“پێشه‌کی”
هه‌شتی مارس ده‌توانێت لانیکه‌م بۆ ئێمه‌ی کورد بۆنه‌یه‌کی باش بێت تاکوو لانیکه‌م بۆ ڕۆژێک یان چه‌ند ڕۆژ فۆکۆسی به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگا به پیاو و ژنه‌وه به ڕاست و ناڕاسته‌وه بۆ بابه‌ته په‌یوه‌سته‌کان به ژن ڕابکێشرێت، له‌سه‌ر مێژوو و و هۆکار و هه‌لومه‌رجه‌کانی ناونانی ئه‌م ڕۆژه زۆر باس کراوه و دووباره‌کردنه‌وه‌ی هیچ به ئێمه نابه‌خشێت، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بکه‌م له پێناوی ڕه‌خنه‌کردنی که‌لتوورێکه که به‌هۆی باڵاده‌ستیی ته‌واو له هه‌موو جومگه‌کان و به‌تایبه‌ت ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتدا ژن وه‌کوو کائینێکی خاوه‌ن که‌سایه‌تی و شوناسی سه‌ربه‌خۆ نابینێت و زۆرتر و زیاتر له سۆنگه‌ی جه‌سته و له‌ش و لارییه‌وه ده‌یبینێت که ئه‌ویش که‌لتووری پیاوسالارییه، ئه‌گه‌ر وردتری بکه‌مه‌وه ده‌بێت بڵێم نێرسالاری، جیاوازی نێوان پیاوسالاری و نێرسالاری له‌وه دایه که زاراوه‌ی پیاوسالاری گشتیتره له نێرسالاری و زیاتریش پاسه‌وانی ئه‌و به‌هایانه‌یه که په‌یکه‌ره‌ی مه‌عنه‌وی و مانایی گوتاری خۆی واته پیاوسالاری پێک دێنیت که نێرسالاری وه‌کوو ده‌رکه‌وته‌یه‌کی پیاوسالاری یه‌کێک له‌و به‌هایانه‌یه که له زۆربه‌ی زۆری کایه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری و ئه‌ده‌بییه‌کاندا خۆی مانیفێست کردووه نموونه‌ی ئه‌مه ئه‌و هه‌موو گۆرانی و هه‌ڵبه‌ستانه‌یه که به باڵای له‌ش و لاری ژنان و جه‌سته و ماچ و باوه‌شیاندا به‌رهه‌م هاتووه، په‌یوه‌ست به‌مه ده‌توانین بپرسین بۆچی هیچ پیاوێکی ئه‌دیب له‌م که‌لتووره‌دا و به تایبه‌تی له دنیای فولکلۆری ئێمه‌دا هیچ ده‌لاله‌تێکی مانایی نابینرێته‌وه که ژن جگه له جه‌سته ببینێت؟
ئایا ژن له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌و‌اریی مندا هیچ هه‌ست و سۆز و ده‌روونێکی وه‌کوو کائینێکی دووپێی خاوه‌ن ئاوه‌ز نه‌بووه و هه‌ر ده‌بوو له ده‌لاقه‌ی مه‌مک و ڕه‌نگی چاو و لێوی ئاڵییه‌وه ببینرێت؟
پێم وایه ئه‌م پرسیاره ده‌کرێت به شێوازی دیکه‌ش و به زایه‌ڵه‌ی دیکه‌ش دابڕێژرێته‌وه و ده‌سگیرمان ده‌بێت بۆ بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پیاوسالاری و نێرسالارییه‌ی که دنیای ژنانی ته‌نیوه و به‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها ژنان به‌ڵکوو پیاوانیش خه‌سار و زیانی زریان به‌رکه‌وتووه و ده‌که‌وێت، هه‌موو ژنێک ده‌شێت وه‌کوو بیرکه‌ره‌وه‌یه‌ک بۆی جێگه‌ی گرینگی‌پێدان بێت که پیاوێک یان کوڕێک له دوور و نزیک و ناو خێزان و خزم چۆن بیر ده‌کاته‌وه و بیرکردنه‌وه و ته‌عامولی مرۆیی له‌گه‌ڵیدا خه‌رمانی مه‌عریفه‌ی گه‌وره‌تر ده‌کات، ئه‌مه بۆ پیاوانیش هه‌ر ڕاسته به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی پیاوسالاری و نێرسالاری بێت!
ژنانی ئێمه کاتێک دوای ڕاپه‌ڕین ورده‌ورده هاتنه ناو بازاڕ و تۆڕ و رایه‌ڵه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ئیش و کاره‌وه یه‌که‌م هه‌نگاویان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و به‌ده‌ستهێنانی جۆرێک له ده‌سه‌ڵاتی خۆبژێوی تاکه‌که‌سیانه هاویشت به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو جومگه‌کانی کار و بازاڕ له ژێر کۆنترۆڵی پیاوان بووه و هه‌یه ئه‌م هه‌نگاوه به ئاسانی و به بێ پاشقولدان نه‌هاوێشترا و ئێسته‌ش هه‌ر به حه‌واوه ماوه‌ته‌وه و دیاریش نییه له سه‌ر زه‌مینێکی نه‌رم و نیان داده‌نرێت یان هه‌رێمێکی ڕه‌ق و بزمارئاژن چاوه‌ڕوانیه‌تی، من وه‌کوو نموونه ئه‌زموونی خۆم له ئاوه‌ها به‌ریه‌ککه‌وتنێکدا له دووتوێی باسێکم له‌باره‌ی په‌روه‌رده و که‌سایه‌تی و شوناس ده‌خه‌مه ڕوو.
“شوناس و که‌سایه‌تی ژن و چه‌ند پرسیارێک”
شوناسی(Identity) مرۆڤ له سه‌ر بنه‌مای که‌سایه‌تیی(Personality) مرۆڤ بونیات ده‌نرێت و باڵا ده‌کات، واته که‌سایه‌تییه‌کی ته‌ندروست ده‌توانێت به‌ره‌و شوناسێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و زه‌نگینی مرۆیی هه‌نگاوی گه‌وره و دره‌وشاوه هه‌ڵبگرێت، واته که‌سایه‌تیی ناته‌ندروست و تێکچوو ڕه‌نگه هیچ کات به ئاڕاسته‌ی شوناسێکی دره‌وشاوه و باڵادا هه‌نگاو هه‌ڵنه‌هێنیت ئه‌گه‌رچی وه‌کوو مرۆڤ به مانا گشتییه‌که‌ی خاوه‌نی شوناس بێت. هه‌ر بۆیه شوناس چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی فره‌ڕه‌هه‌نده و له زۆربه‌ی زانسته مرۆییه‌کان له‌وانه فه‌لسه‌فه، ده‌روونناسی، کۆمه‌ڵناسی و ئه‌ده‌بدا وه‌کوو چه‌مکی هاوبه‌ش به‌کار ده‌برێت، به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێک له بازنه‌ی په‌روه‌رده و ناو فۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا شکڵ ده‌گرێت، واته کاره‌کته‌ر و که‌سایه‌تیی که له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی خێزان و کۆمه‌ڵگاوه شکڵ ده‌گرێت، ده‌بێت به به‌ردی بناغه‌ی باڵاکردن یان به‌پێچه‌وانه‌وه که‌وتنی شوناس.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دوو جه‌مسه‌ری گرینگ واته ((خێزان)) و ((کۆمه‌ڵگا)) به ڕێڕه‌وی کارئه‌کته‌ر و په‌روه‌رده‌کردنی که‌سایه‌تییه‌وه له دروستبوونی شوناسێکی به‌رز و باڵادا ڕۆڵ ده‌گێڕن. به‌ڵام ده‌بێ هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ش بکه‌ین که خێزان و کۆمه‌ڵگا چین؟ ئایا ئه‌وان ته‌نها ئامێز و لانکه‌یه‌یکی گه‌رم و نه‌رم و ئاماده‌ن و ئێمه به نه‌رمی و بێ گرێ و گۆڵ ڕاده‌هێنن؟ ئایا ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م ئیش ده‌که‌ن؟ به چ کۆمه‌ڵه به‌هایه‌که‌وه ئێمه په‌روه‌رده ده‌که‌ن؟ ئایا ئه‌و به‌هایانه پێشتر بیریان لێ کراوه‌ته‌وه؟ چه‌نده له خزمه‌تی باڵاکردنی شوناسێکی ئازاد و سه‌ربه‌ستدان؟ یان نا کۆمه‌ڵگا و خێزانیش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ستیانه بازنه‌یه‌کی دیاریکراو به‌پێی ته‌قالید و دابونه‌رتیته‌کان بۆ که‌س یان تاک دیاری بکه‌ن و ئه‌وه به بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی هه‌موو شتێک بزانن! یان ڕه‌نگه کۆمه‌ڵگا و خێزان پاراستنی جه‌سته‌یی و به‌خێوکردن وه‌کوو بنه‌ما ببینێت و که‌متر بپه‌رژێته سه‌ر لایه‌نه ده‌رووونی و وجوودییه‌کانی که‌سه‌که.
له ڕاستیدا په‌روه‌رده‌ی منداڵ له ناو سیسته‌می خێزانی و کۆمه‌ڵگادا پێڕه‌وی له کۆمه‌ڵێک به‌های دیاریکراو ده‌کات، و سه‌پاندنی ئه‌و به‌هایانه خۆی ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ سه‌رلێشێوان و بارهاتنی ناته‌ندروستی منداڵ، له کۆمه‌ڵگا ناپێشکه‌وتوو و نه‌ریتییه‌کاندا به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه کۆنه‌کان و به‌ها ئایینییه پیرۆزه‌کان هه‌میشه مافی هه‌ڵبژاردنی ئازاد له که‌سه‌کان وه‌رده‌گرن و ده‌بێت به زه‌مینه و هه‌وێنی یاخیبوونی دواتری که‌سه‌که که ئه‌مه‌ش له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه یان که‌سه‌که به‌پێی هه‌ندێک ڕووداو که دێته به‌رده‌می، ده‌بێت به که‌سێکی توندئاژۆ و تووڕه و تۆڵاز و بانژۆخواز، و ده‌کرێت وه‌کوو نموونه‌یه‌کی ڕه‌مزی باسی ئه‌و مونته‌حیر و خۆته‌قێنانه‌ی ناو داعه‌ش و گرووپه توندڕه‌وه ئسیلامییه‌کان بکه‌ین یان باسی ئه‌و لێدان و کوشتنانه‌ی که له‌سه‌ر شه‌ره‌ف به سه‌ر کچان یان ژناندا دێن.
له حاڵه‌تی دووهه‌میشدا ئه‌گه‌ر هه‌ندێک ورده هه‌لی له‌بار له به‌رده‌م که‌سه‌که بێنه پێشێ و که‌سه‌که تۆزێک زه‌مینه‌ی بیرکردنه‌وه و تێڕامانی تێدا هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانێت له‌و سیسته‌مه به‌هاییانهی خێزان و کۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌کی ئاوه‌زمه‌ندانه تێپه‌ڕێت و به‌ره‌و ئاقاری شوناسێکی به‌رز هه‌نگاو هه‌ڵگرێت ئه‌گه‌رچی پێشی نه‌گات، چون له دواجاردا هیچ شوناسێک ئایدیال و تیپیک نییه و ئێمه به‌رده‌وام له خێوه‌ت و هه‌واری شوناسێکه‌وه به‌ره‌و هه‌وارگه و مه‌ڵبه‌ندی شوناسێکی دیکه ده‌ڕۆین و هه‌ر ناگه‌ینه مه‌قسه‌د و ئه‌مه‌ش ئامانجی وجوود و گه‌شه‌ی مرۆڤه، شوێنپێگرتنی شوناسێکی نه‌مر و نه‌گیراو بۆ ئه‌به‌د، به ئاڕاسته‌ی باڵاکردن و ده‌ره‌وشانه‌وه. ئه‌م پێشه‌کییه پێویست و خێرایه‌م هێنایه‌وه که باسی گرینگیی په‌روه‌رده‌کردن و جومگه‌کانی پراکتیزه‌کردنی په‌روه‌رده و پاشان شکڵ پێدان به که‌سایه‌تی و کارئه‌کته‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م میکانیزمانه‌وه و دواتر ڕۆڵی بناغه‌دانه‌رانه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه و کارئه‌کته‌ریکی ته‌ندروست له ڕه‌وتی شوناسدۆزیی مرۆڤدا. ئه‌م ڕایه‌ڵه پێچڵپڵووچه بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان ڕاسته به‌ڵام بۆ ژنان به دونیابینی و جیهانی تایبه‌تی ژنانه‌ی خۆیانه‌وه زۆر هه‌ستیارتر و جیاوازتر ده‌بێت و پێم وانییه که‌س بتوانێت نکوڵی له‌مه بکات، له کۆمه‌ڵگا پێشنه‌که‌وتووه‌کاندا به زۆری ژنان له به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک هه‌ڕه‌شه‌ن له لایه‌ن سیسته‌می زاڵی پیاوسالاره‌وه، دیاره کاتێک باسی سیسته‌می زاڵی پیاوسالار ده‌که‌ین ته‌نها مه‌به‌ستمان له کۆمه‌ڵێک به‌های پیاوانه‌ی سنوورداری ناو ماڵ و ژیانی هاوسه‌رێتی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تیش نییه به‌ڵکوو یه‌کێک له جومگه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی بازاڕ و سیسته‌می ئابوورییه که له ناو چوارچێوه‌ی کاپیتالیزم و بازاڕی ئازادی ئابووریدا خۆی ده‌بینێته‌وه. له‌و وڵاتانه‌ی که هێشتا پێشکه‌وتن و هه‌نگاوهه‌ڵگرتن بۆ پێشه‌وه به شێوه‌یه‌کی بوێرانه و ڕادیکاڵ نه‌هاتووه‌ته ئاراوه به‌ڵام ژن وه‌کوو هێزی کار و ئیشکه‌ر له ناو بازاڕدا قبووڵ کراوه، که‌سایه‌تیی ژن و به‌پێی ئه‌وه‌ش شوناسی ژنان ده‌که‌ونه به‌رده‌م گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه و ڕووشاندنه‌وه.
ده‌مه‌وێت ئه‌م باسانه به نموونه هێنانه‌وه له ژیان و ئه‌زموونه‌کانی خۆم و کچان و ژنانی هاوڕێم له باشوور و ڕؤژهه‌ڵاتی کوردستان که هه‌ر کام به شێوه‌یه‌ک به شوێن کار و دامه‌زران له ئیشدا بوون له باشوور بگێڕمه‌وه. بێگومان ئه‌و شتانه‌ی باسی ده‌که‌م ڕه‌ها نین و هه‌موو کۆمه‌ڵگا و هه‌موو ئیداره و ڕێکخراوه و …هه‌م که‌سانی به‌رز و شایسته‌ی تیایه و هه‌م که‌سانی ناته‌ندروست و گێچه‌ڵفرۆش به ژنان.
دیاره ژنان به هۆی دۆخی ئابووریی سه‌رده‌م و ئه‌و ڕۆڵه‌ی که خۆیان بۆ شوناس و هێزی خۆیان ده‌یانه‌وێت پێناسه‌ی بکه‌ن وه‌کوو به‌شێک له هێزی کار ئاساییه به دوای کاردا بگه‌ڕێن و ئاساییشه کاری شیاو و شایسته‌ی خۆیان ببیننه‌وه. به‌ڵام زۆربه‌ی زۆری ئه‌و شوێنانه‌ی که ئێمه و من بۆ هه‌لی کار سه‌ردانیانمان کردووه مه‌رجی سه‌ره‌کیی بۆ هه‌ر ئیش و کارێک، چ ژمێریاریی کۆمپانیاییه‌کی بچووک یان دوکانێکی ئاسایی بێت یان قاپ و قاچاغ شوشتن، ((جوانی)) بووه، دیاره جوانی لای ئه‌م ڕێکخراوانه مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که‌سه‌که له ڕووی ڕواڵه‌ت و ڕوخساره‌وه جوان بێت به‌ڵکوو مه‌به‌ست له جوانی و له دیدی ئه‌م تیپه که‌سایه‌تییانه‌دا سێکسیبوونه، که ئه‌مه‌ش خۆی مه‌رجی جل و پۆشاکی کورت و نیوه ڕووت ده‌سه‌پێنێت، من ئه‌گه‌رچی خۆم پێم وایه هه‌م حیجاب پۆشین و هه‌م سفووربوون دوو هه‌ڵبژارده‌ی مرۆڤن و له گه‌ڵ هیچیان کێشه‌م نییه به‌ڵام کاتێک فه‌رز کرا به سه‌رتا یه‌کیان هه‌ڵبژێری ئه‌وه ده‌رکردن و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌یه له بازنه‌ی ئازادی. ئه‌م تێڕوانینه سیکسیزمه که‌سایه‌تیی ژن به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌و جگه له جه‌سته‌یه‌ک که بۆ خزمه‌ت به حه‌ز و خواسته سێکسییه‌کان و سه‌رجێیکردنی پیاوان هیچی دیکه نییه، ئه‌م تێڕوانینه جوانی و که‌رامه‌ت و دونیای بێ سنووری ژنانه ده‌کوژێت، ده‌ستدرێژیی ده‌کاته سه‌ر دایکایه‌تی، ژنێتی، خوشکێتی، ئینسانبوون و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که ده‌بێت کۆڵه‌که‌یه‌کی ته‌ندروست بن بۆ دروستکردنی که‌سایه‌تی و به‌پێی ئه‌وه‌ش شوناسی مرۆیی ژن.
مه‌سه‌له ته‌نها ڕێکخراوه‌کانی هه‌لی کاریش نییه به‌ڵکوو خاوه‌نکار و مودیری ئیداره‌وه و…ده‌گرێته‌وه و ئه‌مه نیشانده‌ری قه‌یرانێکی سه‌رتاپاگیره، که ده‌بێت کۆمه‌ڵناسانی ئێمه نه‌خشه ڕێی بۆ دانێن، ژنان ئێسته به‌شێکن له هێزی کار له ناو کۆمه‌ڵگادا، من که ده‌چم بۆ کارێک و گێچه‌ڵم پێ ده‌فرۆشرێت ده‌توانم لێی باز بده‌م و خۆم ڕزگار که‌م و مل به هیچ شتێک نه‌ده‌م که له ده‌ره‌وه‌ی به‌ها و بنه‌ماکانی خۆمه و پێشم ده‌کرێت به‌ڵام ئایا هه‌موو ژن و کچێک ئه‌م دۆخه‌یان هه‌یه که نه‌که‌ونه دوای چڵێسی و حه‌زه سێکسییه‌کانی پیاوانی سێکسیسته‌وه که به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگایان ته‌نیوه‌ته‌وه؟ جیا له‌وه‌ی هه‌ر خودی ئه‌وه‌ی که ئه‌م ڕوانگه‌یه هه‌یه(چ پراکتیزه بکرێت یان نه‌کرێت) ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستدرێژی و کاره‌ساته بۆ سه‌ر ژن و که‌سایه‌تی و شوناسی ئه‌و، هیوادارم کۆمه‌ڵگای ئێمه هێنده وشیاریی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقیی له پرۆسه‌ی فێرکاریدا بچه‌سپینیت که نه‌ک له ڕوانگه ئایینییه‌که‌وه به‌ڵکوو له ڕوانگه مرۆییه‌که‌وه که‌سایه‌تی و شوناس و جه‌سته‌ی ژن ببینێت و هه‌موو پیاوێک له‌مه تێبگات ژن ته‌نها جه‌سته‌یه‌کی گۆشتاوی نییه بۆ نیاز و حه‌زه‌کانی ئه‌و به‌ڵکوو مرۆڤێکه ده‌توانێت له‌باره‌ی منداڵ، کۆمه‌ڵگا، په‌روه‌رده، گوڵ، سرووشت، شه‌راب و شیعر و خودا و شه‌یتانه‌وه قسه بکات و بیر بکاته‌وه.! شوناسی کوردیی به بێ گه‌شه‌ی شوناسی ژن هیچ کات ناگات به خه‌ون و ئامانجه‌کانی، با پیاوان به ڕێزگرتن له‌م کارئه‌کته‌ر و شوناسه ڕێزی ئامانجه گشتییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بگرن و دونیا گه‌وره‌تر و له‌سه‌رووتری چێژی جه‌سته‌وه ببینن!