە بەر فەرەنسە كەوت. بەڵام دیارە ئەو بەریتانیایەی لە زوەوە چاوی بڕیبووە ویلایەتی موسڵ و بەهەموو جۆر جێ پێی خۆی تیا قایم ئەكرد، هەروا بە ئاسانی دەستی لەو ناوچە گرنگە هەڵنەئەگرت” لە كانونی یەكەمی 1918دا لەو سەردانەدا كە كلیمەنسۆ (سەرەك وەزیری فەرەنسە) بۆ لەندەنی كرد، لەگەڵ لوید جۆرج (سەرەك وەزیری بەریتانیا) رێككەوت: ویلایەتی موسڵ لەناوچەی نفوزی فەرەنسییەوە بگوێزرێتەوە ناوچەی نفوزی بەریتانی بەرامبەر بە گوێزانەوەی ویلایەتی سوریا لەناوچەی نفوزی بەریتانی و تەرخان كردنی بەشی نەوتی كوردستان بۆ فەرەنسا.
- پەیماننامەى سیڤەر ١٩٢٠:-
پەیمانێکی ئاشتی بوو لە نێوان وڵاتانی ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ھاوپەیمانانی یەکەم جەنگی جیھانیی کە لە کۆتایی شەڕەکەدا لە ١٠ی ئابی ساڵی ١٩٢٠ بەسترا. پەیماننامەکە بەشێکی زۆری خاکی عوسمانی بە فەڕەنسا، بەریتانیا، یۆنان و ئیتاڵیا دابەش دەکات، یەکێک بوو لەو زنجیرە پەیماننامانەی کە لەو سەردەمەدا کاری لەسەر کراوە، دوای شکستھێنانی ئەو وڵاتانەی دژ بە ھاوپەیمانان لە شەڕدا بوون. لەم پەیماننامەیەدا بەندەکانى (٦٢-٦٣-٦٤) تایبەت کرابوو بە چارەسەرى دۆزى کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتى ڕووخاوى عوسمانیدا و مافى چارەى خۆنووسین بە کورد ڕەوا بینرا. شەریف پاشاى خەندان نوێنەرایەتى کوردى دەکرد لەو پەیماننامەیەدا.
- پەیماننامەى لۆزان ١٩٢٣:-
پەیماننامەیەکی ئاشتییە کە لە شاری لۆزان، سویسڕا، لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژۆ کرا. پەیمانەکە دەرئەنجامی ھەوڵی دووەمی ئاشتی بوو دوای پەیماننامەی شکستخواردوو و پەسەندنەکراوی سیڤەر کە ئامانجی دابەشکردنی خاکەکانی عوسمانی بوو، پەیماننامەی پێشووتر لە ساڵی ١٩٢٠ واژۆ کرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن بزوتنەوەی نیشتمانیی تورکیاوە ڕەتکرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە خەباتیان کرد. لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و ڕامیارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستەمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستەمی مافی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە بابەتی کورد و کێشە ڕەواکەیدا و نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سیڤەر بێتە دی. جگە لەو دوو ڕووداوە گرنگە (کە بەڕاى من ئاراستەى چارەنووسیان گۆڕى) و هەر بەکاریگەرى لێکەوتەکانى “لۆزان” دواتر كۆمەڵەی گەلانیش بەپێی پەیمانی (برۆكسل 1925) بڕیاری بەڕەسمی لكاندنی باشوری كوردستان (ویلایەتی موسڵ) بە ئێراقەوە داوە.
لەم ماوەى ئەم قۆناغە دیرۆکییەى کورددا شۆڕش و ڕاپەڕین و دەرکەوتنى جوڵانەوە و ڕێکخراو و کۆمەڵەى سیاسى زۆر دروست بوون. لەنمونەى: شۆڕشەکانى شێخ مەحمودى حەفید لەناوچەى سلێمانى (١٩١٩-١٩٢٣ز)، شۆڕشى ئاگرى داغ ١٩٣٧)، دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لەشارى مەهاباد (١٩٤٦)، شۆڕشى ئەیلۆل لەباشوورى کوردستان (١٩٦١)، ڕاپەڕینى باشوورى کوردستان (١٩٩١) و …هتد.
وەک کۆتایى؛ توێژینەوەكان دەریان خستووە كە رێژەی گەشەی دانیشتوانی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1995-2000 دەگاتە نزیكەی 2,29%، لەساڵی 2050یشدا ئەو رێژەیە بۆ 3% بەرزتر دەبێتەوە، لەژێر رۆشنایی پێشبینییەكانی داهاتوودا، توێژینەوە دەری خستووە كە ساڵی 2000 ژمارەی كورد بریتی بووە لە 36,3 ملیۆن كەس، لە ساڵی 2010یشدا گەیشتوەتە 44,8 ملیۆن، لە ساڵی 2020 بەرزبوەتەوە بۆ 53 ملیۆن، ساڵی 2030 دەگاتە 60,5 ملیۆن، ساڵی 2040 دەگاتە 67 ملیۆن و لە ساڵی 2050یشدا ژمارەی دانیشتوانی كورد لە كوردستاندا دەگاتە 76,5 ملیۆن كەس.
سەرچاوەکان:-
1-الدكتور فؤاد حمە خورشید (٢٠٠٦)، أصل الكرد، بغداد.
2-كەمال بوركای (٢٠٠٨)، كورد و كوردستان، وەرگێڕانی: عەلی فەتحی، چاپی یەكەم، هەولێر.
3-باسیلی نیكیتین (٢٠٠٧)، الكرد دراسة سوسیولوجیة و تاریخیة، و:الدكتور نوری طالبانى، من منشورات مكتب الفكر و التوعیە فی الاتحاد الوطنى الكردستانی، الطبعة الثالثة، السلیمانیة.
٤-دكتور عبدالرحمن قاسملۆ (١٩٧٣)، كوردستان و كورد، وەرگێڕ: عبدالله حسن زادە، ب.ش.چاپ.
٥-پرۆفیسۆر م.س لازەرێف (٢٠٠٠)، كورد و كوردستان فاكتەرەكانی دروست بوونی كێشەكە، وەرگێڕانی: د.جەبار قادر، بڵاوكراوەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستان، سلێمانی.
٦-د.كەمال مەزهەر ئەحمەد (١٩٧٥)، كوردستان لە ساڵەكانی شەڕی یەكەمی جیهانیدا، لە چاپكراوەكانی كۆڕی زانیاری كورد، بەغدا، 1975.
٧-م.رەسول هاوار (٢٠٠٠)، كورد و باكوری كوردستان لەسەرەتای مێژووەوە هەتا شەڕی دووەمی جیهان، بەرگی یەكەم (هەتا كۆتایی شەڕی یەكەم)، چاپی یەكەم، بڵاوكراوەكانی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاك، سلێمانی.
٨-د.احمد محمود خلیل (٢٠١٣)، تاریخ الکرد فی العهود الاسلامیة، الطبعة الاولى، دار اراس للطباعة و النشر-أربیل.
٩-د.احمد محمود خلیل (٢٠١٣)، تاریخ أسلاف الکورد، الطبعة الاولى، دار موکریانى للبحوث و النشر، أربیل.
١٠-د.جەمال رەشید ئەحمەد، د.فەوزى رەشید (٢٠١٤)، مێژووى کۆنى کورد، وەرگێڕانى، ملکۆ کەلارى، چاپى چوارەم، چاپخانەى پەنجەرە، سلێمانى.