دادگای فیدراڵی وەهمی سەقامگیری و سازان لە ئێراقێکی نەسازان و ناسەقامگیردا
کاتێک دادگای فیدراڵیی ئێراق وەک پێگە و مەرجەعێکی یاسایی لە چوارچێوەی دەستوور دیاریکرا، سەرجەم لایەنە ئێراقییەکان لەو بڕوایەدا بوون، کە ئەم دادگایە وەک دامەزراوەیەکی باڵای ناوبژیکەری هاوسەنگ لەنێوان لایەنە جیاواز و ناکۆک و تەنانەت دژبەرەکاندا، لە ئێراقێکی تائیفی و خێڵەکی و هاوکات مەزهەبی و ئیتنیکییەوە ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام ئەگەر لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەیرێکی وردی بڕیارەکانی ئەو دادگایە بکەین، بەتایبەتی کاتی بڕیارەکان و شێوەی بڕیارەكانی زۆر بەڕوونی ئەوەی بەدی دەکرێت کە ئەو دامەزراوەیە بەر لەوەی پێگەیەک بێت بۆ هاوسەنگی و دادپەروەری لە کاتی یەکلایکردنەوەی گرفت و بابەتە ناکۆکەکان، میکانیزمێکە بە پلەی نایاب بۆ سەپاندنی هەژموون و ئەجێندایەک، کە بەر لەوەی هیچ جۆرە خزمەتێک بە ئێراق بکات، بەپێچەوانەوە ڕۆڵ لە تێکدانی هەر جۆرە هەوڵێک دەگێڕێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و سازان و تەوافوقی گشتی بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان.
بێ گومان باسکردن لە چەمکی “سەقامگیریی سیاسی” لە ئێراق لەگەڵ “سازان”دا، هەر خۆی یەک ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی ئێراق لە ئاستی پارت و لایەنە سیاسییەکاندا لە چەندان مەرجەعی ئایدۆلۆجی و مەزهەبییەوە لێکترازاوە بە جۆرێک کە چەمکی سازان گوزارشت لە پێکەوە گونجان و کارکردن تا کاتی نادیار دەکات. ئەم کاتە ڕەنگە تا سبەینێ بخایەنێت یان تا چەند ساڵی دیكە، یاخود ڕەنگە لە خۆمەڵاسدانی هەلێکی گونجاوی سەنگەرگرتوو دابێت، تا ئەو سەقامگیرییە وەهمییەی باسی لێوە دەکرێت، بەتەواوەتی ئاشکرا بکات. بۆیە کاتێک باسی سەقامگیریی لە ئێراقدا دەکەین، مەحکوومین بە باسکردن لە دۆخێک، کە لەسەر لێوارێکی ترسناکدایە، بە جۆرێک، کە بە هێزی میلیشیا و ئەجێندای دەرەکی و ئایدۆلۆجیای تاکلایەنەی ناوەکی، بەشێوەیەکی وەهمی ڕاگیراوە.
کەواتە لەم هاوکێشە ئاڵۆزەی ئێراقدا، نە سەقامگیریی ڕاستەقینە هەیە تا بڵێین دادگای باڵای فیدراڵی دەستی هەیە لە تێکدانی و نە خودی دادگاکەش بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و جۆرێک لە سەقامگیری و سازانی نێوان پێکهاتەکان، پێگەی یاسایی خۆی وەرگرتووە، بۆیە لێرەدا کاتێک ئەم دوو بابەتە ناکۆکە باس دەکەین، خۆی لەخۆیدا چەمکی سازان وەک یارییەکی لێدێت، کە یاریزانەکان بە ڕێساکانی یارییەکە ڕازی نەبن و هەر ساتێك ئەگەری هەڵوەشانەوە لەئارادا بێت. کەواتە لەم دۆخە ناکۆک و دژبەیەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵی خۆیشی دەبێت بە ئامرازێکی سیاسی و میکانیزم بە دەست ئەو لایەنەی کە پێشبینیی ململانێکانی داهاتوو دەکات لە ئێراقێکی پڕ کێشە و ئاڵۆزدا.