ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو دنیا له لایه‌نی ده‌نگوباسه‌وه جه‌نجاڵتر بوو له پێشووی خۆی، نه‌خوازه ئه‌وه‌ی به ده‌ردانه‌وه‌ی كارای له باری كوردستاندا هه‌یه وه‌ك: سه‌ركه‌وتنی رۆژانه‌ی سوپای ئێراق له به‌ره‌نگارییه‌كه‌ی مووسڵ، هاتنی پێدا پێدای سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێراق و ده‌وروبه‌ری، یان ته‌نگژه دیپلۆماسییه‌كه‌ی نێوان توركیا و وڵاته‌یلی یه‌كه‌تیی ئه‌وروپا، كه روون دیاره ئه‌و یه‌كه‌تییه كه‌وتووه‌ته دڵه‌ڕاوكێ له داهاتووی سیسته‌می سیاسیی ئه‌و وڵاته‌وه نه‌بادا ده‌نگدانی (به‌ڵێ) له ریفراندۆمی شازده‌ی مانگی داهاتوودا، سه‌رۆك ئه‌ردۆگان به ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆرئاسا بگه‌یه‌نێ. به‌ڵام كۆچی یه‌كجاره‌ی كه‌ڵه‌بنووس محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، گشت ئه‌و بابه‌ته‌یله‌ی به من دایه لاوه، هه‌ڵوه‌سته‌ی پێ كردم ئاوڕێكی دواوه بده‌مه‌وه. من سه‌ر به وه‌چه‌ی به‌خته‌وه‌رم، وه‌چه‌ی ساڵه‌یلی شێست، ئه‌وانه‌ی كه‌ڵه‌بنووسانی كوردیان رۆژانه له‌گه‌ڵ پێنگاوی به‌ره‌وپێشدا ناسی. ساڵانی حه‌فتای سه‌ته‌ی پێشوو، سه‌رده‌می سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتن بوون له ژیانی كوردیدا هه‌ر له رێككه‌وتنی یازده‌ی ئاداری 1970ه‌وه تا ده‌گات به نسكۆی بزاوی سیاسیی كوردستان (پارتی) له ئاداری 1975 و نسكۆی بزاوی چه‌پی ئێراق (شیوعی) له 1979دا.
محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم له‌و گرێده‌مه‌یه‌دا ناوه گه‌شاوه‌كه‌ی گۆڕه‌پان بوو. به ته‌نیا قه‌ڵه‌مێكه‌وه به‌ره‌نگاری سیسته‌می دیكتاتۆرییانه‌ی به‌عس بووبووه‌وه. رووداوێك بیرم نه‌چووبێته‌وه، ساڵی 1976 واته ساڵێك دوای نسكۆ، به‌عس وای ده‌گه‌یاند بۆ هه‌تا هه‌تایه دۆزی كوردی به‌زاندووه، ده‌یویست ناوی كوردستانیش به یه‌كجاری بسڕێته‌وه و به (ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی) شوێنه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه. محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم به وتارێك به ناونیشانی (خه‌ته‌نه، به‌ڵام نه‌ك له بنا بیبڕی) له حه‌وتووانه‌ی (بیری نوێ)دا به روویاندا هاته‌وه. نووسیبووی: “وای لێ هاتووه ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی به كاڵی و به كوڵاوی شوێنی ناوی كوردستان بگرێته‌وه به راده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بپرسن شه‌ڕی دارا و ئه‌سكه‌نده‌ر له كوێ رووی داوه؟ بڵێین له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیدا”. تاریق عه‌زیز ئه‌و ده‌مه وه‌زیری راگه‌یاندنی ئێراق بوو. بیروه‌هێنانێكی دا به‌و حه‌وتووانه‌یه و وتبووی ده‌بێ له لاپه‌ڕه‌ی به‌رگیشدا بڵاوی بكه‌نه‌وه. دیار بوو به‌و نووسینه‌ی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم هار بووبوون. ت. عه‌زیز وتبووی له‌مه‌ولا هه‌ر نووسینێك به كوردی له‌م به‌ڵاوۆكه‌دا بوه‌شێ ده‌بێ له به‌شه عه‌ره‌بییه‌كه‌یدا وه‌رگێڕانه‌كه‌ی هه‌بێ.
هه‌ر له باره‌ی (بیری نوێ: الفكر الجدید)ه‌وه ئه‌م رووداوه‌ش ده‌گێڕمه‌وه: بنووسێكی ئێراقی به ناوی یووسف ئه‌لسائیغ، وا بزانم كاورایه‌كی مووسڵی بوو، له دوالاپه‌ڕه‌ی به‌شه عه‌ره‌بییه‌كه‌دا به ده‌سخه‌تی خۆی هه‌موو حه‌وتوو به درێژای ساڵان وتارێكی ده‌نووسێ. له هه‌ره‌سه‌كه‌ی ساڵی 79دا ئه‌ویش رما و بوو به نۆكه‌ر. ساڵه‌یلی هه‌شتا هه‌موو حه‌وتووێك وتارێكی هیچوپووچی له (ئه‌لیفبادا) بڵاوده‌كرده‌وه. ساڵی 89 یان 90 جارێك له‌و جاره‌یله‌ی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمم له به‌غدا بینی، وتی له‌و رۆژانه له كۆڕێكدا كه‌وتمه ته‌نیشت یووسف ئه‌لسائیغه‌وه. وتی ئاوڕی دایه‌وه و سڵاوی لێ كردم، پاشان پرسیاری كورد: “ئوستاد محه‌مه‌د ره‌ئیت به منی ئێستا چییه؟ وتی: منیش وتم ره‌ئیم به تۆی ئێستا وه‌ك ره‌ئیی پێش بیست ساڵی خۆته به كه‌سێكی وه‌ك ئێستای خۆت”. ره‌نگه ئه‌م رووداوه‌یله بۆ وه‌چه‌ی ئێستای كوردستان هه‌ستێك نه‌ورووژێنن له‌به‌رئه‌وه‌ی له دڕندایه‌تیی به‌عسدا نه‌ژیاون. له شه‌ڕی ئێراق ئێران‌دا 1980-88 هه‌موو به‌رشه‌وێك راگه‌یاندێكی سه‌ربازییانه له سوپای ئێراقه‌وه له باره‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و رۆژه ده‌رده‌چوو. راگه‌یاندنه‌كه زیاتر پشتی به ره‌وانوێژیی زوان ده‌به‌ست له به‌رئه‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ هه‌مووی دۆڕان و داڕمان بوو. ئه‌وان ده‌یانویست به‌و ره‌وانوێژی و وشه‌كارییه تێشكان بشارنه‌وه. له حه‌وتووانه‌ی ئه‌لیفبادا، محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم هاتبوو وتارێكی له باره‌ی چه‌ندان هه‌ڵه‌ی زوانه‌كیی ئه‌و راگه‌یاندنه هه‌موو رۆژه‌كییه‌وه نووسیبوو. ئه‌وه‌ش هه‌ر جۆرێك بوو له یاری به ئاور راستیت ده‌وێ.
من له ساڵی 1985ه‌وه محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمم ناسی و بۆ یه‌ك جاریش هه‌ستم نه‌كرد له ژیانیدا له مه‌ترسی پرینگابێته‌وه. من له كاری رۆشنبیری‌دا ته‌نیا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمم به مامۆستا زانی و به هه‌ستی كانگه‌ی دڵیشه‌وه به مامۆستا با‌نگم كرد. ئه‌و له ساڵه‌یلی حه‌فتا و هه‌شتادا چاودێریی چاپی سه‌تان كتێب و كۆوار و حه‌وتووانه‌ی كوردیی له به‌غدا گرته ئه‌ستۆ، له هه‌مووشیدا به رێنووس و زواندا چووه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ناوی خۆی دابنێ مه‌گه‌ر زۆر پێویست بووبێ. له تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌زگای ئاراسدا منیش ئه‌و رێبازه‌م گرته به‌ر. له بنه‌تای هه‌شتایه‌ل و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌یلدا له‌گه‌ڵ گوشاد حه‌مه‌سه‌عید له ماڵی مامۆستا حه‌مه‌دا له به‌غدا چه‌ند جارێك یه‌كترمان ده‌گرته‌وه. وا ده‌بوو خۆی ده‌هات به دوامدا له هۆتێل و راپێچی ماڵی خۆی ده‌كردم. تازه ژنی هێنابوو، گه‌شابووه‌وه نۆبه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵگری ناوی بیاره‌یه. شانازیی به هه‌ورامانی زێدی منداڵییه‌وه ده‌كرد هه‌رچه‌نده مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسی باوكی له سه‌رده‌مێكی زوودا له قه‌ڵادزه‌وه هه‌واری گواستبووه‌وه ئه‌وێ. مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم جگه له‌وه‌ی بنووسێكی ناوداری كورد بوو، هه‌روه‌ها بنه‌وانه (مه‌رجه‌ع)ێكی ئاینیی گه‌وره بوو نه‌ك هه‌ر بۆ كوردستان بگره بۆ ئێراقیش.
به‌م دوایییانه جارێك له مامۆستا حه‌مه‌م پرسی: ئه‌رێ مامۆستای باوكت له‌و پله ئاینییه‌دا و ئێوه‌ش به‌م هه‌موو چه‌پایه‌تییه‌وه چۆن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا گونجابوون؟ وتی جاروبارێكی كه‌م بووه باوكم سووكه گله یان سكاڵایه‌كی له باره‌ی نووسینێكی منه‌وه هه‌بێ. وتی ئه‌و سووكه گله و سكاڵایه‌شی لابه‌لا پێ ده‌وتم. راسته، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی مرۆڤییانه‌ن، بیروباوه‌ڕییان هه‌رچییه‌ك بێت، دواجار هه‌ست به رێككه‌وتنی نێوانی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ش، كه جیاوازیی بیروباوه‌ڕ ده‌كه‌ن به ماكه‌ی ململانه و له سۆنگه‌ی ئه‌م ململانه‌یه‌وه ناتوانن پێنگاوێك بچنه پێش، ئه‌وانه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌ركێكی گشتییان لا نه‌بووه تا ته‌كانی بۆ بده‌ن. محه‌مه‌د مه‌لا كه‌ریم له وتنی دیما و بۆچوونی خۆی له: دیرۆك، تۆره (ئه‌ده‌ب)، زوان، رێنووس، سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تیدا سڵی له كه‌س و له هیچ نه‌ده‌كرده‌وه. له ماوه‌ی شێست ساڵی رابردوودا چه‌ندان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كرد، له زۆریاندا گۆی گره‌وه‌ی برده‌وه له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی له هه‌ردوو كولتووری ئاینی و سه‌رده‌میدا تۆقه‌ڵان بوو. له بنه‌تای ئه‌م وتاره‌دا، به سه‌رهاتێكی منداڵیی خۆم ده‌گێڕمه‌وه: كه‌ی جاری یه‌كه‌م محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمم ناسی؟ ساڵی 1971 تازه چووبوومه به‌ر خوێندن. له‌وانه‌یه پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی بووبم. لاوێكی گونده‌كه‌ی ئێمه له شار ده‌یخوێند، بۆ پشووی نیوه‌ساڵ گه‌ڕابووه‌وه. رۆژێكی سه‌رما و سۆڵه بوو، لاوه‌كه‌ی گوند دوێنێ شێوان هاتبووه‌وه و به‌م به‌یانییه‌وه بووبووه‌وه به شوان. ئێمه‌ی منداڵ رامان كرده لای، ئه‌و له‌گه‌ڵ گۆپاڵه‌كه‌یدا كتێبێكیشی به ده‌سته‌وه بوو. منداڵ كتێبه‌كه‌مان له ده‌ستی راپسكاند: (لینینی مه‌زن، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم).