“مه‌به‌ست چیه له زانستی بوونی سیاسه‌ت و هونه‌ری بوونی سیاسه‌ت؟”
“زانستی بوونی سیاسه‌ت”
پرسی ئه‌وه‌ی که ئایا سیاسه‌ت زانسته یان هونه‌ر، یاخود پێویسته ئێمه وه‌ک هونه‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت بکه‌ین یان وه‌ک زانست پرسێکی گرینگه بۆ چۆنیه‌تی دارشتن و گرتنه‌به‌ری سیسته‌مێکی سیاسی بۆ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک، ئه‌م پرسه‌ش هه‌ر له کۆنه‌وه له‌نێوان بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفانی سیاسی گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆری له‌سه‌رکراوه. بۆیه لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م پرسه ڕوون بکه‌ینه‌وه که ئایا مه‌به‌ست له زانستیبوونی سیاسه‌ت و هونه‌ریبوونی سیاسه‌ت چیه؟ بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته له سه‌ره‌تادا پێناسه‌ی هه‌ر یه‌ک له‌م دوو چه‌مکه بکه‌ین و پاشان له ڕووی سیاسییه‌وه ڕوونی بکه‌ینه‌وه که مه‌به‌ست لێی چیه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زانست بریتیه له “جه‌سته‌یه‌ک له زانینی سیسته‌ماتیککراو”. به‌گوزارشتێکیتر، زانست بریتیه له‌و زانینه‌ی که که‌ڵه‌که‌بووه له ڕێگه‌ی پڕۆسه‌یه‌کی سیسته‌ماتیکی. ئه‌م زانسته‌ش ڕه‌نگه زانستێکی سرووشتی بێت وه‌ک کیمیا و فیزیا یاخود زانستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت وه‌ک سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی و مێژوو. یه‌کێک له گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی زانست هه‌مه‌کی بوونه و کات و شوێن ناناسێت، واته ئه‌گه‌ر بڵێن، ئاو له 100 پله‌ی سیلیزیدا ده‌کوڵێ، ئه‌وا له هه‌موو سه‌رده‌مێک و له هه‌موو شوێنێک هه‌روایه و به گۆڕینی سه‌رده‌م و شوێن ئه‌و یاسایه گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نایه‌ت. هه‌ربۆیه ئه‌و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفانه‌ی که وه‌کو زانست له سیاسه‌تیان ڕوانیوه هه‌ستاون به ده‌رهێنانی کۆمه‌ڵێک (بنه‌ما و پڕه‌نسیپی هاوبه‌ش) له سرووشتی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مرۆیی و پاشان گشتاندویانه به‌سه‌ر گشت کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کان گوتویانه ئه‌مه باشترین سیسته‌مه بۆ گشت کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کان. وەک ئەوەی پۆزەتیڤیستەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە لە بەرهەمهێنانی زانینی زانستیدا.
یه‌کێک له ڕووه‌کانی مرۆڤناسی سیاسی (political anthropology) ئه‌وه‌یه که سنووری هه‌موو ئه‌زموون و بیروباوه‌ڕ و نه‌ریتی سیاسی تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌کان تێده‌په‌ڕێنێت؛ بۆ ئه‌مه‌ش مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی سیاسی وه‌رده‌گرێت له‌پێناو به زانستکردنی سیاسه‌ت، پاشان کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌ش ده‌دۆزێته‌وه بۆ هه‌موو سیسته‌مێکی سیاسی و ده‌یانگشتێنێت سه‌ره‌رای جیاوازی میژوویی و جوگرافی و ژینگه‌یی و تایبه‌تمه‌ندیه ناوچه‌ییه‌کان. ده‌توانین بڵێین یه‌که‌م بیرمه‌ندی سیاسی و له مێژووی هزری سیاسی‌دا که هه‌وڵێکی له‌م شێوه‌یه‌یدا (ئه‌فلاتۆن) platon بوو(428- 348 پ ز) که له په‌رتوکی “کۆمار” The Republic له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند بنه‌مایه‌کی هاوبه‌ش له سرووشتی کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ دێت وینای سیسته‌مێکی سیاسی و وڵاتێکی دادپه‌روه‌رمان بۆ ده‌کات و به ته‌واوکۆترین (کامل) وڵاتی داده‌نێت. به‌مه‌ش دێته سه‌ر باسی دروستبوونی کۆمه‌ڵگا و چیه‌تیه‌که‌ی، ده‌ڵێ هۆکاری دروستبوونی شار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێداویستیه‌کانی مرۆڤ، چونکه هیچ که‌سێک ناتوانێت به‌ته‌نها هه‌موو پێداویستیه‌کانی خۆی به‌جێبهێنێت، به‌ڵکو کاتێک کۆمه‌ڵه مرۆڤێک کۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ر یه‌کێک پێداویستیه‌ک دابین بکات، به‌ومانایه‌ی هه‌ر که‌سێک کارێکی تایبه‌ت ده‌کات. دابینکردنی ئه‌و پێداویستیانه‌ش ده‌بێته هۆی ته‌واوکاری و یه‌کانگیری و هه‌ماهه‌نگی له نێوانیان، ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و تاک و ده‌وڵه‌ت تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بێت، به‌مه‌ش چاکه‌ی یه‌کێکیان چاکه‌ی ئه‌ویتریشه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م چاکه‌ش به‌دی نایه‌ت ته‌نها له ڕێگای تایبه‌تکردنی کار نه‌بێت.
به‌م شێوه‌یه تایبه‌تکردنی کار وخه‌ریکبوونی هه‌ر که‌سێک به کاره‌که‌ی خۆی واته دابه‌شکردنی کار ده‌بێته چیه‌تی کۆمه‌ڵگا، دادپه‌روه‌ری و خۆشبه‌ختی تاک و کۆمه‌ڵگاش ئه‌وه‌یه هه‌ر که‌سێک له کۆمه‌ڵگادا به کاری خۆی خه‌ریک بێت و ده‌ست له کاروباری ئه‌ویتر وه‌رنه‌دات، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه کێ چ کارێک ئه‌نجامبدات یاخود دادپه‌روه‌ری چۆن ده‌توانێ له دابه‌شکردنی کاره‌وه بێته کایه‌وه؟ ئه‌فڵاتۆن لێره‌دا ده‌ست ده‌کات به دابه‌شکاری له چینه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای سرووشتیان پاشان ده‌یچونێت به دابه‌شکاری ده‌روونی مرۆڤ. ئه‌فڵاتۆن پێیوایه مرۆڤه‌کان له رووی به‌هره‌ی سرووشتیان له یه‌کتری جیاوازن هه‌ر یه‌که‌یان به‌پێی سرووشت بۆ کارێکی تایبه‌ت به‌دیهێنراون. به‌مه‌ش ئه‌فڵاتۆن جیاکاری ده‌کات له نێوان سێ چین له کۆمه‌ڵگادا “فه‌رمانڕه‌وایان، پاسه‌وانان، پیشه‌وه‌ران” له‌به‌رامبه‌ر سێ به‌شی ده‌روونی مرۆڤ “ئه‌قل، توڕه‌یی، ئاره‌زوو”، ئه‌م به‌شانه‌ش به‌رامبه‌ر سێ جۆر ته‌نیان داده‌نێ “زێر، زیو، ئاسن”، پاشان سێ لایه‌نی ڕه‌ندی و چاکه دیاریده‌کات وه‌ک “دانایی، ئازایه‌تی، خۆپارێزی”. چینی فه‌رمانڕه‌وایان که‌سانی ئه‌قڵانین و مه‌عده‌نه‌که‌شیان زێره و ڕه‌ندیه‌که‌شیان داناییه، ئه‌رکیان به‌ڕێوه‌برنی وڵاته. چینی پیشه‌وه‌ران که‌سانی توڕه‌ن و مه‌عده‌نه‌که‌یان زیوه و ڕه‌ندیه‌که‌شیان ئازایه‌تیه، ئه‌رکیان به‌رگریکردنه له وڵات. چینی پیشه‌وه‌رانیش که به‌رامبه‌ر لایه‌نی ئاره‌زوو دانراون ئه‌رکیان دروستکردن و دابینکردنی گشت پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه، چونکه مه‌عده‌نه‌که‌یان ئاسنه، ڕه‌ندیه‌که‌شیان خۆپارێزیه واته خۆیان له‌وه بپارێزن که بیانه‌وێت ده‌ست له کاروباری دووچینه‌که‌ی تر وه‌ربده‌ن.
پاشان ئه‌م سێ چینه له رووی سرووشتی کاره‌وه ده‌یانچوێنێت به شوان و سه‌گ و مه‌ڕ، فه‌رمانڕه‌وا داناکان، شوان ئه‌رکیان ڕێبه‌رایه‌تیکردنی و ئاراسته‌کردنی مێگه‌له مه‌ڕه، پاسه‌وانه‌کانیش سه‌گن، چونکه ئه‌فڵاتۆن پێیوایه ده‌بێت پاسه‌وانان دوو سیفه‌تی دژیه‌کیان تێدابێت هه‌م تووندوتیژبن به‌رامبه‌ر به دووژمن هه‌م نه‌رمونیانبن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانی خۆیان و سته‌میان لێنه‌که‌ن به‌ڵگه‌ی سروشتیشی بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ی له سه‌گدا دۆزیه‌وه که به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی و مێگه‌ل نه‌رمونیان و پارێزگاره، به‌رامبه‌ر هێرشی گورگه‌کانیش ئازا‌و دڕه‌نده‌یه. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م دوو سیفه‌ته‌ش له پاسه‌وانان و به‌رگریکارانی وڵات‌دا هه‌بێت ده‌بێت هه‌م په‌روه‌رده‌ی میوزیکی بکرێن تا نه‌رمونیان بن، هه‌م په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی و جیمناستیکی بکرێن تا ئازا‌و دڕنده‌بن، پیشه‌وه‌رانیش به مێگه‌له مه‌ڕ ده‌چونێت که ئه‌رکیان ته‌نها به‌رهه‌مهێنانه، ئه‌م هاوئاهه‌نگی و پله‌به‌ندیه‌ش له نێوان ئه‌م به‌ش و چینانه خودی دادپه‌روه‌ریه، واته دادپه‌روه‌ری له مرۆڤدا ئه‌وه‌یه به‌شی ئه‌قڵ فه‌رمانڕه‌وایی بکات، له کۆمه‌ڵگاشدا ئه‌وه‌یه که که‌سه داناکان فه‌رمانڕه‌وایی بکه‌ن. ئیتر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئه‌فلاتۆن دێت له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی ماهیه‌تی سرووشتی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا سیسته‌مێکی سیاسی داده‌رێژێت و ده‌ڵێت ئه‌مه باشترین و دادپه‌روه‌رترین ده‌وڵه‌ته که له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ و سروشتی کۆمه‌ڵگای مرۆیی بگونجێت.
به هه‌مان شێوه (ئه‌رستۆ Aristotle (385- 323 پێیوایه که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی به سرووشت سیاسیه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ستاوه به دۆزینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک یاسای دیاریکراو و گشتاندویه‌تی. له‌م سۆنگه‌یه‌ش ده‌ڵێ، پێوه‌ره‌کانی ئێمه بۆ باشترین جۆری حکومه‌ته که له‌لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵکیه‌وه په‌سه‌ندکراوبێت و له‌گه‌ڵ گشت کۆمه‌ڵگاکاندا گونجاوبێت، بۆ ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه سیاسیه‌که‌ی له‌سه‌ر چه‌مکی “ناوه‌ندیه‌تی” داده‌مه‌زرێنێت و ده‌ڵێ، نێوه‌ندی هه‌ر شتێک باشترینه، به‌مه‌ش ستایشی حکومه‌تی چینی ناوه‌راست ده‌کات و ده‌ڵێ باشترین جۆری حکومه‌ت بۆ زۆرینه‌ی وڵات و کۆمه‌ڵگاکان.
پاشان کارل مارکس‌یش Karl Marx (1818-1883) له فه‌لسه‌فه‌ی دیاله‌کتیکی مێژوویه‌که‌یدا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مێژووگه‌رایی خوێندنه‌وه بۆ سرووشتی ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی تا به‌وه ده‌گات که دواجار قۆناغی کۆمۆنیستی بێ چین دێته کایه‌وه که له‌گه‌ڵ سرووشتی سه‌ره‌تایی مرۆڤدا ده‌گونجێت که ئه‌و پێیوابوو کۆمه‌ڵگای مرۆیی له سه‌ره‌تادا له شێوه‌ی کۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تاییدا بێ کێشه ژیاون، چونکه هه‌موو شتێک هاوبه‌ش بووه و خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ت بوونی نه‌بووه. له دواتریش (فۆکۆیاما) Francis Fukuyama له په‌رتووکی “کۆتایی مێژوو” End of History و “دواین مرۆڤ “the Last Man ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند که سیسته‌می دیموکراسی و لیبرالیزمی سه‌رمایه‌داری تاکه سیسته‌مێکه که له‌گه‌ڵ سرووشتی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مرۆیی‌دا ده‌گونجێت و دواجار هه‌موو کۆمه‌ڵگاکان ده‌بێت په‌یره‌وی لێبکه‌ن؛ به‌جۆرێک که تایبه‌تمه‌ندیه ناوچه‌یی و ژینگه‌یی و جوگرافییه‌کان تێپه‌ڕ ده‌کات و تا دواجار مرۆڤه‌کان به حه‌زی سروشتی خۆیان ده‌گه‌ن، ده‌بنه هاووڵاتیه‌کی جیهانی. به‌م دواییانه‌ش هه‌ردوو نووسه‌ری به‌ناوبانگ (داڕۆن ئاسمۆگلۆ و جه‌یمس ڕۆبنسۆن) Daron Acemoğlu، James A. Robinson له په‌رتووکی ”بۆچی نه‌ته‌وەکان شکستده‌هێنن؟” Why Nations Fail، تیۆرێکیان داناوه به ناوی تیۆری ده‌زگایی، که پێیانوایه هۆکاری شکستی وڵاته شکستخواردوو و تازه پێگه‌یشتووه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که نه‌یانتوانیوه وه‌کو وڵاتانی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا دامه‌زراوه‌ی سیاسی و ئابووری کراوه بوونیادبنێن. به مانایه‌کی تر، پێیانوایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێک بیه‌وێت پێشبکه‌وێت ده‌بێت به هه‌مان شێوازی وڵاتانی لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی دامه‌زراوه و ده‌زگای سیاسی و ئابووری کراوه بوونیادبنێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێیانوایه که هیچ ڕێگریه‌کی جوگرافی و کو‌لتووری نیه له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌زگایانه تا پێشبکه‌ون، به وشه‌یه‌کی تر، مۆدێلی سیاسی و ئابووری لیبرالیزمی رۆژئاوایی به مۆدێلێکی گشتگیر و شایا‌نی پیاده‌بوونێکی سه‌رتاسه‌ری داده‌نێن که پێویسته هه‌موو وڵاتانی دونیا چاوی لێبکه‌ن و لاسایی بکه‌نه‌وه تاوه‌کو سیسته‌مێکی سه‌قامگیر و پێشکه‌وتوویان هه‌بێت.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م بیرمه‌ندانه وه‌کو زانست سه‌یری سیاسه‌تیان کردووه و هه‌وڵیانداوه سیسته‌مێکی سیاسی گشتگیر بخه‌نه‌ڕوو که سنووری هه‌موو جیاوازیه مێژووی و جوگرافی و کو‌لتووری و نه‌ته‌وه‌یی و ژینگه‌ییه‌کان ببه‌زێنێت و له‌گه‌ڵ سروشتی هه‌موو کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کان گونجاوبێت وه‌ک باشترین سیسته‌م بۆ حکومرانی.
“هونه‌ری بوونی سیاسه‌ت“
هه‌ندێکیتر له بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان وه‌کو هونه‌ر له سیاسه‌ت ده‌ڕوانن، بۆ ئه‌مه‌ش پێیانوایه ده‌بێت که‌سانی سیاسه‌تمه‌دار هونه‌رمه‌ندبن له حکومرانیکردندا. به‌ڵام ئایا مه‌به‌ست له هونه‌ربوونی سیاسه‌ت یاخود هونه‌رمه‌ندبوونی سیاسه‌تمه‌دار چیه؟ بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌مه سه‌ره‌تا ده‌بێت پێناسه‌ی هونه‌ر بکه‌یین و چه‌مکی هونه‌ر به جوانی شیبکه‌ینه‌وه، ئینجا له مه‌به‌سته سیاسیه‌که‌شی تێبگه‌ین.
هونه‌ر چیه؟ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی “هونه‌ر بریتیه له به‌کارهێنانێکی پراکتیکی زانین بۆ به ده‌ستهێنانی ئامانجێکی تایبه‌ت”. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر به شێوه‌یه‌کی ساده و جیاکردنه‌وه‌ی زانست له هونه‌ر ده‌توانین بڵێین زاناکان بۆ دروستکردنی ڕه‌نگه‌کان خاوه‌نی زانست و زانینن، له ڕێگه‌ی ئه‌و زانینه سیسته‌ماتیکیه‌ی که هه‌یانه له بواری کیمیا هه‌ڵده‌ستن به پێکهێنانی سرووشت و تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌نگه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ڕێسای دیاریکراو که له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێکدا هه‌ر هه‌مان رێسایه، به‌ڵام کاتێک هونه‌رمه‌ندێکی وێنه‌کێش دێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕه‌نگانه که به رێسایه‌کی زانستی دروست بوون، به‌شێوه‌یه‌کی پڕاکتیکی هه‌ڵده‌ستێ به به‌کارهێنانی ئه‌و ڕه‌نگانه‌و وێنه‌یه‌کی تایبه‌ت به خودی خۆی دروست ده‌کات که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ست و سۆز و دونیابینی ئه‌وه، لێره‌دا وێنه‌که ده‌بێته به‌رهه‌مێکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و هونه‌رمه‌نده، هه‌رچه‌نده که خودی ڕه‌نگه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی هاوبه‌شی زانستی دروستکراون.
بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له چه‌مکی هونه‌ر پێویسته په‌نا بۆ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (ئیمانوێل کانت) Emmanuel Kant (1724-1804) ببه‌ین، کانت هونه‌ر به ته‌واوه‌تی به بوونی مرۆڤه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، چونکه هونه‌ر په‌یوه‌سته به ئاگامه‌ندی و ویستی ئازاده‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نها له بوونی مرۆڤدا هه‌یه. کانت ده‌ڵێ هونه‌ر به ته‌واوه‌تی جیایه له زانست، چونکه زانست کار له‌سه‌ر تاقیکردنه‌وه و سه‌لماندن و سه‌پاندن ده‌کات، به‌ڵام هونه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یره‌وی له‌مانه ناکات. زانست ملکه‌چبوونی یاسایه، به‌ڵام هونه‌ر داهێنانی یاسایه، زانست ملکه‌چبوونه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆت، به‌ڵام هونه‌ر ملکه‌چبوونه بۆ ناوه‌وه‌ی خۆت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش هونه‌رمه‌ند له به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌که‌یدا ملکه‌چی هیچ یاسایه‌کی ده‌ره‌کی و له پێشتر دامه‌زراو ناکات، به‌ڵکو خۆی یاسا داده‌هێنێت، ئه‌م داهێنانی یاسایه‌ش واته سه‌ربه‌ستی و ڕه‌سه‌نایه‌تی، هه‌ر به‌رهه‌مێکیش زاده‌ی ئیراده‌ی سه‌ربه‌ستی و ڕه‌سه‌نایه‌تی بوو ئه‌مه داهێنانه نه‌ک لاسایکردنه‌وه و په‌یره‌وکردن له ئه‌ویتر، به‌مه‌ش به‌رهه‌مه‌که‌ت ده‌بێته شتێکی نموونه‌یی و نوێ و مۆرکی ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆتی پێوه ده‌بێت.
بۆ ئه‌م ڕه‌سه‌نایه‌تیه خودیه‌ش ده‌توانین بنچینه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی بدۆزینه‌وه له سێکوچکه‌ی دیاله‌کتیکی “هیگڵ”دا Hegel (1770-1831) که بریتیه له تێز و دژه تێز و سه‌نتێز. هیگڵ له دیاله‌کتیکدا باس له “بوون له نێوخۆ” و “بوون له ئه‌ویتردا” و “بوون بۆ خۆ” ده‌کات. “بوون له نێوخۆ” تێزه، “بوون له ئه‌ویتردا” دژه تێزه، “بوون بۆ خۆ” که تێکهه‌ڵکێشی هه‌ردووکیانه سه‌نتێزه. سه‌ره‌تا بوون له‌نێو خۆیدایه پاشان له خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به ئه‌ویتر، واته ده‌بێته بوون له ئه‌ویتردا، به‌و مانایه‌ی ئه‌ویتر بوونه خۆییه‌که داگیرده‌کات و سه‌ربه‌ستیه‌که‌ی سنووردار ده‌کات، به‌مه‌ش بوون له‌نێوخۆ تووشی نامۆیی ده‌بێت کاتێک بوونی له‌نێو ئه‌ویتردا داگیرده‌کرێت، بۆیه هه‌وڵده‌دات خۆی له سنوورداریه‌تی ئه‌ویتر رزگاربکات و جارێکی‌تر بۆ خۆی بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش بۆ خۆیه بریتیه له بوون بۆ خۆ. هیگڵ وا پێناسه‌ی ئه‌و بوون بۆ خۆیه ده‌کات ده‌ڵێ “ئێمه به شتێک ده‌ڵێین بۆ خۆ، که ئه‌ویتر تێپه‌ڕبکات، بوون بۆخۆ له‌وه پێکدێت، له تێپه‌ڕکردنی سنوورداریه‌تی ئه‌ویدی، که لایه‌نی نێگه‌تیڤیه‌تی، بۆ نێو خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه”واته بوون بۆ خۆ، ئه‌و بوونه‌یه که خۆی له سنورداریه‌تی و داگیرکاری ئه‌ویتر رزگارکردووه و بۆ نێو خودی خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، جارێکتر هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ره‌سه‌نایه‌تی خۆی ده‌دات.
هه‌رچه‌نده بوون له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا بوونێکی نامادییه واته بیرۆکه‌یه‌کی ڕه‌وانه، به‌ڵام مارتن هایدگه‌رMartin Heidegger (1889-1976) ئه‌م بوونه په‌یوه‌ست ده‌کات به بوونی مرۆڤه‌وه وه‌ک خود له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر، ئه‌ویش کاتێک باسی بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر و بوون له‌گه‌ڵ خۆ ده‌کات. بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر بریتیه له داگیرکردنی خۆ، کاتێک مرۆڤ بوونی ده‌که‌وێته ده‌ست ئه‌وانیتر ئه‌وا ئه‌وانیتر بوونه‌که‌ی هه‌ڵده‌سووڕێنن به ئاره‌زووی خۆیان و ئاراسته‌ی ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ره‌کانی ژیانی دیاری ده‌که‌ن و تا وایلێدێت له‌ناو ئه‌وانیتردا ده‌توێته‌وه و ده‌بێتە به‌شێک له ئه‌وان، به‌مه‌ش مرۆڤ لێره‌دا ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی له ده‌ستده‌دات و بوونێکی ناڕه‌سه‌نی ده‌بێت. لێره‌دا هایدگه‌ر جیاوازی ده‌کات له نێوان بوونی ڕه‌سه‌ن و بوونی ناره‌سه‌ن؛ بوونی ڕه‌سه‌ن ئه‌و بوونه‌یه که خۆی جیهان ده‌دۆزێته‌وه و خۆی خۆی ئاراسته ده‌کات و ناهێڵێت ئه‌وانیتر بوونی داگیربکه‌ن و ببێت به به‌شێک له ئه‌وانیتر. ئیتر خۆی ئه‌گه‌ره‌کانی ژیانی خۆی دیاریده‌کات و خۆی باشه و خراپه و رێسا و یاساکانی خۆی دیاریده‌کات به شێوه‌یه‌کی ته‌واو سه‌ربه‌ستانه و ڕه‌سه‌نایه‌تی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه ئه‌م ڕوانینه فه‌لسه‌فیانه که بایه‌خ به ڕه‌سه‌نایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خو و سه‌ربه‌ستی خودی و هاوکات رزگاربوون له داگیرکاری ئه‌وانیتر و توانه‌وه له ئه‌وانیتردا ده‌ده‌ن، به‌هه‌مان شێوه له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ ده‌بێت. به‌و مانایه‌ی نه‌ته‌وه‌کانیش ده‌بێت بۆ خودی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه و له هێرشی داگیرکاری ئایدۆلۆژی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووری ئه‌وانیتر خۆیان ده‌ربازبکه‌ن بتوانن له‌سه‌ر بنه‌مای سرووشت و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان سیسته‌مێکی سیاسی تایبه‌ت به خودی خۆیان بهێننه کایه‌وه که له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیه مێژووی و جوگرافی و ژینگه‌ییه‌که‌یان گونجاو بێت، نه‌وه‌ک سیسته‌مێکی ژینگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازبێنن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیان بسه‌پێنن و تیایدا نامۆبن و له‌گه‌ڵیدا نه‌گونجێن. هه‌روه‌ک (مۆنتیسکۆ) Montesquieu (1689-1755) که یه‌کێکه له یه‌که‌مینه‌کان و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌نترۆپۆلۆجیای سیاسه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌مه‌جۆری کۆمه‌ڵگاکانی مرۆییی ده‌کرده‌وه پێیوابوو ده‌بێت یاساکان له‌گه‌ڵ سرووشتی حکومه‌ته‌کان و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی که حکومه‌ته‌کان تێیدا داده‌مەزرێن گونجاوبێت جا چ یاسا سیاسیه‌کان بن یاخود یاسا مه‌ده‌نیه‌کان بن. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه که یاساکان پێویسته گونجاوبن له‌گه‌ڵ بارودۆخی سروشتی وڵات و ئاوهه‌وا و ساردی و گه‌رمی و مێژوو و ئایین و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگاکان و پیشه‌ی خه‌ڵکی و ژماره‌ی دانشتوان و سه‌رچاوه‌ی داهات… هتد.
هه‌روه‌ها (گوستاڤ لۆبۆن) Gustave Le Bon (1841- 1931) له‌م باره‌یه‌وه بۆچوونێکی زۆر تووندی هه‌یه و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی ڕۆحیه‌ت و سه‌لیقه و په‌یکه‌ر و پێکهاته‌ی هزری تایبه‌ت به خودی خۆیه‌تی. هه‌روه‌ها یاساکان و پێکهاته و په‌یکه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ڵقوڵاوی هه‌ست و هزری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و رۆحیه‌ته بۆماوه‌ییه‌کانه؛ که‌وایه به شێوه‌یه‌کی سرووشتی سیسته‌می ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک تایبه‌ته به خودی خۆیان و ناکرێت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر بگوازرێته‌وه که ڕۆحیه‌ت و دۆخه ده‌روونیه‌کان و په‌یکه‌ری هزری و تایبه‌تمه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان ته‌واو جیاوازه له نه‌ته‌وه‌که‌ی تر. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، هیچ یاسا و سیسته‌م و ده‌ستوور و حکومه‌تێک، ته‌نانه‌ت دیکتاتۆریش بێت، ناتوانێ لایه‌نه سرووشتی و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ڕێشه‌وه بگۆڕێت، یاخود بۆیان دروست بکات که له بنه‌ره‌تدا نیانه. پێشیوایه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیش ملکه‌چی لایه‌نه سرووشتی و خۆرسکه‌کان و په‌یکه‌ری هزری و رۆحی و ده‌روونی خۆیه‌تی و ناتوانێ له‌و تایبه‌تمه‌ندیه ڕۆحی و ئه‌قڵیانه‌ی خۆی ڕابکات و لێی ده‌ربازبێت، خۆ ئه‌گه‌ر لێشی ڕابکات ئه‌وا کاتییه و هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕێچکه سرووشتیه‌که‌ی خۆی. له هه‌مان کاتدا هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر پێمان وابێت جۆر و شێواز و نۆرمی حکومه‌ته‌کان و یاسا دانراوه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕینی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ئاراسته‌کردنی چاره‌نووسیان هه‌یه، به‌ڵکو چاره‌نووسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له نێو خودی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه حه‌شاردراوه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش شتێکی ناکرده‌ییه که هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دونیا په‌یره‌وی له یه‌ک جۆر نۆرم و ڕژێم و سیسته‌م بکه‌ن، له ڕووی مێژوویشه‌وه هیچ ئه‌زموونێکی وا نه سه‌لمێندراوه. بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌بێت هه‌ر میلله‌تێک به گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندیه کو‌لتووری و نه‌ته‌وه‌یی و سروستیه‌کانی خۆی هه‌وڵی هێنانه کایه‌ی سیسته‌مێکی سیاسی تایبه‌ت به خودی خۆی بدات و که ره‌نگدانه‌وه‌ی پێداویستیه رۆحی و ماددیه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه بێت.
له سه‌رئه‌نجامدا ده‌توانین بابه‌ته‌که له‌وه‌دا پوخت بکه‌ینه‌وه، زانستیبوونی سیاسیه‌ت ئه‌وه‌یه که بێیت له سرووشتی مرۆڤ و سرووشتی کۆمه‌ڵگای مرۆیی کۆمه‌ڵێک ڕێسا و یاسا و پڕه‌نسیپی هاوبه‌ش بدۆزیته‌وه پاشان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وێنای سیسته‌مێکی سیاسی بێخه‌وش یاخود باشترین سیسته‌می سیاسی بکه‌یت و داوای گشتاندنی بکه‌یت به‌سه‌ر گشت کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کاندا به‌وه‌ی که ده‌توانێت گشت جیاوازیه کو‌لتووری و جوگرافی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان .. هتد تێپه‌ڕبکات. به گوزارشتێکی تر، لایه‌نی زانستیبوونی سیاسه‌ت بۆ هێنایه‌کایه‌ی سیسته‌مێکی سیاسی باش ڕوو و جه‌ختی له‌سه‌ر سرووشتی مرۆڤ و ڕێسا کۆمه‌ڵایه‌تیه جێگیره‌کانه نه‌ک کو‌لتوور و جوگرافیا و تایبه‌تمه‌ندیه ئیتنیکیه‌کان. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه هونه‌ریه‌که‌ی سیاسه‌ته که بۆ هێنایه‌دی گونجاوترین سیسته‌می سیاسی ڕوو و جه‌ختی له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه کو‌لتووری و جوگرافی و ئیتنکی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه، پێیوایه ده‌بێت هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بتوانێت هونه‌رمه‌ندایه بۆخۆی بگه‌ڕێته‌وه و و به‌گوێره‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که هه‌یه‌تی سیسته‌مێکی سیاسی تایبه‌ت به‌خودی خۆی بهێنێته کایه‌وه.