“به‌رایی”
14ی مانگی مارس، ڕۆژی له‌دایکبوونی که‌سایه‌تییه‌که که بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ڕۆڵێکی گه‌وره و کاریگه‌ری له مێژووی کوردستان چ له سه‌رده‌می ژیان و خه‌باتی خۆی و چ پاش خۆی گیڕا، ئه‌گه‌رچی سه‌رئه‌نجامی شۆڕشه‌که‌ی له پراکتیکدا وا نه‌بوو که خۆی و زۆر که‌سی دیکه‌ش پێشبینییان ده‌کرد، به‌ڵام دواجار ڕیبه‌رایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوول له لایه‌ن ئه‌وه‌وه ده‌ورێکی مێژوویی له یه‌کخستنی ماڵی کورد و سه‌لماندنی ئیراده و هێزی سیاسیی و خواستی سیاسیی کورد بووه. له دۆخی ئێسته‌ی کوردستاندا به‌هۆی ده‌یان کێشه و فاکته‌ری نوێ هاوکێشه‌کان له ئاستی ئه‌و چه‌مکانه‌ی که له شۆڕشی ئه‌یلوولدا کۆڵه‌که و پێوه‌ر بوون ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین گۆڕانیان به‌سه‌ر هاتووه، ده‌کرێت بڵێین خه‌ریکه له ناو جه‌ماوه‌ر و یادگه‌ی گشتیدا چاکسازیی تێدا ده‌کرێت یان له ئاستێکی دیکه و به ڕوانینێکی گه‌شبینانه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و پێوه‌ر و چه‌مکانه به ئاسانی له دۆخ و هاوکێشه‌ی ئێستادا ناخوێنرێنه‌وه و به لقی داری ئێسته‌دا به‌بێ دڵه‌ڕاوکێ و ته‌زووپێداهاتن موتوربه و پێوه‌ن ناکرێن! ئه‌مه‌ش هۆکاری زۆر و زه‌به‌ندی هه‌یه که جیا له‌و هۆکاره ده‌ره‌کییانه‌ی هه‌میشه دێینه‌وه سه‌ریان هۆکاره ناوخۆییه‌کان له‌م گۆڕان یان چاکسازییه نه‌رێنیه‌دا ده‌وری خۆیان هه‌یه، یه‌کنه‌گرتوویی ناوخۆیی، نه‌بوونی یه‌ک گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ندین گوتاری حیزبی، نه‌بوونی ڕوانگه‌ی نیشتیمانیی ڕاسته‌قینه و خوێندنه‌وه مێژوو به‌و ڕوانگه‌یه‌وه، گیرخواردن له بازنه‌ی پێکهاتی بچووک و وردی وه‌کوو حیزب، خێڵ، عه‌شیره و پێهه‌ڵنه‌گرتن بۆ بازنه و پێکهاتی گه‌وره‌تر به ناوی نه‌ته‌وه.
دیاره ئێمه ده‌توانین ڕیزێک هۆکار و خاڵی کاریگه‌ر و نه‌رێنی بۆ ئه‌م به‌دگۆڕانه بنووسین به‌ڵام هه‌مدیس حاشا له‌و ڕاستییه ناکرێت که مه‌لا مسته‌فا ڕیبه‌رێکی دیرۆکی و مێژووساز بووه، با میراسی مه‌عنه‌وی و سیاسیشی وه‌کوو خۆی جێبه‌جێ نه‌بووبێت، ئه‌مه له گرنگی ڕۆڵی ئه‌و و ئیراده و جیهانبینیی ئه‌و بۆ کورد و کێشه‌ی کورد که‌م ناکاته‌وه. له پاڵ ئه‌م کێشه و ململانێ ناوخۆییانه‌دا پێناسه و خوێندنه‌وه‌یه‌ک که ئه‌وانیدا بۆ “مه‌لا مسته‌فا” و شۆڕشه‌که‌ی هه‌یانه سه‌رنجڕاکێشه و ده‌شێت هه‌ڵگری وانه‌ی جیاواز بێت بۆ ئێمه به مه‌رجێک دوور له دوالیزمی حیزبی یان هه‌ر دوالیزمێکی سیاسی و پێکهاته‌یی چاوی لێبکه‌ین، تاکوو هه‌م لایه‌نه دره‌وشاوه‌کانی ئه‌م که‌سایه‌تییه گه‌وره سیاسی و مه‌عنه‌وییه ببینین و هه‌م خاڵه لاوازه‌کانیش بخوینینه‌وه، به‌ر له هه‌ر شتێکیش ده‌بێت ئه‌مه بزانین که “مه‌لا مسته‌فا بارزانی” مرۆڤ بووه و هه‌ڵگری هه‌ڵه و ڕاستییه‌کان پێکه‌وه بووه، و ده‌بێت له‌م ڕوانگه‌یه‌وه مێژووی ده‌رکه‌وتن و ئاوابوونی هه‌ڵسه‌نگێنرێت ئه‌گینا ده‌مارگرژی و داخرانی گفتوگۆ و هاوکات هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی زیاتری ماڵی کورد تاکه ئه‌نجامێکه که چاوه‌ڕوانی هه‌موومان ده‌کات. لێره‌دا ئاوڕێک له مێژووی ده‌رکه‌وتنی ئه‌م که‌سایه‌تییه و خوێندنه‌وه و په‌رچه‌کرداری غه‌یره کورده‌کان له بارزانی و شۆڕشی ئه‌یلوول و کورد ده‌ده‌مه‌وه.
“ده‌رکه‌وتن و دره‌وشانه‌وه‌ی بارزانی”
“مەلا مستەفا بارزانی”، ڕێبەری ئەفسانەیی کوردستان، لە دووەمین دەیەی سەدەی بیستەم هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و ئەوەندەی نەخایاند کە ناوبانگی، سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە ئاسمانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەرکەوت. ئەو، یەکێک لە ڕێبەرە ناودارەکانی کوردستان بووە کە کارنامەی ژیانی پڕشانازیترین سەردەمەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی لەخۆدا تۆمار کردووە. بارزانی لە پێگەی ڕێبەرێکی کاریزمایی لە سەدەیەکی پڕگێژاو و تۆفاندا بزووتنەوەی کوردستانی ڕێبەرایەتی کرد و لە قۆناغە چارەنووسسازە مێژووییەکاندا، بەپشت بەستن بە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە و کەڵکوەرگرتن لە ئەقڵییەتی سیاسی، ڕەوت و ڕەوگەی خەبات و شۆڕشی ئەندازیاری کرد و ئازارەکانی نەتەوەکەی به جیهانی کردەوە.
ژیانی ئەم قارەمانە نەتەوەییە، لەهەمان سەردەمی منداڵییەوە، وەکوو ژیانی نەتەوەکەی لێوان‌لێو بوو لە هەوراز و نشێوی زۆر؛ لە تەمەنی سێ ساڵیدا و لەگەڵ دایکی کەوتە زیندانی مووسڵ؛ لە 18 ساڵیدا بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولقادری نەهری، لە ڕێبەرانی سیاسی کورد، ڕا‌سپێردرا تاکوو بەرەو تورکیا سەفەر کات. لە تەمەنی 19 ساڵیدا بەمەبەستی پشتگیری لە شێخ مەحموودی حەفید(نەمر)؛ سەرۆکی حکوومەتی کوردستان؛ هێزەکانی خۆی بەرەو سلێمانی جووڵاند. ساڵێک دواتر، بارزانی ئیتر فەرماندەیەکی بیست ساڵان بوو کە بۆ ڕزگارکردنی “ئەندریک پاشا” لە چنگی هێزەکانی تورک چوو بەهانای ئەرمەنییەکانی تورکیاوە. پاش حەوت ساڵ دوورخرانەوە لە بەغداد و سلێمانی، لە ساڵی 1945 سەرکردەیەکی 41 ساڵە و خۆگرتوو بوو کە لەگەڵ چەند هەزار پێشمەرگە لە بارزانەوە بەرەو مەهاباد ڕۆیشت و هاوڕێ لەگەڵ قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی کوردستانی بە پلەی ژەنه‌ڕاڵی سەرکردایەتی کرد.
ساڵی 1947 واتە تەمەنی چل و سێ ساڵی ئه‌و هاوکات بوو لەگەڵ ڕێپێوانە ناودارە مێژووییەکەی کە مەهابادی خوێناوی له‌گه‌ڵ کەنارەکانی رووباری ئەرەسەوە پێکه‌وه گرێدا، ئەمەش لە دەستەویەخەبوونێکی پارتیزانی و ناهاوسان لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئێران، ئێراق و تورکیا کە دەرئەنجامەکەی بوو بە پەنابەرییەک بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە وڵاتی یەکێتی سۆڤییەت. لە گەڕانەوەی بۆ کوردستاندا ڕێبەرایەتی و خەباتەکەی بە سەرکردایەتی مەزنترین بزووتنەوەی کوردستان کامڵ کرد و ناوی لە مێژوودا وەکوو ڕێبەرێکی ئایدیالیست و ڕزگاریخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا مایەوە. بەبڕوای شیکارانی پرسەکانی کوردستان، ئەگەر خەبات، تێکۆشان و ڕێبەرایەتی حەکیمانەی ئەم پیاوە کەموێنەیە لەمێژووی کوردستاندا نەبایە، ڕەنگە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەمڕۆ ڕەوت و روخسارێکیتری هەبایە و مێژووی ئەم بزووتنەوەیەش بەشێوازێکی دیکە دەشکایەوە. ڕوانگە و هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی کەسایەتی ئەم پیاوە، شایه‌تێکن لە سەر کارئەکتەری ئەفسانەیی و پێگەی بێ هاوتای ئەو لە بزووتنەوەی کوردستاندا. ئەو ڕستانەی کە قازی محەمەد؛ سەرۆک کۆماری کوردستان لە دادگای سەربازیی له زستانی ساڵی 1946 لە مەهاباد لە بەردەم بەڕێوەبەرانی دادگای سەربازیدا بەهاوارەوە دەریبڕی، ئاوێنەیەکی باڵانوێنن بۆ نواندنەوەی کەسایەتی بارزانی:-
“مەلا مستەفا بارزانی هێمای جوامێری، کەرامەت، شەرافەت، بوێرییەکی لەشکست نەهاتوو و بەخشندەییە. ئەو وەکوو موسوڵمانانی سەدری ئیسلام پاک و بێگەرد و ڕاستگۆیە، هەروەها کە سەعدی دەفه‌رموێ: کۆی ئەو شتە باشانەی کە هەموو چاکەکان هەیانە ئەو بەتەنیا هەیەتی…چون مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چرای گەشاوەی سبەینێی نەتەوەی کوردن و منیش ئاڵای کوردستانم بەوان سپاردووە، هیوادارم ئاڵای نەتەوەکەی من ڕۆژێک لەسەر ئەم ماڵە و هەموو کوردستان بشەکێتەوە”.
بێ هۆ نییه که هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، دوکتۆر ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان؛ که‌سایه‌تی ناسراو و خاوه‌ن ئیمتیازی حه‌وته‌نامه‌ی “کوهستان-کوێستان” له تاران، له‌ساڵی 1946 له بڵاڤۆکە‌که‌یدا بەم شێوەیە ڕێبه‌رە گەنجەکەی کوردستان به خه‌ڵکی ئێران ده‌ناسێنێ: “مه‌لا مسته‌فا، پیاوێکی ڕووناکبیره که زمانه‌کانی کوردی، عه‌ره‌بی و فارسی به باشی ده‌زانێ و تا ڕادەیەکیش شاره‌زای زمانی ئینگلیزی و تورکییه. کەسایەتییه‌کی دروستکار و قسە لەڕووە و بڕوایه‌کی قایمی به نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌یه. پیاوێکی تێگەیشتوو و خاوەن لۆژیکە و بەنیسبەت ئەو کێشە و گرفتانەی کە دادێت هەوڵدەدات هەتا ئەو شوێنەی بلوێت ڕێگەی ئاشتیانە و عاقڵانە بگرێتە بەر”.
“سه‌فه‌ر قاره‌مانیان” خه‌باتکاری چه‌پخوازی ئازه‌ربایجانی و کۆنترین زیندانیی سیاسیی سه‌رده‌می حکوومەتی په‌هله‌وی له ئێران، له وتووێژ لەگه‌ڵ عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان، هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ ژەنه‌ڕاڵ بارزانی له ساڵی 1946 به‌م شێوه‌یه باسده‌کات: “مه‌لا مسته‌فا لەنوێژ خوێندندا زۆر قایم و تاقەتدار بوو. ڕۆژێک له گوندی مێرگەوەڕ کەوتینە بۆسەی دوژمنەوە. مه‌لا مسته‌فایان ئاگا‌دار کرده‌وه که گه‌مارۆ دراوین و سه‌ربازەکان ئابڵۆقه‌ی گونده‌که‌یان داوه. مه‌لا مسته‌فا خه‌ریکی نوێژخوێندن بوو. هه‌ر چه‌نده داوایان لێکرد نوێژه‌که‌ی ببڕی تا بتوانێ هه‌ڵبێ یا خود به‌شه‌ڕ بێ، بایه‌خێکی نه‌دا، تا به ته‌واوی له نوێژه‌که‌ی بووه‌وه. ئێمه‌ش زۆر ترسابووین. له‌سه‌ر ئه‌سپه‌کانمان چاوه‌ڕێ بووین تا نوێژه‌که‌ی تەواو کات. له ئه‌نجامدا نوێژه‌که‌ی تەواو کرد و ده‌ستی به شه‌ڕ کرد و توانیمان لێیان ده‌ین و گه‌مارۆی سه‌ربازه‌کان بشکێنین و له‌وێ ده‌رباز بین. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که بڵێم مه‌لا مسته‌فا ئاوەها نه‌ترس و خاوەن ئیمان بوو”.
ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فره‌شییان، ئه‌فسه‌رێکی دیکەی ئێرانی، ئه‌ندامی ڕێکخراوی ئه‌فسه‌رانی خۆراسان، کە له ساڵی 1946 وه‌کوو سه‌فه‌ر قاره‌مانییان، هاوڕێی بارزانی بووە. له کتێبه‌که‌ی خۆیدا؛ «ڕاپەڕینی ئه‌فسه‌رانی خۆراسان»، به‌م چه‌شنه مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ خوێنەران باس دەکات و دەنووسێت: “مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی تێگه‌یشتووه، ئەو زمانه‌کانی فارسی، عه‌ره‌بی و کوردی باش ده‌زانێ و به تورکیش قسه ده‌کات. له‌ڕێگەی گوڵستانی سەعدییه‌وه فێری فارسی بووه و هه‌ر بە شێوازی گوڵستانیش قسه ده‌کات. له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و جەماوەره‌که‌ی له‌سه‌ر سفره‌یەک داده‌نیشت و له‌گه‌ڵیان نانی ده‌خوارد، دەڕۆیشت بۆ شەڕ و لەگەڵیشیان لە سەنگەر دەخەوت. تەنها بەس بوو کە سواری ئەسپەکەی ببێ، ئەوکات به بێ سێ‌ودوو پانسه‌د سواری چه‌کدار ده‌که‌وتنه شوێنی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێک بکه‌ن. شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌سه‌ر زه‌وی و هه‌وراز و نشێوه‌کانی هه‌بوو و زۆر به وردی لێکی ده‌دایه‌وه و ئەوکات بڕیاری ده‌دا. هه‌رچه‌نده ئێمه پسپۆڕی کاروباری سه‌ربازی بووین و به شێوازێکی ئاکادیمی ڕاهاتبووین، به‌ڵام له ڕاستیدا پاش لێکدانه‌وه و تاوتوێیه‌کی زۆری نەخشەکان و ڕا و ڕاوێژی زۆر، ئه‌گه‌ر به‌باشی بڕیارمان بدایه، تازه وه‌کوو ئه‌و بڕیارمان ده‌دا”.
بارزانی له ساڵی 1966 له یه‌که‌مین نامه‌ی ڕۆشنگەرانەی خۆی بۆ “ئۆتانت”؛ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به ڕوونی و ڕاشکاوی بڕوای به خه‌باتی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕزگارکردنی گه‌لی کورد له ئازار و مەینەتییە مێژووییه‌کانی دەردەخات و دەنووسێ: “پتر له چوار ساڵه که نیشتمانی ئێمە واتە کوردستانی ئێراق، له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی ڕه‌گه‌زی مه‌ترسیداردا بەرەوڕووە؛ شه‌ڕێکی درێژتر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و چه‌ند مانگێک که‌متر له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی. شه‌ڕێک به‌چه‌کی کاولکه‌ر و کوشندە، که ته‌نیا که‌سانێک ده‌ره‌نجام و بەدواداهاته پڕ له نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تییه‌که‌ی دەبینن که خۆیان جەنگێکی وایان ئەزموون کردبێ. ئه‌و گرفتانه‌ی که گه‌لی کورد تووشی هاتووە، به‌سوێتر و پڕئازارترە له کێشه و ئازارەکانی سه‌رده‌می ڕه‌ش و تاریکی کۆلۆنیالیزم. ئه‌و سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یەی که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراق گرتوویانەتە بەر، بێگومان ئه‌گه‌ر له سیاسه‌تی پووچه‌ڵ و بێده‌ره‌نجامی حکومه‌تی داگیرکه‌ری ڕۆدزیا و ئافریقای باشوور زۆرتر نه‌بێ، که‌متر نییه”.
ئاوا بوو هه‌ڵاتن و داکه‌وتنی خۆرێکی دره‌وشاوه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان که تیشکی ڕێگا ڕۆشنکه‌ره‌که‌ی بۆ هه‌میشه به‌رچاومان ڕوون ده‌کاته‌وه.