زەنگی داڕووخانی هەرێم لێدرا…گورزێكی تر بە هەرێم كەوت… ئابووریی سەربەخۆ كۆتایی هات… هەرێمی كوردستان لە لێواری كەوتن دایە… هەرێم هەڵدەوەشێتەوە…هەرێم نامێنێ… ئەم مانشێتانە بەشێكن لەو شەڕە ڕاگەیاندن و دەروونیانەی بە لێشاو و بە شێوەیەكی مونەزەم، ڕۆژانە لەدژی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بەڕێوە دەچێت. ڕۆژانە زەین و هۆشی خەڵك بە هەواڵی ساختە و گرژ و بێمانا بۆردومان دەكرێن و یاری بە باری دەروونیی كۆمەڵگە دەکرێت. جێگەی هەڵوەستەكردنیشە ئەم شەڕ و ئەم دەنگە شوومانە لە لایەن دوژمن و داگیركارانەوە نایەت بەڵكو لە گەرووی دامودەزگەی ئیعلامی و سۆشیاڵمیدیای ئەو لایەن و حزبە كوردیانەوە دێت كە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن و ملیۆنان دۆلاری لێ سەرفكراوە و هەزاران كادیری بۆ تەیار كراوە.
ڕاستیتان دەوێ هیچ یەك لە نەیارە دەرەكییەكانی هەرێم ئەو جورئەتەیان نەبووە ڕێگە بە خۆیان بدەن، باس لە نەهێشتن و لەناوبردن و ڕووخانی هەرێم بكەن. كەچی ئەوانە بە هەناسەیەكی سارد و بە دڵخۆشییەوە ڕۆژانە مەستی خەونی ڕووخانی هەرێمەکەیانن و وەك موژدەیەك دەیڵێنەوە و دەیڵێنەوە. ئەو تەماح و دڵخۆشییە بۆ (ڕووخاندنی خود)ـە، چاوگەكەی تەنیا ڕقلێبوونەوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد یان پارتی نییە، كردەوەیەكی تەندروستی سیاسی و ڕۆژنامەوانیش نییە و لە زانایی و مەعریفە و ڕۆشنگەرییشەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكوو جۆرێکە لە پەرێشانی و دیاردەیەكی سەدلەسەد دژەكولتوورییە كە دەبێ دیراسە بكرێت و هۆكارەكانی بدۆزرێنەوە و چارەسەر بكرێن.
ئایا تینوویەتی بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات ئەوە دەهێنێت كە تۆ ئامادە بیت یاری بە هەبوو و نەبوو و خاك و سەرزەمین و مێژوو و ئێستا و ئاییندەی وڵاتت بكەی و چەپڵە بۆ داڕووخان لێ بدەی؟ سرووشتیە خەڵك هەبێت حەزی لە دەستەڵات بێت و هەوڵی بۆ بدات و ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنبوونیش ئسووڵی خۆی هەیە. تەنانەت ڕقڵێبوونەوە و دوژمنبوونیش فۆڕمۆڵ و پڕەنسیپ و ڕێوشوێنی خۆی هەیە. لە هیچ كامێك لەم شێوازانەدا شەیدایی بۆ ڕووخان و هەڵوەشانەوە و كەوتنی وڵات بوونی نییە. ئەگەر بەڕاستی خەمخۆری وڵاتن دەبێ باوەڕی پتەویان بە خاك و خەڵك و سەروەریی و هەبوو و نەبووی وڵاتەكەیان هەبێت و هەرگیز ئارەزووی ڕووخان و هەڵوەشانەوە و نەمانی نەکەن.