سەرەتا مرۆڤ فێری قسەکردن بووە، بۆچوونەکانی بەشێوازی دەنگ و زارەکی دەربڕیووە، پاشان هەوڵیداوە، بە درووستکردنی وێنە و هێما بیرۆکەکانی بنووسێتەوە، دواتر بەرامبەر بە هەر دەنگێک هێمای وشەیەکیان داناوە، واتە بە چەند قۆناغێک نووسین لەدوای ئاخافتنەوە درووست بووە.
لە کاتی نووسیندا، گرنگیدان بە ڕێنووس و بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی بەدرووستی، مانا دەبەخشن بە ڕستەکان؛ یاخود مەبەست و شێوازی گوتنەکە دیاریدەکەن. زۆر جار گرنگی بەم لایەنە گرنگەی نووسین نادرێت و فەرامۆش دەکرێت، لەکاتێکدا بەهۆی گۆڕانکارییەک، یان بەکارنەهێنانی هێمایەک، دەشێ مانای ڕستەکان بگۆڕێت، یاخود بەهۆی هێماکانەوە خوێنەر دەزانێت کام بەشە لە نووسینەکە وەرگیراوە و کام بەشەش ڕای نووسەر یان وەرگێڕەکەیە، جگە لەوەی خاڵبەندی هاوکاری خوێنەر دەکات لە خوێندنەوەی دەقدا، وادەکات بەئاسانی لەمەبەستی نووسەر بگات، ڕازاندنەوە و جوانکارییش دەبەخشێت بە نووسین.
کە هەندێک بابەت دەبینم، هەرچەندە دەق و نووسینی نووسەرێکی ناودار و خاوەن ئەزموون بێت، یاخود خاوەن بڕوانامە و پێگە و ناونیشان و پلەی زاستی بەرز بێت، ڕەچاوی درووست بەکارهێنانی هێماکانی خاڵبەندی نەکردبێت، منیش نووسینەکەی فەرامۆش دەکەم و حەوسەڵەی خوێندنەوەیم نییە، ئەگەر کورتی بکەینەوە سەرجەم ڕێساکانی خاڵبەندی لە سێ تا چوار لاپەڕەی ئەی فۆڕ تێناپەڕێت، نووسەرێک ویستی ئەوەی نەبێت بیخوێنێتەوە و هێماکانی بە درووستی کاربهێنێت، شایستەی ئەوە نییە کات بدەیت بە خوێندنەوەی نووسینەکانی. نیشانەکانی خاڵبەندی دەق لە ڕووی (سینتاکس) و (پراگماتیک) ەوە دابەش دەکەن. هەر دەقێک که خاڵبهندی تێیدا ڕهچاو نهکرابێت، خوێنەر ماندوو دەکات.
لێرەدا، هەوڵ دەدەین بە کورتی هەندێک لە هەڵە زەق و باوەکانی خاڵبەندی بخەینە بەرچاو:
١- بۆر یاخود کۆما (،)
دەبێت بنووسێت بە وشەکەی پێش خۆیەوە و لە گەڵ وشەکەی دوای خۆی بۆشاییەک(سپەیس) هەبێت:
کەرکوک،سلێمانی
کەرکوک ،سلێمانی
کەرکوک ، سلێمانی
هەر سێکیان هەڵەیە، ڕاستەکەی ئەوەیە بۆر بە وشەکەی پێشەوە دەنووسێت، لەگەڵ وشەکەی دوای خۆی بۆشایی (سپەیس)ی هەبێت بەم شێوەیە:
کەرکوک، سلێمانی
سەبارەت بە خاڵ (.) و جووت خاڵ یش بە هەمان شێووەیە.
٢- بۆر (،) لە گەڵ پیتی (و) دا نایەت، کە لە نێوان دوو بەشی ڕستەدا بۆر دانرا، پێویست ناکات (و) بنووسرێت و بەپێچەوانەشەوە. هەندێکجار لە دیوانی شاعیرانی کلاسیکدا دەبینین هەردووکیان واتە (،) (و) یان بە تەنیشت یەکەوە بەکارهێناوە، لە شیعردا بۆ مەبەستی تەواو کاری لە کێش و بڕگەدا ناتوانرێت دەستکاری بکرێت وشە لاببرێت، ڕەنگە ئەوانەی دیوانەکانیان ئامادەکردووە بۆ چاپ، بۆ ئاسانکاری لە خوێندنەوەدا ئەوەیان کردبێت، وەک ئەم نموونەیە:
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری رەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوهەر و، جۆباری عەینی نوور
٣- بەکارهێنانی بۆر(،) جیاوازە لە خاڵ بۆر کۆمای خاڵدار (؛)
بۆر: وەستانێکی کورتە، لە نێوان دوو ڕستەدا، بۆ پشوودانی خوێنەرە، بەتایبەت لە ڕستەی دوور و درێژدا.
یاخود لە نێوان ڕستە تەواو نەکراوەکاندا دێن، واتە لە نێوان شاڕستە و پاڕستە. هەروەها لە پێش وشەکانی (بەڵام، کە، چونکە، یان، لەبەر ئەوەی) هەروەها لە دوای وشەکانی (بەڵێ، نەخێر) و لەبری هەردوو ئامڕازی لێکدەری (و، کە) لە ڕستەی لێکدراودا دێت.
بەڵام خاڵ بۆر یان کۆمای خاڵدار: بۆ جیاکردنەوەی ئەو ڕستانەیە کە لە ڕووی پێکهاتەوە سەربەخۆن، بەڵام لە ڕووی واتاوە پەیوەندییان پێکەوە هەیە، یاخود ڕستەیەکیان پەیوەندی و هۆکاری ڕستەکەی ترە:
ئازاد نەیتوانی ئامادەبێت؛ چونکە کاری هەبوو.
٤- سێ خاڵ (…) بۆ درێژەدانە بە ڕستەکە و بەردەوامییە، ونبوونی هەندێک وشەیە:
کەشێکی ساردە، بەفر دەبارێت…
دەبێت سێ خاڵ (…) وەک خۆی بنووسرێت، نە زیاتر و نە کەمتر، هەندێکجار دەبینین دوو خاڵ(..) دەنووسن یان بە گوێرەی میزاج چوار و پێنج و شەش (……) شتی وا لە خاڵبەندیدا بوونی نییە.
٥- هەندێکجار دوو تا سێ نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان (؟؟) (؟؟؟) (!!) (!!!!) لە کۆتای ڕستەدا دادەنێن. ئەمەش بە هەمان شێوە هەڵەیە، تەنها بەکارهێنانی یەک هێما، ماناکە دەبەخشێت، پێویست بە دوو بارەکردنەوەی هێماکە ناکات.
٦- کەوانەی بچووک ( ) جووت کەوانە (( )) کەوانەی گەورە [ ]
کاتێک کەوانەی بچووک ( ) بەکاردێت، کە هەمان واتای وشەیەک بگەێبێت یاخود نازناوێک بێت: نالی ( مەلا خدر) یاخود بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر بێت بۆ ڕستەکە، یاخود بۆ وشەی بیانی کە بەکارهتبێت لە ڕستەکەدا، یان بۆ ساڵ و بەروار.
بەڵام جووت کەوانە (( )) بۆ وەرگرتنی دەقێک یاخود وتەیەکە لەسەرچاوەیەکەوە، نابێت وتەی ناو جووت کەوانە دەستکاری بکرێت، دەبێت وەک خۆی بنووسرێت، چونکە ئاماژەت بەوە کردووە کە وەرگیراوە، لەسەر ئەو کەسە یاخود سەرچاوەیە کردووتە بەماڵ، یان کاتێک بمانەوێت گرنگییەکی تایبەت بدەین بە ناوێک یان دەستەواژەیەک.
کەوانەی گەورە [ ] بۆ زیادکردنی وتەیەک یان ڕستەیەکە لە نێو دەقەکەدا، کە لە بنەڕەتدا بوونی نییە، لەکاتی وەرگێڕاندا، واتە ئەم بەشەی ناو کەوانە گەورەکە قسە یاخود ڕوونکردنەوەی وەرگێڕەکەیە.
دەبێت وشەی ناو کەوانەکە نووسابێت بە کەوانەکەوە، نابێت بۆشاییان لە بەیندا بێت. هەندێکجار، ئەم سێ جۆرەی کەوانە بەهەڵە لە بری یەکتری بەکاردێن و ڕەچاوی شوێنی بەکارهێنانیان ناکرێت.