لەم ڕۆژانەدا، وێنەی تابلۆیەکی بازرگانی شوێنێک سەرنجی ڕاکێشام، نووسرابوو: (بەشەق) زۆر بەلامەوە سەیری بوو! سەرەتا ئەو پرسیارەم لادرووستبوو: باشە بۆ ئەو ناوە، خۆ ناو نەبڕاوە؟ خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە ڕەنگە بەمەست وایان نووسیبێت، زۆر جار لەناونانی شوێنە بازرگانییەکاندا، ناوێک دیاری دەکەن، سەرنج ڕاکێش بێت، بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت زۆر بە خێرای بەنێو خەڵکدا بڵاوببێتەوە، تا ماوەیەکی زۆریش بمێنێتەوە و لەبیر نەچێتەوە، ئەوەش جۆرێکە لە هونەری ڕیکلام و مارکیتین. دواتر چوومەوە سەر وێنەکە و بە وردیی سەیرمکردەوە، بە هەڵە خوێندبوومەوە، نووسرابوو (شەبەق). لە فۆنتی نووسینەکەدا جۆرێک لە خۆشنووسی و داهێنانیان بەکارهێنابوو؛ ئەوەش وایکردبوو بە هەڵە بیخوێنمەوە. وەک دەڵێن: هەموو ڕێگاکان دەچنەوە سەر بانە، منیش دەمەوێت ئەم باسە ببەستمەوە بە کاری چاپەوە.
زۆر جار لەکاتی پيتچنین(تایپ) هەڵە ڕوو دەدات، جاری وایە ئەم هەڵانە وەک چۆن بەسەر تایپێست و هەڵەچن و دیزانەردا تێدەپەڕێت، بەسەر کارمەندی چاپیشدا تێدەپەڕێت، لە ئەنجامی جێگۆڕکێی پیتەکان، وشەکان ماناکانیان دەگۆڕێت، ئەوەش خەسڵەتی زمانە، بۆ نموونە ئەگەر هەندێک وشە وەربگرین و جێگۆڕکێ بە پیتەکانیان بکەین سەرنجی ئەوە بدەن چۆن وەک وشەی (شەبەق – بەشەق) ماناکانیان دەگۆڕێت، کە دەنووسین (شەو) ئەگەر تەنها جێگۆڕکێ بە پیتی (و) بکەین دەبێت بە (وشە) یان سپی دەبێت بە پیس، شەقام دەبێت بە مەقاش… بە سەدان نموونەی تر، دیارە ماناکانیان چەندێک جیاوازە!
زۆرن ئەو چیرۆکانەی باس لە هەڵەی چاپ دەکەن، لە هەموویان بەربڵاوتر، ئەو پرسەنامەیەیە کە ناردوویانە بۆ ڕۆژنامەی ژیان ی پیرەمێرد، ئەویش لەکۆتایی پرسەنامەکەدا دەنووسێت “ئەگەر جێ مابوو” واتە ئەگەر لە لاپەڕەکەدا جێگا مابوو بڵاویبکەنەوە، حەرفچنەکە وەک خۆی هەموو حەرفەکانی نووسینەکەی چنیبوو، لەدوای چاپکردن بەم جۆرەی لێهاتبوو: فڵان کەس کۆچی دوایی کردووە، خوای گەورە بیخاتە بەهەشتەوە ئەگەر جێ مابوو.
ئەم جۆرە هەڵانە بوونەتە نوکتە و وەک بەسەرهات و ڕوداوی خۆش باس دەکرێن، ئێمەش لە ئەزموونی (٢٥) ساڵی کارکردنماندا هەڵەی چاپ بەسەرماندا تێپەڕیووە، لە کاتی خۆیدا سترێس و نیگەرانی کردووین، بەڵام دواتر وەک نوکتە و قسەی خۆش باسی دەکەینەوە، بەڵام هەندێکجار بەهۆی هەڵەی چاپەوە، مانای وشەکان بۆ مانای نەشیاو دەگۆڕێت، خوابکات نووسینەکە هی کەسایەتییەک یاخود لایەنێکی سیاسی و سەرکردەیەک نەبێت، ئیتر هەزار و یەک شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن و دەڵێن: ئەوە بە مەبەست کراوە! یان دەستی لە پشتە! دیارە مەبەستەکە سیاسییە و بۆ شکاندنی کەسەکەیە…
ئەوەی کە تەنها باس ناکرێ و گریمانەی بۆ ناکرێ ئەوەیە، کە ئەمە کاری مرۆڤە، مرۆڤیش گۆشت و خوێنە، ئامێر نییە، دەشێ تایپێست و هەڵەچن و دیزانەر و کارمەندی چاپ، هەڵەیان بەسەریدا تێپەڕێت، دەبێت ئەوە زۆر بەئاسایی وەربگرین، مەبەستم ئەوەنییە ئەگەر کارێک کەم تەرخەمی تیاکرا، ئاسایی بێت، بە پێچەوانەوە، مرۆڤ ئەگەر کارێکی خۆشنەوێت و پەرۆشیی و دڵسۆزیی بۆ نەبێت، نەیکات باشترە، بەڵام کە هەڵەیەک ڕوویدا ئیتر ئەوە کۆتای دنیا نییە! خودی مرۆڤ، لە هەموو کارێک گرنگترە.